دەرەشار

سیناریۆ

SYNOPSIS:

دوو کوڕ، هۆمۆسێکسواڵن، یەکدییان خۆش دەوێت، یەکیان موسڵمان و ئەوی دی مەسیحییە. کاتێک بڕیار دەدەن پێکەوە بژین، ئەم دوو کەسە قبووڵ ناکرێن و عەزێت دەدرێن، بەڵام چیرۆکەکە بەردەوامە. 

FADE IN:

١ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، پێش نیوەڕۆ

هەنگاوەکانی ڕۆیشتنی “شوان” بەرەو مزگەوت (هەنگاوی ئاسایی)، پەنجەکانی کاتێک بەدەم ڕێوە زیکر دەکات (هیچ شتێک بۆ زیکرکردنەکە بە کار ناهێنێت، تەنیا پەنجەکانی)، دواتر دەموچاوی (ڕوخسارێکی سادە هیچ حاڵەتێکی دەروونیی پێوە دیار نییە). شوان کوڕێکی باڵامامناوەندی چەناگەتەسکە، لوتی درێژ، برۆی بەرز و چاوی بچووکە. قژێکی کورت، لە پشتەوە بەستوویەتی، ڕیش و سمێڵی نییە.

٢ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، پێش نیوەڕۆ

دیمەنی تێپەڕینی پاسێک، سەرەتا دەستی شۆفێرەکە، مۆبایلەکەی بە ڕادیۆی پاسەکەیەوە پەیوەست دەکات، دەیخاتە سەر گۆرانی (David Bowie-The Jean Genie) وێنەی جووڵاوی گۆرانییەکە لە مۆبایلەکەیەوە پیشان دەدرێت، دواتر دەستەچەپی شۆفێرەکە و سوکانەکە، دواتر لە ئاوێنەکەوە چاوی “ڕۆژ” پیشان دەدرێت، دواتر تایەی پاسەکە. پاسەکە دەوەستێت. دادەبەزێت، دەرگای پشتەوە دەکاتەوە و کتێبەکان ڕێک دەخات. (پاسێکە و کوڕەکەش کتێبفرۆشی گەڕۆکە لەناو زانکۆ)، لەم کاتەدا “شوان” لە دوورەوە وردە وردە نزیک دەبێتەوە، بۆ ساتێک تەماشای “ڕۆژ” دەکات (بە جووڵەی پەنجەکانی دەزانین لە زیکرکردن بەردەوامە) دواتر ڕۆژ، شوان دەبینێت، زەردەخەنەیەک دەکات، دەستی چەپی درێژ دەکات و دەیباتەوە لای چەپی سنگی، “شوان” بە هەمان شێوە بەو دەستەی زیکری دەکرد (لە زیکر دەوەستێت) و دەستی چەپی درێژ دەکات بەرەو “ڕۆژ” و دەیباتەوە لای چەپی سنگی (جۆرێکی تایبەتی سڵاوکردنیانە). کاتێک “شوان” دەڕوات، ڕۆژ کورسییەکی دەستی دەردەهێنێت و دایدەنێت. ڕۆژ کوڕێکی باڵامامناوەندە، لووتی کورتە، چەناگەی تەسک، چاوی گەورە و برۆیەکی ئاسایی، قژی کورت، ڕیشێکی تەنکی هەیە.

٣ـ دەرەوە. مزگەوت ـ ڕۆژ، نیوەڕۆ

شوان دەچێتە بەردەم مزگەوت، نووسراوە بەشی پیاوان. هەنگاوێک دەڕوات و دەکشێتەوە، دوودڵی لە ڕوخساریدا دەبینرێت، دواتر لە جانتاکەی دەستی پەچەیەک دەردەهێنێت و دەیبەستێت لە ڕوخساری و دەڕوات بۆ بەشی ژنان (پێویستە نووسرابێت بەشی ژنان).

