ئازادیی کورد

لە ئینگلیزییەوە: لەیلا سەمەدی

پوختە

زۆربەی کوردە بیرمەندە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە گەلەکەیان پێویستی بە ئازادی هەیە. جگە لەوەش، هاوڕان کە پێویستیان بە ڕزگاربوون لەو هەژموونی(باڵادەستی)یە[1] هەیە کە بە دەست ئەو چوار دەوڵەتەوە تووشی بوون و لە نێوانیاندا دابەش کراون واتە، تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. ئەوەی کەمتر ڕوونە، سروشتی سەرڕاستی ئەم ئازادییەیە. مشتومڕی سەرەکی کە تایبەتمەندیی گوتاری سیاسیی کوردییە، لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەو ئازادییەی کە بەدوایدا دەگەڕێن پێویستی بە بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆی کوردی هەیە؟ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردەی ڕۆشنبیری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان”پەکەکە”، باس لەوە دەکات کە ئازادیی کورد تەنیا لە ڕێگەی ڕزگاربوون لە خودی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە(nation-state model) بە دەست دێت. ئۆجەلان لەبری دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی بۆ کوردەکان لە ڕێگەی کۆنفیدرالیزمێکی تەواو یەکسانیخوازانە و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ پێشنیار دەکات کە مۆرای بووکچین (Murray Bookchin)، بە ئیلهامی ئانارشیستییەوە کە خوازیاری ئۆتۆنۆمیی شارەوانی بوو، بیر دەخاتەوە. ئێمە لە وەڵامی ڕێبازی ئۆجەلان دەڵێین کە بەکارهێنانی ڕەتکردنەوەی ئەنارشیستی دەوڵەت تا ڕادەیەکی زۆر هەڵەیە. ئێمە هەندێک کێشەی مێژوویی و چەمکی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەنارشیستی لە دەوڵەتدا دەستنیشان دەکەین و بە پەڕینەوە بەسەر هەندێک ئەنارشیستەوە، و لەوانەش ئۆجەلان، پەرە دەدەین بەو دانپێدانانە کە ئازادیی ئەنارشیستی تەنیا دوای ماوەیەکی درێژخایەن لە بوونی دەوڵەتگەرانەوە(statist existence) بە دەست دێت. ئێمە بە پێچەوانەی مۆدێلی ئەنارشیستیی ناهەژموون(non-domination)، زۆرتر مۆدێلێکی کۆماریخوازانە لە ئازادی و ڕزگاری پێشنیار دەکەین، هەروەها وەک مۆدێلی ناهەژموون، کە پێویستی بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لانی کەم لەم قۆناغە مێژووییەدا هەیە، بۆ کورد و هەروەها هەر گەلێکی بندەست، تا وەک ئازادیی ڕاستەقینە هەژمار بکرێن. لە کۆتاییدا هەوڵ دەدەین هەندێک توخمە چەمکییەکانی ئەنارشیستی و کۆماریخوازانە تێکەڵ بکەین و ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتیی لێکدراو ئاراستە بکەین، کە بتوانێت وەک بناغەیەکی باشتر بۆ ئاواتەکانی کورد بۆ ئازادی خزمەت بکات.

سەروشەکان: کورد، ئازادی، ئەنارشیزم، کۆماریخوازی، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، دەوڵەت.

پێشەکی

زۆرێک لە گەلانی جیهان بە دەست باڵادەستییەوە ئازار دەکێشن. زاڵبوون بەسەر باڵادەستی ڕزگاربوونە. بەهرەمەندی لە ناهەژموونی(non-domination)، ئازادییە. لە کاتێکدا ڕەنگە ڕوون بێت کە ئازادی دەبێت جۆرێک لە ناهەژموونی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەڵام ئەوەی کە بە تەواوی ئازادی وەک ناهەژموونی تایبەتمەند دەکات، جێگەی مشتومڕە. ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی چەمکێک بۆ ئازادی وەک ناهەژموونی(liberty as non-domination)، کە پێمان وایە گونجاوترینە بۆ گەلێکی تایبەت کە ئەمڕۆ بە دەست هەژموونییەوە دەناڵێنێت، واتە کورد. دوو تێڕوانینی سەرەکی کە ئازادی وەک ناهەژموونی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، بریتین لە ئەنارشیزم و کۆماریخوازی. هەندێک لە کوردەکان پێشتر واتایەکیان لە ئازادی لە زاراوەی ئەنارشیستیدا پیشنیار داوە. لە درێژەدا، ئامانجمان ئەوەیە نیشان بدەین کە ڕەخنەکانی کۆمارییەکان لە ئەنارشیزم گونجاون و سازشێکی ئەگەری لەنێوان بۆچوونی ئەنارشیست و کۆمارییەکان لە ئازادی هەیە کە لەسەر جۆرێک لە کۆمۆنیتاریزمی[2] هاوبەش دامەزراون، کە ڕەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ کورد. بەم پێیە، لە ڕووی میتۆدۆلۆژییەوە، ئەوەی ئێمە لەم وتارەدا خەریکی دەبین، شیکارییەکی چەمکی بەراوردکارانەیە لە خزمەت خەباتی ڕزگاریخوازی گەلاندا، واتە ئێمە چەمکەکانی ئازادی بەراورد دەکەین لە پێناو دۆزینەوەی ئەوەی کام چەمک و بۆچوون ڕەنگە زۆرترین سوودی هەبێت بۆ گەلێکی بندەست(dominated people)، بۆ دابینکردنی ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئامانجی ڕزگاریخوازی خۆیان.

پێش ئەوەی ڕاستییە مێژوویییەکانی هەژموونی کورد(زاڵبوون بەسەریدا) جێگیر بکەین و دواتر تایبەتمەندی هەندێک چەمکی کوردی بۆ ئازادی شی بکەینەوە، پێدەچێت گرنگ بێت سەرەتا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر قسە لەسەر ئەو دوو ڕێبازە بکەین کە لەم وتارەدا باسی دەکەین، واتە ئەنارشیزم و کۆماریخوازی. زۆر شت هەیە کە ئەنارشیزم و کۆماریخوازی تێیدا هاوبەشن و دەکرێت بڵێین یەکەمیان گەشەی مێژووییی دووەمینیانە. ئەو دەستەوشە سەرەکییەی کە پێدەچێت زۆرترین ڕێککەوتنیان هەبێت سەبارەت بە ماناکانی باڵادەستییە. باڵادەستیی پەیوەندی بە دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراو، بێسنوور، سەپێنراو، دیارینەکراو، یان هەوسارپساندوو هەیە. دیاردەیەکە زۆربەی کات بە هێزی سەرسەخت، دەسەڵاتێکی چڕ کە دەتوانێت خۆی دەرببڕێت هەم لە کردارەکاندا، و هەم لە بارودۆخ و پەیوەندییە پێکهاتەیییەکان کە لەم جۆرە کردارانە، و مەیلی ئەنجامدانی ئەو جۆرە کردارانە پێکهاتوون. بەم پێیە ناهاوسەنگییەکی توند، ناهاوتا، یان ناهاوکێشی لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا لەخۆدەگرێت((McCammon 2018.

ئەگەر ئەنارشیزم و کۆماریخوازی ڕێککەوتنێکی مەزندەییان هەبێت سەبارەت بە مانای باڵادەستی، ئەوا ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە بۆ هەردووکیان دێتە پێشەوە ئەوەیە کە چۆن بڕیارە باڵادەستی ببەزێنرییەت. ئەمەش لە کۆتاییدا بوو بە پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆڵ و گرنگی دەسەڵات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕزگاری. هەرچەندە کەمێک گاڵتەجاڕانەیە، بەڵام دەتوانرێت بڵێین لە کاتێکدا ئەنارشیزم ئامانجیەتی بەسەر باڵادەستیدا زاڵ بێت ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات لە پەیوەندییە مرۆیییەکان، کۆماریخوازی بە ئامانجی هاوسەنگکردنی هێز ئەو کارە دەکات. ئەمەش بۆ ئەو باسەی خوارەوە گرنگ دەبێت چونکە ئێمە ئەم ئامانجانە بەراورد و جیاوازی دەکەین لە بەرامبەر ئەو لێکدانەوە دژبەیەکانەی ئەنارشیزم و کۆماریخوازی ئاراستەی ڕۆڵی دەوڵەت لە پڕۆژەی زاڵبوون بەسەر هەژموونی دەکەن. ئەگەر ئازادی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوا دەبێت  بۆ ئەنارشیزم هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتیش، کە بکەر و ناوەندی سەرەکیی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا، بەدوای خۆیدا بهێنێت. کۆماریخوازی لەگەڵ ئەمە ناکۆکە و دەوڵەت وەک سەرۆک، ئەگەر نەڵێین تەنیا ئامڕازی بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە ناهەژموونی ڕاستەقینە لەمڕۆدا دەبینێت و بەم شێوەیەش دەتوانێت دەسەڵات هاوسەنگ بکات بەجۆرێک کە گەل بتوانێت بە شێوەیەکی دیاریکراو خۆچارەنووسانە بژییەت و خۆی لە هەژموونی گەلانی دیکە بەدوور بگرێت، ئەمەش ڕێک ئەو کێشەیە کە گەلی کورد ڕووبەڕووی بووەتەوە و بۆ ئازادیی کورد ڕێگاچارەیە. با بە کورتکردنەوەی ئەزموونەکانی کورد لە ئێستادا و لە ماوەی یەک دوو سەدەی ڕابردوودا دەست پێ بکەین، پاشان دواتر باس لە چەمکێکی ئەنارشیستی لە ئازادی بکەین کە لەلایەن هەندێک هێزی کوردییەوە پەرەی پێ دراوە، پاشان بزانین چۆن کۆماریخوازی وەڵامی ئەم پێشنیازە ئەنارشیستییە دەداتەوە و دواتر لە کۆتاییدا بزانین ئایا دەتوانرێت جۆرێک لە سازان بکرێت کە ڕەنگە فۆڕمی بۆچوونێکی پەسەندکراو لە ئازادیی کورد پێک بهێنێت.

باڵادەستی بەسەر کورددا

 گەلی کورد لەبەرچاو بگرن. بە نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەس، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندان. لە مێژووییەکی بەرفراوانتردا، کورد نزیکەی چەند سەدەی ڕابردوو، کۆلۆنی کراوە و دابەش کراوە و لەلایەن تورک و عەرەب و فارسەوە حوکمڕانی کراوە، بەلایەنی کەمەوە بگەڕێنەوە دواوە، تا دەستکارییە هاوئاهەنگەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی تا سەرکوتکردنی هاوکاتی تورکیا و ئێران لە هەوڵەکانی کورد لە هەر پلەیەک لە خۆدەربڕینی سیاسیدا. هەروەها تا ئەم دوایییانە، زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکانی ڕۆژئاوا و دواتر عەرەبی پارتە بەعسییەکان لە سوریا و عێراق بە هەمان شێوە زیادەڕەوییان کرد لە نکۆڵیکردن لە کوردەکان لە سەرەتاییترین بوونێکی سیاسییان. لە ڕووی جوگرافیاوە لە ئێستادا کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت-نەتەوە دابەش کراوە کە بریتین لە تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران. ئەو هەرێمانەی کە ئەم دەوڵەتانە داگیریان کردووە، هاوتای چوار ناوچەی کوردستانن کە بە ڕیز بریتین لە باکوور (باکووری کوردستان)، ڕۆژئاوا (رۆژئاوای کوردستان)، باشوور (باشووری کوردستان)، ڕۆژهەڵات (رۆژهەڵاتی کوردستان).

لە هەریەک لە چوار ناوچەی کوردستان، کورد بە پلەی جیاوازەوە نائازاد کراوە. لە جینۆسایدەوە تا پاکتاوی نەتەوەیی تا ئاوارەبوونی زۆرەملێ و بێسەروشوێنکردنی بەکۆمەڵ تا ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان و زیندانیکردن تا ئامرازگەلی کەمتر توندوتیژانەتر وەک قەدەغەکردنی زمانی کوردی، هیچ تەکنیکێکی دەستوەردان و زاڵبوون نەماوە کە دژی کورد بەکار نەهێنرابێت. ئەوانە لە پێناو ڕێگریکردن لە بوونی کورد بە شێوەی ڕاستەقینەی سیاسی وەک گەلێکی ئازاد و خۆبەڕێوەبەری ئەرێنی بەکار هێنراون. مەیل بە هەبوون بە مانایەکی ڕاستەقینەی سیاسی لەلایەن کوردەوە بەس بووە بۆ ئەوەی زلهێزە کۆلۆنیالیزمەکانی ڕۆژئاوا، تورک، عەرەب و فارس بە ئامانجی ڕوون بە ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانیان وەک گەلێکی ئازاد و سەربەخۆ، بەسەریاندا زاڵ بن. نزیکەی سەد ساڵی ڕابردوو، دەتوانین زاڵبوون بەسەر کورد وەک هەوڵی جۆراوجۆر بۆ نەهێشتنی ناسنامەی کورد تێبگەین کە زیاتر لە ڕێگەی پڕۆسەی تورکاندن و عەرەباندن و فارساندن[3] لەلایەن تورکیا و سوریا و عێراق و ئێرانەوە ئەنجام دراون.

لە باکوور(باکووری کوردستان، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا)، لە سەردەمی عوسمانیدا، دەکرێت بڵێین کوردەکان وەک ڕەعیەتێکی کۆلۆنیالیزەکراوی زۆرتر پشتگوێخراو و بەبەزەیی ژیاون. کورد ئەگەرچی لە شتێکی وەک ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی لە ئیمپراتۆریەتی ناوەڕاست تا کۆتاییی عوسمانیدا بەهرەمەند دەبینرێن، بەڵام هێشتا گەلێکی بەستراوبە سیستەمی حوکمڕانیی ئیمپراتۆری بوون کە دژی یەکتری دادەنران و وەک سەربازی شەتڕەنج لە ململانێ سنوورییەکان لەگەڵ خانەدان و پاشا جۆراوجۆرەکانی فارس بەکاریان دەهێنان، نموونەیەک لە فۆرمێکی دەستێوەردانی ناوخۆیی کە تا ئەمڕۆش کورد ئازار دەبینێت. هەروەک گەلانی دیکە کە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە کۆلۆنی کرابوون، کورد هیچ شتێکی وەک چارەنووسی ڕاستەقینە یان سەربەخۆییی سیاسی ڕێگەی پێ نەدرا. لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، هەژموونی بەسەر کورد لە بابەتی بەستراویی کۆلۆنیالیزمەوە ڕۆیشت بەرەو بوون بە بندەستەبوونی ڕاستەوخۆ. کۆماری تورکیا لەسەر ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی تورکی دابەشنەکراو دامەزرا. (Arai 1992)

بۆ بەدیهێنانی وەها ناساندنێکی دابەشنەکراوی نەتەوە لەگەڵ دەوڵەت، دەوڵەتی تورک هەر لە دەستپێکی خۆیەوە، ناچار بووە هەڵمەتێکی پاکتاوی نەتەوەییی نادیار دژی کورد بخاتەگەڕ. پڕۆسەی تورکسازی کە بەسەر کورددا سەپێنراوە، تەواو و ڕوون بووە، و وای کردووە کە هیچ ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی سیاسیی ڕاستەقینەیان نەمێنێت.

 هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەوەی شتێک بە ناوی پرسی کورد هەبێت، دەوڵەتی تورک تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو ڕەتی دەکردەوە تەنانەت کورد لە تورکیادا هەبن و کوردەکانی بە “تورکی کێوی” ناوزەد دەکرد. درێژەدان بە سیاسەتێک کە لە کۆتایییەکانی سەردەمی عوسمانی دەستی پێ کرد، کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە زۆر لە هەرێمی خۆی دوور خرایەوە و ناچار کران لە شار و شارۆچکەکانی سەرتاسەری ڕۆژئاوای تورکیا تێکەڵ بن. قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی، بەتایبەتی لە قوتابخانەکاندا، چەکێک بووە لە جبەخانەی تورکیدا کە لە ئامانجەکەیدا بەکار هاتووە بۆ نەهێشتنی کورد وەک گەلێکی سەربەخۆ و ئاسمیلەکردنی بە تەواوی بۆ “تورکایەتییەکی دابەشنەکراو”(indivisible Turkishness). ناچارکردنی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە دوورخستنەوەی زۆرەملێ لەسەر خاکیان یان هەوڵدان بۆ نەهێشتنی زمان و کولتووریان ڕانەوەستا. هەروەها سەرکوتکردنی زنجیرەیەک لە ڕاپەڕینی کورد لە کاردانەوە بە پاشەکشەی تورکیا لە بەڵێنەکانی سەربەخۆییی ڕێژەیی لە سەردەمی ڕژێمی نوێ لەبەر دەگرێت. لەنێوان سەرەتای ١٩٢٠ و کۆتایییەکانی ١٩٣٠دا زنجیرەیەک ڕاپەڕینی کورد سەرکوت کرا- لەوانە ڕاپەڕینی کۆچگیری (١٩٢١)، بەیتوس ̧باپ (١٩٢٣)، شێخ سەعید (١٩٢٥)، ئارارات (١٩٣٠) و دێرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨)، بەهۆی ئەم شۆڕشانەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کورد کوژراون و زۆرێکیش ئاوارە بوون. لەگەڵ پلانی چاکسازی ڕۆژهەڵاتی لە ساڵی ١٩٢٥دا، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا خرایە ژێر یاسای سەربازیی دیارینەکراو. پارێزگا کوردنشینەکانی تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە لە هەندێک حاڵەتی ئاوارتە یان نائاساییدا بوون. زاڵبوون بەسەر کورد لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ دڕندەیەتی پچڕپچڕ و هەڵمەتی دژەشۆڕش لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوورخستنەوە و زیندانیکردنی سەرەڕۆیانەی شارەوانانی هەڵبژێردراوی کورد و سەرکردە سیاسییەکانی دیکە تا ئێستا درێژەی هەیە. (بۆکانی ٢٠١٦) .

کوردەکانی ڕۆژاواش بە چوونە خوارەوە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هەمان شێوە تووشی هەژموونی ڕژێمی ناسیۆنالیستی بەعسی کۆماری عەرەبی سوریا بوون کە زۆرینەیان عەرەبن. کورد بووەتە قوربانیی یەکێک لە چڕوپڕترین هەڵمەتەکانی تەعریبکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن. کێشەی خۆسەلماندنی جیلی نوێی کورد لە ڕۆژاڤادا هاتە ئاراوە کە هەم هەڕەشەیەکی سیاسی و هەم مەترسییەکی ئابووری بۆ سەر سوریا بوو، چونکە ناوچە کوردنشینەکان لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و پەتاتە و نەوتدا زاڵ بوون. بەتایبەتی جەخت لەسەر ناوچەی جزیرە کرایەوە کە پێویستی بە بەعەرەبکردن هەیە. سیتوان محەمەد تاڵب هیلال، بەرپرسی پێشووی ئاسایشی ناوخۆی ئەلحەسەکە، ناوەندێکی حەشیمەتی جەزیرە، کورتەیەک لەو ڕەوتەی ڕژێم کە لە نیوەی کۆتاییی سەدەی بیستەمەوە بەرامبەر بە کوردی گرتەبەر، و بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١، بە کورتی خستە ڕوو. هیلال ئیدیعای کرد،

زەنگەکانی جەزیرە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدەن و داوا لە ویژدانی عەرەب دەکەن ئەم هەرێمە ڕزگار بکەن، پاکی بکەنەوە لە هەموو توێژاڵ و پاشماوەکان، لە خڵتەوخاڵی مێژوو تا وەک ئەوەی لەگەڵ بارودۆخی جوگرافیای خۆیدا دەگونجێت، بتوانێت داهات و سامانی خۆی پێشکەش بکات، لەگەڵ ئەو پارێزگاکانی دیکەی ئەم خاکە عەرەبییە کە پرسی کوردی تێدایە، ئێستا کە کورد خۆی ڕێک دەخات، تەنیا وەرەمێکی شێرپەنجەییە کە لە بەشێک لە جەستەی نەتەوەی عەرەبدا گەشەی کردووە و پەرەی سەندووە. تاکە چارەسەرێک کە دەتوانین بە شێوەیەکی دروست بەکاری بهێنین، بنەبڕکردنییە.(McDowall 2004, 474–475).

پاشان هیلال پلانێکی ١٢ خاڵیی پێشکەش کرد بۆ بڕینی “وەرەم”ی کوردی بە تێکدان و وێرانکردنی یەکگرتووییی کۆمەڵگەی کوردی سەرهەڵداو لە ڕۆژاڤا، لیستی ڕێوشوێنەکان کە هەموویان دەچنەوە سەر لەدەستدانی ئازادیی تەواو:

(i) ئاوارەبوونی کورد لە خاکی خۆیان؛ (ii)بێبەشبوون لە خوێندن؛ (iii) گەڕانەوەی کوردە ‘خوازراوەکان’ بۆ تورکیا؛ (iv) بێبەشبوون لە دەرفەتی پیشە و دامەزراندن؛ (v) هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی دژە کورد؛ (vi) گۆڕینی مەلاکانی کوردی ناوخۆیی [مەلا ئایینییەکان] بە مەلا عەرەبەکان؛ (vii) سیاسەتی ‘دووبەرەکی نانەوە و حکوومەتکردن’ لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا؛ (viii) نیشتەجێکردنی عەرەبەکان لە ناوچە کوردییەکان؛ (ix) دامەزراندنی تەندروستییەکی کۆردۆنی عەرەبی لە درێژاییی سنووری لەگەڵ تورکیا؛ (x) دامەزراندنی کێڵگەی بەکۆمەڵ بۆ نیشتەجێکراوانی عەرەب؛ (xi) بێبەشبوون لە مافی دەنگدان یان وەرگرتنی پۆست لە هەر کەسێک کە زمانەکەی عەرەبی نییە؛ (xii) ڕەتکردنەوەی ڕەگەزنامەی سوریا بۆ ئەو کەسانەی کە غەیرە عەرەبن کە دەیانەوێت لەو ناوچەیەدا بژین.(McDowall 2004, 475).

لایەنی زۆری ئەم پلانە جێبەجێ کرا، لەوانە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لە زیاتر لە ١٢٠ هەزار کورد. ئەم پلانە تەنها دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ بندەستەکردنی گەلێک لە ڕێگەی دەستێوەردانی ڕاستەقینە لە ناویاندا و هاندانی بۆ دەستێوەردان لە یەکتر، ڕێگەنەدان بە بەدیهاتنی توانمەندی سیاسی خۆیان، و بەستراوەبوونیان بە ئیرادەی ئارەزوومەندانە و سەرەڕۆیانەی کەسانی دیکە، دەبینرێت.

لە باشووردا، یان کوردستانی عێراق، زۆرێک لە هەمان تەکنیکەکانی عەرەبکردن و تورکیکردن لە تێکەڵەیەکی کوشندەدا تێکەڵ کرابوون. دوابەدوای شکستی عوسمانییەکان لە کۆتاییی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، ئینگلیزەکان کۆنترۆڵی کۆلۆنیالیزمیان بەسەر عێراقدا گرتە ئەستۆ، لەوێدا لە یەک کاتدا، هەوڵەکانی کوردیان بۆ گەیشتن بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی هاندا و هەروەها سەرکووتیان کرد. بە سەرکردایەتی خێڵی بارزانی، کورد لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی هاشمی، لە دژی ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی، ڕاپەڕینی جۆراوجۆری کرد. بە کودەتاکەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ و سەرەنجام سەرکەوتنی سەدام حوسێن، پەیوەندییەکانی عەرەب و کورد بە ڕێگایەکدا دەستی پێ کرد کە توندترین دەربڕینی هەژموونی(زاڵبوون بە سەریدا) لە مێژووی کورددا لێ دەکەوێتەوە. بەعسییەکان بەگشتی دەستیان دا بە هەڵمەتێکی تەعریببوون کە تێیدا ١٢ ڕێوشوێنی هیلالی بە تەواوی جێبەجێ کرا و دواتر هەندێکیان بە درێژاییی سەردەمی سەدام، هەزاران گوندی کورد و ئێزیدیان وێران کرد و سەدان هەزار کەسیش بێخانوو بوون. بەشێکی زۆریان دیپۆرت کرانەوە و ڕەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق کران لە کاتێکدا ناوچە کوردییەکان پێشوو پڕ لە دانیشتووی عەرەب بوون. زەوتکردنی خاوەندارێتی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوون تەنیا لایەنێکی هەژموونی عەرەبی عێراقی بەسەر کورددا بوو. لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کورد ڕووبەڕووی شتێک بووەوە کە تەنیا دەتوانرێت بە هەڵمەتی قڕکردنی جینۆساید وەسف بکرێت. سەدام پاکتاوی نەتەوەیی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی بۆ ئاستێکی بەرزتر برد، بە ئامانجی قڕکردنی هەر بەرخۆدانێک بەرامبەر بە ڕژێمی عێراق، ئامۆزای خۆی، “کیمیایی” عەلی حەسەن ئەلمەجید، بە سەر کوردەوە بەرەڵای کرد. لە ڕێگەی هەشت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جیاوازەوە لە ساڵی ١٩٨٦ تا ١٩٨٩، هەڵمەتی ئەنفال بووە هۆی کوشتنی بەکۆمەڵ کە زیاتر لە ١٨٢ هەزار کوردی لەخۆ گرت. لە هێرشی زەمینی، هەڵمەتی بۆردومانی ئاسمانی، وێرانکردنی تەواوی ئاوایییەکان، ڕاگواستن و بێسەروشوێنکردنی بەکۆمەڵ، تا دەگاتە ڕفاندن و کۆیلەکردنی ژنان و کچان، گرووپی تەقەکردن بۆ کوشتنی زۆرترین پیاو و کوڕانی لە تەمەنی شەڕکردندا، و شەڕی کیمیایی بێ جیاوازی، کوردەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک کەوتبوونە ژێر توندوتیژترین جۆری باڵادەستی، بە هۆکاری سەرەکی هەوڵدان بۆ جەختکردن لەسەر بوونی سیاسی خۆیان.

لە کاتێکدا لە سەدەی دە تا دوازدە لە ڕۆژهەڵات ژمارەیەک شانشینی بچووکی کوردی هەبوون، هێڵێکی یەک لەدوای یەک لە خانەدانەکانی فارس تا ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەشنە هەوڵێکیان بۆ خۆبەڕێوەبەری لەلایەن کوردەوە سەرکوت کردووە. کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەبێ ڕووداوە گەورەکانی مەرگی بەکۆمەڵ وەک کۆمەڵکوژی دێرسیم یان هەڵمەتی ئەنفال، لە ڕێگای سەرکووتی سەرهەڵدانی دووبارەبووەوە بۆ ئۆتۆنۆمی، کەوتوونەتە بەر هەوڵێکی بەردەوام بۆ ڕێگریکردن لە نۆژەنکردنەوەی نەتەوەییی خۆیان. هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ١٦ەوە، ئەگەرچی ئەوان بەڕاشکاوی کۆمەڵکوژ نەکرابوون، کوردە یاخیبووەکان کە لەلایەن پاشا سەفەوییەکان و ئەفشار و قاجارەکانەوە شکستیان هێنا بوو، زۆرتر دوور دەخرانەوە و بە دەوروبەری فەلاتی ئێران دەگوازرانەوە.

تا سەدەی بیستەم، کوردانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بوون لە ڕاپەڕین دژی هەژموونی ئێران، ئەو جۆرە هەژموونانە کە ئێستا زۆرێک لەو ڕێوشوێنانە دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی تورککردن و بەعەرەبکردندا گیراونەتەبەر و لە وڵاتە دراوسێەکاندا بەکار دەهێنرێت. پاشاکانی پەهلەوی و پاشان کۆماری ئیسلامی درێژەیان بە سیاسەتەکانی دەستبەسەرداگرتن بەسەر زەوی و ئیعدام یان ڕاگواستنی ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکانی کورد دا. هەروەها گرووپە ئازەرییەکانی تورکیان دەگواستەوە بۆ ناوچە کوردنشینەکان کە لە کوردەکان بەتاڵ بووبوون. ساتگەلێکی دەگمەنی سەرکەوتن لە پێکهێنانی کۆماری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا بەدەست هات، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتیی سۆڤیەت پشتی لە کورد کردەوە، ڕێژیمی ئێران ئەو ئەزموونەی شکست پێ هینا و ڕێبەرەکەی قازی محەمەدی لە سێدارە دا. دوابەدوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩، کورد لە بەرەنگاربوونەوەی هەردوو هەژموونی سیاسی و فەرهەنگی بەردەوام بووە. ڕژێمی ئیسلامی بە تایبەتی لە سەرکووتی هەوڵەکانی کورد بۆ خۆدەربڕین توندتر بووە، و ڕێوشوێنی شێوازی تورکی بۆ نکۆڵیکردن لە بوونی کورد لەگەڵ هەوڵەکانی دژە شۆڕش کە تەکنیکی نوێی وەک دارستانبڕینی بەکۆمەڵ لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی چریکی کورد شوێنێکیان بۆ خۆحەشاردان نەبێ. و ئەشکەنجەدانی بەردەوام و لەسێدارەدانی زۆرێک لەوانەی کە دەگیرێن، تەنانەت ئەوانەش کە بچووکترین نیشانەی بەرخۆدانی سیاسیش نیشان دەدەن. کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە کەمترین ئۆتۆنۆمی لە هەموو گرووپە کوردییەکانی بندەست بەهرەمەندن.

لە ساتەوەختی نووسینی ئەم وتارەدا، تورکیا لە ناوەڕاستی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکاندایە بۆ سەر کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشووردایە. لە ڕۆژهەڵات، ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی هەوڵەکانی کورد بۆ خۆدەربڕینی کولتووری و سیاسی، لەم دواییانەدا سەد چالاکوانی زیندانی کردووە. لە ڕۆژاڤا و باشووردا، ئێران لە ڕێگەی پرۆکسییە جۆراوجۆرەکانییەوە، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هەوڵەکانی کورد دەبێتەوە بۆ ئۆتۆنۆمیی ئابووری و سیاسی. کوردەکانی هەریەک لە ناوچەکانی خۆیان لە بارودۆخێکی بەستراوەیی بە دەستێوەردانی سەرەڕۆیانەی هەریەک لەو چوار دەوڵەتەی کە زاڵن بەسەریاندا دەژین. ئێستا دەتوانین ببینین کە مامەڵە و هەڵسوکەوت بەرامبەر گەلی کورد لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا تا ئێستا دەگاتە لەدەستدانی تا ڕادەیەک ئازادیی تەواو.

کورد نوێنەرایەتی کەیسێکی پارادایمی گەلێکی بندەست دەکات. ئەوان وەک نائازاد(unfree)، یان وەک بێ ئازادیی سیاسی، لەسەر زۆربەی چەمکەکانی ئازادی هەژمار دەکرێن. بۆ پشتگیریکردنی ئەم ئیدیعایە، دەتوانین سەیری ڕەچەڵەکناسیی ئازادی مۆدێرن لەلایەن کوینتین سکینەر (٢٠٠٢) بکەین وەک چوارچێوەیەک کە لەو ڕێگەیەوە، نیشان بدەین کە کورد ئازادی نییە. سکینەر باس لە چوار چەمکی سەرەکیی ئازادی دەکات. بە هەمان شێوە باس لە چوار ڕێگە دەکات کە مرۆڤ دەتوانێت بێ ئازادی بێت. ئەم چوار چەمکە دەتوانرێت بۆ تاک یان بەکۆمەڵ بەکار بهێنرێت. کورد، کە بەکۆمەڵ سەیر بکرێت، تووشی دەستێوەردان دەبن لە هەردوو ڕوانگەی کەسی و نێوان کەسییەوە، کە زۆربەی ڕزگاریخوازان پێی نیگەران دەبن. دوابەدوای ئەم جۆرە دەستێوەردانانە، کورد ناتوانێ ئازادیی ئەرێنی بە مانای بەدیهێنانی چارەی خۆنووسین بەکۆمەڵ و بەدیهاتنی توانمەندیی سیاسیی خۆیان بەدەست بهێنن. لە کۆتاییدا کورد نەک هەر بەدەست دەستێوەردان و خۆنامۆبوونێکی واقیعییەوە دەناڵێنێت، بەڵکوو قوربانی ئەو دەستوەردانە سەرەڕۆیانەیە کە گەلێک وابەستە یان بندەست دەکات. ئەم باڵادەستییە بەم مانایەیە کە لەلایەن نەریتی ئەنارشیست و کۆمارییەکان دەکرێتە ئامانج، چونکە ئامانجی بنەڕەتی لە ئازادی، چارەسەری کێشەی سیاسییە.

