دیدەنییەکی چاوەڕواننەکراو

کارەکتەرەکان:

پیاوی یەکەم

پیاوی دووەم

شوێن: ژوورێکی سادەی هوتێلێکی هه‌رزانبه‌ها. دوو تەختەی خەو لەم سەر و ئەو سەری شانۆکەدا دانراون. مێزێکی بچووک، کە لامپایەکی لەسەرە، لە ناوەڕاستی دوو تەختەی خەوەکەدا دانراوە. لای ڕاستی ژوورەکە، دەرگایەك دەچێتەوە سەر حەمام و تەوالێتی ژوورەکە. لای دەستە چەپ دەرگایەکی تر هەیە، کە دەچێتەوە سەر ڕاڕەوی دەرەوەی هوتێلەکە. کورسی و مێزێکی بچووک نزیك دەرگای لای ڕاستی ژوورەکە دانراوە.

کات: سه‌عات دوانزەی شەوێکی زستانە.

(تاریکی.)

(زەنگی سەعات، دوانزە جار لێ دەدرێت.)

(ڕووناکی.)

پیاوی یەکەم

(لەسەر یەکێك لە تەختە خەوەکان پاڵ کەوتووە و هەردوو دەستی خستۆتە ژێر سەریەوە و سەیری ساپیتەی ژوورەکە دەکات.)

(بێدەنگی.)

(دەنگی کێلوونی دەرگاکە دێت، کەسێك له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ دەیەوێت بیکاتەوە. پیاوی یەکەم هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌ر پێ و لە بەردەمی تەختەی خەوەکەیدا دەوەستێت، سەیری دەرگاکە دەکات. دەرگاکە دەکرێتەوە، پیاوی دووەم بە جانتایەکەوە دێتە ژوورەوە.)

پیاوی یەکەم

زۆر دواکەوتیت!

پیاوی دووەم

من؟

پیاوی یەکەم

به‌ڵێ، تۆ، ئەی کێ!

(وچانێکی کورت.)

دەمێکە چاوەڕێت دەکەم.

پیاوی دووەم

چاوەڕێی من؟

پیاوی یەکەم

دەمێکە گەیشتووم.

(وچانێکی کورت.)

چاوەڕێی تۆم دەکرد.

پیاوی دووەم

(سەیرێکی پیاوی یەکەم دەکات.)

بۆ چاوەڕێی منت دەکرد؟

هیچ پێویستی نەدەکرد چاوەڕێی من بکەیت!

(دێتە ناو ژوورەکەوە، جانتاکەی دادەنێت و پاڵتۆکەی دادەکەنێت.)

بارانێکی زۆرە و بە ئاسانی ڕێگاکەت بۆ نادۆزرێتەوە.

(وچانێکی کورت.)

پیاوی یەکەم

بڕیار بوو نانی نیوەڕۆمان پێکەوە بخواردایە.

پیاوی دووەم

هیچ بڕیارێکی وا لە بەینی من و تۆدا نەبووە.

پیاوی یەکەم

با… من لە نیوەڕۆوە لێرە دانیشتوم و چاوەڕوانیی تۆ دەکەم.

پیاوی دووەم

(پێدەکەنێت.)

پیاوی یەکەم

بە چی پێدەکەنیت؟

پیاوی دووەم

(بەردەوامە لە پێکەنین.)

پیاوی یەکەم

هیچ ڕووی داوە؟

پیاوی دووەم

نازانم!

پیاوی یەکەم

چی نازانیت؟

پیاوی دووەم

کە بە چی پێدەکەنم.

(بەردەوام پێدەکەنێت.)

(لە دەرگای ژوورەکە دەدرێت. هەردووکیان سەیری یه‌کتر دەکەن و بێدەنگ دەبن. جارێکی تر لە دەرگاکە دەدرێت.)

(پیاوی یەکەم و پیاوی دووەم بە بێدەنگی سەیری دەرگاکە دەکەن.)

پیاوی دووەم

کەس دەزانێت ئێمە لێرەین؟

پیاوی یەکەم

کەس کێیە؟

پیاوی دووەم

لە نیوەڕۆوە لێرە نیت!

(بە گومانەوە سەیری دەکات.)

کەست بینیوە؟

پیاوی یەکەم

کەس کێیە؟

پیاوی دووەم

نازانم… من لە تۆ دەپرسم.

