ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان

تەنیا لەم سەد ساڵەی ڕابردوو و لە بواری گەردوونناسیی فیزیایی (Physical cosmology)دا کۆمەڵێک تیۆریی جیاواز بۆ ئەوە دامەزراون، تا لێی بکۆڵنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندان بەڵگەی زانستییان بە دەستەوە داون، بەڵام هێشتا کەموکورتییان هەیە و نایشکرێت نەیانبێت، مادام گەردوون هەم ئاڵۆزە و هەم مەتەڵئامێز.

گەردوونی بینراو بەشێکی گەردوونە، نەوەک هەمووی. گەردوونی نەبینراو (Invisible Universe) ڕووبەرەکەی زیاترە، بگرە بێسنوورە. گەردوون ماددە (مەتێریەڵ) و وزە دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان تەمەنی (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە و لە کشانی بەردەوامیشدایە. ئەم کشانە پێوەندیی بە سروشت و شێوەیەوە هەیە، کە کێشکردن (Gravity) و وزەی تاریک (dark energy) هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن ئەو هێزەیە، ماددە ڕادەکێشێت و دەیەوێت کشانی گەردوون خاو بکاتەوە، لە کاتێکدا وزەی تاریک بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات ئەو کشانە درێژەی هەبێت.

تیۆریی دۆخی چەسپاو (steady state theory)، کە لە ساڵی (1948)دا دەرکەوتووە، پێی وایە گەردوون وەک چۆن بێسەرەتایە، ئاوا بێکۆتاییشە، بەو مانایەی نە لە ڕووی کاتەوە سنووری هەیە و نە لە ڕووی شوێنیشەوە. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ماددە بەردەوام لە گەردووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی (1964)دا ڕووداوێک ئەم تیۆرییە دەهەژێنێت، کاتێ شەپۆلێکی کارۆمۆگناتیسی (Electromagnetic radiation) لە قووڵاییی گەردوونەوە دێت و وا لێک دەدرێتەوە، کە پاشماوەی لەدایکبوونیەتی. بۆ میلیاردان ساڵ دەگەڕێتەوە و بە تیشکی پاشخانی گەردوونی (cosmic background radiation) ناوی دەبەن. دواتریش بە تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) دەناسرێت. ڕاستییەکەی پێشتر (جۆرج لۆمتەر) لە ساڵی (1927)دا ڕایگەیاندبوو. لەمەوە گوترا گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکوو لە کۆندا، دروستتر (3.7) میلیارد ساڵ لەمەوبەر لە خاڵێکی کاڵەوە، وەک ئەوەی هیی نووکی قەڵەمی ڕەساس بووبێت، دەستی پێ کردووە. چووەتە دۆخێکی زۆر گەرمەوە و تەقیوەتەوە، بەو مانایەی لەوێدا پاڵەپەستۆ بێکۆتا بووە و بارستاییش لە سفر نزیک کەوتووەتەوە، تا ئەم تەقینەوەیە ڕووی داوە و گەردوونی لێ هاتووەتە بەرهەم. لەو ساتەوە دەستی بە کشان کردووە. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت ئەمسەر و ئەوسەری، کە لە شێوەی چەترێکی کراوەدا خۆی دەردەخات، بریتی بێت لە (92) میلیارد ساڵی ڕووناکی. واتە نیوەتیرەی ئەو فرەوانبوونە (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە.

تیۆریی گەردوونی کوانتیکی (Quantic universe) پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەم دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم (quantum void). بەپێی یاسای کوانتۆم (quantum law) دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. بۆ نموونە پشیلەیەک دەتوانێت لە یەک ساتدا هەم مردوو بێت و هەم زیندوو، بگرە کەسێک لە سەندووقێکدا بیبینێت. بە پشیلەی شرۆیدینگەر (Schrödinger’s cat) ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئەگەر بیخەیتە سەندووقێکەوە و سەری دابخەیت، ئەوە وەک ئەزموونێکی هزری (thought experiment) لەم ساتەوە تا دەیکەیتەوە، نازانیت، ئاخۆ هێشتا دەژی، یان مردووە. بەم شێوەیە ئەو لە هەردوو دۆخەکەدایە. عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. لێرەدا ماددە و دژەماددە دەردەکەون. دووەمیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکەمیان دەچێت، تەنیا جیاوازیی ئەوەیە، بارگەی ئەلیکترۆنی (electric charge)ی هەیە. ئەوەیش بە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکە دادەنرێت، کە وەک گوترا ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە گەردوون لە خاڵێکی وردی کاڵەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام گەرمایییەکەی سنووری نەناسیوە، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی هەموو شتەکان، بە کات و شوێنیشەوە. بەم شێوەیە گەردوون لە فرەوانبوونی بەردەوامدایە، کە دووریی ئەستێرە، هەسارە و گەلەگسییەکان بە جۆرێکی ڕێک دەهێڵێتەوە.

