ژوانێک

دەڕۆینە قاوەخانەیەک

نابیناکان لەوێ  قاوە دەخۆنەوە

ئەوانە خەڵکن

بەڵام

بە نیسبەت ژوانەکەمانەوە دەبن بە

کەسوکار


خەڵکی مێژووی پڕ لە سەبر و قین و خوێنن

سەر بە نەتەوەی ئاوارە و شێتیین

سەر مێزەکانیان پڕە لە سوێندی شەهیدەکانیان

تا ئێستا ئایینێکی وایان نییە

جەللادەکان و قوربانییەکان جیا بکاتەوە

بە کوێری ڕۆژنامەکان دەخوێننەوە

بە پەلە پەل جگەرە پێ دەکەن و

لە مانشێتێکی بێکەڵکی تردا، نەفەسێکی توندتر

سەبارەت بە لەدایکبوونی ڕووداوێکی ترسناک، لێ دەدەن.


– لە ژوانەکەمانەوە:

ئایا ئێرە ماڵەوەیە؟/کەوایە با ماچێک لێرەدا بکەین

ئایا ئەمە دنیای سێبەرە پەرتبووەکانە؟/کەوایە کەس یەخەمان دانادڕێ/ با ماچێک بکەین…-


گەروویان بەو ڕستە وردانەوە نووساوە

چاویان نزیکتر بە چاویلکەیەکەوە،

ژیان بە ڕووداوێکی ناوەخت، وەک کەوتنە خوارەوەی پاسارییەک لە کراوەی ماڵێکەوە بۆ ژووری نوستنی دوو هاوسەری نوێ، باس دەکەن

وەک ئەوەی شتێکی سەیر لەسەر لاپەڕەکان خەوتبێ

بە هەندێک گۆچانی شڕەوە

کە بە دڵەکوتێی گۆڕستانەکان و

لە خوێندنەوە فاتیحە بووەتەوە و

گەیشتوونەتە قاوەخانەکە

بە تەمەنێکی پڕ لە قینەوە

پڕ لە شەڕە ناشیرینەکانی ئەیلول و هەکاری و


– لە ژوانەکەمانەوە:

شەڕەکان لەژێر ناوی مانگە پیرۆزەکانی ساڵدا ناو نراون خۆشەویستم

تۆ کە شەڕ ناناسیت، کە کورد ناناسیت

شوببات و ئادار و ئەیلول و ساڵی خوێنە گەورەکان هەن

کارەکتەری ئەم جەنگانە، ژەنەڕاڵ نین

پاش دۆڕانی گەورە، ژەنەڕاڵەکان لە دێیەکی دووری وڵاتەکەیان ژیانیان بە شکستەوە دەبەنە سەر

جەللادەکانی ئێرە، نۆکەرن و خزمەت بە سیستمێکی گەورەی بێ ئابڕوویی دەکەن

مەترسە، با لەم ماچە بەردەوام بین

ڕۆژژمێر بە لێوی تۆ هەینییەکانی سوور نابێ…-


– لە ژوانەکەمانەوە

لە نەخشەی دەستەکانیاندا جگە لە بەرد هیچ نابینم

حەیف دیسان بوومەوە بە خۆم

قسە دەکەم و شیعر نانووسم

خەتای من نییە، خەتای تۆیە ئەی ڕۆژهەڵات

وشەکان لە مەنفاکەی تۆدا بێداد ماونەتەوە…

حەزم دەکرد لەم شیعرەدا نەبم بە خۆم

«من» و باوەڕەکانم هێندە دووبارە نەبنەوە

کلیکی ئەم شیعرە تۆ بوویت

بەڵام ئەم نیشتمانە یەکەم جار گورگەکانی خۆی سەربڕیوە

تۆ هەرکەس بیت، ناتوانیت بە دەنگی خۆت ئازار نەچێژیت

ناتوانیت لەبەر ئەوەی ژن نیت، هاوار نەکەیت!-


ئەم نەخشەیە بە کوێری دەسپێرن،

کوێرانە گوێ بۆ گۆرانییەکی ئیسپانی کە یەک دوانێکیانی ئەبڵەق کردووە

«ئەترسن باسی عەشق بکات و نەگرین

ئەترسن باسی نیشتمان بکات و بگرین»

گوێیان ڕادێراوە و

نە گۆرانی و نە میوزیک، پێستی شەرمەزارییان تەی ناکا..


گومانم هەیە لە تێکشکانیان

خۆ ئەگەر ڕۆهەڵاتییەکان تێکیشبشکێن

جگە لە بەردەکانیان چی دەکەن بە خۆڵ؟

ئەو خۆڵەی کە نابێت بە ئینسان.

