پاشایان و شۆڕشگێران
دەربارەى زنجیرەى "گەمەى تەختەپاشایییەكان"
سەرنجێك:
ئەم وتارە چەند ڕۆژێك دواى كۆتاییهاتنى دوا بەشى زنجیرەى “گەمەى تەختەپاشایییەكان” نووسراوە و ئەو كات لە سایتى “چەپى نوێ” بڵاو كرایەوە. دوو هۆكار هەبوون وایان لێ كردم بیر لەوە بكەمەوە لە سایتى “ژنەفتن” دیسانیش دایبنێینەوە. یەكەم، سایتى چەپى نوێ داخراوە و وتارەكەیش لەو كاتەوە لە هیچ سایتێكى دیكەى گشتى بڵاو نەكراوەتەوە. دووەم، ئەم وتارە ڕەخنەیە لە وتارێكى سلاڤۆى ژیژەك كە دەربارەى زنجیرەى ناوبراو نووسیبووى؛ وتارەكەى ژیژەك ماوەیەكى كەم بەر لە ئێستا بە زمانى كوردى لە سایتى ژنەفتن بۆ جارى دووەم بڵاو كرایەوە1. پێم باش بوو منیش وتارەكەم دابنێمەوە تاوەكوو، وەك كاتى خۆى، هەمدیس ببێتە گفتوگۆیەك لەگەڵ وتارەكەى ئەو بیرمەندەدا. بەلاى منەوە تەفسیرى ژیژەك بۆ زنجیرەكە، كە لێرەدا لە سێ خاڵدا كۆی دەكەمەوە، تاكڕەهەند و لاوازە:
1. ژیژەك كارەساتەكەى شاژن دێنیرێسى تارگێرى وەك فانتازیایەكى پیاوانە دەبینێت، واتە پیاوە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەكانى زنجیرەكە ویسووتایە “ژن” وەك وێرانكەرێك وێنا بكەن و تاوانەكانى مرۆڤایەتى سەربهاوێژن.
2. دێنیریس “تاك”ـە سوبێكتى شۆڕشگێڕى زنجیرەكەیە و دەیشبوو زنجیرەیەكى ئەمریكیى لیبراڵى، شۆڕشگێڕ بگۆڕێت بە “ستەمكار”ێك، بەمەیش ئەو تەنیا وێرانكەرى شانشینێك و وێرانكەرى شۆڕشێك نییە؛ بەڵكوو بە گوێرەى زنجیرەكە: هەر شۆڕشێك تەنیا سەرى لە وێرانكارییەوە دەردەچێت.
3. بۆ ژیژەك كارەكەى دێنیریس مایەى “شۆك”ـە، چونكە بڕیارە “چاوەڕواننەكراو”ەكەى ئەو لە كۆتا بەشدا، كە دەبێتە مایەى سووتاندنى كینگزلاندینگ، “خودى زنجیرەى ناوەكیى گێڕانەوە”ی چیرۆكەكە خاپوور دەكات. ئەمەیش “لۆژیكى” نییە. دێرنیسێكى شۆڕشگێڕ و ڕزگارگەر، ناكرێت بەبێ بوونى زەمینەیەكى سەردى ببێت بە “ستەمكار”ێكى ملهوڕ.
ئەم وتارەی ئێمە وەڵامدانەوەى ئەم سێ خاڵەیە و تێیدا خوێنەر خۆى دەتوانێت ڕەخنە لە هەریەكێكیان بدۆزێتەوە. بەڵام ئەوەى ئێستا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە شۆڕشى ئەم دوایییەى ئێران، بۆچوونە سەرەكییەكانى نێو ئەم وتارەى سەلماند. من وتارەكەم لەسەر ئەو گریمانەیە داڕشتووە كە ئەستەمە ئەوانەى زۆر بنەچەخوازن ببنە شۆڕشگێڕ، لەبەر ئەوەى خودى نەزمى بنەچەخوازى (لەوانە پاشایەتى و میرزادەیى) ناكۆكە بە شۆڕش، لایەنی كەم بە گوێرەى تێگەیشتنە مۆدێرنەكان. شا و شازادەكان، ئەمیر و ئەمیزادەكان، تەنانەت گەر بەشدارى لە شۆڕشیشدا بكەن، خودى دۆزەكەیان پۆتێنشیەڵە شۆڕشگێڕییەكەیان پووچەڵ دەكاتەوە، تەنیا ئەو كاتە نەبێت خۆیان لە هەموو ناونیشانێكى بنەماڵەیى بێبەش بكەن. ئەمەیش كارێكى نزیك لە مەحاڵە. بە پێچەوانەوە، شۆڕشگێڕان ئەوانەن كە هیچ ناونیشانێكیان نییە؛ بەهۆى دۆزى بنەماڵەوە ڕاناپەڕن، ئامانجیان هەڵپە بۆ دەسەڵات نییە و داواى “عەرشى دزراو” ناكەنەوە، بەڵكوو لەسەر ئەرزى ڕەق، لە پەراوێزەكانەوە، بەبێ بوونى تایتڵ و خانەوادە، وەك باستاردێك، بە داهێنانى مۆدێلى دیكەى ژیان، بەرەنگارى بونیادى نەزمى باو دەبنەوە. بەلاى منەوە لە زنجیرەكەدا دێنیرسى تارگێرى مۆدێلى پاشایەتى و جۆن سنۆو مۆدێلى شۆڕشگێڕى دەنوێنێتەوە. لە شۆڕشى ئێراندا ململانێى ئەم دوو گوتارە، ئەم دوو پارادیمە بۆ شۆڕش دەبینین. شاپەرستان دژ بە كۆمارى ئیسلامین، لەبەر ئەوە نا كۆمارى ئاخوندان ستەمكارە، تاریكخوازە، فاشیستە، بەڵكوو لەبەر ئەوەى لە شۆڕشى ئێرانەوە تاجى پاشایەتى وەلاناوە و بنەماڵەى پەهلەویى فارسى لە حوكم دوور خستۆتەوە. شاپەرستان دەیانەوێت ئەم عەرشە دزراوە بۆ بنەماڵەى وەدەرنراو وەربگرنەوە. بەڵام لە بەرامبەردا، كوردەكان و گەلانى دیكەى ئازادیخوازى ئێران، بە پێشەنگى ژنان، هیچ ڕەوایەتییەكى لەم جۆرەیان نییە، هیچ ناونیشانێكیان نییە كە هەر لەپێشەوە بەهۆیەوە بانگەشەى مافى گرتنەدەستى دەسەڵات بكەن. ڕەوایەتیى ئەوان وا لە خودى ئەو مۆدێلە ئازادیخوازەى ژیاندا كە ئەوان دژ بە مۆدێلى ستەمكاریى ئیسلامى و دژ بە پارادایمى شاپەرستى خەباتى بۆ دەكەن. پاشایەتى هەر بە سروشتى خۆى “تاكخواز”ە؛ ئەوەى ئەوانی تریش بیكەن، وەك “داستان”ـى بنەماڵە دەنووسرێنەوە؛ لە كاتێكدا شۆڕش ئەكتى فرەیییەكانە؛ دەستەكۆكان پێكەوە شۆڕش پێك دەهێنن. هەر بانگەشەك بۆ تاكخوازى لە شۆڕشى ئێراندا، لەوانە بانگەشەى تاك-نەتەوەیى (كورتكردنەوەى شۆڕش لە یەك شوناسى ناسیۆنالیستیدا) لە بونیاددا خۆى لە نەزمى تاكخوازى پاشایەتى نزیك دەكاتەوە؛ تەنانەت ئەگەر تا ڕادەى “جەنگ” دژیشى بێت.
