کاتێک هەموو شتێک شکست دەهێنێت:

گواستنەوە و دابەشکردنی دانیشتووانی ئێتنیکی (نەتەوەیی) لە سەدەی بیستەمدا

لە ئینگلیزییەوە: لەیلا سەمەدی

کاتێک هەموو شتێک شکست دەهێنێت[1]:

گواستنەوە و دابەشکردنی دانیشتووانی ئێتنیکی (نەتەوەیی)[2] لە سەدەی بیستەمدا

پوختە:

چەمکی جیاکردنەوەی جەستەییی دانیشتووانی پێکەوەناکۆک (دژبەیەک)[3] وەک گونجاوترین چارەسەر بۆ زۆرێک لە خراپترین ململانێ ئێتنیکییەکان بانگەشەی بۆ کراوە. بیرۆکەکە تا ئێستاش مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، چونکە گواستنەوەی دانیشتووان و ئەو دابەشبوونانەی کە زۆر جار لەگەڵیدا دەبن، دەوترێت ئازار و مردن زیاد دەکات و لێرەدا لەگەڵ دۆسیەی ئێرلەند، هیندستان، فەڵەستین و قوبڕس وەک بەڵگە خراونەتە ڕوو و کاریگەرییە کۆتایییەکانی گواستنەوەکان (کۆچ)[4] و دابەشبوونەکانی[5] دانیشتووان لەم چوار وڵاتەدا و کەمبوونەوە یان خودزیادبوونی خەساری گیانی هەڵدەسەنگێندرێت.

دەقی تەواو:

تا ئەم دوایییانە، کۆدەنگییەکی نزیک لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەت و توێژەران هەبوو کە ئامانجی بەڕێوەبردنی ململانێ نەتەوەیییەکان دەبێت پشتگیریکردن و پاراستنی کۆمەڵگە یەکگرتوو و فرە نەتەوەیییەکان بێت. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەو بیرۆکەیەی کە جیاکردنەوەی دانیشتووانی دژبەیەک ڕەنگە باشترین چارەسەر بێت بۆ زۆرێک لە توندترین ململانێیە نەتەوەیییەکان، هاتە ئاراوە. ڕووداوەکانی بۆسنیا پشتیوانیی ئەم ڕەوتە دەکەن، هەروەها کە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە تا گرووپە پێکەوەناکۆکەکان زیاتر لە یەکتر جیا بوونەتەوە، پەیوەندییەکانیان ئاشتیانەتر بووە، لە حاڵێکدا پێشنیارەکان بۆ یەکسەر یەکخستنەوەیان کەمتر و کەمتر پشتیوانیی لێ ‌دەکرێت.(١) سەرەڕای ئەوەش، بەشێکی گەشەسەندوو لە لێکۆڵینەوەکان کە گرنگی بە ڕۆڵی ئاستەنگەکانی (دووڕیانەکانی) ئاسایشی نێوان گرووپەکان دەدات لە ململانێ نەتەوەیییەکاندا، دەڵێن کە شێوازەکانی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی تێکەڵاو دەتوانێت پەرە بە توندوتیژی بدات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە جیابوونەوەی گرووپە دژبەیەکەکان ڕەنگە ململانێکان کەم بکاتەوە.(٢)

بەڵام جیاکردنەوەی دانیشتووان زۆر مشتومڕی لەسەرە. تەنانەت کاتێک گواستنەوەی دانیشتووان بە شێوەیەکی پارێزراو ئەنجام دەدرێت، ئازارێکی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانە لەدەستدانی ماڵوحاڵ و بژێویی ژیان و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوورییەکانی بە دوادا بێت. بەم شێوەیە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانرێت پاساویان بۆ بهێنرێتەوە کە ژیانی ئەو کەسانە کە لە ئەگەری توندوتیژیی نەتەوەیی دەکوژران، ڕزگار دەکرێن. ڕەخنەگران دەڵێن گواستنەوەی دانیشتووانی ئێتنیکی و ئەو دابەشبوونانەی کە زۆر جار لەگەڵیدا دەبن، بە گشتی ئازار و مردن کەم ناکەنەوە بەڵکوو لە ڕاستیدا زیادیان دەکەن.

گرنگترین بەڵگە ئەزموونییەکان کە دژی جیابوونەوەی دیمۆگرافی کۆ کراونەتەوە، لەسەر دەرئەنجامی چوار دابەشکردنی بەناوبانگی سەدەی بیستەم وەستاوە- ئێرلەند، هیندستان، فەڵەستین و قوبڕس، کە هەموویان لەگەڵ گواستنەوەی دانیشتووان بە قەبارەیەکی بەرفراوان لەگەڵ توندوتیژییەکی بەرچاودا بوون.(٣)

ئەو پرسیارەی لەم وتارەدا ئاماژەی پێ کراوە ئەوەیە: ئەگەر بیرسای (لۆژیکی) جیاکردنەوەی دیمۆگرافی دروست بێت، بۆچی دابەشبوون و گواستنەوەی دانیشتووان لەم چوار حاڵەتەدا ئەوەندە توندوتیژانە بوو؟ سێ ئەگەر هەیە: توندوتیژی لەم حاڵەتانەدا دەتوانێت بەڵگەیەک بێت بۆ ئەوەی ڕوانستەکە (تیۆرەکە) هەڵەیە؛ توندوتیژی دەتوانێت بە هۆی هۆکاری تایبەتەوە بێت کە ڕۆشنایی ناخاتە سەر لۆژیکی هۆکارانەی ڕوانستەکە؛ یان شێوازی توندوتیژی لەم حاڵەتانەدا دەتوانێت هەر بەو شێوەیە بێت کە ڕوانستەکە پێشبینی کردووە، ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە توندوتیژی لەم کەیسانەدا (و کەیسەکانی داهاتوو) ڕەنگە کەم بکرێتەوە ئەگەر داڕێژەرانی سیاسەت کە ڕووبەڕووی ململانێی توندی نەتەوەیی دەبنەوە زیاتر ئامادە بن بژاردەی جیابوونەوەی دانیشتووانی ناکۆک لە بەرچاو بگرن.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، تۆماری ئەم چوار دۆسیە (حاڵەتە) تاوتوێ دەکەم و بۆم دەردەکەوێت کە ئیدیعای ڕەخنەگران ڕەوا یان پاساوهەڵگر نییە. لە هەر چوار حاڵەتەکەدا جیابوونەوەی گرووپە پیکەوەناکۆکەکان توندوتیژییەکانی دواتری کەم کردووەتەوە. بەردەوامبوون یان سەرهەڵدانەوەی توندوتیژیی نێوان گرووپەکان لە ناوچە دیاریکراوەکاندا لە هەندێک حاڵەتدا بە هۆی دابەشبوون یا جیابوونەوە نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی ناتەواویی جیابوونەوەی گرووپە دژبەیەکەکان لەو ناوچە تایبەتانەدا بووە.

ئەم وتارە بەسەر سێ بەشدا دابەش کراوە. یەکەمیان دۆخی مشتومڕەکە لەسەر دابڕانی دیمۆگرافی وەک چارەسەرێک بۆ شەڕە ئێتنیکییەکان هەڵدەسەنگێنێت و ئەو پرسیارە ئەزموونییانە دەستنیشان دەکات کە بۆ ئەوەی بەرەو پێش بچێت، پێویستە وەڵام بدرێنەوە. بەشی دووەم لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا کاریگەرییە هەڵاوێژراوەکانی دابەشکردن و گواستنەوەی دانیشتووان لە کەیسەکانی ئێرلەند، هیندستان، فەڵەستین و قوبڕسدا لە کەمکردنەوەی قوربانییەکان بووە یان زیادکردنیان. لە بەشی سێیەمدا باس لەوە دەکرێت کە ئایا دابەشکردن و گواستنەوەی دانیشتووان دەوڵەتی نادیموکراسی دروست دەکات یان نا.

دۆخی مشتومڕەکە (باسەکە)

ئەم بەشە لایەنەکانی مشتومڕی ئێستا و پێداویستییەکان بۆ پێشخستنی زانیارییەکانمان لەسەر کاریگەرییەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی (جیاکردنەوەی) دانیشتووان دەخاتە ڕوو.

کەیسی جیابوونەوە

هەر کاتێک پێکهاتە نەتەوەیییەکان نەتوانن پشت بە دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز و بێلایەن ببەستن بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی ناوخۆیی، دەبێت هەموو گرووپەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بکەونە ئامادەکاری. بەڵام ئەو ڕێوشوێنە ماددی و دروشمییە (ڕێتۆریکانەی) کە گرووپەکان بۆ ئامادەکاری بۆ بەرگری بە کاری دەهێنن، هەڕەشەی هێرشبەرانە (شەڕانگێزانە) بۆ سەر گرووپەکانی دیکەش دروست دەکات و ئەمەش دووڕیانێکی ئەمنی دروست دەکات کە هیچ گرووپێک ناتوانێت ئاسایشی خۆی بەبێ ئەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی ئەوانی دیکە بکات، دابین بکات. چڕیی ئەم دووڕیانە ئەمنییە بەشێکی لەسەر کارکردی دیمۆگرافیایە: تا شێوازی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی پیکەوەناکۆک زیاتر تێکەڵاو بێت، دەرفەتەکانی هێرشکردنە سەر هەر لایەنێک زیاترە و داڕشتنی ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگە قوڕستر دەبێت جگە لە پێشوەخت‌-چوونە-سەر-هێرشەکە (تەنها بە لێدانی پێشوەختە نەبێت) بۆ “سڕینەوەی”[6] ناوچە تێکەڵەکانی ئەندامانی گرووپی دوژمن و دروستکردنی ناوچەی متمانەپێکراو و لەبەرگری‌هاتوو لە ڕووی نەتەوەیییەوە.(٤)

هەروەها هەمان داینامیک ڕێگری لە کەمبوونەوەی شەڕە ئێتنیکییەکان دەکات تا ئەو کاتەی گرووپە ناکۆکەکان بە شێوەیەکی جەوهەری (لە بنەڕەتدا) جیا دەبنەوە (یان لایەنێک لایەنەکەی دیکە داگیر دەکات یان لەناویان دەبات). ئەو چارەسەرانەی کە ئامانجیان هەم بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەتی مەدەنیی فرەنەتەوەیییە و هەم بۆ دوورکەوتنەوە لە گواستنەوەی دانیشتووانە، وەکوو بنیاتنانی دامەزراوە، هاوبەشکردنی دەسەڵات و بنیاتنانەوەی ناسنامە، ناتوانن لە کاتی شەڕی ناوخۆییی ئێتنیکی یان دوای شەڕی ناوخۆیی کارتێکەر بن، چونکە چارەسەری ئەو دووفاقییە ئەمنییە ناکەن کە دیمۆگرافیای تێکەڵاو درووستی کردووە.(٥). تا ئەو کاتەی هەردوو لایەن لەسەر ئەو باوەڕە بن کە باشترین ستراتیژیی ئەمنی بۆ هەریەکەیان سووکایەتیکردن و پاکتاوی نەتەوەیییە، هیچ کامیان ناتوانن ئاسایشی خۆیان بسپێرن بە هیوای خۆڕاگرتنی لایەنی بەرامبەر(٦). چەمک و واتای سیاسەت ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە پشتگیری لە جیابوونەوە بکات وەک چارەسەرێک بۆ لانیکەم هەندێک ململانێی کەمینەیی (خۆجێیی)[7]؛ ئەگەرنا، پرۆسەکانی شەڕ بە هەر شێوەیەک بێت دانیشتووانەکان جیا دەکاتەوە، بە تێچووی مرۆییی زۆر زیاتر.

فاکتەری هۆییی گرینگ جیاکردنەوەی خەڵکە بۆ ناوچەکانی بەرگری لێ کراو، نەک دابەشکردنی سەروەری(٧). بە پێچەوانەوە، دابەشبوون بەبێ جیابوونەوە تەنیا ململانێ زیاد دەکات، وەک ئەوەی لە کرواسی و بۆسنیا لە ساڵانی ١٩٩١-٩٢دا ڕووی دا.

دۆسیەی دژی جیابوونەوە و دابەشبوون

لەنێو زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرکردە و توێژەرە ڕۆژئاوایییەکان، “گواستنەوەی دانیشتووان” و “دابەشکردن” لەمێژە وشەگەلێکی گڵاو (ناحەز) بوون. جگە لە ئاوارتەگەلی دەگمەن، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی دەوڵەتەکانی کردووە دژی بزووتنەوە جوداخوازەکان و کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) پێی باشە “ئاسایش بۆ خەڵک بهێنێت نەک خەڵک بە ئاسایش بگەیەنێت”.(٨) بەرهەڵستکاران دەڵێن کە دابەشکردنی نەتەوەیی و گواستنەوەی دانیشتووان سێ کەموکوڕی سەرەکی هەیە:

یەکەم: دابەشکردن و گواستنەوەی دانیشتووان لەبری ئەوەی توندوتیژی کەم بکاتەوە، لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی توندوتیژی. دووەم: زۆر جار بە گۆڕینی ململانێی ناوخۆیی بۆ ململانێی نێودەوڵەتی، ململانێی نوێ دروست دەکەن و، سێیەم: دابەشبوونەکان دەوڵەتی پاشەڵ (ئاڵۆز) دروست دەکەن کە نادیموکراتیکە و لە ڕووی کولتوورییەوە تەسکن، و ڕق و کینە لە نێوان کۆمەڵگەکاندا بەردەوام دەکەن.(٩) دوو ڕەخنەی یەکەم جددیترینن چونکە پەیوەندییان بە پرسی ناوەندییەوە هەیە کە ئایا جیابوونەوەی دیمۆگرافی ژیانی مرۆڤەکان ڕزگار دەکات یان تێچووی دەبێت. سێیەمیان گرنگە چونکە ئەوە پیشان دەدات کە پەنابەران ڕەنگە خۆیان لە سیاسەتێکی سەرکوتکەرتردا ببیننەوە لەوەی کە بە جێیان هێشتووە.(١٠)

واتای لۆژیکی ڕەخنەگران ئەوەیە کە زۆربەی ئەوانەی لە ململانێ ئێتنیکییەکان بوونەتە پەنابەر، دەیانتوانی بە ئاسایشەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و لە ئازادییەکی مەعقوولی ئابووری و سیاسی و کولتووری بەهرەمەند بوونایە ئەگەر دابەشبوون و گواستنەوەی دانیشتووان لە دەرەوە بەسەریاندا نەدەسەپێندرا. ئەنجامی کۆتاییی ئەوان ئەوەیە کە کارکردن بۆ یەکخستنەوەی گرووپە نەتەوەیییەکان لە شەڕدا لەگەڵ یەکتردا هەم ئەخلاقیترە و هەم لە درێژخایەندا پراکتیکیترە لە قایلبوون بە دابەشبوون.

ئەمە هەڵەیە. ئەو دووفاقییە ئەمنییەی کە لەلایەن دانیشتووانی تێکەڵاوەوە دروست دەبێت، دڵنیایی دەدات لەوەی کە شەڕە ئێتنیکییەکان هەمیشە کۆمەڵگە پێکەوەناکۆکەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە؛ ئەم پرۆسەیە ناتوانرێت بوەستێنرێت جگە لە داگیرکاریی سەربازیی هەمیشەیی یان کۆمەڵکوژی، یان بە نەبوونی شەڕ لە پلەی یەکەمدا (هەر لە سەرەتاوە). کاتێک ململانێ نەتەوەیییەکان توندوتیژ دەبن، جووڵەی خۆڕەسی پەنابەران لەبەر چەند هۆکارێک دروست دەبێت: خەڵک دەترسن لەو ناوچانە بمێننەوە کە شەڕی ئێتنیکی لە ئارادایە یان چاوەڕوان دەکرێت دەست پێ بکات، یان لەلایەن دراوسێکانیان، باندە تاڵانچییەکان، یان سوپای داگیرکەرەوە ناچار دەکرێن بچنە دەرەوە. کەواتە پرسیارەکە لە ناوەڕاستی ململانێی توندی نەتەوەییدا ئەوە نییە کە ئایا گرووپەکان جیا دەبنەوە یان نا بەڵکوو مەسەلەکە ئەمەیە کە چۆن بە پاراستن، گواستنەوە، بژێویی ژیان و نیشتەجێکردنەوە لەلایەن دەسەڵاتەکان یان دامەزراوەکانی دەرەوە، یان لەژێر ڕەحمەتی نەیارە نەتەوەیییەکانیان و باندەکاندا ڕێک خراون؟ ڕەتکردنەوە یان ڕێکنەخستنی گواستنەوەی پێویست، مرۆڤەکان لە پەنابەربوون ناپارێزێت، بەڵکوو کاتێک ئەم کارە دەکەن، کارەساتیان بەسەردا دەسەپێندرێت.

هەروەها تۆمەتی ڕەخنەگران کە دابەشکردن و گواستنەوەی دانیشتووان دەوڵەتی نالیبراڵ دروست دەکات، دروست نیە.(١١) هەرچەندە ڕاستە کە هەموو دەوڵەتانی جێنشینی دابەشبوون، لیبڕال-دیموکراتیک نین، بەڵام ئەو دەوڵەتە جێنشینانەی کە بە هۆی جیابوونەوەکان دروست کراون کە لەم بابەتەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لەچاو ئەوانەی پێش خۆیان یان دراوسێکانیان کەمتر دیموکراتیک نین. هەرچەندە بڕێک لە دەوڵەتانی جێنشین یاسای هەڵاواردنیان  هەیە، بەڵام بە گشتی ئەم جۆرە هەڵاواردنانە کەمتر توندوتیژە لەوەی کە کەمینەکانی پێش دابەشکردن لەژێر دەسەڵاتی زۆرینەدا ڕووبەڕووی دەبوونەوە.

مەرجەکان بۆ چارەسەرکردنی مشتومڕەکە

زۆرترین پانتاییی پەیوەندیدار بەم مشتومڕە هەموو حاڵەتەکانی گۆڕانی سنوورەکان یان بزووتنەوەی دانیشتووان دەبن کە پێکهاتەی نەتەوەییی یەک یان چەند دەوڵەتێکیان گۆڕیوە. لە پراکتیکدا ئەم پانتایییە بە شێوەیەکی بێئەژمار گەورە دەبێت، بۆیە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە کۆمەڵەیەکی مەهارهاتوو لە کەیسەکان پێناسە دەکەم کە زۆرترین پەیوەندییان بە قازانجی سیاسەتی جیاکردنەوەی دیمۆگرافیای ئەمڕۆوە هەیە: بە تایبەتی هەموو دابەشبوون و جیابوونەوە نەتەوەیییەکانی سەدەی بیستەم کە بوونەتە هۆی پێکهێنانیان، کە کۆی گشتییان نزیکەی بیست دەوڵەتە.(١٢) خشتەی ١ـی ئەم کۆمەڵەیە پوخت کردووەتەوە.

لەم زەنجیرەیەدا پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان توندوتیژیی زۆر و گواستنەوەی زۆری دانیشتوواندا هەیە؛ نزیکەی هەموو ئەو کەیسانەی کە توندوتیژیی زۆریان تێدایە، ئاوارەبوونی پەنابەران لە هەر حاڵەتێکی توندوتیژیی کەم بەرچاوترە. بە هەر شێوەیەک ئەم دەرئەنجامە لەگەڵ ئارگیومێنتەکانی هەردوو لایەنی ناو مشتومڕەکەدا یەک دەگرێتەوە: لایەنگرانی جیابوونەوەی دیمۆگرافی پێیان وایە کە توندوتیژیی زۆر دەبێتە هۆی جووڵەی دانیشتووان، لەکاتێکدا ڕەخنەگران پێچەوانەی ئەمە دەڵێن.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم مشتومڕە لەسەر هۆ و هۆکرد، ئەو کەیسانەی کە گرنگترینە و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، ئەو دابەشبوونانەن کە لەگەڵ توندوتیژیی زۆردان. لەبەر ئەوەی هەردوو لایەنی مشتومڕەکە زۆرترین ئاوڕدانەوەیان لەسەر هۆکارەکانی توندوتیژی لەڕادەبەدەرن، ئەو کەیسانەی کە  توندوتیژیی کەمیان تێدایە ناتوانن یەکلاکەرەوە بن. هەروەها پێویستە سەرنجمان لەسەر دابەشکردن بێت نەک کەیسەکانی جیابوونەوە، چونکە مەبەستمان هەڵسەنگاندنە بۆ ئەوەی ئایا دەستێوەردانی نێودەوڵەتی تێچووی ململانێی نەتەوەیی کەم دەکاتەوە یان زیادی دەکات. ئەم وتارە لێکۆڵینەوە لە چوار لەو پێنج حاڵەتە دەکات کە دەشێت واتە ئێرلەند، هیندستان، فەڵەستین و قوبڕس  و هەروەها تایبەتمەندیی زیادەی هەیە کە هەمان ئەو حاڵەتانەن کە زۆرترین جار لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە کار دەهێنرێن.

جیابوونەوە و توندوتیژی

ئەم بەشە پێشینەی دابەشبوونی ئێرلەند، هیندستان، فەڵەستین و قوبڕس تاوتوێ دەکات بۆ ئەوەی حوکم لەسەر ڕەوایەتیی ئەو ئیدیعایانە بدات، یەک: کە جیابوونەوە و دابەشبوون لەبری ئەوەی توندوتیژی کورتخایەن کەم بکاتەوە، زیادی دەکات و، دوو: ئەوە کە هەروەها بەردەوام دەبن یان لە ڕاستیدا ڕق و کینە و توندوتیژیی نێوان گرووپەکان لە درێژخایەندا زیاد دەکەن.(١٣)

خشتەی ١ جیابوونەوە و دابەشبوونی نەتەوەییی ١٩٠٠-٩٤. (a) دابەشبوونی وڵاتانی باڵتیکی خوارەوە، نۆروێژ ١٩١٨، توندوتیژیی فینلاند ١٩٠٥، ئوتریش-مەجارستان ١٩١٨، ١٩١٨-١٩(b) یەکێتی سۆڤیەت، ١٩٩٠-٩١ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ١٩١٨-١٩ (c) سلۆڤینیا، ١٩٩١ سەنگاپوور، ١٩٦٥ مەقدۆنیا، ١٩٩٢ سلۆڤاکیا، ١٩٩٣ جەزائیر، ١٩٦٢ پۆڵەند، ١٩١٨ توندوتیژی بەنگلادیش، ١٩٧١ ئێرلەند، ١٩٢١ ناگۆرنۆ-کاراباخ (قەرەباغی کێوسانی)، ١٩٩١(*) هیندستان، ١٩٤٧، کوردستانی عێراق ١٩٩١(*) فەڵەستین ١٩٤٧ ،باکووری سۆماڵی، 1991(*) قوبڕس، ١٩٧٤(*) کرواسی، ١٩٩١ بۆسنیا، ١٩٩٢ ئەبخازیا، ١٩٩٢-٩٣(*) ئێریتریا، ١٩٩٣ چیچن، ١٩٩٤(*) تێبینی: * بە کردەوە (دیفاکتۆ)، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانەنراو نییە. ئەو حاڵەتانەی کۆلۆنیالیزەکردن کە تێیدا کۆلۆنی و دانیشتووانەکەی هەرگیز بەشێک نەبوون لە گەورەشارەکان، ناگرێتەوە، چونکە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دانیشتووانی گەورەشارەکان کە مابوونەوە کەم بوون و لەلایەن زۆربەی دانیشتووانەوە وەک بیانییەکان سەیر دەکران، نەک وەک گرووپێکی نەتەوەییی ناوخۆیی کە بتوانن بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕکابەری دەسەڵات بن. جەزائیر جیاوازە، چونکە لە ڕووی یاسایییەوە بەشێک بووە لە گەورەشارەکانی فەرەنسا و هەروەها دانیشتووانی ئێتنیکیی فەرەنسی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی تێدا بوو کە هەم دەیانویست لەو شوێنە بمێننەوە کە لێی بوون و هەم وەک هاووڵاتیی فەرەنسی بمێننەوە. (b) هیچ توندوتیژییە ئێتنیکییەکانی بەرفراوان لەناو دەوڵەتە جێنشینەکان یان لە نێوان دەوڵەتانی جێنشیندا نەبوو، هەرچەندە دەوڵەتێکی جێنشین (مەجارستان) شەڕی لەگەڵ دەوڵەتی (ڕۆمانیا) کرد کە خاکی لە دابەشکردنەکەدا بە دەست هێنابوو. (c) هیچ شەڕێک لە نێوان دەوڵەتانی جێنشیندا نەبوو، بەڵام تورکیا لە ساڵانی ١٩٢٠-٢٣ شەڕی لەگەڵ یۆنان کرد.

ئێرلەند

هەرچەندە دابەشبوونی ئێرلەند توندوتیژیی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەم توندوتیژییە بە هۆی خودی دابەشکردنەکەوە نەبووە، بەڵکوو بە هۆی ئەوەوە بوو کە دابەشبوونەکە کۆمەڵگە دژبەرەکانی لە یەکتر جیا نەکردبووەوە، بە تایبەتی لە باکوور. لە ئەنجامدا باکوور لە ڕووی دیمۆگرافییەوە تێکەڵاوە و دەیان ساڵە تووشی توندوتیژی بووە، لەکاتێکدا باشووری ئێرلەند تا ڕادەیەک یەکپارچە لە ئارامی بەهرەمەند بووە.

ئایا دابەشبوونی ئێرلەند توندوتیژیی کەم کردەوە یان زیادی کرد؟ توندوتیژیی سیاسی لە ئێرلەند لە دەیەی دوای ئەوەی حکوومەتی بەڕیتانیا لە ساڵی ١٩١٤ـدا لەسەر حوکمڕانیی ناوخۆ و دابەشبوون ڕەزامەندیی دەربڕی، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد. چوار قۆناغی سەرەکی هەبوو: یەک: ڕاپەڕینی ئیستەر لە ساڵی ١٩١٦، کە نزیکەی ٤٥٠ کەس تێیدا گیانیان لە دەست دا؛(١٤) دوو: جەنگی سەربەخۆییی ئێرلەند لە ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٢١، کە نزیکەی ١٥٠٠ کەس تێیدا کوژراون؛(١٥) سێ: شەڕی ناوخۆی ١٩٢٢-٢٣ لەناو کۆماری ئێرلەندا، کە ٤٠٠٠ کوژراوی دیکەی لێ کەوتەوە؛(١٦) و (٣) شەڕی ناوخۆییی ساڵانی ١٩٢٢- ٢٣، و چوار: توندوتیژیی تائیفی لە ئۆڵستەر لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٢، کە ٤٢٨ کەسی دیکە بوون بە قوربانی.(١٧)

ڕەنگە نەیارانی دابەشبوون و جیابوونەوە ئەم تۆمارە وەک بەڵگەیەک بۆ هەڵوێستی خۆیان ببینن، بەڵام ئەمە هەڵە دەبێت. دوو قۆناغی یەکەم بە هیچ‌ شێوەیەک ململانێی تائیفی نەبوون و پەیوەندییان بە دابەشکردنەکە نەبووە؛ بەڵکوو شەڕیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئایا ئێرلەند تەنها حوکمڕانیی ناوخۆیی لە ناوخۆی بەڕیتانیا وەرگرێت یان سەربەخۆییی تەواو بە دەست بهێنێت. لایەنە دژبەرەکان لە هەردوو خولەکەدا ناسیۆنالیستە ئێرلەندییەکان بوون لە بەرامبەر سوپا و پۆلیسی بەڕیتانیا نەک کاتۆلیکەکان لە بەرامبەر پرۆتستانتەکان. قۆناغی سێیەم و چوارەم لەبەر ئەوە ڕووی دا کە دابەشبوونی ساڵی ١٩٢١ ئەو دوو کۆمەڵگەیەی لە یەکتر جیا نەکردەوە، بە تایبەتی لە ئۆڵستەر. جیابوونەوە لە باشووردا وەک پرسێک نەبوو، چونکە ئەو بیستوشەش پارێزگایەی کە بۆ دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا دیاری کرابوو، ژمارەی دانیشتووانیان کەمتر لە سەدا ١٠ی پرۆتستانت بوون. ئەم کەمینەیە زۆر بچووک و زۆر تەسک بوو بۆ ئەوەی هێزێکی سیاسی یان سەربازی ئەگەری پێک بهێنێت. بەم شێوەیە هیچ دووڕیانێکی ئەمنی نەبووە و ئێرلەند تا ئەمڕۆش کێشەی توندوتیژیی تائیفیی بە خۆیەوە نەبینیوە.

سەرچاوەی هەردوو توندوتیژیی تائیفی لە ئۆلستەر و شەڕی ناوخۆی ئێرلەند دیمۆگرافیای تێکەڵاوی ئێرلەندای باکوور بوو. ئەو شەش پارێزگایەی کە وەک بەشێک لە بەڕیتانیا مانەوە، کەمینەیەکی کاتۆلیکی لەسەدا ٣٤یان لە خۆ گرتبوو، ئەمەش دووڕیانێکی ئەمنیی تا ڕادەیەک چڕوپڕی دروست کرد.(١٩) لەگەڵ ئەوەی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان لە باشوور داوای تێکدانی (لاوازکردنی) دابەشبوونەکەیان دەکرد، زۆرێک لە پرۆتستانتەکانی ئۆڵستەر پێیان وابوو کە پاراستنی سیاسی، ئابووری، لەوانەیە تەنانەت ئاسایشی جەستەییش (سروشتی) پێویستی بە سەرکوتکردنی هەر چەشنە زیادبوونی دەسەڵاتی کاتۆلیکەکانە. ئەم دووفاقییە ئەمنییە زیاتر بە هۆی شێوازی ناڕێک و تێکەڵاوی نیشتەجێبوونی ئەو دوو گرووپە لەناو ئێرلەندای باکووردا خراپتر دەبوو (بڕوانە نەخشەی ١)؛ ئەگەر کاتۆلیک و پرۆتستانتەکان زۆربەیان لە ناوچە جیاوازەکاندا جیا بوونایەتەوە، ئەوا پرۆتستانتەکان هێشتا حکوومەتی پارێزگاکەیان کۆنترۆڵ دەکرد، بەڵام هۆکارێکی کەمیان دەبوو بۆ دەستوەردان لە حوکمڕانیی ناوخۆیی ناوچە کاتۆلیکییەکان. ئەنجامەکەی لە ساڵانی ١٩٢٠-٢٢ شەپۆلێکی توندوتیژیی ڕێکخراو و تایبەت بوو کە تێیدا ٤٢٨ کەس کوژران و زیاتر لە ٨ هەزار کاتۆلیک بە زۆر لە کارەکانیان دوور خرانەوە و نزیکەی ٢٣ هەزار کەسیش لە زێدیان دوور خرانەوە.(٢٠)

هەروەها دیمۆگرافیای تێکەڵاوی ئێرلەندای باکوور دووڕیانێکی ئەمنیی بۆ ناسیۆنالیستەکانی باشوور دروست کرد، کە کۆڵەواربوونی زۆری کاتۆلیکەکانی ئۆڵستەریان بە خوازیاربوون بۆ ڕزگارکردنیان دەزانی. ئەم دووفاقییە ئەمنییە نەبووە هۆی شەڕی نێودەوڵەتی (حکوومەتی ئێرلەند دانی بەوەدا نا کە مەحاڵە دابەشکردن بە زۆر هەڵبوەشێتەوە)، بەڵام یارمەتیدەر بوو بۆ دروستکردنی شەڕێکی ناوخۆییی کورت لە باشوور. سوپای کۆمارییەکانی ئێرلەندا (IRA) کە لە باکوور چالاکی دەکرد، ڕەتی کردەوە دیسپلین و یاسای حکوومەت قبووڵ بکات و لە شەڕێکدا کە لە ژوئەنی ١٩٢٢ تا مانگی ئابی ١٩٢٣ بەردەوام بوو، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە شکستی هێنا.(٢١) دەکرێ بوترێت کە ئەگەر تەنانەت کاتۆلیکێکیش لە باکووردا نیشتەجێ نەبووایە، IRA، بە هەر شێوەیەک بێت خەباتی بۆ ئێرلەندایەکی یەکگرتوو دەکرد، بەڵام بانگەوازی سەرکردەکانی IRA بۆ ئەندامەکانیان کە لەپێناو ئەو خاکەدا بمرن، زۆر کەمتر قەناعەتپێکەر بوو لە بانگەوازی بۆ ڕزگارکردنی هاوڕێ کاتۆلیکەکان لە تاڵانکردن وکوشتن. بە هەمان شێوە قورستر دەبوو بۆ حکوومەت تۆمەتبارکردن بە خیانەت بە هۆی وازهێنانی کەسانێک کە لەوێ نەبوون.(٢٢)

ئایا دەکرا ڕێگری لە دابەشکردنی ئێرلەند بکرێت؟ دابەشبوونی ئێرلەند تەنیا بە دوو ڕێگا دەکرا ڕێگری لێ بکرایە، کە هەریەکەیان لێکەوتەی خراپتری دەبوو.

