چرپەیەک لە پاشاگەردانیدا

تا سێبەرەکەت خەستیی خۆی

بە چاوی داخراوەوە، لە سەمایەکدا

لەگەڵ سێبەری درەخت و

تەنافی جلەکاندا

هاوڕەنگ دەکات،

قسەیەک بکە

ئەندامێک بجووڵێنە 

تا زێوانی نێو یادەوەرییەکانت بزانێت

لێرەدا کەسێک زیندووە.


لەم وێنە بەیەکداچووانەدا ڕازێک نییە

با، بە چاوی داخراوەوە

لێکدانەوەی خەوی گەڵاکان 

دەخاتە خوارەوە،

پارچەکانیشت، بە چاوی کراوەوە

بەردەبنەوە هەریەک لە ئاسمانێکەوە/

لەم وێنە بەیەکداچووانەدا کۆتایییەک نییە

ئەوەی هەیە بێشومار سەرەتایە و سەرەتا؛

پارچەکانت چیتر لە یەک کاتدا

ئاوڕ لە ئەستێرەکان نادەنەوە،

دەنگی نزیکبوونەوەی با دێت

خەوەکانیان بە جیا بگێڕەوە.


بۆن بە جەستەی شەوەوە دەکات

لە گۆڕێک دەگەڕێت

بۆ ناشتنی گڵۆپە سووتاوەکانی؛

گوێت لێ نییە

بێدەنگییەکەتە

خاکی شەو تیژ دەکات/

قاچە بڕاوەکانت بە دوای خۆتدا

تا بەر پەنجەرە بخشێنە

چاوەڕێی چی بووی

پەردەی عەسرت دامەچڵکێنە؛

ئەم تیشکانە تەنیا

بۆ بینینی قاڵییەکان هاتوون.


ئیتر کەی بە ماسییەکانی نێو زمانت دەڵێی

ڕۆژوویان بشکێنن؛

شەپۆل نەیشیەوێ

شوێنپێی بە ڕۆخەوە

هەر جێ دەمێنێ/

دەستت بێنە

ئەوەی تەڕت دەکات

ئاو نییە، تەرمەکەیەتی؛

شوێنەکە هەر ئێرەیە

لەسەر ئەم شەپۆلانەدا

چادرەکەت هەڵدە و

هاوار کە:

ئاو مردووە

ئاو مردووە.

danial

سەرنجێک بنوسن