“یووڤال نوح هەراری” لەبارەی هاوڕەگەزخوازی دەدوێ
“یووڤال نوح هەراری” (١٩٧٦) فەیلەسووف و تیۆرسیەن، نووسەری کتێبی “مرۆڤی ژیر”
دەقی وتەکانی یووڤال نوح هەراری بە نووسین:
ئایا ئەوەی کە تۆ هاوڕەگەزخوازی کاریگەری هەبووە لەسەر توێژینەوە زانستییەکانت؟
بەڵێ زۆر کاریگەری هەبووە؛ بۆ پیاوێکی گەی وەک من، زۆر گرنگە جیاوازیی نێوان ئەو چیرۆکانە بزانی کە مرۆڤ دروستی کردووە لەگەڵ واقیع. هەمان شتیش بۆ توێژنەوەی زانستی گرنگە.
کاتێ گەنج بووم پێم دەوترا هەموو کوڕێک حەز لە کچ دەکا و من باوەڕم بەوە کرد. کاتێکی زۆری پێچوو تا تێگەیشتم ئەمە تەنها چیرۆکێکی خەیاڵییە کە مرۆڤ دایهێناوە. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە هەندێ کوڕ هەن حەزیان لە کوڕی دیکە هەیە، منیش یەکێکم لەوانە. قبووڵکردنی واقیعیەت بەو شێوەیەی کە هەیە، هەستێکی خۆش بە مرۆڤ دەدات. تەنانەت ئەگەر لەگەڵ باوەرە داهێنراوەکانی زۆربەی خەڵکیش ناکۆک بێت. هەروەها خەڵک دەڵێن کە پیاوێک لە ئاسمانە ئەگەر دوو پیاو یەکیان خۆش بوێ و زۆر توڕە دەبێ، بەڵام ئەمەش هەر چیڕۆکێکی خەیاڵییە، کە هەر خەڵک دروستی کردووە. ئەگەر دوو پیاو یەکیان خۆش بووێ و ئازاری کەس نەدەن چ شتێکی هەڵە هەیە لەمەدا؟
هیچ زلهێزێکیش لە ئاسمان لەمە توڕە نابێ، تەنیا ئەوانە توڕە دەبن کە قەشە و حاخامەکانن. توێژینەوە زانستییەکان بەتەواوی لەسەر بنەمای هەمان تێڕوانین دامەزراوە. وەکوو زانستکارێک بەردەوام لە خۆم دەپرسم واقیعیەت چییە؟ بەخۆم دەڵێم هەموو ئەو حکایەتانەی کە خەڵك لەبارەی جیهانەوە دروستی کردوون لەبیر بکە.
راستیی لەبارەی دنیا چی دەڵێ؟ ئەزموونی هاوڕەگەزخوازیم فێری کردووم تا لەم دژیەکییەی نێوان واقیع و ئەو حکایەتانەی مرۆڤ دایهێناون، ڕاستی و واقیع هەڵبژێرم. پێم وایە ئەم وانەیە منی کردووە بە زانا و لیکۆڵەرێکی باشتر.
ئایا لێکۆڵینەوە زانستییەکانت کاریگەرییان لەسەر ناسنامەی ڕەگەزیت هەبووە؟
بە دڵنیایییەوە زانست یارمەتی دام کەسیەتیی خۆم وەک ئەوەی کە هەیە قبووڵ بکەم. خەڵک زۆر جار دەڵێن هاوڕەگەزخوازبوون شتێکی ناسروشتییە، سروشت وای دەوێ کە نێرەکان، مێیەکانیان خۆش بوێت، مێیەکانیش نێرەکانیان خۆش بوێت، هاوڕەگەزخوازەکان یاسای سروشت دەشکێنن. لێکۆڵینەوە زانستییەکان فێریان کردم کە ئەمە شتێکی بێمانایە، شتێک نییە بە ناوی ڕەفتاری ناسروشتی هەر شتێک لە سرووشتدا بوونی هەبێ ئەوە سروشتییە . مرۆڤەکان ناتوانن یاسای سروشت بشکێنن، یاساکانی سروشت وەک یاسای هاتووچۆ نین . لە یاسای هاتووچۆدا یاسا دەڵێ تۆ نابێ بە خێراییی ١٠٠ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا لێبخوڕی، ئەگەر کەسێک یاساکە بشکێنن و 120 کم لێبخوڕێ لە کاتژمێکدا، پۆلیسی هاتووچۆ ڕایان دەگرێ و سزایان دەدا. یاسای سروشت دەڵێ تۆ ناتوانی خیراتر بجووڵێی لە خیراییی ڕووناکی، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەگەر تۆ بە خێراییی زیاتر لە خیراییی ڕووناکی لێخوڕی ئەوا پۆلیسی هاتووچۆی گەلەئەستێرەکان دێن و تۆ دەگرن، ئەوە هەر مەحاڵە شتی وا بکات.
