ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنخوازی و بێدەوڵەتی

وتووێژێک لەگەڵ کرایگ کاڵهون

وەرگێڕانی: حیسامەدین(هیوا) خاکپوور

ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنخوازی و بێدەوڵەتی[1]

پوختە:

ئەم وتوو‌ێژە لەگەڵ پرۆفیسۆر کرایگ کاڵهۆن، دەپەرژێتە سەر باسەکانی ناسیۆنالیزم و جیهانوەتەنخوازی لە پەیوەندیی لەگەڵ پرسی بێدەوڵەتیدا. کاڵهۆن لە ساڵەکانی نەوەدەوە کاری لەسەر ناسیۆنالیزم و ئەتنیسیتە و جیهانوەتەنخوازی کردووە. بە باوەڕی کاڵهۆن نەتەوەکان سەرەڕای باسوخواسی پاشنەتەوەیی[2] و جیهانوەتەنی و ڕەتکردنەوەی ناسنامە ناوچەیی و باژێڕییەکان، هێشتا گرینگیی تایبەتی خۆیان هەیە. کاڵهۆن لەم وتووێژەدا باس لە هەلومەرجی ماددی، سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی ناسیۆنالیزمی کوردی لە کۆدەقی[3] بێدەوڵەتیدا دەکات. بە بۆچوونی کاڵهۆن تێگەیشتنی چینایەتی- تەوەر لە نایەکسانی لە نێوان کورد و ئەوانی تری سەردەست لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، کێشەساز و ناتەواوە چونکە نایەکسانیگەلی فەرهەنگی، سیاسی و ماددی، پەیوەند و گرێدراوییەکی نزیکیان پێکەوە هەیە بۆ ئەوەی کورد لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێیە بکەوێتە دۆخی ژێردەستییەوە. هەروەها وتووێژەکە دەپەرژێتە سەر ناسنامەی دیاسپۆرا و لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن وڵاتانی نیشتەجێبوون دەتوانن لەسەر پێکهاتنی ناسنامەی دیاسپۆرا کاریگەری دابنێن و چۆن ڕێگری یان ئاسانکاری بۆ کۆچبەران دەکەن لە گۆڕانی دۆخی هاووڵاتیبوونیان بۆ مافی هەبوونی مافەکان (ئارێنت). بابەتێکی گرینگ کە کاڵهۆن شەنوکەوی دەکات مەسەلەی پەیوەندیی دەسەڵاتی ناهاوسەنگ لە نێوان ناسیۆنالیزمی ژێردەست (ناسیۆنالیزمی کوردی) و ناسیۆنالیزمەکانی سەردەست (ناسیۆنالیزمی تورکی، ئیراقی، ئیرانی و سوریایی) و لە نێوان خودی ئەو ناسیۆنالیزمانەیشدایە.

وشە سەرەکییەکان:  چارەی خۆنووسین، کورد، دادگای دەستووری تورکیا، ئۆتۆنۆمی، دیموکراسی.

کرایگ کاڵهۆن

ئەلیاسی: چی تۆی هاندا لەسەر ناسیۆنالیزم بنووسیت؟

کاڵهۆن: یەکەم جار کە لەسەر ناسیۆنالیزم نووسیم، بانگهێشتنامەیەکم پێ گەیشت بۆ نووسینی بابەتێک لە پێداچوونەوەی گۆڤاری ساڵانەی کۆمەڵناسی لەسەر پێکهاتە و بکەر. پێم وا بوو ئەوە کەمتر سەرنجڕاکێشە چونکە زۆر دەرهەست و زەینییە و پەیوەندیی بەو شتەوە نییە کە لە جیهاندا دەگوزەرێت. منیش نووسیم و گوتم خۆشحاڵ دەبم کە وتارێک لەسەر ناسیۆنالیزم بنووسم نەک پێکهاتە و بکەر. ئەوان لە وەڵامدا نووسییانەوە و گوتیان نەخێر، چونکە ئێمە پرسیارە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی وەک پێکهاتە و بکەرییەتمان دەوێت نەک ناسیۆنالیزم، چونکە ئەو باسە ئەوەندە گرنگ نییە. ئەمە لە ساڵی ١٩٩١دا بوو بۆیە وای لێ کردم بیر لە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ئەو شتانە بکەمەوە کە خەڵک پێیان وایە لە ڕووی ئەکادیمییەوە گرنگن و ئەوەی لە جیهاندا دەگوزەرێت. ئەمە سەردەمی تێکچوونی یەکێتیی سۆڤییەت و هەموو ئەو ململانێیانە بوو کە لە ئاسیای ناوەڕاستدا سەری هەڵدەدا. پێم وا بوو کە ناسیۆنالیزم گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە و بۆیە لە کۆتاییدا وتارێکم نووسی و زیاتر و زیاتر هۆگریم بە خوێندنەوەی ناسیۆنالیزم پەیدا کرد. پرسی یەکانگیری و وەفاداریی کۆمەڵایەتی[4] بە لامەوە گرنگ بوو. من لەسەر پرسەکانی وەک چینایەتی، جڤاک، ناڕەزایەتی و کردەوەی بەکۆمەڵ کارم کردبوو. نەتەوە چییە و چۆن بیر لەم بابەتە دەکەینەوە؟ هەڵبەت خەڵک وشەی وەک جڤاکی نەتەوەیی بە کار دەهێنن. جڤاکی نەتەوەیی بە هەمان مانای جڤاکی لۆکاڵی نییە؛ خوازەیەکە. جڤاکی لۆکاڵی هەموو ئەم پەیوەندییە چڕانەی هەیە، بە شێوازێک کە مرۆڤەکان یەکتر دەناسن. جڤاکی نەتەوەیی لە ڕووی پێناسەوە، ئینتزاعی و دەرهەستترە. ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی بیر لە ناسیۆنالیزم و لە مانای یەکانگیری و وەفاداری لە جڤاکی ئاوا گەورەدا بکەمەوە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر و زیاتر دەستم کرد بە بیرکردنەوە لەم بابەتە و بە تایبەتی کارەکانی بینێدکت ئەندەرسۆن لەسەرم کاریگەری دانا. لە ساڵی ١٩٨٩دا لە کاتی کارکردنم لە چین لەسەر بزووتنەوەی خوێندکاران لەژێر کاریگەریی ئەزموونەکانمدا بووم، لەوێدا تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشم سەبارەت بە بزووتنەوەی خوێندکاران دۆزییەوە کە لە زمانی زانست و دیموکراسیدا بە زمانی ئینگلیزی و نێودەوڵەتی خۆی پێشکەش کرد، بەڵام لە چیندا خۆی وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەییی خۆبەهێزکەر پیشان دا. وتم باشە لێرە چی دەگوزەرێت؟ بۆچی ئەمە بەشێکی نەتەوەیییە بەڵام بە مانا ئاسایییەکەی ناسیۆنالیستی نییە؟