دەبێت ئەوەیش بڵێم، دواى نزیكەى دوو ساڵ، كە جارێكى تر بەرهەمەكەى خۆمم خوێندەوە، وا هەستم كرد هەندێك دەستكاری و ئیزافەى بچووكى پێویستە؛ بۆیە یەك دوو بڕگە لە نوسخەكەى پێشتردا نین.
٤ی ١٢ی ٢٠٢٢
سلاڤۆى ژیژەک لە وتارێکى نوێیدا دەربارەى زنجیرەى کۆتاییى “یارى تەختە پاشایییەکان”، کۆمەڵێک سەرنجى ورد و سەرنجڕاکێشى دەربڕیووە و لە ڕوانگەى خۆیەوە بە کورتى تەفسیرى شۆڕش و ژن و گۆڕان و دەسەڵاتى لەنێو زنجیرەکەدا کردووە. وتارەکە کە بە زمانى ئینگلیزى بە ناونیشانى (Game of Thrones tapped into fears of revolution and political women – and left us no better off than before) بڵاو بۆتەوە2 و سایتى “نێگەتیڤ”یش کردوویانە بە کوردى و بە ناونیشانى “شێتییەکەى دێنیریس فانتازیایەکى نێرانەیە” بڵاویان کردۆتەوە. لە ڕاستیدا، ڕوانگەکەى ژیژەک بۆ فیلمەکە چاوەڕوانکراو بوو، چونكە لەلایەك دۆزى دێنیریس بە تەواوى بابەتێكى دەروونشیكارییە؛ لەلایەكی تر خانمێكى شازادە هەڵگرى پەیامى گۆڕانکارییە، عەقڵى ئەمریکى دەیگۆڕێت بۆ ئەژدیهایەک و بەمەیش وێنایەکى ڕەشى شۆڕش دەخاتە پێش چاو، ژیژەکیش بە قەڵسى ئەم ڕاستییە ڕوون دەکاتەوە. کێشەى خوێندنەوەکەى ژیژەک ئەوەیە تەنیا بابەتە دەروونشیكارییەكە و سوبێکتە سیاسییە فۆڕماڵەکەى ناسیوەتەوە؛ بەو مانایەى کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ لە زنجیرەکەدا هەن كە بەسەر دوو مۆدێلدا دابەش بوون، بەڵام تەنیا یەکێکیان بە ڕاشکاوى و بە دروشم بانگەشەى بۆ دەکات، لاى ژیژەک ئەوە خۆیەتى. جا بۆ ئەوەى تەفسیرى ژیژەک نەبێتە تاکە تەفسیرى زاڵى نێو کۆمەڵگەى ئێمە و نەبێتە تاکە وێناى فیلمەکە لەنێو خەیاڵدانى بینەرانى زۆروزەبەندى ئێمەدا، ئەوا پیشانى دەدەین کە دەشێت بە جۆرێکى تریش ڕوواوەکان و کارەکتەرەکان و زنجیرەى کۆتایى بخوێنینەوە.
هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایى “دێنێریسى تارگێرى” لەنێوان دوو ئامانجدا دابەش بووە و لە پارادۆکسێکى ناوەکیدا دەژى. یەکەم: بەدەستهێنانەوەى تەختى ئاسنین وەک دوا میراتگرى ڕاستەقینەى بنەماڵە پادشایییەکەى تارگێرییەکان. دووەم: گۆڕینى جیهان وەک شۆڕشگێڕێک. ژیژەک لە خوێندنەوەکەیدا بە تەواوى لایەنى یەکەم فەرامۆشى دەکات و لایەنى دووەم دەبینێت. لە دیوى یەکەمدا دێنێریس بەتەنگ بەدەستهێنانەوەى میراتى پاشایەتییەوەیە، ئەمەیش بە تووندى ناکۆکە بە دیوى دووەم، بە خواستى شۆڕشگێڕانەى گۆڕینى جیهان. لە زۆر شوێندا ئەم دوو خواستە بەر یەکتر دەکەون: چۆن دەکرێت جیهان لە ستەمکاران پاک بکرێتەوە بەبێ ئەوەى ڕزگارکەران خۆیان ببن بە ستەمکار؟ ئەمە زەنگەکەى نیچەیە: ئەوەى لەگەڵ ئەژدیهاکاندا دەکەوێتە جەنگەوە دەبێت ئاگاى لەوە بێت و ببینێت کە خۆى نەبێت بە ئەژدیها، ئەگەر زۆر تەماشاى ناو چاڵێک بکەى، ڕەنگە ئەویش تەماشات بکاتەوە! لە لایەكەوە دێنێریسێکى کۆنەپارێزى ئۆرستۆکراتى دەسەڵاتپەرستمان هەیە کە دەیەوێت بە هەر نرخێک بووە تەختى دزراوى پاشایەتى بەدەست بهێنێتەوە و بۆ ئەمەیش ئامادەیە قوربانى بە عەشقەکەى بدات «ئەگەر ئەتەوێت ئاوا بمێنینەوە ئەوا بەڵێنم پێ بدە ئەم نهێنییە لاى هیچ کەسێک نەدرکێنیت»، دێنێریس ئاوا بە جۆن سنۆو دەڵێت. لە جێیەکى تریشدا دەڵێت «خیانەتکارى ڕاستەقینە ڤاریس نییە، بەڵکو جۆن سنۆوە». بۆچى جۆن سنۆو؟ چونکە تازە ئەو نهێنییە دەرکەوتووە کە بە گوێرەى یاسا نەریتییەکان سنۆو میراتگرى ڕاستەقینەیە نەک دێنێریس. لەلایەکى ترەوە ژنێکى شۆڕشگێڕمان هەیە کە بانگەشەى ئازادى و یەکسانى بۆ هەمووان دەكات و دەیەوێت فرەیى بچەسپێنێت. چۆن دەکرێت هاوسەنگیى ئەم دوو لایەنە بپارێزرێت و جیهانێکى نوێ دروست بکرێت؟
مەسەلەکە بۆ ژیژەک ئەوەیە دەرهێنەرەکان ویستوویانە لە زنجیرەى كۆتاییدا بە تیرێک دوو نیشان بپێکێن: یەکەم: دەرکردنى ژن لە سیاسەت لە ڕێگەى پرۆجەکشنى دڕندەییی پێوانەوە بۆ سەرى؛ دووەم ڕەتکردنەوەى گۆڕانى ڕیشەیى لە ڕێگەى بەکوشتدانییەوە. بەلاى ژیژەکەوە بەخشینى ئەو ویستە دڕندانەیە بە “دێنێریس” بۆ وێرانکردنى کینگزلاندینگ بۆ ئەوەیە وێنایەکى دزێو بۆ شۆڕش پیشان بدرێت، گوایە هەمیشە وێرانکارى دێنێت؛ ژنیش ناتوانێت لە ساتێکى هەستیاردا عەقڵانییانە خۆى کۆنترۆڵ بکات و ئەم وێنایەش بە قەستى ئەوەیە لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەوەى بۆ ژیژەک مایەى سەرسوڕمانە ئەم گۆڕانە سایکۆلۆژییە نییە، بەڵکوو پچڕانى لۆژیکە سەردییەکەى زنجیرەیەکە و کە بەلاى ئەوەوە ئەم گۆڕانە کتوپڕە بونیادى خودى حیکایەتەکە خاپوور دەکات. ژیژەك ئەوە فەرامۆش دەكات گوتارى دێنیریس خۆى هەر لە پێشەوە هەڵگرى “شەرعیەتى تووندوتیژى”ـیە، بەو پێیەى ئەو میراتگرى بێبەشكراوى تەختە؛ كەواتە هەر ڕێگەیەك بۆ وەرگرتنەوەى تەخت و لەنێوبردنى دوژمن، ڕەوایە؛ ئەمەیش هەر لە هەڵقەى یەكەمەوە لە دڵى چیرۆكەكەدا هەیە، كەواتە ئەم گۆڕانە کوتوپڕە ئاوەژووبوونەوەى لەناکاوى حیکایەتەکە نییە، پێناچێ زنجیرە سەردییەکە خۆى ڕێگەى بۆ ئەمە خۆش نەکردبێ. ئێمە لە فیلمى “باوكى ڕۆحى”ـدا نموونەیەكى تەواو نزیكمان هەیە: مایكڵ كۆرلیۆنى كوڕى دۆن كۆرلیۆن، تا ئەو ساتەى لە دەرەوەى كاروبارى سیاسیى بنەماڵە دەمێنێتەوە و هێشتا لە كورسییەكەى باوكى نزیك نەبۆتەوە، كوڕێكى ئارام و مەنگە؛ عاشقێكى بێزیان تا ئەو ڕادەیەى دەوروبەر بە ساویلكەى تێدەگەن. بەڵام لە ناكاو، لە بەشى دووەمى فیلمەكەدا مایكڵ دەبێتە ستەمكارێكى ئێجگار زرنگ و بە زەبروزەنگ. ئەم گۆڕانە چۆن ڕوویدا بێ ئەوەى ڕەوتى گێڕانەوەى فیلمەكە دابڕمێت؟ هەم بۆ ئەو فەلسەفانەى بڕوایان بە پچڕان و لادان و ڕێكەوتە، و هەم بۆ دەروونشیكاریش كە دژى ڕێكەوتە و لایوایە دەشێت لە هەر ساتێكدا وەحشە خەفەكراوەكانى نێو نائاگایى بەرەڵا ببن، وەها گۆڕانێك غەریب نییە.