دەچێتە ناو حەوشەی مزگەوتەکە، بەرەو تەوالێت دەڕوات، دەبینێت سیفۆنی تەوالێتەکە فلتەری جگەرەی تیایە، ئاوی پیادا دەکات. دواتر، بەردەم بەلووعەیەکی دەستنوێژشتن دادەنیشێت، قۆڵ و قاچی هەڵدەکات (هیچ موویەک بە جەستەیەوە نییە) بەبێ ئەوەی لەچکەکەی لا بدات، دەستنوێژ دەگرێت. (دیمەنەکە تاریک دەبێت).

٤ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، نیوەڕۆ

ڕۆژێکی دیکەیە. هەنگاوەکانی ڕۆیشتنی شوان (هەنگاوی خێرا)، دواتر دەستی دەبینین، هەردوو دەستی دەکێشێت بەیەکدا، دەستی ڕاستی نوقاندووە و دەستی چەپی دەکێشێت بە دەستی ڕاستیدا. دواتر لەسەر شۆستەکە دادەنیشێت، دەستی ڕاستی دەکێشێت بە قاچیدا، لێوی پیشان دەدرێت، دەیگەزێ.

٥ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، نیوەڕۆ

ڕۆژ لە نزیک شۆستەیەک کە پشتەوەی دارە، لە بەردەم کتێبفرۆشییە گەڕۆکەکەی (واتە پشتەوەی پاسەکەی)، لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، کتێب دەخوێنێتەوە. شوان دەردەکەوێت، دێت بۆ لای ڕۆژ، قۆڵی دەگرێت لەسەر کورسییەکەی هەڵی دەستێنێت، بەبێ ئەوەی سەیری کتێبەکە بکات، کتێبەکە لە دەستی ڕۆژ دەردەهێنێت و لەسەر کورسییەکە دایدەنێت. دەچنە ناو کتێبخانەی پاسەکە، دەرگای پشتەوەی پاسەکە دادەخەن. کامێراکە دەچێتە سەر دیمەنی دارێک کە تازە چرۆی کردووە. (وردە وردە تاریک دەبێت)

٦ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، ئێوارە

ڕۆژ، لەسەر کورسییەکە دانیشتووە و قەڵەمێکی ڕەساس و پەڕەی وێنەکێشانی بەدەستەوەیە، سەرقاڵی نەخشاندنی تابلۆیەکە، شوان بە بەردەمیدا تێدەپەڕێت، کەمێک دەوەستێت و لێی ڕادەمێنێت، زەردەخەنەیەک دەکات، دەڕوات. لەو کاتەدا ڕۆژ هەڵدەستێت و دەچێتە سەر شۆستەکە، سەرەتا سەیری ڕۆشتنی شوان دەکات و دواتر سەیری پەڕەکەی دەستی دەکات، دواتر لەم دیمەنەدا ڕۆژ پشتەوەی دیارە، لە بەردەمیدا و لە دوورەوە ڕۆیشتنی شوان، دواتر ڕوخساری ڕۆژ دەبینین قەلەق و نائومێد، دەگەڕێتەوە و قەڵەمەکەی لێ دەکەوێت، دواتر هەڵی دەگرێتەوە، کاتی چەمینەوەی، ملوانکەکەی ملی دەردەکەوێت، (لە کاتی دەرکەوتنی ملوانکەکە بە خێرایی کە بینەریش بە ئاستەم بزانێت ملوانکەکە چییە (ملوانکەی مەسیحییەت)، بیخاتەوە ژێر تیشێرت یان کراسەکەی).

٧ـ دەرەوە. ڕێگە ـ ڕۆژ

هەنگاوەکانی ڕۆیشتنی ڕۆژ بەرەو کڵێسا (هەنگاوی ئاسایی)، کاتێک دەگاتە بەردەم کەنیسە، پێش چوونەژوورەوەی، سەیرێکی لای ڕاست و لای چەپی خۆی دەکات، دواتر بە پەلە دەچێتە ژوورەوە. (دیمەنی کۆترێک پیشان دەدرێت کە مردار بووەتەوە.)

