کچی ڤیترۆڤیسی
چاوی بڕییه چه‌ن تاڵه‌قژێکی سپی و له‌به‌ر خۆیەوە وتی: «ئه‌مه ئیتر که‌ی سپی بووه؟» میسواکەکەی له ناو ده‌می هێشته‌وه و ڕوومه‌تی له ئاوێنه‌ی ئاوده‌سه‌که نزیک کرده‌وه که وردتر چرچه‌کانی گۆشه‌ی چاوی ببینێ. دوکتۆری پسپۆڕی پێست پێی وتبوو کە ده‌با زووتر کرێمی ده‌وری چاوی به کار هێنابا، ئێستا ئیتر به کرێم چاری نایه‌ت. چاوه‌کانی کرژ کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چرچه‌کان وەک خانم دوکتۆر وتەنی ببنە پەنجەی قاڵاو تا باشتر بیانبینێ، ده‌نگی پێکه‌نین پەنجەکانی قاڵاوی لێک پژاند… لای کرده‌وه به‌ره‌و دیواری پشتی سەری، ده‌نگه‌که نه‌ما… ئاوێکی ڕادا به ده‌میدا و میسواکه‌که‌ی نایه‌وه نێو پەرداخە سیرامیکییە لێوپەڕیوەکەی بەردەم ئاوێنەکە. پەرداخێک کە جارێک لە سەفەرێکی شاخەوانی بە هەڵە لەنێو جانتاکەی ئەو کەوتبوو و دواتر دەرکەوت هیی کچەتارانییەکی نەشمیلانەیە کە وتبووی نایهەوێ و پێشکەشی شیلانی کردبوو… دواتر کە نەشمیلانە خانمی خاوەن‌پەرداخ بەختیاری لە چنگ دەرهێنا، زانی کە ئەوەندەیش وا ئەم بیری کردبوویەوە بەخشندە و دەسئاوەڵا نەبوو. ده‌ستی برد خاولییه سپییه‌که‌ی هه‌ڵواسراو له لای ئاوێنه‌که هه‌ڵگرێ ترپه‌یه‌ک هات، خاولییه‌که‌ی خسته سه‌ر ڕوومه‌تی و چه‌ناکه‌ی به‌ره‌و میچی ئاود‌ه‌س ڕاکێشا، وه‌ک ئه‌وه‌ی ماسکێکی ڕوومه‌تی به ئارامی له‌سه‌ر پێستی دانابێ، ده‌نگی قاقا به‌رز بوویه‌وه. خاولییه‌کەی لابرد، کوڵکی سپیی خاولییه‌که به‌سه‌ر ڕووومه‌تی وه‌ک توێژاڵێکی ناسکی به‌فر مابوویه‌وه، به زه‌بروزه‌نگه‌وه خاولییه‌که‌ی له ئاڵقه پلاستیکییه‌که‌ی پاڵی ئاوێنه‌که هه‌ڵواسی، گڵۆپه‌که‌ی کوژانده‌وه و هاته ده‌ره‌وه. چاوی له کاتژمێری سه‌ر دیواری هاڵه‌که‌ی کرد، چاره‌کێکی مابوو بۆ دوازده.
له که‌وانتری ئاشپه‌زخانه دوو ده‌فری بچووکی فافۆن و پلاستیکی ده‌رهێنا، برنج و مریشکی سوورکراوی کرده نێو ده‌فره فافۆنه‌کەوە، پڕ پڕی کرد. ماوه‌یه‌ک بوو کوڕە‌کوردێک ببوو به هاوکاری و جاروبار پێکه‌وه نانی نیوه‌ڕۆیان ده‌خوارد… هەندێ جاریش له خۆراکی یه‌کتریان ده‌خوارد، هه‌ر بۆیه هه‌موو جارێ تۆزێ زیاتری ده‌کرده‌وه ناو ده‌فره‌که‌یه‌وه… بیری له‌وه کرده‌وه سبه‌ییش ڕەنگە تامی مریشکەکەی پێ خۆش بێ، وەک چۆن هەفتەی پێشوو چێژی بردبوو لە شۆرباکەی. بزه‌یه‌ک نیشته سه‌ر لێوه باریکه‌کانی که ده‌نگی قیژه‌یه‌کی ناسک و کچانه به‌رز بوویه‌وه و به شوێنی‌دا زرمه‌زرم دەست پێ بوو. لێوه‌کانی هه‌ڵقرچاند و سه‌ری ده‌فره فافۆنه‌که‌ی سفت و سۆڵ خول دا، له‌به‌ر خۆیه‌وه وتی: «سبه‌ی به نوێڵیش ناکرێته‌وه…» له کات فراوین‌خواردندا لەگەڵ هاوکارەکەی زیاتر ئەم بیسەر بوو و هاوکارەکەی قسە و نوکتەی خۆشی بۆ دەگێڕایەوە. زۆر جار پێدەکەنی و هەندێ جاریش وە بیر کەسێک دەکەوتەوە، کەسێک کە دوایین پێکەنینەکانی لەگەڵ ئەو کردبوو. هاوکارەکەی چەن ساڵێک بوو کە لە ژنەکەی جودا ببوویەوە بەڵام هێشتا هەر کاریان لە دادگە و مەحکمە مابوویەوە. قیژەیەکی بە نازەوە هات و چه‌ن قریوه‌ی ناسک و قاقایه‌کی به‌رز ئاشپه‌زخانه‌که‌ی ته‌نیوه. ده‌فره نایلۆنه ڕەنگ‌پێوه‌نه‌ماوه‌که‌ی پڕ کرد له کاهوو و ته‌ماته و خیاری ئه‌نجنراو و گورجوگۆڵ خستییه نێو جانتای تایبه‌ت به خۆراکی که شازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاتێک له‌و ئیداره‌یه دامه‌زرا کڕیبووی و ژه‌می فراوینی تێدا ده‌برده سه‌ر کار. هاوکاره‌کانی به شۆخی پێیان ده‌وت: «تۆ گه‌لێک به‌وه‌فای شیلان، هه‌رگیز هیچ شتێکت فڕه ناده‌ی، واز بێنە لە‌م جانتایه ڕزیوه ئیتر…» شیلان چاوی له ده‌سکی چه‌ن جار پڕووکاوی جانتاکه‌ی کرد که چه‌ن جار دووریبوویه‌وه و به ئارامی خستییه نێو یه‌خچاڵه‌که‌وه، ئاماده داینا به‌یانی زوو ماته‌ڵ نه‌بێ و خێرا هەڵیگرێ و خۆی بگەیەنێتە پاسه‌که‌ی… ده‌نگی قسه و پێکه‌نینی پیاوێک به ئه‌سته‌م هات… هه‌ستی کرد ده‌ستی ده‌له‌رزێ، چاوی له په‌نجه‌کانی کرد که ده‌مارێکی شینی تۆخ وه‌ک مار لێیان ئاڵابوو… ڕقی بوو له‌و ده‌سته چه‌قوڕه‌قانه‌ی که له ده‌ستی پیره‌ژن ده‌چوون. تازه پێی نابووه چل ساڵییه‌وه و وه‌ک دایکی هه‌ر جار پێی ده‌وت: «نه مێردێک، نه منداڵێک، نه ته‌نانه‌ت ده‌زگیرانێکی نیوەچڵیش.»
چرای ئاشپه‌زخانه‌ی کوژانده‌وه و کتێبی سه‌ر مێزه چکۆله‌که‌ی به‌رده‌م قه‌نه‌فه‌کانی هه‌ڵگرت، چرای هاڵه‌که‌یشی کوژانده‌وه و چووە ژووری خه‌وتن، ژوورێکی چکۆله که به زۆری سیسه‌مه‌که‌ی تێدا جێ کردبوویه‌وه… هه‌ر جار که نیوه‌شه‌وان ده‌نگی جیڕه‌جیڕی سیسه‌مه‌که‌ی ئاپارتمانی دراوسێی ئاڵۆزی ده‌کرد بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که چۆن ئه‌و سیسه‌مه دووکه‌سییه‌یان له‌و ژووره چکۆله‌یه‌دا جێ کردۆته‌وه. نه‌خشه و پلانی هه‌موو ئاپارتمانه‌کانی ئه‌و بینایه هه‌ر یه‌ک بوو و هه‌رچه‌ن لەو هه‌موو ساڵانه‌دا شیلان ته‌نیا یه‌ک جاریش پێی نه‌نابوویه ماڵی هیچ کام له دراوسێکانی، به‌ڵام به به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌نگێک ده‌یزانی له کوێوه دێت و ته‌نانه‌ت ناوه‌وه‌ی ماڵه‌که‌یان و دیزاینه‌که‌یشی به ڕوونی ده‌هاته به‌رچاو. دراوسێکانی ته‌نیا به هه‌ڵکه‌وت و له ڕێڕه‌و و لەسەر پلیکانەکاندا ده‌بینی و زۆر به ده‌گمه‌ن سڵاو و چاکوچۆنی له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌ک