ڕەنگ و یادەوەریی شوێن

چەند یادداشتێک دەربارەی دواپێشانگەی مەدحەت کاکەیی

١

لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ڕێک (٣٠ی ١٢)، لە سلێمانی، گەڕەکی شێخان، لە کۆڵانێکی پێچاوپێچ و تەنگ، لە خانوویەکی کۆنینە و داڕووخاودا، هونەرمەندی شێوەکار مەدحەت کاکەیی پێشانگەیەکی “یەک‌ڕۆژەیی” کردەوە. هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بۆ کارێکی هونەری، دەکرێت بۆخۆی ببێتە مایەی لەسەروەستان و لێوردبوونەوە، ئەو خانووەی مەدحەت کاکەیی کارەکانی تێدا نمایش کردبوون، وێڕای فەرامۆشی و لەبیرکردن، هاوکات جێیەک بوو پڕ لە پیسایی، پاشەڕۆک، خاشاک، جلی ژێرەوەی ژنان، پێڵاوی تاکەوتاک و ڕەنگاوڕەنگ، جانتای کاڵبووە و دڕاوی چەرمین، چڵوچێوی پرژوبڵاو، درەختی قەد سووتاو و نیوەوشک، قوتووی بیرە و شووشەی شەربەت و ئۆزۆ، هاوکات هاتوچۆی بەردەوامی سێ پشیلەی مێینەی برسی و کزۆڵەش. مەدحەت لە ناوەندی ئەو گەورەزبڵخانەیەدا و بە دیوارە گڵین و درزبردووەکانیەوە تابلۆکانی هەڵواسیبوون، ئەمە وێڕای بیرخەرەوەی هەندی نموونەی جیهانی سەر بەم چەشنە لە نمایش، هاوتەک یادهێنانەوەیەکە لە ڕۆژانێکیش کە ژیان و کەسانێک لێرەدا بوون و لەگەڵ تاریکداهاتنی دواترووسکە لەم شوێنەشدا، دنیایەک خەون و ئارەزووی ون و فەوتاویش ئاوەوئاو چوون. کاکەیی لەخۆڕا و هەروا ئەم شوێنەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو سەرەتا وەک بیرۆکە و دواتریش وەک ئایدیا لێی ڕاماوە و پاشتریش وەک جێیەک بۆ نمایش، هەڵیبژاردووە. هەر بینین و قسەکردنێکی من دەربارەی ئەو پێشانگەیەی مەدحەت کاکەیی شتێکە تەنیا لەناو کایەی ئەدەبیات و یادەوەریدا دەردەبڕدرێت و دەتوانم کۆی پڕۆژەکە لە بازنەی ئەدەبیات و یادەوەریدا وێنا بکەم و لێی بدوێم، وەک تر، نووسینێکی پسپۆڕانە دەربارەی هونەری شێوەکاری و تایبەت ئەو کارانەی مەدحەت کاکەیی لەو پێشانگەیەدا، لە توانای ئەم نووسینە و خودی نووسەرەکەشیدا نییە.

٢

بۆ دوان لە کارەکانی مەدحەت، لەو لایەنەوە کە هەموو دوانەکان کورت و کەم بێنن، باشترین دەرچە هەر «ڕەنگ»ە. کاتێک تەماشای ئەزموونی ئەم هونەرمەندە دەکەین، لە درێژەی نزیک بە نیو سەدە کارکردندا، دەبینین چەند شێواز و قوتابخانەی جیا جیا و لێک‌دووری تەجرووبە کردوون، دوایین وێستگە ئەم شێوازەیە لە تابلۆکێشان، کە تەنیا «ڕەنگ» باڵادەستە و سەرتاپایی چوارچێوەی تابلۆکانی داگرتووە. مەدحەت لەم ئەزموونەدا، کە دەتوانین بۆ ئەم قۆناغەی وەک دوائەزموون تەماشای بکەین، گەیشتووەتە جێیەکی سەخت و هاوکات ساکار، جێیەک کە تۆ لە بەردەم تابلۆیەکدا ڕادەگرێ کە تەنیا «ڕەنگ»ە و هیچی دی، بە وتەیەکی کورت و کۆنکرێتی؛ دەتوانین ئەو جێیە بە «ڕەنگ لەوپەڕی پەتی»دا، پێناس بکەین.