ئەلیاسی: کەم لەو تویژەرانەی کە لەبارەی ناسیۆنالیزمەوە دەنووسن، لەگەڵ ناسیۆنالیزم هاوڕان و خۆیان زۆر ڕەخنەگرانە لە بەرامبەر ئەم ئایدۆلۆژیایەدا دەوەستن. بینێدکت ئەندەرسۆن لە ساڵی ٢٠٠٥ لە وتووێژێکدا بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی لە ناسیۆنالیزم ڕاگەیاند. لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ناسیۆنالیستە یان نا؟ ئەندەرسۆن وەڵامی دایەوە: بەڵێ، بە تەواوی. دەبێ من تاکە کەسێک بم کە لەسەر ناسیۆنالیزم بنووسم و ناسیۆنالیزم بە شتێکی ناشیرین نەزانێت. ئەگەر بیر لە توێژەرانی وەک گێلنەر و هۆبسبام بکەیتەوە، ئەوا هەڵوێستێکی تەواو دوژمنکارانەیان هەیە بەرامبەر بە ناسیۆنالیزم. من بەڕاستی وا بیر دەکەمەوە کە ناسیۆنالیزم دەتوانێت ئایدیۆلۆژیایەکی ڕاکێشەر بێت. خۆشم لە توخمە یوتوپیاییەکانی دێت. ئایا لەگەڵ ئەندەرسۆن هاوڕایت لەسەر هەڵوێستی لایەنگرانەی لە ناسیۆنالیزم؟

کاڵهۆن: من بە تەواوەتی لەمەدا لەگەڵ ئەندەرسۆن هاوڕام. ئەمە بەشێکە لەو بابەتانەی من لە کتێبەکەمدا “نەتەوەکان گرینگن[5]” توەژینەوەم لەسەر کردووە. من پێم وا نییە ناسیۆنالیزم هەمیشە ئایدۆلۆژیایەکی سەرنجڕاکێش بێت بەڵام پێم وایە ناسیۆنالیزم دەتوانێت هێزێک بێت بۆ چاکە و دەتوانێت مرۆڤەکان لە دەرەوەی بەرژەوەندیی تەسک و خۆپەرستی، بە شێوازی جۆراوجۆر بەرز بکاتەوە. پێم وایە کە دەتوانێت ببێتە هۆی لێکترازان و کێشەیشی لێ بکەوێتەوە. مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن لە نێوان نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزم جیاکاری بکەن. ئەوان پێیان وایە نیشتمانپەروەری شتێکی باشی نەتەوەیییە و ناسیۆنالیزم شتێکی خراپە. پێویستە پرسیاری ئاڵۆزتر و تایبەتتر سەبارەت بە ناسیۆنالیزم بکەین. ئەگەر یەکانگیریی نەتەوەیی[6] نەبوایە، دیموکراسی ئەمڕۆ لە جیهاندا بوونی نەدەبوو. لە دەوڵەتشارەکاندا پۆتانسێل بۆ ڕێکخستنی دیموکراسی هەبوو بەڵام ئێمە ئەمڕۆ ئەوەمان نییە. لە ڕاستیدا دیموکراسی زۆر وابەستەی ناسیۆنالیزم بووە و سەرهەڵدانی دیموکراسی لەسەر ئەو بیرۆکەیە بەند بووە کە کێ دەتوانێت هاووڵاتی بێت و کێ دەتوانێت دەنگ بدات. ئەم بیرۆکەی هاووڵاتیبوونە پەیوەندییەکی قایمی بە ناسیۆنالیزمەوە هەیە. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر کەسێک لایەنگری ئەتنیکی یەک ڕەچەڵەک و یەک زمان بێت. زۆر ڕێگەی جۆراوجۆر هەیە بۆ بنیاتنانی نەتەوە وەک لە کتێبەکانمدا باسم کردووە. دەکرێت ڕێگەی کەم تا کورت باشت هەبێت بۆ ئەنجامدانی. هەندێک نەتەوە لە لەخۆگرتنی بیانییەکاندا باشترن لە هەندێکی تر. شتێکی باشە کە بتوانیت کۆچبەران لە خۆ بگریت، بۆیە هەموو ناسیۆنالیزمەکان نەرێنی نین. بە ئیلهاموەرگرتن لە تێگەی وەفاداری و دڵسۆزی[7]، ئەو جۆرە بەڵگاندنانە باش دەنوێنن کە بۆ نموونە سیاسەتی پارتی کرێکارانی بریتانیا[8] گرتوویە بەر کە دەڵێت: باشە ئێمە یەک نەتەوەین و نابێت ڕێگە بدەین جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکان زۆر گەورە بێت و نابێت ڕێگە بدەین هەندێک ناوچەی دیاریکراو لە وڵات هەژار بێت لەکاتێکدا ئەوانیتر دەوڵەمەند بن. پێویستە هەوڵ بدەین بیر لە هەموو میللەت بکەینەوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە. باش نییە ئەگەر بڵێیت ئێمە نەتەوەین و پێویستە هەموو کۆچبەران لە دەرەوەی نەتەوەکەمان بهێڵینەوە. ناسیۆنالیزم دەتوانێت بانگەوازی خەڵک بکات کە گرنگی بەو شتانە بدەن کە بەسەر خەڵکانی دیکەی وڵاتاندا دێت.

