زەم

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە دراوسێ و درگا بە درگا بووین زۆرینەی شتەکانی یەک ئاگادار بووین، لانیکەم شەوێک جارێک لە پەنجەرەکانەوە بۆ ماڵی یەکمان ڕوانیبوو. دایکم ئەڵێ ساڵێک سێ شەو ناکەوێتە ماڵۆ و لە ماڵی خۆیدا دانانیشێ، ئەڵێ بەخوا سووک و تڕۆ بووە و ماڵی ئەحای لێبەدەر کە، ژێر پێی کردوون، کەس درگای لێ ناکاتەوە، بەخوا بۆیە ماڵی ئەوانیش ئەچێ بۆ عەیب هەڵگرتن ئەنا دڵسۆزی کەس نییە. ئەو ڕۆژێک دە جار بە قوون و کوزی منداڵەکانی خۆیەوە ئەکا، بە درۆ منداڵی خەڵک بە سینگییەوە ئەنێت و هەڵی ئەگووشێ و ماچی ئەکات، تەنیا بۆ چڵکاوخواردنە ئەنا کەسی خۆش ناوێت و بە کەسەوە نەسووتاوە، ئەڵێ ئەوە، ئەوە تەنیا من ئەیناسم. قەزای تمەنێک لە دایک و باوکی ئەخات. هەر ئەو کەسەس لە نەخۆشخانە لە کاتی حەسێو و کتێودا باوکی جێهێشت و سێ ڕۆژ دوای پرسەکەی دایکی، لەسەر پووڵ دە جار کردی بە گۆڕیۆ. دایکم بەکوڵ بوو بۆی دیار بو قسەی تازەی لێ بیستبوو، یا فیتنەیی یا تانە یا تەشەر …

هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردبوو خۆی بە ماڵدا کرد، جۆرێکمان لێ هات وامانزانی قسەکانی بیستووین، ئەگەریش گوێی لێ بووبێ خۆی لێ کەڕ کردبوو، چوون قسەی پێ بوو، لە هەموو شتێک ئەگوزەرا تا قسەکانی بکا، ئەو حازر بوو هەر نرخێک بدا تا قسەکانی بکا. لە تەواوی ژیانما لەگەڵ زۆرینەی ئەو باسانەی ئەیکرد هاوڕا بووم، هەموو کەسێکی لە ڕادەبەدەر ئەناسی بە وردبینییەکی لە ڕادەبەدەر هەڵسوکەوتی گشتی خستبووە ژێر چاودێرییەوە، ئەو وردبینییە کردبوویە جەلادێک بەرامبەر بە گشتی، هیچ کەسێک بێ تاوان نەبوو تا دەست و دەمی لێ بپارێزێ. ئەوەندە زوو هات کە هێشتا شێومان نەکردبووەوە، دایکم ئەڵێ بۆیە زوو یەت تا بزانێ خەڵک چی ئەخوات و چی ناخوات، بەشێکی زۆری ناسینی خەڵک لە ناسینی سەر سفرەکانیانەوە دەست پێ ئەکات. وتم هێشتا شێومان نەکردۆتۆ.

شانی نابووە سەر دوو سەرین و دوو قاچی بە لادا ڕاکێشابوو کە پاژنەی پێیەکیانی نابووە سەر قولاپەی ئەو پێکەی، قەپی بە لێوی سەرووی خۆیدا ئەکرد و ئەیگەست بە دیانی و پێستی وشکی لێ ئەکردەوە، ڕوانینەکانی ماق مابوو بەو شێوە کە ڕوون نەبوو بۆ کوێ ئەڕوانێ.

