تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی نۆڤێمبەر

زۆر بە پەلەپەل بۆ دنیا هاتم/ حیرەتی زیاد کرد دەورەی حەیاتم/

نەمزانی چی بوو مەبەستی گەردوون/ لەم هاتوچۆیە، بوون و مەماتم.

خەیام

ئێمەش ئاژەڵێک نین

دەمانەوێ پەی بە نهێییەکان ببەین؟


چونکە منیش

لەو ڕۆژانەم هەبوو


مەتەڵێکم هەڵێنا و گوتیان

قسە لە شێت یان مناڵ.

*

شەوە. نۆڤێمبەرە.

گڵۆپی ماڵ، هۆتێل و یانەکان مرۆڤ کێش دەکەن. شەقام ملهوڕ دەست دەدەنە یەک. دوندی ستوونەکان ونن، سەریان بەتەمە. تەنانەت بێلانەکان شوێن هەورەکان دەچن- کەس نابینرێ لە دەر چاوەڕوانی گۆدۆیەک بێ

دوو قۆچی ئاگرین نەبێ داگیرساوە و لە ئاسماندا لێدەخوڕێ

فریشتەیەکە بڵێسە تینوویەتیی دادەمرکێنێ

فریشتەیەکە بەرکوڵی دۆزەخی لایە

خاڵی نیشانکراوی ئەمجارەی نەخشەکەی

ماڵێکە لە کازیوەی سلێمانی

لیستێکی درێژ ناوی قوربانی.

دەنیشێتەوە، ساتێ کە دکاری مانای نەمان لەمس بکەی؛

دەنگ خۆی کپ دەکا، وێنە خۆی دەسڕێتەوە…

یەک خێزان نەبێ، کۆ بوونەتەوە

وەک ئەوەی دوایین بن لەسەر هەسارە

دوایین هاتوچوون، دوایین خوان، دوایین دوایین.

بەلووعەیەک دەکرێتەوە، تانکییەک گڕ دەگرێ.

*

چەند منداڵێکن و پلەیستەیشنەکەیان

چاوەڕوانن کەمێکی دی، لووت

بۆنی کێکی تازه دەرهێنراو لە فڕن بگرێ

ئینجا هاپی بێرزدەی و کوژانەوەی مۆم، ڕەشبەڵەک و قاشکردن.


بەڵام قاشبوون تەنیا بڕینی کێک نییە لە ئاهەنگدا

ڕاکشانە لەسەر سیسەمی دۆستێک، کە چەقۆ تەنیویەتی

مێزی کۆبوونەوەی وڵاتانە و شڕوشیتاڵبوونی ئاڵایەک.


ئەوەتا ڕەشبەڵەک تەنیا لە خۆشیدا نابەسترێ

کچێک لە شەڕی ئازادبوونی قژدا کوژرا و

دایکی لەسەر گۆڕەکەی هەلهەلەی لێ دا.


خامۆشبوونی مۆم هەمیشە شوبهاندنێکی ڕۆمانسییانەی شیعرییە؟


ناگەن بە بینینی ئەمانە

پشتیان لەناو پرسیارەکاندا ناچەمێتەوە

دەسکەکان جێ دێڵن

نزیک دەبنەوە

لەو ساتەی نهێنییەکان هەڵدەتەکێن.

*

ئاخۆ چ گەمەیەکتان کردووە؟

دوای کام نهێنی گەڕاون؟

مردنی کەسایەتییەکە؟ بڕینی بانکەکە؟

لە گەمەکەدا چ ڕووی داوە؟

وڵاتێک داگیر کراوە و

نەتانزانیوە لەبەر چی؟

ئەمێرکا و ڕووسیا وەک هەمیشە خەڵکیان گاوە؟

تێگەیشتن بۆچی لە بەشێکدا

خێزانەکە ئارام نان دەخۆن

لە بەشێکی تردا شەقام سوورە؟

بۆچی لە بەشێکدا منداڵەکە پێدەکەنێ

لە بەشێکی تردا پیرێکە تەنیا، دەگری؟

*

دەستەکان وەک ئەوەی قوڕمیش کرابن تاوێرەکان وەلا دەنێن، شۆفڵەکانیش بێ هەدادان دەکۆڵن. لەسەر داروپەردووم و تانکییەک لە تەنیشتمە- دەڵێی بە خەڵووز شۆردراوە، نەفەستەنگ. داوای لێ دەکەم بکەوێتە قسە.

