هێزی ئاگامەندی لە تێگەیشتن لە بوون

سەرەباسێک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان

بوون ماڵی ئێمەیە و ئێمە لەو ماڵە شکۆدارەدا خاوەنماڵین. ئەوەی لەو ماڵەدا هەست بە نامۆییی خۆی دەکات، خاوەنماڵەکانی تر بە سەروەرتر لە خۆی دەزانێت. بۆ دواوە و بۆ پێشەوە بڕوانین، هەر خۆمان دەدۆزینەوە. ئەو هێزە ئافرێنەرەی ئاگامەندیی ئێمە هەیەتی، جیهان لە خۆیدا دەئافرێنێت و جیهان دەکاتە مانیفێستی خۆی لە بەرجەستەبووندا. هێزی ئافراندن و ڕووخاندن لە یەککاتدا هێزە یەزدانییەکانی ئاگامەندین، بەڵام ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە و هیچی تر. لەم سەرەباسەدا، ڕوانگەیەک لەو جۆرە تێڕامانە دەخەمەڕوو، ئەویش بە هەوڵی دامەزراندنی زەمینەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان (Spiritual experiences).

بە بۆچوونی (ڕۆی ڕام باسکار)، ئێمە دوو جۆر زانینمان هەن: زانینی یەکەم سەبارەت بە بوونە لە کاتێکدا زانینی دووەم پێوەندیی بە بەرهەمهێنانەوە (production) هەیە.[1] لێرەدا، ئێمە زانینی دووەم بەلاوە دەنێین و ڕوومان لە جۆری یەکەمە، کە زانینە سەبارەت بە بوون. تەنیا لە ڕێگەی زانینی یەکەمەوەیە، کە ئێمە دەتوانین تێگەیشتن بۆ بوونی خۆمان مسۆگەر بکەین. خودی زانین سەبارەت بە بوون هێزە بۆ بوونی ئێمە، چونکە مرۆڤانی زانین بایەخی زانین دەزانن؛ ئەوان دەزانن، کە زانین سەبارەت بە بوون دەروازە گەورەکەیە ڕووەو ئازادی؛ تاکە دەروازەیەک، کە شایستەی ئەوەیە ڕێگای بێژمار ژیانی بۆ بگرینە بەر. (فریدرێک نیتشە) گۆتەنی “ئەو شوێنەی درەختی زانینی لێ ڕوواوە، هەمیشە بەهەشتە.”[2] ئازادبوون چەمکێکی ناپێویست نییە. واتە چەمکێک نییە، کە تەنیا پێوەندییەکی ناڕۆشن و ناڕێکخراوی لەگەڵ ڕاستەقینەدا هەبێت. ئازادی ترپەی دڵی بوونە. مەوداکانی ئازادی تەنانەت لەسەرووی هۆش و تێگەیشتنن، بەو پێیەی ئازادی لە دەرەوەی بەرجەستەبوونی کۆمەڵایەتی لە گۆی پێوەندیی هێزەکان لەنێوان مرۆڤەکاندا، لە کایەکانی تری بوونی مرۆڤیشدا بەرجەستە دەبێت. بۆ نموونە، لە کایەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەلومەرجە سروشتییانەی مرۆڤ لەژێر باریاندا دەژی. هەلومەرجەکانی بوونی مرۆڤ هیچ کات بە تەنیا کۆمەڵایەتی نین، چونکە مرۆڤ بەر لەوەی کۆمەڵایەتییانە هەلومەرجدار بێت، لەڕووی بایۆلۆجییەوە بوونەوەرێکی هەلومەرجدارکراوە. هەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان و هەم هەلومەرجە بایۆلۆجییەکان هەلومەرجی سروشتن لە بوونی مرۆڤدا. لەو ڕووەوە، ئازادی پاڵنەرێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە هەمیشە ڕووەو ڕەهاییە، واتە ڕەهایی لە ئەزمووندا، لە تێگەیشتندا، لە زانیندا و لە هەمان کاتدا ڕەهایی لە ئاگامەندییەکی سەرجەمگیر، کە لە ئاست سەرجەمگیریێتیی بووندا بێت. ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە؛ ئاگامەندی مانیفێست دەبێت لە شێوە و بەرجەستەبوونە فرەجۆرەکانیدا. ئەو تێگەیشتنە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە مادام ویستی ئازادی ویستی ئاگامەندییە، ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نییە بە مرۆڤ، بەڵکوو ویستێکە لە سروشتدا؛ واتە لە بوونەوەر و ڕووەکەکاندا. کاتێکیش ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نەبێت بە مرۆڤ، ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ویستی ئازادی لەسەرووی هۆشە، نەک ئەوەی ئازادی بەرهەمێکی هۆش بێت وەکوو هەموو بەرهەمەکانی تری هۆش. کاتێکیش ئازادی بەرهەمی هۆش نەبێت، بەڵکوو لەسەرووی هۆشەوە بێت، لەناو هەموو پاڵنەر و زەبرە سروشتی و هۆشەکییەکاندا دەجووڵێت و خودی جووڵەکانی ژینگە ناوەکی و دەرەکییەکان دەگوازێتەوە. لەو ڕووەوە، زانین سەبارەت بە بوون لە کڕۆکی خۆیدا جەخت لەسەر ئازادی دەکاتەوە، چونکە بوون خۆی ئازادییە، کاتێک هێزی ئافراندنی جیهان لە ئاگامەندیی بوونەوە دێت. هێزی ئافرێنەر، کە ئاگامەندییە، هیچ ئافرێنەرێکی تر لە سەرووی خۆیەوە ناناسێت، چونکە ئەو هێزە هێزی بوون خۆیەتی. (نیتشە) درک بە لایەنێکی قووڵی بوونی مرۆڤ دەکات، کاتێک ئەو مرۆڤە وەکوو بوونەوەرێکی فۆڕمبەخش، کە بەردەوام شێوە و ڕیتم دادەهێنێت، دەناسێنێت، وەک دەنووسێت:

“مرۆڤ بوونەوەرێکە، کە شێوە دادەهێنێت (ein formenbildendes Geschöpf). مرۆڤ باوەڕی بە “بوون” و شتەکان هەیە، چونکە خۆی بوونەوەرێکە، کە شێوە و ڕیتمەکان دادەهێنێت. ئەو شێوە و فۆڕمانەی دەیانبینین و باوەڕمان وایە، کە خاوەنشتن، بوونیان نییە. ئێمە خۆمان سادە دەکەینەوە و ژمارەیەک لە “ڕوانگە” لە ڕێگەی ئەو شێوانەی دروستیان دەکەین، بەیەکەوە دەبەستینەوە. ئەگەر کەسێک چاوی دابخات، بۆی دەردەکەوێت، کە پاڵنەرێک بۆ بنیادنانی فۆڕمەکان بەردەوام لە ڕاهێناندایە و هەوڵی بێژمار شت دەدات، کە هیچ ڕاستەقینەیەک کاردانەوەی بۆی نییە.”[3]