هه‌بوو، به‌ڵام له ڕووی جلوبه‌رگ و جانتا و پێڵاوه‌کانیانه‌وه له زه‌ینی خۆیدا کەسایەتییەکی تایبەتی بۆ ساز دەکردن و دیکۆر و دیزاینی ماڵه‌که‌یانیشی ده‌نه‌خشاند. تەنانەت لە ڕووی هەر ئەو جانتا و پێڵاوەیان جلوبه‌رگی خه‌وتن و ئاشتی و تۆران و شێوازی سێكس و سه‌رکه‌وتووبوون یان نه‌بوونیان له سەرجێگەی دەهێنایە پێشچاوی تا ئەوان لە دەنگ دەکەوتن و ئه‌میش پێڵووه‌کانی ئارام ئارام قوڕس ده‌بوون و ده‌روازه‌ی چاوه‌کانی داده‌خران. دەنگی مۆسیقایەکی بەسۆز هاتە بەرگوێی، زۆر حەزی لە دەنگی ئێلیسا بوو، بەڵام پێی خۆش نەبوو ئەم دراوسێ تازەیەی کردبوویە دەهۆڵی دەسپێکەری نەبەرد. بە بڕوای ئەو دەنگی ئێلیسا ئاسمانی بوو و هی عەشقێکی ڕاستینە، وەک هاوڕێ کرماشانییەکی سەردەمی زانکۆی کە هەمیشە دەیوت: «عشقی شیلان عشقی ڕاس ڕاسەکەیە، عشقی بانی ناوکە.» لەگەڵ ئێلیسا هەندێ وشەی دەسولاق‌شکاوی عەرەبیی وتەوە کە ماناکەی نەدەزانی… هه‌ر جار که بیری له دیکۆر و دیزاین ماڵی ئه‌م دراوسێ عەرەبانه‌ی ده‌کرده‌وه که کوڕێکی خوێندکاری لوبنانی و کچه هاوڕێکه‌ی بوون، کلیپی گۆرانیبێژه عه‌ره‌به‌کانی ده‌هاته پێشچاو، دیزاینێکی گه‌رم و ڕەنگاوڕەنگ، سوور و پرته‌قاڵی و پڕ له دووکه‌ڵی نێرگه‌له له مێشکیدا ده‌نه‌خشا. ده‌نگی قاقا و قریوه‌ی کوڕ و کچه لوبنانییه‌که نه‌مابوو… جاروبار وره‌وره‌ێک ده‌هات وه‌ک بڵێێ دانیشتوون پێکه‌وه قسه ده‌که‌ن، ڕەنگه له‌به‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌یاندا ڕاکشاون. کولێره‌که‌ی کوژانده‌وه، جله‌کانی دانه دانه ده‌رهێنا و فڕه‌ی دانه سه‌ر کورسییه دارینه‌که‌ی به‌ر ئاوێنه و به ئارامی له‌سه‌ر جێگاکه‌ی ڕاکشا… جیڕه‌ی قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی هات… کۆن بوو. وه‌ک زۆربه‌ی شته‌کانی تری، به‌ڵام شیلان به ته‌ما نەبوو ته‌ختێکی تازه بکڕێ. چه‌ن جار چاوی له ژۆرناڵی جوان و مۆدێرن کردبوو که له به‌ر‌ده‌رکه دایان‌نابوو یان له مه‌ته‌بی دوکتۆره‌کاندا له گۆڤاره جوان و ڕه‌نگینه‌کاندا که ڕێکلامیان بۆ ته‌خت و سیسه‌می جوان و شیک ده‌کرد چوو دەگەڕا بە شوێن سیسەمێکیی جوان، به‌ڵام دوای سه‌فه‌رێکی بۆ شوماڵ و ناچاربوونی به خه‌وتن له‌سه‌ر سیسه‌مێکی شیک و مۆدێرنی هۆتێلێکی گران که سێ شه‌و بێخه‌وی و یه‌ک هه‌فته سه‌ر‌ێشه و گێژبوونی بۆ به دواوه بوو، له وه‌لانانی ته‌خته کۆنه‌که‌ی په‌شیمان بوویه‌وه و ئیتر هیچ ژۆرناڵێکیشی چاو لێ نه‌کرد. ده‌ست و لاقی ڕاکێشا، ئه‌وه‌نده‌ی که هه‌موو ئێسک و پێستی داخ و یاوداری بلکێ به مه‌لافه سارده‌که‌دا و وه‌ک ئاگرێک ئاوی پێدا بپرژێنێ کزر ببێته‌وه. ئه‌م