یەکەم: بەڕیتانیا دەیتوانی حوکمڕانیی ناوخۆ (یان سەربەخۆیی) بە ئێرلەندایەکی یەکگرتوو بدات و یەکێتیخوازەکانی ئۆڵستەر ناچار بکات ملکەچ بن. لە ڕاستیدا حکوومەتی بەڕیتانیا لە ساڵی ١٩١٤ هەوڵی دا ئەم کارە بکات، بەڵام بە هۆی هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ لە خودی بەڕیتانیادا، هەروەها بە هۆی ئامادەیی و توانای ئاشکرای یەکێتیخوازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە وەستا. سەپاندنی حوکمڕانیی ناوخۆ بەسەر ئۆڵستەر لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی تۆری لە کۆمۆنز و زۆرینەی ئەنجوومەنی لۆردەکان و شا جۆرجی پێنجەم و ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی سوپا و هێزی دەریایی دژایەتی کرا.(٢٣)

سەرەڕای ئەمە کەم کەس گومانی هەبوو لەوەی کە پرۆتستانتەکانی ئۆڵستەر ڕاست دەکەن (٢٤). لە “ڕۆژی ئۆڵستەر”، ١٨ی سێپتامبری ١٩١٢، ٢٨١.٢٠٦ کەس لە ئۆڵستەرمنەکان “یەکێتی و پەیمانی فەرمی”یان واژۆ کرد، بەڵێنیان دا بەرەنگاری یاسای ناوخۆیی ببنەوە؛ ٢٢٨.٩٩١ ژن بەڵگەنامەی هاوتەریبێکیان واژۆ کرد و پێکهاتبوون لە زۆربەی تەمەن پێگەیشتووەکانی پرۆتستانتەکان لە پارێزگاکەدا(٢٥). لە ساڵی ١٩١٢ـەوە خەریکی ئامادەکردنی هێزێکی بەرگریی ناوچەیی بوون بە ناوی هێزی خۆبەخشی ئۆڵستەر، کە تا ساڵی ١٩١٤، ٨٥-٩٠ هەزار ئەندامی هەبوو و تا ڕادەیەک باش ڕێکخراو بوو و بە خێرایی ئامێرەکانی لە ڕێگەی کڕین و قاچاقچێتی باشتر دەکرد(٢٦). لە بەهاری ساڵی ١٩١٤ لە لەندەن گوترا کە سەرکوتکردنی ئۆڵستەر پێویستی بە تەواوی سوپای بەڕیتانیا دەبوو و دوانزە بۆ هەژدە مانگی دەخایەنێت.(٢٧).

ئەگەری دیکەش ئەوە دەبوو کە سەربەخۆییی ئێرلەند بۆ ماوەیەکی نادیار ڕەت بکرێتەوە. ئەمەش پێویستی بە سەرکوتکردنی هەموو پێکهاتە چەکدارەکان و شانە سیاسییە ناسیۆنالیستەکان لە سەرانسەری ئێرلەندا هەبوو، ئەرکێک کە ٤٠ هەزار سەربازی بەڕیتانیا و ١٠ هەزار پۆلیس نەیانتوانی لە ساڵانی ١٩١٩-٢١دا ئەنجامی بدەن. بە دڵنیایییەوە ئینگلیزەکان ناچار دەبوون تاکتیکی دڕندانە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام بدەن، بەدیلێک کە حکوومەت بە زۆر مەترسیدار ڕەتی کردەوە.(٢٨).

ئایا دابەشبوون ڕق و کینە زیاد دەکات و ململانێی نوێ دروست دەکات؟ لە ماوەی حەفتاوپێنج ساڵدا دوای دابەشبوون، دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە تەواوی ململانێی تائیفی ڕزگاری بوو. ئێرلەندایەکی یەکگرتوو وەک ئامانجێکی ڕیتۆریکی دەمێنێتەوە، بەڵام پشتگیریی گشتی وەک کردەوە بەرەو ئەم ئامانجە بە درێژاییی ساڵان کاڵ بووەتەوە. هەرچەندە ڕێککەوتننامەی ئینگلیز و ئێرلەندای ساڵی ١٩٨٥ سەبارەت بە ئێرلەندای باکوور هیچ بەڵێنێکی لەبارەی سەروەری لە کۆتاییدا نەبوو، بەڵام حکوومەتی ئێرلەندا هیچ باجێکی (تێچوویەکی) سیاسیی ناوخۆییی نەدا بۆ واژۆکردنی.(٢٩).

بەڵام ئێرلەندای باکوور تا ئێستا ئاشتیی لە نێوان ئەو دوو پێکهاتە ئایینیەدا بە دەست نەهێناوە. پرۆتستانتەکان هێشتا ترسیان هەیە لە دەسەڵاتی کۆتاییی کاتۆلیکی (یان یەکێتی لەگەڵ ئێرلەند)، کاتۆلیکەکان دەیان ساڵە تووشی هەڵاواردن بوون و خولی دووبارەی توندوتیژیی سیاسی سەری هەڵداوە.(٣٠) “کێشەکان” لە ساڵی ١٩٦٩ تا ئێستا نزیکەی ٣٤٠٠ کەسی کوشتووە.( ٣١) سەرچاوەکانی جیاوازیی نێوان ئەم دوو مێژووە دیسانەوە دیمۆگرافیا و کێشەی ئەمنییە. ژمارەی دانیشتووانی پرۆتستانت لە ئێرلەندا لە ساڵی ١٩٩١ نزیکەی ٨.٥ کەس بووە، لەکاتێکدا کەمینەی کاتۆلیکی لە باکوور بۆ ٣٨ لە سەدا زیادی کردووە.(٣٢).

چارەسەرکردنی ململانێکان لە ئێرلەندای باکوور پێویستی بە دڵنیابوون لە ئاسایشی هەردوو کۆمەڵگەکە هەیە، کە ئەمەش لە بەرامبەردا پێویستی بە گەرەنتییەکی باوەڕپێکراو و هاوبەش هەیە لەلایەن تاکە ئەکتەرەکانەوە کە ئەوەندە بەهێزن کە بتوانن حکوومەتی ئێرلەند و بەڕیتانیا دابین بکەن. لەم دوایییانەدا ئاسۆی ئاشتی باشتر بووە، چونکە دواجار پێ دەچێت هەردوو حکوومەتەکە بۆ هەر جۆرە دڵنیایییەکی (گەرەنتییەکی) پێویست ئامادە بن. لە نیسانی ١٩٩٨ دەیلی ئێرلەند بە فەرمی ئیدیعای دەستووری کۆمارەکەی لەسەر باکوور هەموار کردەوە و داوای ڕەزامەندیی دانیشتووانی پارێزگاکەی کرد و لە مانگی ئایاردا حکوومەتی ئێرلەند چاوپۆشیی لە بەڵێنەکانی تۆنی بلێر- سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا بە یەکێتیخوازەکان کرد بۆ ئەوەی کوتلە توندوتیژەکان لە ئێرلەندای باکووری نوێ دوور دەخرێنەوە و ئەوەی کە بەبێ ڕەزامەندیی خەڵک هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێرلەندای باکووردا ڕوو نادات.(٣٣)

دەبوو چی بکرایە؟ دابەشکردنی ئێرلەند شتێکی حەتمی بوو، بەڵام ناچارکردنی ٤٣٠ هەزار کاتۆلیک بۆ ناو ئێرلەندای باکوور چاوەڕواننەکراو بوو. بە داخەوە یەکێتیخوازەکانی ئۆڵستەر لەو کاتەدا ئەوەندە پشتیوانیی سیاسیان لە بەڕیتانیادا هەبوو کە لە ڕاستیدا ڕێگەیان پێ درا سنوورەکانی ئێرلەندای باکوور یەکلایی بکەنەوە. ئەوان بە دوای ڕاکێشانی زۆرترین پرۆتستانت بوون بەبێ ئەوەی زۆرینەیان لە پارێزگاکەدا بخەنە مەترسییەوە، شەش لە نۆ پارێزگای ئۆڵستەریان هەڵبژارد، لەنێویاندا دوو پارێزگای کە کاتۆلیکیان زیاتر بوون لە پرۆتستانتەکان.(٣٤).

باشترین دەرفەتی ئێرلەند بۆ ئاشتیی بەردەوام ئەوە بوو هێڵێکی دابەشکردن بکێشێت کە تا ئەو جێگایەی دەتوانرێت دوو گرووپەکە بە تەواوی لە یەکتر جیا بکاتەوە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هێڵەکانی پارێزگا یان سنوورەکانی دیکەی پێشوو بکات هەروەها دەبوو حکوومەتی بەڕیتانیا پارەی پێشکەش بەو کەسانە بکردایە کە ئامادەن بگوێزرێنەوە و بە ڕوونی بڵێت کە ناتوانێت ئەو کەسانە بپارێزێت کە پێداگریی لەسەر مانەوەیان کردووە. ئەنجامەکەی ئێرلەندای باکوور بچووکتر بەڵام سەلامەتتر دەبوو.

هیندستان و پاکستان

زۆرترین حاڵەتی باسکراو لە مشتومڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی دانیشتووانی نەتەوەییی هیندستانە. ڕەخنەگران دابەشکردنی ساڵی ١٩٤٧ بە هۆکاری زیاتر لە ١٥ ملیۆن پەنابەر و گیانلەدەستدانی سەدان هەزار کەس دەزانن. بەڵام ئەم پەیوەندییە ساختەیە. دابەشبوون و گواستنەوەی دانیشتووان و توندوتیژی هەمووی بە هۆی ئەو دووفاقییە ئەمنییە چارەسەرنەکراوانەی نێوان پێکهاتە موسڵمان و هیندۆسییەکانی هیندستان و بە تایبەتی لە نێوان پێکهاتە موسڵمان و سیکەکانی پارێزگای پەنجابدا بوو، کە هەردووکیان بە هۆی لابردنی ئیمپریالیزمەوە دروست بوون، دەسەڵاتێک کە پێشتر گەرەنتیی ئاسایشی هەموو گرووپەکانی دەکرد. بە کورتی سەربەخۆیی لە بەڕیتانیا نەک دابەشبوون، ئەم کارەساتانەی لێ کەوتەوە.

توێژەرانی بنیاتنانی ناسنامە، کۆمەڵایەتیکردنی (بەکۆمەڵکردنی) سیاسەتی هیندستان و توندوتیژی دەرئەنجامی سەرەنجام دەخەنە ئەستۆی دەستکاریکردنی خواست و ترسە جەماوەرییەکان لەلایەن نوخبە کۆمەڵایەتییە بەرژەوەندیخوازەکانەوە.(٣٦) سەرەڕای ئەوە ئەم مۆدێلەی کۆکردنەوەی سیاسیی جەماوەری قبووڵ بکەین یان نا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە لابردنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری بەڕیتانیا دووڕیانێکی ڕاستەقینەی ئەمنیی دروست کرد، کە متمانەی سروشتیی بە بانگەوازە سیاسییەکانی بەخشی کە لەسەر بنەمای ئاسایشی کۆمەڵگە دامەزراون.

ئایا دابەشبوون بووە هۆی توندوتیژی؟ سەربەخۆییی هیندستان و پاکستان لە ١٥ی ئابی ١٩٤٧، نەک هەر کیشوەری هیندستانی دابەش کرد؛ هەروەها دوو پارێزگای کۆلۆنیالیزمی کە زۆرترین دانیشتووانی هیندستانی لە خۆ گرتبوو، پەنجاب لە باکووری ڕۆژئاوا و بەنگال لە ڕۆژهەڵات، دابەش کرد. هەرچەندە لە ساڵانی ١٩٤٥ و ١٩٤٦دا ئاژاوەی نێوان کۆمەڵگەکان (پێکهاتەکان) پەرەی سەندبوو، بەڵام چاوەڕوان دەکرا سەربەخۆیی و دابەشبوون توندوتیژییەکان کەم بکاتەوە. هەندێک جووڵەی دانیشتووان پێشبینی دەکران، بەڵام چاوەڕوان نەدەکرا بە تایبەتی گەورە بن و لە ناکاو و مەترسیدار بن. ئەم چاوەڕوانییانە لە بەنگال هاتنە دی، کە پێش سەربەخۆیی زیاتر لە ٥ هەزار کەس کوژران بەڵام دوای سەربەخۆیی زۆر کەم بوون، هەروەها ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بە کەمترین زیانی گیانی، سنووری نوێیان بەزاند.

پەنجاب زۆربەی پەنابەران و نزیکەی هەموو زیانە گیانییەکانی لەخۆ گرتبوو. لە مانگی ئاب تا ئۆکتۆبری یەکەمی ساڵی ١٩٤٧، پارێزگاکە بە هۆی شەڕێکی ناوخۆییی کۆمەڵایەتیی توندەوە کە هەندێک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی پاکتاوی نەتەوەیی لە مێژوودا لە خۆ گرتبوو، ناسەقامگیر بوو. لە پەنجاب سەدان هەزار کەس کوژران و شەڕەکە ژمارەیەکی زۆر کوشتنی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنەکانی دیکەشدا بە دوای خۆیدا هێنا. زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە پەنجاب و پارێزگاکانی دەوروبەری ناچار بوون لەبەر گیانیان هەڵبێن.