ئەلیاسی: ئایا بە ڕاستی دەتوانین بیرۆکەی نەتەوە وەک هەڤاڵایەتییەکی ئاسۆیی[9] ناو ببەین سەرەڕای ئەو نایەکسانییە گەورە ئابوورییانەی لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکاندا هەیە؟

کاڵهۆن: پێم وایە ناسیۆنالیزم بە شێوەی زۆرینە ئاسۆیییە. هەبوونی تێگەیشتنێکی ئاسۆییی بەهێز لە نەتەوە بۆ خۆی بەس نییە بۆ ئەوەی گەرەنتیی ئەوە بکەیت کە سیستەمێکی ئابووریی سەرمایەداریی زۆر نایەکسانیشت نابێت. ناسیۆنالیزم بنەمای بانگەوازکردنی خەڵکە بۆ ئەوەی کارێک بکەن و ئەو نایەکسانییە سنووردار بکەن. ئەو وڵاتانەی کە حکوومەتە سۆسیال-دیموکراتەکان بە ڕێوەی دەبەن زۆر جار یەکسانترن و سۆسیال-دیموکراسی وابەستەی بیرۆکەیەکی نەتەوەییی بەهێزە. ئەوە بەو مانایە نییە کە هێرشی بێگانەهەراسی[10] لە سوید و نەرویج بۆ سەر کۆچبەران ناسیۆنالیستی نییە. ناسیۆنالیستە و دەتوانێت ناسیۆنالیزمێکی قێزەوەن بێت. بەڵام کێشەکە کاتێکە کە خەڵک هەوڵ دەدەن لە خراپترین نموونەکانیەوە گشتاندن بکەن. ئەوان مەیلیان هەیە سەیری ئەڵمانیای نازی بکەن و سەیری پاکتاوی نەتەوەیی لە یوگۆسلاڤیای پێشوو بکەن. ناسیۆنالیزم ئەم شتە ناشیرینانەیە. بەڵام چاو لە دەستکەوتەکان و وەفاداری و دڵسۆزییەکان ناکەن.

ئەلیاسی: بۆچی ناسیۆنالیزم ئەوەندە سەرکەوتوو بووە؟

کاڵهۆن: ناسیۆنالیزم بە تایبەتی ئایدۆلۆژیایەکە کە زۆر پەیوەستە بە دەوڵەتی نەتەوەیییەوە و یارمەتیدەرە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێک کە وەڵامی دەوێت. ناسیۆنالیزم لەسەر ئەم پرسیارانە دەڕوات: کێ لە ناوەوەیە، کێ دەتوانێت دەنگ بدات، کێ دەتوانێت پاسپۆرت وەربگرێت و کێ ئەندامە [لەو کۆمەڵگەیەدا]؟ سەرهەڵدانی دەوڵەت پەیوەست بوو بەم پرسیارەوە. سەرهەڵدانی دەوڵەت جۆرێک لە پۆتانسێلی دروست کرد و ناسیۆنالیزمی بەهێزتر کرد. ئایدۆلۆژیاکانی تری وەک ئایینیش سەرنجڕاکێشن. تەنانەت بینێدکت ئەندەرسۆن، ناسیۆنالیزم لەگەڵ ئایین و خزمایەتی بەراورد دەکات تا لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکانی دیکەی وەک لیبڕالیزم و سۆسیالیزم. ئێمە سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا ئایینییەکانمان وەک ئوممەی ئیسلامی بینیوە کە زۆر جار بە ڕاشکاوی سەروونەتەوەیین[11]. ئوممە لە دژی دابەشبوون لە لایەن ناسنامە نەتەوەیییەکانەوە دامەزراوە. چاوەڕوان دەکرێت موسڵمانان جەخت لەسەر یەکگرتووییی خۆیان لەگەڵ موسڵمانانی دیکە بکەنەوە. کڵێسەی کاتۆلیکیش بەو شێوەیە. کەواتە ئایین بەراوردێکی گرنگە لەگەڵ ناسیۆنالیزم. بەڵام بە بۆچوونی من ناوەندێتیی دەوڵەتەکان بۆ شێوازی ڕێکخستنی سیستەمی جیهانی مۆدێرن، جۆرێک لە خواستی وەڵامدانەوەی ئەوەیە کە کێ بە شێوەیەکی ڕەوا بەشێکە لە دەوڵەت، چ کەسانێک خەڵکی ئەو دەوڵەتەن؟ هەر بۆیە پێشتر باسی دیموکراسیم کرد. ناسیۆنالیزم لە ڕاستیدا بە هەوڵدان بۆ هەبوونی سەروەریی جەماوەر[12] لە دەوڵەتێکدا بەهێزتر دەبێت. ناسیۆنالیزم هەمیشە ئایدۆلۆژیایەکی نێودەوڵەتییە و تەنیا پرسی یەک دەوڵەتی نەتەوەیی نییە و هەمیشە لە جیاکاری لە نێوان “ئەوان” و “ئێمە”دا گەشە دەکات. کەس تەنها بە بیرکردنەوە لە “ئێمە” نابێتە نەتەوەیی بەبێ ئەوەی بیر لە “ئەوان” بکاتەوە یان دژایەتی “ئەوان” بکات. بۆ نموونە ئەوروپا لە پرۆسەیەکدا دەبێتە نەتەوەیی کە جیاوازی و دژایەتی بەرهەم دەهێنێت و دەتوانێت بزووتنەوەی سەرووسنووری بۆ دیموکراسی دروست بکات. زۆر جار ئەم بیرۆکەیە ناسیۆنالیستی نییە، بەڵکوو ئەوە بیرۆکەی نەتەوەیە کە گرینگە. ئەوە کلیلی تێگەیشتنمانە لە ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزم وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی جەخت لەسەر نەتەوە دەکاتەوە. وێناکراو[13] دژایەتی لەگەڵ واقیع[14] نییە. بیرۆکەی نەتەوە ئەوەیە کە پێکەوە کار بکەین و هیچ شتێک لە یەکتر جیامان نەکاتەوە.

