توندڕەوی: تۆڵەی شکستخواردوو

لە ئینگلیزییەوە: بڵند ئێزەدی

ئایا کێماسی یان بێبەشیی سێکسی، گەنجی توڕە دەگۆڕێت بۆ بکوژ؟


ئایا دەستپەڕ سەر دەکێشێت بۆ خۆتەقاندنەوە؟ ڕەنگە کەس وا بیر نەکاتەوە. چەندێک دەستپەڕ پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ کوێری و شیزۆفرینیا هەیە، هێندەیش خۆتەقاندنەوە. بەڵام ڕەنگە پەیوەندییەک هەبێت لەنێوان ناکامی یاخوود نامرادیی سێکسی، لەگەڵ پەلکێشان بۆ توندڕەویی توندوتیژانە. هاوکات ئەمە تێمایەکی ڕۆمانێکی سەرنجکێشیشە: حەڤدە، دەقەکە ڕۆماننووسی یابانیی کونزابورۆ ئۆوی براوەی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵ بۆ ساڵی ١٩٩٤، نووسیویە. زەمەنی چیرۆکەکە، شەستەکانی سەدەی ڕابردووە، ئەو سەردەمەی تێیدا نووسراوە.

کارەکتەری سەرەکی کوڕێکی حەڤدەساڵانە، کە ناتوانێت دەسپەڕ نەکات؛ ئەم کوڕە لە حەمام، لەسەر چرپاکەی، لە باخچەکان و تەنانەت لە پۆلەکەیشی دەستپەڕ دەکات. ئەو، وەکوو چۆن شەرمی لە هەموو شتێک دەکرد، ئەوهاش شەرمی لەم خووەی دەکرد. لە یاریدا باش نییە، شکستخواردوو لەگەڵ کچاندا و کەڵەگایش لە ماڵەوە، لەگەڵ کەسیشدا هەڵ ناکات، نە لەگەڵ باوکە لیبڕاڵە حولحولییەکەی، نە لەگەڵ دایک و خوشکەکەی، نە لەگەڵ مامۆستاکانیشی، بگرە لەگەل خۆیشیدا. هەمیشە هەستیارە و هەست دەکات ناچیزێکی شکستخواردووە، تەنها شتێک بتوانێت بیکات دەستپەڕە؛ لەگەڵ ئەوەشدا تۆقیوە لەوەی هەموو دونیا تەنها بە سەیرکردنی بزانن چی دەکات.

   بەڵام هەمیشە ڕزگاری لە بەردەستە. کوڕەکە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە بە باندێک ناسێندرا، باندێکی لاوی ئەوپەڕ ڕاستڕەو و، یەکپۆش، شوێنکەوتەی ڕێبەرێک بوون هەڵیتوپەڵیتی لەبارەی کۆمونیستەکان و سۆشیالیستە خیانتکارەکانەوە دەوت، باسیان لە سەرکەوتنەکانی ئیمپراتۆریەتی یابانیان دەکرد. ئەم دەستپەڕەچییە مەزنە، هەر زوو، جلوبەرگ و پێڵاوی فەرمی پێ درا؛ وەکوو سەربازێکی شانشینەکە لە دژی بێگانە و چەپە خیانەتکارەکانە، وەرگیرا. تەنانەت خۆی لە چەند گێچەڵێکی شەڕانگێزانەش تێوەگلاند. لە ژوورێکی مەساجدا، بە جلە فەرمییە نوێیەکانییەوە، بە خەونبینین بە دەسەڵاتی ڕەها و کوشتنی دوژمنەکانی و دەستدرێژی بۆ سەر ژن و کچەکانیان و مردن لەپێناو ئیمپراتۆرە شکۆدارەکەیدا، بە یەکەم ئۆرگازمی چێژبەخشانەی خۆی گەیشت.