تا کۆتایییەکانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو (١٩٢٠) بۆ هەموو لایەنەکان ڕوون بوو کە هیندستان لە کۆتاییدا سەربەخۆیی بە دەست دەهێنێت. بە سەرنجدان بەوەی کە دەسەڵاتی بەڕیتانیا گەرەنتی کۆتاییی ئاسایش بوو بۆ هەموو پێکهاتەکانی هیندستان، ئاسۆی کشانەوەکەی، دووڕیانەکانی ئاسایشی نێوان پێکهاتەکانی چالاک کرد.

دوو دووفاقیی لەو جۆرە لە دیاریکردنی دەرئەنجامی کۆتاییی پرۆسەکەدا گرینگ بوون: لە نێوان موسڵمانان و هیندۆسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە نێوان سیکک و موسڵمانانەکان لە پەنجاب.(٣٧).

موسڵمانانەکان لەسەدا ٢٢ی دانیشتووانی هیندستان و هیندۆسەکان لەسەدا ٦٨یان پێک دەهێنا،(٣٨) بەو مانایەی کە لەژێر دەسەڵاتی زۆرینەی تەواودا موسڵمانان بە تەواوی نائەمن دەبن لە ئەگەری ئەوەی حکوومەت لەلایەن باڵادەستە هیندۆسەکانەوە وەک بزووتنەوەی هیندۆسی مەهاسابا دەستی بەسەردا بگیرێت. هەرچەندە گەورەترین بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی هیندستان، پارتی کۆنگرێس، بە شێوەیەکی فەرمی پابەند بوو بە هیندستانێکی سێکۆلار، بەڵام لە پراکتیکدا هەرگیز نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی هیندستانی نەدەکرد. ئەندامانی بزووتنەوەی مەهاسابا و ناسیۆنالیستە هیندۆسییەکانی دیکە، وەک بی. سی. موونجە (B.S. Moonje)، لە کۆنگرێس پێشوازییان لێ کرا، لەکاتێکدا ئەندامانی پارتە موسڵمانەکان وەک “کۆمۆنالیست” دوور خرانەوە.(٣٩)

محەمەد عەلی جیناح، سەرۆکی کۆمەڵەی موسڵمانان، داوای کرد بڕگەیەک لە دەستووردا هەبێت بۆ زامنکردنی ئەوەی کە سەربەخۆییی گشتی مسۆگەر بێت، بە تایبەتی: یەک: گەرەنتیی زۆرینەی هەڵبژێران لە پێنج پارێزگاکەدا کە زۆرینەی موسڵمانن– و پەنجاب، پارێزگای سنووری باکووری ڕۆژئاوای بەنگال  (NWFP)سیند، و بەلوچستان بکات و دوو: سیستەمێکی فیدراڵیی لاواز کە تێیدا حکوومەتی ناوەندی دەسەڵاتێکی کەمی بەسەر پارێزگاکاندا دەبێت.(٤٠) سەرکردە موسڵمانەکان زیاتر پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەرکەکانی پۆلیس سەر بە پارێزگاکان بێت و بەرگریی نیشتمانی سەر بە پارێزگاری گشتیی بەڕیتانیا بێت (واتە کە حکوومەتی ناوەندی کە هیندۆسەکان بەسەریدا زاڵن، نابێت هیچ ئامرازێکی هێزی زۆرەملێی هەبێت).(٤١) لە کۆنفرانسی هەموو لایەنەکاندا لە ساڵی ١٩٢٨دا بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر هەندێک لەو خاڵانە ڕێککەوتن کرا، بەڵام سەرکردایەتیی پارتی کۆنگرێس بە هۆی دژایەتیی ناسیۆنالیستی هیندۆسییەوە ناچار بوو لە ڕێککەوتنەکە پاشگەز بێتەوە(٤٢). بە کردەوە، ڕەنگە داواکارییەکانی موسڵمانان، کەمینەکانی هیندۆسی لە پەنجاب، بەنگال و سند بەرەو ڕووی هەژموونی موسڵمانان بکردایتەوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٣٧ ئەم دووفاقییە ئەمنییەی بە سێ شێوە چڕتر کردەوە. یەکەم: سەرکەوتنی هەڵبژاردن سەرکردەکانی کۆنگرێسی قەناعەت پێ هێنا کە دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری موسڵمان بکەن و لایەنە سیاسییە موسڵمانەکان پشتگوێ بخەن(٤٣). بۆ مانەوە، کۆمەڵەی موسڵمان دەبوو خۆی لە بازنەیەکی نوخبەیییەوە بگۆڕێت بۆ پارتێکی جەماوەریی ڕاستەقینە کە بتوانێت ئیدعای ئەوە بکات نوێنەرایەتیی زۆرینە دەکات. موسڵمانانی هیندستان لەسەر بنەمای بانگەوازە کۆمەڵایەتییە ئاشکراکان وەک دروشمی “ئیسلام لە مەترسیدایە”سەرکەوتوو بوون، بۆیە ئەنجامی کۆتایی، زیادبوونی ترس و بێمتمانەیی نێوان ئەو دوو پێکهاتە بوو. دووەم: موسڵمانانی ئەو حەوت پارێزگایەی کە کۆنگرێس بەڕێوەی دەبرد، زۆری نەخایاند گلەیییان لە پێشێلکارییەکان کرد، لەوانەش نائەمنیی سروشتی (جەستەیی) بە هۆی شکستی حکوومەت لە سنووردارکردنی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی لەلایەن هیندۆسەکانەوە؛ ئەم ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوکرانەوە.(٤٤). سێیەم: تاکتیکە سیاسییە شەڕانگێزەکانی کۆنگرێس وای کرد سەرکردە موسڵمانەکان گومانیان هەبێت کە ئایا کۆنترۆڵی بەڕیتانیا بەسەر بەرگریدا دەتوانێت زۆر زیاتر لە سەربەخۆیی بخایەنێت. حکوومەتێک کە لەژێر کۆنترۆڵی کۆنگرێسدایە، ڕەنگە پلانێک دابنێت کە پارێزگاری گشتی بچووک بکاتەوە بۆ وەک ئەوەی لە ئوسترالیادا هەیبوو (ڕێبەرایەتی بێ دەسەڵات)، پاشان بنەمای دامەزراندنی سوپاکە بگۆڕێت و دواتر بتوانێت بە هەر شێوەیەک هەموو شتێک بکات.(٤٥)

تا ساڵی ١٩٤٠ جیناح (Jinnah) لەوە دڵنیا بوو کە هیچ شتێک جگە لە دەوڵەتێکی موسڵمانی جیاواز، “پاکستان” ناتوانێت ئاسایش بۆ کۆمەڵگەی موسڵمان دابین بکات. زۆربەی دانوستانەکانی نێوان هیندۆس و موسڵمان بێ ئەنجام مایەوە و دژی زیادبوونی یەکڕیزیی موسڵمانان و ئیرادەی ڕوون، لە ٣ی حوزەیرانی ١٩٤٧، کۆنگرێس، کۆمەڵەی موسڵمانان و جێگری پاشا ئیرل لویس ماونتباتن ڕێک کەوتن لەسەر دابەشبوون، زۆرینە و ناوچە گەورەکانی زۆرینەی هیندۆسی، موسڵمانانی ڕۆژئاوای پەنجاب و ڕۆژهەڵاتی بەنگال چوونە سەر پاکستان و زۆرینە هیندۆسەکانی ڕۆژهەڵاتی پەنجاب و ڕۆژئاوای بەنگال دەچوونە سەر هیندستان. هەردوو ویلایەتەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٤٧ سەربەخۆیی بە دەست دەهێنن و کۆمیسیۆنەکانی سنوور بە سەرۆکایەتیی بەڕیتانیا لە ١٧ی ئاب بڕیارەکانیان ڕادەگەیەنن.(٤٧)

هەرچەندە دووڕیانێکی ئاسایشی نیشتمانیی  هیندۆسی-موسڵمانی پێویستی بە دابەشکردنی هیندستانی کرد، بەڵام نەبووە هۆی زۆربەی ئەو کارەساتەی کە بە دوایدا هات، تەنها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەبێت بە سەرقاڵکردنی سەرنجی یاریزانە سەرەکییەکان لە دووڕیانێکی ئەمنی دووەم، تەنانەت توندتر، لە نێوان موسڵمانان و سیکەکاندا لە پارێزگای پەنجاب. بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو دانیشتووانی سیکەکان کە نزیکەی ٦ ملیۆن کەس بوون لە ساڵی ١٩٤١ لە پەنجاب چڕ بوونەوە. هەرچەندە دانیشتووانی پارێزگاکە بە گشتی لەسەدا ٥٦ موسڵمان و لەسەدا ٢٧ هیندۆس و تەنها لەسەدا ١٣ی سیک بوون، بەڵام سیکەکان بە تێکڕا بە شێوەیەکی بەرچاو دەوڵەمەندتر بوون لە پێکهاتەکانی دیکە و دەسەڵاتی ناڕێژەیییان لە سیاسەتی پارێزگاکاندا هەبووە.(٤٨) لە ساڵانی چلەکاندا سیکەکان و موسڵمانان لە چەند دەیەیەکدا شەڕیان نەکردبوو، بەڵام مێژوویەکی دوورودرێژیان لە دوژمنی دەروون‌پێکهاتەیی هەبوو.(٤٩) هەروەها سیکەکان بەشێکی زۆریان لە باشترین زەوییەکانیان لە ناوەڕاستی پەنجاب و لە کۆلۆنیەکانی کەناڵەکانی ڕۆژئاوای پەنجاب لە کۆنتڕۆلیاندا بوو (بڕوانە نەخشەی ٢). بەم پێیە، سیکەکان تەنانەت زیاتر لەوەی موسڵمانان لە دەسەڵاتی هیندۆسەکان دەترسان، ترسیان لە هەژموونی موسڵمانان هەبوو؛ ڕەنگە سامان و کاریگەریی سیاسی و ئازادیی ئایینی و تەنانەت ئاسایشی جەستەییی هەموویان لە مەترسیدا بێت. لە ڕوانگەی موسڵمانانەوە، سیکەکان هەڕەشەیەکی تایبەت بوون، چونکە نەریتی جەنگییان بەو مانایە بوو کە دەبوو هەموو دانیشتووانی نێر بە چەکدار هەژمار بکرێن.(٥٠).

نیگەرانییە سەرەکییەکانی سیکەکان بە هۆی ئەمنییەوە بوو و لە بنەڕەتدا لە ساڵانی ١٩٢٠ بە دواوە وەک خۆیان مانەوە. لە دانوستانە جیاوازەکاندا لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا، داواکارییەکانی سیکەکان زۆر جیاواز بوون لە پرسەکانی وەک نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی یاسادانانی پەنجاب، سنوورەکانی پەنجاب و نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتی یاسادانانی ناوەندی؛ بەڵام لەسەر ئەو دوو خاڵە بەردەوام بوون کە زۆرترین ناوەندی ئاسایشی فیزیکییان هەبوو: یەک: دروستکردنی پارچەیەکی سیاسی کە تێیدا سیکەکان ئەگەر زۆرینە نەبن، لانیکەم هەڵگری هاوسەنگیی سیاسیی نێوان موسڵمانان و هیندۆسەکان بن (واتە هەر شتێک جگە لە پەنجاب کە زۆرینەی موسڵمانە) و، دوو: مانەوەی زیادە لە حەدی نەریتی خۆیان لە سوپای هەر دەوڵەتێکدا کە بەشێک بن لێی.(٥١)

بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجانە، سەرکردەکانی سیکەکان هەموو ڕێگایەکی دانوستاندنیان گرتە بەر: یەکەم: بەشداریکردن لە دانوستانە دەستورییەکانی سەرتاسەری هیندستان؛ پاشان، دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆنگرێس. دوای ئەوەی ڕوون بووەوە کە دابەشبوون حەتمییە، هەوڵی دانوستانی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ کۆمەڵەی موسڵمانان دا سەبارەت بە پێگەی سیک لە ناوخۆی پاکستان، هەوڵیان دا بەڕیتانیا ناچار بکەن ڕێکخستن بۆ ئاسایشی سیکەکان بسەپێنن، پێشنیاری دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بۆ سیکەکان کرد و دواجاریش پێشنیارێکی خستە ڕوو بۆ دابەشکردنی پەنجاب بە درێژاییی هێڵەکان کە هەموو سیکەکان لەناو هیندستاندا بمێننەوە.  کە هەڵبەت هەموویان ڕەت کرانەوە.(٥٢).

تا هاوینی ساڵی ١٩٤٧ سەرکردەکانی سیکەکان بێهیوا بوون. لە ٢ی ئازاردا حکوومەتی هاوپەیمانی پەنجاب کە لە پارتی کۆنگرێس و سیکەکان و پارتی یەکێتیخوازان نێوان کۆمەڵگە پێکهاتبوو لە بەرامبەر هەڵمەتێکی گەورەی نافەرمانیی مەدەنیی کۆمەڵەی موسڵمانان داڕمابوو.(٥٣) لە مانگی فوریە و مارسدا موسڵمانان هێرشیان کردبووە سەر هیندۆس و سیکەکان لە لاهور و ئەمریتسار، دوو شارە سەرەکییەکەی ناوەڕاستی پەنجاب و ناوەکی ناوچەکە کە زۆرترین ئەگەری ناکۆکییان لەسەرە؛ زیاتر لە ٣٠٠٠ کەس کوژران.(٥٤) زۆرترین هەڕەشەی مومکین پێشنیاری جیناح بوو لە دیسامبری ١٩٤٦ بۆ سەرکردەی سیکەکان سەردار بالدیڤ سینگ کە موسڵمانان و سیکەکان یەک بگرن بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەموو پەنجاب، لەکاتێکدا بەردەوام هەر جۆرە گەرەنتییەک بۆ پێگەی سیکەکان لە پاکستان ڕەت دەکرایەوە. ئەمە تەنها دەیتوانی ترسە سەرەکییەکانی سیکەکان زۆرتر بکات کە دەسەڵاتی موسڵمانان ستەمکارانە بێت و موسڵمانان بە هیچ نیشتەجێبوونێکی سەرەتاییی هەرێمی ڕازی نابن.(٥٥) لە کۆتاییدا، ڕوون بوو کە ڕێککەوتنی دابەشکردنی ٣ی حوزەیران، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، نزیکەی ٢ ملیۆن سیک لە پاکستان ئاوارە دەکات.

دەردەکەوێت لەم دۆخەدا سەرکردەکانی سیکەکان پلانێکی چوار خاڵی دواڕێگایان داڕشت بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان بە شێوەیەکی تاکلایەنە: یەک: ئەگەر ئیمتیازاتی سنوورەکان جێگەی ڕەزامەندی نەبوو، تا دەتوانن ڕکابەریی ناوچە سەرەکییەکانی سیکەکان لە ناوەڕاستی پەنجاب بکەن و بەرامبەر هەوڵە ئەگەرییەکانی موسڵمانان بن بۆ ڕکابەریکردن لە هەر بەشێکی ڕۆژهەڵاتی پەنجاب بەڕەنگاری بکەن. دوو: بۆ چۆڵکردنی زۆربەی سیکەکان لە ڕۆژئاوای هێڵەکە. سێ: بۆ نەهێشتنی دانیشتووانی موسڵمان لە ڕۆژهەڵاتی هێڵەکە، بەم شێوەیە ڕێژەی سیکەکان لە ڕۆژهەڵاتی پەنجاب دوای جەنگ زیاد دەکات و چوار: دواتر، فشارخستنە سەر حکوومەتی هیندستان بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی پەنجاب بە مەبەستی دروستکردنی پارێزگایەکی ڕاستەقینەی زۆرینەی سیکەکان.

