ماریا و چەمکی “ڕەوشت” لای نیچە

لە ڕوانگە”نیچە”وە، چەمکی ڕەوشت Ethics: ئەو تاقمە بەهایەی دەرەوەیە، چ لە ڕێگەی ئایینەوە بێت، یان نەریتی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر تاکەکاندا سەپێنراون و چاوەڕێ دەکرێت، هەموو تاکەکان پێڕەوی بکەن. بۆ نموونە ئەگەر لە کولتوور، باوەڕ و نەریتی کۆمەڵێکدا گۆشتخواردن قەدەغە کرابێت، لە کاتێکدا تاکێکی ئەو کۆمەڵە سەرکێشی دەکات و گۆشت دەخوات، بە بێڕەوشت یان خراپەکار ناوزەد دەکرێت. لە ژیانێکی ڕەوشتیدا تاکەکان خزێنراونەتە ناو ستراکچەری دەستەیەک بەها و چاکە و خراپەشەوە، بە گوێرەی  شوێنکەوتن و لادان لەو ستراکچەرە، پێناس دەکرێن.

بەلای کۆمەڵەوە، لادانی کەسێک لەو نۆرم و بەهایانە، لادانە لە ڕەوشتی کۆمەڵ و لەو حاڵەتەشدا تاکی خۆتێپەڕ بە بێڕەوشت دادەنرێت؛ بەڵام تاکی بێڕەوشت وەک “نیچە” ناوی لێ دەنێت، تاکێک نییە خراپ و شەڕخواز بێت، بەڵکوو پێشکەوتنخوازە و تاکێکە دەیەوێت کولتوورە بازاڕییە چەقبەستووەکە تێ بپەڕێنێت و خۆی بە بەهایەکی  بەرزتر  لە ژوور بەها باوەکانەوە بگەیەنێت.

لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکەی نیچەوە لەسەر چەمکی “ڕەوشت”، ماریا ئەو مرۆڤەیە کە لە بەها و نەریتە باوەکە یاخی بووە؛ کولتوور و بەها باوەکان ڕەت دەداتەوە و خۆی بە پلەیەکی بەرزتر لە ژوور کولتوورە بازاڕییەکەوە دەگەیەنێت. بەو پێیەی تاک لەنێو کولتووری بازاڕیدا خاوەنی بیرکردنەوە و ڕوانینی خۆی نییە و بوونی خۆی ناناسێت. هەر لەبەر ئەوەیش ویستی بۆ ئازادی نییە، وەک ڕۆبۆتێک بە خواستی ئەوانی دی دەجوڵێتەوە.

ماریا ئەو مرۆڤەیە، بە کۆمەڵێک بەها و حەقیقەتی نوێوە دەرکەوت و پوچییەتیی خۆمانی پیشانداین. پوچییەتییەک کە لە ناواخنی نەریتی دواکەوتووانە، ئایینی توندڕەو، دەسەڵاتی سیاسیی گەندەڵ… هتد دروست بووە. (من لێرەدا وەک کەسێک کە حزووری و ئامادە بێت ناوی ماریا دەهێنم، چونکە ڕاستە ماریا ئیدی خۆی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام ئەو وەک بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی، هێشتا لێرە ئامادەیییان هەیە.)

  ماریا لە کۆمەڵگەیەکدا دەرکەوت نەوەک ژنەکان بە پلەی یەک، بەڵکوو پیاوەکانیش ئازاد نین تێیدا.

ماریا ئەو حەقیقەتە لەپێشترە دەبینێت کە مرۆڤانی ناو کولتوورە بازاڕییەکە ناتوانن بیبینن و کوێرانە دوای نەریت و بەها باوەکان کەوتوون. ئەوان نەک هەر تەنیا ئەو هەقیقەتە نابینن، بەڵکوو دژی هەموو ئەو کەسانەیش دەوەستنەوە کە بەو حەقیقەتە گەیشتوون. ئەگەرچی ماریا ئەوەیشی دەزانی، گوتنی حەقیقەت وەک میشێل فوکۆ باسی دەکات، ڕیسکە. (حەقیقەتبێژ کەسێکە، ڕیسک بە ژیانی خۆیەوە دەکات) بەڵام ئەو هێشتایش ئەو مرۆڤە بوێر و ئازایەیە کە نیچە بەشانازییەوە باسی دەکات؛ ئەو کەسەی حەقیقەت دەزانێت و بێدەنگ دەبێت، هیچی لەو مرۆڤە کەمتر نییە کە هەر لە بنەڕەتەوە نازانێت.