ئەلیاسی: ئایا بیرۆکەی نەتەوە گوزارشت لە نەبوونی ناسنامە ناکات؟

کاڵهۆن: بەڵێ، بە دڵنیایییەوە. من پێم وایە نەتەوە ڕاستییەکی پێش-بوون[15] و پێشوەختە نییە. ئەوە نییە کە پێشتر هەبووبێت. هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی پەیوەندیکردن و توانای پەیوەستبوونەوە نەشونما دەکەن. ئەگەر ڕێگاوبانتان نەبێت، ناتوانن هەموو وڵات بەیەکەوە ببەستنەوە کە لە بەرامبەردا دەتوانێت هەستی یەکانگیریی نەتەوەیی کەم بکاتەوە. ئەوە کە تا چەند یەکگرتوویی بوونی هەیە یان بەرهەم دێت، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. نەتەوەکان زیاتر لە لایەن دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک قوتابخانە و میدیا و پەیوەندی و گواستنەوە و ژێرخانەکان و هەمووی ئەو شتانەی کە پەیوەندی دروست دەکەن، بەرهەم دەهێنرێن. ئەمە دەتوانێت کەم ببێتەوە و دواتر یەکگرتنی ئەوروپی بە دەست بهێنیت. خەڵکێکی زۆر وا گریمانە دەکەن کە نەتەوەکان دوای یەکگرتنی ئەوروپی بە شێوەیەکی خۆبەخۆ لە بەین دەچن، بەڵام پێم وا نییە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە هەبێت. لە ڕاستیدا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا و دوای قەیرانی دارایی، پێچەوانەکەی ڕووی داوە. لە زۆر ڕووەوە ئەوروپا زیاتر ناسیۆنالیست بووە. بەڵام نابێت وا بیر بکەینەوە کە ناسیۆنالیزم تەنیا ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی ڕاستڕەوی دابڕاوە لە میللەت. لە جیهانی سێیەمدا خەڵک هەوڵیان دەدا جیاوازی دابنێن لەوەی کە بڵێن من ناسیۆنالیست نیم بەڵام باوەڕم بە ڕزگاریی نەتەوەیی هەیە. بەڵام من دەڵێم ناسیۆنالیزم هەمووی لەسەر ئەو ڕزگارییەیە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبیدا ئەو پرسیارەت هەیە کە میللەت چییە؟ ئایا عەرەبە؟ ناسیۆنالیزمی پان-عەرەبییە؟ لە ماوەی سەدەی بیستەمدا ناسیۆنالیزمێکی پان-عەرەبی زۆر بەهێزت هەبوو وەک جەمال عەبدولناسر (١٩١٨-١٩٧٠). میراتەکەی لەنێو ڕژێمەکانی بەعس لە عێراق و سوریا بوونی هەبووە. ناسیۆنالیزم عادەتەن خەریکی نوێبوونەوەیە. لەم بارەیەوە، بەڵگاندنی سەرنجڕاکێش هەیە. هەندێک کەس دەڵێن نەتەوە هەمیشە بووە و بەشێکە لە ئەتنیسیتەی ڕابردوو (ئەنتۆنی سمیت). بەردەوامی هەیە بەڵام هەندێک گۆڕانکارییش هەیە. گریمانە دەکرێت کە نەتەوە کۆنەکان بگۆڕدرێن بۆ ناسنامەی نەتەوەییی مۆدێرن (ئەنتۆنی سمیت) لەکاتێکدا کەسانی دیکەی وەک هۆبسباوم و ڕەنجەر پێیان وایە کە هەمووی پەیوەندیی بە نەریتە داهێنراوەکانەوە هەیە و نیشانی دەدەن کە ئەم نەریتانە لە سەردەمی کۆنەوە نین بەڵکوو تەنها لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە داهێنراون. تەنها لەبەر ئەوەی ئەم نەریتانە لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە هاتوون، نەتەوە و نەریتەکان وەک ڕاستەقینە سەیر ناکرێن. بەڵام لێرەدا هۆبسباوم و ڕەنجەر ئەو خاڵە لە بەرچاو ناگرن کە ئەوەی باسی دەکەن پرۆسەی گونجاندنە لەگەڵ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بە قەبارەیەکی گەورەتر و ژیانی مۆدێرنەوە (گێلنەر). نەتەوە [لێکەوتەی] گۆڕانکارییەکە و بە تەواوی نوێ نییە، چونکە ڕەگوڕیشەی پێشوویان هەیە و سمیت لەم ڕووەوە دروستی بۆ دەچێت. بەڵام نەتەوەیش تا ئاستێک نوێیە و نوێبوون، بیرۆکەی نەتەوە بێ‌ئیعتبار ناکات. هۆبسباوم پێی وایە ئەگەر تەنها بتوانێت خەڵک بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە نەتەوەکان دەستکردن و جۆرێکن لە هۆشیاریی درۆیین، ئەوا نەتەوە ئیتر گرنگیی نەدەما و لە بەین دەچوو چونکە ئەو کاتە تۆ لە ڕێگەی خوێندنەوەدەرمانی[16]، هۆشیارییە درۆیینەکەت سەبارەت بەو بیرۆکەیەی کە نەتەوە داهێنراوە چارەسەر کردووە. ئەم قسەیەی هۆبسباوم قسەیەکی بێسەروبەرە. بیرۆکەکانی یەکانگیری دەتوانن هەڵکشان و داکشانیان هەبێت و لە درێژاییی زەماندا گۆڕانیان بەسەردا بێت. من باوەڕم بە بیرۆکەی هۆشیاریی ڕاستەقینە یان دروست بەرامبەر بە هۆشیارییەکی ساختە نییە. من باوەڕم وایە کە تێگەیشتنگەلێک هەیە کە ئێمە چۆن چاکتر یان خراپتر دەبین و دەرەنجامەکانیان چین. بۆ نموونە دەتوانیت بە ناسیۆنالیستە سکۆتلەندییەکان بڵێیت کە پارتی نەتەوەییی سکۆتلەندا شیکاریی ئابووریی خراپی هەیە و بۆیە نابێت باوەڕیان پێیان هەبێت یاخود دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن و لە ئینگلیز جیا ببنەوە. بەڵام دەست پێ مەکەن بە سکۆتلەندییەکان بڵێن ئێوە ناسیۆنالیستی ڕاستەقینەن. هێرش مەکەنە سەر ناسیۆنالیزم، هێرش بکەنە سەر سیاسەتی ئابووری و وەڵام بدەنەوە بە ئەوەی چی دەتوانێت بۆ نەتەوەی سکۆتلەندا باش بێت! بۆیە پێم وایە بەشێکی زۆری باسی ناسیۆنالیزم، بیرۆکەی بێسوودی جیاکاریی وەک ئەم بیرۆکەیە دروست دەکات کە دەتوانیت بە نیشاندانی ئەوەی کە نەتەوە لە ڕووی مێژوویییەوە نوێیە لە شەڕی نەتەوە ڕزگاری پەیدا بکەیت. ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نییە.