لەمەیش زیاتر، هەر لە سەرەتاکانەوە هێنانى سێ دراگۆن بە سەرشانى “دایک!”ـیانەوەوەك میراتى بنەماڵەى تارگێرى، بۆ نێو درامەکە نانەوەى وێرانکارییەکى گەورە وەک ئەگەرێکى بەردەوام قووت دەکاتەوە. دراگۆن لە زنجیرەکەدا سیمولەیشنە دێرینە سینەمایییەکەى چەکى ئەتۆمە کە لە هەر ساتێکدا دەتوانێت ئەپۆکالیپس بخوڵقێنێت: «دراگۆنەکان هەرچییەکیان پێخۆش بێ دەیخۆن». چەکى ئەتۆم ناتوانێ جیهان بگۆڕێ، تەنیا دەتوانێت وێرانى بکات. بوونى دراگۆنەکان دەبوو هەر ئەم وێرانکارییە بخولقێنین، بە تایبەتى دواى ئەوەى لە جەنگ دژ بە سوپاى مردووەکاندا ڕۆڵێکى یەکلاکەرەوەیان نەبوو. بەم مانایە چاوەڕوانکراو بوو دراگۆنەکان ئەو قیامەتە بۆ مرۆڤ بەرپا بکەن کە دێنێریس لە زنجیرەى کۆتاییدا بەرپاى کرد؛ ئێستایش ئەتۆم وا لە دەنگۆى جەنگى سێیەمى جیهاندا، هەڕەشەى خراپتر دەكات. لەمەیش بترازێ، ئیغراى دەسەڵاتى حەوت شانشینەکە خۆى چاوەڕوانى ئەوەى لێ دەکرێت شۆڕشگێڕە گەورەکانیش بگۆڕێت بۆ سەرکردەى گەمژە. شۆڕش هەرچۆن عەقڵانى و دیسپلینکراو بێت، لە ساتى ناعەقڵانییەت پاکژ نابێتەوە و ڕەنگە کوشتنى بێ ئامانج و چێژى لەنێوبردنى لێ بکەوێتەوە.
بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر خودى مێژوو و نەسەبى کچەى شۆڕشگێڕە لەگەڵ عینادی و کەللەڕەقییە هەرە زۆرەکەیدا بۆ وەرگرتنى دەسەڵات هەر لە بەشەكانى سەرەتاى زنجیرەكەوە. کەواتە ئەو گۆڕانکارییە زۆریش چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەمە دیوە کۆنزەرڤەتیڤەکەى دێنێریسە کە ژیژەک نایەوێت سەرنجى لێ بدات؛ گەرچى تەواو بابەتێكى دەروونشیكارییە، بەو پێیەى هەمان پرسى “چێژى دزراو”ە لە دەروونشیكاریدا. ئەم خواستە ئەرستۆکراسییە بۆ گرتنە دەستى دەسەڵات لە دەروونى دێنێریسدا تێکەڵ بە ویستێکى تر دەبێت کە پێشکەونخوازانە و شۆڕشگێڕانەیە: گۆڕینى دنیا. ئەو ویستەى دووەم بە ئازادکردنى سوپاى خەسێنراوان دەست پێ دەکات و دووەمجار بە ڕزگارکردنى کۆیلەکان و ئیدى بەم جۆرە. لەبەر ئەمە ژیژەک پێی وایە دێنیریس “نوێنەرى بێبەشان” و چەوسێنراوانە. کەواتە دەبوو بژى بۆ ئەوەى دواى گرتنە دەستى دەسەڵات بەردەوام بێت لە ڕزگارکردنى بێبەشانى دیکە. جا لەبەر ئەوەى بە کوشت درا، ئەوا تەنیا دەوڵەتێکى بۆیاخکراوى چاکسازیکراوى دیموكراسى بە پاشایەتى “بران” دادەمەزرێت. بەلاى منەوە ئەم خوێندنەوەیە تەنیا لە ڕووى فۆڕماڵ و گوتارەوە دروستە، واتە تەنانەت گەر دێنێریسش بژیایە و ئەو سایکۆلۆژیاى دڕندەیەشى نەدرایەتە پاڵ، ئەوا لە دوایین سنووردا تەنیا دەیتوانى دەوڵەتێکى چاکسازیکراو دابمەزرێنێتەوە، کەواتە با گریمانەى دوو گۆڕان لە سیناریۆکەدا بکەین و دیسانیش بۆچوونەکانى ژیژەک هەڵسەنگێنینەوە: یەکەمیان دێنێریس دەسەڵات دەگرێتە دەست. دووەمیان ئەوەى کە نامرێت. لە باشترین حاڵەتدا ڕووداوەکان ئاوا ڕوو دەدەن:
لە زنجیرەى کۆتاییدا دوو خواستەکەى دێنیریس لە گوتاردا دەپارێزرێن، بەڵام لەسەر ئەرزى واقیع لەیەک جودا دەبنەوە. یان دێنیرێس ئیتر شاژنێکە لەسەر تەختى ئاسنین و گۆڕینى جیهان تەنیا وێنەى باڵاکراوى ویستە مەرگدۆستەكەیەتى، یان ئەوەى دەبوو دێنێرس شۆڕشگێڕێکى ڕاستەقینە بێت و هەر لەو وەختەى زەنگەکانى شارەکە لێ درا لەسەر دراگۆنەکەى بهاتایەتە خوارەوە، ئەو کات دەبوو پەیڕەوى لە بنەماى ڕاستگۆیى بکات، ڕاستی ڕەچەڵەکى جۆن سنۆو بۆ خەڵک ئاشکرا بکات و ئیدى خەڵکى خۆیان پادشا، یان سەرۆک، یان حکوومەت بە دەنگدانێکى دیموکراسى هەڵبژێرن. ژیژەک ئەم ڕێگە دیموکراسییە ڕەت دەکاتەوە. کەواتە بە ڕاست ئەگەر شۆڕشگێڕەکان پەیڕەوى لە هەڵبژاردن ناکەن، ئەى دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکە چیى دەکەن و چۆن دەسەڵات بەڕێوە دەبەن؟ سێ وەڵام هەیە: خاپوورکردنى دەسەڵات بە هەموو جۆرێک بێ ئەوەى هیچى لێ بمێنێتەوە، گەڕانەوە بۆ ژیان لە دۆخى سروشتیدا بە پۆزەتیڤ (ئانارشیزم) یان بە نێگەتیڤ (هۆبز). دووەم: هێشتنەوەى حکوومەتێکى ئیشرافى بۆ سەرپەرشتى ژیانى مەدەنیى خەڵک. سێیەم: دامەزراندنەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت و سەرجەم دامەزراوە زەروورەکانی دیكە لەلایەن ڕابەرانى شۆڕشەوە و بوونى ڕابەر بە سەرۆکى دەوڵەت. کێشە تیۆرییەکانى ئەم سێ وەڵامە ئەمانەن: سەبارەت بە یەکەمیان: ناکرێت مرۆڤ لە کایۆسدا و بێ ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسى بژى. کێشەى وەڵامى دووەمیان ئەوەیە، (گەر بە هەڵبژاردن نەبێ) چۆن و بە چ میکانیزمێک دەزگا و دەستەى بەڕێوەبەرانى دامەزراوە گشتى و لۆکاڵییەکان دیاری دەکرێن؟ کێشەى سێیەمیان: گەر دەوڵەت وەک خۆى ترانسێندنتاڵ بمێنێتەوە و لەلایەن ڕابەرانى شۆڕشەوە بەڕێوە ببرێت، کەواتە ئەمە ماناى وایە لە باشترین حاڵەتدا (گەر دەوڵەتێکى زۆر دادپەروەریش بێ) تەنیا چاکسازییە لە دەوڵەتى پێشتردا، لە دەوڵەتێکى خراپەوە بۆ دەوڵەتێکى باشتر (نەك ژیانێكى باشتر). لەم حاڵەتەدا شۆڕش هیچ شتێکى ڕیشەیى نەگۆڕیوە. بە ڕەتکردنەوەى ئیختیارى یەکەمیان کە هەڵبژاردنى دیموکراسییە، ئەوا ڕێگەى دووەم ئەوەیە دێنیریس نەچێتە نێو خەڵک، بەڵکوو دواى لەنێوبردنى “شاژنە سێرسیى خراپەکار” بچێتە نێو قەڵاکان و لەسەر تەختى ئاسنین دابنیشێت. ئینجا لەوێوە جیهان بگۆڕێت. ئەم بژاردەیەش چەند کێشەیەکى هەیە. یەکەم، بە گوێرەى دۆلۆز وەختێ دێنیریس لەسەر تەخت دادەنیشێت، چرکەى دووەم دەست پێ دەکات کە ساتى گەڕانەوە نەزمە، بەم هۆیە ئەو چیتر شۆڕشگێڕ نییە، بەڵکوو پادشا یان سەرۆکى دەوڵەتە. ئایا پاشاکان دەتوانن شۆڕشگێڕ بن؟ مەسەلەکە ئەوەیە ژیژەک جووت ئامانجەکەى دێنێریسى خراپ، یان فۆڕماڵ داڕشتۆتەوە: بەدەستهێنانى تەختى ئاسنین و گۆڕینى جیهان. دێنێریس خۆى هەر لە زنجیرەکانى سەرەتاوە هەوڵە سەرەکییەکەى بۆ بەدەستهێنانى دەسەڵاتە، ئێستا کە لێى نزیک دەبێتەوە نایەوێت دەستبەردارى ببێت تەنانەت بۆ عەشقەکە و بۆ میراتگرى “ڕەوا”یش، بەم جۆرە تەنیا لەبەر دەسەڵاتى بنەماڵەیى ئارەزووى تەختى شاهانە دەکات و ئیدى گۆڕانى جیهان دەچێتە دواوە. بە دەربڕینێکى تر، ئەو دەیەوێت جیهان بگۆڕێت بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرێتە دەست، نایەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست تاوەکوو جیهان بگۆڕێت. دووەم، دێنێریس بەرلەوەى نوێنەرى بێبەشان بێت، نوێنەرى قەزێى بنەماڵەیەکى فەرمانڕەوایە کە تەختەکەیان دزاوە. مەگەر دەروونشیكاریش هەر خۆى زانستى “چێژى دزراو” نییە؟ ژیژەك دەیەوێت ئەم لایەنەى دۆزەكەى دێنیریس لەژێر لایەنى دووەمدا بشارێتەوە. دێنیریس تەنانەت ئەگەر نوێنەرى بێبەشانیش بێت، هێشتا تەنیا دەتوانێت بە ئاستى جیاوازى باش یان خراپ “نوێنەرایەتى”ـیان بکات. بێبەشان خۆیان کێن؟ کێ نوێنەرى ڕاستەقینەیانە و دواجار کێ شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەیە؟ بەلاى منەوە کەسێکى دیکەى گرنگى نێو زنجیرەکە: “جۆن سنۆو”، هەمان ئەو کارەکتەرەى كە لە فیلمەكەدا هێندەى دێنیریس سەرەكییە و كەچى ژیژەک تەنیا یەک دێریشى لەسەر ناڵێت! کەسێک کە بەردەوام بە قووڵى دەچێتە دۆخى صیرورەکانەوە و تا کۆتایى وەک دەرکراوێک دەژى. بۆچى جۆن سنۆو نوێنەرى بێبەشانە؟ چونکە هەم ئەوەى دێنیریس دەتوانێت بە بێبەشانى بدات (ئازادى و کەمکردنەوەى چینایەتى و..) سنۆویش دەتوانێ بیکات، هەمیش دوو خاڵى بەهێزى ترى هەیە کە دێنیریس نییەتى: سنۆو خۆى بێبەش و سەرکوتکراوە، دووەم: بە کردەیى لە گۆڕینى جیهاندایە بەبێ ئەوەى چاوەڕوانى عەرشى ئاسنین بێت. کەواتە لە حزورى جۆن سنۆودا نوێنەرایەتیى دێنیریس بەتاڵ دەبێتەوە. با ئەم دووانە خاڵەى كۆتایى ڕوون بکەینەوە.
