“بێ تۆ نەبوون، نییە” و دوو شیعری تر

“بێ تۆ نەبوون، نییە”


تۆ چرپەیەکیت

بە نوتفەیی بانگهێشتت کردم بۆ ژیان

تۆ دەنگێکیت

لە شەوی لە دایکبوونمەوە دەتبیستم

هاوارێکیت ساڵەهایە بۆ سەرچاوەکەت دەگەڕێم

لە خۆمدا، تا ژێر هەنسکەکانی منداڵیم بۆت گەڕام و نەمبینیت

بە ناو کوچە تاریکەکانی دڵمدا شوێنت کەوتم،

بەڵام تەنیا ئەو تریفانەم بینی لە هەنگاوت هەڵوەریبوون!

لە بنی خەرەندەکانی ڕۆحمەوە بە جۆرێک بانگم لێ کردیت،

عەرشی خوا کەوتە لەرزین و بورجی بابل بە شکۆی ناوەکەت ڕووخا

لەسەر زایەڵەی ناوی تۆ نەتەوەکان کەوتنە گۆ و زمانیان پژا!

پەڕە پەڕە مێژووی شارستانییەتەکانم بە شوێنتا هەڵدایەوە

لە “وەرکا” بۆ دۆزینەوەت نووسراوی سەر تاتەکانم خوێندەوە

ناوی تۆم لەسەر دەروازەکانی نەینەوا بینی و سۆراغم کردیت

لە میسڕ شوێن پێکانتم لەسەر کەناری نیل هەڵگرت

لە لوتکەی هەڕەمەکانەوە بۆ تۆم ڕوانی و ئەفسوس هەر نەمدۆزیتەوە!

هەتا چین بەدواتا هاتم، عەتارەکان لە هەناسەت میسک و عەتریان دەگرتەوە

لە هندستان بۆ سەلماندنی تەناسوخ، بە باخچەدا ڕۆحی تۆیان دەناسییەوە!

لە گریک چوومە سەر ئەکرۆپۆلی و بانگم کردی

بێ ناوی تۆ؛ لە ئەکادیمیای ئەفڵاتون نەیانهێشت بچمەژوورەوە!

تۆ چرپەیەکیت لە ئەزەلەوە گوێم لێتە

لە ئەفسانەکاندا بۆت گەڕام و دەستەکانتم نەدۆزییەوە

کە هۆمیرۆس ئیلیادەی نووسی تۆ حیبرت بۆ دەگرتەوە

هەندێک دەڵێن؛ نەخشەڕێگای هەڵهاتنت بۆ ئەنتیگۆنا داناوە

بەهۆی تۆوە ئۆرفیۆس پشتی کردووەتە خوداکان

لەبەر تۆ بوو کە ئۆردیکای لەدەست داوە!

بەپێی گێڕانەوەی تەوڕات

سەردەمانێک لە بەهەشتدا باغت ئاوپرژێن کردووە

ئەو کاتەی ئادەم دەرکرا، لە عەدەن مامانی گوڵ بوویت

لە دوای تۆفانی نوحەوە

لە ڕەزەکانی ئۆرشەلیم ترێت کردووە بە شەراب

سەردەستەی ئەو کچانە بوویت، سڵێمان غەزەلی بۆ وتوون!

سەبەئییەکان ئەو کاتەی تۆیان بینیوە، وازیان لە بەلقیس هێناوە

شیوەنەکانی یەرمیاش بۆ بێمەیلی تۆ نووسراوە!

لە زاهیرا بە دزی پوتیڤارەوە

نامەی یوسفت بردووە بۆ زولەیخا

لە کەنعان ئەندازیاری غەم بوویت

یەکەم ماڵی چاوەڕوانی تۆ بۆ یەعقوب نەخشەت کێشا!

تۆ ڕازێکیت لە ئەزەلەوە دەتبیستم

زۆرجار دەنگدانەوەی ناوت، هەناسەمی تاساندووە

بۆ هەر جوانییەک وەستابم سوسەی دەنگی تۆم کردووە

لە دەرباری فیرعەوندا بە نیگای تۆ سیحریان بەتاڵ کردۆتەوە

موسا بە باسی جوانی تۆ بەحری کرد بە دوو کەرتەوە!

تۆ چرپەیەکیت تکاویتە ناو خوێنمەوە

لە ئینجیلدا، بەپێی کتێبی بەرنابا

یەکەم پەیامبەری جوانیت مژدەی هاتنت دراوە

لەسەر تۆ پۆڵس ڕووی لە مەسیح وەرگێڕاوە!