بە بۆچوونی من بۆ هەموو نەتەوەیەک، ئەوەی پێشتر و لە مێژوودا هەبووە لە بنیاتنانی نەتەوەدا گرنگە. چین لە ڕاستیدا پێش کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم نەتەوە نەبوو. بەڵام بە دڵنیایییەوە زمان و کولتوورێکی چینی هەبوو و کۆمەڵەگۆڕانکارییەکی نوێ لە ساڵانی ١٨٩٠ تا ١٩١٠ هاتنە ئاراوە کە شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکیان لەبارەی چایناییبوونەوە و خەیاڵی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کۆمەڵگەی چایناییبوون گۆڕی. سەرهەڵدانی خەیاڵێکی ناسیۆنالیستی، لەگەڵ ڕزگاربوون لە ئیمپراتۆرەکان و هەروەها ڕزگاربوون لە ئەندێشەی کۆن دەربارەی چایناییبوونەوە دەستەویەخەیە. ئەوە نەک هەر ڕاستڕەوەکان بەڵکوو چەپەکانیش بوون کە دژایەتیی ئیمپراتۆرەکانیان دەکرد و ویستیان لە ڕێگەی نەتەوەییبوونەوە بە شێوازێکی نوێ مۆدێرن ببنەوە. هەندێک لە کۆمۆنیستەکان لە چین سڕینەوەی جیاوازیی چینایەتی لە پێشەنگ دادەنێن، بەڵام ئەوان ناسیۆنالیستی کۆمۆنیستن، چونکە هێشتا سەرنجیان لەسەر [کۆمەڵگەی] چینە. هەندێکی تریش دەڵێن ئەمە تەنها بەهێزکردنی نەتەوەیە. هەم چەپ و هەم ڕاست لە چین ناسیۆنالیست بوون، چونکە بەهێزکردنی نەتەوەیان وەک ئامانجی سەرەکیی خۆیان دادەنا.

ئەلیاسی: بە باوەڕی تۆ ئایا ناسیۆنالیزم پابەرجایە؟

کاڵهۆن: ناسیۆنالیزم بەشێکە لە جیهان. پێم وا نییە کە بۆ هەمیشە بمێنێتەوە. هیچ شتێک لە ژیانی مرۆڤدا هەرمان نییە. لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرن و سیستەمی سەرمایەداری، نەتەوە و دەوڵەتەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و ئاسان نییە تەنها بڵێین بیرۆکەی نەتەوە وەلا نێن و باقیی ئەم ڕێکخستنەی جیهان بهێڵنەوە. ئەگەر هەندێک شێوازی تەواو جیاوازی ڕێکخستن هەبوایە، ئەوا ڕەنگە بگۆڕێت بەڵام من ئەو گۆڕانە نابینم ڕوو بدات. لە هەندێک شوێن جۆرێک لە گەڕانەوەی ئەندێشەی ئیمپراتۆری دەبینم.

ئەلیاسی: بیر لە ڕووسیا دەکەیتەوە؟

کاڵهۆن: بەڵێ، من بۆ نموونە بیر لە ڕووسیا دەکەمەوە. کەواتە پێکدادان و گرژییەک لە نێوان ناسیۆنالیزمێکی بەهێزی ڕووسی و بیرۆکەیەکی ئیمپراتۆریی تر بۆ بنیاتنانەوەی جیهان هەیە. بەڵام ئەوە دژایەتییەکی تەواو نییە چونکە ئەگەر بیر لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی بەریتانیا بکەیتەوە، ئەوە لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتەکەیدا ڕووی داوە.

ئەلیاسی: مشتومڕەکانی هاوچەرخەکان سەبارەت بە پاش-ناسیۆنالیزم[17] چۆن دەبینیت؟

کاڵهۆن: وەشانی[18] کورتی وەڵامی من بۆ ئەم باسە ئەوەیە کە دژایەتییەکی درۆیینە لەگەڵ ناسیۆنالیزم هەیە و ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە کە خەڵک خەیاڵی ئەوە دەکەن کە ناسیۆنالیزم لەنێو دەچێت و هەموومان دەبینە جیهان‌وەتەن (و لێم مەپرسن ئەمە یانی چی؟). ئایا مەبەستیان یەک جیهانە، یان یەک حکوومەت یان مەبەستیان کولتوورەکانە وەک تێکەڵاوێک لە هەموو جیهاندا؟ هەندێک جیهانوەتەنخواز هەن وەک چالاکوانانی مافی مرۆڤ و یان کەسانێک کە گوێ لە مۆسیقای جیهانیی دەگرن و بە چەندین زمان دەدوێن (هەرچەندە کەمترن لەوەی چاوەڕێی دەکەین). پێم وایە خەیاڵی خاوە  و ئارەزووئەندێشەیییە کە بڵێین ناسیۆنالیزم لە بەین دەچێت و ئێمە دەبین بە هاووڵاتیی جیهانی. بەڵام ئایا دەتوانیت وەک هاووڵاتییەکی جیهانی پاسپۆرت وەربگریت؟ فۆرمەکانی تایبەتتری پێوەندارێتی[19] هێشتا گرنگن. کەوایە نابێت پاش-ناسیۆنالیزم، بە توندی لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمدا دابنرێت؛ واتە ئێمە لە ناسیۆنالیزمەوە دەڕۆین بۆ پاش-ناسیۆنالیزم و لە پاش-ناسیۆنالیزمەوە تێدەپەڕین بۆ جیهانوەتەن‌خوازی. بیرۆکەی جیهانوەتەن‌خوازی لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە پێشتر شوناسی کولتووری دواکەوتوومان هەبووە و ئێستا خۆمان لەوە ڕزگار دەکەین و لە جیهانێکی کۆسمۆپۆلیتی مەنتقیتر و عەقڵانیتردا بەشداری دەکەین. پێم وایە بزووتنەوەکە لە فۆرمێکی بیرۆکەی کولتوورییەوە بۆ فۆرمێکی کولتووریی دیکەیە. جیهانوەتەن‌خوازەکان گرنگی بە پاشخانی چینایەتیی خۆیان نادەن. نەتەوەکان دەتوانن زیاتر جیهانوەتەن بن، وەک بۆ نموونە لە لەخۆگرتنی کۆچبەران باشتر بن. هەندێک نەتەوە لەم بارەوە خەریکن باشتر دەبن. ئەڵمانیا وڵاتێک بوو کە لە لەخۆگرتنی کۆچبەران زۆر خراپ بوو و ئێستا کەم تا زۆر بۆ داهاتووی ئابووری خۆی بڕیاری داوە کە پێویستە لە لەخۆگرتنی غەیرە ئەڵمانییەکاندا باشتر بێت، بەشێوەیەک وابزانن ئەلمانیا ماڵی خۆیانە. ئەڵمانیا درک بەوە دەکات یەکەم: پێویستی بە ئەندازیار هەیە بە هەموو جۆرەکانیەوە، دووەم: پێویستی بە کرێکار هەیە، سێیەم: دانیشتووانێکی بەساڵاچووی هەیە کە کێشە بۆ ئابووریی ئەڵمانیا دروست دەکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەڵمانیبوون ئایدۆلۆژیایەکی تا ڕادەیەک نالێبوردە[20] بووە. پێشتر ئەڵمانییەکان وەک ئیمانوێل کانت باسی جیهانوەتەن‌خوازییان دەکرد و دواتر ئایدۆلۆژیایەکیان گرتە بەر کە لەسەر بنەمای باڵادەستی و سەرتری ڕەگەزی دامەزرابوو. جیهانوەتەن‌خوازی و ناسیۆنالیزم هەموویان لە ئەڵمانیا بوونیان هەبوو. پێم وایە کاتێک مرۆڤەکان دەبنە جیهانوەتەن‌خواز، ناسیۆنالیزم بەشێکە لەو پێناسەیە، چونکە ئیتر نە جیهانوەتەن‌خوازی و نە ناسیۆنالیزم، ئەوە نییە کە دەستبەرداری هەموو شتە نەتەوەیییەکان بیت و ببیتە جیهانوەتەن. پێویستە زیاتر بیر لە وڵاتەکەت بکەیتەوە، وەک لەخۆگرتنی جیاوازی و فرەکولتوورخوازی لەوێدا و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لە نێوان وڵاتەکەت و وڵاتانی دیکەی جیهاندا.