توانای داهێنانی فۆڕمی فرەجۆر بەبێ ئەوەی هەرە زۆری فۆڕمەکان هیچ پێوەندییەکیان بە شتە ڕاستەقینەکان هەبێت، بەڵکوو تەنیا وێنەی هۆشەکی بن، هاوئاهەنگە لەگەڵ توانای هۆش لە وێناکردن و خستنەوەڕووی جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا. هەمان ئەو هۆشەی هەوڵ دەدات جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا بئافرێنێتەوە، باوەڕەکانی بە ڕاستەقینە لەسەر بنەمای ئەو فۆڕم و شێوانە بۆ ڕاستەقینە بنیاد دەنێت. ئەمەیش ئەو ئەگەرە لە بەردەم هۆشدا واڵا دەکات، کە باوەڕی بە فۆڕم و شێوەکانی خۆی بۆ ڕاستەقینە لە باوەڕی بە بوونی ڕاستەقینە بەهێزتر بێت. هۆش خۆی پڕیەتی لە شەپۆلی بەردەوام لە ئافراندنی فۆڕمەکان و وێناکردن، کە (نیتشە) بەو شەپۆلانە دەڵێت “پاڵنەرێک لە ڕاهێناندا”. ئێمە کاتێک بە شتێک دەڵێین پاڵنەر (drive)، کە بنیادێکی دامەزراو و سەربەخۆی لە سروشتی بوونماندا هەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو بنیادە هۆشیارانە بێت. مرۆڤ ناتوانێت پاڵنەری نوێ دابهێنێت، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت پاڵنەرە دامەزراوەکانی، کە لە سروشتەوە وەریگرتوون، بە کار بهێنێت، ئاڕاستەیان بکات و بیانگوازێتەوە، بۆیە خودی ئەو ‘پاڵنەرە لە ڕاهێناندا’، بە دەربڕینی (نیتشە) بێت پاڵنەرێکی خۆڕسک، یان ئۆرگانیکە، کە پێش بوونی هۆش دەکەوێت، کاتێک بوونی هۆش لەو پاڵنەرە ئۆرگانیکانە (organic drives)ەوە سەرچاوە دەگرێت.[4] (نیتشە) زمانیش وەک هۆش بە بەرهەمی و داهێنانی پاڵنەرەکان دەزانێت، تەنانەت ئاگامەندییش بەرهەمی پاڵنەرەکانە، نەک ئەوەی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە بێن.[5] لەو ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە بۆ (نیتشە) پاڵنەرە خۆڕسکەکان هێزی ئافرێنەرن، بەوەی خودی ئاگامەندی لێیانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڕۆی ڕام باسکار (١٩٤٤-٢٠١٤) فەیلەسووفی بەڕیتانیایی

من لێرەدا دەمەوێت کۆمەڵێک ناکۆکی لەگەڵ ئەو دیدگایانەی (نیتشە) پەرە پێ بدەم بەو هۆکارەی، کە ئەو دیدگایانە ڕووبەڕووی جۆرێک لە سیستەمی داخراومان دەکەنەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستەقینە، چونکە بە بۆچوونی (نیتشە) ئێمە ناتوانین جیهانی ڕاستەقینە لە ژوور جیهانی دەرکەوتە، یاخود ئەو جیهانەی، ئێمە لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە بەری دەکەوین، بناسین.[6] ڕاستییەکەی جیهانی ڕاستەقینە ئەو جیهانەیە، کە لە بەردەمماندایە. ڕەخنەی (نیتشە) تا ئەو ئاستە دروستە، کە زمان بە کەمتوانا بەو ئەرکە گەورەیە دەزانێت، بەڵام کەمتواناییی زمان ئاماژە نییە بە کەمتواناییی تێگەیشتنی ئێمە لە جیهان. بە تەنیا لەبەر ئەوەی، کە زمان خەسڵەتی کەمکردنەوەی دیاردەکانی جیهانی ڕاستەقینەی هەیە، واتای ئەوە ناگایەنێت، کە خودی جیهانی ڕاستەقینە لەلایەن زمانەوە داهێنراوە. ئەوەی تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، کە بوونە، بە نەگونجاو دەزانێت، لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوە نییە، کە تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە نەگونجاوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە، کە سیستەمە داخراوەکانی تێگەیشتن ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرن لە ڕاستەقینەییی جیهان بگەین. داخراویی سیستەمەکەی (نیتشە) بۆ تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، پێوەندیی بە هەندێک بۆچوونەوە هەیە، کە ئەو پێداگرییان لەسەر دەکات و من لێرەدا هەوڵ دەدەم ڕەخنەیان ئاڕاستە بکەم. بۆ نموونە، هێزی ئافراندنی شێوە و ڕیتمەکان تایبەت نییە بە مرۆڤ، وەک ئەوەی ئەو لە مرۆڤدا سنوورداری دەکات، چونکە خودی سروشت، کە ئاستێکە لە دەرخستن و مانیفێستەکانی بوون، هەمیشە فرەشێوە و فرەڕیتمە و ژینگە و کەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی بە دیمەن و ئاوازی جیاواز دەور دەدات. ئەو ناکۆکییە لە بنەڕەتدا ئازادکردنی بیرکردنەوەیە لە مرۆڤچەقگەرێتی لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینە و جیهان. ئاژەڵەکانی تر و تەنانەت ڕووەکەکانیش شێوەئافرێنەرن، چونکە خاوەنی ئاگایین سەبارەت بە خۆیان و ژینگەی ژیانیان. خاڵێکی تر ئەوەیە مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، لە ڕێگەی هۆشەوە خاوەنی توانستی ئافراندنی فۆڕمەکانە، نەک ئەوەی توانای ئافراندنی فۆڕمەکان بە تەنیا لە پاڵنەرەوە هاتبێت، بەڵام ئەو توانستە یان توانایە، داهێنانێک نییە لە هیچەوە، بەڵکوو ئەو فۆڕمانەی دایاندەهێنێت لە فۆڕم و شێوەی ترەوە هاتوون، کە هۆش لە چەرخ و دەورانی جیاواز، شاراوە و نەزانراو وەریگرتوون و وەریاندەگرێت. پڕۆسێسی وەرگرتن، گواستنەوە و ئافراندنەوە هێشتا توانای هۆشە، نەک پاڵنەرەکان، لە نزیکبوونەوە لە جیهانی ڕاستەقینە، چونکە ماڵی هۆش خۆی لە بنەڕەتدا جیهانی ڕاستەقینەیە. جیهان ڕاستەقینەیە، نەک لەبەر ئەوەی هۆش بە ڕاستەقینەی دەزانێت، بەڵکوو لە دەرەوەی هۆشدا ڕاستەقینەیە. ڕاستەقینەییی جیهان بۆ ڕاستەقینەییی بوون دەگەڕێتەوە. خاڵێکی تر ئەوەیە، کە ئاگامەندی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو خودی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە دێن. پاڵنەرەکان لە هیچەوە و بەبێ ئاگامەندییەکی لەپێشتر ناتوانن سەر هەڵبدەن، چونکە هەر سەرهەڵدانێک پێویستی بە گۆڕەپانێک هەیە، کە ئەو گۆڕەپانە ئاگامەندییەکی لەپێشترە.

ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون

لەو ڕووەوەیە ئەگەر ئێمە ویستی ئازادی بە ئاکامی پاڵنەرەکان بزانین، ئەوا گەیشتن بە ئازادی گونجاو نابێت. ویستی ئازادی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو ویستە لە ئاست پاڵنەرەکاندا. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا ویستی ئازادی هاوکاتە بە گەشتی تێگەیشتن لە بوون، چونکە ئەو لایەنەمان خستە ڕوو، کە چۆن پاڵنەری داهێنانی شێوە، ڕیتم و فۆڕمەکان لە هۆشدا کەمتوانان لە ئاست ڕاستەقینەی دیاردە و شتەکاندا، بەڵام لە دەرەوەی پاڵنەری فۆڕمبەخشین و ڕیتمبەخشین، بوونی مرۆڤ لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تردایە، کە هەلومەرجەکان ئاکامی بەیەکدادان، هاوسەنگی و چەقبەستنی زەبرە فرەجۆرەکانن. ئازادی، لەو ڕووەوە، ئازادییە لە هەموو شتەکان، بۆ نموونە لە پاڵنەر، هەلومەرج و زەبرە سەپێنەرەکان، چ دیار بن، چ نادیار. لەو کۆنتێکستەدا، ویست و پاڵنەری ئازادی بۆ تێگەیشتنە لە بوون. پێویستە مەودای ئەو ئازادییە بۆ ئازادی لە بیرکردنەوەدا کورت بکەینەوە، بەو پێیەی ئازادی لە بیرکردنەوەدا وەک پێشمەرجێکی بێسازشە، بۆ ئەوەی هەلومەرجی تێگەیشتن لە بوون گونجاو بێت. ئازادی لە بیرکردنەوە واتە ئازادی لەو پێکهاتانەی، کە ناهۆشیارانە گرمۆڵە بوونە و جڵەوی بیرکردنەوەیان بە دەستەوە گرتووە. کەسی گەڕیدە بەدوای تێگەیشتن لە بوونی خۆی لەسەریەتی، کە بیرکردنەوەی خۆی ئازاد بکات لەوەی، کە هیچ سنوورێک نەناسێت، بەڵکوو بوێرانە هەموو ئەو باوەڕانەی وەریگرتوون، کەڵەکەی کردوون و دەستی پێوە گرتوون، فڕێ بدات. ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون. بۆیە ئەو جۆرە ئازادییە بۆ هەمووان نییە، یان دروستتر هەموو کەسەکان توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە ئازادییەیان نییە. ژێردەستەی بیرکردنەوە و باوەڕەکان نەک هەر ناتوانێت دەستی بەو ئازادییە بگات، بەڵکوو نکۆڵی لە بوونی دەکات. ئەو نکۆڵیکردنە لە ترسە گرمۆڵەبووەکانەوە دێت. مرۆڤی ژێردەستە و نائاگامەند بە ژێردەستەییی خۆی، بەردەوام لە دۆخی بەرگریکردندایە لەو هەلومەرج و زەبرانەی ژێردەستەی دەکات، بۆیە خۆیشی دەبێت بە کەرەستەیەکی ئەو جۆرە زەبرانە لە داگیرکردنی ئازادیی ئەوانی تر، چونکە نائاگامەندبوون لەژێردەستەیی، ئەو مرۆڤە دەکات بە خۆراکی بەردەوامیدان بە زەبرەکانی ژێردەستەیی. وەک پێشتر خستمانە ڕوو، خودی ئاگامەندی ویستی ئازادی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، چونکە ئاگامەندی خۆی لە بنەڕەتدا ئاگامەندیی بوونە، نەک هیی تاکەکەس. تاکەکەس توانای ئافراندنی ئاگامەندیی نییە، چونکە مانەوەی خۆی بەندە بە شەپۆلی بەردەوامیی بوون و ئاگامەندی. ئەوە بەو واتەیە نایەت، کە تاکەکەس خاوەنی ویستی ئازاد نییە، بەڵکوو بەو واتایە دێت، کە ئاستی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسە پێگەی ئەو تاکەکەسە لە ئازادبوون دیاری دەکات. بۆیە ئازادییەک لە دەرەوەی هۆشیاری، یان ئاگامەندیدا بوونی نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا، گەشتی ئازادبوون تاکەکەسی گەڕیدە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی خۆی دەکاتەوە، یان دروستتر ڕووبەڕووی شۆکە هەژێنەرەکانی دەکاتەوە، کە لە هەرە مەترسیدارترینیان، شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانن. شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان ئەوانەن، کە لە ئاکامی بەرکەوتن بە هەندێک لە دیوەکانی ڕاستەقینەی بوون، کە ئەو تاکەکەس ئامادەی بەرکەوتنیانی نییە، ڕوو دەدەن بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەو هۆشەی باوەڕ بە ڕاستەقینەییی بۆچوون، تێگەیشتن و فۆڕمەکانی خۆی بە پێشەنگتر دەزانێت لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینەییی جیهان و بوون. لە ئاستێک لە ئاستەکانی بوون، بۆ نموونە، لە ئەزموونی مردنی خۆیدا، دەشێت ڕووبەڕووی هەژێنەرێتیی ڕاستەقینەییی بوون و جیهان ببێتەوە، بەبێ ئەوەی هۆشەکییانە هیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئەو جۆرە شۆکە ئۆنتۆلۆجیانە هەبێت. ئەو شۆکە ئۆنتۆلۆجییانە خۆیان لە بنەڕەتدا لەگەڵ بوونی ئێمەدا دێنە بوون، واتە بوونیان لەسەر بوونی ئێمە وەستاوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەن هێزی هەژێنەرن کاتێک دەبن بە ئەزموون، بە تایبەت بۆ ئەوانەی خاوەنی کەرەستە بەهێزەکانی تێگەیشتن نین لێیان. ئەو جۆرە شۆکانە هاوسەنگیی توانستی هۆشەکیی مرۆڤ دەخەنە ژێر مەترسییەوە، چونکە هەموو ئەو باوەڕ و دیدگایانەی تاکەکەس دەستیان پێوە دەگرێت، لەژێر زەبری ئەزموونی بەهێزی ڕاستەقینەدا هەرەس دەهێنن. ئاکامی ئەو جۆرە هەرەسە، دروستبوونی هەستی بێدەستەڵاتی و هیچێتییە بەرانبەر بە بوون، کاتێک ئەو تاکەکەسە بوونی لە باوەڕ و دیدگا سنووردارەکانی خۆیدا کورت کردبێتەوە. هەمیشە هێزی ڕاستەقینە لە هێزی هۆش باڵادەستترە، چونکە هۆش خۆی لەژێر کاریگەرێتیی زەبرەکانی ڕاستەقینەدایە، نەک ئەوەی خاوەنی بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ڕاستەقینە بێت. لەو ڕووەوە، مەرج نییە کەس لە گەشتی ئازادبوون بە بەختەوەرییەوە بگەڕێتەوە. ڕاستییەکەی، مەرج نییە ئەو کەسە هەر بگەڕێتەوە. بەڵام هەر کەسێک لە گەشتی ئازادبوون ون ببێت، لە بنەڕەتدا هێشتا لەناو بوونی خۆیدا ون دەبێت. ئەوەی ئازادانە ڕووەو تێگەیشتن لە بوون گەڕیدەیە، هەر ئەزموون و بەرکەوتنێکی بە ڕاستەقینە ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانە تا ئاستێک، کە هیچ شۆکێک نامێنێت توانای هەژاندنی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسی هەبێت. ئایا چ شۆکێک دەتوانێت لە ئاست بووندا شۆک بێت، کاتێک سەرچاوەی شۆکەکان خودی بوون خۆیەتی؟ ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونەی، کە ئازادی بە پێشمەرجی گەشتی تێگەیشتن لە بوون دادەنێت، ئەوەیە، کە خودی تێگەیشتن لە بوون، واتە خودی ئاگامەندییەکی تەواو لە ئاست بوون، ئازادییە. تۆوی ئازادی لەو گەشتەدا نەک هەر دەبێت بە درەخت، بەڵکوو دەبێت بە دارستانی ژیان.