ئەگەر سکینەر ڕاست بکات ئەواتا چوار ڕێگەی نائازادیی سیاسی هەیە- وەک ئازار لە دەستێوەردانی تاکەکەسی، دەستێوەردانی نێوان کەسی، خۆبەدیهێنان نەکردن و بەستراوەیی یان باڵادەستی- ئەوا کورد لە هەریەک لەم چوار مانادا نائازادە.

ئازادیی ئەنارشیستی

پرسیار ئەوەیە کە کورد چۆن هەوڵی داوە بەسەر باڵادەستیی خۆیدا سەرکەوێت و بە ئازادی بگات؟ یەکێک لە ڕوانستەکانی ئازادیی کورد لە سەرچاوەیەکی پێشەنگی بەڕەنگاربوونەوەی هەژموونی کورد لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆشنبیری زیندانیکراو و سەرکردە و ئەندامی دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سەرچاوە دەگرێت. تێڕوانینی ئۆجەلان بۆ ئازادیی کورد بە درێژاییی ژیانی گۆڕاوە، زیاتر لەگەڵ پارادایمی زاڵی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا دەستی پێ کردووە، بەڵام وردە وردە هاتوەتە سەر ئەوەی کە خەبات بۆ سەربەخۆییی نەتەوەیی دەگۆڕێت بۆ ڕزگاری وەک تەنیا ئاڵۆگوڕێک لە فۆرمێک باڵادەستی بۆ فۆرمێکی تر(Akkaya 2016; 2020). ئۆجەلان لەبری ئەوەی ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆییی نەتەوەیی لە فۆرمی دەوڵەت-نەتەوە کوردی جیادا بێت، دەڵێت تاکە فۆڕمی ڕزگاری ڕاستەقینە یان شایستە بۆ کورد، ئازادی لە خودی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەدایە. ئۆجەلان لە دانپێنان بە دەوڵەت-نەتەوە سەربەخۆ وەک پێداویستی سیاسی لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیی کورد، بەرەو پێشنیازی نکۆڵیی ئەنارشیستی هەم لە پێویست بوون و هەم خوازیاریی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، بۆ ئەوەی کورد بیەوێت ئازادیی خۆی بەدی بهێنێت، دەگات. پەکەکە بە نیازێکی ڕاشکاوانە کە ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ مارکسیزم-لینینیزمدا تێکەڵ بکات بۆ ئەوەی داوای کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو بکات، دامەزرا. ئەم ئامانجەی خەبات بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، پرەنسیپی پاڵنەری پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بیست ساڵی یەکەمی بوو، نزیکەی ناوەڕاستی حەفتاکان ١٩٧٠ تا ناوەڕاستی نەوەدەکان ١٩٩٠. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرکردنەوەی ئۆجەلان بە تێپەڕبوونی ساڵان گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات. تا سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ و دوابەدوای زیندانیکردنی، دەستبەرداری مارکسیزم-لینینیزمی پێشووی خۆی و باوەڕی بە پێویستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو.((Lenin 1972; Stalin 1953. لەژێر کاریگەریی ئەنارشیستی ئەمریکی، مۆرای بووکچین،فۆرمی دەوڵەت-نەتەوە و تەنانەت خودی شارستانیەتی وەک هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئازادیی کورد دەبینی. ئەمەش بە شێوەیەکی تەواو کورت و پوختە لە نامیلکەی ئەم دوایییەیدا بە ناوی  کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەربڕیوە. (Ocalan 2017 ). لەم دەقە و ئەوانی تردا سەرچاوەکانی باڵادەستی بەسەر کورد لە ڕێگەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە و ئەوەی بە “مۆدێرنیتە سەرمایەداری” ناوی دەبات، ڕەچاو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی زاڵی دەسەڵاتی پلەبەندیکراو لە هەموو شارستانیەتەکاندا. وەک زۆربەی ئەنارشیستەکان، ئۆجەلان دەسەڵات وەک دیاردەیەکی تاڕادەی زۆر تەواو نەرێنی دەیبینێت، کە بە مانای “دەسەڵات بەسەر”(power over)ە و بە دەگمەن بەمانای “دەسەڵات بۆ”(power to) دێت. دەسەڵات زۆرتر فەرمان و زۆرەملێییە، سەرچاوەیەکی تۆقێنەرە کە قۆڕخکراوی ژمارەیەکی کەم لە ستەمکار، خراپەکار، و ئەندامانی دڕندەی کۆمەڵگا، زۆرتر پیاوە سەربازییەکان یان قەشە دووفاقییەکانە، و بەسەر کەسانێکدا کە ئەو کاتە تەنیا قوربانیی ئەم دینامیکییە سەرسەختەن، بەڕەڵا دەکرێن. پێدەچێت دەسەڵات و باڵادەستی لێرەدا هاوواتای ئەوەی ئۆجەلان بێ، و هەروەها ئەنارشیزم بە شێوەی گشتی تر.((Fiala 2018. ئەوەی کە سەبارەت بە دەسەڵات خراپترە ئەوەیە کە بەرەو جۆرێک لە مەیلی سروشتی یان ئاکام‌باوەڕی(teleology) لایەنگری هەیە، بە درێژاییی مێژووی مرۆڤایەتی لە ژمارەیەکی کەمتر لە ژمارەی دەستەکاندا، لانی کەم بە شیوەی ڕێژەیی، لە هەندێک پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا چڕتر دەبێتەوە و کۆ دەبێتەوە. لە شارستانیەتەکانی پێشووەوە، نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەسەڵات دەستی پێ کرد، و دەستی کرد بە چڕبوونەوە لە دەستی پیاوانی زۆر کەم، لە ئەنجامی هاتنی موڵک و ماڵی تایبەت و واقیعی گشتی تری شێوازی ژیانی نیشتەجێبوون، کە بەهۆی سەرهەڵدانی کشتوکاڵی و شارنشینی هاتە ئاراوە، لەگەڵ تەقینەوەی دیمۆگرافی هاوتای خۆی، و کۆتاییهاتنی شێوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی کۆچەری و ڕاوچێتی.

لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن، ئەم مەیلەی شارستانیەتەکان بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە فۆرمی سەرەوە بۆ خوارەوە، پلەبەندی و قۆرخکاری، بەجۆرێک گەیشتە سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە. لە ڕوانگەی ئۆجەلانەوە، “دەبێت دەوڵەت-نەتەوە وەک زۆرینەی فۆڕمی دەسەڵات بیری لێ بکرێتەوە”.(Ocalan 2017  , 12). ئۆجەلان لە بیرکردنەوەی شێوازی سیاسیی تیۆلۆژییدا(ئایینی)، ئەو خاڵە دەخاتە ڕوو کە دەوڵەت-نەتەوەکان زیاتر لە ڕووی تایبەتمەندییەکانی خودای یەکتاپەرستیی ئیبراهیمییەوە بیریان لێ کراوەتەوە، وەک ئەوەی کە هەموو توانا، سەروەری، باڵادەستی و دابینکردنی یاسا و ڕێسای بنەڕەتی و کۆتایی لە دەستی ئەودایە: “دەوڵەت-نەتەوە دەوڵەتێکی ناوەندییە کە سیفەتی نیمچەخودایی هەیە، کە کۆمەڵگەی بەتەواوی چەکداماڵیو دەکات و بەکارهێنانی هێز لە دەستەکانی خۆی قۆرخ دەکات”..(Ocalan2017,14) لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەدا، مەیلی کۆمەڵگا بە ڕێکخستن لە دەور قۆرخکردنی دەسەڵات دەگاتە ئاستی کامڵبوونی خۆی. لە هەندێک کاتدا، سەختە بزانین ئۆجەلان بەوردی مەبەستی لە “قۆرخکاری” چییە، بەڵام پێدەچێت زیاتر چڕبوونەوەی دەسەڵاتی باڵادەستییە لە دەستی ئەژمارێکی زۆر کەم، تا ئەو ڕادەیەی کە دەوڵەت خۆی لە خۆیدا فۆرمێکی فاشیستی یان تۆتالیتار دەبێت، جۆرێک لە زاڵبوون بەسەر هەموو ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا: “مومارەسەی فاشیستی دەسەڵات سروشتی دەوڵەت-نەتەوەیە. فاشیزم پاڵاوتەترین شێوەی دەوڵەت-نەتەوەیە”.(Ocalan 2017, 26). دەوڵەت هیچ شتێک تەندروست بەجێ ناهێڵێت و زاڵ دەبێت بەسەر هەموو کۆمەڵگا: “دەوڵەت-نەتەوە لە فۆڕمی ڕەسەنی خۆیدا ئامانجی قۆرخکردنی هەموو پرۆسەی کۆمەڵایەتییە”.(Ocalan 2017 , 14).

ئۆجەلان بۆ جەختکردن لەسەر لایەنی ڕەگەزیی ئەم قۆرخکارییە، و بۆ خستنەڕووی خاڵێکی مارکسیستی سەبارەت بە هاوتەریبی مێژووییی نێوان سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداری، دەنووسێت کە “سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە، قۆرخکاریی نێرینەی سەپێنەر و چەوسێنەرە”.(Ocalan 2017,15). بۆ ئۆجەلان هەموو ئەو شتانەی کە دەتوانرێت بە کورتی لەبارەی دەوڵەت بگوترێ، ئەوەیە کە دەوڵەت “بە دڵنیایییەوە قەفەزی کۆمەڵگەی سروشتییە”(Ocalan 2017, 14). شتێک کە بە دڵنیایییەوە ناتوانرێت لەبارەی دەوڵەتەوە بگوترێ ئەوەیە کە دەوڵەت دەکرێ یان لەگەڵ خەڵکدا بناسرێتەوە یان تەنانەت بگوترێ کە لە تەنیشت خەڵکدایە: “دەوڵەت-نەتەوە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی نییە بەڵکوو دوژمنی گەلە.”(Ocalan 2017, 15). ئۆجەلان هەروەها ئاماژە دەکات کە لە کاتێکدا “مافی خۆچارەنووسی گەل، مافی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیان لەخۆ دەگرێت”، ناژیرانە دەبێت بۆ گەلێک کە ئەو مافە بەکار بهێنێت، چونکە بەکارهێنانی ئەو مافە بە شێوەیەکی حەتمی لە ڕێگەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیییەوە دەبێتە هۆی باڵادەستیی زیاتر(.(Ocalan 2017 ,30 کەواتە لۆژیکییە کە ئۆجەلان بیروڕای خۆی لەبارەی پێویستی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە کوردی سەربەخۆ وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ڕزگاری کورد بگۆڕێت. تەنها شتێک کە دەوڵەتێک دابینی دەکات تەنها جۆرێکی تر لە هەژموونییە. واتە جۆرێک لە باڵادەستی بگۆڕدرێتەوە بە جۆرێکی تر. کورد و لە ڕاستیدا هەر گەلێک، بۆ ئازادی پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی نەک تەنها فۆڕمی دەوڵەت، بەڵکوو تەواوی بەستێنی کۆمەڵایەتیی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، و مرۆڤ دەتوانێت، سروشتی بنەڕەتی پلەبەندی و بەهێزکراوی نەرێنی خودی شارستانیەت گریمانە بکات. ئۆجەلان حوکمی کۆتاییی خۆی سەبارەت بە ئاسۆی دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە کوردی ئاراستە دەکات:

لێرەوە هیچ مانایەکی نییە کە زنجیرە کۆنەکان بە زنجیرە نوێیەکان بگۆڕدرێت یان تەنانەت ئاستی سەرکوتەکەش بەرز بکرێتەوە. ئەمەیە کە بناغەی دەوڵەت-نەتەوە لە چوارچێوەی مۆدێرنیتی سەرمایەداریدا مانای دەبێت. بەبێ دژایەتی دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، جێگایەک بۆ بۆ ڕزگاری گەلان نامێنێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە کوردی بۆ من بژاردە نییە.( (Ocalan 2017  ,19

ئۆجەلان لەبری دەوڵەت-نەتەوە، پێشنیارێکی جیاوازی هەیە بۆ ئەوەی کورد، و “هەموو گەلانی چەوساوە”، چۆن دەتوانن خۆیان ڕێک بخەن بەبێ ئەوەی بکەونە ناو تەڵەی پلەبەندی و باڵادەستیی دەوڵەتەوە. دوای پێشنیاری بووکچین بۆ ئەوەی ناوی دەنێت “شارەوانی ئازادیخواز”، ئۆجەلان “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” پێشنیار دەدات. به‌گوێره‌ی ئه‌و، دیموکراسی لە فۆرمەکانی ڕاستەقینەتر و ڕاستەوخۆتردا دژایەتیی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە دەکات کە “دەوڵەتەکان تەنها بەڕێوە دەبەن، لە کاتێکدا دیموکراسییەکان حوکمڕانی دەکەن”.(Ocalan 2017  , 21). لە لایەک دژایەتیکردنی کارگێڕیبە حکوومەت ڕەنگە شتێکی سەیر و سەمەرە دەرکەوێت، بەڵام وا دیارە هەموو مەبەستی ئۆجەلان لەم دژایەتییە ئەوەیە کە دەوڵەتەکان بە شێوەیەک زیاتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە و پلەبەندی ڕێک خراون، لە کاتێکدا دیموکراسییەکان بە شێوەیەک زیاتر لە خوارەوە بۆ سەرەوە و یەکسانیخوازانە ڕێک خراون. کۆنفیدڕاڵیزمی دیمۆکراتیک فۆرمێکی تەواو یەکسانیخوازانەی خۆبەڕێوەبەری جەماوەری لەخۆ دەگرێت کە هەرگیز ڕێگە نادرێت دەسەڵات لەلایەن هیچ تاکێک یان گرووپێکەوە قۆرخ بکرێت و تەکنیکەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی هەڕەشەی هەمیشەییی پلەبەندییە سەرهەڵداوەکان دوور بخرێتەوە. ئەم تەکنیکانە لە فۆرمەکانی چاوەڕوانکراوی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی پێک دێن کە لەو ساتەوەختە دەگمەنانەی مێژوودا دەبینرێن کە دیموکراسی ڕاستەوخۆ وەک ئاتێنی کۆن گەشەی کردووە. ئۆجەلان دەنووسێت، “بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ناوەندگەرایی، هێڵکاری و بیرۆکراتی دەوڵەت-نەتەوە لە بەڕێوەبردن و مومارەسەی دەسەڵات، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک جۆرێک لە پێکهاتنی سیاسی دەخاتە ڕوو کە کۆمەڵگا خۆی بەڕێوە دەبات و هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و شوناسە کولتوورییەکان دەتوانن لە کۆبوونەوە ناوخۆییەکان، کۆنفرانسە گشتییەکان، و ئەنجومەنەکان خۆیان دەرببڕن “.(Ocalan 2017  , 24).