ئەمجارە تیۆریی یەکبەدواییەکی گەردوون (The cyclic universe theory)مان هەیە، کە پێی وایە ئەم گەردوونە یەکێکە لە بێژمار گەردوونەکان. هەم لە پێشیەوە هیی دیکە هەیە و هەم لە دوایەوە هیی تر دێت. واتە لە هەر تەقینەوەیەکدا گەردوونێکی دی پەیدا دەبێت، کە خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی. لە ناو دەچێت و دانەیەکی دی لە ڕێی تەقینەوەیەکی ترەوە شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت هەر گەردوونێک بەپێی ئەو خولە بێپسانەوەیەی لە کشان و ساردبوونەوە (expansion and cooling)دا، بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە تێکشکانی مەزن، یان پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت.

وەک گوترا ئەوانە تیۆرین و لە کەموکورتی بە دەر نین. زانینی ئێستای مرۆڤ لە سنووری گەردوونی بینراودایە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدات زیاتر بدۆزێتەوە. واتە هەمیشە ڕووی لە نەزانراوە.

ئەوەی من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، ئەلفبێی ئەو تیۆرییانەیە، دەنا بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە. بەو مەبەستە ئەو کورتەیەم لەو بارەیەوە نووسیوە، تا لەم ڕووەوە وێنەیەکی گشتی بخەمە بەر چاو. نایشکرێت وەک سەرچاوەی زانستی لێی بڕوانرێت، ئەگەرچی هەوڵم داوە زانیارییەکان بە دروستی بخەمە ڕوو. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی لێکدانەوەی گەردوونە. خاڵی هاوبەشی تیۆرییەکان، ئەوەیە، کە گەردوون ئاڵۆزە، سەرەتایەکی ڕوونی نییە، ناکرێت ڕاڤەکان لە خاڵێکدا بوەستن و ئەنجامێکی دیاریکراو بە دەستەوە بدەن.

ناتوانین بڵێین لێکدانەوەی گەردوون تەنیا تایبەتە بە زانایان، بەڵکوو هیی هەر کەسێکە، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئایا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین؟ بەڵێ، مادام ئەو ڕاڤەیە تایبەتە بە خۆمان و بەسەر ئەوانی دیکەیدا ناسەپێنین.

ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە.

لێکدانەوەی دەقی ڕۆمانیش تایبەت نییە بە کەسانێکی دیاریکراو، بەڵکوو هیی هەر خوێنەرێکە بەری دەکەوێت، تەنانەت ئەو خوێنەرە گریمانەیییەی ڕۆماننووسیش، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆماننووسەکەیە. ئەگەر زانست لە ڕێی پێوەرە پۆڵایین و سەختەکانیەوە لێکدانەوەی گەردوون تەنیا بە هیی کەسانی پسپۆڕ دەزانێت، ئەوە ڕۆمان بەوەدا نە پێوەری هەیە و نە یاسای دیاریکراو، ڕێی هەر خوێنەرێک دەدات بە شێوازی خۆی بیخوێنێتەوە و لێکی بداتەوە. ئەو خوێنەرە دەتوانێت خوێندنەوە تایبەتەکەی ئاڕاستەی گەردوونیش بکات و بەو شێوەیەی ببینێت، کە لەگەڵ بۆچوونیدا ڕێک دەکەوێت. کاتێک زانست ناکەینە پێوەر، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی چەوت، مادام وەک گوترا نیازمان نییە ئەو ئەنجامەمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین.

چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.