blank
فریدرێک نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

لەو ڕووەوە، هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان، هەرچەند کارەساتبار و هەژێنەر بن، لە ئاست بوون و ئاگامەندیدا، هێشتا ئەزموونن، جووڵەن و شەپۆلن. بۆیە لە گۆڕەپان و ئاسمانیدا، هێشتا هەموو ئەزموونەکان لەناو ئاگامەندیدا ڕوو دەدەن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو بۆچوونە، پەنا بۆ بۆچوونی (ج. و. ف. هیگڵ) سەبارەت بە ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگامەندیدا دەبەین، کاتێک دەنووسێت: “زانستی ئەم ڕێگەیە زانستی ئەزموونە، کە ئاگامەندی پیایدا دەڕوات؛ جەوهەر و جووڵانەکەی دەبن بە بابەتی ئاگامەندی. ئاگامەندی ئەوە دەناسێت، کە دەکەوێتە نێو ئەزموونیەوە: چونکە هەر شتێکی لەنێو ئەزموونەکەیدا بێت، جەوهەرێکی هۆشەکییە ]/گیانەکییە[.”[7] (مارتن هایدیگەر) ڕاڤە بۆ ئەو جۆرە جووڵەیە لە دیدی (هیگڵ)ەوە دەکات و کاتێک بە گونجاوی دەزانێت، کە خودی ئاگامەندی بکەری جووڵەکە بێت؛ وەک دەنووسێت: “(هیگڵ) بە ئەزموون دەڵێت “جووڵە”. لە پێشەکیی (فینۆمینۆلۆجی)، بە ڕوونی ئەوە دەڵێت، کە ئاگامەندی بەو ئەزموونە تێدەپەڕێت، کە “ئاگامەندی ئەزموون دەکات … ئەو جووڵەیە لە خۆیدا…” ئەو ئەزموونە ئەزموونی ئاگامەندییە، کە تەنیا کاتێک گونجاوە، ئاگامەندی بکەری ئەزموون بێت.”[8] خودی ئاگامەندی لە ئەزموونەکانیدا کورت نابێتەوە، چونکە ئەو جووڵەیە لەناو خۆیدایە بەرەو خۆی، بەڵام ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگاییدا سەرچاوەی گەورە بۆ زانین و تێگەیشتن بۆ هۆش فەراهەم دەکات. وەک ئەزموون، هۆش لە ئاگامەندییەوە دێت؛ بەبێ ئاگامەندی، هۆش لەسەر قاچەکانی خۆی ناتوانێت بووەستێت. ئەو ئاگامەندییەی، کە ئاگامەندیی بوونە، خودی بوون خۆیەتی، کە نە هیچ شتێک لە ژوور خۆیەوە دەبینێت، نە هیچ ئافرێنەرێک دەستی لە بوونیدا هەیە؛ ئەو ئافرێنەرەی بیەوێت بوون بئافرێنێت، سەرەتا دەبێت بوونی هەبێت، واتە دووبارە سەرەتا دەبێت بوون هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ئافرێنەرە بتوانێت بوونی هەبێت. خودی توانستی زانین توانستێکە لە هۆشدا، وەک چۆن خودی توانستی وێناکردن لە هۆشەوە دێت. لەو ڕووەوە، تێگەیشتن و زانینی ئێمە بەرانبەر بە دیاردەکان لە هۆشەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام هۆش خاوەنی ئافرێنەرە، کە ئەو ئافرێنەرە ئاگامەندییە. هێزی ئەزموونەکان لە هێزی تێگەیشتن و توانستی زانینی هۆش مەزنترن، چونکە ئەزموون بەرکەوتنی ئێمەیە بە جیهانی ڕاستەقینە. ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدات و شوێن دەگرێت، هەمیشە لەوە بەهێزترە، کە توانستەکانی هۆش بەتەواوەتی لێی تێبگەن. هۆش دەتوانێت وێنەیەکی شێواوی ئەزموونەکان لە زماندا بەرجەستە بکات، بەڵام وێنە شێواوەکان توانای پێشاندان و خستنەوەڕووی تەواوەتیی ئەزموونەکانیان نییە. کاتێ باس لە ئەزموون دەکرێت، باس لەو جووڵەیەیە، کە لە ئاگامەندیدا ڕوو دەدات، کە ئەو جووڵەیە هەمان جووڵەی بوونە. وەک چۆن زانینەکانمان لە ئاست بووندا کەمتوانان، بە هەمان شێوە مەودای ئەزموونەکانمان و توانستی تێگەیشتنی هۆشیش لێیان لە ئاست بووندا سنووردارن. کاتێ ددان بەو کەمتوانایی و سنووردارێتییەدا دەنێین، خۆمان لە ‌هەڵەی زانین ( (the epistemic fallacy دەپارێزین، کە (ڕۆی باسکار) دەیخاتە پاڵ (دەیڤد هیوم) و (ئیمانوێڵ کانت)ـەوە لە کەمکردنەوەی ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجیا، یان لە کەمکردنەوەی بوون بۆ زانین سەبارەت بە بوون.[9]