پیاوی یەکەم

نا، کەسم نەدیوە.

(بێدەنگی.)

پیاوی دووەم

کەست نەدیوە…

پیاوی یەکەم

نەخێر.

پیاوی دووەم

لەوانەیە بە هەڵە لە دەرگاکەیان دابێت.

پیاوی یەکەم

وایە…

پیاوی دووەم

(بە بێزارییەوە.)

چی وایە؟

پیاوی یەکەم

یەکێك بە هەڵە لە دەرگاکەی دابێت!

پیاوی دووەم

(بە تووڕەیییەوە.)

کەس بە هەڵە لە دەرگای کەس نادات.

پیاوی یەکەم

وایە…

پیاوی دووەم

(بە تووڕەیییەوە.)

تۆ هەر ده‌ڵێیت وایە.

(وچانێکی کورت.)

چی وایە؟

پیاوی یەکەم

کەس بە هەڵە لە دەرگای کەس نادات.

(وچان.)

پیاوی دووەم

من هیچ حاڵی نابم!

پیاوی یەکەم

منیش.

پیاوی دووەم

چی تۆیش؟

پیاوی یەکەم

لە هیچ حاڵی نابم!

پیاوی دووەم

لە چی حاڵی نابیت؟

(وچانێکی کورت.)

پیاوی یەکەم

نازانم تۆ بیر لە چی دەکەیتەوە و بڕوات بە چییە؟

پیاوی دووەم

بڕوام بە چییە؟

(پێدەکەنێت.)

پیاوی یەکەم

بەڵێ.

پیاوی دووەم

(هاوار دەکات.)

هیچ!

(وچانێکی کورت.)

بڕوام بە هیچ نییە. تێگەیشتی؟

(پێدەکەنێت.)

پیاوی یەکەم

تێگەیشتم.

پیاوی دووەم

پێویست بە تێگەیشتنی تۆ ناکات…

پیاوی یەکەم

دەزانم.

پیاوی دووەم

هەر بە ڕاستی هیچ پێویست ناکات تۆ تێبگەیت.

پیاوی یەکەم

پێویست ناکات؟

پیاوی دووەم

نەخێر پێویست ناکات… دوای ئەوە، ئەوە ئیشی تۆ نییە تێبگەیت.

پیاوی یەکەم

بە هەر حاڵ لە تۆ دەگەم.

پیاوی دووەم

(بە هێمنی.)

پێویست ناکات لە منیش بگەیت… باشتر وایە لە خۆت بگەیت… بزانیت خۆت کێیت و چیت دەوێت. (وچانێکی کورت.)

نەك من. تێگەیشتی؟

پیاوی یەکەم

تێگەیشتم.

(پیاوی دووەم پێدەکەنێت، پیاوی یەکەم سەیری دەکات.)

پیاوی یەکەم

(وەك لەپڕ شتێکی بیر کەوتبێتەوە.)

ئێمە هیچ سەبارەت بە یەکتری نازانین.

(وچانێکی کورت.)

لەوانەیە بمەوێت…

پیاوی دووەم

(قسەکە بە پیاوی یەکەم دەبڕێت.)

چیت بوێ… تۆ هیچت ناوێت.

پیاوی یەکەم

تۆ نازانیت من چیم دەوێت…

پیاوی دووەم

تۆ خۆشت نازانیت چیت دەوێت!

پیاوی یەکەم

تۆ لەو بڕوایەدایت…

پیاوی دووەم

بڕوای چی و شتی چی…

(وچانێکی کورت.)

دەتوانی بێدەنگ بیت.

پیاوی یەکەم

بێدەنگ بم؟

پیاوی دووەم

بەڵێ… بێدەنگ بە…. باشتر وایە بێدەنگ بیت.

(بێدەنگی.)

پیاوی یەکەم

تۆ له‌و بڕوایەدایت، بتوانیت بڕیار بدەیت… ئەمەم دەوێت و ئەمەم ناوێت!

(وچانێکی کورت.)

تۆ ئەمەت دەوێت؟

پیاوی دووەم

(بە پێکەنینەوە.)

تۆ دەزانی دەڵێیت چی؟

پیاوی یەکەم

نازانم چیم دەوێت؟

پیاوی دووەم

بێدەنگ بیت باشترە.

