داکەوتنی شۆڕشگێڕ

لە پەراوێزی مەیلە ئێرانییەکانی کاک عەبدوڵڵا موهتەدیدا

«بە گشتی، من هەموو هەوڵێک بۆ لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانیی ناوخۆیی ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی بە کارێکی گونجاو و ئەرێنی و بەکەڵک دەزانم.»

عەبدوڵڵا موهتەدی، سەبارەت بە پەیامی هاوبەشی چەند تاکەکەسێکی ئێرانی


لە دواساتەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا چەند کەسێکی ئێرانی، وەک دەسپێشخەرییەک بۆ «دروستکردنی هاوپەیمانییەک لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا»، پەیامێکی هاوبەشیان بۆ پیرۆزباییی ساڵی نوێ بڵاو کردەوە. ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە شۆڕشی ژینا چوارەم مانگی خۆی دەژی و لە هەمان ڕۆژی پەیامەکەی ئەم کەسانەدا دیسان لە کوردستان (جوانڕۆ) شەهیدی نوێ پێشکەشی ئەم شۆڕشە کرا.

ئەم کەسانە لە کوڕی پاشای ڕووخاوی ئێرانەوە هەتا ئەکتەری سینەما و فووتباڵیست و نووسەرێکیش دەگرێتەوە! خاڵی هاوبەشیشیان تەنها دوو شتە: دژایەتیی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی ڕێکخراوە یان حیزب! خۆیان دەڵێن دەمانەوێ هاوپەیمانی و یەکگرتوویییەک لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا دروست بکەین و شۆڕش بکەینە خاوەنی سەر و سەرکردە، تا زووتر کۆماری ئیسلامی بڕووخێنین. بۆ خۆم هیچ گرنگایەتییەک بە پەیامی کۆمەڵە خەڵکێکی ڕووت و ڕەجاڵ و بێناوەرۆکی وەک ئەو کەسانە نادەم (تەنها کەمێک حامیدی ئیسماعیلیون «جێی داخە (تەنها داخ، نەک هیچی‌تر!)» کە سەرەڕای نووسەربوون، ئاوا ملکەچی پان‌ئیرانیزمێکی پەتی بووە)، چونکوو ئەوان و لەوانیش کەڵەگەتتر قەت ناتوانن نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی سەر شەقامەکانی ئێران بکەن و هەموو ئەم هاتوهاوار و سەرمایەگوزاری و ڕستنانەی ڕۆژئاوا بۆ بەسەرۆککردنیان، لە داهاتوودا دەبێتەوە بە خوری و بێگومان ناتوانن جڵەوی خەباتی خەڵکی ئێران (کوردستان کە هەر هیچ) بگرنە دەستی خۆیان. بە لایەنێکی تردا، دەبێ زۆریش پێشوازی لەم هاوپەیمانێتییە بکەین، چونکوو بە ئاشکرا دەری دەخات کە بەرەی ڕاستڕەو و ناوەندگەرای ئێران هیچ نین جگە له‌ کۆمەڵە تاکێکی بێناوه‌رۆکی ناسیاسی کە هیچ جۆرە تێگەیشتنێکیان بۆ «سیاسەت» نییە. بێگومان ئەوان بەم بەرەیە و بەم کارەیان لە ماوەیەکی کورتدا دەیسەلمێنن کە هیچ وەڵامێکیان بۆ کۆمەڵگه‌ی ڕوو لە پێشکەوتنی ئێران پێ نییە و لە بنەڕەتدا هەر کەڵکەڵەیەکیشیان بۆ بەرژەوەندیی کۆیی نییە، بەڵکوو هەندێ دەسەڵاتخوازی مشەخۆرن کە تەنها دەیانەوێت دەست بەسەر شۆڕشێکدا بگرن. ئەوان کاری بەرەی دژ بە فاشیزم و پاوانخوازییان گەلێ ئاسانتر کردووەتەوە، چونکوو کێشی ڕاستەقینە و تێگەیشتنی حەقیقیی خۆیان لە قاو داوە و چیدی سیحرێکیان نەماوە تا خەڵکی پێ جادوو بکەن.

تاکە شتێک خەڵکێکی زۆری لە کوردستاندا بێتاقەت کردووە، لێدوان و نزیکبوونەوەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدییە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەم نەفەسە ئێرانییەی خۆیەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نزیکبوونەوە لە ناسیاسەتوان و سێلێبێریتییە بێناوەرۆکەکانی ئێران کە بەشی هەرەزۆریان لە بەرەی ڕاستی کۆنەپارێز، پان و نادیمۆکراتدان، ئەمەیش لەژێر ناوی «دیپلۆماسی و سیاسەت»دا بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوە، وەک چۆن سەردەمانێک ڕادەستکردنی کۆمەڵە بە مەنسوور حێکمەت لەژێر ناوی «شۆڕشی سەرانسەریی کرێکاران»دا بە خەڵک دەفرۆشرایەوە! کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لێدوانێکی لەسەر ئەم پەیامە دا کە پوختەی قسەکانی هەمان ئەو ڕستەیەی سەرەوە بوو و پێشوازی لە دەسپێشخەرییەکە کرد. کە وایە، با هەر لەو ڕستەیەوە دەست پێ بکەینەوە:

«بە گشتی، من هەموو هەوڵێک بۆ لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانیی ناوخۆیی ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی بە کارێکی گونجاو و ئەرێنی و بەکەڵک دەزانم.»