وەختێک ئەوان لە بەردەوە بەرەو نەبوون دەڕۆن

ئەگەر بوونیان نەبێ؛ چۆن بیانبیستین؟

گوناهی ڕۆژهەڵات ئەوەیە، دەبینن و

ئاسۆیان بە کوێری دەبەخشن

هەر کە نەشبن، نابیسترێن!


– لە ژوانەکەمانەوە:

سەیری ئەم سەرانە، ڕۆژگارێک چاوەکان تیایاندا وەک هەور چەخماخەیان لێ دەدا

سەرێک براکەی لە پێناو عەشقەکەی خۆیدا دەکوشت

سەرێک سەرۆکەکەی لەسەر ناشیرینی تاڵان دەکرد

سەرانێک بوون، کەس نەیدەتوانی سواریان ببێت

گەروویان بە هەناسەی ماچێکەوە دەنووسا

سکیان پڕ دەبوو لەو درەختانەی بە ماچ گەورە دەبوون

خۆشەویستم، ڕۆژگارێک کە گۆرانیش نەبوو کەس بخاتە بیری ساڵە شوومەکان

لێرەدا عاشقان کێبڕکێیان لەسەر جوانترینی خۆیان دەکرد، پێشکەشی بکەن

ئێستا مەترسە/با ئەو ماچە بکەین

بەردەوام بە/ کەس هاودەممان نییە-


لە قاوەخانەیەکدا

کە نابیناکان نائاشنایانە دەڕوانن و

بە زەینێکی کوێرەوە سەر لە ڕۆژنامەکان دەدەن بۆ کۆکردنەوەی چنگێک ئومێد

کەسێک تەپڵەکی جگەرە و مۆمدانەکەی لێ تێک چووە

تف دەکاتە مۆمدانەکە و جگەرەکەی تێدا دەکوژێنێتەوە

کەسێک بە چاکەتی برا جوانەمەرگەکەیەوە هاتووەتە دەرەوە

لێی تێک چووە بووە بە جەللاد

کەسێک موچەی خانەنشینییەکەی هێناوە

لێی تێک چووە نایدا بە دەرمان…


ئێمەش هاتووین

ئەمە سەرزەمینی ئێمە نییە

بەڵام وا دەخوازێ

سەر بە تەنیایییە کەڕوو هاتووەکەی ئەوانەدا بکەین

سەر لە مێزی تەنیا،

سەر لەو کورسییانەی پڕن لە سەرنشین و

کەسی پێوە دیار نییە

بە جلکێکەوە کە سەیر نەکرێین

بە ئاماژەیەکەوە کە نەکوژرێین

هاتووین…


بە دزی هەموو جیهانەوە

وەک ڕۆژهەڵاتییەکی عاشق

سەرم شۆڕ دەکەمەوە بۆ سەر شانت

جلەکانم پڕە لە جێ فیشەکی ساڵانی نەهات

ئەو ساڵانەی ڕادیۆ کۆنەکانی باپیرە نەبن

کەس نازانێ چی تیایاندا ڕووی داوە.


– لە ژوانەکەمانەوە:

تۆ نەتهێشت سەرم بە سیاسەت تەی ببێ خۆشەویستم

لە قووڵاییی ڕۆحە پاکیزەکەتدا

لە ڕۆخەکانی جەستەتدا

بۆ سۆراغی

دڵۆپەیەک شیر کە لە دەمی خەونەکانم بەر بووبووەوە

لە مەمکی تۆ کەوتبوو

«چ خۆشبەختییەکە موسافیری گیانی تۆم و

موسافیری وێستگەکانی بەدبەختی نیم»

لە نهێنیی خەونە گەورەکان گەیشتم!

من سەرم پڕە لە تۆ…-

photo_2023-02-14_23-29-59

2 سەرنج

  1. blank محمد ئێناخی لە 15ی شوبات، 2023 کاتژێر 4:23 pm

    سڵاو دکتۆر گیان ، عەزیزەکەی خاڵۆ مەرج نیە نەبویتە دکتۆر و چارەسەرت پێ بێت بۆ نەخۆشیە جەستەیەکان ، شوکر وا ئێستا بە وشە جوانەکانت و خەیاڵی بەربڵاوت ئارامیت پێیە بۆ دەردە دەرونیەکان . هەگبەت هەمیشە پڕ و تژی بێت لە هەڵبەست و وتەی جوان .
    سەربەرزو سەرکەوتو بتبینم هەمیشە کەسەکەم .



  2. blank frîşteaziz لە 17ی ئایار، 2023 کاتژێر 1:36 am

    خامەت پڕ سۆز و جوانی بێت هەر.



سەرنجێک بنوسن