تا ئەو جێگایە کە پیشنیارێکی ئەرێنییە بۆ داڕشتنی سیاسەت و کۆمەڵگا، سەختە بزانین ئایا کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک وەک فۆرمێکی حوکمڕانی ئەنارشیستی دروست، و بەم پێیەش وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ئەنارشیستی هەژمار دەکرێت یان نا؟ بەڕوونی ئەنارشیستێک سیستەمێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕاستەوخۆ و یەکسانیخوازیی توند و پەرشوبڵاوی تەواوی دەسەڵات دامەزراوە، زۆر بە باشتر دەزانێت لە فۆرمەکانی دیکەی نەزمی سیاسی کە زۆرتر ستاتیستین(دەوڵەتگەرانەیە). بەڵام پێویستە لەم خاڵەدا ئەبستراکت بکەین بۆ ئەوەی بزانین کە ئەنارشیستێک چ شتێک وەک باڵادەستی و بەم پێیەش ناباڵادەستی ئەژمار دەکات. پێویستە ئەوە بکەین بۆ ئەوەی ئەنارشیزم لەگەڵ ڕوانستێکی‌تر لە ئازادی وەک ناباڵادەستی، واتە کۆماریخوازی و پەیوەندییە پێچەوانەکەی لەگەڵ چەمکی دەوڵەتدا هەڵسەنگێنین. ئەمەش گرنگە چونکە لێرەدا ئامانج ئەوەیە هەوڵ بدرێت دیاری بکەین کە کام تێڕوانین بۆ ئازادی وەک ناهەژموونی، ئەنارشیزم، یان کۆماریخوازی، لە ڕاستیدا ڕەنگە مەرجی ئەگەری ئازادی بۆ کوردەکان دابین بکات کە ئەوان چالاکانە بە دوایدا دەگەڕێن. کەواتە بۆ ئەنارشیزم، ئازادی چییە؟ جێگای سەرسوڕمانە کە کاتێک مرۆڤ قووڵتر سەیری مێژووی ئەنارشیزم دەکات، بە تایبەت لە ڕێگەی کەسایەتییەکانی پێشووی وەک پرۆدۆن و تەنانەت باکونین، بەڵگەی ڕەگ و ڕیشەی ئەنارشیزم لە کۆماریخوازیدا دەدۆزرێتەوە.(Kinna and Pritchard 2019; Pritchard 2019). بەڵام بنەمای ئەم پەیوەندییە زیاتر لەوەی لە ئەنارشیزمەوە ببایەت لە گەشەسەندنی کۆماریخوازییەوە بوو. جیاوازیی سەرەکیی نێوان کۆماریخوازی و ئەنارشیزم لە چۆنیەتیی دەستنیشانکردن و تێگەیشتنیان لە باڵادەستی(هەژموونی) نەبوو، بەڵکوو لە چۆنیەتیی هیوای بەدەستهێنانی ناهەژموونییەوە دەبینرێت.

وەک ئەوەی لە ئۆجەلان بینیمان، ئەنارشیستەکان هەر جۆرە نایەکسانییەک لە دابەشکردنی دەسەڵات یان سەرچاوەکاندا وەک ڕوخساری باڵادەستی سەیر دەکەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلەی چڕییەکەی. لە هەندێک کاتدا وا دیارە بۆ ئەنارشیستەکان تاوانباری ڕاستەقینەی ئەو نایەکسانییە کە دەبێتە هۆی پێکهێنانی باڵادەستی، خودی پلەبەندییە.(Davis 2014, 219; Williams 2012, 10). پلەبەندییەکان لە ڕێگەی نایەکسانییەکانەوە دروست دەبن کە وەک نەخشەی چەسپاو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، باڵادەستی پێک دەهێنن. و دیسانەوە، پلەبەندی بریتییە لە هەر سیستەمێکی فەرماندان و گوێڕایەڵی، هەر پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای ناهاوسەنگیی دەسەڵات دامەزراوە، کە تەنها لە ڕێگەی ئەو نایەکسانیانەی کە باڵادەستی پێک دەهێنن، دەتوانێت کار بکات. لە بنەڕەتدا جێگیربوون لە پلەبەندیدا بە واتای بندەستبوونە. دەسەڵات بەسەر کەسێکدا بەکار بهێنرێت بەبێ ئەوەی پەنا بۆ بەرژەوەندی ببات، ئەوە بابەتی باڵادەستییە. وەک پرۆدۆنی بەناوبانگ ئاماژەی پێ کردووە، لە بنەڕەتدا لەژێر حوکمڕانی جێگیربوون بە واتای بندەستبوونە.(Proudhon 1969, 294). تا ئێستا واپێدەچێت کە ئەم شرۆڤە لە باڵادەستیکە لە سەرەوە پەرەی پێدرا، جێگای ڕوونکردنەوەیە، بەڵام ئێستا بۆ هەر پەیوەندیی نایەکسانێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی پلەی توندی بەکار دێت. هەموو جۆری جیاواز لە باڵادەستیی کۆمەڵایەتییەکان (ئابووری، یاسایی، ڕەگەزی، منداڵی، سیاسی و هتد)، هەموویان پلەبەندیی جیاوازیی زۆرن کە لەسەر بنەمای نایەکسانی لە دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکاندا دامەزراون.

ئەوەی لە ئەنارشیزمدا جیاوازە ئەوەیە کە چۆن لەو ئازادییە تێدەگات کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی باڵادەستییە. هەروەک چۆن پێدەچێت ئەنارشیستەکان زیاتر چەمکێکی نەرێنییان بۆ دەسەڵات هەبێت، پێدەچێت ئەوانیش زیاتر چەمکێکی نەرێنییان هەبێت بۆ ئازادی. ئازادی، بۆ ئارشیستێک، زیاتر بە واتای ئازادی لە باڵادەستی دێت، نەک ئەوەندە ئازادی بۆ بەدیهێنانی سروشتی سیاسیی مرۆڤ. (Pritchard 2019, 78) پێدەچێت ئەنارشیستەکان گومانیان هەبێت لە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە بەزۆری وەک چالاکیی شارستانی پێناسە دەکرێت. هەڵبەت ئەنارشیزم ئەوەندە وەک بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیکی یەکگرتوو نییە کە بتوانێت ڕوانگەی ئازادیی هەموو تاکە ئەنارشیستەکان لەخۆ بگرێت، بەڵام مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە لای زۆربەی ئەنارشیستەکان ئازادی ئازادبوونە لە باڵادەستی، واتە ئازادییە لە نایەکسانی و پلەبەندی و بەم جۆرە لە کۆتاییدا ئازادی لە دەسەڵاتی سیاسی، لە مرۆڤەکان کە بە هەر مانایەک فەرمان بە مرۆڤەکانی دیکە دەکەن. دەتوانرێت بڵێین، ئەم تێڕوانینە نەرێنییە بۆ ئازادی، ئەنارشیستەکان بەرەو زۆرتر تاکگەرایی و ئاراستەی ئازادیخوازانە دەبات.

لە لایەکی دیکەوە ئەمە بۆ ئەوە نییە نکۆڵی ئەوە بکەین کە هەندێک ئەنارشیست بەڕاستی چەمکێکی ئەرێنیتر و بەکۆمەڵتر لە ئازادی ئاڕاستە دەکەن. بۆ نموونە جۆن پی. کلارک(٢٠١٣)، ئانارشیزمێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای چەمکی هێگل بۆ ئازادی وەک دانپێدانانی دووسەرە و چارەنووسی دوولاسەرە، پێشکەش دەکات. کلارک “چەمکێک لە ئازادی پیشنیار دەکات لەسەر بنەمای تاکێتیی کۆمەڵایەتی، خۆبەدیهێنانی کۆمەڵایەتی(social self-realization)، خۆچارەنووسین، دەزگای بەهێز و دانپێدانان”(Clark 2013, 61). و ئەم مەبەستە بەبێ دەستبەرداربوون لە چەمکی نەرێنیی ناباڵادەستی وەک ئازادی لە دەستێوەردانەکانی ڕاستەقینە و سەرەڕۆیانە کە لە هەموو جۆرەکانی پلەبەندی و نایەکسانی و دەسەڵاتەوە دێن، بەدەست دێت. بۆچوونی کلارک وەک جۆرێک لە ئازادی دادەنرێت کە دەبێت مرۆڤەکان شتەکان بەیەکەوە ئەنجام بدەن، بڕیار بدەن، دەرککردن بە ڕاسەرییەکان، داخستنی هەندێک بژاردە، بەرگەگرتن لە ئاڵوگۆڕکردنەکان، پەرەپێدانی خوو و دابونەریت، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانیان و هتد، هەموو ئەو شتگەلە کە هەندێک ئەنارشیستی دیکە بە ڕواڵەت کێشەساز دەیبینن. پرسیاری قووڵتر کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی ئەنارشیستەکان دەبێتەوە ئەوەیە، ئایا دەکرێت لایەنی ئەرێنی ناباڵادەستی ئەنارشیستی بەدی بهێنرێت و بپارێزرێت بەبێ ئەوەی هەر جۆرە ئازادییەکی نەرێنی لەدەست بدرێت کە لەڕێگەی سەرکەوتن بەسەر پلەبەندی و نایەکسانییەکانەوە و لە ئاکامی نەهێشتنی دەسەڵاتی سیاسی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە مرۆیییەکان بەدەست هاتووە؟ ئەم پرسیارە شێوەی ئامانجگرتنە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە تا چەند دەتوانرێت ناباڵادەستیی ئەنارشیستی بە دامەزراوەیی بکرێت، یاسایی بکرێت، کۆدیزاسیون بکرێت و بەم شێوەیە لە یاسادا بپارێزرێت. بۆ ئەنارشیستێکی وەک ئوری گۆردۆن(Uri Gordon)، ناباڵادەستیی ئەنارشیستی بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەبێ لەدەستدان، دامەزراوەیی بکرێت. بۆ ئەو ناکرێت ئانارشی بە دامەزراوەیی بکرێت، ئازادی یاسامەند بکرێت، بەبێ ئەوەی لەدەستی بدات(گۆردۆن ٢٠٠٨، ٤٧-٧٨). وەک پریتچارد بە جوانی باسی دەکات، “گۆردۆن دامەزراوەییکردن بە پەسەندکردنی یاساکانی پابەندکەر و فەرمی پێناسە دەکات، کە تا ئەو جێگایەی کە پابەندکەرن، وایان لێ دەکات کە نائانارشیست بن و ئەگەر پابەندکەر نەبن، ئەوا دامەزراوەیی نابن”. (Pritchard 2019, 82).

لە کۆتاییدا، ڕەنگە مرۆڤ پرسیار بکات، ئەگەر گۆردۆن سەبارەت بە ئازادیی ئەنارشیستی ڕاست دەکات، تا چ ڕادەیەک ڕوانستەکی سیاسی لە ئازادی لە ڕاستیدا دەگاتە ئەوەی لەبەرچاو بگیرێت کە هەر چەمکێکی ناسراوی سیاسی کە لانی کەم بڕیارگەلی پابەندکەری بەکۆمەڵ لەخۆ نەگرێت، سەختە بیخەینە بەرچاو. ئەگەر ئازادیی ئەنارشیستی چەمکێکی سیاسی دروست نەبێت، ئەوا بە پێناسە، ئەو ڕزگاربوونە لە باڵادەستییە کە کورد بەدوایدا دەگەڕێت، دابین ناکات تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوەی کورد لێی ڕەنج دەبات، وەک بینیمان، بە ئاشکرا هەژموونی سیاسییە، هەژموونییەک کە نکۆڵی لە هەبوونیی وەک گەلێکی سەربەخۆ دەکات. هەرچۆنێک بێت، لە بەشی کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەمە، ڕەنگە ڕێگەیەک هەبێت بۆ پاراستنی ناباڵادەستی ئەنارشیستی و لە هەمان کاتدا ڕێگە بە فۆرمێکی بەرچاوی بەدامەزراوەییکردنی بدرێت و لە کارەکانی کلارکدا لە فۆرمێکی زۆر گەشەنەکراودا دەبینرێت. هەروەها ئەم پێشنیازە هاوبەشی زۆری لەگەڵ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ئۆجەلان خۆیدا هەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە تێڕوانینی ئەو، وەک ئێمە ئیدیعای دەکەین، لە ئێستاوە زیاتر باسێکی ئەرێنی لە ئازادییە تا لە کەسێکی وەک گۆردۆن. بە لەبەر چاوگرتنی کلارک، و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو یەکێک لە ئەرێنیترین بۆچوونەکانی هەیە بۆ ناباڵادەستیی ئەنارشیستی کە لەبەردەستدایە. بۆ ئێستا با بزانین لەبارەی بۆچوونی کۆماریخوازەکان لە ناباڵادەستی چییە کە وای لێ دەکات ئەوەندە جیاواز بێت لە ئەنارشیستی، چونکە بۆ ئەوەی ئێمە چەمکێکی ئەرێنی لە ئازادی ئەنارشیستی ڕزگار بکەین دەبێت لەگەڵ چەمکێکی دیکەدا تێکەڵ بکرێت، کە چەمکی سیاسیی زۆر ڕوونتر بۆ ئازادی وەک ناباڵادەستییە، کە ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە دەیدۆزینەوە لە نەریتی کۆمارییەکان.

ئازادیی کۆمارییەکان[1]

 پێدەچێت کۆمارییەکان ئەنارشیست بە خاوەن نزیکەی چوار هەڵە ببینن: یەکەم، ئەنارشیست پێویستی مێژوویی و سیاسیی دەوڵەت لەبەر چاو ناگرێت؛ دووەم: ئەنارشیست ئەرکی دەوڵەت وەک ڕێگای سەرەکیی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ڕەت دەکاتەوە؛ سێیەم: ئەنارشیست یەک بۆچوون لە دەوڵەت لەگەڵ چەمکی خودی دەوڵەت تێکەڵ دەکات؛ و چوارەم: ئەنارشیست گرنگی پێگە و دانپێدانان لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا پشتگوێ دەخات. بۆ دەستپێکردن لە خاڵی یەکەمەوە، کۆمارییەکان دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی سروشتی یان حەتمی دەبینن کە لە ڕێگەی کارتێکەری دوولایەنەی مەیلی مرۆڤایەتی و تەکوزی کۆمەڵایەتییەوە سەرهەڵدەدات کە لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەکانی شارستانیەت کە لە سەرەوە باسمان کرد (نیشتەجێبوونی، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کشتوکاڵ، شارنشینی، خوێندەواری و هتد)، پێکدێت. بۆ کۆماریخوازێکی پێشەنگی وەک فیلیپ پێتیت(Philip Pettit)، دەوڵەت پارچەیەکە لە “پێویستی مێژوویی و سیاسی”. [ئەوە] وەک ئەوە وایە کە ناچار بیت لە هەبوونی هێزی کێشی زەویدا بژیت، کە بەرهەمی تەکوزی جیهانی ئێستایە، نەک دەرئەنجامی هەبوونی زاڵ لە ژیانتدا((Pettit 2012, 162 پێتیت مەبەستی لە “پێویستی مێژوویی” جەختکردنەوە لەسەر ئەو هێزە ئینسێریالییەیە(the inertial force) کە مێژوو لەسەر ئێستای سیاسی و داهاتوویەکی نزیک هەیەتی. بە درێژاییی ئەو هەزاران ساڵەدا کە بووە هۆی شارستانیەت و سەدان ساڵە و پێدەچێت سەدان ساڵی دیکە (ئەگەر هەزاران نەبێت) کە لە هاتنی دەوڵەت-نەتەوە بەدوای خۆیدا هێناوە، دەوڵەت چەسپاوە بە تاکە فۆڕمی قبوڵکراوی تەکوزی سیاسی(political order). هیچ تاک یان گرووپێکی ناتوانێت بە مەبەست لەم بارەیەوە لە ئێستادا یان داهاتوویەکی نزیکدا بیکات. گۆڕانی مێژوویی وەک گۆڕانی پەرەسەندن، دیمۆگرافی، یان کەشوهەوا وایە: شتێک کە بەزۆری زۆر بە هێواشی و بە درێژاییی ئەو کاتانەی ڕوو دەدات کە مرۆڤەکان توانای کەمیان هەیە کە بەپێی پلاندانان یان بە مەبەست بیگۆڕن. بۆ پێتیت، لە ئێستادا و بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو، “زەوی هەسارەیەکی پەیوەست بە دەوڵەتە”.(Pettit 2012, 161)[2]

