چەند کورتەشیعرێکی چینی

پەنجەرەکان

شیعری: چێن جینگرۆن

١.

پەنجەرەکانت

بەڕووی خۆردا دەکرێنەوە،

بەڕووی ئاسمانی شینی ئەوەڵی بەهاردا؛

بۆ بە پەردەی قورس و گران دایانپۆشی،

و شنەبای بەهاری ناچار کەی وەک دووکەڵ خۆی بخزێنێتە ناوەوە؟


چلۆن جێ پێیە تەنیاکانی

ژێر پەنجەرە بێدەنگەکەت بدۆزمەوە؛

چلۆن ئاخ و هەناسە ونبووەکانی خۆم بدۆزمەوە؟


بهێڵە ئاسمانی ئەستێرەڕێژی ئارامی شەو

تاسە و پەرۆشیمت بۆ بێنێ،

خەوێکی خۆش و ئارامت بۆ بێنێ؛

منیش، لەم لاوە، وەک بێگانەیەک،

بێدەنگ بەبەر پەنجەرەکەتدا تێدەپەڕم.

٢.

بۆشایییەکی پان و بەرین پەنجەرەکانت دادەخا،

درگا لەسەر تیشکی خۆرەکەم دادەخا،

پەردە قورس و گرانەکان ڕێ لە نیگا دەگرن،

شنەبای ئێوارە وەک هاوڕێیەکی کۆن

لەسەر سەربان بەجێ دێڵن شین و ڕۆڕۆ بکات.


تۆ چوویت و لێل خۆتدا

ئەو چرا پڕنوورەت برد

کە سێبەرەکانمی بە ڕۆشنایی پڕ دەکرد؛

تەنیا، لە زەردەپەڕێکی بێسنووردا

ون بوومە.

ئەوەی بۆتە بەشی من

خەوی ناخۆش و ئاڵۆزە و

سەرمای سەختی ناوەڕاستی زستان؛

پەنجەرەکانم

بەڕووی شەوی تاریکدا دەکرێنەوە،

بەڕووی ئاسمانی ئەستێرەڕێژی بێ‌وشەدا.

***

منێکی نائاشنا

شیعری: چێن جینگرۆن

زۆربەی جار خۆم

وەک بوونێکی نائاشنا، وەک ئەوی تر دەبینم،

کە سەربەخۆ بیر لە شتانی نائاشنا دەکاتەوە.

کە لە سووچی شەقامێکدا ڕادەوەستم،

و شەپۆلی با ڕووم تێدەکا،

منێکی نائاشنا دەبینم

کە ڕووی لە دونیایەکی نائاشنا کردووە.


زۆر شتی ئاشنا،

ئەو جلانەی لەبەری دەکەم،

ئەو ماڵەی تێیدا دەژیم،

ئەو کتێبانەی دەیانخوێنمەوە،

ئەو مۆسیقایە گوێی لێ دەگرم،

هیچیان بەڕاستی هی من نین.


تەنانەت پێنج هەستەکە و چوار پەلیشم،

ئەو دەنگەی قسەی پێ دەکەم، شێوازی ڕێ کردنم،

بۆ من بەس هەڵکەوتگەلێکن

لە دونیایەکی باو و ئاساییدا.


لێرە، لە هەناوی کات و شوێندا،

ڕەنگە بۆ ماوەیەک هەنێ شت هی من بن،

و ڕەنگە هەنێ شت لەدەست بدەم،

لێ چلۆن دەتوانم خۆم فش کەمەوە و باسی ئەو شتانەی کەم کە هەمن؟

ئەگەرچی لەسەر شانۆی مرۆڤایەتیدا ڕاوەستاوم،

لێ بەس لە تراژێدیگەلێکدا ڕۆڵ دەگێڕم کە کەسانی دی هەڵیانبژاردووە.


کە شیعری کورت،

یان نامەی درێژ دەنووسم،

خۆشمم نییە،

کە ئەگەر بمبوایە دەمتوانی گەرمای

ئەو خۆرەتاوەی لە خەونەکانمدا دەگڕێ

هەڵگرم و لە تانوپۆی فکری خەڵکی تردا هەڵیڕێژم.


***

شیعری: شیائۆ هۆن

بەیانییەکی جێی بەزەییی زستان،

نە شەرابێ و نە شیعرێ.