دەکەوێ، ئاوا؛


نەدەبوو من لێرە دواییم بێت. کاتێ هێنایانمە ئەم خاکەوە، بە خۆمم گوت ئارام بگرە، ڕەنگە بکەویتە سەربانی کۆشکێکەوە، بەڵام بەختم نەبوو، بوومە ڕوانینوانێک لەم سەربانە، شارم بینی زنجیری لێ ئاڵابوو- لە گۆڕەپانێکی زۆرانبازیدا بریندار لەنێوان پێڵاوی شاهانەییدا شەقشەقێنی پێ دەکرا، خەڵکیش تەماشاکەر بوون، پەڕۆ لەسەر چاویان. پاشان تێگەیشتم کەسانی دی هەیە شایستەی سڕینەوە


کەسێکە ڕستەگەلی ئامادەی لە کۆمپیوتەرە بۆ سەرەخۆشی

هەمان، لە کاسەی زێڕین خوێنی هاونیشتمانەکەی دەخواتەوە.

کەسێکە سکی ئەمباری نەوتە

هەمان، پارە دەخاتە گیرفانی کەڕەناژەنەکە، ماڕلین مەنڕۆی یەک شەو بۆ زیندوو بکاتەوە.

کەسێکە دۆشەگی چەکەکانە، سەرینی بارووت

هەمان، دوژمنەکەی دەیپارێزێ.

کەسێکە باز و داڵ و ئەستێرەی وڵاتی داگرتۆتە سەر کراس

هەمان، تەنیا لە شاشەکانەوە کارەساتەکانی سەرزەوینەکەی چاو لێ دەکا.


بەڵام ئەوە، گشت نیوەشەوێک دڵۆپەی بنمیچی شێگرتووی ماڵە هەژارەکان دەچۆڕنە سیمای، گەریلاکان سواری داری ماسیحە بوونە و بەناو ژوورەکەیدا دەفڕن… دژخەو دەبێ، گڵۆپە سوورەکان تێدەپەڕێنێ، کیلۆمەتر دەپێوێ بۆ قومێک ئاو، سەلاجە دەکاتەوە چاوی دەرهاتوو لەناو قاپەکان و گوێی بڕاو. قاچوقول و دەستی جووڵاو وەردەبنە گیانی. گەرووی هاوار هاوار شەق دەبێ. بێتاوان-زیندانکراو لە ژێرزەمین هەڵاتووە و بە مشاری کارەبایی دەرگەی کۆشک دەبڕێ. پاسەوانەکانی ئاپۆڕە دەبەستن؛ دەموچاویان ڕووپۆش بە ماسکی زیندەبەچاڵکراوانی نوگرەسەلمان کە کوردی بیری خۆیان دەبەنەوە و وشەکانی کتێبێکی فەرهەنگی عەرەبی ئەزبەر دەکەن. بۆ ڕۆژنامەوانە شەهیدەکان ڕێ چۆڵ دەکەن بە قەڵەم ڕاوی بنێن و ئازادانە نامەکانیان بنووسن. مێشکی ئەوە زەنگی وەهم دەیشڵەقێنێ. دەروونیەتی غەرقی ئەڵوەن بووە، هانا دەباتە بەر خەڵکی خانەقین و وەردەسووڕێن، بۆق تاجەکەی دەخوا، قاقای زنجیرەچیاکانی حەمرین گوێی قانگ دەدەن.

*

منیش ڕۆژانێ…

ئاخ بۆ ئەو ڕۆژانەی

ئەوپەڕی خەمباریم مردنی کەسایەتییە دڵخوازەکەم و

بێزاریم دۆڕاندن بوو لە دووگۆڵی

بڕانی کارەبا کاتی گەمەکردن هۆی تووڕەییم.


بیرمە هەمبوو ڕۆژێکی وا تازە پەڕوباڵم دەرکردبوو، نیشتبوومە سەر نوێنەکەی دایەگەورە، چاوم چەشنی پانکە سووڕی دەخوارد لەنێوان لێوەکانی دوو مامم. ناوێکیان لێ ون ببوو.

کتوپڕ گوتم “گالیسکە” و نیگاکان بۆ من ڕاکێشران. مامێکم گوتی خۆیەتی… قسە لە شێت یان مناڵ. دامانە پێکەنین.

بووژامەوە، وەک کاپتنی چەتە دەریایییەکانی ڕۆمانێک بم، گەنجینەیەکم دۆزیبێتەوە.

*

سڵاو منداڵەکان

ئێستا ئەو لەبەینچووانە کوان پێیان دەگوتین

سەفەری مەرگ بە ئەسپەکێویی سپی دەکرێ؟

کەوایە دوای گوزەراندنی

ئەو هەموو ساڵە

کاتی ئەوە نییە

وەڵامی مەتەڵەکان

دەربارەی مەرگ،

نیازی گەردوون

لەم هاتوچۆ بێهوودەیە،

لە لاشەکانی

ئێوە وەربگرینەوە؟

١٣/١٢/٢٠٢٢

IMG_233

سەرنجێک بنوسن