هەزارەی هەیدێ لە پیرۆزکراوان

”مرۆڤی خاوەنپایە

شاعیرانە

لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت”

(هۆڵدەرلین)

لافاوی ”ئەو سیلسیلە وا خەم بە خەمۆ”

پێلی دەخستە ڕەشاییی ڕەها

نیشتەوە بەسەر پیلی زاگرۆسدا

شۆقی دا دووهەمین دەستپێکی جیهان

/ هەزارەی هەیدێ لە پیرۆزکراوان /

نیشان بەو نیشانەی هەڵۆی سەقز

بە شەقامی شاراندا دەفڕێ

چنگ لە عەمامەی کەویری کاهینان دەگرێ

..

بڕیاری ”ئەو سیلسیلە وا خەم بە خەمۆ”

پرسیاری ئاڵۆزە لە خاو

/ نە نەوتی ئێستا و

نە خەیاڵی کەونی کاهینی /

کە هەر لە بسک جوانە و

خەیاتەش ئەگەر

”زوانەکەم قەڵەم بیهێرم پیا” و

هانکەی گیان کە وەبەر خڕکەبەرد /سێو/ و

ساچمە /مێخەک/ دێتەوە ئاواڵم

لەسەر شەقام گوڵی سەنگەر /سێپەڕە/ دەچێنێت

دەستەویەخەی ڕەوەدێوی ”ئاتەش بە ئیختیار”

لە گەروویدا گۆرانی دەپێکێت فیشەکی فێدار

ئیدی بە ڕیتمی تاهەتایدا

هەر شەقامە و

”گێژ دەخوات”

”پێچی دەدات” و

دەگێڕێتەوە

ڕۆژێک بوو

ڕۆژێک نەبوو

لە پشتی گاشە و

داوێنی کانی

لەدایک بوو

لە قوماتی گوڵاڵە پێچرا

بە کوڵمییەوە

خۆر ئاوردووی کوڵاندنی لافاو و

لە پەنجەیدا

مانگ گوستیلەی خواژنان

بەوێ ئەفسانەی لە وەنەوشەڕا

کوولەکەی ڕۆحی دێوی دەماوەندی ئەنگاوت

ئێستا لەو بێرونەی

گوریسی سێدارە لە ڕدێن دەچنن

کەڤۆکی گەروو باڵ لێک دەسوون لە گەرمەی گمەدا و

ئاواڵی من ژواری زمانپاراوی پرچی خۆی

بە بای قامچیی ئەشکەنجەدەری غەزریو گوت

کە ژیان وراوەی ئازادی

لە ورینگەی نیانی ژن وەردەگرێ

خانمی وشەی خاک / کە سەرەتا هەر خۆی هەبوو /

لە دێڕە سووتاوەکانی بە فیشەک و

هاژەک و

هەر ئاگرێکدا

لێدانی بێترپەی مۆتیفی پشکووتن دەهزرێ

کە ئاواڵی من پڕ     پڕانیی پشکوتنە و

لێو دەنێرێ بۆ دەمی باخ

گۆرانیی نەبیستراوی خونچە بڵێ

چاو دەنێرێ بۆ پەنجەی شەو

مستی هەڵپێکراوی تاریکی ببینێ

گوێ دەنێری بۆ هۆشی ڕۆژ

پرتەپرتی سێبەر ببیستێ

..

ئاواڵی من

مۆسیقایەکی قژڕووبارە

بە سینگی پڕ لە گاونی چیادا دەخوشێ و

بواری پەڕێنەوە تەنیا بە پەنجەی شیعر ئەدا

لە دوای شیعر دانوستانی خولیا لەگەڵ بارانە

نەک مشتومڕی تینووێتی لەگەڵ یەکپارچەییی خوڵبارین

لە دوای شیعر گفتوگۆی گاشە لەسەر شکاندنی ڕچەی ڕێبەندانە

نەک تەزووی سەرماوەز لەمەڕ ڕچینی خڕۆکەکانی خوێن

”لە دوای شیعر پاساوێک بۆ لاڵی نامێنێ”

بدوێن بدوێن بدوێن و

پێکهاتەی خەنجەر و خوێن هەڵوەشێننەوە

کری سەنگەر و سێپەڕە لە تانوپۆی شەقامەوە دەن

شار بچنن

بە هەراسانیی ڕاسیاوی دژەڕکەی لە هامێزی فڕین خزاو

بە خۆشیی هاواری لە گەروودا پەنگر

بە گڤەی وەهەتاوشۆراوی وتەی لە دیدە داچۆڕاو

بە سەفای ناز و ناڕەزایەتی

کە ئاواڵی من یاخی

بەو سیلسیلە وا خەم بەخەمۆ

لە کێش بەدەر

هەموو شتێکتان لەسەر شانیەتی

هەر بۆماوەییی ڕازانی خوناو لەسەر مێخەکبەند نا

لە دوای شیعر

ئاواڵی من

ملە دەگەڵ زیادکردن و داشکاندنی بەئاشکرای باران دەکا

لە بگرە و بەردەی بۆرسەکانی شەڕدا پشکی خۆێن دەپارێزێ

لە کێشمانی ئەو سیلسیلە وا خەم بە خەمۆ

تووناتوونی چاخەکان دەبڕێ

تا هەست بە یەکدی ڕامووسانی وتە بە وتەی نیگا نەکا

هەر دەکشێ

دەکشێ

ئاواڵی من لە دوای شیعر

٢٤ی دیسامبری ٢٠٢٢

photo_2023-02-20_19-44-55

سەرنجێک بنوسن