سەرتاپای ئەم ڕستەیە لێوانلێوە لە دژوازی و پارادۆکس، لەو ڕستەیەدا هەندێ وشە و چەمک وەک «پێشمەرجی سەلمێنراو» بەکار هێنراوە کە بچووکترین بەڵگە بۆ سەلماندنیان لە بەردەستدا نییە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت «بەبێ مەرج» پێشوازی لە «هەموو هەوڵێک» بکات؟ ڕەنگە ئەو هەوڵە مەبەستێکی شاراوەی لە پشتەوە بێت کە لە ڕوانینی یەکەمدا خۆی دەرنەخات، کە وایە، پێشوازیی بێمەرج بە تەواوی بێمانایە. ئەڵبەت لەم نموونە تایبەتەدا هەر بە گشتی بابەتەکە پێچەوانەیشە، چونکوو لایەنێکی فاشیستی ڕاستگەرا هەیە کە نیوەئاشکرا و نیوەشاراوە هەم دژایەتیی نەتەوە بندەستەکان دەکات و هەم دژایەتیی خەڵکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، هەر بۆیە لە بنەڕەتەوە هاوپەیمانبوون لەگەڵیدا هەم ناڕەوایە و هەم نامومکین. کەچی تاکە سەرنجی کاک عەبدوڵڵا کە زۆر بە نەرمونیان و موحیبەتیشەوە دەیدرکێنێت (تەنانەت نەیکردە ڕەخنەیش)، ئەوە بوو کە لە پەیامەکەدا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نەنووسراوە، ئەمەشی بە هەڵەیەکی بچووک دەزانی، نەک کارێکی بەئەنقەست بۆ لەخشتەبردنی ناوەرۆکی حەقیقیی بزووتنەوەکە و گۆڕینی بۆ بزاڤێکی «نیشتمانیی ناوەندتەوەرانەی پیاوسالارانەی ڕاستڕەوانە». ئینجا وتی ئەگەر واتان کردبا و دروشمەکەشتان نووسیبا ئەوە بۆ کوردیش باشتر دەبوو و دڵی پێ خۆش دەبوو!!! کاک عەبدوڵڵا هێشتا کوردی پێ ئۆبژە و بندەستە کە ناوەند ئەگەر هەر تەنها دڵی خۆش بکات، کافییە و بەسمانە، وەک بڵێی خەریکن خێرمان پێ دەکەن! ئاشکرایە ئەم نەفەس و هەوایە بە تەواوی هیی مرۆڤی خۆبەکۆیلەزانی بندەستی پەراوێزکەوتەیە کە خۆیشی لە ناهۆشیار و بگرە لە هۆشیاریدا قبووڵی کردووە کە قەدەری ئەو بندەستبوون و ئۆبژەبوونە و دەشێت گەورەکان لە ڕێی خودادا خێرێکی پێ بکەن یان نەیکەن!

ئینجا سێ وشەی «لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانی» بە سیفەتی «ناوخۆیی»شەوە دێت کە دیسانەوە هەڵڕشتن و وتنەوەی گوتاری مەترسیدار و کوشندەی ناوەندە کە دەیانەوێ لە ڕێی تەکنیکی «جوانسازی لە ڕێی وشەوە» پێمانی بقەبڵێنن و هۆشداریمان پێ بدەن کە ئەگەر مل بەم هاوپەیمانییە نەدەن کە ئێمە سەرکردە و فەرماندەیین، ئەوا بەر نەفرەتی قەدەری مێژووکرد دەکەون و هیچ دەستکەوتێکتان نابێت. لە ئاستێکی تردا کاک عەبدوڵلا تا ئێستە تەنانەت یەک جاریش ئاوا بێمەرج باسی زەروورەتی «لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانی»ی لە نێوان لایەنەکانی کوردستاندا نەکردووە و تا ئێستایش تاکە دەنگێکە لە ناو هەموو حیزبەکاندا کە بە ڕەقی و زەقی ڕێگری دەکات لە دروستبوونی هەرچەشنە بەرە یان پلاتفۆرمێکی کوردستانی. کەچی گلەیی دەکات بۆچی پەیامی هاوبەشی ئەو جەماعەتەی زووتر بە دەست نەگەیشتووە کە ئەویش بەشدار بوایەت، پەیامێک و بەرەیەک کە خۆی هیچ دەورێکی لە داڕشتنیدا نەبووە و وەک ماشینی ئیمزاکردن حیسابی بۆ کراوە! کەچی ئەو کۆمەڵە خەڵکە ناسیاسی و پەڕپووتە بە «ناوخۆیی» دەزانێت، بەڵام تا ئێستایش ئامادە نییە هەندێ لایەنی کوردی بە ناوخۆیی بزانێت!

