«خاکی شەوان»

لە ئینگلیزییەوە: ئاشتی ساڵح

ئەی ئەمریکا،

خۆر لەناو تۆدا ئاوا دەبێت.

دەکرێت تۆ قەبر بیت بۆ ڕۆژەکانی ئێمە؟


دەکرێت بێم بۆ لات؟ ئەی قەبری کراوە بۆ کۆششەکانی من.


من دێم، ئەگەر کاتژمێرەکەم بەردەوام بێت لە ژماردنی چرکەکان.

یانیش تۆ وەرە بۆ لای من.


لەبەر ئەو کێشەیە بوو

موحەمەد نەچووە سەر ھیچ چیایەک،

جگە لەوەی سەرەتا لێی نزیک دەبووەوە و دواتر چیاکە ڕۆحی فریو دەدا.


ئەی ئەمریکا، تۆ ڕۆحی میلیۆنان کەست فریو دا!

بۆچی ڕۆحی منت فریو نەدا؟

خۆزگە وات کردبا!


دانی پێدا دەنێم؛ لێت دەترسم!


کارەساتی خۆشەویستییە گەورەکەت،

تۆ کە ھەرگیز خۆتت لە خۆشەویستیدا نەبینیوە،

کەچی زیاتر خۆت ون دەکەیت و شی دەبیتەوە.


تۆ ئەوەی کە ھەرگیز پاک نابیتەوە بۆ خۆشەویستییەک کە خاڵی بێت لە ئۆرگازم.

چەندین ساڵ لەمەوبەر،

تۆ پاکیزەییت لەدەست دا و لە پەیوەندییەکانت دابڕایت،

تۆ تەنھایت لەم جیھانە!


تۆ کە لە خۆشەویستیدا تێکشاویت، زیاتر تێک دەشکێیت و زیاتر دەڕووخێیت،

تۆ سنوورەکانی دابڕانیت،

بەڵام تۆ ئەی ئەمریکا!

ھەرگیز ھەڵناسیتەوە و زیندوو نابیتەوە

لەناو ئەم قەبرە ئاڵۆزەدا،

لەناو ئەم خۆبەزلزانییەدا!


بەخشندەییی تۆ لە ئەوروپییە ئایدیالیستەکان ناچێت، بەڵکوو زیاتر وەکوو پەیکەرێکیت کە لەناو قەفەسێکدا بە نوور دەورە دراوە و دەخولێتەوە.


تۆ تاکە ھیوای زیندوومانەوەت

لەناو ئامێری دەستکردی مرۆڤە ژیرەکاندایە.


تەنانەت پەیکەرە باڵدارە سپییەکەیشت،

ھێندەی ئەو دەرکەوتنە خودکارانەی خۆت ترسناک نییە؛

مەکینەی ئەمریکی.


دەتەوێت بزانی ئایا من دەترسم بێم و

وەڵامی پرسیارەکانی پیاوە ئاسنینەکەت بدەمەوە کە لەلایەن مەکینەکانتەوە خەفە دەکرێت؟

وا دەزانیت یەکەم سەنت دەخەمە ناو دەستە ئاسنەکانی ئەفسەرەکانتەوە و لەتەنیشت قۆڵە ئیستیلەکانی ژنە دادپەروەرە ئەمریکییەکانەوە دادەنیشم؟


ڕەنگە ئەوروپا وەکوو دارێکی سیس بێت،

لێرە تەنانەت ئەفسەری گومرکەکانیش لاوازن.


من زۆر ترساوم ئەمریکا،

لە لەمسی ئاسنینی پەیوەندییە مرۆییانەکانت،

وە دوای ئەمەیش،

کفنی خۆشەویستییە نموونەیییەکەت،

خۆشەویستییەکی بێسنوور؛

وەکوو گازێکی ژەھراوی!


ئەرێ کەس تێ نەگەییشت کە خۆشەویستی دەبێت:

خەست بێت، کەسی بێت، بێسنوور نەبێت؟

ئەم خۆشەویستییە بێسنوورە وەکوو بۆنی ناخۆشی

شتێکە، کە لە ڕێڕەوێکی ھەڵەوە بە خێرایی بڵاو بووبێتەوە.

ھەموو ئەم دڵ و دەروونە چاکە لەلایەن خەڵکانی ترەوە؛

بۆنێکی ناخۆشە!


ئەمریکا، ھێشتا خۆپەرستیت!

ئینگلاندێکی نوێی تۆقێنەریت،

دڕندەیەکی خەیاڵیی خۆرئاواییت!


