ئالوودەی جەماوەر

دوای ڕۆحم دەكەون، ئەی ڕاھیبە بەستەزمانەكان.

بۆدلێر


داڕزان دەكەنە نەریت و ئێجگار سەنگین پیشانی دەدەن/ گەلەك سادە چەمك خەرج دەکەن/ پەیامبەرانی نمایش، وەھا دەست پێ دەكەن/ لێرەن و ھەموو شت لە قووڵایی دەخەن/ گۆڕەپانی بیرنەكردنەوە، بونیاد دەنێن/ پیرۆزبایی لە یەكدی دەكەن/ «لێتان موبارەك بێت، زیکری كۆتایی»/ «پیرۆزە، مارەكردنی كۆمەڵانی خەڵك»/ «بە خێر بێن بۆ گۆڕستانی بیركردنەوە»/ ئەی خاوەن‌نەژادان/ ئەی ئالوودەبووانی تلیاكی جەماوەر/ ئەی تینووانی شەرابی ئاپۆڕە/ چ ئیرەیییەکتان لەوەیە، كە لە ئێوە نییە/ چ نەفرەتێكتان بۆ ئەوەیە، كە بە ڕیتمی ئێوە نایەتە سەر ستەیج/ چ کینەیەكتان لەوەیە، كە لەگەڵ ئێوەدا وێنە ناگرێت.

ئەوە ڕوخسارە، یان شاشە/ ئەوە ڕۆحە، یان ماتریاڵ/ ئەوە نوێیە، یاخود دۆگما؟/ ئەوە تێپەڕاندنە، یان نواندن؟/ ئەمەیە مێژووی قەشەنگتان، ئەی خەباتگێڕانی سازش؟/ ئەم كەرنەڤاڵی پووچییە لەپای چی؟/ بۆ تەشەنەكردنی شادیتانە؟/ بۆ ھێورکردنەوەی دەمارگرژیتانە؟/ ئاھ.… چ ھێڵنجێكە بەرھەمتان؟/ چ پاشەكشەیەكە مێژووتان؟/ چ فریوێكە زوبانتان؟/ چەندە تەنگە ئاسۆتان؟/ چ قەفەسێكە، كۆشكتان/ چ ملكەچییەكە، ئازادیتان/ چ زێڕینە، زنجیرتان/ چ ئاشووبێكە، ئاشناییتان/ چ نەھامەتییەكە، بەردەوامیتان.


ئەی پشكنەرانی گوتار و ئەی مارشاڵانی وشە/ ئەی خزمەتكارانی گەڕەلاوژە/ ئێوە ئەی ڕاكردووان و تۆقیوان لە ڕاڤە/ لێرەن، بۆ ئەوەی شەقام دروست نەبێت/ بۆ ئەوەی دزێوی لە یاد ببەنەوە/ بۆ ئەوەی داھاتوو پووچ پیشان بدەن/ بۆ ئەوەی ئەم گاڵتەجاڕییە موقەدەس بكەن، كە پێی دەڵێن خاوەنشكۆ/ لێرەن بۆ ئەوەی حاشا لە گوناھ و شەیتان و ھاوچەرخێتی بكەن/ لێرەن گوایە زوبان و زەمەن پاكژ ڕابگرن.


نە «لوورە» دێت و نە «شومی»یش دەردەكەوێت/ بت و كڕنووش بە «وەفاداری» ناو دەبەن/ تەرم بە ھەوادا دەدەن/ پۆرترێتی ئاشنا و ناسراوان دەبەخشنەوە/ بە عەوامپەسەندی دەڵێن «درەوشانەوە»/ ئاڵۆش و شەھوەتتان وەك گوڵێكی دانسقە دەفرۆشنەوە/ دەبنە سیمبولی جیھانێكی ڕازاوە بە «تێنەگەیشتن» و یەکدی هەڵدەگرنەوە.

photo_2023-04-28_01-44-52

سەرنجێک بنوسن