مۆدێل ڕاکشانە بەختیاری وه بیر نیگاره به‌ناوبانگه‌که‌ی داڤینچی ده‌خسته‌وه، پیاوی ڤیترۆڤیسی که چوار لاق و چوار ده‌ستی کردۆته‌وه و ڕایکێشاون تا ئه‌وپەڕانپەڕی خۆی. ده‌ست و قاچه‌کانی تا ئه‌و جێگای بۆی کرا دێواندێو کرد بۆ ئه‌وه‌ی فێنکاییی مه‌لافه کۆن و خاوێنه‌که‌ی هه‌موو پێستی بگرێته‌وه. به‌ختیار بە جێی هێشت و ڕۆیشت بۆ ئه‌وروپا، نه بۆ وڵاته‌که‌ی داڤینچی و نه بۆ شاره‌که‌ی ڤیترۆڤیس، به‌ڵام شیلان هه‌موو شه‌وێ که به ڕووت‌وقووتی ده‌س و لاقی له‌سه‌ر جێگاکه‌ی ڕاده‌کێشا بۆ ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ته‌خته‌که‌ی وه بیری به‌ختیار و داڤینچی و پەرداخە سیرامیکییەکەی ده‌که‌وته‌وه. زرمه‌زرم دیسان دەست پێ بووە. له‌پی دوو ده‌ستی لکانده مه‌لافه‌که‌وه. هه‌ڵات‌هه‌ڵات و ڕاکردنیشی پێ زیاد بوو، هەستایەوە و لەسەر جێگاکەی دانیشت. له‌به‌ر خۆی وتی: «ئه‌ی هاوار، ئه‌مشه‌و ماراتۆنی عه‌ره‌بانه…» کاتژمێری موبایله‌که‌ی چاو لێ کرد… له‌سه‌ر شه‌ش بوو، وه‌ک هه‌میشه، هه‌موو ڕۆژه‌کانی هه‌فته له‌سه‌ر شه‌ش بوو جگه له ڕۆژانی هه‌ینی که له‌سه‌ر هیچ سه‌عاتێک داینه‌نابوو، پێی خۆش بوو ته‌نیا ڕۆژی پشووی هه‌فته‌ی تێر تێر بخه‌وێ، به‌ڵام هه‌موو به‌یانێکی ڕۆژانی پشوویش سه‌ری سه‌عاتی شه‌ش به خه‌بەر ده‌بوویه‌وه و تا کاتژمێر نۆ له جێگاکەیدا تلاوتلی ده‌کرد و خۆی له خه‌و ده‌دا و دوایی ماندوو و وه‌ڕه‌ز هه‌ڵده‌ستا… هه‌موو جارێ به‌ختیار پێی ده‌وت: «کچێ! کاتژمێری بیۆلۆژیکی جه‌سته‌ت له‌سه‌ر سه‌عات شه‌ش دانراوه… گۆتره ته‌پاوتل مه‌که، هه‌سته با بڕۆین بۆ سه‌ر ئه‌و کێوانه.» شیلان نه شاخ و کێوڕۆیشتنی پێ خۆش بوو و نه حه‌زی له هاوڕێ شاخه‌وانه‌کانی به‌ختیار بوو… جارێک له‌گه‌ڵیان ڕۆیشت بۆ یه‌کێک له شاخه نه‌زۆر به‌رزه‌کانی باکووری تاران که یه‌که‌مین جار و دوایین جاریشی بوو، هیچ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ به‌ختیار و هاوڕێکانی بچێته سه‌ر لووتکه و له یه‌کێک له قاوه‌خانه‌کانی ده‌ره‌که دانیشت تا ئه‌وان گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵکوو تا یه‌ک مانگیش هه‌موو گیانی جه‌مام بوو و به‌سه‌ر به‌ختیاری ده‌بۆڵاند. هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و له دڵی خۆیدا وتی: «من له‌گه‌ڵ به‌ختیار باش نه‌بووم، هاوڕێی نه‌بووم…» به‌ڵام خێرا ناوچەوانی گرژ کرد و له‌به‌ر خۆی وتی: «کوڕی سه‌گ، بێ سفه‌تی بێ…» ده‌نگی قیژه‌یه‌کی ناسکی ژنانه به‌رز بوویه‌وه، شیلان مه‌لافه سپییه‌که‌ی کێشا به‌سه‌ر خۆیه‌وه و کتێبه‌که‌ی کرده‌وه و گه‌ڕا به شو‌ێنی ئه‌و لاپه‌ڕه‌ی که تا ئه‌وێی