فردریک نیچە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

لەم سی چل ساڵەی دواییدا، ڕێژەی ژنکوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێت، ئێمە لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، خێراتر و ئاسانتر لە جاران دەتوانین بگەین بە ڕووداوەکان. دیارە هاوکات،  کوشتنی کەسێکی ئازادیخوازی وەک ماریا و ئەو دەنگۆ و قسەوباسانەیشی لە دوای ڕووداوی مردنەکەی دروست بوون، ئەوەیان دەرخست کە دیدگەی خەڵک بۆ ڕووداوەکان کورتبینانە و بێ قووڵبوونەوەیە، لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا جەمسەرگیری دروست دەبێت و  کۆمەڵگە  بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت؛ بەرەیەکیان بەبێ بیرکردنەوە، دژی ستەملێکراو دەوەستنەوە، بەرەکەی تر دژی ستەمکەر. لێرەیشەوە بوارێک بۆ بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە لە ڕووداوەکە و هۆکار و پاڵنەرە شاراوەکانی پشتی ڕووداوەکە نامێنێتەوە. دوا جاریش ئەم ڕووداوە وەک هەموو ئەوانی دی، بۆ چەند ڕۆژێک تەنیا ژاوەژاوێک دروست دەکات و  تێ دەپەڕێت، بێ ئەوەی ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ توێژینەوە و وەک ڕێگەیەکیش بۆ چارەسەرکردنی ڕووداوی لەو شێوەیە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کات، گۆڕان، گەورەبوونی شارەکان و کرانەوە بە ڕووی دونیای دەرەوەدا لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، پێویستە عەقڵیش لە ڕێگەی زانین و بیرکردنەوەوە، بەردەوام خۆی نوێ بکاتەوە؛ ئەم گۆڕانە لە دەوروبەرماندا و هاوکات مانەوەی بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانمان وەک خۆی، لێکدژییەک دروست دەکات کە دوا جار دەبێتە هۆی کێشە و دروستبوونی ڕووداوە نەخوازراوەکان. 

blank
ماریا سامی لە ٦ی ٣ی ٢٠٢٢ لە هەولێر لەلایەن براکەیەوە کوژرا

ماریا و چەمکی  “ئاکار”  لای نیچە

بۆ وەڵامدانەوەی ئەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لای نیچە و لەژێر ڕۆشناییی لێکۆڵینەوەی نیچە لەسەر چەمکی ” ئاکار” Morality  پەرە بە باسەکەمان بدەین.

بە بڕوای نیچە: “ئاکار وابەستە بە ژیانی تاک و هەڵبژادنی تاکەوە، لەسەر چاکە و خراپە. تاکێک دەتوانێت لە ڕەوشت یاخی بێت و بەها باوەکان ڕەت بکاتەوە بەڵام ناتوانێ بێبەها بژی؛ ئەو بەهایەی مرۆڤی بەرز دایهێناوە، سەرچاوەیەکی دەرەکی نییە، بەڵکوو خۆی دایهێناوە، بێجگە لە خۆی، بوونێکی دیکە نییە بڕیار لەسەر چاکە و خراپە بدات.” ئێمە ئەو حەقیقەتە دەبینین کە ماریا خاوەن ئاکارێکی چاک بووە.

وەک چالاکوانێکی مەدەنی، یارمەتیی لێقەوماوان و بێلانەکانی داوە و  وەک خۆیشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بۆ دەکات، داوا لەو ڕێکخراوە خێرخوازییانە دەکات کە بە هانای کچ و دایکێکەوە بچن، چەند مانگێکە لە ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی ئەوەی لەسەر جادە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، داڵدەی داون. ئەمەیش ڕێک پێچەوانەی ئەو قسە و قسەڵۆکانەیە کە بنەمایەکی دەمارگیرییانەیە بەوەی ڕووی قسەیان تەنیا لەسەر جەستە، یان جگەرەکەی دەستی، جلوبەرگ و شتە ڕووکەشیەکانی دیکەی وەک  قۆڵ و قاچی ڕووتی و مەشروبخواردنەوەی گیرساوەتەوە.

مردنی ماریا:

لەگەڵ ئەوەیشدا، مردنی ماریا تەنیا مردنێکی ئاسایی نەبوو ، یان ڕوونتر بڵێین، ئەو وەک هەر کەسێکی ئاسایی کە دەمرێت و ماوەیەک دوای مردنەکەی لە بیر دەچێتەوە. چ جیاوازییەک هەیە لەنێوان مردنی کەسێک و کەسێکی تردا؟ بێگومان لێرەدا مەبەستی من لە مردن لە لایەنی بایۆلۆژییەوە نییە، ئەوەی کە ڕۆح جەستە جێ دەهێڵێت و دوای ماوەیەکیش  لاشەکەت شی دەبێتەوە و نامێنێت، ئیدی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی بۆ هەمیشە دەسڕدرێتەوە. بەڵکوو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینانەیە کە بە مردنی تۆ و دوای تۆ سەبارەت بە بیروڕاکانت دروست دەبەن. نیچە  دەڵێت: “هەندێک کەس دوای مردنیان لە دایک دەبن. ڕۆژی منیش دێت، بەڵام لە ژیاندا نابم.” لێرەدا مەبەستی نیچە ئەوەیە، هەندێک کەس دوای مردنیان بیروڕاکانیان بەهەند وەردەگیرێت و خەڵکی پەیڕەوەی دەکەن. بەم شێوەیەیش ناو و بیرکردنەوەی تۆ، دەشێت بۆ هەزاران ساڵ دوای مردنەکەت بمێننەوە و خەڵکی کاری پێ بکەن.  ئەوەتا ماریاش هەمان شت دەڵێت، بەڵام بە دەربڕینێکی تر: ”هەست دەکەم من کار بۆ دونیایەک دەکەم کە خۆم کاتی ئەوەم نابێت تێیایدا بژیم.”

بەڵێ، ماریا لەوەدا ڕاستی گوتووە، بیروڕاکانی ئەو ئێستە هەن و دەشێ ڕۆژانێک ئازادانەتر خەڵکی پێڕەوی بکەن. ماریا ئەو مرۆڤە ڕاستە بوو کە دەیگوت: بەڵێ بۆ ئازادی و پاراستنی کەرامەت، بەڵێ بۆ ڕێزگرتن لە ویست و خەونەکانی مرۆڤ.

سەرچاوە:

کتێبی نیتشە و پاش تازەگەری  نووسینی د. محەمەد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵی 2009