دۆست و دوژمن، وەک یەکیان ڕێز دەگرم،

چونکوو شوێن پەنجەی هەر دوو لایان لەسەر ڕۆحم بەجێ ماوە.


کە خەڵکی هەست بە تەنیایی دەکەن

پێیان خۆش نییە تەنیاییی دیکە ببینن.


بۆ ژیان زەنگێکی پێوە نەبەستراوەتەوە؟

کە ئەگەر وا نەبێ، کاتێ تۆ دیارت نییە و نەماوی،

چۆن ئەوانی دیکە دەتوانن هەست بە نەبوونت بکەن؟


گەورەترین ئازار چییە؟

ئەو ئازارەی ناوترێ گەورەترین ئازارە.


ناکرێ سوار ئەسپی سپیی خەیاڵ بی؛

ناشکرێ لێل خۆشەویستەکەی نێو خەونەکانمدا خۆشەویستی بکەم.

***

III (تۆ ڕۆشنایی دێنی)

شیعری: ڤۆڵفگانگ کووبین و شانتێل تیۆن

تۆ ڕۆشنایی دێنی،

چرایەک لە فرۆشگاوە.

من بەس ڕاستییە سادەکانی دونیا دێنم.


ئاوا ئاڵوگۆڕ دەکەین

بە یەکدی

لە ئێرە و ئێستادا.


تۆ پاش ئەم مامەڵە و ئاڵوگۆڕە

دەڕۆی و لەگەڵ خۆت جەستەی منیش دەبەی

جەستەی من کە ڕووداوەکانی ڕابردوومان دەژمێرێ، دەگێڕێتەوە.


من لێل پاشماوەی سێوێکدا لێرە دەمێنمەوە

و لەو ڕۆشنایییە کزولێڵەی بەجێت هێشتووە دەپرسم:

ئاخۆ کە بەردەوام پتر و پتر یەکدی بەجێ دەهێڵین،

چەندی لەو شتانەی بەجێمان هێشتووە بڕ دەکەن و دەمێننەوە.

***

سروودێکی نوێ بۆ بێهیوایییەکی کۆن

شیعری: ڤۆڵفگانگ کووبین و شانتێل تیۆن

تکایە،

بەسە هەواڵی

شەڕ و دەرکران.

بەخۆمان بەڕادەی پێویست دڵگرانین.

واز لە پێست لێکردنەوە، خوێن‌ڕشتن، و مرۆڤخۆری بێنە،

بەخۆمان بەبێ هۆ فرمێسک دەڕێژین.


تکایە،

بەسە باسی بازدانی خۆکوژی،

بەسە باسی دونیائاخری و قات‌وقڕی.

ئێمە نەبوونی پێش ژیان و پاش مەرگمان

پێ باشترە،

نەبوونی پێش دوودڵی و پاش بێهیوایی.


تکایە،

بەسە پرسیارکردن لە واتا و هۆکار.

چەن خۆشبەختترە بەردێک، هەورێک

شنەبایەک.


ئەگەر نەکرا لەدایک نەبین یان ئەگەر زیندوو ماوین،

خۆ هێشتا هەر لامان باشتر وایە بەبێ زمان بژین،

بەبێ چاو و گوێ.


***

پەیکێک لێل کوڕەکەمدا

شیعری: وانگ جیاشین

پیاوێکی سەروو پەنجا ساڵ دەتوانێ چ خەون و خولیایەکی هەبێ؟

بەس ئەوەی بۆ ماوەتەوە لێل کوڕەکەیدا دانیشێ و پێکەوە بخۆنەوە

لێل ئەو کوڕەی بەجێی هێشتووە و ئێستا گەورە بووە و بۆخۆی پیاوێکە.

دوو پەرداخەکە بەر یەک دەکەون –

ئاوا یەک لە ئامێز دەگرن،

ئاوا یەک دەگرنەوە.

و پاشانیش، هیچیان بۆ وتن نییە.

کە کوڕەکە هەڵدەستێ پەیکێکی دی بێنێ،

باوکەکە بەتاڵ و بێ‌هەست

چاو لە کەفەکە دەکا کە دەخزێتە

بنی پەرداخەکەوە.

photo_2023-11-15_17-44-32

سەرنجێک بنوسن