بە لەبەرچاوگرتنی خاڵی دووەم، کۆمارییەکان نەک هەر دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی پێویستیی مێژوویی و سیاسی دایدەنێن، بەڵکوو بە مەرجەکانی خۆیان وەک دامەزراوەیەکی خوازراویان دەزانن. ئەوان دەوڵەتەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی سەیر دەکەن کە گەلێک دەتوانێت لە پلەی یەکەمدا بەسەر باڵادەستی خۆیاندا زاڵ بێت. ئەمە تا ڕادەیەکە کە هەر جۆرە زاڵبوونێک بەسەر هەژموونی تاکەکەسیدا تەنیا لە چوارچێوەی زاڵبوون بەسەر هەژموونی بەکۆمەڵدا دەتوانرێ ڕوو بدات. بە واتایەکی تر، بۆ ئەوەی تاکێک ئازاد بێت، سەرەتا دەبێ گەلێک ئازاد بێت. سکینەر بنەمای مێژوویی و چەمکی ئەم ئیدیعایەی بە تایبەتی لە سەرهەڵدانەوەی کۆماریخوازی لە ڕێگەی ڕێنێسانسی ئیتالیا و سەرەتای کانتێکستی شۆڕشگێڕی مۆدێرن و بەریتانی و ئەمریکی و فەرەنسییەوە، نیشان داوە. سکینەر باس لە “دوو دروشمی” ڕوانستی سیاسی کۆماری دەکات (Skinner 2010). دووەمین دروشم لەم دوو دروشمەیە کە لە ڕاسەری میتافیزیکی بەهرەمەندە. لە کاتێکدا دروشمی یەکەم دەڵێت “دەکرێت ئازادانە هەڵسوکەوت بکەیت ئەگەر و تەنها ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد بیت”، ئەوە دروشمی دووەمیانە کە مرۆڤێکی ئازادبوون، و بەم شێوەیە بە ئازادی مامەڵەکردن مسۆگەر دەکات، لەبەر ئەوەی تەنها کەسانی ئازاد دەتوانن بە ئازادی هەڵسوکەوت بکەن. ئەم دروشمە دەڵێت “دەکرێت وەک مرۆڤێکی ئازاد بژیت و مامەڵە بکەیت ئەگەر و تەنها ئەگەر لە دەوڵەتێکی ئازاددا بژیت”.((Skinner 2010,99. کەواتە ئازادی وەک ناباڵادەستی تەنیا لە ڕێگەی دەوڵەتێکی ئازادەوە بەدەست دێت. بۆیە ئینکاری ئەمە، وەک ئەوەی ئەنارشیست نیشانی دەدات، نکۆڵیکردنە لە ڕێگەی سەرەکی و لە ڕاستیدا تەنیا ڕێگە، کە گەلێک بتوانێت ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت. سکینەر بە جوانی کورتەیەک دەخاتە ڕوو کە چۆن ئازادیی سیاسی ڕۆڵی گەلێک بەپێی ویستی خۆی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، و بەستراو بە ئیرادەی سەرەڕۆیانە یان سنووردارکەری کەس یان کەسانی دیکەوە نییە. ئەو ئەم خاڵە بە دامەزراندنی ئازادیی سیاسی، ناهەژموونی کۆماریخوازانە، وەک سەربەخۆییی بەکۆمەڵ یان خۆچارەنووس و هەم وەک خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک دەخاتە ڕوو.

و پەیوەندیی پێویست لەنێوان ئازادیی سیاسیی دەرەکی و ناوخۆیی گەلێک بەم شێوەیە باس دەکات:

هەروەک چۆن جەستەی تاکەکەسی مرۆڤەکان ئازادە…ئەگەر و تەنها ئەگەر بتوانن بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن یان نەیکەن، بە هەمان شێوە جەستەی گەلان و دەوڵەتەکانیش ئازادن ئەگەر و تەنها ئەگەر بە هەمان شێوە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتیان بەپێی ویستی خۆیان لە بەدواداچوون بۆ خوازراوەکانیان سنووردار نەبن. بەم پێیە دەوڵەتە ئازادەکان وەک کەسانی ئازاد بە توانای خۆیان بۆ خۆبەڕێوەبەری پێناسە دەکرێن. دەوڵەتی ئازاد کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا کردارەکانی جەستەی سیاسی بە ئیرادەی هەموو ئەندامەکان دیاری دەکرێن. (Skinner 1998, 25–26).

لە ئێستادا، ڕەنگە بەسوود بێت هەنگاوێک بچینە دواوە و بپرسین کە لە ڕاستیدا ئەنارشیستەکان و کۆماریخوازەکان لەبارەی چییەوە سەبارەت بە دەوڵەت ناکۆکن، چونکە زەحمەتە باوەڕ بکرێت ئەنارشیست کێشەیەکی زۆری لەگەڵ بیرۆکەی سەربەخۆییی بەکۆمەڵ خۆی لەخۆیدا هەبێت. ئەمە ئێمە دەگەیەنێتە هەڵەی سێیەم کە کۆمارییەکان لە ئەنارشیستەکان دەیبینن. پێدەچێت ئەنارشیست چەمکێکی(بۆچوونێکی) دیاریکراوی دەوڵەت بە هەڵە بە چەمکی خودی دەوڵەت بزانێت. چەمکەکان، بۆچوونەکانیان و هەموویان دەکرێن جیا بکرێنەوە.(Ezcurdia 1998).لە کاتێکدا دەکرێت چەمکی دەوڵەت بە زاراوەیەکی نزیکەی وێبێری بەم شێوەیە تێبگەین کە “ئەو کۆمەڵگە مرۆیییەی کە (بە سەرکەوتوویی) ئیدیعای قۆرخکاری توندوتیژیی جەستەیی ڕەوا لە ناو خاکێکی دیاریکراودا دەکات”(Weber 2000, 310– 311)، کە چەمکێکە بۆ دەوڵەت لە جۆرە هەبوونێک کە دەوڵەتێک دەتوانێت هەبێت. بێگومان لە ڕاستیدا دەوڵەتە هەبووەکان پێویستیان بە نموونەسازیی تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی چەمکی دەوڵەت هەیە بۆ ئەوەی وەک دەوڵەت هەژمار بکرێن، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا لە چ بارودۆخێکن(چیین)، دەتوانن بەپێی بۆچوونەکانیان جیاواز بن. لێرەدا کارەکانی سکینەر جارێکی تر دەبنە یارمەتیدەر. (Skinner 2009لای سکینەر، بیری سیاسیی مۆدێرن لە زۆر ڕووەوە مێژووی چەمکە جۆراوجۆرەکانە لەو جۆرە قەوارە کە بڕیارە دەوڵەت بێت. سکینەر چەمکەکانی دەوڵەت لە ڕووی سێ قەوارەی بنەڕەتی جیا دەکاتەوە کە زۆرجار دەوڵەتەکان بەوانە ناسێنراون. دەوڵەت وەک سەری جەستەی گەلێک، جەستەی خودی گەل (بەبێ ئاماژەدان بە سەر) پێناسە دەکرێت و لەگەڵ ئەو کەسە خەیاڵییە، گەل لە ڕێگەی نوێنەرایەتیکردنی کەسی دەستکردی دەگاتە سەروەری. سکینەر مانای ئەو دەوڵەتەی کە وەک سەری جەستەیگەل دەیناسێنێت، بە “ڕوانستی ڕەهاگەرایی”(absolutist theory) ناو دەبات (Skinner 2009,329). ئەگەر دەوڵەت هیچ نەبێت جگە لە پێگەی تاکەکەسی یان پێگەی کەس یان کەسانی سروشتی کە خاوەنی ئەو قۆرخکارییەن کە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی چەمکی دەوڵەت وەک نموونە دەخەنە ڕوو، ئەوا دەوڵەت خۆی هاویەکسانە لەگەڵ سەری(سەرۆکی) جەستەی گەل و خەڵک خۆیان تەنیا ڕەعیەتێکن و دەکرێت بە دروستی بڵێین کە لەژێر ڕکێفدان، تا ئەو ڕادەیەی کە بە هیچ شێوەیەک بوونیان نییە جگە لەوەی بەستراو بە ئیرادەی سەرەڕۆیانەی ئەم “سەرۆکی دەوڵەتەن”. ئەم چەمکە بۆ دەوڵەت هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ئەنارشیست سەبارەت بە دەوڵەتڕقی لێیەتی. دەوڵەت دەکاتە بوونێکی فەرماندەیی پلەبەندی لە سەرەوە بۆ خوارەوە و نایەکسانییەکی گەورە.کێشەکە لەوەدایە کە ئەنارشیست ئەم بۆچوونە بۆ دەوڵەت لەگەڵ چەمکی خودی دەوڵەت تێکەڵ دەکات.

لە بەرامبەردا سکینەر ئەو چەمکەی دەوڵەت کە لەگەڵ جەستەی خەڵکدا دەیناسێنێتەوە بە “چەمکێکی پۆپۆلیستی” ناو دەبات (سکینەر ٢٠٠٩، ٣٣٢). هەر ئەم بۆچوونە پۆپۆلیستییە کە چەمکی کۆماریخوازانە لە دەوڵەتی ئازادە، دەوڵەت وەک ناباڵادەستی سەربەخۆ لە گەلێکی خۆچارەنووس و خۆبەڕێوەبەردا. ئەوەی جێگای سەرنجە زۆرترین بەکارهێنانی باوی وشەی “دەوڵەت” لە سەرەتای سەردەمی مۆدێرن، تەنیا بەم دەستەواژەی، “دەوڵەتی ئازاد” دەناسییەوە. دەوڵەت بوون، لە بنەڕەتدا، دەوڵەتێکی ئازاد بوو، یەک کۆمار بوو. لێرەدا لەلایەن کۆماریخوازانەوە مەبەست جیاکردنەوەی دەوڵەتەکان بوو لە پاشایەتییەکان، کە لە کۆتاییدا پێیان وابوو نابێت وەک  res publica، واتە وەک شتە گشتیەکان، بەڵکوو وەک شتە تایبەتەکان، تەنها موڵکایەتی یان حوکمڕانی سەرۆکی دەوڵەت لە چەمکی ڕەهاگەریدا سەیر بکرێن((Skinner 2009, 337–340. لێرەدا ئەنارشیست و کۆماریخوازەکان زۆر لەسەر ئەوە کۆکن کە چەمکی ڕەهاگەرایی ڕەگ و ڕیشەی لە هاوژیانی(symbiosis) خاوەندارێتیی تایبەت و دەسەڵاتی سیاسیی لەڕادەبەدەر چڕ بووەتەوە. ڕوانستی پۆپۆلیستی دەوڵەت بیری لەوە دەکردەوە کە دەوڵەت بەو جۆرە هەبوونی هەبێت کە بڕیار بوو دەوڵەت لە چالاکییەکانیاندا تەنها خەڵک خۆیان بن، وەک یەکێتییەکی خۆچارەنووس و خۆبەڕێوەبەر. ئازادی، لەم بەستێنەدا، جگە لەم دەسەڵاتە سەروەرە جەماوەرییەی گەل بۆ دیاریکردن و بەڕێوەبردنی خۆیان لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەکانی هەڵبژاردراوی خۆیان، بەبێ دەستوەردانی سەرەڕۆیانەی گەلان یان دەوڵەتانی دیکە، شتی تر نییە. تەنیا بەم شێوەیە گەلێک دەتوانێت بوونی هەبێت و ئازاد بێت لەو هەژموونەی کە گەلێکی دیکە بەسەریدا سەپاندوویەتی. هەروەها تاکە ئامراز بوو بۆ ئەوەی لە ترازانی ناوخۆیی بەرەو ڕەهاگەرایی دوور بکەویتەوە بە بەردەوامبوونی تا ئەو جێگایەی کە بە شێوەیەکی دیموکراسییانە ئامرازێک بێت بۆ سازکردنی بڕیارە پابەندکەرەکانی بەکۆمەڵی ناوخۆیی. دیارە لەڕووی مێژوویییەوە، ئەم ئامرازانە چەندە دیموکراسییانە گۆڕانکارییەکی زۆریان بەسەردا هاتووە. مەبەست ئەوەیە کە تەنیا لە ڕێگەی ئەم چەمکە پۆپۆلیستییەی دەوڵەتەوە بوو کە ئەم پرۆسەی دیموکراتیزەکردنە لە پلەی یەکەمدا دەکرا ڕوو بدات. وەک واتایەک لە دەوڵەت، چەمکی پۆپۆلیستی دان بەوەدا دەنێت کە دەوڵەت دەبێت قۆرخکردنی دەسەڵاتی بڕیاردانی بەکۆمەڵ بەسەر هەندێک کەسدا لە خاکێکی دیاریکراودا لەبەر بگرێت و دواجار بڕیار لەبارەی توندوتیژی و ئەوەی چ کەس دەتوانێت  بەکاری بهێنێت، بدات، بەڵام ئەم قۆرخکارییە وا نییە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادیی سیاسی سەیر بکرێت چونکە تەنیا لەم چەمکەدایە کە خەڵک خۆیان ئەم قۆرخکارییەیان بەدەستەوەیە. بەم شێوەیە چڕبوونەوەی دەسەڵاتێکی لەو شێوەیە ئەوەندە پەرش و بڵاوە کە گەلێک نەچێتە ناو ئەوەی کە تەنیا ڕەعیەت، موڵکی تایبەت، پاشایەک یان ئۆلیگارشێک بێت.

پێدەچێت ئەنارشیستەکان نەکەونە ژێر کاریگەریی زۆربەی شیکارییە ڕەچەڵەکناسانەی سکینەر لەبارەی دەوڵەتەوە. بۆ ئەنارشیست، چەمکی دەوڵەت لە بنەڕەتدا ڕەهاگەرایییە و بەم جۆرە، چەمکە پۆپۆلیستی و خەیاڵییەکان ئەم خاڵە بنەڕەتییە بەشاراوەیی دەهێڵێتەوە. ئەنارشیست لە بنەڕەتدا دەوڵەت بێتوانا دەزانێت لەوەی کە جگە لە ئامرازێکی هەژموونی ڕەهاگەرا هیچ شتێکی تر بێت. لە وەڵامدا ڕەنگە کۆماریخواز ئیدیعا بکات کە ئەنارشیست لێرەدا تا ڕادەیەک سەری لێ شێواوە وەک چۆن ئەو چەمکی ڕەهاگەراییی دەوڵەت بە هەڵە بە چەمکی خودی دەوڵەت دادەنێت. کۆماریخوازەکان پێیان وایە ئەنارشیست چەمکی دەوڵەت، تەنها لەگەڵ چەمکی کتوپڕی مێژوویی لە دەوڵەت، واتە ڕەهاگەرێتی تێکەڵ دەکات. بۆ کۆماریخوازەکان، چەمکی دەوڵەت ڕێگە بە چەمکێکی جەماوەری دەدات کە دەوڵەت وەک ئامرازێک بۆ باڵادەستی بەجێ ناهێڵێت، بەڵکوو وەک ئامرازی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ڕزگاری سیاسی و بەم شێوەیە بەهرەمەندبوون لە ئازادی وەک ناباڵادەستی لەنێو گەلدا دەبینێت، تا خەڵکانێک کە خوازیارن بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان بەڕێوە ببەن. پێناچێت ئەنارشیست وابیر بکاتەوە کە چەمکی پۆپۆلیستی دەوڵەت یان یەکگرتووە یان شیاوە یان خوازراوە. ئەنارشیست دەڵێت نەک هەر هەموو دەوڵەتە هەبووە ڕاستەقینەکان نموونەی چەمکی ڕەهاگەرایین، خاڵێک کە کۆماریخوازەکان دەتوانن بە ئاسانی لەگەڵیدا ڕازی بن ئەگەر هێور بکرێتەوە و بەستێن سازی بۆ بکرێت، بەڵکوو هەر لەبەر ئەم ڕاستییەیە کە هەر دەوڵەتێکی ڕاستەقینە دەبێت نموونەی تایبەتمەندی سەرەکیی چەمکی دەوڵەت وەک نموونە نیشان بدات، وەک لەئەستۆگرتنی قۆرخکاری دەسەڵات کە بەو هۆیەوە شتێکی قووڵی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سروشتی دەوڵەت وەک خۆی هەیە. بۆ ئەنارشیست، خاوەن قۆرخکاری دەسەڵات بە هەر شێوەیەک، لە هەر شوێنێک، لە هەر کاتێکدا نیشانەی باڵادەستییە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەک بینیمان، پێدەچێت ئەنارشیست دەسەڵات و زۆرەملێبوونی بەکۆمەڵ خۆی لە خۆیدا جێگای ناڕەزایەتی بزانێت. کەواتە هەر دەوڵەتێک کە لە ڕاستیدا هەبێت، چونکە دەبێت نموونەی چەمکی دەوڵەت بێت، بە پێویستی دەزانێت هەژموونی لەخۆ بگرێت چونکە بە پێویستی دەزانێت قۆرخکاری لەخۆ بگرێت و قۆرخکاریش لە بنەڕەتدا جێگەی ناڕەزاییە چونکە بە پێویستی دەزانێت فەرماندان و گوێڕایەڵی و نایەکسانی و پلەبەندی و دەسەڵاتی سیاسی لەخۆ بگرێت. و هەموو ئەم تایبەتمەندییانە نیشانەی باڵادەستین. لە کۆتاییدا، بۆ ئەنارشیست، بەڕاستی هیچ جیاوازییەک لەنێوان چەمکی دەوڵەت و چەمکی ڕەهاگەراییی دەوڵەت و هەموو دەوڵەتە ڕاستەقینەکانی ئێستا نییە.