لە قورئاندا نهێنی خەلق بەستراوە بە ناوی تۆوە

خودا بۆ سەلماندنی خۆی، شێوەی تۆی بەدیهێناوە!

تۆ ترپەی لێدانی عەشقیت

لە دوای سی ساڵ؛ خورپەت ڕژایە دڵمەوە

بە شوێنتا چوومەوە ئەزەل، تا بۆ ئەبەد بتدۆزمەوە!

غەریبێکی لانەوازیت، هاوماڵی نەوڕەس و دەریایت

لە “با”دا بۆنی تۆ ئەکەم، بە باراندا ئەتناسمەوە

ڕەمزی شار و ئەفسانەکان لەبەر پێتا بوون بە غوبار

تەنیا شیعر بۆ شکۆی تۆ، شایستەیە ببێت بە شار!

لەسەر زایەڵەی مەوداکان

پرشنگی مانگەشەوێکیت؛ پڕم دەکەیت لە تریفە

بە وەرینی شەونمێکت، سەحرام دەبێتە لالەزار!

ـــــــــــــــــــــــ

مەستی


گەڕیدەیەكم ڕەنگی ھەموو شەرابەكانم بینیوە،

لە پیاڵەی ھەموو سەردەمەكانم خواردۆتەوە،

لەگەڵ تاڵیی بادەكاندا ھاوسەفەر بووم،

لە درزی ھەورەكانەوە، فریشتەم بە ڕووتی بینیوە!

ھەندێك جار شێتی وەك ڕازێكی پەنھان ڕژاوەتە ناو خوێنمەوە،

لە ئەوجی مەستییدا قسەم لەگەڵ مانگی یەك شەوەدا كردووە،

بە ناڵەی من، درەختەكان میوەی ئازاریان گرتووە

ئەستێرە ھەبووە لەبەر توڕەییم ئاسمانی بەجێ ھێشتووە!

وەڵامم ھەبووە تا كۆتایی ھەر بە پرسیار ماوەتەوە، باڵندەی پرسیارم ناسیوە بە شاری وەڵامدا فڕیوە!

شەوم ھەبووە، بێگانەكان لە دۆستەكانم دڵسۆزتر بوون،

دۆستم ھەبووە، لەناو گەرمەی پێكەنیندا حاشای لە بوونم كردووە.

گوێم لێ بووە لە گەمارۆی تاریكیدا نەخشەی كوشتنیان كێشاوم،

ھاوڕێم ھەبووە سەرباری برینی خۆی، فرمێسكی بۆ من سڕیوە!

ھاوڕازم ھەبووە لەناو باخدا بەیەكەوە،

ڕێمان بە خودا گرتووە،

بە ھەناسەی، تۆزمان لەسەر پەیكەری شاعیران سڕیوە..

جار ھەبووە، لەناو دڵی شەوەزەنگدا مەستانە گۆرانیم بۆ وتوویت،

لە كوچەكانی خەیاڵدا، بە دوای تارمایییەكەت كەوتووم،

لەگەڵ بۆنی ھەڵاڵەكان ھەناسەتم لێ تێكچووە.

ھەتا شەوێك لەتۆدا بەر موتڵەق كەوتم،

زانیم بێ تۆ؛

ئەو ڕۆژگارانەی ژیاوم، بەھەدەرچوون.

ئەو شەرابانەی نۆشیومن

لە نەشئەی مەستی خاڵی بوون!

—–

بێدەنگی


دەمەوێت پشوو بدەم

دەمەوێت بەبێ سەرین، بەبێ پێخەف

لەسەر پەڵەھەورێكی وێڵ ڕاكشێم

دەستێكم بخەمە ژێر سەرم و بەوەی تریان لە ھەوادا بنووسم؛ بێدەنگی!

دەمەوێت، ھاونشینی ئەو ئەستێرانە بم شەوانی منداڵی بە بێدەنگی دەمژماردن

دەمەوێت لە نزیكەوە گوێ لە بێدەنگیی خودا بگرم و دەست لە گەرمی خۆر بدەم

دەمەوێت لە بێدەنگیی ڕووناكی ڕابمێنم، كە ئێمە ھەمیشە بە دەنگمان دەیشێوێنین

دەمەوێت بەدیار كپی تریفەی مانگەوە، دڵم پڕكەم لە بێدەنگیی خەرمانە

بە ئاگری بێدەنگی دوای كشانی ئەستێرەكان

وشە دەنگدارەكان لەسەر زمانم بسووتێنم!