ئەو ڕۆمانەی ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت، هاوکات لۆجیکی تایبەتی خۆیشی دەخاتە ڕوو، کە ڕێ نادات بە لۆجیکی زانراو بخوێنرێتەوە، بگرە هەر خوێندنەوەیەک لە ئاستیدا کورت دەهێنێت، ئەگەر بیەوێت بۆ ئاستی زانراوی بگەڕێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕۆمان کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە واقیعێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا دەریدەخاتەوە. ناکرێت بۆ ئەو واقیعەی بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا خودی واقیعەکە تێپەڕێنراوە و نەماوە. ڕۆمانی داهێنەرانە بەرگەی هێرشی ئەو خوێندنەوانە دەگرێت، کە واقیعی زانراویان کردووەتە پێوەر و دەیانەوێت لەوێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە ئەو خوێندنەوانە زمانی ڕۆژانەیان تێدا بەرجەستەیە و خۆیان لە ئاستی زمانێکدا دەبیننەوە، کە چووەتە دۆخی ئاماژەوە و کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاستی میلـلی دەکەوێتە بەرانبەر ئاستی فەلسەفییەوە، کە دووەمیان نەدەهاتە کایەوە، ئەگەر یەکەمیانی تێک نەشکاندایە. ئەو ئاڕاستانەیش وایان کردووە دەقەکە کورت نەکرێتەوە، تا لە شێوەی ڕۆمانی ئاساییدا بخرێتە دۆخی ئایکۆنەوە و ماناکانی لە چەند دێڕێکدا پێشان بدرێن. ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە گەردوونییانەی هەیەتی، لە بینراو و نەبینراو پێک دێت، کە تەنیا توێژینەوەی بارگاوی بە فکری ڕەخنەیی دەتوانێت هەوڵی ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی بدات، بێ ئەوەی بە خاڵێکی دیاریکراو بگات و ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. ڕۆمانی جەماوەری بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا ماوەتەوە، دەکرێت بە هەمان زمانی ڕۆژانە بخوێنرێتەوە، تا بگوترێت کوێی باشە و کوێی خراپ، وەک ئەوەی لە ڕەخنەی میلـلیدا هەیە، چونکێ لە یەک ئاڕاستە، یان لە یەک چیرۆکی زەبەلاحی ڕوون پێک هاتووە و بە ئاسانی کورت دەکرێتەوە، بگرە وەک تەنێکی فیزیکی لێی دەڕوانرێت، بەوەی تەنیا بریتییە لەوەی وا لەسەر کاغەزدا فۆرمی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانی فرەدەنگ بێژمار چیرۆکی ورد و دیمەن لە خۆی دەگرێت. ئاستی جەماوەری تێپەڕاندووە و توانای هەیە خوێنەری جیاواز بدوێنێت، کە لێرەدا هۆشیاریی نووسەر و خوێنەر بەر یەک دەکەون. لەو بەریەککەوتنەدا وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم دێن، تا بەردەوام یەکتر نوێ بکەنەوە. گوترا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین، بە مەرجێ ئەو ئەنجامەمان تایبەت بێت بە خۆمان و بەسەر ئەوانەی دیکەیدا نەسەپێنین، کە ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروستە. بەگشتی خوێندنەوەکان لە هەر ئاستێکدا بن، جووڵەن و بایەخیان هەیە، مادام لە بۆشاییی گەردوونی ڕۆمانی فرەدەنگ و فرەئاڕاستەدا شوێنیان دەبێتەوە. هەر ڕاڤەیەک دەیانی دیکەی جیاوازی لێ دەکەونەوە و ئەوانە ململانێ دێننە گۆڕێ. هێزی نووسین دەتوانێت درێژە بەو ململانێیە بدات، کە ڕۆمانی ئەمڕۆ بەرهەمی ململانێکانی ڕابردووە. شێوازەکانی نووسینیشی هەر ئەو پرۆسێسە هێناونی. من خۆم ئەو ئاڕاستانەی هێز بەو پرۆسێسە دەدەن، بە گرنگ دەزانم، هەتا ئەگەر لە دژیان بوەستم و بە ڕەخنەیش ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەبێ بوونی ئاڕاستەی جیاواز، ململانێ نایەتە کایەوە، تا بکەوێتە گەڕ و لەو بەردەوامییەیدا هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتی کاتێ ململانێکە فۆکەسی لەسەر پێکهاتەی دەقە، نەوەک لەسەر ژیاننامەی نووسەر. بە مانایەکی دی، چەمکەکان لێک دەداتەوە و ئاڕاستەی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە، نەوەک باز بەسەر ئەوانەدا