کۆماریخواز لەم قۆناغەدا ڕەنگە وەڵامی ئەوە بداتەوە کە خوێندنەوەیەکی لەو شێوەیە زێدەڕەوی و یەکلایەنەیە، و لە بەرامبەر مێژووی چەمکیدا دەبەنگە و دیسانەوە دەوڵەتبوون لەگەڵ چەمکی ڕەهاگەراییدا تێکەڵ دەکات. “قۆرخکاری” و “پاوانخوازی” لە بنەڕەتدا هیچ کامیان نە کێشەسازن و نە نموونەی باڵادەستین، ئەگەر خەڵک خۆیان بن کە ئەو قۆرخکارییەیان بەدەستەوە بێت. دەسەڵات زاڵ نابێت ئەگەر بە دروستی جەماوەری بێت. بۆچوونی پۆپۆلیستی لە دەوڵەت ڕێگە بە دەوڵەتە هەبووەکان دەدات کە لە ڕاستیدا تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی چەمکی دەوڵەت بخەنە ڕوو، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی باڵادەستی بن، بەڵکوو وەک سەرچاوە و شوێنی ڕزگاریی خەڵک بێت تا ئەو ڕادەیەی کە بەدەستهێنانی دەوڵەتداری و دەوڵەتبوون ڕێگە بە گەلێک دەدات سەربەخۆ لە ئیرادەی سەرەڕۆیانەی گەلێکی تر بژییەن. کۆماریخوازەکان هیچ کێشەیەکیان نییە لەوەی کە دان بەوەدا بنێن کە زۆربەی دەوڵەتە هەبووەکانی ڕاستەقینە، لە ڕابردوو و ئێستادا، زۆرتر لە چەمکە ڕەهاگەرایییەکان (و لەڕووی یاسایییەوە، لە چەمکە خەیاڵییەکان) دەچن تا چەمکە پۆپۆلیستییەکان، بەڵام مەرج نییە ئەوە ئەمڕۆ بۆ دەوڵەتە دیموکراتیکەکان ڕاست بێت (پێوەرەکانی دیموکراسی ٢٠٢٠)، و بە دڵنیایییەوە ئەوە ڕاست نییە کە دەوڵەت بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕووی چەمکییەوە یان ئەزموونییەوە پێویستە بریکاری باڵادەستی(agent of domination) بێت. دیارە ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم دەوڵەتە هاوچەرخ و دیموکراتیانەترە بە تەواوی ئازادن یان بە ڕادەیەکی پێویست ڕاستەوخۆ دیموکراسین، بەڵکوو ئەوە دەگەیەنێت کە دەوڵەتێک چەندە ڕزگارکەرە، لە کۆتاییدا پەیوەستە بە ئیرادەی ئەو کەسانەی کە ئەو دەوڵەتە پێک دەهێنن. ئەوە خودی فۆڕمی دەوڵەت نییە کە زاڵە، وەک ئەنارشیست ئیدیعای دەکات، بەڵکوو جۆری هەبوونێکە کە گەلێک دەیهەوێت دەوڵەتەکەیان بنیات بنێن کە پلەی باڵادەستی یان ناباڵادەستی دیاری دەکات و دابینی دەکات. و لەبەر ئەوەی وەک پێتیت ئیدیعای دەکات، هیچ دەربازبوونێک نییە لە پێویستی مێژوویی و سیاسیی قەوارە سیاسییەکان کە دەبێت دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن بن لە ئێستادا و بۆ داهاتوویەکی نزیک ئەگەر بیانەوێت بوونیان هەبێت یان بەهەر شێوەیەک ئازاد بن، باشترە لە ڕێگەی چەمکێکی پۆپۆلیستییەوە سەیری دەوڵەت بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی بەتوانست و شوێنی ڕزگاری و ئازادیی سیاسی، کە بە دڵنیایییەوە دەتوانێت ببێت بە جێگەی ئەوە وەک سەرچاوە و پێناسەی باڵادەستیی ئەنارشیستی بێت، کە لە ڕاستیدا دەوڵەت زیاتر وەک بوونێکی مێژوویی دەبینێت. بۆیە ناکۆکی کۆماریخواز لەگەڵ ئەنارشیست پەیوەندی بە ئینکاری دەوڵەتەوە هەیە لەلایەن ئەنارشیستەوە، لە ڕێگەی تێڕوانینێکی سەرلێشێواوەوە بۆ چەمکی دەوڵەت کە پێی وایە ڕەهاگەرایانەیە، و ئینکاری دەوڵەت وەک ئامرازێکی بەتوانستە بۆ بەدەستهێنانی ناباڵادەستی. بەڕاستی لە ئێستادا هیچ قەوارەیەکی سیاسی تر نییە کە گەلێک بتوانێت بەسەر هەژموونی خۆیدا زاڵ بێت. وەک تەنها نموونەیەک، هیچ گەلێک نییە کە دەوڵەتێکیان هەبێت و بووبێتنە قوربانیی جینۆسایدێک. دەکرێ چاوەڕێی ئەوە بین کە ڕاستییەکی لەو شێوەیە بۆ گەلێکی وەک کورد پەیوەندییەکی زۆری هەبێت. بۆ کۆماریخوازەکان، ئەنارکیسیستەکان تاکە دەرفەتیان نەهێشتووە کە گەلێکی بندەست هەیبێت بۆ ئەوەی بەڕاستی ببێتە گەلێک، وەک گەلێک بوونیان هەبێت و ڕزگار بن لە باڵادەستی خۆیان، و ببنە قەوارەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە، سەربەخۆ لە ئیرادەی سەرەڕۆیانەی ئەوانی تر و بەم شێوەیە پێگەی گەلێکی ئازاد مسۆگەر بێت.

خاڵێکی کۆتایی لە بەرژەوەندیی بۆچوونی کۆماری یان پۆپۆلیستی بۆ دەوڵەت هەیە. کە پەیوەندیی بەو چەمکە “ستاتۆس”(پێگە)ەوە هەیە کە پێشتر باسمان کرد. بە بڕوای پێتیت، کۆماریخواز، ئازادی نەک وەک موڵکی کردارێک، بەڵکوو وەک پێگەی کەسێک یان کۆمەڵە کەسانێک دەبینێت. کۆماریخوازەکان لەگەڵ ئەنارشیستەکان هاوڕان کە شتێکی نەخوازراو لە دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراودا هەیە. جیاوازیی سەرەکیی نێوانیان لەم خاڵەدا، کە هەڵەی چوارەمی ئەنارشیستەکان پێک دەهێنێت، ئەوەیە کە ئەنارشیستەکان نەهێشتنی دەسەڵاتی سیاسی وەک چارەسەری ئەم کێشەیە سەیر دەکات، کۆماریخواز پێی وایە چارەسەری باشتر، گۆڕینی دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراو دەبێت بۆ دەسەڵاتی کۆنترۆڵکراو. ئەمەش بە پێدانی پێگە یان پێگەیەکی دیاریکراو بە قوربانییەکی دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراو، لەژێر باڵادەستی، کە ئەوان دەکاتە ئەندامێکی سەربەخۆی کۆمەڵگایەک، جا ئەندامی کۆمەڵگەیەکی ناوخۆیی بێت یان کۆمەڵگەی دەوڵەتەکان. ڕەنگە ئەم جۆرە بەخشینە سەرەتا لەلایەن قوربانییەکان خۆیانەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر پێویستی بە دانپێدانان دەبێت لەلایەن کەسانی دیکەوە. بۆ کۆماریخواز، بندەست نەبوون، خاوەن ئەم پێگە بەخشراوەیە وەک بوونێکی ئازاد. وەک پێتیت دەنووسێت، “بەهرەمەندبوون لە ئازادی پەیوەندیدار بە ناباڵادەستبوون، ئەوەیە کە کەسێک بیت کە پێگەیەکی دیاریکراو لەنێوان هاوتاکانتدا هەبێت” (Pettit 2012, 91).

توانمەندیی فەرمانکردن بەو جۆرە پێگەیانە ئەوەیە کە بتوانیت فەرمانی دانپێدانانی پێگە یان پێگەی مرۆڤ وەک مرۆڤێکی ئازاد و سەربەخۆ بکەیت. بەڵام ئەمە ڕێک  ئەو شتەیە کە وشەی “دەوڵەت” لە پلەی یەکەمدا مانای دەبێت. “دەوڵەت” پێش هەموو شتێک “دۆخی” کەسێک یانشتێک بوو. دەوڵەت‌بوون ئەوەیە لە حاڵەتی فەرماندانی دانپێدانان بە پێگەی مرۆڤ وەک مرۆڤێکی ئازادە. دەوڵەت بوون بۆ ئەوەیە کە گەلێک پێگەی هەبوونێکی ئازاد و ڕزگارە و لە ئاکامدا باڵادەستی نەبێت. دەوڵەتی گەلێکی ئازاد، بارودۆخیانە، پێگەیانە، پێگەیان وەک گەلێکی ئازاد و سەربەخۆ، و دانپێدانانیان بەو شێوەیەیە. پێدەچێت ئەنارشیست ئەم کوالیتییەی دەوڵەت پشتگوێ بخات.

ئێستا بە پشتبەستن بەو چوار خاڵەی سەرەوە، بەم پێیە ڕەنگە بۆچوونی کۆمارییەخوازەکان لە ئازادی و دەوڵەت‌بوون ئامرازی پەسەندکراو بن کە کورد بتوانێت ئامانجی زاڵبوون بەسەر هەژموونی خۆیدا بێت. بەڵام، لە لایەکی دیکەوە، زۆر شت ماوە کە لە ڕێبازی ئەنارشیستی ئۆجەلان سەرنجڕاکێشە. ڕەنگە سازشێک بکرێت؟ ڕەنگە بتوانین توخمە سازانەکانی چەمکە ئەنارشیست و کۆمارییەکانی ئازادی و دەوڵەت کۆ بکەینەوە؟ با بە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەیەکی لەو شێوەیە بە کۆتایییەک بگەین.

ئازادیی کورد

ئێمە پێمان وایە بۆشایی چەمکی بۆ سازانی بەشێکلە بۆچوونی ئەنارشیستی و کۆماریخوازانە سەبارەت بە ئازادی و دەوڵەت هەیە. ئاشتەوایییەکی لەو شێوەیە ڕەگ و ڕیشەی لە سەرنجەکانی خودی ئەنارشیستەکاندا هەیە، بە تایبەت لە تێبینییەکان سەبارەت بە گرنگی دانپێدانان کە تازە لە کەسایەتییەکی وەک کلارکدا باس کراون. پێش ئەوە، یارمەتیدەرە بە ئاماژەدان بەوەی کە چۆن ئۆجەلان خۆی نیشانەکانی نیشان دا کە دان بەوەدا بنێت کە ڕەتکردنەوەی تەواوی دەوڵەت و هەرچەشنە بەدامەزراوەییکردنی ئازادی ڕەنگە زۆر توندڕەوانە بووبێت. ئۆجەلان بە شێوەی کۆماریخوازیی ڕاستەقینە و لەوەش زیاتر ماکیاڤێلی، ئاگادارییەک لە مەیلی زۆرێک لە مرۆڤەکان بەرەو یەکسانیخوازنەبوون، پیشان دەدات. لە ڕاستیدا، پێدەچێت لەلایەن ئۆجەلانەوە دانپێدانانێک هەبێت کە بەشێکی بەرچاو لە هەر گرووپی ئینسانی بەهۆی ئارەزووی سێکسی دۆمینەندی، شەهوەتێک بۆ زاڵبوون تێیاندا هەیە. لە کاتێکدا زۆربەی مرۆڤەکان تەنیا ئارەزووی ئەوە دەکەن کە بندەست نەبن، بەڵام بەشێکی دیاریکراو لە هەر گرووپێکی مرۆڤدا هەیە کە ئارەزووی تێرنەکراویان هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانی دیکەدا. کلیلی هەر سیاسەتێکی سەرکەوتوو و ئاشتییانە، پشکنین و بەتاڵکردنی بێزیانی ئەم شەهوەتەیە. بۆ ئۆجەلان دەزانێت کە دەبێت هەندێک سازش لەگەڵ کەسانی خاوەن ئەم پاڵنەرانەدا بکرێت و هەر تەکوزی سیاسی نابێت تەنها شێوازی ڕێکخستنی ئاسۆیی(horizontal) یان ڕاستەوخۆی دیموکراسی لەخۆ بگرێت: “پێکهاتەی دژبەیەک لە کۆمەڵگادا پێویستی بە گرووپە سیاسییەکان هەم ستوونی(vertical) و هەم ئاسۆیی هەیە.”(Ocalan 2017, 21).