    وتی ماڵێک ژنی تیا نەبێت ژەم و دەمی مەعلووم نییە، پیاوی بێ ژن وەک گورگ ژەمێک تێرە و دوو ژەم برسی. پیاو بەلای منەوە هەمیشە دووربینە و ژنیش نزیکبین، تۆ لە ڕادەبەدەر دووربینی، ژیان لە پەنجا ساڵی ترا ئەبینی، بۆیە لەم ڕۆژانە و ڕۆژە نزیکەکانت بێئاگای، قەبری تۆ لە ئێستاتدایە و ماڵ و ژیانت لە داهاتووت. دووربینی باشە بەڵام نە وەک ئەوەی تۆ. وتی دووربینی ترسی مرۆڤ زیاو ئەکا، تۆ لە ژیان ئەترسی بۆیە ژن ناهێنی، بە حاڵەتی گاڵتە و شۆخییەوە وتم باااااڵڵێ وایە.

سفرەکەم ڕاخست و لە بەرچاویا دەسم بە نان خواردن کرد، ئەو قسانەی پێی بوون هەڵی ڕشتن، دەسی پێ کرد، خۆی پێ نەگیرا هەستایە سەر پێ، تا جوان حاڵەتەکان دەربێنی، وەها وەک خۆی لاسایی ئەکردنەوە هەم پێئەکەنیم هەم سەرم سووڕ مابوو. دانیشتەوە، درێژەی دا، شی کردەوە، وردی کردنەوە، ڕاستی ئەکرد منیش هەر وەهام بیر ئەکردەوە، جەلاد و بکوژەکان ڕاستگۆترین و وردبینترین مرۆڤەکانن، ڕێک لە ناو چرکەکاندا ئەژین و بڕیارەکان ئەدەن، بڕیاری ئەم چرکە ناخەنە چرکەیەکی تر، وەک شێت لە شوێن و کاتی خۆیدا کاردانەوەیان ئەبێت، لە ڕاستیدا لەو کاتەدا بە مێشکمدا هات کە ئەمە ئەتوانێ وڵاتێکیش بەڕێوە ببات، وتم جەلاد و دیکتاتۆرێکی بەجێگەس.

لە شەوقی قسەکانی تام و چێژی چێشتەکە زیاتر بووبوو لە دەمما، پاروویەک لە دەمما بوو، پاروویەک لە دەستما، ڕووی تێکردم و وتی ئەیچی تۆ خۆت بە نووسەر ئەزانی قسەکانی من بنووسە، تۆ من بگێڕەوە بۆ خەڵک، من ئەزانم ئەم خەڵکە چین، کاتێک وای وت بیرم کردەوە کەسێک هەموو ئەم خەڵکە بناسێ و بزانێ چین، گشتی خۆی ئەناسێت و ئەزانێ چییە و کێیە. بۆ ئەوەی هەڵە و کەموکووڕییەکانی خۆت دەرکەوێت تەنیا پێویستە هەڵە و کەموکووڕییەکانی خەڵک ببینیت و زەقی کەیتەوە، ئەو کات تاوانەکانت گەورەتر و زیاتر ئەدرەوشێنەوە.

وتم ئەیانووسم بە زیاوەوە، بڕوای نەکرد و دیسان دەسی پێ کردەوە، بە وردکردنەوە، تا زیاتر دڵنیام کاتەوە کە بیانووسم، وتم ئەیاننووسم، لە سەر داوای خۆی بوو کە نووسیم.

نانەکەم خواردوو و تەواو بووم، هەڵسامەوە و دەسم بە لابردنی کاسە و کەوچک و کۆکردنەوەی سفرەکە کرد، بەدەم کۆکردنەوەوە چاوی ئەگیڕا بە دواما و بۆی ئەگێڕامەوە، لامبردن و هاتم لە شانیەوە دانیشتم و جگەرەیەکم هەڵکرد و وتم دەی ئێستا بەخێر بێی.

دایکم لەوبەرمانەوە پاڵی دابووەوە و تەماشای ئەکردین. ترسابوو لەوەی کە من بڕوا بە قسەکانی بکەم و نەیەزانی من چۆن بیر ئەکەمەوە، لە ڕوانین و چاوەکانییەوە دڵنیا بووم کە ئەیوت بەخوا کە قەبر بە خۆیەوە نایگرێت و تووڕی ئەداتە دەرەوە.