٨ـ دەرەوە. ناو زانکۆ ـ ڕۆژ، نیوەڕۆ

ڕۆژ خەریکی وێنەکێشانە، لە دوورەوە کچێک شپرزە بە ڕاکردن دێت و نزیک دەبێتەوە، لە بەردەم کتێبفرۆشییەکەدا دەوەستێت (دەنگی هەناسەتەنگیی کاتی ڕاکردن) سەیری ڕۆژ دەکات، ڕۆژیش بە هەمان شێوە سەیری دەکات (ڕوخساریان پیشان بدرێت). دواتر کچەکە ڕادەکات. ڕۆژ لە وێنەکێشانەکەی بەردەوام دەبێت. (کەشەکە ئاسایییە وەک سەرەتای وێنەکێشانەکەی). 

دواتر ڕۆژ وێنە و قەڵەمەکەی دادەنێت و کتێبێکی دەخاتە سەر (کتێبی CORYDON-Andre Gide) شوان لە دوورەوە دیارە کاتێک بەرەو لای ڕۆژ دێت، ڕۆژ ئەو نابینێت و دەڕوات. ڕوخساری شوان پیشان دەدرێت، بە خەندەیەکی کەمەوە. دێتە لای کتێبخانە گەڕۆکەکە و سەیری وێنە کێشراوەکە دەکات (وێنەکە دەستی خودا و مەسیحە)، لە ڕوخساریدا نیشانەی پرسیار بە دی دەکرێت، دواتر ڕۆژ لە ڕۆیشتن بەردەوامە و شوانە سەیری دەکات و دوای دەکەوێت. هەنگاوەکانی ڕۆژ پیشان دەدرێت دواتر هەنگاوەکانی شوان. 

ڕۆژ لە بەردەم کەنیسەکە دەوەستێت، شوانیش دەوەستێت (مەودایەکیان لەنێواندا هەیە)، شوان لە لای ڕاستی ڕۆژەوەیە، ڕۆژ یەکەم جار سەیری لای چەپ دەکات، لەم کاتەدا شوان خۆی دەشارێتەوە، دواتر ڕۆژ سەیری لای ڕاست دەکات، دواتر دەڕواتە ناو کەنیسەوە. شوان کە هێشتا نازانێت کوێیە بە ڕوخسارێکی ئاسایییەوە نزیک دەبێتەوە لە کەنیسەکە، کاتێک دەزانێت ئێرە کەنیسەیە و ڕۆژ چووەتە ئەوێ، ڕوخساری پیشان دەدرێت، دەتاسێت، چاوی ئەبڵەق دەبێت، دواتر برۆی بە یەکدا دەدات، یەک هەنگاو دەکشێتەوە و ئاوڕ دەداتەوە، بە هەمان قەلەقییەوە سەیرێکی کەنیسەکە دەکاتەوە و دواتر سەر دادەنەوێنێت و چاو دادەخات، لەم چرکەساتەدا چارەنووسی دەبینێت، خۆی و ڕۆژ بە خاچێکەوە دەبینێت، (دیمەنەکە وەک پاشڕوان، پیشان دەدرێت و لادەچێتەوە چەند جارێک، بۆ ئەوەی ئەو مەلەلە بۆ بینەر دروست بکات). شوان دەڕوات دەستەکانی وەک نیشانەی قەلەقی بە یەکدا دەکێشێت.

٩ـ دەرەوە. بەردەم کەنیسە ـ ڕۆژ، نیوەڕۆ

(ڕۆژێکی دیکەیە) شوان لە بەردەم کەنیسە وەستاوە، دەیەوێت دەرگاکە بکاتەوە و نایکاتەوە. چاوەڕێی ڕۆژ دەکات، ڕۆژ دەردەکەوێت نزیکتر دەبێتەوە و کاتێک شوان دەبینێت دەوەستێت (نیشانەی پرسیار لە ڕوخساریدا بەدی دەکرێت)، شوان لێی نزیک دەبێتەوە و دەستی بۆ ڕادەکێشێت، دەموچاوی ڕۆژ پیشان دەدرێت، سەری دەجووڵێنێت بە نیشانەی ناڕازیبوون، دواتر شوان پیشان دەدرێت سەری دەجووڵێنێت بە نیشانەی ڕازیبوون. ڕۆژیش دەستی درێژ دەکات، وەک وێنە کێشراوەکە دەستیان نزیک دەکەنەوە و دواتر هەردووک دەستی یەکتر دەگرن. دیمەنی دەستی هەردووکیان پیشاندەدرێت. (وردە وردە شاشە تاریک دەبێت.)