هەرچەندە بوونی پلانێکی لەو شێوەیە بە دڵنیایییەوە جێگیر ناکرێت، بەڵام بەڵگەی پێشنیارکراوی هەیە. هەر لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٧دا، پارتی پانتیکی سیکەکان بڕیارێکی دەرکرد کە تا کۆتایی بە شەڕی پاکستان بهێنێت.(٥٦) کۆکردنەوەی سەربازی لە مانگی نیساندا دەستی پێ کرد و تا مانگی حوزەیران Sikh Akali Fauj، ٨ هەزار پیاوی هەبوو؛ جگە لەوەش، پارێزگاری پارێزگای بەڕیتانیا ڕاپۆرتی هەواڵگریی لەبارەی پلانێک بۆ تیرۆرەوە پێ گەیشت(٥٧). چەندین سەرکردەی سیکەکان، لەوانەش سەردار بالدیڤ سینگ، نوێنەری سیکەکان لە کۆمیسیۆنی سنوورەکان، بە ڕوونی باسیان لەوە کرد کە ڕێز لە ئیمتیازی ناپەسەندی تیرۆریستان ناگرن.(٥٨) شەڕەکان زۆر پێش ئەوەی ئیمتیازەکە ڕابگەیەنرێت دەستی پێ کرد؛ لە ٣٠ی تەممووزەوە، هێزەکانی سیکەکان هێرشیان کردە سەر گوندەکانی موسڵمان لە ناوچەی ناوەڕاستی دەوروبەری لاهور و ئەمریتسار، کە لەلایەن هەردوو پێکهاتەکەوە ناکۆکیی لەسەر بوو، هەروەها کۆمەڵگەی موسڵمانەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی پەنجابدا بوون(٥٩) تا کۆتاییی ئاگۆست، ڕۆژهەڵاتی پەنجاب لە دانیشتووانی موسڵمانەکەی سڕایەوە(٦٠).

بەڵگەی سەرەکی کە چۆڵکردنی سیکەکان لە ڕۆژئاوای پەنجاب پێشوەختە پلانی بۆ دانرابوو ئەوەیە کە زۆربەی سیکەکان پێش ئەوەی کێشە لە ناوچەکانیان سەر هەڵبدات ڕۆیشتوون؛ هەروەها ئامادەکارییەکی باشتریان نیشان دا لەچاو پەنابەرە موسڵمانەکان کە بە ڕێگای دیکەدا دەڕۆن و توانییان بە کەلوپەلی زیاتر و زیانی گیانیی کەمترەوە خۆیان دەرباز بکەن. پاشان سیکەکان پاڵیان بە دابەشکردنی زیاتری پەنجابەوە نا بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی زۆرینەی سیکەکان، کە لە ساڵی ١٩٦٦دا بەدی هات.(٦٢)

هەروەها شەڕی پەنجاب بووە هۆی پاکتاوی نەتەوەییی زیاتر لە پارێزگاکانی دراوسێدا. لە مانگی ئەیلوول پەنابەران کە چیرۆکگەلێکیان لە دڕندەیییەکانیان هەڵگرتبوو، ڕژانە ناو دەلهی و پارێزگا یەکگرتووەکان، ئەمەش بووە هۆی کۆمەڵکوژیی تۆڵەسەندنەوە لە موسڵمانان، کە لە بەرامبەردا بووە هۆی هێرشی موسڵمانان بۆ سەر هیندۆسەکان و سیکەکان لە شارەکانی ڕۆژئاوای پاکستان وەک پیشەوەر و کەراچی. هەروەها هەردوو لا هێرشیان کردە سەر کاروانی پەنابەران و شەمەندەفەرەکان کە بە خودی پەنجابدا تێدەپەڕین.(٦٣) بە گشتی سەدان هەزار کەس کوژران و زیاتر لە ١٠ ملیۆن پەنابەر لە نێوان هیندستان و ڕۆژئاوای پاکستان ئاڵوگۆڕ کران.(٦٤).

هۆکارێکی دیکەی زیانی گیانی لەم شەڕەدا، شکستی حکوومەتەکانی بەڕیتانیا، هیندستان، یان پاکستان بوو لە ئەنجامدانی ئامادەکارییەکی مانادار بۆ پاراستنی پەنابەران لە پەنجاب، بەشێکیش لەبەر ئەوەی هەموویان ئەو قەبارە و لە ناکاو پەرەسەندنەی شەرەکەیان بە کەم سەیر کرد، هەروەها لەبەر ئەوەی هیندییەکان و پاکستانییەکان نەیاندەویست بە جووڵەی دانیشتووان شەرعییەت بدەن یان هانیان بدەن.(٦٥) بەڕیتانییەکان فەرماندەییی هێزی سنووری هیندستانیان دەکرد، کە بڕیار بوو توندوتیژیی کۆمەڵایەتی لە پەنجاب کۆنتڕۆڵ بکات، پێکهاتبوو لە ٥٠٠٠٠ کەس، کە زۆر بچووک بوو بۆ ئەو ئەرکە و زۆرێک لە سەربازەکانی بە هۆکاری کۆمەڵایەتی جێی متمانە نەبوون. کەمپەکانی گواستنەوە و پێشوازی ئامادە نەکرابوون. هەروەها بۆ چەند هەفتەیەک حکوومەتی هیندستان بەردەوام بوو لە ناردنی شەمەندەفەری پەنابەرانی موسڵمان ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەنجابەوە، لەبری ئەوەی لە دەوروبەری پەنجابدا بن.(٦٦).

هیچ کام لە لایەنەکان هیچ هەوڵی وزەبەخشیان نەدا بۆ پاراستن، خۆراکدان، یان داڵدەدانی ئەو پەنابەرانەی کە لە پەنجابدا تێدەپەڕین. ئەگەر پەنابەران بەرەو ناوەندی ڕاپەڕینی سیکەکان ڕەوانە نەکرابایە، دەکرا ژیانی زۆرێک کە لە پەنجاب لە دەست چوو ڕزگار بکرایە. نزیکەی هەموویان دەکرا ڕزگار بکرایە ئەگەر ئینگلیزەکان هێزی جێی متمانەی پێویستیان بۆ دابین بکردایە بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکە، یان هاوپەیمانگەلێکی بدۆزیایەتەوە کە بتوانن ئەو کارە جێبەجێ بکەن. وانەی پەنجاب ئەوە نییە کە جووڵەی دانیشتووان دەبێت تێچووی زۆری هەبێت، بەڵکوو ئەوەیە کە نابێت پەنابەران ناچار بکرێن بە ناوچەیەکی شەڕدا تێپەڕ ببن(٦٧).

هەرچەندە شەڕی پەنجاب زۆرترین زیانی گیانی لە ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ساڵانی ١٩٤٥ و ١٩٤٧دا پێکهێناوە، بەڵام ناوچەیەکی دیکەی هیندستانیش گرینگییەکی تایبەتی بۆ ئەم شیکارییە هەیە. بە پێچەوانەی پەنجاب، دابەشبوونی بەنگال بە شێوەیەکی بەرچاو دووڕیانێکی ئەمنی لەو پارێزگایەدا کەم کردەوە؛ دڵنیای کردەوە کە ملیۆنان هیندۆس لە ڕۆژئاوای بەنگال ناچار نابن لەژێر دەسەڵاتی موسڵماناندا بژین و بە پێچەوانەی پەنجابەوە، هێڵی دابەشکردنەکە بە سەرکەوتووییی ئەو ناوچانەی جیا کردەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی هەریەک لە دوو کۆمەڵگەکە دانیشتوویان هەبوو. لە هەمووی گرنگتر، هیچ لایەنێکی سێیەم نەبوو کە پاڵنەرێکی ئەمنیی سەرسەختی هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکلاییکردنەوەکە. لە ئەنجامدا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و هێڵی دابەشبوونەکە توندوتیژیی لە بەنگال دابەزاند بە چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی هەردوو لایەن. لە ساڵێکی پێش سەربەخۆییی پارێزگاکەدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس کوژران، بەڵام دوای ئەوە زۆر کەم بوون.(٦٨) لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ بۆ ١٩٥١، ٣.٥ ملیۆن کەس لە نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی پاکستاندا بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پلان بۆ داڕێژراو گواسترانەوە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانیی لێ بکەوێتەوە.

ئایا دابەشبوون ڕق و کینە و ململانێی نوێی لێ کەوتەوە؟ ئاڵوگۆڕی دانیشتووان لە ساڵانی ١٩٤٧-١٩٥١دا دووڕیانەکانی ئاسایشی هیندۆسی-موسڵمانی لە سەرانسەری زۆربەی هیندستان و پاکستاندا چارەسەر کرد، چونکە زۆر کەم هیندۆس لە پاکستان مانەوە، لەکاتێکدا موسڵمانانی هیندستان زۆر کەمن و پرشوبڵاون و زۆر دوورن لە هەر یارمەتییەکی ئەگەری، تەنانەت بە خەیاڵیش بەرەنگاری حکوومەتی هیندستان بن. توندوتیژیی پرشوبڵاوی هیندۆسی-موسڵمان هێشتا لە هیندستان ڕوو دەدات، هەرچەندە لە ئاستێکی نزمدایە بە بەراورد لەگەڵ هەڕەشەکانی هەردوو لایەن لە ساڵانی ١٩٢٠ تا ١٩٤٠ یان واقیعی ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٧.

سەربەخۆییی هیندستان و پاکستان بووە هۆی ململانێیەکی نوێ، ئەویش لەسەر کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی پێشووی میرنشینی جامو و کشمیر. ئەم ململانێیە نەک لەبەر ئەوەی هیندستان دابەش کرابوو بەڵکوو لەبەر ئەوەی کشمیر کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی موسڵمان بوون، دابەش نەبووبوو. کێشانی هێڵی جیابوونەوە لە ڕێگەی کشمیرەوە ئاسانتر دەبوو لە پەنجاب یان تەنانەت بەنگال، چونکە زۆربەی دانیشتووانی هیندۆسیی ویلایەتەکە لە باشووریترین بەشدا، جامو، لە تەنیشت هیندستان نیشتەجێ بوون و سنووری نێوان جامو و باقی ویلایەتەکەش تا ڕادەیەکی زۆر شاخاوییە.(٦٩)

دابەشنەکردنی کشمیر دووڕیانەکانی ئاسایشی هیندۆسی و موسڵمانی بە سێ شێوە توندتر کرد، مێژوویەکی پڕ لە ململانێی لێ کەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە. یەکەم: هەرچەندە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە کشمیر لە زۆر بوارەکانی دیکە باشتر بوون و مەهاراجا هاری سینگ لە سەرەتادا هەوڵیدا کشمیر سەربەخۆ بهێڵێتەوە، بەڵام تا مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٧ هەموو پێکهاتەکان هۆکاریان هەبوو بۆ هەڕەشە لە سەر ئاسایشی خۆیان. هەردوو گرووپەکە ئاگاداری ئەوە بوون کە هیندستان و پاکستان هەریەکەیان ئیدیعای کشمیر دەکەن، هەردووکیان گوێیان لە دڕندەیییەکانی پەنجاب بووە و هەندێک لە سەربازەکانی مەهاراجا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر دانیشتووانی موسڵمان(٧٠).

دووەم: کشمیر هاوسنوورە لەگەڵ ناوەندە ئابوورییە سەرەکییەکانی هەردوو وڵات و بەم پێیەش لە ڕووی ستراتیژییەوە بەنرخە. لە مانگی ئۆکتۆبەردا مەهاراجا سەربازانی سیکەکانی لایەنگری هیندستان بانگهێشت کرد و چەند هەفتەیەک دواتر هێزی ناڕێکخراوەییی موسڵمانەکان لە پاکستانەوە هێرشیان کردە سەر. هەردوو سوپای ئاسایی دەستوەردانیان کرد. کوژراوانی شەڕ گەیشتە ١٥٠٠ کەس پێش ئەوەی ئاگربەست لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٩ واژۆ بکرێت.(٧١) هیندستان زۆربەی ویلایەتەکەی کۆنترۆڵ کرد، بەڵام پاکستان لە ساڵی ١٩٦٥ جارێکی دیکە داگیرکاریی کردەوە و لە ساڵی ١٩٧١دا شەڕی سنووری زیاتر سەری هەڵدا.

سێیەم: لەژێر دەسەڵاتی هیندستاندا سیاسەتی کشمیر بە تێپەڕبوونی کات زیاتر کۆمەڵایەتی بووە (گشتگیرتر بووە) و ئاسایشی هەموو گرووپەکان دەخاتە مەترسییەوە. لە سەرەتای شەستەکان بە دواوە، زیادبوونی بەشداریی سیاسی بووەتە هۆی چەندین خولی داواکاری بۆ سەربەخۆیی لەلایەن موسڵمانانەوە و وەڵامەکانی حکوومەتی هیندستان کە لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ناوخۆییی کەم کردەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٢ حکوومەتی کشمیر پشتگیریی لە پێشنیارێک کرد بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەڕانەوەی پەنابەرانی ساڵی ١٩٤٧ (واتە موسڵمانان) بدات، ئەمەش نیگەرانیی لێ کەوتەوە کە ئێستا هیندۆس و سیکەکان کە لەسەر موڵک و ماڵی پێشووی پەنابەران نیشتەجێ بوون، بێبەش بکرێن. کاتێک هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٣ جارێکی دیکە هەمان حکوومەتی بە دەنگدانێک بۆ درێژاییی هێڵە کۆمەڵایەتییەکان گەڕاندەوە، ئیندیرا گاندیی سەرۆکی هیندستان حکوومەتی ویلایەتی لابرد و ڕێوشوێنی سەرکوتکارانەی دەست پێ کرد.(٧٢) لە کۆتایییەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کشمیر بە یارمەتیی پاکستان لەگەڵ یاخیبووانی موسڵمان خەریکی بەرەنگاربوونەوەیە. زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کوژراون و بە کردەوە هەموو دانیشتووانی هیندۆسی دۆڵی کشمیر (نزیکەی ٢٥٠ هەزار) ماڵەکانیان بە جێ هێشت (ئاوارەبوون). دیار نییە چەند موسڵمانی کشمیر پشتگیری لە یاخیبووەکان دەکەن، بەڵام نزیکەی هەموویان بە تەواوی لە دەسەڵاتی حکوومەتی هیندستان دوور کەوتوونەتەوە.(٧٣) لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٨ـەوە کشمیر بووەتە جێی سەرنجی هەڕەشە ئەتۆمییە هاوبەشەکانی هیندستان و پاکستان.

گرنگترین ململانێ لەناو پاکستاندا لە دوای سەربەخۆیییەوە، جیابوونەوەی پاکستانی ڕۆژهەڵاتی بەنگالی‌زمان (بەنگلادێش) بووە لە ڕۆژئاوا کە زۆرینەی ئوردوزمانە لە ساڵی ١٩٧١دا (کە ئەمەش بووە هۆی شەڕی نێودەوڵەتیی نێوان پاکستان و هیندستان لە ساڵی ١٩٧١).(٧٤) ڕوونکردنەوە ئەگەرییەکانی ئەم ململانێیە دامەزراوە نادیموکراتیکەکان لە خۆ دەگرێت کە ڕێگەیان بە پاکستانی ڕۆژئاوا دا زاڵ بێت بەسەر سیاسەتی پاکستاندا و کاردانەوەی لە دژی سەرکوتکردنی دەوڵەتی و گرژییە نەتەوەیی و زمانەوانییەکان؛ بەڵام ئەم ململانێیە ناتوانرێت بخرێتە ئەستۆی جیابوونەوەی هیندۆس و موسڵمانان لە ساڵی ١٩٤٧.