(وچانێکی کورت.)

من چیت پێ دەڵێم تۆ ئەوە دەکەیت.

(بە شێوەیەك لە پیاوی یەکەم نزیك دەبێتەوە، کە هیچ بۆشایییەك لەنێوانیاندا نامێنێت.)

من هەرگیز گوێ لەو کەسانە ناگرم، کە نامەوێت گوێیان لێ بگرم.

(پیاوی یەکەم بە ترسەوە لە پیاوی دووەم دوور دەکەوێتەوە.)

(بێدەنگی.)

پیاوی یەکەم

هەمیشە هەست دەکەم کەسێك لە شوێنێکەوە سەیرم دەکات… کەسێك لە هەموو شوێنێکەوە دەمبینێت و چاوی لەسەرمە. لە پەنجەرەکانەوە، لە درزی دەرگاکەوە، لە پشت دیوارەکانەوە… هەمیشە کەسێك چاوەکانی لەسەرمە و دەمبینێت. کەسێك سەیری ژیانی من دەکات، هەموو هەڵسوکەوتەکانم دەبینێت…

(وچانێکی کورت.)

کە هەناسە دەدەم، کە لەبەر پەنجەرەکەدا دەوەستم و سەیری دەرەوە دەکەم، کە دەچمە ناو جێگاکەمەوە، کە لەگەڵ خۆم دەدوێم.

(وچانێکی کورت.)

ئەو کاتانەی خۆمم بۆ کۆ ناکرێتەوە… ئەو کاتانەی پارچەکانی خۆم لێم جیا دەبنەوە…

(وچان.)

ئەو سەیرم دەکات و چاوی بڕیوەتە ئەو ژیانەی دەژیم… سەیرم دەکات.

پیاوی دووەم

ئەو؟ ئەو کێیە؟

(بێدەنگی.)

(لە دەرەوە دەنگی قریوە و پێکەنینی چەند ژنێك دێت.)

پیاوی دووەم

(پێدەکەنێت.)

کێ سەیرت دەکات؟

(وچانێکی کورت.)

ئەمانە؟

(پیاوی یەکەم دەچێتە لای دەرگاکەوە و گوێ دەگرێت.)

پیاوی یەکەم

بێدەنگە…

(وچانێکی کورت.)

دەنگی کەس نایەت.

(دەگەڕێتەوە ناو ژوورەکە.)

پیاوی دووەم

بۆچی دەترسیت؟

پیاوی یەکەم

من؟

پیاوی دووەم

لە چی دەترسیت؟

(بە تووڕەیییەوە.)

پێم بڵێ لە چی دەترسیت.

(وچانێکی کورت.)

ئێمە بۆچی هاتووین بۆ ئێرە!

پیاوی یەکەم

نازانم!

پیاوی دووەم

نازانیت؟

(بێدەنگی.)

(پیاوی یەکەم بەرەو دەرگاکە دەڕوات و دەیەوێت بچێتە دەرەوە.)

پیاوی دووەم

بۆ کوێ دەچیت؟

پیاوی یەکەم

دەچمە دەرەوە.

پیاوی دووەم

بۆ کوێ؟

پیاوی یەکەم

هەر تۆزێك…

(وچانێکی کورت.)

پیاوی دووەم

بەم شەوە درەنگە؟

پیاوی یەکەم

هەوایەك دەگۆڕم.

پیاوی دووەم

(بە دەنگێکی بەرز.)

بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆیت!

(وچانێکی کورت.)

ناکرێت بڵێیت بۆ کوێ دەڕۆیت؟

پیاوی یەکەم

(لە دەرگاکە دوور دەکەوێتەوە.)

گوتم هەر تۆزێك دەچمە دەرەوە.

پیاوی دووەم

(بە پێکەنینێکی گاڵتەئامێزەوە.)

دەتەوێت تەنیا بیت؟

پیاوی یەکەم

(وچانێکی کورت.)

بەڵێ.