ئەلیاسی: چۆن لە بێدەوڵەتی و ناسیۆنالیزم دەڕوانیت؟

کاڵهۆن: دەتوانیت بە دوو شێوە باس لەمە بکەیت. ئەندامێتیی نەتەوەیی کاریگەریی لە ئازار و ڕەنجی گەلانی بێدەوڵەتدا هەیە. هانا ئارێنت دەڵێت بێدەوڵەتی تراژیدیای گەورەی جیهانی مۆدێرنە. ڕێگەچارە چییە؟ هەڵوەشاندنەوەی ناسیۆنالیزم یان بەدەستهێنانی ئەندامێتیی دەوڵەت بۆ خەڵکانی بێدەوڵەت؟ ئەمەش بەردەوام بەسەر پەنابەراندا ڕوو دەدات. من دەڵێم دەوڵەت-نەتەوە هێشتا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و ئەمەیش پیشانی دەدات کە بێدەوڵەتبوون چەندە کێشەدارە، تا چەند کۆچی زۆرەملێ ئیعتبار لە خەڵک دەسەنێتەوە. تۆ دوکتۆر بوویت و لە کۆتاییدا چونکە خاوەنی دەو‌ڵەت-نەتەوە نەبوویت بوویتە پاککەرەوە یان شۆفێری تاکسی. پێم وایە کە ناسیۆنالیزم دەتوانێت لەم ڕووەوە باش یان خراپ بێت. ڕێگەچارە بۆ دەوڵەتەکان ئەوە نییە کە زیاتر ناسیۆنالیستی بن بەڵکوو گۆڕینی توانای وڵاتانە بۆ لەخۆگرتن و دانپێدانانی کۆچبەران. یەکەم: پێم وا نییە کە هەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، مەحاڵە و پێم وایە بەم شێوە مەبەستەکەت نەپێکاوە. دووەم: پێویستە نەتەوە بگۆڕین بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوەتر و پەزێراتر. من سەبارەت بە بیرۆکەی “لەودیوی ناسنامە[21]” لەگەڵ بروبەیکەر و کوپەردا هاوڕا نیم. ئەمەش جیهانوەتەنەکانم بیر دەخاتەوە کە پێیان وایە ناسنامە بۆ پێوەندارێتییە کۆنەکان دەگونجێت نەک ئەو شتە نوێیانەی کە ئێمە وەریاندەگرین.

ئەلیاسی: ڕێناتۆ ڕۆساڵدۆ لە کتێبەکەیدا ‘کولتوور و حەقیقەت: سازاندنەوەی شیکاری کۆمەڵایەتی[22] (١٩٩٣) باس لە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیبوون، کولتوور و دەسەڵات دەکات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆن گرووپە سەردەستەکان زۆر جار خۆیان لە ناونانی کولتووری/قەومی دەپارێزن و ناسنامەی پاش-قەومی یان پاش-کولتووری وەردەگرن.

کاڵهۆن: گرووپێک هەن ئەو ئیدیعایە دەکەن. پێم وایە نابێت پێناسەکانیان قەبووڵ بکەین کە ئەوان کولتووری نین یان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە قەومی نین بەڵام ڕواڵەتیان زۆر سپیپێست دەردەکەوێ، هەموویان بە ئینگلیزی قسە دەکەن و ئەوە نییە کە چین و کولتوور و نەتەوە و ڕەگەز نەبێت بەڵکوو ئیدیعای ئەوانە کە ئەو شتانە نییە. دەبێت لە شیکردنەوەی ئیدیعاکانیان و وەسفکردنی ئایدۆلۆژیاکانیان وریا بین. ڕاستە گرووپێک هەن پێیان وایە چین و ڕەگەز و نەتەوەیان تێپەڕاندووە بەڵام ئەمە ئایدۆلۆژیایەکە چونکە لە شێوازە نوێیەکانی تایبەتمەندبوونیان ئاگادار نین. ناسنامەیەکی کولتوورییان هەیە و تا ئێستا کەس لە کولتوورەکان تێنەپەڕیوە. پێم وایە هەندێک کەس وا بیر دەکەنەوە کە توانیویانە کولتوور تێپەڕینن، بەڵام ئەمە زیاتر بە گۆڕانی کولتوورییەوە پەیوەندیی هەیە و هەندێک کەس دەتوانن کەمتر گرنگی بە نەتەوە بدەن. ئەوە ڕاستە؛ دەتوانیت ببیتە ئەفسەری هاوکارییەکی فرەنەتەوەیی و بە ڕاستی فرەنەتەوەیی کار بکەیت. ئەو کەسایەتییە نوخبەیەی کۆمپانیاکان کە بە جیهاندا دەگەڕێت و بە سێ زمان قسە دەکات و جیهان‌وەتەنە هێشتا ناسنامەیەکی کولتووری و ناسنامەیەکی چینایەتیی هەیە و ڕەنگە پاسپۆرتی وڵاتێکی هەبێت کە ئاسانکاری بۆ ئەم کەسە دەکات سنوورەکان ببڕێت. کەواتە ئەو کەسە بێدەوڵەت نییە لەبەر ئەوەی توانای سەفەرکردنی لەسەر بنەمای بێدەوڵەتییەکەی نییە بەڵکوو چونکە خەڵکی دەوڵەتێکە بە پاسپۆرتی موعتەبەرەوە. ئەگەر پاسپۆرتی سودانیت هەبێت لە هەموو سنوورێکدا کێشەت بۆ دروست دەبێت. لەم بارەوە ناهاوسەنگی[23] و نایەکسانییەکی زۆر هەیە. هەر بەم شێوەیە: کە ئەندامانی گرووپە باندەستەکان بە هەڵە لە تایبەتمەندییەکانیان تێدەگەن و بە هەڵە دەیناسن. ئەو کەسانەی کە ژێردەستەن، ئاگاداری ئەمەن، چونکە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەم نایەکسانییانە دەبنەوە. بەڵام ئەوانەی باندەستن توانای لەبیرکردنی ئەو نابەرابەرییەیان هەیە چونکە ژێردەستەکان بۆ ئەوان کار دەکەن. فۆرمێکی تایبەت و گرینگە لە ئیمتیازات. ئەگەر ئۆتۆمبێلت هەبێت، بیر لەو کەسانە ناکەیتەوە کە ئۆتۆمبێلیان نییە. هەمیشە لەبیرکردنی جیاوازییەکان لەلایەن خاوەن ئیمتیازەکانەوە هەیە.