لە کۆتاییدا،  پاکستان و هیندستان هەردووکیان خاوەنی چەندین گرووپی کەمینەنەتەوەیین، لەوانە: سیک، ناگا، تریپورا و ئەوانی دیکە لە ناو هیندستان و، بەلوچ، پاتان و موهاجیر لە پاکستان، کە بۆ سەربەخۆییی زیاتر خەباتیان کردووە یان تەنانەت شۆڕشیان کردووە.(٧٥) هەندێک لەم ناکۆکییانە پێش سەربەخۆیی بوون و هیچ ڕێگەیەکمان نییە بۆ ئەوەی دیاریی بکەین کە ئایا هیچیان لە چوارچێوەی هیندستانێکی یەکگرتوودا ڕوویان دەدا یان نا. یەک ئاوارتەی هەیە؛ ئەو ململانێیەی کە لەم ساڵانەی دواییدا سەری هەڵداوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە شاری کەراچی، لە نێوان موهاجیرەکان (پەنابەرانی هیندستان و نەوەکانیان) و کۆمەڵگەی سندی پێش ساڵی ١٩٤٧، کەوتووەتە ژێر دابەشبوونی هیندستان و ئاڵوگۆڕی دانیشتووان کە لە ئەنجامدا دروست بووە، و تا ساڵی ١٩٩٧ زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوە.(٧٦)

دەبوو چی بکرایە؟ کێشەی سەربەخۆییی هیندستان دابەشبوون نەبوو، بەڵام ئەو دابەشکردنە دوور نەبوو. بەس لە هەمووی گرنگتر، هیچ بڕگەیاسایەک بۆ نیشتمانی سیکەکان نەبوو، چ وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان وەک پارێزگایەکی هیندستان. هەرچەندە سیکەکان تەنها لە سەدا ١.٢ی دانیشتووانی هیندستان بوون، بەڵام ٦ ملیۆن کەس بەو شێوەیەی کە ئیرادەدار و ڕێکخراو و چەکدار بوون، نەدەکرا پشتگوێ بخرێن و هێشتا هیوایان بە ئاشتی هەبوو. بەشە سەختەکە ئەوەیە کە لەبەر ئەوەی سیکەکان زۆرینەی ڕەها نەبوون لە هیچ قەزایەکی پەنجابدا، هەر نیشتمان و هەرێمێک پێویستی بە پلاندانان هەبوو بۆ گواستنەوەی بەرچاوی دانیشتووان و بەم هۆیەوە پابەندبوونی بەرچاوی سەرچاوەکان بۆ پاراستن و نیشتەجێکردنی دووبارەی پەنابەران هەبوو.

دووەم: دەبوو کەشمیر بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستی مەهاراجا بخرایتە ناو یەکلاکردنەوەی گشتییەوە. ڕەنگە ئەنجامەکەی دابەشبوونێک بووبێت کە لەبارتر بوو بۆ پاکستان لەو دابەشکردنەی کە بە هۆی شەڕەوە بە دەست هاتبوو، هەروەها خۆی لە گیرخواردن و سەرگەردانیی کۆمەڵگەیەکی گەورە، چ لاواز و چ هەڕەشەئامێز، لە دیوی هەڵەی هێڵەکەدا دەپاراست.

فەڵەستین و ئیسڕائیل

شەڕی سەربەخۆییی ئیسڕائیل ژیانی ٦ هەزار جوولەکە و ڕەنگە زیاتر لە ١٠ هەزار عەرەبی کردە قوربانی و زیاتر لە ملیۆنێک خەڵک ئاوارە بوون؛ نزیکەی ٧٥٠ هەزار عەرەبی فەڵەستینی لە ئیسڕائیل هەڵهاتن، لەکاتێکدا زیاتر لە نیو ملیۆن جوولەکە لە وڵاتانی عەرەبییەوە کۆچیان کرد بۆ ئیسڕائیل.(٧٧) وەک ئێرلەند و هیندستان، ئەم تێچوونانە دەرئەنجامی دووڕیانە ئەمنییەکان بوون کە بە هۆی سەربەخۆیییەوە دروست بوون، نەک دابەشبوون.

ئایا دابەشبوون توندوتیژیی کەم کردەوە یان زیادی کرد؟ هیچ یەک، هیچ کاریگەرییەکی نەبوو. کەسانی زۆر کەم لەمڕۆدا پێشنیاری ئەوە دەکەن کە دەکرا لە دابەشکردنی فەڵەستین ڕێگری بکرێت. لە ساڵی ١٩٤٦ بە دواوە دانیشتووانی جوولەکەکان ڕاپەڕینێکیان دەست پێ کرد کە هێزەکانی بەڕیتانیا نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی بکەن و ناچار بوون بکشێنەوە. فەڵەستینێکی سەربەخۆی یەکگرتوو مەحاڵ بوو، چونکە جوولەکەکان ملکەچی حوکمڕانیی زۆرینەی عەرەب نەدەبوون، عەرەبیش هیچ ڕێکخستنێکیان قبووڵ نەدەکرد کە دەسەڵاتی سیاسی بۆ جوولەکەکان یان تەنانەت درێژەدان بە کۆچی جوولەکەکان بدات. عەرەبە فەڵەستینییەکان لە ساڵی ١٩٢٩ لەسەر ئەم پرسانە ئاژاوەی گەورەیان ئەنجام دا، هەروەها لە ساڵی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ ڕاپەڕینێکی گەورەیان ئەنجام دا.

کشانەوەی دەسەڵاتی بەڕیتانیا لە فەڵەستین، ئیدیعای ڕکابەریی عەرەبی و جوولەکەکان لەسەر خاک و شێوازی تێکەڵاوی نیشتەجێبوونی دانیشتووان، دووڕیانێکی ئەمنیی هێندە توندی دروست کرد کە شەڕی ناوخۆ حەتمی بوو. سێ ناوچەی سەرەکیی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان -ڕۆژهەڵاتی جەلیل، شریتی کەنار دەریاکان لە حەیفاوە تا تەلاویڤ و قودس(ئورشەلیم)- هەموویان دانیشتووانی بەرچاوی عەرەبیان لە خۆ گرتبوو و لەوەش گرنگتر، بە هۆی ناوچە سەرجەم عەرەبەکانەوە لە یەکتر جیا کرابوونەوە (بڕوانە نەخشەی ٣). پلانی دابەشکردن کە پێشبینیی گواستنەوەی دانیشتووانی بەرچاوی نەکردبوو، نەیدەتوانی هیچ بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم دووڕیانە ئەمنییە و ئەو پلانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نۆڤێمبەری ١٩٤٧دا دەنگی پێ دا، لەم ڕێوشوێنە بێبەری نەبوو.(٧٨)

لە بەرامبەر ململانێی چەکداری لە ناوخۆ و هەروەها لەشکرکێشیی دەرەکیدا، دەوڵەتی جوولەکەکان تەنیا لەو کاتە دەتوانێ بمێنێت کە یەک: بەرفراوانتر بێت بۆ ئەوەی سێ بەشە سەرەکییەکەی بەیەکەوە ببەستێتەوە و دوو: بەشێکی زۆری عەرەبەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی جوولەکەکانەوە بگوازێتەوە دەرەوە، بە تایبەتی لە گرینگترین شوێنە ستراتیژییەکانەوە. شێوازی سڕینەوەی نەتەوەیی لە کاتی جەنگدا پەیڕەوی لە لۆژیکی دووفاقیی ئەمنی دەکرد. سەرکردەکانی حکوومەتی ئیسڕائیل و هێزە سەربازییەکانی ئیسڕائیل لە هەندێک شوێن هانی دانیشتووانی عەرەبیان دەدا بۆ مانەوە، لە هەندێکی تردا زۆرێکیان هەراسان کرد یان ترساندنیان بۆ هەڵاتن و لە هەندێکی تردا دەرکردنی زۆرەملێیان ئەنجام دا، ئەمەش بەپێی پێویستییە ستراتیژییەکانی  شوێن و کات جێبەجێ دەبوو.

دوو ڕووداوی دژبەیەکی جەمسەری کە تەنها دە هەفتە و پەنجا میل لەیەکترەوە دوورن، ئەم داینامیکە نیشان دەدەن. لە کۆتاییی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٨ جوولەکەکان کۆنترۆڵی شاری حەیفایان بە دەست هێنا کە حەشیمەتیان بە شێوەیەکی یەکسان تێکەڵ بوو. نزیکەی یەکسەر هەموو دانیشتووانی عەرەب، نەک تەنها خەڵکی حەیفا بەڵکوو هەموو شارۆچکە کەنارییەکانی باکوور تا سنووری لوبنان، ماڵوحاڵی خۆیانیان بە جێ هێشت و بەرەو لوبنان هەڵهاتن. حکوومەتی ئیسڕائیل بەم کۆچکردنە سەری سووڕ ما و بێزار بوو، سیاسەتمەداران و سەربازانی ئیسڕائیل هەوڵیاندا دانیشتووان ڕازی بکەن بۆ مانەوە.(٧٩) بە پێچەوانەوە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا سەربازانی هاگانا شارۆچکە عەرەبییەکانی لۆد (لیدا) و ڕاملێیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەلاویڤ گەمارۆ دا و تەواوی دانیشتووانەکانیان دەرکرد -بە گشتی ٦٠ هەزار کەس- بە ئاگاداریی چلوهەشت کاتژمێر، تەنها بەو کەلوپەلانەی کە دەیانتوانی هەڵیانبگرن.(٨٠)

جیاوازی لە زەروورەتی ستراتیژیکی هۆکاری ئەم جیاوازییە لە هەڵسوکەوتدایە. کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست لە باکووری حەیفادا ناوچەیەکی تەواو عەرەبی بوو، هیچ جوولەکەیەکی تێدا نەژیاوە و لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە نەبوو کە پێویستی بە ڕزگارکردن هەبێت. بەڵام لۆد و ڕاملی لەسەر ڕێگای سەرەکی لە تەلاویڤەوە بۆ قودسدان لەکاتێکدا کە بەشی (گەڕەکی) جوولەکەکانی قودس گەمارۆ درابوو و سەرکردەکانی ئیسڕائیل دڵنیا نەبوون کە ئایا دەتوانێت خۆی ڕابگرێت یان نا. کاروانەکانی دابینکردنەوە و بەهێزکردن دەبوو بە شەقامەکانی ئەو دوو شارۆچکەیەدا تێپەڕن و بە زۆری ناچاربوون شەڕ بکەن. تا ئەو شارۆچکەیانە (هەروا هەندێک گوندی دیکەی بە درێژاییی ڕێگاکە) لە دەستی عەرەبەکاندا بمایننەوە، ئاسایشی ئورشەلیم پارێزراو نەدەبوو.(٨١).

شەڕەکە لە ساڵی ١٩٤٩ کۆتاییی هات، لە حاڵێکدا دووڕیانێکی ئەمنیی ئیسڕائیل و عەرەب بە جیابوونەوەیەکی تەقریبەن تەواو، ئەگەر بە تەواویش چارەسەر نەبوو، باشتر بوو. ئیسڕائیل خاکێکی بەرگریکراوی مسۆگەر کرد کە شارۆچکە بنەڕەتییەکانی جوولەکەکان و بۆشایییەکانی نێوانیان لە خۆ گرتبوو. ئەو ١٥٦ هەزار عەرەبەی دیکە کە مابوونەوە لە سەدا ١٥ی دانیشتووانی دەوڵەتی نوێیان پێک نەدەهێنا و ناڕێکخراو و بێورە بوون، هەر بۆیە لەلایەن ئیسڕائیلییە جوولەکەکانەوە وەک هەڕەشەیەکی بەرچاو هەستیان پێ نەدەکرا.(٨٢) غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و شاری کۆنی قودس کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای میسر و ئوردن؛ هیچ جوولەکەیەک لەم ناوچانەدا نەمایەوە.

ئایا دابەشبوون بووە هۆی زیادبوونی ڕق و ململانێی نوێی لێ کەوتەوە؟ ئیسڕائیل لە دوای سەربەخۆیییەوە توندوتیژییەکی بەرچاوی نێوان گرووپەکان بە خۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو چوار شەڕی دژی دەوڵەتانی دراوسێی لە ساڵانی ١٩٥٦، ١٩٦٧، ١٩٦٩-٧٠ و ١٩٧٣ ئەنجام داوە؛ دوو جار بەشێک لە لوبنانی داگیر کردووە، لە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٨٢-٨٥ و لە ساڵی ١٩٨٧ەوە ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ڕێکخراوەیی بووەتەوە لە بەرامبەر داگیرکردنی کەناری ڕۆژئاوا و غەززە. ئیسڕائیل بووەتە ئامانجی بەردەوامی تیرۆر و هاووڵاتییانی ئیسڕائیلیش هێرشی تیرۆریستییان ئەنجام داوە.

دابەشبوون هیچ ڕۆڵێکی نەبوو لە هۆکاری بەردەوامبوونی توندوتیژی لە دوای ساڵی ١٩٤٩ کە تەنها لە ئەنجامی بوونی دەوڵەتی جوولەکەکانەوە بوو. زۆربەی عەرەبەکان ئامادە نەبوون بوونی بەرفراوانی جوولەکەکان لە فەڵەستین قبووڵ بکەن، لە لایەکی دیکەوە ئیسڕائیلییەکان گومانیان لە عەرەبەکان دەکرد کە ئامانجی کۆمەڵکوژییان هەبێت. بەڵام سەرەڕای شەڕ و تیرۆر، زۆربەی خەڵکی سڤیل لە هەردوو لا نزیکەی پەنجا ساڵە زۆربەی کاتەکان سەلامەت بوون، ئەمەش پێش گواستنەوەی دانیشتووان وا نەبوو. بە تێپەڕبوونی کات زۆرێک لە هەردوو لا وازیان لە توندڕەوترین وێنەی دوژمن هێناوە. ئیسڕائیل پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ دوو وڵاتی دراوسێی خۆی واژۆ کردووە، پەیوەندییەکی ئارامتری لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی دیکەی عەرەبیدا هەیە لەوەی کە جاران هەیبوو.