ساڵانێک لەمەوپێش کە تازە کاک عەبدوڵڵا لە کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست جیا بووبووه‌وه‌ و ناوی لێ نرابوو «پرۆژەی ساغکردنەوەی کۆمەڵە»، زۆر بە ڕێکەوت کەوتمە ناو وەفدێکی ناوبژیکار: کۆمەڵێک کەسایەتیی خۆشناو و خاوەن‌مێژووی بزووتنەوەی چەپی باشووری کوردستان بە مەبەستی لێکنزیککردنەوەی هەردوو باڵەکەی کۆمەڵە، دەیانویست سەردانی زڕگوێزەڵە بکەن. هاوڕێیەکی نووسەری منیش لە وەفدەکەدا بوو، منیش بە سەفەرێک لە سلێمانی بووم و لەگەڵ ئەو هاوڕێ نووسەرەم، کاتێک باسی سەردانەکەی بۆ کردم، سەرەڕای هەموو مەترسییە ئەمنییەکان، لەگەڵیان ڕۆیشتم. لەوێ تێ گەیشتم کە ئەو ئینسانە بەڕێزە خەباتکارانە لە هاوڕێیانی زۆر کۆنی کاک عەبدوڵڵا و هەموو سەرکردایەتیی کۆمەڵەن و پێکڕا خەباتی هاوبەشیشیان کردووە. ئەوان خەمخۆری کۆمەڵە بوون و زۆر ناڕەحەت بوون لەوەی کۆمەڵە دووکەرت بووە، هەر بۆیە دەیانویست سەرەتا فەزای نێوان هەردوو لا نەرم و ئەهوەن بکەنەوە و ئینجا هەوڵ بدەن یەکیان بخەنەوە. لەو دانیشتنەدا کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، کاک عەبدوڵڵا زۆر توند و ڕەق هەڵوێستی گرت و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو لەگەڵ هاوخەباتانی کۆنی خۆیدا دانیشتنێکی بچووکیش بکات. قسەکانی کاک عەبدوڵڵا بە چەشنێک بوو دەتگوت لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا نەك تەنها بچووکترین خاڵی هاوبەش بوونی نییە، بەڵکوو تەنانەت کێشەی هەرەمەزن و بنەڕەتیی ئۆنتۆلۆژیکیشیان پێکەوە هەیە! هەر ئەو کاک عەبدوڵڵایە کە ئەودەم ئامادە نەبوو بە مەرجیشەوە لەگەڵ هەڤاڵانی لەمێژینەی خۆی کۆ ببێتەوە، ئێستە بەبێ مەرج لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و عەلی کەریمی و مەسیح عەلینژاد نەك تەنها کۆ دەبێتەوە، بەڵکوو بەبێ کۆبوونەوەیش ئامادەیە ئەوان شتێک بڵێن و ئەم یەکسەر ئیمزای بکات! یان هەر ئەم جارەی تریش کە لەگەڵ باڵەکەی تری کۆمەڵە یەکیان گرتەوە، پرۆسەی یەکگرتنەوەکە چەندین ساڵی پێ چوو، هەر تەنها «کارە ئیدارییەکانی یەکگرتنەوە!» ساڵێکی ڕەبەقی خایاند، بەڵام لەگەڵ «تاکەکەس»ی ناسیاسیی پانگەرای ئێرانیدا هەر لە دوورەوە و بەبێ دیدار و دیالۆگ و گفتوگۆیش هاوپەیمانی گرێ دەدات! هەرچەند ئەم شێوە هەڵسوکەوت و نزیکبوونەوەیە مایەی سەرسووڕمانێکی ئێجگار زۆرە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هۆکاری ئەم پێشوازییە ئێرانییە و ئەو ڕێگریکردنە کوردستانییە شرۆڤە بکات، ئەڵبەت مخابن زیاتر بە میتۆدی دەروونشیکاری و ئینجا پاش ئەوەیش لە سۆنگەی بەرژەوەندیی تەسکی زیاتر تاکی و کەمتر حیزبییەوە!

کاک عەبدوڵڵا لە بەشێکی تری ڕستەکەیدا دەڵێ «ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی»، واتە ئەو چەند کەسە هەم بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانێت و هەم بە دیمۆکراسیخوازیش. لە حاڵێکدا کە هەر لەسەر کاغەزیش هیچ‌کامیان خاوەنی تەنانەت ڕێکخراوەیەکی هەر زۆر بچووکیش نین، چ بگا بەوەی ئۆپۆزیسیۆن بن. ئینجا بۆ وێنە، عەلی کەریمی یان نازەنین بونیادی کە تا پێش ئەم شۆڕشە یان شەقیان لە تۆپ هەڵدەدا یان لەبەر کامێرای سینەمادا ئەکتیان دەنواند، هەر لە بنەڕەتدا چ تایبەتمەندییه‌كی سیاسییان تێدایە کە بتوانن بەشێک بن لە ئۆپۆزیسیۆن؟! لەمەیش سەیرتر، پاشگری «دیمۆکراسیخواز»ـە بۆ ڕەزا پەهلەوی، کەسێک کە تاکە تایبەتمەندیی هەموو ژیانی ئەوەیە کە بەرهەمی خەوتنی دایک و باوکیەتی لە شەوێکدا کە دەشیا نەخەوتایەن! کاک عەبدوڵڵا لە ڕژێمی باوکی شازادە وەلیعەهددا خەباتی کردووە و لە لایەن ئەو ڕژێمەوە زیندانی کراوە، ئێستەیش کوڕی هەمان باوک بە ئاشکرا ڕای دەگەیەنێت کە دەیەوێ مەزنایەتیی سەردەمی باوکی بگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، واتە سەرچەشنی جەنابیان هەمان حکوومەتەکەی باوکیەتی کە کاک عەبدوڵڵا بە ئەنقەست یان لە ئەنجامی لاوازبوونی یادەوەریدا هیچ باسی ناکات و وەک بڵێی هەر ئەویش نەبووە کە دژ بە باوکی جەنابی شازادە خەباتی کردووە و زیندانی چێشتووە! هەمووی چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بوو کە شازادە لە ساڵڕۆژی هێرشی دڕندانەی ئەرتەشەکەی باوکیدا بۆ سەر کۆماری ئازەربایجان پەیامی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئیدی ئەم گچکەمرۆڤە دەبێ چۆن هاوار بکات کە من فاشیستێکی پان‌فارسی ناوەندگەرام تا کاک عەبدوڵڵا ڕازی ببێت کە ئەگەر ناوێرێ یان نایەوێ دژی بوەستێتەوە، لانیکەم بە دیمۆکراسیخوازیش پێمانی نەفرۆشێتەوە و خۆڵ نەکاتە چاوی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانەوە؟