یەکێک لەو جۆرە ئەزموونانەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بە پاڵنەری ویستی زانین سەبارەت بە بوون دەتوانێت تێگەیشتنی فرەلایەنی بۆ دابین بکات، ئەزموونە گیانخوازییەکانن. ئەو جۆرە ئەزموونانە لە هۆشی کەمتوانا و بێویست لە تێگەیشتن لە بوون دەبن بە سەرچاوەی باوەڕی بێبنەما، دژبەیەک، ناڕێکخراو و سەرلێشێواو. کۆمیدیاتر لەوە، دەبنە سەرچاوەی ڕەوایەتیپێدان بە پیرۆزکردنی تاکەکەسی ئەزموونکار، یان ئەو تاکەکەسەی بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە دەکات. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو جۆرە تێگەیشتنە ڕووکەش و چەقبەستووییە لەو جۆرە ئەزموونانە بیرکردنەوە و شێوەژیانی ئایینییە. کاتێک ئەزموونی گیانخوازی سەر بە مەودای ئەزموونە، ئەزموونێک نییە لە دەرەوەی توانای تێگەیشتن بێت، بۆیە ئەزموون هەر جۆرێک بێت، هێشتا لەناو مەودای ڕاستەقینەدایە، کە ئەو مەودایە لەژێر هەژموون و قەڵەمڕەویی ئاگامەندییە. ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک (ڕۆی باسکار) بۆمان پێشنیاز دەکات، پێویستە بە هەند وەربگیرێن.[10] ئەو بۆچوونەی (باسکار) لەو ڕوانگەیەوەیە، کە جیهانی ڕاستەقینە ئاڵۆزە و توانستەکانی هۆشیش لە ئاستیاندا کەمتوانان، بۆیە ئەزموونە گیانخوازییەکان مادام ئەزموونن، پێویستە بەهەند وەربگیرێن. دواتر بۆ ئەو دیدگایەی (باسکار) دەگەڕێینەوە. بەڵام سەرەتا پێویستە بزانین، کە بۆچی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا جۆرێک لە خۆدوورگرتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان هەیە. (ئیمانوێڵ کانت) شۆڕشێکی گەورەی بیرکردنەوەی بەرپا کرد، کە هەوڵی مێتافیزکییانەی لە نەزانراوەکان (noumena) خستە دەرەوەی توانای هۆش لە دۆزینەوە و تێگەیشتنیان بەو پێیەی جیهانی دیاردەکان (phenomena) تاکە جیهانە، کە تێیدا هۆش باڵادەستە. لەو کاتەوەیە بیرکردنەوەی فەلسەفی، کە بوار بۆ بیرکردنەوەی زانستی فەراهەم دەکات، هێزی ئایینی لە تێگەیشتن لە دیاردە جیهانییەکان تێک شکاندووە. لە هەموو بوار و دیاردەکاندا بیرکردنەوەی زانستی و فەلسەفی بیرکردنەوەی ئایینیان خستووەتە بەردەم هەلومەرج و ململانێی زۆر قوڕس بۆ مانەوە. بەڵام ئەو بێبەریکردنەی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە نەزانراوەکان، خاکی داگیرنەکراوی بۆ قۆڕغکاریی ئایینی جێهێشتووە. جیهانە نەزانراوەکان لە زماندا لەلایەن ئایینەوە قۆڕغ کراون. پرسەکانی وەکوو مردن، چییەتیی بوون، سروشتی ئاگامەندی، تۆڕ و شەپۆلە ماددی و ناماددییەکان، کە سەرسوڕهێنەرانە مێکانیزم، بنیاد و ڕووداوەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە، هێشتا ئەو پرسانەن، کە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی، یان بە ئاکامی داخراو وازیان لێهێنراوە، یان وەک بابەتی ژوور توانستی هۆش پۆڵێن کراون. بیرکردنەوەی فەلسەفی زێدەتر لە ئایین خاوەنی هێز و سەرچاوەیە بۆ تێگەیشتن لەو پرسانە. بیرکردنەوەی فەلسەفی توانیویەتی زانینە ئایینییەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە هەمبەر پرسە نەزانراوەکان کەنارگیر کراوە و تۆمەتی بێتوانایی خراوەتە پاڵی. ئەو تۆمەتە لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی هێزی خستنەژێرڕۆشناییی ئەو بابەتانەی نییە، بەڵکوو باڵادەستیی بیرکردنەوەی زانستی، کە بەتایبەت مەبەستمان لە نەریتی پۆزەتیڤیزم و بنیادگەریی کۆمەڵایەتین، ڕۆڵی بیرکردنەوە فرەڕەهەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی کەنارگیر کردووە.