پێش هەموو شتێک “جۆن سنۆو” تا كۆتاییی فیلمەكە خۆى زۆڵێکە و بە گوێرەى هاوسەرگیرییەکى شەرعى لەدایک نەبووە، کەواتە یەکەم شتێک کە لێی بێبەشکراوە پێگەى بنەماڵە، ئیمتیازێکى تەقلدیی حوکمە. ئینجا بەو حاڵەیش چینێکى ترى نهێنى دەنیشێتە سەر ئەم دۆخە بێ ئەسڵ و فەسڵییەى و دەیکات بە کەسێکى دووجار زۆڵ، ئەویش وەختێ دەبێتە زۆڵى “نێد ستارک”، نەک باوکى ڕاستەقینەى خۆى، سنۆو دەچێتە نێو صیرورەى بوون بە زۆڵ و بوون بە کوڕى نێد ستارکەوە، ئیدى وەک زۆڵێکى بێشوناس دەژى کە بە گوێرەى یاسا و ڕێساکان بۆى نییە ببێتە میراتگرى هیچ تەختێكى پاشایەتى، چونکە ئەگەرچى دەبێتە ئەندامێکى بنەماڵەى ستارک، بەڵام بە گوێرەى یاساكانى حەوت شانشینەكە ناتوانێت نازناوى “ستارک” هەڵبگرێت. ئەم پەڵەیە هەتابێ گەورە دەبێ تاوەکوو دەگات بە دوورخستنەوەى بۆ کاسڵ بلاک و دەبێتە پاسەوانێکى ئاساییى شەو، کارێک کە تەنیا هەرچى و پەرچییەکان، زۆڵەکان، سزادراوەکان، هەڵهاتووانى جەنگ، تەمەڵ و شێتەکان، بە کورتى سەرجەم دەرکراوانى نێو کۆمەڵگە و دەزگاکانى دەوڵەت بە كردنى ناچار دەکرێن، واتە ئەوانەى کە هیچ پێگەیەکى کۆمەڵایەتییان نییە یان لێیان سەندراوەتەوە. کۆیلە ڕاستە بێبەشە، بەڵام پلەى کۆمەڵایەتی هەیە، سوپاى خەسێنراوان ڕاستە بێبەشن، بەڵام پلەى سیاسى و سەربازییان هەیە. تەنیا ئەوانەى لە کاسڵ بلاکن هیچ پێگەیەکى کۆمەڵایەتى و سیاسییان نییە، کەواتە ئەمانە بێبەشە ڕاستەقینەکانن. سنۆو وەک دەرکراوێک دەنێردرێت بۆ ئەوێ. لەوێ دەست دەکات بە گۆڕینى فەزاى کاسڵ بلاک و ئەمەیش دیوێکى شۆڕشگێڕانەى ئەوە، بۆیە بێ خواستى خۆى دەچێتە صیرورەى بەسەرکردەبوونى بێبەشانەوە. ئەو دەچێتە دەرەوەى دیوارى قەڵاى سەهۆڵین بۆ نێو خەڵكە كێوییەكان، بۆ باکورى دوور و بۆ نێو جەرگەى دەسەڵاتى پاشاى شەو، هێڵى هەڵهاتن لەنێو شانشینە ترسناکەکەیدا دەدۆزێتەوە. دەچێتە صیرورەى كێویبوونەوە وەختێک دەچێتە نێو هۆزەکانى باکوور. دەچێتە صیرورەى بە پاشابوونەوە، بۆ ماوەیەکى کەم دەبێتە پاشا، بەڵام زوو لێى دەبێتەوە و دەچێتە دۆخگۆڕکێى دیکەوە. بۆ نموونە دەبێتە ئارکیۆلۆژ و دۆزرەوە؛ ئەو ئێسکى دراگۆن لە دراگنستۆن دەدۆزێتەوە، دەبێتە داهێنەرى ماشێنى جەنگ دژ بە سوپاى مردووەکان. دەچێتە صیرورەى عەشقەوە و عاشقى دێنێریس دەبێت و لە ڕێى عەشقەوە نەریتى میراتگیرانەى دەسەڵات دەگۆڕێت. ئەو دەچێتە صیرورەى بە “دێنیرێسبوون”ـەوە وەختێ لە جەنگى مردووەکاندا دەچێتە سەر پشتى یەکێک لە دراگۆنەکانى شاژن، دڕەندەیەک کە هیچ کەسێکى تا ئەو ساتە نەیتوانیوە لێى نزیک ببێتەوە. بەم جۆرە پرسى جۆن سنۆو و دێنیرێس پرسى نێر و مێ نییە وەك دوو شوناسى جێگیر، بەڵكوو پرسى صەیرورەیە. دێنیرێس گەرچى مێینەیەكە، بەڵام تەواو هەڵگرى بەها نێرسالارییەكانە؛ بە پێچەوانەوە، سنۆو گەرچى نێرینەیەكە، بەڵام دیوێكى مێینەیى لە كەسایەتییەكەیدا هەیە كە بەرەو صەیرورە مێینەكان دەیبەن، واى لێ دەكەن بێ خواستى خۆى خەبات بۆ گۆڕینى بەهاكان بكات. بە کورتى، جۆن سنۆو بەردەوام لە خۆگۆڕکێدایە و وا خەریکە شتەکانیش دەگۆڕێت بێ ئەوەى وەک دروشم و ئامانجى زەق و ڕەق بۆ خۆى و دەوروبەر دیاری کردبن. مەسەلەکە تەنیا ئەو حیکمەتە کۆن و سوواوە نییە کە ژیژەک بە تانەوە دەینووسێت “باشترین فەرمانڕەواکان ئەوانەن کە ئارەزووى دەسەڵات ناکەن”. جۆن تەنیا بەو هۆیە فەرمانڕەوایەکى باش نییە کە “ئارەزووى ناکات” تا بە گوێرەى حیکمەتە کۆنەکە متمانەى پێ بکەین و ژیژەکیش ئەمە بە گەمژەیى تێبگات، بەڵکوو ئەوەیشە جۆن خۆى شۆڕشگێڕێکە و بگرە تاکە شۆڕشگێڕى ڕاستەقینەى نێو