ئەلیاسی: لە ئۆکسفۆرد چاوپێکەوتنم لەگەڵ پەنابەرێکی کورد کرد کە لە سووریاوە هاتبوو، وتی ڕۆژانە بیر لە کوردستان و ناسنامەی کورد و بێدەوڵەتی دەکەمەوە. چۆن لەم دۆخە دەڕوانیت؟

کاڵهۆن: ئەمە ئەو شتەیە کە من هەوڵ دەدەم باسی بکەم؛ کاتێک دەڵێم ناسیۆنالیزم هەندێک جار دەتوانێت باش بێت وەک چۆن بینێدکت ئەندەرسۆنیش ئاماژەی پێ دەکات. دووەم: ناسیۆنالیزم تەنها هەڵەیەکی فیکری نییە کە پێم وایە هەڵوێستی هۆبسباوم لەسەر ئەمەیە و ناسیۆنالیزم بە هەڵەیەکی فیکری دەزانێت، هەروەک ئەگەر بە ڕاستی مارکس بخوێنیتەوە دەزانیت کە پێویستە ناسنامەیەکی چینایەتیت هەبێت نەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی. من دەڵێم نەخێر، مرۆڤی کورد بە دروستی تێدەگات و نەک هەر هەستیارییە بەڵکوو بیری دەخرێتەوە کە پێویستە کار بۆ نەتەوەکەی بکات و ئەمە گرنگە.

ئەلیاسی: یەکێک لەو چرکەساتە ئازاردەرانەی بۆ ئەو کوردانە کە لە سوید و بەریتانیا چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کردوون، پەیوەندیی بەو پرسیارەوە هەیە کە: خەڵکی کوێیت؟ بۆ زۆرێک لەوانە بڵێن کە هاووڵاتیی سویدین یان بەریتانیایین، بەس نییە وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری خەڵک سەبارەت بە پێوەندارێتییان. جگە لەوەش زۆرێک لەو کوردانە دەیانەوێت بڵێن خەڵکی کوردستانن. ئەوان دەیانەوێت ناسنامەیەکی کوردستانی وەربگرن. هەندێک لە هاووڵاتییە باندەستەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا کێبڕکێ لەسەر بوونی کوردستان دەکەن و بە کۆچبەرە کوردەکان دەڵێن ئەگەر بە ڕاستی کوردستان بوونی هەیە لەسەر نەخشە نیشانی بدەن.

کاڵهۆن: بەڵێ، بە ڕاستی خەڵکی کوێیت؟ بە ڕاستی دایک و باوکت خەڵکی کوێن؟ ئارەزوو و خواستی نەتەوە بەو مانایە لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا کە ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدایە، تەواو مەنتقییە. کورد کۆنترۆڵی سیاسیی بەسەر وڵاتەکەیدا نییە و بە تەواوی بەشداری و یەکگرتووییی نییە و شانسی ئابووریی یەکسانی لەو دەوڵەتانەدا نییە. ئێستا لە عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو مافانە دەدەن. کوردستان وەک کولێرەیەکی گەنمەشامی[24] وایە کە ئێران بەشێک لەو کولێرە دەبات، عێراق و سووریا و تورکیا هەریەکەو بەشێکی دەبەن. کەواتە لە هەر یەکێک لەو وڵاتانە کەسێکی تر یان ئایدۆلۆژیایەک باڵادەستە و زۆرێکیان ئایدۆلۆژیای باڵادەستی نەتەوە و بنیاتنانی نەتەوەیییان هەبووە. بۆ نموونە مستەفا کەماڵ ئەتاتورک تورکایەتیی مۆدێرنی دروست کرد و کورد وەکوو کێشە بۆ ئەو پڕۆژەیە سەیر دەکرا. کەم تا زۆر هەمان شت لەگەڵ بەعسییەکان لە عێراق و سووریادا ڕووی دا کە ڕژێمی ناسیۆنالیستی مۆدێرنیان ساز کرد. ئەگەر هەڵاواردنێک بەرامبەر کورد نەبووایە، ئەگەر بە ڕاستی بیرۆکەی نەتەوەیی، یەکسانیی هەمووانی لە خۆ بگرتبا، ئەوا هاندەرێکی کەمتر بۆ تەرکیزکردن لەسەر ناسنامەی کورد لە ئارادا دەبوو و ڕەنگە هەر وەکوو پرسێک بووایە و دەتوانیت بڵێیت کە پرسێکی تەواو کولتووری دەبوو. بەڵام ئێستا هەمیشە و لە هەموو حاڵەتێکدا هەم کولتووری و هەم ماددییە چونکە وەرگرتنی زانکۆکان، چاپکردنی کتێب بە زمانی خۆت، دەرفەتی ئابووری و چۆنیەتیی مامەڵەی خەڵک لەگەڵ تۆ، لێکەوتەی ماددیی هەیە. ئەمانە بارودۆخی ماددین کە هۆبسباوم بە هەڵە ڕاڤەی دەکات و بە چەمکی چینایەتی بە باشی دەرکی پێ ناکرێت. ئەوانە بە ڕاستی گرنگن. ئەندێشەی ناسیۆنالیستی، ئەو بیرۆکەیە کە ئێمەی (کورد) پێویستمان بەوەیە کوردستانێکی سەربەخۆمان هەبێت، بە هەلومەرجی ماتریاڵی نایەکسانیی ڕاستەقینەی ژیان بەهێزتر دەبێت و ئەمە هەڵەیەکی فیکری نییە. ئەمە کێشەیە چونکە بنیاتنانی کوردستان سەختە. سەختە نەک هەر بەرامبەر هەر یەکێک لەم دەوڵەتانە کە کورد تێیدا ژێردەستە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە کوردەکانی ئەم دەوڵەتانە بە تەواوی لەگەڵ یەکتردا ناگونجێن. پێکهێنانی کوردستان، هەم پڕۆژەی یەکخستنی کوردە، هەم پڕۆژەی جیاکردنەوەی کوردە لە ئەوانی دیکە. ئەمە تەقریبەن بۆ هەموو پڕۆژەیەکی نیشتمانی لە قۆناغە ئیجرایییەکانی بەراییدا ڕاستە. پڕۆژەیەکی نەتەوەیی دەبێت یەکیەتیی نەتەوەیی دروست بکات و هەروەها ئیدیعایەکی سەرکەوتوو بۆ سەربەخۆیی لە ئەوانی دیکەی هەبێت. ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت بە شێوازی پێشکەوتنخوازانە بە هەندێک ئایدۆلۆژیا یان بە شێوازی زۆر پاشکەوتووانە ئەنجام بدرێت. زۆرێک لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان لە باسی جێندەردا زۆر خراپن. ئەوان پەیوەندییە جێندەرییە پیاوسالاره زۆر نایەکسانەکان قەبووڵ دەکەن و تەنانەت دەیانخەنە ناو بیرۆکەی نەتەوەییی خۆیانەوە و دەڵێن: ‌”ئەمە نەریتی ئێمەیە و دەبێت نەریتی خۆمان بپارێزین”. بەڵام هەندێک بزووتنەوەی نەتەوەیی جیاوازن و دەڵێن بیرۆکەی نەتەوەییی مۆدێرن ئەوەیە کە ژنانیش بەشێکن لە میللەت. ژنانیش دەبێ مافیان هەبێت. پەکەکە تا ڕادەیەک لەو بوارەدا سەرکەوتوو بووە. ئەمەیش بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەییی ئێریتریاش دەگونجێت. ئەم گرووپە ناسیۆنالیستییانە زۆر جار زیاتر سۆسیالیستین و سەبارەت بە مافەکانی ژنان ئەندێشەی گۆڕانخوازییان هەیە. زۆرێک لەناو پەکەکەدا ئەو بیرۆکەیەیان هەیە کە شۆڕش لە یەک کاتدا هەم کۆمەڵایەتییە و هەم نەتەوەیییە. پەکەکە بەمۆدێرنکردنی ژیانی کورد، پەیوەندییە جێندەرییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیی وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییی خۆی چاو لێ کردووە.