کاتێک سیستەمی فەلسەفی، بۆ نموونە، سیستەمی سروشتناسی و بنیادگەری بناغەکانی خۆیان لەسەر ئەو بۆچوونانە دادەمەزرێنین، کە نەزانراوەکان، یان ئەگەری ناسینیان بوونی نییە، یان تەنیا لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تایبەت ئەگەری ناسینیان هەیە، ئەوا لە خۆیاندا بیرکردنەوەی فەلسەفی لە خۆلەقەرەدانی بابەتەکانی ژێر هەژموونی خۆی بەدوور دەگرن. دروستتر، ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ بیرکردنەوەی زانستی سنووردار و کەم دەکەنەوە. لەو ڕووەوە، فەلسەفە دەکەوێتە بەر شەپۆلی دوو هێرش. هێرشی یەکەمیان لەلایەن زانستخوازەکانە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک زانست خاوەنی دەستکەوتی بەرجەست و ماددی نییە. هێرشی دووەمیان لەلایەن ئاییندۆستەکانە لەبەر ئەو هێزەی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ڕەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی بنەما ئایینییەکاندا هەیەتی. تاکە چەکێک، کە ئایین دژ بە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیەتی، پرسی مردن و ئازارچەشتنە. لە دەرەوەی پرسی مردن، بیرکردنەوەی ئایینی ئاشی بەتاڵ دەبێت وەک چۆن لە هەموو بوارەکاندا ئاشی بەتاڵ بووە. پرسی مردن ئەو مەودایەیە، کە ئایین لە ڕێگەی وەهمەکانییەوە قۆڕغی کردووە. ئەو قۆڕغکردنە لەوەوە نەهاتووە، کە ئایین پرسی مردنی چارەسەر کردووە، بەڵکوو لەوەوە هاتووە، کە پرسی مردن، وەک بابەتێکی نەزانراو، بە دیدگا، باوەڕ و چیرۆکی وەهمی و منداڵدۆست ترسی لە پرسی مردن دامەزراندووە. پرسی مردن لە پرسێک، کە هیی تێڕامان و قووڵبوونەوەیە لێی، بووە بە پرسێک بۆ تۆقاندن و داگیرکردنی هۆشی تاکەکەس. ترس لە مردن سەر بە پرسی مردن نییە، بەڵکوو ئەو ترسەسەر بە پرسی ترسە. مرۆڤ وەک هەموو بوونەوەرەکانی تری سروشت لەژێر باری هەلومەرجە سەختەکاندا ژیاوە و دەژی، کە زۆرجار هەلومەرجەکان لایەنی هەڕەشەئامێزیان بۆ بوونی هەیە. ئەو هەڕەشانە ئاڕاستەن بۆ یەکێتیی جەستە. لە سروشتدا هەموو یەکێتییەکان، بۆ نموونە یەکێتیی جەستەی ڕووەک و ئاژەڵەکان بە مرۆڤیشەوە، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا ڕووبەڕووی چارەنووسی هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە. پڕۆسێسی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکان بە مردن دەست پێ ناکات، بەڵکوو ئەو پڕۆسێسە شەپۆلێکی بەردەوامە لە بووندا. وەک چۆن لەدایکبوون قۆناغێکی پێویستی بوونی ئێمەیە و لە هەمان کاتدا ئەزموونە، بە هەمان شێوە خودی مردن قۆناغێک و پێویستییەکە لە ژیان. لێرەدا پێویستە بابەتی مردن لە بابەتی ترس جیا بکرێتەوە، چونکە ترس هەمیشە ترسە لە ئازارچەشتن. تاکە بیانوویەکیش بۆ هەر نیگەرانی و سامێک لە هەر کارەساتێک، پێشهاتێک، یان ئەزموونێک ئازارچەشتنە، بەڵام خودی ئازارچەشتن بنیادێکی تاکلایەنانە و سەربەخۆ نییە، بەڵکوو گردبوونەوەیەکە لە پاڵنەر و فاکتۆری فرەجۆر. هاڕمۆنیای پاڵنەرەکان و لەناوچوونی فاکتۆرەکان بە واتای نائامادەییی ئازارچەشتن نایەت، بەڵکوو بە واتای سەربەستیی دێت لە ئازارچەشتن. لەو ڕووەوە، کاتێک پاڵنەری ترس و سام دەخرێتە پاڵ مردن، خودی بیرکردنەوە لە مردن هاوکات دەبێت بە ترس، کە ئەو ترسە پەتی دەستی بیرکردنەوە خوڕافییەکانە بۆ جڵەوکردنی مرۆڤ.

مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە.

لێرەدا من نامەوێت بابەتەکە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوە و بەرپەرچدانەوەی باوەڕە ئایینییەکان وەربگرێت، بەڵکوو دەمەوێت زیاتر تیشک بخەمە سەر ئەزموونە گیانخوازییەکان. سەرەتا ئەو جۆرە ئەزموونانە لە تێگەیشتنی باو بە ئەزموونی رۆحی و عیرفانییش ناسراون، مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە. خۆی لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی “گیان” وەک ئەوەی لە تێگەیشتنە ئایینی و عیرفانییەکاندا باوە. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین “گیان” بە تەنیا هێزێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە لە بەرجەستەبووندایە. لەو ڕووەوە، ئاگامەندی بەرجەستە دەکات ئەو فاکتۆرانەی خزمەت بە گەڕانەکانی بەناو خۆیدا دەکەن. بە زمانی (هیگڵ) بێت، ئاگامەندی خۆی بکەری ئەو ئەزموونانەیە.[11] مادام ئاگامەندییش بکەری ئەزموونەکانە، ئەزموونەکان هێشتا ئەزموونن بۆ ئاگامەندی، نەک بۆ هیچ هێزێکی گەورەتر لە ئاگامەندی. لەو ڕوانگەیەوە، مادام ئۆنتۆلۆجیای هەموو ئەزموونەکان ئاگامەندین، بوونی ئاگامەندی دەبێت بە “بنیادێکی بنەڕەتی بۆ جیهان”. ئەو بۆچوونە لە بنەڕەتدا هیی (ڕۆی باسکار)ە، کە لە پەرتووکی (لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا: گەشتی دەروون) سەبارەت بە خوا دەریدەبڕێت، وەک دەنووسێت: “خوا کۆتا بنیادی کاتیگۆریی جیهانە.”[12] بەڵام هەر لە هەمان پەرتووک و لە دواتردا، (باسکار) خوا بە ئاگامەندی دەناسێنێت، وەک دەنووسێت: “خوا ئاگامەندییشە.”[13] (باسکار) بوونی مرۆڤ لە بوونی خوا جیا ناکاتەوە، چونکە بە دیدی ئەو، مرۆڤ خۆی خوایە: “مرۆڤ لە ناوەڕۆکدا ئازادە و لە ناوەڕۆکدا خوایە”[14]، بەڵام بیرچوونەوە و دۆزینەوەی ئەوەی، کە خۆی خوایە، وایکردووە بە بوونی خۆی نامۆ بێت.[15] لە هەمان کاتدا، بۆ (باسکار) ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندیی ڕەها، واتە وەک بەرزترین ئاست بۆ تێگەیشتن لە بوون ئەگەری بەردەم بوونی مرۆڤە. لەو ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون لە ئاستە هەرە باڵاکەیدا نەک هەر گونجاوە، بەڵکوو بەردەوام ئەگەری بەردەممانە. مادام ماڵی خوا ئاگامەندییە، ئەو ئاگامەندییە لەلایەن هیچ هێز و باوەڕێکەوە، بۆ نموونە باوەڕە ئایینییەکان، ناتوانرێت قۆڕغ بکرێت. تێگەیشتنی (باسکار) بۆ چەمکی خوا تێگەیشتنێکی ئایینی نییە، بەڵکوو ئەو گۆڕەپانەیە، کە بنیادی ئۆنتۆلۆجیی بوونی جیهانی لەسەر دامەزراندووە. لەو شڕۆڤانەدا باوەڕبوون بە بوون و نەبوونی خوا هیچ پێگەیەکی پێنەدراوە، بەڵکوو ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندی، کار و فۆڕمە فرەجۆرەکانی مانیفێستبوونی کڕۆکی شڕۆڤەکانن. ئەو بۆچوونانەی (باسکار) سیستەم و ئۆنتۆلۆجییایەکی کراوە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک ئەزموونکردنی خوابوونی مرۆڤ، واتە ئەزموونکردنی ئاگامەندی لە ئاستە باڵاکانیدا، دادەمەزرێنێت. مادام مانیفێستەکانی بوون مانیفێستی ئاگامەندین، بە بوونی مرۆڤیشەوە، تێگەیشتن لێیان هێزێکی گەورەیە بۆ ئازادبوون، یاخود بە زمانی (باسکار) بێت، جووڵەن ڕووەو خۆئاگامەندییەکی باڵاتر.[16]

blank
ڕامانا مەهارشی (١٨٧٩-١٩٥٠) کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)