لە لایەک ئۆجەلان دڵنیا نییە کە ئایا فۆڕمی حوکمڕانی پەسەندکراوی ئەو، واتە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، بە پێچەوانەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لەگەڵ ڕژێمێکی دیموکراتیک یان کۆماریدا دەناسرێتەوە: “دەوڵەت-نەتەوە بە پێچەوانەی دیموکراسی و کۆماریخوازی بوونی هەیە”.((Ocalan 2017 , 23. لەم هێڵە بیرکردنەوەییەدا، پێدەچێت ئۆجەلان بڵێت کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی و کۆماریخوازی دەتوانرێت تاڕادەیەک بە هاوواتا تێبگەین تا ئەو کاتەی چەمکی پۆپۆلیستی کۆماریخوازی بۆ دەوڵەت یان لادەبرێت یان پشتگوێ دەخرێت. لە لایەکی دیکەوە، پێدەچێت دان بەوەدا بنێت کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک دەبێت شێوەی دەوڵەت-نەتەوە، یان کۆماری، یان دیموکراسی یان بە ئەگەری زۆرتر، تێکەڵەیەک لە هەر سێیان- بێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی ناپلەبەندی و یەکسانیخوازانە دابین بکات. ئەو سوودانەی کە هیوادارین لە ئەنجامی ڕژێمێکی لەو شێوەیەدا بێت، سوودەکان کە زۆربەیان ژینگەپارێزی، فێمینیستی و سۆسیالیستی وەسف دەکرێن. کەواتە، ئۆجەلان بە ئامادەیییەوە ڕێگە بە سازان لەگەڵ دەوڵەت دەدات و ئەمەش پارچەیەک لە ڕیالیزمێکە لەلایەن ئەوەوە چونکە پێدەچێت ئەو بەئاگا بێت کە تاکە ئامرازی مومکین لە ئێستادا و نزیک مەودا بۆ گەیشتن بە ئامانجی ئازادی کوردە، بە لەبەرچاوگرتنی دیسانەوەی تایبەتمەندییەکانی پێویستی مێژوویی و سیاسیی دەوڵەت. ئه‌و دەڵێت،”چ دەوڵەت-نەتەوە، چ کۆماری یان دیموکراسی- کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کراوەیە بۆ سازشکردن سەبارەت بە نەریتی دەوڵەت یان حکومەت. ڕێگە بە پێکەوەژیانی یەکسان دەدات”((Ocalan 2017, 22. بۆیە پێدەچێت ئۆجەلان بیەوێت هەم خۆی بەدوور بگرێت کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پەسەندکراوی خۆی زۆر دەوڵەتگەرایانە بێت و هەمیش دەرک بەوە بکات کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک پێویستی بە ڕێکخستنی لانیکەم بە ڕەوشتی نیمچە دەوڵەتی دەبێت ئەگەر بیەوێت کار بکات یان تەنانەت بەهەر شێوەیەک بوونی هەبێت. ئەوەی لێرەدا زۆر پەیوەندیدارە ئەوەیە کە ئۆجەلان ئەم ڕێبازە نیمچەستاتیستییە(quasi- statist) لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی فراوانتردا دادەنێت کە لەسەر بنەمای ڕاسەرییەتی سیاسی و ڕێکخستنی کاتی دامەزراوە، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی ئۆجەلان ڕەنگە زیاتر واقیعبینێکی سیاسی بێت لە ڕووی بارودۆخی هاوشێوەی هێڵکاریی ڕێیمۆند گیوس بۆ ئەو بۆچوونە.(Geuss 2008, 30–34).

پیشنیاری کۆتاییی ئۆجەلان ئەوەیە کە کورد لە چوارچێوەی فۆڕمی دەوڵەتدا کار بکات بۆ ئێستا بۆ ئەوەی تا ڕادەی پێویست دیموکراتیک ببێت، بەجۆرێک کە لە کۆتاییدا پێویستی لایەنە پلەبەندییەکانی دەوڵەتی وشک بێتەوە و لەناو بچێت. کەواتە بە ڕۆحی سانت ئۆگستین، پێدەچێت پێشنیاری ئۆجەلان ئەوە بێت: ئانارشیم پێ بدە، بەڵام جارێ نە[4]. ئەو دەنووسێت، “نە ڕەتکردنەوەی تەواو و نە دانپێدانانی تەواوی دەوڵەت بۆ هەوڵە دیموکراسییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەسوود نابێت، زاڵبوون بەسەر دەوڵەتدا، بە تایبەتی دەوڵەت-نەتەوە، پرۆسەیەکی درێژخایەنە” .((Ocalan 2017, 28. هەر لەم “پرۆسە درێژخایەنە”دایە کە ڕەنگە دەرفەتی ئاشتەوایی لە نێوان چەمکی ئەنارشیستی و کۆماریخوازی لە ئازادی و دەوڵەتدا بدۆزینەوە. لە کانتێکستی کوردیدا ستراتیژی ئۆجەلان ئەوەیە کە پلە بە پلە ئەو چوار دەوڵەتە دیموکراتیزە بکات کە کورد لەناویاندا بندەست بوون، بێ ئەوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییی کورد دابمەزرێنێت، بەجۆرێک کە دواجار ئەم چوار دەوڵەتە (ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق) تا ڕادەیەک زۆر دیموکراتیک دەبن، و پێدەچێت ئەوەندە یەکسانخوازانە و ئەنارشیستیانەیان لێدەردێت کە سەخت ئەبێ لەسەر نەریتی دەوڵەت-نەتەوە بەردەوام بن. بەڵکوو ئەوەی سەرهەڵدەدات لامەرکەزییەکی نادیار و کۆنفیدرالیزمێکی پەرشوبڵاو دەبێت کە زۆربەی بڕیارە پابەندکەرەکانی بەکۆمەڵ، نە هەموویان، لە بچووکترین ئاستی جێبەجێکراو و زۆرترین ئاستی ناوخۆییدا دەدرێن. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە کورد لە ڕێگەی تاکتیکی نەریتی گەریلای گوندنشین و شاری، لە شەڕی درێژخایەنی خەڵکی لە دژی هێزەکانی عەرەب و فارس و تورکیا بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێزانەکە ئامانجیان بەردەوامبوون لە باڵادەستی بەسەریاندایە. کەواتە لە جیاتی ناسیۆنالیزمی کورد و خۆچارەنووسی کورد و دەوڵەتبوونی کورد، بە پێشنیاری ئۆجەلان گوایە دیموکراتیزەکردنی کورد و خۆبەرگری کورد و  و کۆنفیدرالیزمی کوردی دەبێت، کە هیچیان لە کۆتاییدا هیچ مانایەکی ئێتنیکی “کوردی” لەخۆ ناگرن. ئەم پووکانەوە بەرەبەرەی دەوڵەت-نەتەوە و لە هەمان کاتدا دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتەکانی ئێستا، پێشنیاری ئۆجەلان دەبێت لەم دێڕانەدا:

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە کوردستانیش بزووتنەوەیەکی دژە ناسیۆنالیستییە. ئامانجی بەدیهێنانی مافی بەرگری لە خودی گەلە بە پێشخستنی دیموکراسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەبێ ئەوەی سنوورە سیاسییەکانی هەنووکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئامانجەکەی بناغەی دەوڵەت-نەتەوە کوردی نییە. ئەو بزووتنەوەیە بە نیازی دامەزراندنی پێکهاتەی فیدراڵییە لە ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق کە کراوە بێت بۆ هەموو کورد و لە هەمان کاتدا کۆنفیدڕاڵییەکی چەتری بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان پێکبهێنێت(Ocalan 2017, 31).

بۆ ئۆجەلان، ئەگەر ئەم ستراتیژە سەرکەوتوو ببایەت، دەکرا وردە وردە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەنگە تەنانەت بۆ هەموو جیهان، پەرەی سەندایەت و لە هەسارەی دەوڵەتی پێتیتەوە بیگۆڕدرایەتۆ بۆ هەسارەیەکی بێ‌دەوڵەت کە لە ئەنجومەنی ناوخۆیی دیموکراسی ڕاستەوخۆی بێکۆتایی پێک هاتبێت: “دەتوانێت ئەو بوونە سەرهەڵداوە(نوێیە) ببێتە نەخشەیەک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە شێوەیەکی دینامیکی فراوانتر بێت بۆ وڵاتانی دراوسێ”.(Ocalan2017, 36). بەڵام ئۆجەلان خۆی لەم ڕاستییە ناشارێتەوە کە ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، ڕەنگە سەدان ساڵ یان زیاتر لە هەزاران ساڵ بخایەنێت تا ڕوو بدات، ڕەنگە هەر بەقەد دابەزینی هێواشی مرۆڤایەتی لە فۆرمەکانی ژیانی ڕاوچێتی و فۆرمەکانی نیشتەجێبوون و پلەبەندی بەناو نەزمی کۆمەڵایەتیی شارستانی[3]. لە کاتێکدا ڕەنگە هەست بە متمانەیەکی زۆر نەکەین کە پێشبینی ئەوە بکەین کە ئایا پلانی کۆتاییی ئۆجەلان ئەگەری هەیە کار بکات یان نا، بەڵام ئەوەی ئێستا دەتوانرێت جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەو خاڵەیە کە ستراتیژی ئۆجەلان پێویستی بە قبوڵکردن و مامەڵەکردنە لەگەڵ پێویستییە مێژوویی و سیاسییەکانی دەوڵەت وەک ئەوەی پێتیت باسی دەکات. ئۆجەلان دەزانێت کە دەوڵەت بەم زووانە هەڵناوەشێتەوە. هەروەها دەزانێت لایەنگری ئەو بۆ سازشکردن و کارکردن لەگەڵ پێویستی دەوڵەتدا تەنها لە هەوڵدان بۆ دیموکراتیزەکردنی ئەو چوار دەوڵەتەی کە زاڵن بەسەر کوردەکاندا، کورت نابێتەوە، کە لە ئێستادا چوار دەوڵەتن کە لە کەمترین ئاستی دیموکراسی لە جیهاندا بەهرەمەندن. دەکرێت ڕێبازێکی باشتر و ڕەنگە جێبەجێکراوتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێویستی مێژوویی و سیاسی دەوڵەت پێشنیار بکرێت- یان لانی کەم پێشنیارێک پێشکەش بکرێت کە ڕەنگە بچێتە قۆناغێکی نێوان “پرۆسەی درێژخایەن”ی ئۆجەلان- کە بۆ کورد دەبێت، بۆ گەڕانەوە بۆ ئامانجی ڕەسەن و مارکسیستی لینینیستی پەکەکە و ئامانجی دۆزینەوەی دەوڵەتێکی کوردییە، بەڵام دەوڵەتێک کە بەتەواوی یەک دەگرێت لەگەڵ چەمکی کۆماری و پۆپۆلیستی دەوڵەت و بە مەبەستی ڕاشکاوانەی خۆ لەناوبردنی پلە بە پلە، کە لە کۆتاییدا پێک دێت، هەروەک چۆن هێڵی بیرکردنەوەی ئەنارشیستی پێی خۆشە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە ئێستادا هیچ ئامرازێکی سیاسی تر لەبەردەستدا نەماوە بۆ ئەوەی کورد بە خێراترین شێوە زاڵ بێت بەسەر هەژموونی خۆیدا جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆی تایبەت بە خۆی. زێدەڕۆیی لە فانتازیاکانی بێدەوڵەتبوون بە هەزاران ساڵی تر، کە لە ئێستادا جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی لە کوردستاندا ڕوو دەدەن و هەمیشە ڕاستەوخۆ لە ئارادایە، کورتبینانە و لەڕووی ستراتیژییەوە ناشارەزا دەردەکەون و ڕەنگە تەنانەت وایش بنوێنێت کە لەگەڵ ئەو مەینەتی و هەژموونییەی کە کورد لە ئێستادا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هاوسۆزییەک تێیدا بەدی نەکرێت. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە گرنگ نییە دەوڵەتێکی کوردی پۆتانسێلی چەندە بە شێوەیەکی جەماوەری و کۆماریخوازانە بێت، بەڵام ڕەنگە هێشتا بۆ دەوڵەتێکی پلەبەندیکراوی دیکە لە ڕاستیدا نەگۆڕدرێت. بەڵام لەم قۆناغەدا ڕەنگە مرۆڤ پرسیاری ئەوە بکات کە ئایا باڵادەستییەک کە بەدەستی خەڵکەوە دێتە ئارا، ئەگەری ئەوەی هەیە هێندەی جینۆسایدێک کە لە دەرەوە تووشی ئەبن، زەرەرمەند نەبێت؟ ئەم هێڵە بیرکردنەوە لە ئێستادا تۆقێنەرە و وەلای دەنێین.

مەسەلەکە تەنها ئەوەیە کە ئامانجی دەوڵەت‌بوون لە مەودایەکی نێزیک شتێکە ئەنارشیستەکان بەتایبەت پەکەکە و هاوپەیمانیان، دەتوانن کاری بۆ یکەن لە حاڵێکدا لە هەمان کاتدا کار بۆ بێدەوڵەت‌بوونی کۆتایی بکەن. لە ڕاستیدا ئەمە پێشنیاری سەرڕاستی ئێمە دەبێت: ئەنارشیستەکان دەتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا دەوڵەتگەلی پۆپۆلیستی و دیموکراتیکی ڕاستەوخۆ و کۆماریخواز بنیات بنێن و بە شێوەیەک بنیاتی بنێن کە بەرەبەرە بە ئارەزووی خۆیان هەڵبوەشێنەوە و بەم شێوەیەش لە کاتی گونجاو دەبنە شتێکی زیادە و ناپێویست.

هەروەها بەڵگە بۆ ئەم ڕێبازە لەناو هەندێک لقەکانی ئەنارشیزمدا هەیە، کە دەوڵەت لە هەمان کاتدا وەک پێویست لە ئێستادا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لە کۆتاییدا پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هەیە.ئەم بیرە ئەنارشیستییە دەتوانرێت لە باوکی دامەزرێنەری ئەنارشیزمدا وەک باکونین(Bakunin) بدۆزرێتەوە. ئەو پێی وایە کە دەوڵەت هەم لەڕووی مێژوویییەوە و هەم لەڕووی سیاسییەوە پێویستە و بە هەمان شێوە پێویستی بە بنبڕکردنی تەواوەتی هەیە: “من هیچ دوودڵییەکم نییە لەوەی بڵێم دەوڵەت خراپەکارییە، هەرچەندە لەڕووی مێژوویییەوە خراپەیەکی پێویستە، وەک چۆن لە ڕابردوودا پێویست بوو وەک چۆن لەناوچوونی تەواوەتی درەنگ یان زوو دەیسەلمێنێت کە پێویستە، هەروەک چۆن دڕندەیییە سەرەتایییەکان و پێچاوپێچییە تیۆلۆژییەکانی مرۆڤ پێویست بوون” (Bakunin 1998, 130).

لە کانتێکستی کوردیدا، تێبینییەکانی کلارک لەسەر “وانەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا”، ڕەچاوکردنی هاوشێوەی ئەو شوێنانە دەردەخەن کە پێدەچێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ڕەنگە کورد پێویستی بە دامەزراندنی ئامانجداری دەوڵەتی خۆ-لەناوبەر(self-destroying)، بێت، ئەوەی کە دەتوانرێت دیسانەوە پێی بڵێین “نیمچە دەوڵەت”. کلارک بە بیرکردنەوە لە ئیدیعای ئۆجەلان دەست پێ دەکات کە ئەو ڕێبازێکی هەموو یان هیچ وەک نابنیاتنەر ڕەت دەکاتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا کورد دەبێ هەوڵی دەوڵەت یان بێدەوڵەتی بدات. کلارک دەڵێت پێم وابێ ڕوانگەی ئۆجەلان ئەوەیە کە “بۆ ماوەیەکی بەرچاو کۆنفیدڕاڵیزم دەبێت لەگەڵ دەوڵەت پێکەوە بژیەت”(Clark 2019, 129–130). کلارک بیرکردنەوەی ئۆجەلان و چالاکییەکانی ئێستا لە کوردە خۆبەڕێوەبەرەکانی ڕۆژاڤا بە شێوەیەکی گونجاو لە سەرنجەکانی دەیڤید گرایبەردا وەسف دەکات، کە تێیدا ڕۆژاڤا بە “دەوڵەتێکی نادەوڵەتی” و “دۆخێکی دوو دەسەڵاتی کە هێزی سیاسی یەکسان، هەردوولایان دروست کردووە” ناوزەد کردووە، هەم “خۆبەڕێوەبردنێکی دیموکراتییانە [بە] هەموو فۆرم و تەڵەی دەوڵەتێک”، بەڵام “کە ڕاستەوخۆ لەلایەن دیموکراسییەوە لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە دامەزراوە دیموکراتیکییەکان دەجووڵێت” (Graeber 2016, 27). . کلارک ئیدیعای مایکل تاوسیگ دەهێنێتەوە کە ڕۆژاڤا بەم پارادۆکسە تایبەتمەندە، “بە جۆرێک هەڵسوکەوت دەکات وەک ئەوەی دەوڵەتێک هەبێت تەنانەت ئەگەر نەبێت و هەرچەندە دژی دەوڵەت بن”(Taussig 2016, 116). کلارک جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆژاڤا و بەم پێیەش تەواوی ئەکتی هاوسەنگییانە لەنێوان ئایدۆلۆژیای پەکەکە و چالاکییەکانی کە لە ئەزموونی ڕۆژاڤادا بەرجەستە بوون، هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردن و هاوسەنگکردنی “دەوڵەت ئاسای بەبەزەیی”(benignly state-like)، لەگەڵ زۆرترین دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی تەواوی کارگەکە بچێتە ناو “ستاتیستی مەترسیدار”ەوە.(Clark 2019, 130).