ئەمە بەشە سەرەکییەکەی گێڕانەوەکەی ئۆوی نەبوو. گێڕەرەوەکە زیاتر لە ئەوزارێکی ئەدەبی دەچێت بۆ دەربڕینی لوتکەی قێزەونی سیاسی لە دونیاکەی خۆیدا. بەڵام هاوکات ئەم زەلکاوە سێکسییە کە توندڕەوییەکەی تێدا گەشە دەکات بەباشی ڤەکۆڵدراوە و خراوەتە ڕوو. تا ڕادەیەک بۆ ئۆو، وەک ڕۆشنبیرێکی چەپی دۆگماتیست، وا پێدەچێت توندڕەویی توندوتیژانەکە سەرچاوەکەی فانتازیای هەمووشت‌توانایییە، بەزۆری پانتاییی ڕاستەڕەوە توندوتیژەکانە. ئەو زۆر جاران سەرسامیی خۆی بۆ ڕێبەرەکە (ماو) دەردەبڕی. بەڵام پێکەوەبەستراوی نامرادیی سێکسی و توندوتیژی، شتێکی باو بوو لە پاسەوانە سوورەکانی ماو، وەک چۆن بۆ کراس‌ڕەشە یابانییەکانیش هەر وابوو.

بەپێچەوانەی ڕێبەرە چڵێسەکەوە، کە حەڕەمی سەماکەری کچی تایبەت بە خۆی هەبوو، پیاوانی چینیش ناچار کرابوون وەک قەشەیەکی شۆڕشگێڕ بژین و بێبەش کرابوون لە هاوسەرگیری بە گەنجی. هەروا بێتەوە، ئەم کەشتیواژۆ مەزنە، وەک پزیشکەکەی دانیپێدانابوو، کێماسیی سێکسیی تایبەت بە خۆی هەبوو. توانا سێکسییەکانی ئەو هاوشانی سەرکەوتنە سیاسییەکانی، هەڵدەکشا و دادەکشا. هەر هەڕەشەیەکی وەهمی یان ڕاستەقینە بۆ سەر دەسەڵاتە ڕەهاکەی، سیسی دەکرد.

   دەکرێت ناکامیی سێکسی، فاکتەرێکی سەرەکیی شەپۆلی خۆکوژیی توندوتیژانەی ئەم دوایییانە بێت، کێشەی فەڵەستینییەکان و هەروەها ڕاپەڕینی ئیسلامیزم، لێکەوتەی ئەم دۆخەن. بە ئانقەست، پەیمانی فریودەرانەی ئەوەی یەکێک لە ناسکترین پاکیزەکانی بەهەشتی بەردەکەوێت، بەگوێی ئەو لاوانەدا دەدرێت، کە بۆ مەرگی توندوتیژانە ڕادەهێنرێن. لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرییەکاندا، کە سێکسی پێش هاوسەرگیری بەتوندیی قەدەغەیە، هەروەها ژن لە دەرەوەی ماڵ و خێزانەکانیان نەک تەنها دەبێت دەست‌لێنەدراو بن، بەڵکوو دەبێت بشاردرێنەوە، ئەم پەیمانە بەگوێی ئەو لاوانەشدا دەدرێت کە خۆیان بۆ کوشتن و مردن ئامادە نەکردووە. بەردەستبوونی پەخشی کەناڵیMTV، ئینتەرنێت، دی‌ڤی‌دی و بانگەشەی جیهانی، ئەو بیرسایە زاڵ دەکات کە ڕۆژئاوایییەکان لە بەهەشتێکی بێشیرازەی کەیفخۆشیی گوناهکارانە دەژین. ئەمە وای لە زیاد لە ملیۆنان لاوی عەرەب کردووە بناڵێنن و قینێکی ئاوێتە لە ئیرەیی و تووڕەییان هەبێت.

جاروبار ئەم توڕەیییە، لە ڕێگەی گەلەگانی توندوتیژانەی ڕێکخراوەوە، دەتەقێتەوە. دەگوترێت کە مەحەمەد عەتا پێش ئەوەی فڕۆکەکەی بە بینای توین‌ تاوەردا بکێشێت، سەردانی باڕێکی نمایشی سێکسی کردووە. لەوانەشە پێش خۆفەوتنکردنە دونیایییەکەی، تاسەی قەپاڵێکی لە میوەیەکی قەدەغەکراو هەبووبێت. ئەو ڕاستییەی ئەمە شتێکی قەدەغەکراوی بێزراوە، کەچی زۆریش دڵڕفێنە، نیگای ئەوی بەرامبەر ژن بەگشتی پێک هێناوە. مەحەمەد، لە وەسیەتەکەی بەڕوونی باسی لەوە کردووە، کە نایەوێ هیچ ژنێک بێتە سەر گۆڕەکەی تا بە ئامادەبوونیان گۆڕەکەی گڵاو نەکەن.