(پیاوی  دووەم بە جووڵانەوەیەکی هەڕەشەئامێزەوە لە پیاوی یەکەم نزیك دەبێتەوە. پیاوی یەکەم ترسی پێوە دیارە و دەیەوێت لە پیاوی دووەم دوور بکەوێتەوە. پیاوی یەکەم دەیەوێت خۆی لە دەرگای تەوالێتەکە نزیك بکاتەوە. پیاوی دووەم نایەڵێت و دەستی دەگرێت و بە هێز، به‌ زۆر لەسەر کورسییەکە دایدەنیشێنێت.)

پیاوی دووەم

نه‌جووڵێیت.

(بێدەنگی.)

پیاوی یەکەم

دەمزانی دێیت!

پیاوی دووەم

دەتزانی؟

(پێدەکەنێت.)

(ڕووناکیی هەور و برووسکەی دەرەوە ژوورەکە ڕووناك دەکەنەوە و گرمەی هەورەکە پیاوی یەکەم دەترسێنێت.)

(دەنگی باران بارینێکی بەخوڕ دێت.)

پیاوی یەکەم

(شڵەژاوە.)

بەڵێ!

پیاوی دووەم

چی بەڵێ؟

پیاوی یەکەم

دەمزانی ڕۆژێك هەر دێیت! بەڵام نەمدەزانی ئەم شەو… لەم ساتەدا… ئێستا، لەپڕ دەرگاکە دەکەیتەوە و دێیتە ژوورەوە.

(وچانێکی کورت.)

پیاوی دووەم

زۆر باش دەتزانی ئەمڕۆ یان ئەمشەو دەگەمە ئێرە.

(وچانێکی کورت.)

بە هۆی بارانە زۆرەکەوە، کەمێك دوا کەوتم.

پیاوی یەکەم

تۆ دەمترسێنیت!

پیاوی دووەم

من؟

(پێدەکەنێت.)

پیاوی یەکەم

لە پێکەنینەکەت دەترسم.

پیاوی دووەم

ئێمه‌، ئه‌وه‌ی بۆی هاتووین، ده‌بێ هه‌ر بیکەین و بگەڕێینەوە.

پیاوی یەکەم

من بۆ هیچ شتێك نەهاتووم بۆ ئێرە… جگە لەوەی تۆ ببینم.

(وچانێکی کورت.)

بەڵام تۆ دەمترسێنیت.

(پیاوی یەکەم دەیەوێت لەسەر کورسییەکە هەستێت، پیاوی دووەم بە توندی دایدەنیشێنێتەوە.)

پیاوی دووەم

لە شوێنی خۆت نه‌جووڵێیت.

(بە خێرایی گیرفانەکانی دەگەڕێت و هیچ نادۆزێتەوە.)

(لە دەرگای ژوورەکە دەدرێتەوە. هەردووکیان بێدەنگ دەبن، سەیری یەکتری دەکەن و گوێ ڕاده‌گرن. پیاوی دووەم بە بێدەنگی ده‌چێته‌ لای ده‌رگاکه‌ و به‌ شڵەژاوییەوە گوێ به‌ ده‌رگاکه‌وه‌ ده‌نێ.)

(بێدەنگی.)

پیاوی دووەم

کێیە؟

(دەنگێك لەو دیو دەرگاکەوە.)

دەنگی پیاوێك

ئێوە خواردنتان داوا کردووە؟

پیاوی دووەم

(سەیرێکی پیاوی یەکەم دەکات.)

نەخێر.

دەنگی پیاوێك

کەواتە ببوورن.

(وچان.)

(دەنگی پێی پیاوەکەی دەرەوە دێت، کە دەڕوات.)

پیاوی یەکەم

(سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکات.)

کاتێکی زۆری شه‌ومان به ‌سه‌ر بردووه‌.

(وچانێکی کورت.)

لە دووی شەو تێپەڕێوە.

پیاوی دووەم

(دەگەڕێتەوە ناو ژوورەکە.)

تۆ داوای خواردنت کردووە؟

پیاوی یەکەم

نەخێر.

پیاوی دووەم

دڵنیایت؟

پیاوی یەکەم

لە چی؟

(وچانێکی کورت.)

لە چی دڵنیا بم؟

پیاوی دووەم

کە داوای خواردنت نەکردووە؟

پیاوی یەکەم

بەڵی.

(دەیەوێت قسە بکات، بەڵام هیچ ناڵێت.)

پیاوی دووەم

بۆ قسە ناکەیت؟

(وچانێکی کورت.)