رۆحی من نیوەی خەڵەتاوە خەڵەتاو.

شتێک لە تۆدایە کە منی لەدواوە ھەڵگرتووە،

یانکییە، یانکی[1]

وا بە خەڵکەکەی دەڵێن

ھەڵیگرتم کاتێک پێویست بوو ھەڵمگرێت؟

یاخود کەس نەبوو!


کێشەی ئەمە چییە؟


چییان پێ دەوترێت؟ چییان پێ ناوترێت؟

گوڵەکە بۆنی خۆشە.

بە کورتی: بۆ ئەوەی سنوورێکمان ھەبێت،

دەبێت بچووک ببینەوە بە ئەندازەی کێچێکی باڵدار،

کە بە قەبارەیەکی بچووک بازێکی گەورە دەدات!


تۆ پەیکەرێکی تۆقێنەریت، ڕووناکییەکی نموونەییت.

تۆ بزوێنەری نامۆی ئامێرێکیت کە ڕووناکی بەرھەم دەھێنێت، دوو تارماییت!


سەرەڕای ئەوەیش،

تاریکی و لێڵییەکیت، کە لەناو جووەکانیشدا نییە.

ئاوابوونێکیت، ئارامییەکی خۆڕاگریت، لەناو ئەورووپیەکانیشدا نییە.

پێویستییەکی بنچینەییت کە لە ئەفریقایشدا نییە،

بەخشندەیییەکیت کە لەناو ڕۆژھەڵاتیشدا نییە.


شێوەی نامۆ و نائاساییی سرووشتی ئەھریمەنیی جیھانە نوێیەکەت،

لە ئێستا و داھاتوویشدا ھەستی پێ دەکرێت!


ھیچ کەس ناتناسێت.

تۆیش خۆت ناناسیت.

من کە نیوەم لە خۆشەویستیدایە لەگەڵ تۆ،

لەگەڵ چیدا خۆشەویستی دەکەم؟

لەگەڵ خەیاڵەکانم؟


بڵێ کە وا نییە!


بە ھەموو جۆرێک بیڵێ ئەمریکا،

لەناو ھەموو ئامێرە ئەمریکییەکانتان.

لە قووڵاییی کەللەسەری بۆشتەوە بیڵێ،

کە چاوڕەشە ئارامگرەکان،

دەتوانن بە درێژاییی تەمەن سەرنجی بدەن.


لە دەنگی ھەموو ئامێرەکانتان و

وشە سپییەکانتانەوە بڵێ: فریودانە ئەمریکییەکان.

لێدانە قووڵەکانی دڵێکی نامۆ ئێستا باشتر لێ دەدات،

وەکوو ھەژەندێک کە لە بەیانییەکی ھەڵەدا ڕوو دەدات و پێش ڕاستی دەکەوێت!


ئەمریکییەکی ڕەچەڵەکساوای ئەھریمەن،

خۆی مات داوە لەناو چەندین ئامێر و دووکەڵکێشدا،

بۆنی دار ئەنەناسی لێ دێت!

ئەی ئەمریکای تاریک و خۆپەرست،

مۆدێرن، ناڕێکخراو، ناسرووشتی؛

خەڵکە ئەھریمەنە بێکولتوورەکەت،

لەناو دارستانی پیشەسازییەکەتاندا خۆیان مات داوە و

فریوم دەدەن تا ئەوکاتەی پەستم دەکەن،

وەک پەریی دەریا شاراوەن.


وەک چۆن ویتمان لە شیعرەکەیدا دەیگوت: «ئەم ویلایەتانە[2]

جا مەبەستی ھەرچییەک بووبێت!


[1] خەڵکی ئەمریکا.

[2] واڵت ویتمان 1819- 1892 شاعیر و ڕۆژنامەوان و ھیومانیستێکی ئەمریکییە، یەکێکە لەو شاعرانەی کە دەستی ھەبووە لە گۆڕینی ڕەوتی شیعر بەرەو ڕیاڵیزم لە ئەمریکا و ھەروەھا بە باوکی شیعری ئازاد دا دەنرێت لە ئەمریکا. شیعرێکی ھەیە بە ناوی «ماڵئاوایی» لەم شیعرەدا باس لە ھاتنی سەردەمێکی نوێ دەکات لە ئەمریکا و لە دێڕێکدا بە “ئەم ویلایەتانە” ناوی ئەمریکا دەبات.

photo_٢٠٢٢-١٢-١١_١٥-٥٦-٠٦

سەرنجێک بنوسن