هەڵبدات و ڕوو لە نیازی نووسەر بکات. هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی دەق و تەنیا لەوێدا دەتوانین ئاڕاستەی نوێ بهێنین. کاتێ ڕوومان لە نووسەرە، ئەوە پەنامان بۆ پێوەری ڕەوشت بردووە، تا بەوە هەڵیبسەنگێنین، ئاخۆ باشە، یان خراپ. پرۆسێسێکی ئاسانە و ناتوانێت هیچ شتێکی نوێ بە دەستەوە بدات، بگرە دوور و نزیک پێوەندیی بە دەقەوە نییە. بۆ نموونە من دێم و بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانێت پێی بنووسێت، دەنووسم (داوەزی داهۆز) نووسەرێکی تووڕەیە، بۆشە، ساختەیە، خەیاڵی لە کار کەوتووە، توانای داڕشتنی چوار ڕستەی سادەی نییە و هیی دیکەی لەم بابەتە، هاوکات و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بە (ماوەزی ماهۆز)دا هەڵدەڵێم، گۆیە داهێنەرە، خەیاڵی گەورەیە، قووڵە و وشەگەلی دیکەی لەم چەشنە. بۆ هەردووکیان بێژمار شایەت دەهێنمەوە و لەشکرێک پێک دەهێنم، بەڵام ئایا لەبارەی چەمکەوە قسەم کردووە؟ نموونەم لێ هێناونەتەوە؟ یەکێکیانم لێک داوەتەوە؟ ئایا لەو گوتانەمەدا وزەیەک بەرهەم دێت؟ ئەرێ ئەوە لە دەست هەر کەسێکی دیکەیش نایەت؟ ئایا ناتوانم بە هەمان مێتۆد تێکڕای داهێنەرانی گێتی بسڕمەوە و بە دەیان نووسەری سادەنووسیشدا هەڵبدەم، مادام خۆم لەوە دوور دەگرم یەک نموونە لە بەرهەمیان بهێنمەوە و لێکی بدەمەوە؟ تا ئەو کاتەی لەسەر چەمکەکان ناوەستین و ئاستی دیکەیان تێدا نادۆزینەوە، ئەوە لە ئاستی زانراودا ماوینەتەوە و شتێکی نوێمان بە دەستەوە نەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم مامەڵەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینەدا دەکەم و کردوویشمە. نایسڕمەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو چەمکانەوە، کە تێیدا فڕێ دراون، نەوەک کاریان پێ کراوە، دایەلۆگ دادەمەزرێنم، بەو مانایەی هەڵیاندەگرمەوە و ئاستی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە، کە ئەوە وام لێ دەکات دایەلۆگەکە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک سەرچاوەی فکری، فەلسەفی و هونەریدا ببەم. ئایا ئەوانە بۆ من گرنگن؟ بەڵێ، مادام دەرفەتم پێ دەدەن بە تێگەیشتن و شێوازی خۆم ڕووبەڕوویان ببمەوە. هەمیشە گوتوومە بە بایەخەوە لەو دەنگانەی دەرەوەم دەڕوانم. هیی ناو گەردوونی ئێمەن و ناتوانین نکووڵی لە بوونیان بکەین، بگرە ڕەسەنن و ڕاستگۆیانە توانای ئەمڕۆی کولتوورمان دەردەبڕن. ئەوانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و زەمینە بۆ تێپەڕاندن دەهێننە گۆڕێ. ئەم جووڵەیە بۆ ئەو ململانێیە پێویستە، هەتا ئەگەر ئەوان خۆیشیان وا لێی نەڕوانن. لەم ڕووەوە چەند نووسینێکم هەن، کە بریتین لە لێکدانەوەی چەمکەکان، بێ ئەوەی بە ئاماژەیش بە لای ژیانی نووسەراندا چووبێتم. نەمشاردووەتەوە ئەوان تێیاندا بەشدارن و بەبێ بوونی ئەوان لە دایک نەدەبوون. لێرەوەیە من بە ڕقەوە لێیان ناڕوانم و ململانێکە لەوە دوور دەخەمەوە، کە پێوەندیی بە کەسێتیمانەوە هەبێت، بگرە دەیانخەمە سەرووی ئەوانەی ئەم جووڵەیە ناهێنن. کاتێ ڕۆمان وەک گەردوونی نەبینراو دەبینین، لەوە دەگەین، کە نەک هەر بەرگەی هێزی ململانێ دەگرێت، بەڵکوو وزەی ئەو ململانێیەیش تێکەڵی وزەی خۆی دەکات. ساتێ لە دەق دوور دەکەوینەوە و یەخەی نووسەر دەگرین، وەک ئەوە وایە نرخ بۆ دەق دانەنێین و ئەوە بدەینە دواوە، کە دەق خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بواری ئەوەمان دەدات وزەی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، بگرە ددانمان بەوەدا ناوە، کە خاوەنی ئەو وزەیە نین، تا بەر هێزی دەقی دابدەین. دەق گەردوونمانە و هەموومان لە خۆی دەگرێت، تا تێیدا هێز بخەینە بەر ئەو ململانێیەوە. تەنیا لە ململانێدا هێزی خۆمان دەبینین و دەزانین چیی دیکەمان بۆ ئەو بەردەوامییە پێویستە.