 دووبارە، ئەمە مانای ئەوە نییە نامرادیی سێکسی، یاخوود دژەژنیی توند، ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژی خۆش دەکات. گەر وا بوایە، ئەوا بەڕاستی ئێمە لە دونیایەکی مەترسیداردا دەژیاین. بەڵام ناشکرێت وەکوو یەکێک لە فاکتەرەکان لەبەرچاو نەگیرێت. لەمێژە گریمانەی ئەوە کراوە، ئەو لاوانەی بێبەشن لە سێکس، وەکوو سەگی هار، باشتر شەڕ دەکەن. 

  یەکێک لە بەربەرێتییەکانی جەنگ، چ لە دونیای دێرین و چ لە پێکدادانەکانی ئێستاشدا، بریتییە لە بەڵێن بە پیاوە برسی و ڕیسواکراوەکان، مزگێنیپێدان بەوەی سەروەختێک شارێک دەستی بەسەردا گیرا، ژنەکانیش بەشێکن لە تاڵانییەکان. تاکە جیاوازی لەنێوان ئەمە و بەدەستهێنانی حۆرییەکانی بەهەشت، ئەوەیە کە ئۆبجێکتی ئارەزووە پاش‌دونیایییەکان ڕاستەقینەن و تەنها باجێکی سەختی دەوێت.

کونزابورۆ ئۆوی (١٩٣٥-) ڕۆماننووسی یابانی

     بەتەنها ئەو ڕوانگە باوە بەسە کە سێکس لەگەڵ ژن، شەڕ دروست دەکات، تەنانەت لە پێکدادانە کەمخوێناوییەکانیش: چەشنی تۆپی پێ. زۆرجاران، کاتێک هەڵبژاردەیەکی نیشتیمانی دەکەوێتە جەنگەوە، ڕاهێنەرەکە ڕایدەگەیەنێت کە نزیکبوونەوە لە هاوسەر و خۆشەویستەکانیان قەدەغەیە. پیاوەکان پێویستە ببەسترێنەوە. وەختێکیش شکستیان بە دوژمن هێنا، سێکس دەبێت بە پاداشتیان. یەکێک لە گەورەترین سەربوردەکانی تۆپی پێی هۆڵەندا، چیرۆکی جامی جیهانیی ١٩٧٤ـە. گوایە بێبەشبوون لە چێژوەرگرتن لە ژنان، وای لە هەندێک لە یاریزانەکان کرد لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ئەو ناوچەیە ڕابوێرن؛ ئەمەیش بووبووە هۆی دۆڕانیان لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئەڵمانیا.

هەموو ئەمانە تەنها بەسەر سێکس لەگەڵ ژندا دەگرێتەوە. سێکس لەگەڵ پیاواندا، پرسێکی تەواو جیاوازە. وەک یاسایەک، ئەو کۆمەڵگایانەی شکۆی پیاوەتی و شەرەفی نێرانە بەرز ڕادەگرن، ڕوانینێکی میهرەبانانەیان بۆ هاوڕەگەزخوازی نییە. لە باشترین حاڵەتی قبوڵکردنیاندا، تەنها ئەو پیاوانەی کە بکەرن لە پەیوەندییەکەدا بەتایبەت ئەگەر پیاوەکە پیر بێت یاخود ژنی هەبێت، دەتوانن بە شانازییەوە لە سووکایەتیی هاوڕەگەزخوازی بەدوور بێت. بدەرەکەیش وەکوو ژن: ملکەچە، لاوازە، شەرمهێنە. تا ئێستایش، هاوشێوەی یۆنانی کۆن، لە زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان وا بیر لە هاوڕەگەزخوازی دەکرێتەوە.