مادام زانین لە بوون لە ڕێگەی ئەزموون ئاشکرا دەبێت، ئەو ئەزموونانە سەبجێکتیڤن. لە کەلتوور و سەردەمە جیاوازەکاندا، مرۆڤانی ئاگامەند بە بوونی خۆیان، کە لە هەمان کاتدا ئاگامەندبوونە سەبارەت بە بوون، توانیوانە ڕووبەڕووی تێگەیشتن و باوەڕە چەقبەستووەکان ببنەوە. لێرەدا هەندێک نموونەی ئەو جۆرە ئەزموونانە پێشکەش دەکەم، ئەگەرچی نموونەکان زۆر زێدەترن لەوە. لە جیهانی ئیسلامدا، (مەنسوور ئەلحەلاج) یەکێک لە نموونەکان بەرجەستە دەکات، کاتێک ئەزموونە گیانخوازییەکانی، کە لە ئاگامەندیی خۆیەوە سەبارەت بە سروشتی بوونەوە هاتوون، دەبن بە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی باوەڕی دۆگمایی و تەنانەت بۆچوونەکانی خەڵکی تۆقاندووە لە ترس و سام. (حەلاج) خوای بە چاوی دڵ بینیووە و لەو بینینەدا خوا پێی گوتووە، کە “من تۆم”.[17] جگە لە جیهانی ئیسلامی، جیهانی (براهمانیزم)، یان (هیندویزم)، کە هەم بۆ ئەزموونە گیانخوازییەکان گۆڕەپانێکی کراوەترە هەم دۆگماکانی لە جیهانی بیرکردنەوەی ئیسلامی کەمتر نین، نموونەی ئەو مرۆڤانەی خاوەنی ئەزموونی گیانخوازین، دیارن. (هیندستان) ئەو خاکەیە، کە هەموو ئەزموونە قوڕس و لە سنووربەدەرە گیانخوازییەکان لەسەر مرۆڤ تاقی کراونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەو پارچەخاکەیە، کە خاوەن قوڕسترین هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوانەی قەدەر بەسەریدا سەپاندوون لە کاستی خوارووی کۆمەڵگە لە دایک بن. لە هیچ شوێنێکدا هێندەی (هیندستان) قەدەر هێزی نییە لە داڕشتنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی ئیش، دابەشبوونی پیشەکان، لە هەمان کاتدا، پێوەندیی لەگەڵ هێزە یەزدانییەکان، بە تایبەت لێرەدا کاستی ‘پیسەکانdalits- ‘، کە لە (براهمانیزم)دا ئاماژەن بەو کەمایەتییەی قەدەر بەهۆی ‘پیسیەتی’ی خۆیان سزای داون. لە هیچ شوێنێکیش هێندە هۆش بەدەست خوازۆرییەوە ناڵێنێت. کاتێک (مەهاتما گاندی) لە هەر هەڵوێستێکیدا خۆی بە تەنیا بە بریکارێکی دەست هێزە یەزدانییەکان دادەنێت، کە باوەڕبوون بەو هێزانە هاوکاتە بە وەرگرتنی هەڵوێستی سەخت، بۆ نموونە ئەشکەنجەدانی جەستە و مانگرتنە چەندبارەبووەکانی (گاندی) لە خواردن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی جەستە بابەتێکی نەبڕاوەیە بۆ ڕاهێنانە گیانخوازییەکان لە (براهمانیزم)دا. هەر لەو سەردەمەدا لە ئەشکەوتێکی دووردا، کە دەکەوێتە ناوچەی (تیروڤانامالای) و لە نزیک گردی پیرۆزی (ئەروناچەلا)، گیانێکی ڕۆشنبووەوە، کە لە تەمەنی شانزدە ساڵییەوە گەیشتووە بە پلە باڵاکانی خۆناسین، کە هاوکاتە بە سەرجەمی-بوون-ناسین، خاوەنی (ئەشرەم) و ژمارگەلێک لە مرۆڤی گیانخوازی تینوو، بە ناوی (ڕامانا مەهارشی)، دڵنیاییەکی یەزدانییانە بۆ دروستێتی و ڕەوایەتدارێتیی ئەو هەڵوێستانەی (گاندی) دەنێرێت.[18] (گاندی) ناوەڕۆکی ژیانی خۆی لە تێکۆشانێکی ناکەسییانە بۆ ئامانجی یەزدانییانە لەپێناو گەیشتن بە (مۆکشا- Moksha)، کە ڕزگاربوونی گیانە لە هەلومەرجەکانی هۆش-جەستە. بەڵام باوەڕی ئەو لەسەر بنەمای باوەڕە ئایینییەکان بوو، نەک لەسەر بنەمای ئەزموونە گیانخوازییەکان، بۆیە ئەو بوونێکی بێسنوور لەناو چوارچێوەکانی بیرکردنەوەی ئایینیدا سنووردار دەکات و ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکان دەبێتەوە، وەک ئەو بەرهەڵستییە سروشتییەی (گاندی) بۆ ڕەبەنی و خۆدوورگرترن لە ئۆرگازم، کە لە یۆگا بە (Brahmacharya)، ناسراوە، تووشی دەبێت؛ بە ڕووتی لەگەڵ خوشکەزا تەمەن هەژدەساڵانەکەیدا، کە ئەویش ڕووتە، لەناو جێگا پاڵ دەکەوێت بە تەنیا بۆ ئەوەی بۆ خۆی بسلەمێنێت، کە بەسەر خۆڕسکی سێکسوالیتی زاڵ بووە بە هۆکاری ئەوەی دەتوانێت ئەندامی نێرینەی جەستەی لە ڕەپبوون بپارێزێت.[19] لە کاتێکدا، هەر لە تەنیشت (گاندی)، فیگەرە گیانخوازەکانی تر، کە بەر هێزی ڕاستەقینەی بوون کەوتوون، خۆئاگامەندانە و سروشتییانە ڕەبەنن و پێویستیان بەو سەلماندانە نییە. هەر بۆ نموونە، بە گوێرەی ڕیکۆردەکانی خۆیان هەر لەو سەردەمانەدا، (ڕاماکریشنا پاراماهاساما)، (ڕامانا مەهارشی) و (سوامی ڤیڤاکەنەدا) بەبێ ویستی سەلماندن خاوەنی توانستی پراکتیزەکردنی ڕێچەی یەکبوون، یان (Brahmacharya) بوون وەک کاردانەوەیەکی لاوەکیی باوەڕە بەهێزەکانیان بە یەزدانێتیی بوون و ئەزموونەکانیان. هەر بە دیدی (ڕامانا ماهارشی)، کە کاریگەرترین کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)ە لە سەدەی بیستەمدا، “ئێمە خۆمان خواین”، وەک لە وەڵامی شوێنکەتوویەکی، کە بە (پاپاجی) ناسراوە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە، کە ئاخۆ دەتوانێت خوای پێشان بدات، دەڵێت: “من ناتوانم خوات پێشان بدەم یان وا بکەم بتوانیت خوا ببینیت، چونکە خوا بابەتێک نییە، کە بتوانرێت ببینرێت، بەڵکوو خوا بکەرە. ئەو ئەوەیە، کە دەبینێت. خۆت بەو بابەتانە سەرقاڵ مەکە، کە دەیانبینیت. ئەوە بناسە، کە دەبینێت… تۆ خۆت خوایت”.[20]