ئەوەی لەبارەی ڕۆمانەوە گوترا، بۆ هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبیش دروستە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە. ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت. ئەدەب پێی دەکرێت خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت. باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

لە پێشەوە گوترا عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی لە دۆخی زانراو دوور دەکەوێتەوە، تا هەمان ئەو گۆڕانکارییە بەرپا بکات، کە عەدەمی کوانتۆم بەرپای کردووە. بە مانایەکی دی، داهێنانی ڕۆمان پێوەستە بە مەودای جودابوونەوەی لە تێگەیشتنی باو، کە لەمەوە دنیای تایبەتی خۆی لە ڕێی پێوەندیی دایەلێکتیکییانەی نێوان وزە و ماددەوە دروست دەکات. هەر ماددە نا، بەڵکوو دژەماددەیش، کە ڕاستییەکەی ئەوەیان کاریگەرییە مەزنەکە دێنێتە گۆڕێ، بەوەی خاوەنی بارگەی ئەلیکترۆنییە. ئەو کارلێکە بەردەوام دەبێت و لە خاڵێکدا ناوەستێت. دەکرێت بگوترێت ڕۆمان بە هێزی ناوەوەی خۆی گەردوونێکی تایبەت بەرهەم دێنێت، کە بۆ ئەوەی بتوانین لێکی بدەینەوە، پێویستمان تەنیا بە هێزی ناوەوەی خۆمانە. دەگەینە ئەوەی بڵێین خوێنەری ڕۆمانی فرەدەنگ، کە متمانەی لەسەر وزە و ماددەی ناوەوەیەتی، توانای تەقینەوە مەزنەکەی هەیە.

بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت

گوتمان تیۆریی گەردوونی کوانتیکی پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەمەوە دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم. بەپێی یاسای کوانتۆم دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. ئەگەر لێرەدا (ڕۆمانی فرەدەنگ) بخەینە شوێنی (گەردوون)ـەوە، ئەوسا ڕێ بە خۆمان دەدەین بڵێین ڕۆمان توانای هەیە لە عەدەمێکی کوانتۆم هەموو ڕەگەزەکانی خۆی لە کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، بابەت و ئەوانەی دیکەیش دروست بکات. بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت، کە وەک بینیمان ئەم کۆتایییە ڕێخۆشکەری تەقینەوەیەکی تری مەزن و دەستپێکێکی نوێیە. بە مانایەکی دی، ئەو دوو تەقینەوەیە بزوێنەری دەقن و دەتوانن ڕۆمانی فرەدەنگ لە هیی جەماوەری، یان لە هیی میلـلی جودا بکەنەوە. ئەوە ڕێمان لێ دەگرێت لە دەرەوە خاڵ بۆ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دابنێین، مادام ڕۆمان تەنیا بەپێی یاسا و لۆجیکەکانی ناوەوەی کار دەکات. لێرەوەیە پێوەر و یاسای واقیعی زانراو نە بۆ نووسینی ڕۆمان لە بەرچاو دەگیرێن و نە بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانیش. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت هەم ڕۆمان و هەم خوێندنەوە بە شێوازی خۆیان تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بەرپا بکەن، تا بوارێک بۆ حوکمی ڕەها نەمێنێتەوە. هەر کاتێ زمانی نووسین چ لە دەقی ڕۆمان و چ لەو گوتارانەی لە بارەیەوە دەنووسرێن، هەمان ئاستی زمانی ڕۆژانەیە و بە ئاسانی لێی تێدەگەین، ئەوە مانای وایە لە تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بێبەشە. لێرەدا جیاوازیی نێوان ئاستی میلـلی و ئاستی فەلسەفی دەردەکەوێت.