کاتێک وتووێژەکەی کاک عەبدوڵڵام لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران ئینتەرناشناڵدا بینی، زیاتر لەوەی نیگەرانی لەخشتەچوونی شۆڕشەکە بم، کە پێم وا نییە سەرەڕای هەموو پیلانەکان لە خشتە بچێت، نیگەرانی ئەو مێژووە دوورودرێژەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدی بووم کە بە خێراییەکی لەڕادەبەدەرەوە خەریکە بە دەستی خۆی کاولی دەکات و هیچ سەرمایەیەکی مەعنەوی بۆ خۆی ناهێڵێتەوە. ڕەنگە کاک عەبدوڵڵا موهتەدی خۆی ئاگادار نەبێت، بەڵام با دڵنیا ببێتەوە کە بە هۆی ئەم جۆرە ملکەچبوونەوە بۆ ناسیاسەتی ناوەندپەرستانی ئێرانی و وازهێنانی لە کوردستان و لە بەرەی چەپ و پێشکەوتنخواز، چەندین ساڵە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێگە و مێژووی بە قورسی کەوتووەتە بەر مەترسییەوە و ئاوا بڕوات یەکەم سەرکردە دەبێت کە دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە لایەن خەڵکەوە دەسڕرێتەوە و خانەنشین دەکرێت. بە داخەوە، کاک عەبدوڵڵا سەرەڕای ئەوەی لە دیاسپۆرا دەرسی خوێندووە و لە زانستی سیاسەتدا دوکتۆرای وەرگرتووە، بۆچوونەکانی نەك تەنها لە ڕووی فەلسەفی و مەعریفییەوە کورت دێنن، بەڵکوو تەنانەت زانیاری و دەیتای کۆمەڵناسانەی حەقیقییشیان تێدا نییە. یەک لە هۆکارەکانیشی ئەوەیە کە هێشتا نازانێ خەڵکی ناوخۆ چۆن بیر دەکەنەوە و لەگەڵ کێ دەبزوێن و لە ئاست کێ و چیدا هێڵی سووریان هەیە. مخابن، وا دیارە کڵاوی میدیای دەنگبەرزی ساختەی ئێرانی چووەتە سەری و وێنای لارولوێر و ناڕاستی ئەوان بۆ کوردستان و ئێرانیش بووەتە بنەمای شیکاری و تێگەیشتنەکانی کاک عەبدوڵڵا و بەو پێیەش، هەمان ئەو وێنەیە دەکاتە بناغەی بڕیارە سیاسییەکانی خۆی و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانیش.