پیاوی یەکەم

(دەیەوێت قسە بکات، بەڵام هیچ ناڵێت.)

پیاوی دووەم

(پێدەکەنێت.)

ویستت شتێك بڵێیت… وا نییە! قسە بکەیت. دەی چاوەڕێم. بزانم دەڵێی چی؟ گوتت چی؟ گوێم لێ نەبوو. تۆزێك دەنگ هەڵبڕە. ناتوانی قسە بکەیت؟ شتێك بڵێ… هەر شتێك بێت. دەم بکەرەوە و شتێك بڵێ. با گوێم لە دەنگت بێت. دەی… گوتت چی؟ گوێم لێ نەبوو. جەوەکەی خۆش نییە، بارانە. سەرمات نییە… دەرەوە ساردە، دەڵێی چی؟ هیچ تێنەگەیشتم. دەنگ هەڵبڕە… ساردە؟ نا… نا سارد نییە و دنیا تەواو گەرمی کردووە. دە شتێك بڵێ. زمان لە دەمتا نییە؟ زمانیان بڕیوی؟! نەخۆشی یان تووشی دڵەڕاوکێ و بێدەنگی بوویت؟

(بێدەنگی.)

پیاوی یەکەم

بەیانی ژنێك دەبینم.

پیاوی دووەم

(پێدەکەنێت.)

ژنێك؟

(بە تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە.)

ژن کێیە؟

پیاوی یەکەم

تووشی دڵەڕاوکێ بووم… لەوە دەترسم…

پیاوی دووەم

لە چی دەترسیت؟

(وچانێکی کورت.)

ژن کێیە؟

(وچان.)

پیاوی یەکەم

(دەستی دەجووڵێنێت و نازانێت بڵێ چی.)

(بێدەنگی.)

پیاوی دووەم

لە چی دەترسیت؟

(لە پیاوی یەکەم نزیك دەبێتەوە.)

(بە تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە.)

لەو ژنە دەترسیت، کە بەیانی دەیبینیت؟

پیاوی یەکەم

لەوە دەترسم خۆشم بوێت.

پیاوی دووەم

(پێدەکەنێت.)

خۆشت بوێت؟! بۆ ناتەوێت خۆشت بوێت؟

پیاوی یەکەم

نامەوێت ئەو دنیایەی بۆ خۆمم خوڵقاندووە… کە پڕە لە هێمنی و دڵەڕاوکێ و ترس لە خۆمی تێك بدەم…

(لە پیاوی دووەم دوور دەکەوێتەوە.)

دەمەوێت تەنیا بم.

پیاوی دووەم

ژن کێیە؟ تۆ بۆ بینینی ژن هاتویت بۆ ئێرە؟

(پێدەکەنێت.)

یان بۆ ئەوەی من ببینیت؟!

پیاوی یەکەم

من خۆمم لەگەڵ دڵەڕاوکێ و ترس و تەنیاییەکەمدا… بەڵام…

پیاوی دووەم

بەڵام چی؟

(بە تۆنێکی هەڕەشەئامێزەوە.)

قسە بکە.

پیاوی یەکەم

دەشمەوێت جارێکی تر تامی خۆشەویستی بکەمەوە… نازانم چەندە بەئازارە، یان چ بێمانایییەکە… جارێکی تر ئەو دەرگایە بکەمەوە. لەوانەیە ئەو دەرگایە چیتر هه‌ر نه‌مابێت. جاران بە ئاسانی دەکرایەوە…

پیاوی دووەم

(قسەکە بە پیاوی یەکەم دەبڕێت.)

دەرگای چی؟ ئەوە تۆ باسی چی دەکەیت؟

(پێدەکەنێت.)

دەرگا؟ تۆ تەواوی؟!

(وچانێکی کورت.)

ئێمە بۆچی هاتووین بۆ ئێرە؟

پیاوی یەکەم

جاران ئەو دەرگایە بە ئاسانی دەکرایەوە… زۆر جاریش هەر لە خۆیەوە دادەخرایەوە.

(وەك بۆ خۆی قسە بکات.)