تاکە ململانێی نوێ کە لە دوای سەربەخۆییی ئیسڕائیلەوە سەری هەڵداوە، ئینتیفازەی فەڵەستینە، تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی سیاسەتی ئیسڕائیلەوە بووە بۆ دامەزراندنی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە، لە ڕاستیدا یەکگرتنەوەی ئەو دانیشتووانە بوو کە لە یەکتر جیا کرابوونەوە. پێش هاتنەسەرکاری پارتی لیکود لە ساڵی ١٩٧٧، زۆربەی نیشتەجێبوونەکان یان تەنها لەودیو هێڵی سەوزی ساڵی ١٩٤٩-١٩٦٧ یان وەک بنکەی ئاسایش لە ناوچە دوورەکاندا دانرابوون. بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٧٧ خێراییی بیناسازی خێراتر بوو، لەوانە: دامەزراندنی نیشتەجێبوون لە قووڵاییی ناوەڕاستی ئەو ناوچانەی کە عەرەب دانیشتوویان تێدا بوو، بەناوبانگترینیان دانانی ٤٠٠ جوولەکە بوو لە ناوەڕاستی شاری حەبرۆن کە ١٠٠ هەزار دانیشتووی تێدا بوو. ئەمەش دووڕیانێکی نوێی ئەمنیی دروست کرد، هەم لەبەر ئەوەی کە نیشتەجێبوونە نوێیەکان زەوییەکی زیاتر و زیاتریان داگیر ئەکرد و هەم لەبەر ئەوەی بڕگە یاسایییەکان پێویستی بە سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆ لە نێوان شارۆچکە عەرەبییەکاندا هەبوو.(٨٣)

پێویستە چی بکرێت؟ ئاسایشی هاوبەش بۆ جوولەکەکان و فەڵەستینییەکان جارێکی دیکە پێویستی بە جیاکردنەوەی بەرچاوی دانیشتووان هەیە بە لابردنی ئەو شارۆچکە جوولەکانەی کە لە ئیسڕائیلەوە دوورن و ناتوانرێت پارێزگاریی لێ بکرێن جگە لە بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی سەربازی فەڵەستینییەکان. ئەمەش سێ شارۆچکە لە غەززە و حەبرۆن و دەیان ناوچەی دیکە دەگرێتەوە. پێویست ناکات هەموو شوێنی نیشتەجێبوونەکانی جوولەکەکان لابرێن؛ زۆربەیان کە ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر هێڵی سەوز لە ئیسڕائیلەوە جێگیرن و وەکوو قەراغی ئورشەلیم یان دەشتی کەناری دەتوانرێت بخرێتە ناو ئیسڕائیلەوە بەبێ ئەوەی ناوەندەکانی دانیشتووانی عەرەبیش بگرێتەوە. لەو شوێنەی کە دانیشتووان پێشتر جیا کراونەتەوە، جووڵاندنی سنوورەکان ئاسانترە لە خەڵک.(٨٤) ڕەنگە هەندێک ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە ڕێکخستنی سنووری تاکلایەنە بە پاساوی یەکسانی یان یاسا. بەڵام هەردوو لایەن ئاسایشی زیاتر دەبێت و ڕەنگە یارمەتییان بدات لە کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی جەوهەری ڕێککەوتنی ئاشتیی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣.

قوبڕس

ڕەخنەگرانی دابەشکردنی دیفاکتۆی قوبڕس لە ساڵی ١٩٧٤ دەڵێن هەرچەندە لەو کاتەوە بە کردەوە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام دابەشبوونەکە و ئاڵوگۆڕی دانیشتووان لە ڕاستیدا ململانێکانی خراپتر کردووە نەک باشتر: “دابەشبوونی قوبڕس شتێک زۆرتر لە چەقبەستووییی درێژخایەنە کە هێشتا ماوەتەوە، ناجێگیرە و هێشتا پێویستی بە بوونی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە”(٨٥).

بەڵام لە ڕاستیدا دۆخەکە لە ساڵی ١٩٧٤ەوە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش سەقامگیر بووە. لە ماوەی بیستوچوار ساڵدا تەنها دوانزە حاڵەتی مردن بە هۆی ململانێی نەتەوەیی لە دوورگەکەدا تا ساڵی ١٩٧٤ ڕووی داوە.

ئایا دابەشبوون توندوتیژیی کەم کردەوە یان زیادی کرد؟ پێش ساڵی ١٩٦٠ قوبڕس لەژێر دەسەڵاتی بەڕیتانیادا بوو؛ دانیشتووانەکەی نزیکەی لەسەدا ٨٠ یۆنانی و لەسەدا ٢٠ی تورکی بوون. لە ساڵانی ١٩٥٠دا بزووتنەوەی سەرەکیی سەربەخۆییی قوبڕس، EOKA، بزووتنەوەیەکی تایبەتی یۆنانی کە ئامانجی یەکگرتن بوو لەگەڵ شارە گەورەکان یۆنانی (enosis). کۆمەڵگەی تورک، لە ترسی هەژموونی یۆنانییەکان، بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی پێ باشتر بوو یان ئەگەر نەتوانرا ڕێگری لە سەربەخۆیی بکرێت، دابەشبوونیان پێ باشتر بوو.(٨٧)

شێوازی نیشتەجێبوونی دانیشتووان لە دوورگەکەدا بوو بە هۆی دووڕیانێکی توندی ئەمنی. هەرچەندە زۆربەی گوندەکان و “چوارگەکان”ی شارۆچکە گەورەکان تەنها لەلایەن یەک گرووپەوە نیشتەجێ بوون، بەڵام نیشتەجێبوونی یۆنانی و تورکەکان لە سەرانسەری دوورگەکەدا پرشوبڵاو بوو، تەنها چڕییەکی کەم لە تورکەکان بەرەو باکوور هەبوو(٨٨). لە ئەنجامدا، لە ساڵی ١٩٥٥ تا ١٩٧٤ قوبڕس بە چوار قۆناغی گەورەی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕی. یەکەم، لە ساڵی ١٩٥٥ەوە EOKA هێرشی کردە سەر هێزەکانی بەڕیتانیا، “ئاریکاران” و کۆمۆنیستە یۆنانییەکان و تورکەکانی قوبڕسی کە لە حکوومەت و پۆلیسی بەڕیتانیادا خزمەتیان دەکرد و کۆمەڵگەی تورک بە گشتی. تاقمە تیرۆریستییەکانی تورک هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی یۆنانی. پێش ئەوەی بەڕیتانیا لە ساڵی ١٩٦٠دا سەربەخۆیی بدات، لانیکەم ٥٠٩ کەس گیانیان لە دەست داوە.(٨٩)

دووەم: هەرچەندە دەستووری حکوومەتی نوێ بنەماکانی دابەشکردنی دەسەڵات و قەدەغەکردنی یەکگرتنی(enosis) لە خۆ گرتبوو، بەڵام سەرکردەکانی قوبڕسی یۆنانی، لەنێویاندا سەرۆک قەشە ماکاریۆس، بەردەوام بوون لە داکۆکیکردن لە حوکمڕانیی زۆرینەی یۆنان و هەروەها یەکگرتن. هەروەها لە ساڵی ١٩٦٣ قوبڕسییە یۆنانیەکان دەستوورەکەیان هەڵوەشاندەوە و حکوومەتێکی نوێیان دامەزراند کە هەمووی یۆنانی بوو. لە دیسامبری ساڵی ١٩٦٣ جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ سەری هەڵدا و هەر زوو هێزەکانی یۆنان لابەلا هەموو وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کرد جگە لە چەند شارۆچکەیەکی کەم لە بەشی باکووری دوورگەکە (بڕوانە نەخشەی ٤). لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٦٤ هێرشێک بۆ سەر تاکە دەرچەی قوبڕسی تورک کە بەرەو دەریا مابووەوە لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە ڕاگیرا. لانیکەم ٥٥٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و ٢٥ هەزار پەنابەری تورکی قوبڕسی نیشتەجێ کران. لە ساڵی ١٩٦٤ تا ١٩٦٨ زۆربەی ناوچەکانی ژێردەستی تورکیا لەژێر گەمارۆی ئابووری دیفاکتۆدا بوون.(٩١)

سێیەم: دوای بەهێزکردنی سەربازی لەلایەن ناسیۆنالیستە قوبڕسییەکانی یۆنانی، لەنێویاندا ١٢ هەزار سەربازی سوپای یۆنان کە لە قوبڕس جێگیر کرابوون وەک ڕێگرییەک بۆ دەستوەردانی زیاتری تورکیا، هێزەکانی قوبڕسی یۆنانی لە مانگەکانی نیسان و نۆڤێمبەری ساڵی ١٩٦٧ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر گوندەکانی تورکیا.(٩٢) تورکیا بە هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی و نیشتنەوەی سەربازەکان وەڵامی دایەوە. ئەمجارەیان ڕێککەوتنێک بە نێوەندگیریی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بووە هۆی کشانەوەی یەکەکانی سوپای یۆنان و لە ساڵی ١٩٦٨ سنووردارکردنی جوڵە لەسەر تورکەکانی قوبڕس هەڵگیرا. ڕەنگە زیانی گیانی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٤ و ١٩٦٨ نزیکەی ٦٠٠ کەس بووبێت.(٩٣) لە ساڵی ١٩٦٨ تا ١٩٧٤ لایەنەکان دانوستانی ڕاستەوخۆیان ئەنجام دا، بەڵام قوبڕسییە یۆنانیەکان دەستبەرداری ئامانجی ئینۆس(enosis) نەبوون و تورکەکان قبووڵیان نەدەکرد.(٩٤)

لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٧١ ڕێکخراوێکی نوێی ناسیۆنالیستیی قوبڕسی بە ناوی EOKA B کە لەلایەن حوکمڕانی سوپای سەربازی لە ئاتنی پایتەختەوە پاڵپشتی دەکرا، دەستیان بە هێرشی تیرۆریستی کرد. لە ١٥ی تەممووزی ١٩٧٤دا، ماکاریۆس لە کودەتایەکی خوێناویدا ڕووخێنرا.(٩٥) ژمارەیەکی نادیار لە خەڵک کە ڕەنگە سەدان کەس بوون، کوژران. نیکۆس سامپسۆن، کەسێکی ڕاستڕەوی توندڕەو و بەناوبانگ بوو بە سەرۆکایەتیکردنی کۆمەڵکوژییەکان لە ساڵانی ١٩٦٣-١٩٦٤، وەک سەرۆککۆمار دەستنیشان کرا. کۆمەڵکوژییەکی گەورە لە سەرتاسەری دوورگەکە لە حاڵی ڕوودان بوو(٩٦).

دواتر هێزەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر قوبڕس و لە سەدا ٣٧ی دوورگەکەیان داگیر کرد و ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی تورکیایان لە باکوور دروست کرد. حکوومەتی سامپسۆن ڕووخا و ماکاریۆس دەسەڵاتی دەست پێ کردەوە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی هەزار کەس کوژران کە زۆربەیان پاسەوانی نیشتمانیی قوبڕسی و مەدەنیی یۆنانی بوون، کە ژمارەیەکی زۆر کەمتر نەبوون لە ژمارەی کوژراوانی بیست ساڵی پێشوو. بەڵام داگیرکارییەکە هەزاران کەسی ڕزگار کرد کە ئەگەر پیاوانی وەک سامپسۆن بە ڕاستی بەرنامەکەیان جێبەجێ بکردایە، لەوانە بوو بکوژرابان. نزیکەی ٢٠٠ هەزار پەنابەری یۆنانی بەرەو باشووری هێڵەکە کۆچیان کرد و نزیکەی ٦٠ هەزار قوبڕسیی تورکیش ڕوویان کردە باکوور.(٩٧) هەرچەندە لەشکرکێشییەکەی تورکیا بەشێکی بە هۆی نیگەرانییەکانی نەتەوەپەرستییەوە بوو نەک مرۆیی، بەڵام ژیانی کەسانی زۆری ڕزگار کرد. بە خۆشییەوە قەت ناتوانین بڵێین کە چەند کەس ڕزگار بوون.

ئایا دابەشبوون ڕق و کینە و ململانێی نوێی دروست کرد؟ قوبڕسییە یۆنانییەکان تا ئێستاش دابەشکردنی قوبڕسیان قبووڵ نەکردووە و جگە لە تورکیا هیچ نەتەوەیەک دان بە کۆماری تورکی باکووری قوبڕسدا نانێت. چەند خولێکی دانوستان بە ڕێوە چوو کە تیایدا تورکەکان پێشنیاریان کردووە هەندێک زەوی بگەڕێننەوە یان قوبڕس وەک فیدراسیۆنێکی شل یەک بخەنەوە، بەڵام ئەم پێشنیارانە لەلایەن لایەنی یۆنانییەوە قبووڵ نەکراون.

سەرەڕای نەبوونی ئاشتەوایی، دۆخەکە بۆ نەوەیەک ئارام و هەروەها سەلامەت ماوەتەوە. هەردوو لا دەزانن کە گاریسۆنی سوپای تورکیا لە باکوور دەتوانێت شکست بە هەر هێرشێکی ئێحتماڵی ئیردەنتیستی (گێڕانەوەخواز)[8] بێنێت و هیچ کام لە لایەنەکان هیچ بەڵگەیەکیان نیشان نەداوە لەسەر پلان بۆ هەوڵدان بۆ تێکدانی دۆخی ئێستا.

سیاسەتی وڵاتانی جێنشین

ڕەخنەگرانی گواستنەوە و دابەشبوونی دانیشتووانی نەتەوەیی و ئەو مەترسیانەیان کە ئەم چارەسەرانە بۆ گەشەسەندنی سیاسی دروستی دەکەن، زیادە خەمڵاندوویانە. دوو بوارى سەرەکیی گەشەپێدان هەن کە پێویستە لە بەرچاو بگیرێن: دیموکراسیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کەمە نەتەوەیییەکان.

ئەو چوار دابەشبوونە لەم وتارەدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، نۆ دەوڵەتی جێنشینی بە شێوەیەکی یاسایی یان دیفاکتۆیان بەرهەم هێناوە: کۆماری ئێرلەندا، ئێرلەندای باکوور، هیندستان، پاکستان، بەنگلادیش، ئیسڕائیل، دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری فەڵەستین، قوبڕس و کۆماری تورکی قوبڕسی باکوور(TRNC) .

تا چەند دامودەزگا سیاسییەکانی ئەم دەوڵەتانە وەک دیموکراتیک دەناسرێن، بە ئاسانی بەو ڕادەیە دەپێورێت کە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دەورەیی ئەنجام دەدەن کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە پێکهاتەی حکوومەت و سیاسەتەکانیدا بکات و ئەنجامەکانیش لەلایەن هێزێک وەک کودەتای سەربازی هەڵناوەشێنرێتەوە(٩٨). لە کۆی نۆ دەوڵەتی جێنشین، پێنج وڵات (ئێرلەند، ئێرلەندای باکوور، هیندستان، ئیسڕائیل و قوبڕس) دامەزراوەی سیاسییان هەیە. چوار دامەزراوە کە بە ڕوونی ڕاهاتووییی دیموکراسییان تێدایە. چوار وڵات (پاکستان، بەنگلادیش، دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری فەڵەستین، و TRNC ) بە تەواوی شایستە نین، بەڵام تەنانەت ئەم دەوڵەتانە بە ڕوونی لە چاو دەوڵەتانی پێش دابەشبوونیان کەمتر دیموکراسی نین و هەموویان لانیکەم وەک زۆربەی دراوسێکانیان دیموکراتیکن.

هەرچەندە پاکستان و بەنگلادیش هەمیشە فۆڕمی دیموکراتیکی بە ناویانەوە هەبووە، بەڵام هەریەکەیان لە کاتی سەربەخۆییی خۆیان (پاکستان ١٩٥٨-٧١ و ١٩٧٧-٨٨ و بەنگلادیش ١٩٧٥-٨٦)، زیاتر لە نیوەی کاتی سەربەخۆیییان  لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدا بوون. بە بەراورد، دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەڕیتانیا لە هیندستان تا سەردەمی دابەشبوون، تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئاستی پارێزگاکان دیموکراتیزە کرابوو، هەرچەندە لەسەر ئاستی نیشتمانی نەبوو و لە دەوڵەتە میرنشینەکاندا وا نەبوو. هەردوو وڵاتی پاکستان و بەنگلادیش خاوەنی ڕاهاتووییی دیموکراتیکن کە لانیکەم بەقەد ئەوانەی لە هەر ویلایەتێکی باشوور، باشووری ڕۆژهەڵات، یان ئاسیای ناوەڕاست، یان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزن. سێ ئاوارتە هەیە کە بریتین لە هیندستان و ئیسڕائیل (هەروەها دەوڵەتانی جێنشینی دابەشکردن) و دەتوانین بڵێین سریلانکایش.

