ماتسۆ باشۆ ( ١٦٤٤ – ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٦٩٤) لەدایکبووی ماتسۆ کینساکو، پاشان ماتسۆ چێمون مونێفوسا، بەناوبانگترین شاعیری سەردەمی ئیدۆ بووە لە ژاپۆن.
(سەردەمی ئیدۆ کە بە سەردەمی تۆکوگاوا ناسراوە، ماوەی نێوان ساڵانی ١٦٠٣ و ١٨٦٨ لە مێژووی ژاپۆن.)
ئەم هایکۆیانە لەلایەن ڕۆبەرت هاسس ەوە وەرگێڕدراون بۆ ئینگلیزی.
***
دار بەڕوو
دار بەڕوو
ئارەزووم لە دار گێلاس
نییە.
***
پیرەگۆمێکی خەوتوو
بۆقێک
باز دەداتە ناوی
دەنگی ئاو
دووبارە بێدەنگی.
***
هاواری ماسیفرۆشەکە
هاواری ماسیفرۆشەکە
لەگەڵ دەنگی زیق زیقەکە
تێکەڵ دەبێت.
***
ئەم گوندە کۆنە
لەم گوندە کۆنە
هیچ ماڵێک نییە
داری کاکی نەبێت.
***
ماسییەکان هەست بە چی دەکەن
نازانم ماسییەکان
یان باڵندەکان هەست بە چی دەکەن
ساڵەکەیش بەرەو کۆتایی دەچێت.
***
ناوەڕاستی کێڵگە
سوێسکەکان دەخوێنن و
من بە هیچ شتێکەوە پەیوەست نیم.
***
چەندێک مایەی شانازییە
چەند مایەی شانازییە
هەورە برووسکە ببینیت و
بیر لە تێپەڕبوونی ژیان نەکەیتەوە.
***
کاتێک گوڵە داوودییەکان نامێنن
کاتێک زستان و گوڵە داوودییەکان دەڕۆن
هیچ شتێکی دی نامێنێت دەربارەی بنووسیت
جگە لە توور.
***
باخێکی زستانی
مانگ بەقەد تارێک باریک بووەتەوە
مێرووەکانیش گۆرانی دەڵێن.
***
زستانێکی تەنیا
لە دنیای یەک ڕەنگدا
تەنیا دەنگی با دێت
***
ڕووناکیی مانگ
ڕووناکیی مانگ
بەناو دارستانی بامبۆکاندا لار دەبێتەوە
زیق زیقەیەک دەگریێت.
***
پێچانی کێکی برنج
بە دەستێکی کێکی برنج دەپێچێت،
بە دەستەکەی دی قژی دەخاتە پشت گوێی.
***
شەوانی بێدار
چراکە کز دەسووتێت،
نەوتەکە بەستوویەتی.
***
بەشی ئەوە باران باریوە
بەشی ئەوە باران باریوە
پوشی کێڵگەکان
ڕەنگیان ڕەش ببێت.
***
بارانی زستان
بارانی زستان بەسەر تەوێڵەی مانگاکان دەبارێت
کەڵەشێرێک بانگ دەدات.
***
شەوانی بێداری
دەنگی سوراحییەکە
کاتێک درز دەبات
لەتاو سەرما.
***
لەم دنیایەی ئێمە
لەم دنیایەی مەدا
خواردن بۆ ئەوە دەخۆین تا بیکەین بە پاشەڕۆ
دەخەوین تا دووبارە لە خەو هەستین
هەموو ئەوانەش دەکەین
بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بمرین.
***
مێش هەنگ
مێش هەنگێک
بە لەنجە و لار
لەناو گوڵە خاچ دارکەکە دێتە دەرێ.
***
کرمێک لە قۆزاخەکەی
کرمێک لە قۆزاخەکەیدا
بەم پاییزە درەنگە
هێشتا نەبووەتە پەپوولە.
***
بارانی بەهار
بارانی بەهار بەناو بنمیچەکەدا دزە دەکات و
بە هێلانەی زەردەواڵەکانەوە دەتکێتە خوار.
***
لە میوانخانەیەک
لە میوانخانەیەک
کە تێیدا لەشفرۆشەکانیش خەوتوون،
دەوەنێکی چڕ و مانگ.
***
بێدەنگی
دەنگی زیکزیکەکە
بەردەکان کون دەکات.
***
سەرخەوێک
پێیەکانم
لە دیوارێکی فێنکدا ناشتوون.
***
ددانەکانم هەستیار بوونە
ددانەکانم هەستیار بوونە،
بە خۆڵی ناو سەوزەی زەڵاتەکە،
دیارە پیر بووم.
***
تۆپێک بەفر
سۆرای هاوڕێم ماڵەکەی گواستۆتەوە ئەم نزیکانە بەوهۆیەوە شەو و ڕۆژ سەردانی یەکتر دەکەین. لە کاتێکدا من ژەمێک ئامادە دەکەم، ئەو دار بۆ ئاگردانەکە دەشکێنێت؛ کاتێک من چا لێ دەنێم، ئەو سەهۆڵ دەکاتەوە ئاو. ئەو حەزی لە ژیانی تەنیایییە و هاوڕێیەتیمان وەک ئاسن بەهێزە. شەوێک دوای بەفربارین هات بۆ سەردانم :
تۆ ئاگردانەکە هەڵکە و
منیش شتێکی زۆر جوانت پێ نیشان دەدەم،
تۆپێکی گەورەی بەفر.
***
سپێدەیەکی بەفراوی
بە تەنیام
سەلەموونێکی وشککراو دەجووم.
***
مانگەشەوێکی پاییزی
کرمێک بەبێ دەنگی
بەڕوویەک هەڵدەکەنێت.
***
شەوێکی سارد
مراوییەکی نەخۆش
لە ئاسمان بەردەبێتەوە و
تۆزێک دەخەوێت.
***
کاڵەکە سارد و فێنکەکان
کاڵەکە فێنکەکان
پەڵەی قوڕ لەسەر ڕوویان نیشتووە
لە شەونمی بەیانیاندا.
***
لاساییم مەکەوە
لاساییکردنەوەی من
وەک دوو کەرتی کاڵەکێک
بێزارکەرە.
***
یەکەم ڕۆژی بەهار
من
هەر بیر لە کۆتاییی پاییز دەکەمەوە.
***
یەکەمین بەفربارین
یەکەمین بەفری ساڵ
دەبارێتە سەر
پردە تەواو نەکراوەکە.
***
یەکەم بارانی زستان
پێدەچێت
مەیموونەکەیش
چاکەتی بارانی پێویست بێت.
***
کێچ و ئەسپێ
ئەسپێک لە نزیک بالیفەکەم
میزی کردووە.
***
شەپۆلەکانی گەرما
شەپۆلەکانی گەرما
یەک دوو ئینج
لە سەرووی چیمەنە مردووەکە
دەدرەوشێنەوە.
***
تەنانەت گەلاوێژی بەیانیانیش
دەرکەوت
گەلاوێژی بەیانیانیش
هاوڕێی من نییە.
***
سەهۆڵێک تامی تاڵی بدات
هەر ئەوەندەی
قوڕگی جرجێکی زێرابەکان تەڕ بکات.