دەمەوێت لە حیبری شەو، لە نەرمی باران، لە كوژانەوەی ئەستێرە، لە تەمی چڕی سەر شاران

زمانێك بسازێنم ھەموو پیتەكانی بێدەنگ بن!

دەمەوێت لە ئەسپەكەم دانەبەزم، كە پەڵەھەورێكی بێدەنگە

تا نیشتمانێك دەدۆزمەوە دوور لە ژاوەژاو و ھاوار

دوور لە ھەر دەنگێك، كە بلوری بێدەنگی دەشكێنێت، لەھەر ناڵەیەكی ناوەخت، كە خەوی باخم دەزڕێنێت

دەمەوێت نیشتەجێی شارێك بم

بازاڕەكانی بێدەنگ بێت

خەڵكەكەی بە بێدەنگی سڵاو لە یەكتر بكەن

قیتارەكانی لەسەر سكەیەك بڕۆن

لەژێر چەكوشی بێدەنگیی ئاسنگەراندا دروست بووبێت

شۆفێری تاكسی و پاسەكانی بە بێدەنگی

نەفەر سەرخەن

نەفەرەكان بە بێدەنگی چیرۆك بۆ یەك بگێڕنەوە

بە بێدەنگی لە وێستگەكاندا دابەزن، بەبێ دەنگی بەرەو ماڵ بگەڕێنەوە!

دەمەوێت ئێواران لە شەقامێكی بێدەنگدا

دڵدارەكان بە بێدەنگی سەما بكەن

بچن بۆ باخی بێدەنگی، بۆ سەیری سینەمای بێدەنگ، شیعری بێدەنگ بۆ یەكتری بخوێننەوە!

من دەمەوێت پشوو بدەم

دەمەوێت لە ئەسپە ھەورینەكەم دانەبەزم

كە ھەرجارە و بایەك دەبێتە مەیتەری

دەمەوێت وەك موسافیرێكی بێدەنگ، وەك باڵندەیەك كە كەس باكی بە فڕینی نییە

بێدەنگی بەسەر جیھاندا ببەخشمەوە

دەمەوێت ببمە ئیمپراتۆرێك، قەڵەمڕەوەكەم لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە باكوورەوە بۆ باشوور، بێدەنگی بێت!

سوپام ھەبێت ھەموو سوارە و پیادەكانی بێدەنگ بن،

كە لە جەنگەكاندا دۆڕان بە بێدەنگی تێك بشكێن،

كە سەركەوتن، تەپڵی سەركەوتن لێ نەدەن، بەبێ دەنگ بگەڕێنەوە!

دەمەوێت جیھانێك دروستكەم ھەموو سوچ و كەلێنێكی بێدەنگی بێت،

لە ھەر دەروازەیەكیەوە بڕۆیت بە بێدەنگی كۆتایی بێت،

داخڵی ھەر شارێكی بوویت بەناو بێدەنگیدا بڕۆیت، چوویت بۆ ھەر مەیخانەیەكی مەیگێڕەكانی بێدەنگ بن،

مەستەكانی بێدەنگ بگرین، لە جێی شەراب بێدەنگی تیا بخورێتەوە!

بەڵام وەك چۆن

ھەمیشە لەژێر بەفردا بەھارێكی نووستوو ھەیە،

وەك چۆن

ھەر قوفڵێك كلیل و ھەر دڵێكی داخراو شفرەی خۆی ھەیە،

لەژێر ھەوری ئەم بێدەنگییەی منیشدا دەنگێك ھەیە؛

دەنگێكە لە شكستی شۆڕشەكان جیابۆتەوە و بۆ سەردەمی تر دەگەڕێت!

قریشكەیەكە لە خۆڵەمێشی ژنە سووتاوەكاندا بۆتە قەقنەس و

نایەوێت دەستی لە ژیان بەربێت!

ناڵەیەكە لە گەروومدا، ‎ھەناسەمی خنكاندووە

دەیەوێت بەبێ تۆ ھیچ ھاوارێك دەنگی نەبێت

بێدەنگیم ھێندە سامناك بێت، ھیچ دەنگێك لە ڕەنگی نەبێت!

———

photo_٢٠٢٢-١٢-٢٤_١١-١١-٥٩ (3)

سەرنجێک بنوسن