بەڵام دۆخێکی ئاوارتەش بۆ ئەم یاسایە هەیە. لە مێژوودا، هەندێک لە گەورەترین کۆمەڵگا نێرپەرستەکان، شکۆیەکی زۆریان بۆ پێوەندییە هاوڕەگەزخوازییەکان هەیە. بەو هۆکارەی بوێری و دڵسۆزی بونیاد دەنێت، سوپای سپارتایی هانی پێوەندیی دڵداریی نێوان سەربازەکانی دەدا. لە سامۆرایییەکانی یابانی فیوداڵیشدا، هەمان تێڕوانینیان هەبوو. لەم کۆمەڵگایانەدا، سێکس لەگەل ژندا تەنیا بۆ وەچەخستنەوە ئاسایی بوو. بەڵام شەرەف و خانەدانێتی تەنها لە پێوەندیی نێوان پیاواندا بەدەست دەهات. گریمانەی پشت ئەمەیش، هێندە جیاواز نییە لە هۆمۆفۆبیا لەنێو کولتووری کۆمەڵگا نێرپەرستەکاندا. ژنان ناسکۆڵەن، نزیکایەتیش لەوانەوە پیاوان ناسکۆڵە دەکات؛ وەکوو چۆن کیلۆپاترا بە لێزانییەکەی، مارک ئەنتۆنیی ژەنەراڵی ڕۆمانییەکانی ناسکۆڵە کرد. نابێت هەرگیز پیاوەتیی ڕاستەقینە، لەلایەن ڕەگەزی مێینەوە یان نوێنەرایەتیی ژیانی بنەماڵەیی، عەیبدار بکرێت.

   ساڵی ٢٠٠٤، جۆهان هاری دەربارەی پێوەندیی نێوان هاوڕەگەزخوازی و فاشیزم نووسیبووی. گوتبووی، “پیاوە گەیەکان، دڵی هەموو گرووپە فاشیستییە گەورەکانی مێژوون…” ئەمە بەتایبەتی بێزارکەر بوو بۆ هاری، چونکە ئەو وەکوو “گەیەکی پێشکەوتووخواز” پێناسەی خۆی دەکرد. نموونەکان بۆ پشتیوانی لە تێزەکەی هاری لە بەردەستدان: پیم فۆرتاین (هەرچەندە هێندەیش “فاشیست” نەبوو وەک هاری وێنای دەکرد)، گەی بوو. دەگوترێت جۆرج حەیدەریش گەی بووە. هەروەها ستۆرمترووپەرە نازییەکانیش هەبوون-تیشێرت‌قاوەیییەکانی سوپای ڕزگاریی ئەڵمانیا- لەلایەن شەلاتییەک بەناوی ئێرنست ڕۆمەوە پێشڕەوی دەکران. ڕۆم و زۆرینەی هەڤاڵەکانی، هاوڕەگەزخواز بوون.

ڕۆم، سەرمەستێکی سەرسەختی ئایدیالی سپارتایی بوو بەرامبەر بە پەیوەستبوونی پیاوانی لەشجوانی شەڕکەر. پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، وەکوو زۆرینەی سەربازە ئەڵمانییەکان، ڕۆم هەستی دەکرد شکستخواردووە، ژیانی بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لێ تاڵ بووە، بەهۆی ئاشتییەوە پشتگوێ خراوە. بۆ ئەو، سوپای ڕزگاریی ئەڵمانیا ڕێگەیەک بوو بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانە بەخۆی. وەک هەڵبژێردراوێکی پیرۆز بیری لێ دەکردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەڵمانیا و پاشانیش جیهان. ڕۆم، زێدەتر لە کارەکتەرە حەڤدەساڵانەکەی ڕۆمانەکەی ئۆو دەچوو: جلە فەرمییەکانی، پێڵاوەکانی، دڕندەیی هەستی هەمووشت‌توانایی پێ دەبەخشی. سێکس، دەربڕینی هێز بوو، هێزیش بەئیرۆتیک کرابوو. جارێک گوتبووی، “مادام پیاوێکی بێبەزەیی و پێنەگەشتووم، جەنگ و نائارامی لە نەزمە بۆرژوایییەکان زێدەتر سەرنجم ڕادەکێشن.”