ئیتر هەندێك شت هەیە ناتوانم بیانکەم، هەست دەکەم کەسەکەی جاران نیم و وەك جاران ناتوانم هەموو شتێك بکەم. کات دەڕوات… شتەکان دەگوڕدرێن، پیر دەبین. ئەوەی جاران دەمتوانی بیکەم ئێستا ناتوانم… دەستم بە هەموو شتێکدا ناگات… شتم لە بیر دەچێتەوە.

(لەپڕ وەك لە خەون بە ئاگا بێتەوە.)

هەست دەکەم ژیان هیچ مانایەکی بۆ من نەماوە، ئەو شتانەی بڕوام پێ بوون، ئەوانەی بە دوایاندا ڕام دەکرد، ئەوەی دەمویست بە دەستی بهێنم، ئەوەی بەرگریم لێ دەکرد…

(وچانێکی کورت.)

(وەك بۆ خۆی قسە بکات.)

ژیان چییە؟ دەڵێی سەربازێکی دۆڕاوم و بە برینداری لە جەنگ گەڕاومەتەوە… برینێك هەموو ژیان پێوەی بتلێمەوە.

(دەنگی پێکەنینی چەند ژن و پیاوێك لە ڕاڕەوەکەی دەرەوە دێت.)

(بێدەنگی.)

پیاوی دووەم

تۆ دەبێت جارێ قەرزەکانی من بدەیتەوە… لەوە زیاتر چاوەڕێ ناکەم. تێگەیشتی.

پیاوی یەکەم

قەرز؟

(سەیری پیاوی دووەم دەکات.)

قەرزی چی؟

پیاوی دووەم

ئەی ئێمە بۆچی هاتووین بۆ ئێرە؟

(لە پیاوی یەکەم دەچێتە پێشەوە.)

(بە تۆنێکی ڕەقەوە.)

خۆ من نەهاتووم بۆ ئێرە گوێ لە چیرۆکەکانی تۆ بگرم. ئێمە کارێکمان هەیە و دوای ئەوەیش تۆ قەرزاری منیت… دەبێ قەرزەکەم بدەیتەوە… دوای ئەوە خوات لەگەڵ بۆ کوێ دەچیت…

پیاوی یەکەم

(لە پیاوی دووەم دوور دەکەوێتەوە.)

دەزانی…

پیاوی دووەم

بێدەنگ… هیچ نازانم و نامەوێت گوێم لە چیرۆکە بێتامەکانی ژیانی تۆ بێت.

پیاوی یەکەم

من دەمەوێت…

پیاوی دووەم

تۆ چیت دەوێت… خۆشت نازانیت چیت دەوێت.

(یەخەی پیاوی یەکەم دەگرێت و به ‌توندی‌ ڕایدەکێشێت.)

ترسنۆك…

پیاوی یەکەم

(خۆی لە دەست پیاوی دووەم ڕزگار دەکات.)

ترسنۆك نیم…

پیاوی دووەم

با… زۆریش ترسنۆکی. دوو ساڵە ڕاتکردووە و خۆت شاردۆتەوە.

پیاوی یەکەم

کە من ڕامکرد…

پیاوی دووەم

کە تۆ ڕاتکرد چی؟

پیاوی یەکەم

کە من ڕامکرد، لەبەر ئەوە نەبوو، تاوانێکم کردبێت.

پیاوی دووەم

ئەی بۆ ڕاتکرد؟

(پێدەکەنێت.)

ئەی بۆ ناگەڕێیتەوە؟

پیاوی یەکەم

هیچ تاوانێكم نەکردبوو… لەبەر ئەوە ڕامکرد، کە ئەوان…

(بێدەنگ دەبێت.)

پیاوی دووەم

(بە تووڕەیییەوە.)

ئەوان چی؟

پیاوی یەکەم

(دەقیژێنێت.)

لەبەر ئەوەی ئەوان تاوانێکیان کردبوو، نەك من… کە ئێستایش نامەوێت بگەڕێمەوە و سەرلەنوێ لەوێ بژیمەوە… پەیوەندی بەوەوە نییە، کە من…

پیاوی دووەم

کە تۆ دەترسیت؟

(بە زمانێکی ڕەق و هەڕەشەئامێز.)

ترسنۆك.

پیاوی یەکەم

نەخێر… پەیوەندیی بەوەوە نییە، کە من ئێستا چیم، بەڵکوو ئەوان لەوێ ئێستا کێن و چین.