درامەکەیە بێ هیچ ناونیشانێك، بی ئەوەى چاوەڕێ بێت عەرشى ئاسنین بگرێتە دەستخەریکى گۆڕینى دنیایە، هەتا پێگەکەیشى بەرزتر ببێتەوە و کەرەستەى گرنگترى دەست بکەوێت زیاتر تواناى خۆى لەم پێناوەدا دەخاتەگەڕ. ئەو خۆى بە کردەیى لە گۆڕینى دنیادایە، بۆ نموونە گۆڕینى هۆزە جەمسەرنشینە باكوورییەكان بۆ بەرگریکارانى دیوارى سەهۆڵین، ئەم هۆزانەیش دەرکراوان و بێبەشانى لەمێژینەى نەزمى سیاسین کە بۆ ئەودیوى دیوارە گەورەکە دوور خراونەتەوە و خراپترین وێنەى وەحشیگەرانەیان لەسەر بەرهەمهێنراوە. لەبەر ئەمانە بە هیچ جۆرێک ناکرێت جۆن سنۆو تەنیا بکرێتە نوێنەرى “ئیرادەى مانەوە” بۆ پاراستنى ژیانى مرۆڤ لە تیاچوونى یەکجارەکى. ڕاستە ئەمە کارە مەزنەکەى ئەو بوو، بەڵام بەبێ صیرورە شۆڕشگێڕییەکانى ئەو، ئەمە کارى نەکردە بوو. بەڵام جۆن سنۆو خۆى کێێە؟ یەک تاقمى فرەیى: جۆن سنۆوى زۆڵ، گورکەکەى، هاوڕێکانى، شمشێرى ڤالێرى؛ هەر لەبەر ئەمەیش سەرکردایەتییەکەى لە ڕێگەى خوێن و ناو و یاساوە نییە؛ ئەو وەك سێر داڤۆس دەڵێت “زۆڵێكى نەفرەتى”ـیە، بێ هیچ نازناوێك، نە فالووسى خەسێنراوانە و نە ڕزگاركەرى كۆیلان، بەڵام یەك فرەیى بێڕەگە كە وەك ئاو دەجووڵێت. لە كاتێكدا دێنیرێس هەڵگرى سیفەتى خورافییەكانە: لە ئاگردا ناسووتێت (بەپێى دەروونشیكارى: چەپێنراو ناسووتێت)، خوێنى ئەژدیها لە لەشیدایە، كەسایەتى كاریزماتیك. لەبەر ئەوە گەلێك نازناوى لەیەك شاژنى ڕەها هەیە: تارگێری، خالیسى، دایکى دراگۆنەکان، ڕزگارگەرى کۆیلان، میراتگرى تەختى ئاسنین، نەسووتاو. وەك مۆریس بلانشۆ دەڵێت ئەخیل پاڵەوانە بەڵام ئاگامەنۆن پاشاى پاشایانە.
بوونبە-ژنەکان بەردەوام لە سیاسەتدا هەن، وەک چۆن بە ستانداردبوونەکان لە دەوڵەتدا هەن. ستانداردى دەسەڵات هى پیاوانە، هەر ئەوەیە کە شاژنەکە بەرجەستەى دەکاتەوە ئەو ساتەى دەوڵەتەکە دەبێت بەهى ئەو: ناکۆتا خولیاى دەسەڵات و لەم ڕێگایەوە کوشتنى خودى سیاسەت. بەڵام سنۆو لە ڕێگەى صیرورەى ژنەوە ژن دێنیتەوە نێو سیاسەت. ئەو سەرجەم ئەو سیفەتانە وەردەگرێت کە ژنى پێ دەناسرێتەوە و بە تایبەت دێنێریس، بە تەواوەتیش لەو ساتەدا دەبێتە دەنیرێس کە هەم دەردەکەوێت لە خوێنى تارگێرییەکانە و هەمیش سوارى پشتى یەکێک لە دراگۆنەکان دەبێت، ئیدى هیچ یەکێک لە توانا مرۆییەكانى دێنیرێس نامێنێت جۆن سنۆو نەیبێت، بە پێچەوانەوە شاژنى ئەفسانەیى خاوەنى هیچ یەک لە تواناکانى سنۆو نییە، چونکە نەچووەتە نێو صیرورەى بوون-بەدەرکراوى جۆن سنۆوە.
دواجار، ئەگەر پچرانێك لە بونیادى گێڕانەوەیى حیكایەتەكەدا هەبێت، ئەوا دروستكردنەوەى بنەماڵە و نەسەبە بۆ باستاردەكەى وینتەرفاڵ، بۆ جۆن سنۆو؛ ئەمەیش تەواو لە هەوڵەكەى فرۆید دەچێت لە “موسا و یەكتاپەرستى”ـدا. لەوێدا فرۆید بە دەیان گریمانە دەیەوێت نەسەبى پاشایەتیى فیرعەونى بۆ موساى بێ ئەسڵوفەسڵ دروست بكاتەوە، چونكە دەروونشیكارى هیچ شتێكى نییە دەربارەى “زۆڵێتى”، دەربارەى “بێ نەسەبى” بیڵێت؛ نەك تەنیا بە واتا كۆمەڵایەتییەكەى، بەڵكوو بە واتا سیاسییەكەیشى. بۆ ئەوەى جۆن سنۆو هەموو ئەو شتانە بكات كە كردنى، هیچ پێویستى بەوە نەبوو ئەسڵوفەسڵى هەبێت، بەڵام دروستكردنەوەى نەسەبێكى درەنگوەخت، هیچ لە صەیرورە باستاردییەكەیشى ناگۆڕێت. ئەو بە زاراوەى مۆریس بلانشۆ پاڵەوانە و پاشا نییە. بلانشۆ لە وتووێژى ناكۆتادا لایوایە پاڵەوان پێویستى بە دەستپێكردنbeginningـە، نەك بە ئەسڵorigin:
