وتەیەک:
شێعر لای من بگرە زیاتر لە ڕۆمان پێویستی بە ئێمە یا هەموومان یا تەواوەتی کۆمەڵگا و ڕووداوەکانی هەیە، شێعر هیچ کات بە تەنیا بەرهەمی یەک کەس یا شاعیر بە تەنیا نییه. شێعر لای من نە تەنیا ئیلهام نییه تەنانەت لە زەمیری ناوشیاری مرۆڤیشەوە سەرچاوە ناگرێ، ئێمە لە دنیا و سەردەمێکدا ئەژین کە هەموو شتێکمان ئەزموون کردووە، بۆیە هەوڵم ئەوە بووە تەنیا ئەو ئەزموونانە لە ناو زمان و نووسیندا ئەزموون بکەم و کەشێکی هونەری پێ بدەم و قووڵتریان بکەمۆ. ئەم شێعرە ئێمەین کاتێک یەکتر ئەناسین، پێکەوە ئەخەوین، قسە ئەکەین، شۆڕش ئەکەین، ئەمرێن، خەیانەت ئەکەین، سیخوڕی ئەکەین، بێتاقەت ئەبین …، شێعر ئێمە یا هەموومانە بەڵام ئەو هیچ ئەزموون و بیرەوەرییەکی خۆی بیرنەچۆتەوە، شێعر ئێمەین، بەڵام خۆمان ناناسینەوە تێیدا، هەست بە خۆمان ئەکەین لە توێی وشەکاندا وەک ڕۆح و تارمایییەک. ئەم شێعرە تارمایییەکە لە گشتمان، لە ژیانێک کە بیرمان چۆتەوە.
عەبوو ڕاوەند
پاژێک لە شیعرەکە:
جگە لە چەن ناو و ڕووداوێک هیچ شتێکی ئەم نووسراوە کوردی نییە و ئەگەر ئەتوانی لە زمانی ڕووسییەوە بیخوێنەوە.
گەر شەڕیشت کرد ئەتوانی بە چەکی ڕووسییەوە بیکەی
هیدایەتی عەبدووڵڵاپوور پیش ئەوەی چەکدار بکرێ بە چەکی ئامریکایی و دواتر بە چەکی عەرەبستانی و نێوی عەرەبستانییەوە شەڕی کرد و کوژرا
ڕامینی حسەین پەنایی بە چەکی بریتانی و ناوی فارسییەوە شەڕی کرد و کوژرا
بەڵام هاوخەمەکانی حەزیان ئەکرد و ئەیانویست بێژن ڕامین چەکی ڕووسی پێ بووە و شەڕی پێ نەکردووە و کوژراوە
ڕامین کە مرد ناوە فارسییەکەشی کردە ناوێکی مردووی کوردی
تکایە کردت بە چەکی ڕووسییەوە بیکە، بە ناوی ڕووسییەوە بیکە
ئەگەر مردی بە چەکی ڕووسییەوە بمری سەربەرزترە، بە ناوی ڕووسییەوە بمری نەمرترە
وەک من مەبە کە هەر وڵاتێکی بەخشەندە چەکی دامێ شەڕی پێوە ئەکەم. شەڕێکی بەخشەندە، چەکێکی بەخشەندە
وەک من مەبە کە هەر شاعیرێکی بەخشەندە شێعرێکی دایتێ بیخوێنیەوە
خوێن کە ئامیانی شێعرە و لە هەر زمانێکدا بگرسێ ئەیکاتە زمانی کوردی
فیشەک کە لە هەر جەستەیەک بدات ئەیکاتە جەستەیەکی کوژراوی کوردی
***
ماڵپەڕی نەفتن ئەم دەقەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە. دەتوانن لەسەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) داوەنلۆد بکەن.