ئەم پەتیبوونەوەیە لە ڕەنگ و سڕینەوەی فیگۆر و هێڵ و زەخرەفە و مەنزوور و… بینەر تووشی قەیرانی پەیوەندی و نەبوونی مانا و تێنەگەیشتن لە تابلۆکان دەکات، هەست دەکەی ئەم تابلۆیانە جیا لە ڕەنگ هەڵگری دەلالەت و هۆکردی دیکەن، بەڵام لە گەڕان بە شوێن ئەو ڕایەڵ و پنتانەی کە بتگەیەنن بەو پانتایییە لە دەلالەت و مانا، نائومێد دەبیت و ڕەنگە دواجاریش جیا لە بینینی کۆمەڵێک «ڕەنگ» لە چوارچێوە و قەبارەی جیاوازدا، بەتاڵ و دڵتەنگ لێی بێیتە دەرەوە. لەوانەیە کونجکۆڵ بیت، بتەوێ پشتینە و ناوەوەی تابلۆکان ببینیت و بخوێنیتەوە، شتێک لە مەراق و حەسرەت داتبگرێ، بەڵام نا، «ڕەنگ»ەکە لەو چوارچێوەیەدا هەموو شتەکەیە و تەواو. بۆ کۆمەک و یارمەتی، دیسان پەنا وەبەر ئەدەبیات و دێڕێک لە نیکۆس کازانتزاکی لە کتێبی «سۆفیگەرێتی»دا دەبەم، کە دەڵێت: «پەردەیەکی خەیاڵی ڕەنگین لە بەردەم کەندەڵانێکدا دەنەخشێنم، پێم مەڵێ پەردەکە لادە با تابلۆکە ببینم، پەردەکە خۆی تابلۆکەیە.»

٣

ڕۆحیانەت، هاوڕێیان و تابلۆ

ئەمڕۆ نەختە نەختە خەریکە شتێکمان بە ناوی خانووی کۆن و گڵ نامێنێت، هەموو کۆڵان و گەڕەک و بازاڕەکان پڕبوون لە خانووی چیمەنتۆ، بە نەمانی ئەو شێوازە لە بیناسازی و خانووبەرە، بەشێکی زۆر لە یادەوەریی شاریش تووشی سڕینەوە و فەوتان دەبێت. خانووی گڵ بۆ زۆر کەس، بە تایبەت ئەوانەی ڕۆژانێک لەو خانووانەدا ژیاون، مانایەکی تایبەتی هەیە و تێکەڵ بە نۆستالژیا و بیرەوەریی تاکەکەسی و بنەماڵەیییان دەبێت. بۆ ئەمڕۆ، خانووی کۆن و پرتووکاو دەلالەتی زۆر هەڵدەگرێ، ڕەنگە بنەڕەتیترینیان «مەرگ» بێت، مەرگ وەک دوایین وێستگەی ژیان. بینینی ئەو خانووانە بەر لە هەر شت بیرخەرەوەی مەرگە، مەرگی کەسانێک لەوێدا ژیاون و لەوێدا مردوون، مەرگی خودی خانووەکانیش. بۆ من، لە هەرجێ و هەرکات ئەو خانووانە دەبینم، خۆبەخۆ دەبەسترێمەوە بەو کەسانەی زووتر، زۆر زۆر زووتر، لەوێدا ژیاون و لەژێر میچ و نێوان دیوارەکاندا، ئاواتیان چنیوە و هەموو سبەی و خۆرهەڵاتنێک، هیوایەکیان هەبووە. ئەو خانووانە نوختەی تێکڕژان و پێکگەیشتنەوەی ڕۆحیانەت و تارماییی ئەو کەسانەیە لە شەودا، هەر بۆیە کاتێک بە لایاندا تێپەڕ دەبین تووشی دۆخێک دێین؛ هاوشێوەی دۆشدامان و ماتەم. ئەو خانووانە دەتوانن بکشێن و بێنە هەناوی ئێمە و بە تۆزوخۆڵی لەسەرنیشتوویان، خەمگینمان بکەن. ئەگەرچی بینینی ئەو خانووانە لەوپەڕی فەرامۆشی و بێنرخبووندا برینێکە و ئازارێک، لەگەڵ ئەوەشدا هەست دەکەی ئێستاش لە زۆر لەو خانووە دوامۆدێل و بەرزانە پاکتر‌ و بێگەردترن، ڕەنگە ئەوەش بۆ خودی ڕۆحیانەتەکان بگەڕێتەوە لە هەدوو خانووەکەدا، لەوسا و ئێستادا. مەدحەت کاکەیی هەموو ئەوانەی لە یادە و بە هەڵبژاردنی ئەو ڕووبەرە فەرامۆشکراوە بۆ نمایشەکەی، بە گونجاندنی تابلۆ یەکڕەنگەکان لەسەر دیوارە کاگڵی و شەقبردووەکان، هارمۆنیایەک پێک دەهێنێت و ئێمە خەمگین دەکات.