هاری، ئاماژە بەوە دەکات شتێک لە سرووشتی هاوڕەگەزخوازیدا هەیە، کە لەگەڵ فاشیزمدا دێتەوە. بە ئاماژەدان بە “پۆرنۆگرافەری گەی” بروس لابروس، دەنووسێت: “جەستەپەرستی، ستایشی بەهێزەکان، هەبوونی فێتش بۆ فیگەری دەسەڵاتخواز و ستەمکار”. جا ئەمە بۆ ئەوەیە گریمانەی ئەوە بکەین ئارەزووی هاوڕەگەزخوازانە دەتوانرێت کورت ببێتەوە بۆ کارتۆنی تۆمی فیلاند، کە کارەکتەرەکانی لەلایەن پۆلیسە چەرم‌پۆشەکانەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. بێگومان فانتازیای لەم جۆرەش هەیە، بە دڵنیایییەوە فاشیزمیش تا ئەوپەڕی دەیقۆزێتەوە. تەنها بە بینینی پەیکەرە قەبارە گەورەکانی وەرزشوانە ڕووتەکانی کۆمەڵەی وەرزشیی فورۆ موسۆلینیی ڕۆمای جاران دەتوانیت لە ئایدیاکە تێبگەیت. سەرەڕای ڕەفتارە عەنتیکەکانی ڕۆم و هاوڕێکانی، هەرگیز نابیت لەیاد بکرێت کە هاوڕەگەزخواخەکان لە ئەڵمانیای نازیدا دەچەوسانەوە.

ڕوونکردنەوەیەکی قایلەکەرتر هەیە بۆ ئەم هەستە سەرسامییەی بەشێکی دیاریکراوی هاوڕەگەزخوازەکان بەرامبەر توندوتیژیی نوخبەگەرایی و لێکەوتە مەترسیدارە سیاسییەکان هەستی پێ دەکەن، هاوکات قێزلێهاتنەوەشە لە ژیانی بۆرژوایی. ڕۆم مرۆڤی بۆ سەرباز و هاووڵاتی دابەش دەکرد، بۆ ئەمیش هاووڵاتییان “بەراز” بوون. هەر شتێک پەیوەند بوایە بە وشەی “وریابوون”، بۆ ئەو بێزراو بوو. بۆ پیاوێکی وەک ڕۆم، کۆمەڵگەی دەستەمۆی بۆرژوازی، پێناسەکەی بریتیی بوو لە: ترسنۆک، ماتریالیستی، بودەڵە و پوچ. ئەوەی لە هەر شتێک زیاتر تامەزرۆی بوو، توندوتیژییەکی هەمیشەیی بوو بۆ لەناوبردنی ئەو شێوەی ژیانەی کە هەستی دەکرد لێی بێبەش بووە. دەکرێت ئەمە زیاتر لە سرووشتی ئارەزووی هاوڕەگەزخوازانەدا، کلیلێک بێت بۆ تێگەیشتن لە فاشیزمی گەی. توندڕەویی ئایینی، تۆڵەی شکستخواردووەکانە لە کۆمەڵگەدا. ئەوەیشی شکستخواردووەکان دروست دەکات، پەیوەندی بە سرووشتی کۆمەڵگەوە هەیە. دەکرێت هاوڕەگەزخوازەکان بن کە هەست دەکەن دەرکراون، یانیش کۆچبەرە لاوە موسوڵمانەکان.

“زۆر جاران گومانلێکراوەکان کۆچبەرەکان، دەزگای پاراستن، کۆمونیستەکان، ئەمریکییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، سیاسییەکان، بێباوەڕەکانن. بەنزیکەی هەمووجارێکیش، جووەکانن.”

 نووسەری ئەڵمانی، هانس ماگنەز ئینزێنسبەرگەر، بەم دوایییانە وتارێکی ناوازەی دەربارەی “شکستخواردووە ڕادیکاڵەکان” نووسی، ئەو جۆرە مرۆڤەی، کە عادەتی لاون، هەست دەکەن لەلایەن هەموو جیهانەوە بەقوربانی کراون و، بەقەد ئەو هێزەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن، ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە. ئەم پیاوانە بۆمبی تەوقیتکراون و بە پێوە دەڕۆن. هەر شتێکی وەکوو کەمتەرخەمیی کۆمەڵایەتی، یان لەدەستدانی کارێک، دەتوانێت بیانتەقێنێتەوە. تەقینەوەکەش عادەتی هەم خۆی دەکوژێ، هەمیش دوژمنەکانی. تا ڕادەیەک بارودۆخەکان دیاری دەکەن دوژمنەکان کێن، بەڵام پۆلبەندییەکان سنووردارن. بە قەولی ئینزێنسبەرگەر؛ “زۆر جاران گومانلێکراوەکان کۆچبەرەکان، دەزگای پاراستن، کۆمونیستەکان، ئەمریکییەکان، کۆمپانیا گەورەکان، سیاسییەکان، بێباوەڕەکانن. بەنزیکەی هەمووجارێکیش، جووەکانن.”