لە ڕووی کرۆنۆلۆژیای ئەم کردەوە هاوسەنگکەرەوە، کلارک ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن پەکەکە و بەم پێیەش ئەنارشیست بەگشتی دەتوانن چالاکییە سەرەتایییەکانیان لە خەبات بۆ بوونی ڕاستەقینەی سیاسیدا لەبەرچاو بگرن هەرچەندە ڕەنگە ئەنارشیست بە شێوەیەکی سەیر و سەمەرە “بوونی ڕاستەقینە” وەک “کارەساتێک” بزانێت((Clark 2019, 131، وەک بەشداریکردن لە دامەزراندنی ئەوەی کلارک پێی دەڵێت “دەوڵەتی ڕاگوێزراو”(Clark 2019, 138). کلارک پێشتر لە ئەگەری وەشانێکی(ڤێرژنێکی) ئەنارشیستی قۆناغی مارکسیستی نێوان دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا کە لە چوارچێوەی “دەوڵەتێکی ڕاگوێزراو” دەبینرێت، لە کتێبی کۆمەڵگەی مەحاڵدا(The Impossible Community) باسی کردووە(Clark 2013, 86). لەو دەقەدا، کلارک ئەنارشیزمی کۆمۆنیتاریی[5] گوستاڤ لانداوەری(Gustav Landauer) پەرەپێدا کە تێیدا دان بە “ڕۆڵی ئەگەری دەوڵەتدا دەنێت لە گواستنەوە لە سیستەمی باڵادەستییەوە بۆ سیستەمێکی کۆمەڵگەی ئازادیی کۆمەڵگاکان، لەژێر هەندێک بارودۆخی مێژوویی”(Clark 2019, 131). پێدەچێت “مەرجە مێژوویییەکان”ی لانداوەر هەر پێداویستییە مێژوویی و سیاسییەکانی پێتیت بن کە گشت‌جێبوویی دەوڵەت دیاری دەکەن(Clark 2019, 131). کلارک ئاماژە بە لانداوێر دەکاتکە خاڵی باکونین سەبارەت بە نەمانی بەرەبەرەی ئەم دەوڵەتە ڕاگوێزراویە بە هەمان شێوە دەهێنێتەوە: “دەوڵەتی [ڕاگوێزەر] تەنیا یەک ئەرکی لەبەردەمدایە: خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی ئامادە بکات و ڕێگە بۆ فرەییی تەکوزیی بێکۆتاییی فیدراسیۆنەکان، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگاکان بکاتەوە، بۆ ئەوەی جێگەی ئەو پێگەی تاکگەراییی ئابوورییە بگرنەوە”.(Landauer 2010, 169). کلارک بیر لە پێشنیارەکەی لانداوەر دەکاتەوە، بە زاراوەیەکی سەرنجڕاکێش کە بچوونی کۆماریخوازانە لە دەوڵەت بیر دەخاتەوە، و ئاماژە بە پێویستی سیاسەتێکی ئەنارشیستی لە دەوڵەتی ڕاگوێزراو دەکات. و دەڵێت:

ئەگەری وەها دۆخێکی ڕاگوێزراو پەیوەستە بە چالاکیی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەوە کە دەوڵەت بە کردەوە دەکاتە ئەوەی کە تەنیا لە ڕووی ڕوانستەوە بووە، وەک لە هەندێک فۆڕمی ماتریالیزمی مێژووییدا وێنا کراوە: دیاردەیەکی تەواو ژوورپێکهاتەیییە(superstructural). ڕێک بەوردی دەرک بەو شتە دەکات کە مارکس لە ‘ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا’دا پێشنیاری کردووە، واتە “گۆڕینی دەوڵەت لە ئۆرگانێکەوە کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپێنراوە بۆ ئۆرگانێکی تەواو ژێردەستەی”.(Clark 2019, 138)

کلارک لە کۆتاییدا دان بەوەدا دەنێت کە خودی بیرۆکەی دەوڵەتی ڕاگوێزراوی ئەنارشیستی بۆ هەندێک ئەنارشیست زۆر جێی مشتومڕ دەبێت و بەم پێیەش هەرگیز ناتوانێت ببێتە بابەتێکی ئایدیۆلۆژیی باوەڕی ئەنارشیستی، بەڵام پێویستە وەک بەشێک لە گونجاندنێکی پراگماتیک لەگەڵ پێداویستییە مێژوویی و سیاسییەکان ڕەچاو بکرێت کە هەر کەسێک دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات کاتێک هەوڵ دەدات لە ڕاستیدا لە ڕووی سیاسییەوە ئازاد بێت. وە ئازادییەکی لەو شێوەیە لێرەدا جێ پرسیاری ئێمەیە: ئەو پرۆسەیە چییە کە کورد دەتوانێ ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت؟ دەوڵەتی ڕاگوێزراو، دەوڵەتێکی هێندە یەکسانخواز و دیموکراسییانە کە دواجار ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خۆی، دەتوانێت ڕێگایەک بێت، ڕەنگە تەنانەت تاکە ڕێگەش بێت، کە بتوانن دەست بکەن بە زاڵبوون بەسەر باڵادەستەکەیان  و لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆری ئەنارشیزم و یەکسانیخوازی سەختی ئۆجەلان بپارێزن. بە دڵنیایییەوە، ئەمەش پێویستی بە پلەیەکی بەرگەنەگیراو  و ناهەموار لە بەدامەزراوەییکردنی ئازادی دەبێت بۆ کەسایەتییەکی ئەنارشیستی وەک گۆردۆن، بەڵام ڕەنگە ئەوە تەنها ببێتە جیاوازییەکی ئاشت‌نەکراو لەنێوان ڕێبازی ئەرێنی و کۆمەڵایەتیتری کلارک و ڕێبازی گۆردۆندا. دەوڵەتێکی ڕاگوێزراوی ئەنارشیستی ڕەنگە بەتەواوی ئەو شتەمان پێبدات کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕاین: ڕێگەیەک بۆ ئاشتکردنەوەی ئەنارشیزمی ئۆجەلان لەگەڵ واقیعی ڕاستەقینە و پێداویستی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئازادی وەک ناباڵادەستی بە تاکە ڕێگەیەک کە لە ڕاستیدا لە ئێستادا دەکرێت، واتە لە ڕێگای پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆی کوردی، ئەگەرچی ڕاگوێزراو بێت.

ئەنجام

لەم نووسینەدا باسمان لەوە کردووە کە گەلی کورد بەدەست هەژموونی(باڵادەستی)یەوە ئازار دەکێشێت. لە ڕێککەوتنێکی مەزندەیی، ڕێبازی ئەنارشیست و کۆمارییەکان، باڵادەستی وەک کێشەیەک دەبینن کە بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵنەکراو، بێسنوور، سەپێندراو، دیارینەکراو، یان هەوسارپساندوو. کورد بندەستە بەو مانایە کە بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی بێکۆنتڕۆڵی لەو جۆرە لەلایەن ئەو چوار دەوڵەتەی کە دابەشی دەکەن (تورکیا، سوریا، عێراق، ئێران) ڕێگری لێ دەکرێت لە بەهرەمەندبوونی ئازادی. ئەو ڕزگارییەی کە مەبەست زاڵبوون بەسەر باڵادەستیدایە، بە شێوەیەکی جیاواز لەلایەن ئەنارشیزم و کۆماریخوازەوە بیری لێ دەکرێتەوە. بۆ کورد، پێشنیاری ئەنارشیستی ئۆجەلان بۆ ئازادیی کورد بەبێ دەوڵەت‌بوون، زیاتر پێچەوانەی هەندێک پێویستی مێژوویی و سیاسی و ئەو ئامانجەیە کە نەریتی کۆماریخوازەکان جەختیان لەسەر کردووەتەوە. ئێمە هەوڵمان داوە سازانێک بکەین، بە کەڵکوەرگرتن لە لایەنە گەشەنەسەندووەکانی ڕوانستی ئۆجەلان خۆی، لەنێوان چەمکە ئەنارشیست و کۆمارییەکانی ئازادیدا، بۆ ئەوەی ڕێگەیەکی سێیەم و کۆمەڵایەتیتر پێشکەش بکەین بۆ تێگەیشتن لە خواستەکان بۆ ئازادیی کورد. لە کاتێکدا دەوڵەت، تەنانەت لە فۆرمێکی نیمچە یان ڕاگوێزراویشیدا، ڕەنگە ئەو شتە بێت کە ئەنارشیست دەیڵێت، بەڵام وەک تاکە یاری لە گۆڕەپاندا دەمێنێتەوە و تاکە ئامرازی مومکین لە ئێستادا بۆ گەیشتن بە ڕزگاریخوازی کورد. هەروەها دەوڵەت کراوەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەک پێکهاتەمەند بکرێت کە هەم ئەو بڕە هەژموونە ناوخۆییە کەم بکاتەوە کە ئەنارشیستەکان کێشەیەکی وایان لەگەڵدا هەیە و هەم ڕێگە بە خۆ هەڵوەشاندنەوەی پلە بە پلەی خۆی بدات. هیوادارین بۆ هیچ کوردێک ئەم ئیمتیازانە بە لایەنگری ئەنارشیستییان کۆماریخوازییەوە زۆر بە ناپەسەندی نەبینرێن، بەڵکوو وەک ئەو ئاماژانەی پێویست بۆ گەیشتن بەو شتە ڕەچآو بکرێن کە هەموو کوردە بیرمەندە سیاسییەکان ئارەزووی دەکەن: ئازادیی کورد.

پەراوێزەکانی وەرگێڕ:


[1]. وەرگێر لە درێژەی دەقەکەدا لە هەردوو دەستەوشەکە جێبەجێ بۆ وشەی Domination، کەڵک وەردەگرێت.

[2]. شێوەییەکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە سەر بنچینەی کۆمەڵە خۆبەڕێوەکان.

[3]. وەرگێڕ بە ئەنقەست  و بەمەبەستی هاوشێوە نیشاندانی ئەم پڕۆسە مێژووییە، کە لەلایەن چوار دەوڵەتەوە بەسەر کورددا داسەپاوە، ئەو هاوکێشییە بەکار هێناوە.(Turkification, Arabization, and Persianization).

[4]. give me anarchy, but just not yet

[5]. communitarian anarchism، شێوەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنچینەی کۆمەڵە خۆبەڕێوەبەرەکان.

یاداشتەکانی نووسەر


[1] ئەم بەشە و زۆربەی ئەم وتارە، دەتوانرێت وەک وەڵامێک بۆ وتارە دەگمەنەکەی کان سێمگیل (٢٠١٦) سەیر بکرێت کە قسە لەسەر سەرتربوونی پێشنیاری ئەنارشیستی ئۆجەلان دەکات بەسەر بەدیلەکەی کۆماریدا.

[2] هەروەها لەسەر بنەمای پێویستی سیاسی و مێژووییی دەوڵەت، ئارگومێنتێکی مومکین بە هەڵسەنگاندن لەبەرچاو بگرن: نە ئەنارشیستی مامناوەندی ئێوە نە بەزۆرینە  و نە خودی ئۆجەلان، پێدەچێت بە جددی پێشنیار بکەن کە چارەسەرەکانی قەیرانی ژینگەیی و پیاوسالاری و چەوساندنەوەی سەرمایەداری بریتی دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی ژینگە، باوکایەتی، یان بازاڕەکان وەک خۆیان. ژینگەپارێزی و فێمینیزم و سۆسیالیزم نە چاوەڕێی ئەوە دەکەن و تەنانەت ناتوانن ئەو جۆرە لەناوبردنانە بەدەست بهێنن. گومانی ئێمە ئەوەیە کە ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەم بوونانە لانی کەم بە شێوەیەکی نائاگا وەک تایبەتمەندییەکی پێویستی سروشتی یان مێژووییی جیهان سەیر دەکرێن. ئەگەر وایە، ئایا پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت، ونبوونی هاوتەریبەکەی بەدوای خۆیدا ناهێنێت و پێویستی مێژووییی دەوڵەتیش بە هەمان شێوە؟ چارەسەری باڵادەستی ناتوانێت هەڵوەشاندنەوەی تاکە بوونێک بێت کە مرۆڤ دەتوانێت پێیدا زاڵ بێت، تەنانەت ئەگەر زۆرجار سەرچاوەی کێشەکەش بێت. دەوڵەت پێدەچێت پلەیەک پێویستی هەبێت کە بەراورد بکرێت بە ژینگە و باوکان و بازاڕەکان. کەواتە مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم قەوارانە بکرێتە بریکار یان ئامراز بۆ بەدەستهێنانی ناباڵادەستی، نەک ئەوەی کارگەلی نەخوازراو ئەنجام بدەین، ئەگەر نەڵێین مەحاڵ ، و هەڵیان بوەشێنینەوە.

[3] کەمێک ناتەبایی هەیە لە پێشنیارەکەی ئۆجەلان. ئۆجەلان پێشنیاری چاکسازی دەدات بەو دەوڵەتانەی کە کورد خۆی لەناویاندا گیری خواردووە. دەشڵێت کورد دەتوانێت ئەو دەوڵەتانە دیموکراتیزە بکات. ئەو هەروەها دەڵێت کورد نابێت ئامانجی پێکهێنانی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆی بێت چونکە دەوڵەت بە شێوەیەکی قەرەبوونەکراو باڵادەستە، کە بریکارێکی نەسڕاوەی باڵادەستییە، بۆ هەمیشە بێتوانایە لە دیموکراسیی ڕاستەقینە. بەڵام ڕێگاچارە کامەیە؟ ئەگەر دەوڵەتانی تر جگە لە کوردستانێکی پەرەمەند بتوانن بە شێوەیەکی دیموکراسیی کۆنفیدراڵی دەربهێنرێن، کەواتە بۆ خودی کوردستانێکی پەرەمەند ناتوانێ بە سادەیی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی بەکار بهێنێت؟ پێمان وایە چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا لە چەمکی دەوڵەتێکی ڕاگوێزراوی کوردییەوە سەرهەڵدەدات کە لە درێژەدا باسی دەکرێت. هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە کامەران مەتین (٢٠١٩) لەم دوایییانەدا ناڕەزایەتیی هاوشێوەی ورووژاندووە. لە ڕوانگەی مەتین، ئۆجەلان لە ڕوونکردنەوەکانیدا لەبارەی پێکهاتنی دەوڵەتەوە لەنێوان شێوازی ناوخۆیییانە و دوولایەنانەدا، ئەمەش خاڵی کوێر لە شیکارییەکانیدا بەجێ دەهێڵێت کە تێیدا دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ئەنارشیزم و کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی خۆی لەدەست دەدات، واتە ئەگەر لەوانە بوو کار بکات دەبوو “دیاردەیەکی جیهانی-سیستەمی” بێت.(Matin 2019, 14) ئەوەی سەیرە لەبارەی خاڵی کوێرەی ئۆجەلان لەم بابەتەدا ئەوەیە کە ئەو بە توندی ئاگاداری سروشتی سنوورداری شوێنی و کاتی پێکهاتنی دەوڵەت (و ئەگەری لەناوچوونی) لە زۆرێک لە دەقەکاندا هەیە. بۆ نموونە، مەتین بە شێوەیەکی ئیپیگراماتیکی ئەم دوو قسەیەی ئۆجەلان دەهێنێتەوە: “سنوورە نیشتمانییەکان داتایەکن، شتێکی دیاریکراون” (ئۆجەلان،١٦، ١٩٩٩) و “پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان تەنیا لە چوارچێوەی کاتی و فیزیکی خۆیاندا دەتوانرێت فام بکرێن – واتە، ئەوان بەشێکن لە ژینگەی مێژوویی و جوگرافییان” (Ocalan 2007 , 185). پێتیت لەگەڵ هەردوو ئەم گێڕانەوەدا هاوڕا دەبێت.