خوێندبوو… چاوی توند توند ده‌خشانده سه‌ر لاپه‌ڕه و هێڵه‌کانه‌وه، به‌ڵام هیچ کام له لاپه‌ڕه و دێڕ و ڕسته‌کان ئاشنا نه‌بوون و لاپه‌ڕه دوای لاپه‌ڕه ده‌گه‌ڕایه دواوه که ده‌نگی نوزه‌نووزێک به‌رز بوویه‌وه… شیلان لاپه‌ڕه‌کانی لێ شێوا و کتێبه‌که‌ی فڕه دایه سه‌ر مێزه چکۆله‌که‌ی لای ته‌خته‌که‌ی و چرای ئاباژۆره‌که‌ی کز کز کرد و چاوی له موبایله‌که‌ی کرد… کاتژمێر دوازده و بیستوحه‌وت ده‌قه بوو… سه‌ری چه‌قانده نێو سه‌رینه نه‌رمه‌که‌یه‌وه… چاوی نووقاند… به‌ختیار له‌گه‌ڵ ئەو کچە شاخەوانە تارانییەی کە پەرداخە سیرامیکییەکەی دابوویە، ده‌زگیرانیی کرد و باوکی ده‌وڵه‌مه‌ندی کچه ناردنی بۆ فه‌ره‌نسا، شیلان تا ماوه‌یه‌ک هه‌موو شه‌وێ ئه‌و سه‌رینه‌ی له باوه‌ش ده‌گرت و بۆنی سه‌ر و ملی به‌ختیاری هه‌ڵده‌کێشا ناو سییه‌کانییه‌وه و دەنگی گریانی لەنێو سەرینەکەی کپ دەکردەوە. ئێستا ئیتر نه سه‌رینه‌که بۆنی به‌ختیاری لێوه ده‌هات و نه چاوه‌کانی فرمێسکیان بۆ داده‌ڕشت… ته‌نانه‌ت لێشی تووڕه نه‌بوو، هه‌ندێ جار حه‌قیشی پێ ده‌دا و خۆی به کچێکی ساردوسڕ و زبر و پیاوته‌بیعه‌ت ده‌زانی که هه‌موو کوڕێکی له خۆی ده‌تاراند، ته‌نانه‌ت یه‌کێکی وه‌ک به‌ختیار که مناڵی لادێ بوو و حه‌زی له شاخه‌وانی و باخه‌وانی ده‌کرد و کچێکی وه‌ک شیلان له‌چاو ئه‌ودا ناسک و نیان ده‌هاته به‌رچاو. جیڕه‌جیڕی ته‌ختی دراوسێکەی هاتە بەرگوێ، ده‌نگی هه‌ناسه‌بڕکێ هێدی هێدی به‌رز بوویه‌وه… به پێچه‌وانه‌ی دراوسێکه‌ی پاریان که ژنومێردێکی مه‌زهه‌بی بوون و هه‌موو شه‌وێک بە قاڵ و قسە و تەقە و ترپە خۆیان ده‌شۆرد جا ده‌خه‌وتن، شیلان ئه‌م کوڕ و کچه لوبنانییه‌ی پێ باشتر بوو که وه‌ک که‌ر سێکسیان ده‌کرد و وه‌ک ورچ بۆی ده‌خه‌وتن هه‌تا به‌یانی… ئه‌مانه به‌و هه‌موو قاڵ و هه‌رایەیانه‌وه لە ناکاو کڕوکپ ده‌بوون و تا شه‌وێکی تر ده‌نگیان لێوه نه‌ده‌هات. ده‌نگی هه‌ناسه‌بڕکێ و حه‌شر و حه‌له‌لا توندتر بوویه‌وه، هه‌ستی کرد دڵی توند توند لێ ده‌دات. ده‌ستی برد و له پاڵی ئاباژۆره‌که‌یدا حه‌بێکی په‌مۆیی وردیلانه‌ی پرانۆلی خسته نێو ده‌میه‌وه و په‌رداخه خاڵییه‌که‌ی هه‌ڵگرت و به‌ره‌و ئاشپه‌زخانه وه ڕێ که‌وت. که گه‌ڕایه‌وه ئارام له لێوی ته‌خته‌که دانیشت، ده‌ستی نایه سه‌ر پەراسووی چه‌پی، دڵەکوتەکەی ئارامتر ببوو، وەک مناڵێکی خەوتوو لەسەر جێگاکەی دانێ بە ئەسپایی ڕاکشا… مه‌لافه سپییه‌که‌ی پێچا به خۆیه‌وه و سه‌ری کرده ژێر سه‌رینه‌که‌یەوە، ده‌نگی هیچ نه‌ده‌هات، پێڵووه‌کانی وه‌ک دوو ده‌رکه‌ی ده‌روازه‌یه‌کی ئاسنین له‌ژێر لێزمه‌بارانی شه‌وێکی تاریک و ته‌ڕ ئارام ئارام داخران.