لە درکاندنێکدا، هونەرمەند مەدحەت کاکەیی گوتی، بڕیار بووە ناو لە پێشانگەکەی بنێت، سەرەتا ویستوویەتی بنووسێت: «خۆشتم ئەوێی سلێمانی»، دواتر ویستوویەتی بنووسێت: «یادێک بۆ ڕۆحی هەردوو هونەرمەند: سەروەت سەوز و کامەران شەوقی»، لە سەروەختی ئامادەکردنی شوێن و ڕێکخستن و هەڵبژاردنی تابلۆکاندا، هەواڵی مردنی یەکێکی دی لە هاوڕێ نزیک و ئەندازیارە گەورەکانی یابان و دنیای بیستووە، ئەو ئەندازیارە جارێک لە جاران هەر لە ڕێی مەدحەت کاکەیییەوە هاتووەتە کوردستان، ئاراتا ئیسۆزاکی (Arata Isozaki) ناوی ئەو ئەندازیار-هونەرمەندەیە کە لە (٢٨ی ١٢)، دوو ڕۆژ بەر لە پێشانگەکەی کاکەیی دەمرێت، هەر بەو بۆنەیەوە و بە یادی ئەو سێ هاوڕێیە و وەک پرسەیەکی یەک‌ڕۆژی، مەدحەت پۆستەری کردنەوەی پێشانگەکەی لەسەر لافیتەیەکی ڕەش دەنووسێت و بە جێیەی گشتیدا هەڵیدەواسێت و وەک عادەتی پرسە، ماوەی پێشانگەکەی «یەک‌ڕۆژ» بەردەوام دەبێت؛ پێشانگەیەکی بێناو!

٤

تۆ بە ناو ئەو جێخانووە زبڵئاسایەدا دەگەڕێیت و دەگەڕێیت، تەماشای تابلۆکان دەکەی، پشیلەکان دەتبینن، بەسەر دیوارە خۆڵینە نیوەداڕماوەکەوەن، تەماشای تۆ و ئەوانی تر دەکەن و جۆرێک حەپەساون، ئاوڕ دەدەیتەوە و پێکڕا باز دەدەنە خوارەوە. پاش چەندجار دەوروخول بە ناو جێخانووەکە و وەستان لەپێش تابلۆکان، لە پێشانگەکە دێیتە دەرەوە. دواجار هەرسێ پشیلەکە دەبینیتەوە کە خەریکن ئەو خواردنە بخۆن مەدحەت کاکەیی لە نزیک چوارچێوەی پەنجەرەیەکی دارینی کرمۆڵبوو، بۆی داناون.

٥

مەدحەت کاکەیی لە کەرکووک لەدایک بووە، بەڵام لەو کەسانەیە کە خەڵکی جیهان و گەردوونن، ئەو گەڕۆک، یان فلانۆرێکە بە مانای ئەوەی وا واڵتەر بنیامین دەیڵێت؛ گەڕۆکێک بە شار و شەقامەکانی دنیادا، بە ڕامان و وەستان لەسەر بچووکترین شتەکان. دیسان بە وتەی مارشاڵ بێرمەن لە کتێبی «ئەزموونی مۆدێرنێتی»دا، مەدحەتی «شێوەکار کەسێکە ڕوانین و توانای خۆی لەسەر سەلیقەی باوی ڕۆژ، ئەخلاق و سۆزەکانی ئەم  ژیانە چڕ دەکاتەوە، [توانا و ڕوانینی] لەسەر چرکەی تێپەڕ و هەموو ئەو نیشانانەی نەمری کە له هەناوی ئەو چرکەدان» ڕادەگرێت. کاکەیی ئەمڕۆ لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ناسراوە، کارەکانی لە گەلەرییە بەناوبانگ و دەگمەنەکان نمایش کراون و ڕەخنەگرانی پسپۆڕ و شارەزا دەربارەیان نووسیوە، بەڵام لێرە، لە کوردستان، لە زێدی خۆی، گومناوە، کەسانێکی کەم و دەستەبژێری لێ دەرچێ، نەناسراوە، ئینسان نازانێت بۆ ئەم دۆخەی هونەرمەند مەدحەت کاکەیی خۆشبەخت بێت یان دڵتەنگ! ڕەنگە “خۆشبەخت” وەڵامە ڕاستەکە بێت؛ بۆ نا.

سەرنجێک بنوسن