زەوی لە دڵی مندا ئازار دەچێنێت

لە دووکەڵی جەنگی ژیان

درەختێکی هەناسەسوارم

بە خیسەی دڵ و بۆڵەبۆڵی سییەکان

زیاتر لە داهاتوو دەترسێم


ئازار دەخۆم و ڕابردوو بە گارەگار دەپەیڤێت:

بەختەوەری کۆترێکی کەوی بوو،

لە نەمامگەی ئەڤیندا سەمای دەکرد

کوژرا.

ڕۆژگاری سەختی کرێکاری سێبووریی برد

کردمی بە ژوورێکی بێپەنجەرە!


بە نەریتە ساختەکان

ڕۆح شی بووەوە

دڵۆپ دڵۆپ ڕژایە نێو زێرابەکان،

ژیان ئەندێشە و

جەستەی مژی.


باڵغبوون لە دەرگای ڕابردووم دەدات

کە دەمویست تابلۆی چێژ بکێشم

درزی دیوارەکان نەیانهێشت

کە بەیانیێک،

کێلوونی دەرکەی باغم کردەوە

کەوتمە دڕکەڵانی دڕندانەی گەورەبوون!

ئێوارەیێک ویستم

لەگەڵ پەپوولەکان ئاشت ببمەوە

دەنگ پڕ بوو لە تاسە

ژاوەژاوی لێ هەڵستا!

شەوانی بێئۆقرە

داهاتووم دەبینی

نەمامگەکان وشک دەبوون،

چاو پڕ بوو لە تەم

ئاشووبی لێ تکا!

٭٭٭

ساختەیە مۆدێرنەیەی ئێرە

ناخی ڕەسەن فڕی

لەناو ئامێرێک بە ئەهریمەن دۆزرایەوە

ڕۆح بووە

پەپوولەی بێگوڵ و

کاروانی بێسەفەر و

زستانی بێزوقم و

نیگاری دوای سووتان.


لە دڵی زەویدا

دەمویست مل لە گوڵەکان بئاڵێنم

دەست و لێو و بۆن

وشک بوون لە بێباغی

دەمویست و دەمویست

دەتکام دەتکام و ڕژام


ئازار و برینی شەڕ و داوی نەهاتن، ڕێگەکان منیان بڕی

پێکەنینەکانم لە بێتەبیعەتیی ژیان وشک بوون،

خەیاڵ شێلوو بوو بە خەونە بەتاڵەکانی منداڵی

 ژیان ترسی هێناوە (بوون).


دڕکەکانی زەوی گەمەیەکی سەیرن

تەممووزم بە ئاشق و شوبات بە نەخۆشی

پاشەڕۆژ بە حەسرتی ڕابردوو بریندارت دەکەن،

پێیەکمان لە ڕێی ڕۆشتن و

پێیەکمان لە ڕێی گەڕانەوەدان،

سەراوژێرن   

         فکرەکان

               مانگەکان

        نەریتەکان

               شۆڕشەکان

٭٭٭

لە دڵی نەمامگەی زەوی

گەورە بووم و نەمزانیبوو

دژەسڵاو ماڵاوایییە

جەنگی چارەنووس بێهودەیییە

مرۆڤ بە شەڕ کۆتاییی دێت


بە خوێنی ژیاندا زانیم

ئادەم چاکەیەکی شەیتان بوو

ئاشووبی بەردەوامی دروست کرد

تاریکیی خەستتر کرد

خەونەکانمی ناشرین کرد.


گومڕا بووم بە جیهانی مرۆڤ

ئەم جیهانەی

شاڵاوی نەگریسانەی

زمان و

      هۆش و

              جەستەیە

کە کۆمەڵێک شریتی یادگاریی دڕندەیین و

ئازارم دەدەن 

                 شێت و

وشکم دەکەن


نەمامگەی زەوی گەڵازەردە

جەستەیێکی پڕ دڕک و تەنگەنەفەسە

هەمیشە

بە هێڵی نەخشەی جوگرافیاکان و

تەوری شەڕی سەردەمەکان

ئاوازی ڕەش دەچڕێت

هەمیشە

زەوی کێڵگەیێک بووە لە غەم و

لە دڵی مندا ئازاری چاندووە

بۆ هەمیشە

زەوی لە دڵی مندا ئازار دەچێنێت…

fog

سەرنجێک بنوسن