ئەوەی لەم سەرەباسەدا هەوڵم بۆ داوە ئەوەیە، کە چۆن ئەو ئەزموونانەی بە گیانخوازی ناسراون، لە بنەڕەتدا ئەزموونی ئاگامەندانەن سەبارەت بە تێگەیشتن و دەستخستنی زانین لە بوون. مادام ئاگامەندی بکەری ئەو جۆرە ئەزموونانەیە، ئاگامەندی لە ڕێگەی ئەو ئەزموونانەوە لە خۆی تێدەگات. بە هەمان شێوە، ئەگەری تێگەیشتن لە بوون هێزی ئاگامەندیی هەر یەکێکمانە. ئەو جۆرە تێگەیشتنە بەر لە هەر شتێک ئازادبوونە، چونکە هێزی ئەو تێگەیشتنە لە خۆیدا داڕووخانی هەموو وەهم و باوەڕە کەڵەکەبووەکانە، کە نائاگامەندانە لە هۆشی تاکەکەس گرمۆڵە بوونە. لێرەدا گرنگە، کە ئێمە بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە لە خودی ڕاستەقینەییی ئەزموونەکان جیا بکەینەوە. کاتێک ئەزموونی تاکەکەس دەبێتەبانگەشەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی دامەزرێنەرانی ئایین کردوویانە، بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە تەنیا کەرەستەی ململانێن بۆ هێزی کۆمەڵایەتی و هیچی تر. مەودای ئەو جۆرە ئەزموونانە تاکەکەسین و کاتێک خۆیان دەخزێننە ناو مەودای گشتی و کۆمەڵایەتی، دەبن بە مێکانیزمی دەستەڵاتداری و داگیرکردنی سەربەستیی تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگە، چ لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە بێت، یان لە ڕێگەی داهێنانی ترسی خوڕافی و سایکۆلۆجییەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئاستی ئەزموونی تاکەکەسیدا ئەو جۆرە ئەزموونانە مادام هەوڵی تاکەکەسین بۆ تێگەیشتن لە بوون، وەک (ڕۆی باسکار) پێداگری لەسەر دەکات، پێویستە بەهەند وەربگیرین. ئەو بەهەندوەرگرتنە تەنیا لەناو سیستەمی کراوەی فەلسەفیدا گونجاو دەبێت و پێویستە لەو کراوەییەدا ڕاستەقینەیی بوونیان بخرێتە ژێر ڕۆشناییەوە.

سەرچاوەکان:

Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.

Bhaskar, R. (2013, August 6). Roy Bhaskar interview. YouTube. Retrieved January 16, 2023, from https://www.youtube.com/watch?v=8YGHZPg-19k&t=884s

Bhaskar, R. (2000). From east to west : odyssey of a soul. Routledge. https://doi.org/10.4324/9780203137857

Constâncio, J. (2011). Instinct and Language in Nietzsche’s Beyond Good and Evil. In J. Constâncio& M. Mayer Branco (Ed.), Nietzsche on Instinct and Language (pp. 80-116). Berlin, Boston: De Gruyter. https://doi.org/10.1515/9783110246575.80

Godman, D. (n.d.). Papaji’s first meeting with Ramana Maharshi. Retrieved January 16, 2023, from https://realization.org/p/david-godman/papaji-meets-ramana/papaji-meets-ramana.2.html#:~:text=’I%20cannot%20show%20you%20God,objects%20that%20can%20be%20seen.  

Heidegger, M. (1988). Hegel’s Phenomenology of Spirit (Trans, Parvis Emad& Kenneth Maly). Published by: Indiana University Press

هیگڵ، جۆرج ویلهێڵم فریدریک. (٢٠١٦). فینۆمینۆلۆجیی هۆش (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، چاپی یەکەم

Nietzsche, F. (2003[1886]). Beyond Good and Evil. (R. J. Hollingdale, Trans.) UK: Penguin Classics.

Nietzsche, F. (1997[1881]). Nietzsche: Daybreak: Thoughts on the Prejudices of Morality (2nd ed., Cambridge Texts in the History of Philosophy) (M. Clark & B. Leiter, Eds.). Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511812040

Nietzsche, F. (2006 [1882]). The Gay Science (Thomas Common, Trans.). New York: Dover Publications.

Sharma, A. (2013). Gandhi : a spiritual biography. Yale University Press. https://doi.org/10.12987/9780300187380


[1](Bhaskar, 2008, p. 11)

[2](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 152).

[3]NL 24[14] KSA 10.650from (Constâncio, 2011)

[4](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 191).

[5])Nietzsche, 2006 [1882], Aphorism, 354).

[6](Nietzsche,1997[1881], aphorism 117)

[7](هیگڵ، ٢٠١٦، وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال، لاپەڕە ٧٥/٧٦)

[8](Heidegger, 1988, pp. 23)

[9](Bhaskar, 2008, pp. 26)

[10](Bhaskar, 2013)

[11](Heidegger, 1988, pp. 23)

[12](Bhaskar, 2000, pp. 33)

[13](Ibid, pp. 43)

[14](Ibid, pp. 151)

[15](Ibid, pp. 33)

[16](Ibid, pp. 27)

[17]ئاماژەیە دێرە شیعرە بەناوبانگەکەی (حەلاج)، کە بەو شێوەیەیە:

(رأيتُ رَبّي بعينِ قلبي

فقُلتُ: مَنْ أنتَ؟ قال: أنتَ)

[18] (Sharma, 2013, pp. 89-90)

[19](Ibid, pp. 118)

[20](Godman, n.d.)