     تاکە شتێک لە شیکردنەوەکانی ئینزێنسبەرگەردا ونە، فاکتەری سێکسییە؛ سایکۆلۆژیای دەسپەڕچییە مەزنەکان، گەیە کەڵەگا خراپکارەکان و دەسەڵاتدارە داژەندووەکان. لەوانەیە ئەم توخمە، باشترین بەڵگاندن بێت بۆ یادهێنانەوەی چیرۆکێکی ئەم دوایییانە؛ کوشتنی فیلمسازی هۆڵەندی تیۆ ڤان کوخ، لە ئەمستردام. بکوژەکەی، موحەمەد بۆیەری، لەدایکبووی هۆڵەندایە، هەرچەندە خێزانەکەی خەڵکی مەغریب بوون. لە لاویدا، هەوڵی دەدا پەیڕەوی کولتووری شارە ڕەسەنەکەی خۆی بکات. خۆی سەرخۆش دەکرد، مادەی سڕکەری دەکێشا و هەوڵی دەدا لەگەڵ کچە هۆڵەندییەکانیش ڕابوێرێت. لە دواییدا، هەموو شتێک لە کولتووردا، لە موزیکی پۆپەوە تا ڕیکلامە بازرگانییەکان، بەڵێنی سێکس دەدات. ئێرە جیهانێکە دوور لەو نیشتمانەی دایکە فریشتەئاساکان و خوشکە پاکیزەکان، پێویستە لە چاوی شەهوەتبازان بپارێزرێن.

 بەڵام شتەکان بۆ محەمەد بەرەو خراپی چوون. شۆخە هۆڵەندییەکان هەروا ئاسان خۆیان نەدەدا بەدەستەوە وەکوو محەمەد پێشبینی دەکرد. ئارەزووی بۆ خوێندنەکەیشی لەدەستدا. لە هەردوولاوە زەرەرمەند بوو. ڕووبەڕووبوونەوەی خراپی لەگەڵ پۆلیسدا هەبوو. خوشکەکەیشی چووە پێوەندیی خۆشەویستییەوە. ئەمەیش محەمەدی قەڵس دەکرد. هەستی بە بێشەرەفی، بێسوودی و بێکەڵکی دەکرد. بەکورتی، شکستخواردوویەکی ڕادیکاڵ بوو؛ ئیسلامیزمیش بەڵێنی کوشتنی حەق و شەهادەتی پێ دابوو؛ هەرچەندە کورتخایەنیشە، بەڵام هەستی هێزی تەواوەتیشی پێدەدا.

  ئەو هۆکارەی وای کرد ڤان کوخ لەلایەن محەمەدەوە بەئامانج بگیرێت، بەرهەمهێنانی کورتە فیلمێک بوو لەگەڵ ژنەسیاسەتمەدارێکی بە ڕەگەز سۆماڵی، ئایان هێرسی عەلی، کە سکریپتەکەی نووسیبوو. فیلمەکە، ملکەچی (٢٠٠٤)، جێبەجێکردنی ئەو دەقە قورئانییانە پیشان دەدات، کە تێیدا پیاوان دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنانی پەچەپۆشی نیچمەڕووت. هێرسی عەلی، ئیسلام بە ملکەچیی سێکسیی ژن و بەهەڵەدابردن و خەفەکردنی پیاوەتیی پیاوان تۆمەتبار دەکات. قبوڵکردنی کۆمەڵگای عەلمانیی ئەوروپی بۆ ئەو، تەواو پێچەوانەوەی محەمەدە. لەو شوێنەی ئەو ئازادی و لە سەرووی هەموویانەوە ئازادیی سێکسی دەبینێت، محەمەد بێشەرەفی، داڕزان، گڵاوی و سەرلێشێواوی دەبینێت. ژیانی ئازادی هۆڵەندا ڕێگەی بەو دابوو گەشە بکات، لە کاتێکدا هەستی بچووکی و کینەی لە محەمەددا چاندبوو. هەر بۆیە محەمەد دەیویست ئایان هێرسی و ئەو شارستانییەتەش کە وای کردبوو هەست بە شکستخواردوویەکی ڕادیکاڵ بکات، وێران بکات.