١٠ـ دەرەوە. ڕێگە ـ شەو

شوان لە ڕێگەیە، سەرەتا هەنگاوەکانی پیشان دەدرێت، هەنگاوی بەپەلە و خێرا هەندێ جار ڕادەکات، دواتر کامێرا دەچێتە سەرتر، جلەکانی تێک چوون، بە دەستێکی مۆبایلی پێیە، سەرشانەکانی دڕاون، دواتر ڕوخساری، شینبوونەوە و و برین و خوێن، ملی سوور بووەتەوە وەک نیشانەی خنکاندن. چاوەکانی سوور بوونەتەوە و تووڕەییی پێوە دیارە، جانتایەک لە شانیەتی، بە ڕێگەوە سەیری جانتاکەی دەکات و بەرماڵێکی تێدا دەردەهێنێت و فڕێی دەدات (ڕوخسارێکی تووڕە). بەرەو ئەپارتمانەکە دەڕوات.

١١ـ ناوەوە. ئەپارتمان ـ شەو

ڕۆژ لەناو ئەپارتمانێک کەوتووە، خوێن بە جەستەوەیەتی، لە دەستێکیدا مۆبایلی پێیە. دەستەکەی دیکەی بە ئەستەم و هێواش هێواش بەرەو ملی دەبات، ملوانکەی مەسیحی لە ملدایە، دوای چەند جارێک لە هەوڵدان، دەیپچڕێنێت. 

دواتر دیمەنی خەڵک (حەشامات) پیشان دەدرێت کاتێک پێدەکەنن و سووکایەتییان پێ دەکەن، دواتر ڕۆژ لە ئەپارتمانەکە و دەموچاوە توڕەکەی شوان، دواتر دیسان خەڵکی… ئەمە چەند جارێک.

شاشەکە تاریک دەبێت و هەر بەو تاریکییە، شیعرێکی فاروق ڕەفیق:

OFF SCRREN

“دۆزەخمان دی

کاتێک لە دۆزەخ ورد بووینەوە

لە هەوراز و نشێو و بیابان و تاشەبەردەکانی ڕاماین

وڵاتەکەی خۆمان دی

خەڵکەکەیمان ناسییەوە

ڕوخساری درەوشاوەی جەلادەکانیمان ناسییەوە

قامچیی سەرکردەکانیمان ناسییەوە

هاوڕێکانی خۆمان ناسییەوە

جا چیمان نەدی؟!

لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا

قابیلمان دی هابیلی بە کۆڵەوە بوو

ناوچەوانی موبارەکیمان ماچ کرد”.

١٢ـ دەرەوە. ڕێگە ـ ڕۆژ

هەنگاوەکانی ڕۆیشتن (ئاسایی). دواتر دەستی کچێک کاتێک زیکر دەکات. هەنگاوەکانی ڕۆیشتنی کوڕێک (ئاسایی) کاتێک لە کەنیسە دێتە دەرەوە. یەکتر دەبینن، دەوەستن، بزەیەک دەکەن، کچەکە دەست بۆ دەستی کوڕەکە درێژ دەکات، دواتر کوڕەکە سەری بە نیشانەی ڕازیبوون ڕادەوەشێنێت و دەستی بۆ درێژ دەکات… ((دوو ئەکتەری دیکەن (کچەکە هەمان ئەو کچەیە کە لە دیمەنی ٨ دەردەکەوێت، لێرەشدا هەمان جلی لەبەردایە)، کچێکی موسڵمان و کوڕێکی مەسیحی (لێرەدا مەقامێکی ناسڕی ڕەزازی کە شیعری (گۆڕستانی چراکان)ـی شێرکۆ بێکەسی وتووەتەوە، گونجاوە لە باکگراوەندی ئەم دیمەنەدا پلەی بکرێت (OFF SCREEN) )).

FADE OUT