پیاوی دووەم

وا ڕۆژ دەبێتەوە. قەرزەکەی خۆمم بدەرەوە و دەڕۆم.

پیاوی یەکەم

من هیچ قەرزاری تۆ نیم… هەموو ڕۆژەکە چاوەڕێی تۆم کردووە.

پیاوی دووەم

چاوەڕێی من؟

(پێدەکەنێت.)

(وچان.)

پیاوی یەکەم

بە ڕاست بۆچی هاتی؟

(وچانێکی کورت.)

بۆچی هاتیت بۆ ئێرە؟ ئێرە ئەو شوێنە نییە تۆ دەتەوێت بۆی بێیت… پێویست ناکات بهاتیتایە… لەگەڵ ئەوەیشدا دەتەوێ بێیت بۆ ئێرە و من چاوەڕوانت بکەم. لێرە، لەم ژوورەدا دانیشم و چاوەڕێ بم تا تۆ دێیت…

(پیاوی دووەم قۆڵی پیاوی یەکەم بە توندی ڕادەوەشێنێت و بۆ لای خۆی ڕایدەکێشێت.)

پیاوی دووەم

تۆ دەڵێی چێ؟

ئێمە دەبێت بڕۆین… من لە قەرزەکانیشم خۆش نابم.

پیاوی یەکەم

(پاڵێك دەنێت بە پیاوی دووەمەوە و لێی دوور دەکەوێتەوە.)

من هیچ قەرزاری تۆ نیم.

(لە دەرگاکەی دەرەوە نزیك دەبێتەوە.)

تۆ دەمترسێنیت. بۆچی منت هێناوە بۆ ئەم هوتێلە؟ مەبەستت چییە و دەتەوێت چی بکەیت.

پیاوی دووەم

(خێرا لە پیاوی یەکەم دەچێتە پێشەوە و پاڵی پێوە دەنێتەوە بۆ ناو ژوورەکە.)

بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆیت.

پیاوی یەکەم

چیت لە من دەوێت؟

پیاوی دووەم

هەر وا بە ئاسانی لەم ژوورە ناچیتە دەرەوە.

(پیاوی دووەم چەقۆیەك لە جانتاکەی دەردەهێنێت و دەچێت بەرەو ڕووی پیاوی یەکەم.)

پیاوی یەکەم

ئەو چەقۆیە لا بە… تکایە.

(دەیەوێت لە پیاوی دووەم دوور بکەوێتەوە.)

ئێمە هاوڕێین.

(ڕووناکیی ژوورەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. لە دەرەوە باران و ڕەشەبایە.)

(دەنگی پێکەنینی ژنێك لە دەرەوە دێت. پیاوێك قسەی لەگەڵ دەکات، بەڵام کەس لە قسەکانی ناگات و ژنەکە پێی پێدەکەنێت.)

(بێدەنگی.)

پیاوی دووەم

لە جێگای خۆت دانیشە و نەجووڵێیت.

(پیاوی یەکەم دەیەوێت فرسەت بێنێت و لە ژوورەکە ڕابکاتە دەرەوە، پیاوی دووەم پەلاماری دەدات، لە هەمان کاتدا لەگەڵ هەوروبرووسکەیەکدا ژوورەکە تەواو تاریك دەبێت و هاوارێك دەکرێت.)

(بێدەنگی.)

(ڕووناکییەکی کز ژوورەکە نیوە ڕووناك دەکاتەوە. پیاوی دووەم لەسەر زەوییەکە کەوتووە و پیاوی یەکەم، کە چەقۆکەی بە خوێناوی بە دەستەوەیە، بە شڵەژاوی وەستاوە و سەیری دوور دەکات.)

پیاوی یەکەم

(وەك ئەوەی خەون ببینێت.)

هەمیشە زانیوومە ڕۆژێك درەنگ دەبێت و فریای ئەوە ناکەوین، کە ده‌مانویست ماڵئاوایی لێ بکەین.

(بێدەنگی.)

(لە دەرەوە خۆر هەڵاتووە، دنیا ڕووناك بووەتەوە و بارانەکە خۆشی کردۆتەوە.)

(تاریکی.)

(زەنگی سەعات، شەش جار لێ دەدرێت.)

یەکەم دەستنووس

٣٠/١٢/٢٠٢٢

ستۆکهۆڵم