ئەڵبەت ڕەنگە هەر ئەو دەرسخوێندنە خۆی یەکێک بێ لە هۆکارەکانی ئەم بێئاگایییە، چونکوو زانستی سیاسەت هەندێ جار مرۆڤ لە چوارچێوەی شێوەزانستێکی بە ڕواڵەت ئاکادیمیکدا قەتیس دەکات و زیاتر لەوەی مرۆڤەکان فێری مەعریفەی ڕەسەن بکات، فێریان دەکات چۆنچۆنی لە مەیدانی ڕیاڵ پۆلەتیکدا یاری بکەن، ئەمەش بە شێوەیەکی تەواوپۆزەتیڤیستی و خاڵی لە فەلسەفە و تەنانەت فەلسەفەی سیاسی. کاک عەبدوڵڵا تووشی مەکری ئەقڵ بووە و بە هۆی بەڵگەنامە و مێژوو و تەمەنی دوورودرێژی سکرتێرییەوە پێی وایە ئاوەزی خۆی بەشی تێگەیشتن و پلاندانان بۆ هەموو پێشهات و هاوکێشەکان دەکات و دواجار هەر خۆیەتی کە براوەی مەیدانەکەیە. ئێگۆی کاک عەبدوڵڵا بە ئاستێک گەورە بووەتەوە خەریکە هەموو دەوروبەری قووت دەدات و وەهمی گەورەی کاریزمابوون و سەرکۆماری و تاک‌سەرکردەی بۆ دەهۆنێتەوە. ماوەیەکە هەرکات کاک عەبدوڵڵا لە تەلەڤیزیۆنەکاندا دەبینم، یەکسەر بیری مەسعوود بارزانی دەکەومەوە کە چۆنچۆنی مەکری ئەقڵ و ئێگۆی زەبەلاح وای لێ کرد لە چەندین قۆناغی مێژووییدا هەڵەی هێند گەورە بکات کە ئەگەر هاوکێشە جیهانییەکان و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی زلهێز نەبوایەت، وەک بنەماڵەی تێزاری ڕووسیا ئێستە هیچ نیشانەیەک لە بنەماڵەی بارزانییش نەمابووه‌وە، کەچی کاک مەسعوود ئێستەیش هەر بەو نەفەسەوە پێی وایە خەریکی سیاسەتکردنە و نازانێ لە ڕاستیدا ئەوەی دەیکات، «ناسیاسەت»ێکی تۆخ و ڕووتە و فڕی بەسەر سیاسەتەوە نییە. کاک عەبدوڵلا بەختەوەرە کە هێشتا وەک ئۆپۆزیسیۆن دەردەکەوێت، نەک پۆزیسیۆن، چونکوو لێکەوتەی هەڵە کوشندەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بە شێوەیەکی بابەتییانە و ئاشکرا ڕەنگ ناداتەوە، ئەگینا زۆر زوو دەبوو بە بەشێک لە مێژوو. بیرمان نەچێ کە ڕۆژهەڵات قەت سەرکردەی وەک مەسعوود بارزانی قبووڵ ناکات، هیوادارم کاک عەبدوڵڵا قەت تووشی وەها وەهمێک نەبووبێ کە پێی وا بێ دەتوانێ بە میتۆدی بارزانی سەرکردایەتیی ڕۆژهەڵات بکات، هەر بیرلێکردنەوەیشی ڕووخێنەرە، چ بگا بە تاقیکردنەوەی! تەنانەت ئەوەش کە کاک عەبدوڵڵا و مەسعوود بارزانی بە ڕیاڵ پۆلەتیکی دەزانن، تەنها به‌شێكی ئاشکرای کێوە سەهۆڵەکەیە و بەشە گەورەکەی لەژێر ئاوەکەدایە و ئەوان نایبینن، خۆ هەر ئەگەر بیشیبینن، دەبێ لەوە تێ بگەن کە یاریکردن لە مەیدانی ڕیاڵ پۆلەتیکدا بە «هێز» دەکرێت و ئەو هێزەیش پێش هەر شتێکی تر، بوونی ڕەوایەتی و شەرعییەتە لە ناو خەڵکەکەی خۆتدا و هەموو شتێکی تر لە ئاست ئەم پرەنسیبە بنچینەییەدا پەراوێزە. بوون بە بەشێک لە یاری و پلانی هەرێمی و گرتنەبەری ڕێبازێکی کرداری کە بە هەڵە بە «ماکیاڤیلیزم» ناوی دەرکردووە و نەبوونی هێڵی سوور و «دانیشتن تەنانەت لەگەڵ شەیتانیشدا»، بە هیچ شێوەیەک ڕیاڵ پۆلەتیک نییە، بەڵکوو تەنها گۆڕینی سیاسەتە بۆ لۆبی و مامەڵەی بازرگانی بە مەبەستی وەرگرتنی زیاترین بەش لە بەرژەوەندیی تاکی و بنەماڵەیی و گرووپیدا. تەنانەت ڕیاڵ پۆلەتیکیش کە قێزەونترین بەشی دونیای سیاسەتە، هەر پشت بە هێزی ناوخۆیی دەبەستێت و هیچ یاریزانێک بەبێ بوونی هێز و ڕەوایەتیی ناوخۆیی پتەو، ناتوانێت لەو یارییەدا براوە بێت. نموونەی ڕیفراندۆمەکەی بارزانی، كه‌ دەبوو ببوایە بە وانەیەک بۆ هەموو شەیدایانی ڕیاڵ پۆلەتیک کە بە داخەوە وا دیارە نەبووە.