«لەنێوان ئەسڵ و دەستپێكردندا پەیوەندییەكى تاریك هەیە كە ڕێك پاڵەوان hero یارمەتیمان دەدات لێى تێبگەین. ئەسڵ دەستپێكردن نییە؛ لەنێوان ئەم دووانەدا مەودایەك و بگرە نادڵنیایییەك هەیە. ئەسڵ دژ بە ناڕوونى، دڵنیاییبەخشە، كەچى خۆیشى هەر ناڕوونە.[…] تەنانەت بە ئەسڵێكى خوداییشەوە، هەر كەسێك دەبێت وەك مرۆڤ لەدایك ببێت: ئەو چاوەڕوانكراوە، بەڵام خۆى چاوەڕوانى خۆى كردووە تا دەست پێ بكات.[…] بەر لەوەى ئەو [پاڵەوان]خۆى سەلماندبێت، هیچ شتێك ئەوى وەك منداڵێك بەوز بەرزییەوە دانەناوە؛ بە پێچەوانەوە، ئەو تەنیا زۆڵێكە بەبێ نەسەب- تەنانەت ناشەرعیبوونەكەى هانى دەدات خۆى بناسێت.[…]
سەرڕاستیى ئەو لە ویستە قارەمانانەكانیدا ئاڵۆزیى ئەو ڕوون ناكەنەوە. ئەو تەنانەت ئەگەر درۆیش نەكات، ئەوا لە لێوارى ساختەبووندایە، جەوهەرەكەى سەرلێشێوێنەرە. سادەیییەكەى، لە ڕاستیدا ساویلكەیییەكەى بەو دووڕەگییە بەتاڵ دەبێتەوە كە لە بوونیدا هەڵكۆڵراوە: بەم جۆرە ئەو بەسەر ئەسڵ و دەستپێكردندا دابەش بووە، بەسەر بوون و كردە، سیحر و هێز، هێز و سەروەرێتى، سەربڵندى و تاج، پێگە و خوێندا. نەك هەر ئەوەندە، بگرە: بەسەر وتن و كردنیشدا»3.
ئەوانەى كە زنجیرەكەیان بینیووە، دەزانن كە ئەم شرۆڤەیەى بلانشۆ بۆ پاڵەوان دەڵێى كتومت لەبەر ڕۆشناییى كەسایەتى جۆن سنۆودا نووسراوە.
كەواتە دەبوو لەنێوان دێنیریس و جۆن سنۆودا کامیان هەڵبژێردرێن؟ با بڵێین دەرهێنەر، دەنیرێس هەڵدەبژێرێت، ئەو كات دەوڵەتێكى ئۆلیگارشیى ئەفلاتوونى، دەوڵەتى ستەمكار- حەكیم [دێنیرێس-تایرۆن لانستەر] دادەمەزرا، لەمەیشدا کوشتنى جۆن سنۆو حەتمى بوو، نەک تەنیا لەبەر ئەوەى میراتگرى ڕاستەقینەى دەسەڵاتە، بەڵکوو لەبەر ئەوەى تاکە شۆڕشگێرى ڕاستەقینەى نێو شانشینەکانە؛ زنجیرەکەیش هەمان ئەنجامى کوژرانى دێنێریسى کەمێک بە جیاوازییەوە پیشان دەدا، ئەو کات ڕەنگە ژیژەک لەم مەرگە بێدەنگ بووایە بەڵام ڕانسێر دەهاتە دەنگ. کەواتە وا باشترە دەرهێنەر هیچیان هەڵنەبژێرێت و خۆى لەم تەنگژەى ئەم یان ئەوە، لە ستەمكاری و لە شۆڕشگێڕى ڕزگار بكات. ئەمە ئەو گرێكوێرەیە کە لە زنجیرەى کۆتاییدا بە شێوەیەکى هەم لاواز و هەم زیرەکانە حەل کراوە. سیناریۆ دژە شۆڕشگێڕییەکەى فیلمەکە تەنیا لەوێدا نییە دێنێریس دەکوژرێت، بەڵکوو ئەوەیشە كە جۆن سنۆو لە شۆڕشگێڕێكى دیموكراسیخوازەوە دەكرێتە بكوژى شاژنى مەعشوقەى، بەم جۆرە بوون-بە تاوانبار دوایین صیرورەى جۆن سنۆو و یەکەمین دوورخستنەوەى دەوڵەتە نوێیەکەى برانى کەم ئەندامە؛ لەم ڕێگەى ئەم “نەفی”یەوە ڕێگرى لە دروستبوونى كۆمەڵگەیەكى دیموكراسى دەكرێت؛ چونكە لە ڕێگەى جۆن سنۆوە ئەو شتە سەرپێ دەکەوت کە ژاک ڕانسێر وەک دیموکراسییەتى ڕاستەقینە پێناسەى دەکات: حوکمى ئەوانەى کە مافى حوکمکردنیان نییە، حوکمى دەرکراوان لە پێگەى کۆمەڵایەتى و سیاسى، حوکمى “بێناونیشانەکان”، هەمان دەوڵەتى ڕاستەقینەى دیموکراسیى شۆڕشگێران. بەڵام دیسان ئەمەیش دەبێت ڕەت بکرێتەوە لەبرى ئەوە دەوڵەتێكى ئۆلیگارشى بە بۆیاخى دیموكراسییەوە دابمەزرێنن كە لایەنیکەمى عەدالەتى تێدا بەرقەرار بێت، بەڵام چ جۆرە عەدالەتێک؟
سەچاوەكان:
1. بۆ وتارەكەى ژیژەك بە زمانى كوردى، كلیك لەسەر ئەم لینكە بكە:
2. بۆ وتارەكەى ژیژەك بە زمانى ئینگلیزى، كلیك لەسەر ئەم لینكەى خوارەوە بكە:
http://myheartwillgoonandsoonandsoon.blogspot.com/2019/05/slavoj-zizek-game-of-thrones-tapped.html
یاخود لە ڕێگەى سایتى ئیندیپێندنتەوە:
3. MauriceBlanchot: The Infinite Conversation, Translated and Foreword by Susan Hanson, Theory and History of Literature, Vol. 82, University of Minnesota Press, Minneapolis and London, 1993, p. 369-370.