ئەگەر تۆ سەرکەوتوو بووی لەوەی خیراتر لە خێراییی ڕووناکی بجووڵێی ئەوە مانای وایە ئێمە بەتەواوی لە ڕاستی یاسای سروشت تێنەگەیشتووین، کە ئەمە لە دۆخێکی دیاریکراودا زۆر سروشتییە کە خێراتر بجووڵێی لە خێراییی ڕووناکی.
ئەگەر شتێک لە سروشتدا بوونی هەبێت ئەوە سروشتیە، ئەگەر دوو ژن یەکیان خۆشبوێ مانای وایە ئەوە سروشتییە، هیچ یاسایەکی سروشت ئەوە قەدەغە ناکات . لە ڕاستیدا جگە لە مرۆڤەکان، لەناو ئاژەڵەکانیشدا هاوڕەگەزخوازی زۆر باوە، بۆ نموونە نزیکترین لێمانەوە چامپانزیەکانن کە هاوڕەگەزخوازی زۆر باوە تیایانا زۆربەی چالاکییە سێکسییەکان لای چامپانزییەکان بۆ وەچەخستنەوە و زاوزێ نییە، بەڵکوو بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانی سیاسییە و دروستکردنی ئینتمایە.
ئایا لێرەدا هیچ شتێکی ناسروشتی هەیە؟ بیرۆکەی ئەوەی کە سێکس تەنها بۆ مەبەستی زاوزێ بوونی هەیە، ئەوە هیچ مانایەکی نییە و لەلایەن قەشە و حاخامەکان دروست کراوە. لە ڕاستیدا چەمکە سروشتی و ناسروشتییەکانمان لە بایۆلۆژییەوە وەرنەگیراون، لە ئیلاهیاتەوە وەرگیراون. مانای ئیلاهیات(تیۆلۆژی) لە سروشتدا یانی ئەو خوایەی کە سروشتی دروست کردووە.
پیاوانی ئایینی مەسیحی ئیدعای ئەوە دەکەن کە خوا ئەندامەکانی لەشی مرۆڤی بە مەبەستی دیاریکراو دروست کردووە، ئەگەر ئێمە بۆ ئەو مەبەستانە کە خوا دایناوە بەکاریان بهێنین ئەمە چالاکی سروشتییە، ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە بەکاری بهێنین ئەوا لای خوا ناسروشتییە، بەلام هەموو ئەمانە ئەفسانەن.
خوا مرۆڤ و ئاژەڵەکانی دروست نەکردووە ئەوان بە هەڵبژاردنی سروشت پەرەیان سەندووە، وە پەرەسەندن هیچ ئامانج و مەبەستێکی دیاریکراوی نییە، ئەندامەکان بۆ مەبەستی دیاریکراو پەرەیان نەسەندوە، وە شێوازی بەکارهێنانی ئەندامەکان لە لایەن ئاژەڵ و مرۆڤەوە هەمیشە لە گۆڕاندایە.
زۆر زەحمەتە کە ئەندامێک لە لەشی مرۆڤ تەنها ئەو کارە بکات کە لە سەرەتاکان کردوویەتی کە سەدان ملیۆن ساڵ لەمەوبەر کردوویەتی. ئەندامەکان پەرەیان سەندووە بۆ کارێکی دیاریکراو, بەلام بەتەواوی سروشتییە پاش دروست بوونیان، کە بە مەبەست و کاتی دیکە بەکار بهێنرێن. بۆ نموونە سەرەتا کە (پەڕ)ەکان دەرکەوتن بۆ ئەوە بوو پەلەوەران گەرم بکاتەوە, ئێستا باڵندەکان بەکاری دەهێنن بۆ فڕین، ئایا ئەمە ناسروشتییە؟ پەنجەکان دەرکەوتن بۆ ئەوەی باوباپیرانی ئیمە بەسەر دارەکان سەرکەون، ئێستا ئێمە بۆ ژەنینی پیانۆ بەکاری دەهێنین، ئایا ئەمە ناسروشتییە؟
دەم دەرکەوت بۆ ئەوەی زیندەوەران خواردن بگەیەنن بە لەشیان، ئێستا ئێمە بەکاری دەهێنین بۆ قسەکردن و ماچکردن، ئایا ئەمە ناسروشتیییە؟ بە هەمان شێوە سێکسیش دەرکەوت بۆ مەبەستی زاوزێ، بەڵام ئێمە ئێستا بۆ وەرگرتنی چێژ و پەیوەندی و هاوڕێیەتی بەکاری دەهێنین، ئایا لەمەدا هیچ شتێکی ناسروشتی هەیە؟
چی دەڵێیت بەو کەسانەی کە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە نمایشی هاوڕەگەزخوازان هەیە بەهۆی ڕەهایی و سێکشوالیتەی کراوە کە زۆر جار باس دەکرێت؟
بە درێژاییی مێژوو ڕووتبوونەوە زۆر کەم کەسی کوشتوە، بەڵام کۆنەپەرستی ئایینی ملیۆنان کەسی کوشت، بۆیە پێش ئەوەی زۆر نیگەران بین دەربارەی ڕووتبوونەوەی هاوڕەگەزخوازان باشتر بوو خەمی توندڕەویی باوەڕەکانمان هەبێ.