با ئاوڕێک لە شێواز و تەکنیکی پلانداڕێژەرانی ئەو «هاوپەیمانی»یەش بدەینەوە، ڕەنگە لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتنەدا لە مەبەستە شاراوەکانی پشتەوەی بەناو دەسپێشخەرییە پیرۆزەکەیش بگەین.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دیاریکراوی لە دوای بەفرانباری ١٣٩٦ـەوە (دێسامبری ٢٠١٧) واتە ڕێک لە ٥ ساڵ لەمەوپێشەوە کە بۆ یەکەم جار خەڵکی سەرانسەری ئێران بە جووڵەیەکی ڕووخێنەرانە پارادایم شیفتیان کرد و ئاڕاستەی ڕووخاندنی حکوومەتیان گرتە بەر، هەموان کەوتنە بیری حکوومەتی دوای کۆماری ئیسلامی. لەم پرۆسەی خۆئامادەکردنەدا لایەنێک هەبوو کە بە ڕاشکاوانە حکوومەتی داهاتووی بە مافی پیرۆز و ئیلاهیی خۆی دەزانی و بۆ چەسپاندنی ئەم بۆچوونە لە ناو فەزای میدیاییدا، هەوڵێکی چەندڕەهەندیی کاریگەری خستبووە گەڕ: پاشایەتیخوازان بە سەرکردایەتیی کوڕی پاشای پێشوو کە بە درێژاییی تەمەنی یەک چرکەیش چییە سیاسەتی نەکردووە. دیارە تاکە شتێک وا لەم بەرەیە دەکات خۆی بە خاوەنی مافی حکوومەت و سەروەری بزانێت، تەنهاوتەنها «شازادەبوون» و ئینجا «نێربوون»ی ڕەزا پەهلەوییە، کە وایە، بنەمای «ماف»ـەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو ماکی «شازادەبوون و نێربوون»، لە حاڵێکدا کە بزاڤی هەنووکەی کوردستان و ئێران لە بنەڕەتەوە دژی هەرچەشنە هەڵاواردنێکە، لە سەرووی هەموویشیەوە، هەڵاواردنی جێندەری و چینایەتی. هەروەها دژی هەرچەشنە پیرۆزایەتییەکی مێژووکردە کە بێگومان پاشایەتی لە ڕیزی هەرەپێشەوەی ئەم بەپیرۆزکردنانەدایە. لە هەردوو بزاڤی جەماوەریی پێش شۆڕشی ژینادا، وتنەوەی دروشمی بژی ڕەزاخان وای کردبوو کە جەماعەتی پاشایەتیخواز پێیان وا بێ خاوەنی دەنگی زۆرینەی جەماوەری ئێرانن، هەر بۆیە بە دەنگێکی دلێرەوە و لە ڕێی گرووپە فاشیستییەکەیانەوە کە ناویان نابوو «فەرەشگەرد»، بە ئاشکرا کەوتنە پەلاماردانی هەموو دەنگێکی جیاواز، ئەوەیش بە مەبەستی قورسکردنەوەی فەزا بۆ هەر جۆرە ڕەخنەگرتنێک لە مەیلی پاشاخوازانە. تا پێش شۆڕشی ژینا، بەشێک لە خەڵکی ئێران بە ئەقڵی بەراوردکارانە، نەک ئەقڵی ئارگیۆمێنتاڵ و به‌ڵگه‌ساز، کەوتبوونە بەراوردکردنی حکوومەتی پێشوو و حکوومەتی ئێستە، نواندنەوەی جوانیسازانەی میدیای فارسیی دەرەوەیش یارمەتیی ئەم بەراوردکارییەی دابوو و خەڵکانێک پێیان وا بوو پاشایەتی باشتر بوو لە ئیسلامگەراییەکەی ئێستە و دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پێش شۆڕشی ١٩٧٩. گەورەترین هۆکاری ئەمەیش دەگەڕایەوە بۆ نەبوونی گوتاری ئەڵتەرناتیڤ، گوتارێک کە بتوانێت هەردووکیان تێ بپەڕێنێت و هاوکات ببێتە خاوەنی نفووزی جەماوەریی گەورەیش. بەڵام شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کە زادەی کوردستانە، درزێکی گەورەی خستە ناو ڕەوتی ڕوولەپەرەی مەزنخوازیی ئێرانییەوە و بە گەڕانەوە بۆ «ژن»، وەك ستەملێکراوترین تاک و توێژی کۆمەڵگه‌ کە توانای ئازادکردنی گەورەترین پۆتانسیەلی یەکسانیخوازانەی ڕادیکاڵی هەیە، ئاسۆیەکی تازەی لە بەردەم بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێراندا کردەوە. هەر بۆیە بە پێچەوانەی هەردوو سەرهەڵدانی دێسامبری ٢٠١٧ و نۆڤامبری ٢٠١٩، سەرەڕای دەنگی گەورەی میدیای فارسیی دەرەوە و سەرمایەگوزاریی قەبەی هەندێ وڵاتی هەرێمی و جیهانی بۆ بەئەڵتەرناتیڤکردنی ڕەزا پەهلەوی، لە ڕاپەڕینی ئەم جارەدا هیچ ئاماژەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ دروشم و هۆتافی پاشایەتیخوازانە لە ناو شەقامەکانی ئێراندا نابینین. بەڵام ئەم دەنگە لە دەرەوەی ئێران هێشتا تا ڕادەیەک بە بەرزی ماوەتەوە و دەروێشەکانی جەنابی پەهلەوی هەوڵیان داوە بە جنێوفرۆشی و «هەوچیگەری» و تەشهیر و ناوزڕاندن سەرەتا خەڵکانی دژبەر کپ و بێدەنگ بکەن و پاشان کەسانی مامناوەند و کەمدەنگ بکەنە بەشێک لە تەیارەکەی خۆیان. دوان لە ئەندامانی دەسپێشخەرییەکە، واتە حامید ئیسماعیلیوون و گوڵشیفتە فەراهانی، لەو کەسانەن کە بە هێرشکردنە سەریان وایان لێ کردن لەگەڵ وەلیعەهدی پەهلەویدا بەیعەت بکەن. کە وایە، هەر هەموو ئەم بەناو دەسپێشخەری و هاوپەیمانییە تەنها بۆ سەپاندنی شازادەیە، هەرکەس و لایەنێکی دیکەیش تێکەڵ بەو بەرەیە ببێ، تەنها خەریکە یارمەتیی ڕەوتی ڕەوایەتیدان و بەسەرۆککردنی شازادە دەدات و هیچی تر.