هەرچەندە تا دوای ڕێککەوتنی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ سەری هەڵنەدا، بەڵام دەتوانرێت دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری فەڵەستین وەک دەوڵەتێکی جێنشینی دیفاکتۆی دابەشبوونی ژێرفەرمانی فەڵەستین هەژمار بکرێت. لەکاتێکدا دەسەڵات بە ناو فۆڕمی دیموکراسی هەیە، بەڵام هێشتا گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیدا نەکراوە و زۆر جار دەربڕینی سیاسی سەرکوت دەکرێت. بەڵام لەگەڵ حکوومەتی زۆرەملێی بەڕیتانیا کە هیچ دامەزراوەیەکی نوێنەرایەتی لە سەرووی ئاستی شارەوانییەکاندا نەبووە، یان لەگەڵ دەوڵەتانی ناپەسەندی دیکەی عەرەبیدا بەراورد ناکرێت(٩٩). دەتوانین بپرسین ئایا دابەشبوونی ساڵی ١٩٤٧ کاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی سیاسی دەوڵەتانی تەنیشت یەکتر هەبووە کە هەرێمی بە دەست هێناوە یان پەنابەرانی ڕاکێشاوە. بەڵگەیەکی کەم هەیە کە وابێت، چونکە هیچ کام لەم دەوڵەتانە جگە لە لوبنان نە پێش دابەشبوون و نە دوای دابەشبوون دامەزراوەی دیموکراتیکیان نەبووە(١٠٠).

کۆماری تورکی باکووری قوبڕسیش فۆڕمی دیموکراسیی هەیە بەڵام هەرگیز گۆڕانی حکوومەتی نەبووە. بەڵام پێش دابەشبوون لە ساڵی ١٩٧٤دا قوبڕسی یەکگرتوو و دیموکراسیی فەرمی هەرگیز گۆڕینی حکوومەتی نەبووە و ڕێگەی بە کەمینەی تورک نەدا کە هیچ ڕۆڵێکی سیاسییان هەبێت.(١٠١) بە بەراورد لەگەڵ ڕاهاتووییی دیموکراتییەکانی دراوسێکانی لە دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەوانەی لە TRNC  پلەی مامناوەندی هەیە.

تەنانەت لەو شوێنانەی کە فۆڕمی دیموکراسیی هەیە، دەبێ بپرسین ئایا سەرەڕای ئەوەش کەمینەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە مافی دەنگدان بێبەش دەکرێن؟ چوار لەم نۆ دەوڵەتە جێنشینە دانیشتووانی کەمینەی بەرچاویان هەیە. لە کۆماری ئێرلەندا و لە هیندستان کەمینەکان ڕووبەڕووی هیچ بەربەستێک نابنەوە بۆ بەشداریی سیاسی، هەرچەندە حکوومەتی هیندستان ئەو پارتە جوداخوازانەی قەدەغە کردووە کە یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتیان خستووەتە مەترسییەوە.

هاوڵاتیانی عەرەبی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی سەرکوتێکی بەرچاو بوونەتەوە، کە زۆرترین سەرکوت لە پانزە ساڵی یەکەمی دوای دابەشبووندا بووە. هەرچەندە زۆرێک لە سیاسەتی جیاکارییە فەرمییەکان هەڵگیراون، تا ئەم دوایییانە عەرەبەکان لە کارتێکەریی سیاسەتی کاریگەر قەدەغە کران بە هۆی تێگەیشتنێکی نافەرمی کە حیزبەکانی بەستراو بە دەنگی عەرەب ناتوانن بەشێک بن لە هاوپەیمانییەکی حوکمڕانی.(١٠٢) بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم بەربەستە لاواز بووە. هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران کە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٦ ئیسڕائیلی بە ڕێوە برد، پشتی بە پاڵپشتیی دوو پارتی عەرەبی بەستبوو، دەنگەکانی عەرەبیش نزیک بوو لە یەکلاییکردنەوەی ڕکابەریی سەرۆکوەزیرانی ساڵی ١٩٩٦ی نێوان شیمۆن پێرێس و بنیامین ناتانیاهۆ، کە تیایدا ناتانیاهۆ بە ڕێژەی ١١%ی دەنگدەرانی جوولەکە لە پێشەوە بوو و بە جیاوازیی تەنها لە سەدا ٠.٩ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بە دەست هێنا.(١٠٣)

لە ئێرلەندا باکوور، کاتۆلیکەکان بەربەستێکی کەمیان بەرەو ڕوو بووەوە لە بەردەم بەشداریکردن لە سیاسەتی ئاستی نیشتمانیدا، بەڵام بۆ ماوەی پێنج دەیە کاریگەرییان لەسەر حکوومەتی پارێزگاکە و ئۆرگانە ناوخۆیییەکان بە هۆی گێریماندەرەوە[9] کەم کرایەوە، بە تایبەتی لە شارەکانی لەندەندێری[10] و بێلفاست[11]، هەروەها لە هەندێک ناوچەی گوندنشین کە کاتۆلیکەکان زۆرینە بوون. جگە لەوەش، “پڕۆژەیاسای نوێنەرایەتیی گەل” لە ساڵی ١٩٤٦دا، هەندێک پۆلی دەنگدەرانی ئەگەری لە دەنگدان بێبەش کرد، کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاتۆلیک بوون. ئەم پێشێلکارییانە تا ڕادەیەکی زۆر بە سەپاندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەڕیتانیا لە ساڵی ١٩٧٢ کۆتایی هات(١٠٤).

هەرچەندە ئەم سنووردارکردنانە بۆ مافەکانی کەمینەکان جددین، بەڵام ئەگەر دابەشبوون و گواستنەوەی دانیشتووان ڕووی نەدایە، سەرکوتی کەمینە نەتەوەیییەکان لە هەر حاڵەتێکدا خراپتر دەبوو. تەنانەت ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە دەکرا لە ساڵی ١٩٤٧دا بتوانرێت حکوومەتێکی فەڵەستینێکی یەکگرتوو بنیات بنرێت کە هێورتر لەوەی عەرەبەکان لە ئیسڕائیل مامەڵەیان لەگەڵ کەمینەی جوولەکەکاندا بکردایە، کۆمەڵگەی جوولەکەکان ئاسۆی حوکمڕانیی عەرەبیان ئەوەندە مەترسیدار دەبینی کە ئەوە دەکرا تەنیا بە چەقاندنی توانمەندی جوولەکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە بسەپێندرێت. هەر مەیلێک بۆ لێبوردەییی حکوومەتێکی لەو جۆرە لە سەرەتادا هەبوایە، بە دڵنیایییەوە بە هۆی ئەو توندوتیژی و ترسە ئاسایشییە هاوبەشانەی کە لە پرۆسەی دامەزراندنی کۆنترۆڵدا دروست بوو، تێک دەچوو. کێشەی پرۆتستانتەکان لە ئێرلەندایەکی یەکگرتوودا هەمان شت بوو(١٠٥)

کێشەکان بۆ جیابوونەوە و دابەشبوون

ئەم شیکارییە سێ وانە بۆ بەڕێوەبردنی شەڕە ناوخۆیییە نەتەوەیییەکان پێشنیار دەدات. سەرەتا پێویستە ئاستی توندوتیژیی نێوان گرووپەکان و هەڕەشەکانی ئاسایشی یەکتر کە زیاتر لەوە  دەبێت پەنا بۆ جیابوونەوە و دابەشبوون ببەین، دەستنیشان بکەین. هەروەها پێویستە ئاستەکە بە شێوەیەکی پارێزگارانە دەستنیشان بکەین- کەس نایەوێت کۆمەڵگە فرەچەشنەکان هەڵبوەشێنێتەوە، تەنانەت ئەو کۆمەڵگەیانە کە بە توندی کێشەیان هەیە و بە دوای هیوایەکەوەن کە دوور ببنەوە لە توندوتیژیی بەرفراوان و بگەن بە ئاشتیی مەدەنی. ئەو ڕوانست و بەڵگانەی لێرەدا خراونەتە ڕوو دەتوانن یارمەتیدەرمان بن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو حاڵەتانەی کە بە ڕوونی لە سەرووی ئەو ئاستەنگەوەن؛ بەڵام لە نەبوونی ڕوانستێکی تەواو گەشەسەندوو سەبارەت بە هۆکارەکانی دوژمنایەتیی نێوان نەتەوەکان لە سەردەمی ئاشتیدا، ناتوانین بە تەواوی بزانین کە ڕەنگە ئاستەنگی ڕاستەقینە لە کوێدا بێت.

بەڵام تەنانەت ئەم زانیارییە سنووردارەش سوودی لە سیاسەتدا هەیە. نابێت لە جیاکردنەوەی دانیشتووان لەو حاڵەتانەدا کە پێشتر توندوتیژییەکی بەرفراوان و دووڕیانێکی توندی ئەمنییان بەرهەم هێناوە، نائومێد بین (کۆتاییی بکەین)، تەنانەت ئەگەر لە هەندێک حاڵەتی لەو جۆرەدا ڕەنگە دواتر ئاواتمان ئەوە بێت کە زووتر مامەڵەمان کردبایە و لە حاڵەتەکانی دیکەدا ڕەنگە نەمانتوانیبایە کە بڕیار بۆ جێبەجێبوونی بدەین.

دووەم: لەکاتێکدا کە دەرەنجامی توێژینەوەکان لێرەدا ئەوە پیشان نادەن کە ئایا دابەشبوونی سەروەری کەم یان زۆر بە بەردەوامی دەبێت ڕوو بدات، بەڵام ئەوە دەگەیەنن کە دابەشکردن هەرگیز نابێت ئەنجام بدرێت مەگەر پێکهاتە نیشتمانییەکان لە ئێستاوە تا ڕادەیەکی زۆر جیا بووبێتنەوە یان لە هەمان کاتدا لە یەکدی جیا ببنەوە. ئەو دابەشکردنانەی کە دانیشتووانی دژبەیەک جیا ناکەنەوە، لە ڕاستیدا توندوتیژی زیاد دەکەن، وەک ئەوەی لە ئێرلەندای باکوور و کشمیر و فەڵەستین و کاتێک کڕواتیا و بۆسنە لە یوگۆسلاڤیا جیا بوونەوە. هەروەها سنوورە بەرگرییەکان زۆر گرنگن؛ پلانی دابەشکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەڵەستین کە سێ پارچە زەوی پچڕاوی بە هەر لایەک دا، تەنیا دەیتوانی شەڕێکی ناوخۆییی خوێناویی لێ بکەوێتەوە.(١٠٦).

لە هەر چوار حاڵەتەکەدا کە لە سەرەوە باسمان کرد، جیاکردنەوەی نەتەوەیی، توندوتیژیی کەم کردەوە. لەو شوێنانەی کە دانیشتووان لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە یەکتر جیا کرابوونەوە، توندوتیژیی زۆر کەمتر چڕ بوو لەو شوێنانەی کە بە توندی تێکەڵاو بوون. کاتێک دانیشتووانی پێکەوەناکۆک جیا کرانەوە، یان بە هۆی گواستنەوەی پلانی داڕێژراو یان بە سڕینەوەی نەتەوەیی، دواتر توندوتیژی کەمی کرد. جگە لەو ناوچانەی کە پێکهاتە دژبەیەکەکان لەسەر زەوی تێکەڵاو دەمێننەوە، هەر چوار حاڵەتەکە لە دوای دابەشبوونەوە توندوتیژیی کەمتریان هەبووە بە بەراورد بە پێشوو و هەموو لایەنەکان ئێستا چاوەڕوانیی توندوتیژیی داهاتوویان کەمترە لەچاو پێشوو.

لە کۆتاییدا پێشینەی گواستنەوە و دابەشکردنی دانیشتووان لە سەدەی بیستەمدا گۆڕانکاریی گەورە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ پەنابەرە نەتەوەیییەکان پێشنیار دەدات. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واز لە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە جوڵەی پەنابەران دوور لە هەڕەشەی کۆمەڵکوژیی نەتەوەیی بهینێت و لەبری ئەوە پشتیوانی و پاراستنی نیشتەجێکردنیان بکات. سیاسەتی UNHCR کە بریتییە لە هێنانی “ئاسایش بۆ مرۆڤ نەک مرۆڤ بۆ ئاسایش” لە ناوەڕاستی شەڕە نەتەوەیییەکان جێبەجێ ناکرێت و هەوڵدان بۆ ئەو کارە پێ دەچێت ژیانی هەندێک لەو کەسانە بە فیڕۆ بدات کە بڕیارە ڕزگاریان بکەن. نیگەرانی لەوەی کە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی پەنابەران یەکسانە بە پشتیوانی لە پاکتاوی نەتەوەیی، چەواشەکارییە. پاکتاوی نەتەوەیی تەنیا بە سوپایەک لەسەر زەوی کە بەهێز بێت و بتوانێت پاکتاوکەرەکان بشکێنێت، ڕادەوەستێت. ئەگەرنا، سەختترکردنی ڕێگا بۆ پاکتاوکەرانی نەتەوەیی بۆ دەرکردنی دوژمنەکانیان تەنیا بانگهێشتیان دەکات بۆ ئەوەی بەرەو کوژرانی زۆرتر بڕۆن.

بە هەمان شێوە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی واز لە فشارخستنەسەر براوەی شەڕە نەتەوەیییەکان بهێنێت بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی لایەنی بەرامبەر، هەروەها پێویستە واز لە پاڵنانی پەنابەران بهێنێت بۆ گەڕانەوەیان کاتێک ترسیان لە ژیانی خۆیان هەیە. دوای شەڕێکی نەتەوەیی، گەڕاندنەوەی هەر ژمارەیەکی بەرچاو لە پەنابەران بۆ ئەو خاکەی (هەرێمەی) کە لەلایەن گرووپەکەی دیکەوە بەدەستەوەیە، مەترسیی ئەوەی هەیە کە جارێکی دیکە کۆنترۆڵی ئەو هەرێمە نادیار کەوێت، بەم شێوەیەش هەمان دووڕیانێکی ئەمنی دروست دەبێتەوە کە لە سەرەتاوە یارمەتی پەرەپێدانی ململانێکانی داوە(١٠٧).

سەرچاوە: پاییزی ١٩٩٨

لە: ئاسایشی نێودەوڵەتی (بەرگی ٢٣، ژمارە ٢)

بڵاوکەرەوە: گۆڤاری ڕۆژنامەوانیی  MIT

(توێژینەوە بۆ ئەم بابەتە لەلایەن دامەزراوەی ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتیی کراوە.)


[1] . یان کاتێک هەموو ڕێگاکان  شکست دەهێنێت.

( When all else fails: ethnic population transfers and partitions

in the twentieth century).

[2] . وەرگێڕ  لە هەردوو وشەکە، (ئێتنیکی و نەتەوەیی)، بە هۆی جۆری تێگەیشتنی لە بابەتەکە لەسەر بنەمای ئەو نموونانەی کە لە دەقەکەدا هاتووە، جێبەجێ لە جێگای یەکدی کەڵکی وەرگرتووە.

[3] . warring populations

[4] . transfers

[5] . partitions

[6] . “cleanse”

[7] . communal conflicts

[8] . irredentist

[9] . دابەشکردنی ناوچەی هەڵبژاردن بە شێوەیەک کە کەڵکی زۆر بێت بۆ حێزبێک (gerrymandering).

[10] . Londonderry

[11] . Belfast