ئەم میتۆدی خۆسەپاندنە ڕەگی لە ناو مێژووی ئێرانیشدا هەیە، میتۆدێک لە مێژووی کۆنەوە دەست پێ دەکات و تا دونیای هاوچەرخیش درێژ دەبێتەوە. ئەگەر ئاوڕێک لە «دەوڵەت-نەتەوە»ی ئێرانی چ وەک چەمک و چ وەک مێژوو بدەینەوە، تێ دەگەین کە هەر لە یەکەم ساتەوەختی پێکهاتنی ئەم پێکهاتە سەپێنراو و ساختەیەوە، هیچ تایبەتمەندییەکی تەبا لەگەڵ هەردوو چەمکی بنەڕەتیی «ئازادی» و «دادپەروەری» لە دووتوێ و ناوەرۆکی ئەم دەوڵەتەدا بەدی ناکرێت. واتە خودی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی بەرهەمی سەپاندنێکی ڕووتە کە هیچ ڕێكکەوتنێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی پاڵپشتی نەبووە و هەمیشە بەرهەمهێنەرەوەی چەمکی وەک «ناوەند-پەراوێز»، «ئەرباب-بەندە» و «سەردەست-بندەست» بووە.

ئێستەیش ئەوان دیسان بانگهێشتمان دەکەن تا «بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر چەشنە جیاوازی و ئەندێشە و بۆچوونێکی سیاسی»، ببینە «هاوپەیمان»، چونکوو تاکەئامانجمان «ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی»یە و هەر بۆیە دەبێ جیاوازییەکان فڕێ بدەین و وەک دەنکەکانی تەزبیح لە دەوری یەک کۆ ببینەوە، دیارە ئیمامی تەزبیحەکەیش فەخامەتی جەنابی شازادەیە. لە پشت ئەم تێڕوانینە تۆتالیتەرەوە زیهنییەت و مێنتاڵیتییەکی بەهێز خۆی حەشار داوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات و پاشان وەلانانی هەر هێزێکی دیکە کە دەشێت لە بەرانبەریاندا جیاوازییەکان بنوێنێتەوە و خۆی بە هاوشانی پاشا بزانێت. کاتێک خومەینی لە نۆفل لۆشاتۆی پاریسەوە مانیفێستی حکوومەتی داهاتووی بۆ میدیاکاران ڕوون دەکردەوە، بەشی هەرە زۆری قسەکانی دیمۆکراتیکتر بوو لەوەی پاشایەتیخوازان و ناوەندخوازانی ئێستە دەیڵێن. لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە لایەن ئەم تەیارەوە، بێگومان ئەوان زۆر زووتر لە خومەینی دەکەونە سەرکوتکردنی هەر تاک و تەیارێک كو بەیعەتیان پێ نه‌دات.

لەبەر ڕۆشناییی ئەم شیکارییە سەرپێییەدا، با دیسان بگەڕێینەوە بۆ لای کاک عەبدوڵڵا و هەوڵەکانی بۆ خۆنزیککردنەوە لە پاوانخوازانی ئێرانی. چەند ساڵێک لەمەوپێش کابرایەکی پان‌ئێرانیستی دیکە بە ناوی عەلیڕەزا نووریزادە گێڕایەوە کە دوو سەرکردەی کورد لە ماڵەکەی ئەو لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی دانیشتوون و پێیان وتووە تا بانە ئێسکۆرتت دەکەین، دواتر دەرکەوت کە ئەو قسەیەش هەر کاک عەبدوڵڵا کردوویەتی. بەڕێزیان لە وتووێژێکی دیکەیشدا لەگەڵ هەمان تەلەڤیزیۆن و لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاردا کە دەپرسێت ئاگەر هات و مۆدێلی فێدراڵی بۆ داهاتووی ئێران قبووڵ نەکرا ئێوە چ هەڵوێستێکتان دەبێت، دەڵێ با پێش ڕووداوەکان نەکەوین! واتە کاک عەبدوڵڵا پێشوەختە قبووڵی کردووە کە بۆ دیاریکردنی مۆدێلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه‌ی کوردستانیش، دیسان هەر ناوەندە کە خاوەنڕا و خودانە، لە حاڵێکدا کە ئەوە تەنها مافی خەڵکی کوردستانە و هیچ کەسێکی تر بۆی نییە بۆ چارەنووسی ئەم خەڵکە بڕیار بدات، پێم وا نییە هیچ شتێک بە قەدەر ئەم بابەتە ڕوون و شەفاف بێ، کەچی کاک عەبدوڵڵا ئامادە نییە هەر تۆسقاڵێکیش چییە ئاماژەی بۆ بكات، نەکا پێگەی لە ناو فارس و ئێرانییەکاندا بکەوێتە بەر مەترسییەوە و پێی بڵێین جوداییخواز!

بە داخەوە، کاک عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە کۆنترین سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژی خەبات و تێکۆشانە، هێندە ئاستی خۆی و بزاڤەکەی دابەزاندووە کە ئەو زیهنییەتەی لای ڕاستڕەوانی پاوانخواز دروست کردووە کە بڵێن ئیدی پێویست بە دانیشتنیش نییە، خۆمان بینووسین و بینێرین با ئیمزای بکات! بریا کاک عەبدوڵڵا تێ دەگەیشت کە ئەوەی دەیکات، بە هیچ شێوەیەک یاریکردن لە ناو ڕیاڵ پۆلەتیکدا نییە، بەڵکوو هێمای داکەوتنی شۆڕشگێڕێکە لە ترۆپکی ئارمانگەرایییەوە بۆ قووڵاییی بێمانایی و ملکەچبوون. دەنگە زل و نەکەرەکانی دەرەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی ناوخۆ ناکەن و تەنها بە زەبری پارە و هەوچیگەری دەیانەوێ خۆیان بسەپێنن، خۆزگە کاک عەبدوڵڵا لەباتیی دانیشتن لە بەردەم شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان و موغازەلەی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرەی پاوانخوازی ئێرانیدا، وتار و نووسینی ڕووناکبیران و مامۆستایان و خوێندکاران و چالاکانی ناوخۆی ئێرانی دەخوێندەوە کە بەشی هەرە زۆریان بە قووڵی لەو حەقیقەتە گەیشتوون کە ئەم شۆڕشە بە پێچەوانەی بۆچوونی ئێرانشاریخوازانی وەک تەباتەبایی، «شۆڕشی نەتەوەیی» ئێران نییە، بەڵکوو «شۆڕشی خەڵک» و شۆڕشی ستەملێکراوانە کە بەردەوام قووڵتر و پڕناوەرۆکتر دەبێتەوە و ئاڕاستە یەکسانیخوازەکەی لە گەشەونەشەیەکی بزۆزدایە. یان خۆزگە گوێی لە شەقامەکانی ناوخۆ دەگرت کە بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن “نە شامان دەوێ، نە ڕێبەر”، یاخود هەڵوێستی بنەماڵەی شەهیدانی دەکردە پێوەر؛ قسەکانی باوکی کۆمار، مانیفیستە سیاسییەکەی هاوژینەکەی فواد موحەممەدی، نووسینی سەر کێلەکەی ژینا و… بە داخەوە سەرچاوەی زانیارییەکانی کاک عەبدوڵڵا بە ئاستێک بەرکورت و چەواشەن کە نەك تەنها هیچ دەرفەتێک بۆ تێگەیشتنی ڕاست و حەقیقی فەراهەم ناکەن، بەڵکوو زانیاریی چەوت و درۆیش دەگوێزنەوە و بەردەنگ لە ناو پێچه‌ڵپێچێكی زانیاریی ساختەدا نغرۆ دەکەن تا «خولیا»کانی خۆیانی لێ بکەن بە حەقیقەتی ڕەهای گومانهەڵنەگر.

شۆڕشی کورد جارێک کڵاوی مەنسوور حیکمەتی چووەتە سەر، لانیکەم ئەو چوار کتێبی خوێندبووه‌وە و سەرکردایەتیی ئەودەمی کوردیش لاو و کەمئەزموون بوون، هەر بۆیە ئەگەرچی ئەوەیش پاساوهەڵگر نییە، بەڵام دەتوانین لێی تێ بگەین کە ئەو کارەساتە بۆچی ڕووی دا. بەڵام ئێستە نە کاک عەبدوڵڵا لاوێکی کەمئەزموونە و نە شازادەیش بە هەموو ژیانی لاپەڕەی ڕۆژنامەیەکی کردووەتەوە، ئەو ڕێک وەک سەرکۆمارە گاڵتەجاڕەکەی ئێستەی ئێران، تەنانەت لە ڕووی کاغەزیشەوە ناتوانێت بەبێ هەڵە دەقێکی سادەی ڕۆژانە بخوێنێتەوە. هەر بۆیە ئەم جارە هیچ پاساوێک بۆ فریوخواردن لە گۆڕێدا نییە و چ کاک عەبدوڵڵا و چ هەر کەسایەتی یان سەرکردەیەکی دڵفراوان و بەخشندەی تر، بۆی نییە بەرهەمی خەبات و ڕەنجی خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان پێشکەش بە دوژمنانی ئازادی و دادپەروەری بکات.

ئەم شۆڕشە پێش هەموو شتێک دژ بە هەڵاواردن و فاشیزمە، نەفسی قبووڵکردنی ئەوەی کە ڕەزا پەهلەوی لەبەر ئەوەی کە شازادەیە مافی سیاسەتکردنی هەیە، قبووڵکردنی مافی سەروەرییە بەپێی خوێن و هیرارشییەتی کۆنەپەرستانەی فیۆدالی و بەو پێیەش تەسلیمبوونە بە فاشیزم و هەڵاواردن.

دواجار، با دووبارەی بکەمەوە کە دروستکردنی بەرە و هاوپەیمانیی ساختەی شازادەتەوەر بە هیچ شێوەیەک جێگه‌ی ترس و نیگەرانی نییە و بە دڵنیایییەوە جێگه‌یەکی ئەوتۆیان لە داهاتووی ئێراندا نابێت، تاکە نیگەرانی ئەوەیە کە کاک عەبدوڵڵا و بەشێک لە کۆمەڵە بە مێژوویەکی دوورودرێژی خەبات و قوربانیدانەوە شایانی ئەم چارەنووسە بێمانایە نین. هیوادارم کاک عەبدوڵڵا لەم نیگەرانییە تێ بگات و بە تەوازوعێکی سوكراتییەوە ئاوڕ لە کرداری ئەم چەند ساڵەی کۆتاییی خۆی بداتەوە و پێداچوونەوەیەکی جیدی بە هەڵوێست و بڕیارەکانیدا بکات.