ئەلیاسی: ڕات لەسەر بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی سەردەست و ژێردەست[25] چییە؟

کاڵهۆن: پرسیارێکی گرینگت هێنا ئاراوە. ناسیۆنالیزمەکان لەم ڕووەوە جیاوازییان هەیە. واتە جیاوازی هەیە لە نێوان ناسیۆنالیزمی کوردی یان ناسیۆنالیزمی فەڵەستینی کە بە دوای دەوڵەتدا دەگەڕێن و ئەو ناسیۆنالیزمانەی بەرگری لە دەوڵەت دەکەن، وەک ئەوەی ئێمە پێشتر دەوڵەتمان هەیە و پێویستە لە بەرامبەر کەسانی دەرەکیدا بەرگریی لێ بکەین. لە هەموو حاڵەتێکدا ناسیۆنالیزمی سەردەست و ژێردەست هەیە. تەنانەت لە فەرەنسا کە پێمان وایە حاڵەتی توندڕەوی فۆڕماسیۆنی نەتەوەیییە، خەڵکی شاری بێرن بوون (شوێنی لەدایکبوونی پیێر بۆردیۆ)، بە بەراورد لەگەڵ خەڵکی پاریس بوون و سەر بە نوخبەی ئەوێ بوون، وەشانێکی ناسیۆنالیزمی ژێردەستەیە. لە هەموو شوێنێک ناسیۆنالیزمی سەردەست و ژێردەست هەیە. ناسیۆنالیزم بەپێی شوێنەکان و هەلومەرجەکان فۆڕمی جیاواز بە خۆوە دەگرێت. ئەمە دەتوانێت تەواوی نەتەوە بێت لە پەیوەند لەگەڵ حاکمییەتێکی ئیستعماریدا یان لە ناوخۆی نەتەوەدا لە پەیوەند لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەییدا. کەواتە لە زۆربەی وڵاتاندا وەشانێکی باڵادەستیی ناسنامەی نەتەوەیی هەیە و ئەمەش یەکێکە لەو شتانەی کە هەمیشە لە کاتی باسکردن لە ناسیۆنالیزم دەرکی پێ ناکرێت. ئەو بیرۆکەیەی کە تەنیا واقیعێکی یەکگرتووی کولتووری و نەتەوەیی هەیە و هەمیشە گومڕاکەرە چونکە بەردەوام پڕۆژەیەکی کەم و زۆر گشتگیر و لەخۆگرە و جۆرەکانی نایەکسانی و فەرقوفرووقی ناوچەییی لەگەڵدایە. زۆر کەس بە توندی ناسیۆنالیستن بەڵام دەتوانن بڵێن ئەم ناوچەیە لەو ناوچەیە باشترە. ئەندێشەی نەتەوەیی دەبێت بە شێوەیەک نایەکسانییەکان بسڕێتەوە بەڵام هەمیشە ئەو کارە ناکات.

ئەلیاسی: ئیتاڵیا نموونەیەکی باشە.

کاڵهۆن: بەڵێ ئیتاڵیا نموونەیەکی زۆر باشە. چینیش نموونەیەکی دیکەیە. بیرۆکەیەک هەیە کە چاینای ناوەوە بە جۆرێک زیاتر چاینایییە. لە لایەکەوە بیرۆکەیەک هەیە کە ئەگەر لە چیندا بیت ئەوا چایناییت [بێ تەماشاکردنی ناوەند و قەراغ]، لە لایەکی ترەوە ئەگەر خەڵکی ئەم ناوچەیە ناوەزێڵە (ناوەوەی چین) بیت، ئەوا زیاتر چایناییت. ئەگەر خەڵکی ناسنامەی نەتەوەییی “هان” بیت، زیاتر چایناییت. ناسنامەی هان وەک پێناسەکردنی ناسنامەی چاینایی و چایناییبوون سەیر دەکرێت. بەڵام ژمارەیەک کەس هەن کە لە گرووپەکانی ترن لە چین و بە زمانی جیاواز قسە دەکەن. زمانی نڤیساری چاینایی لە هەموو شوێنێک یەکشێوەیە بەڵام زمانی قسەکردنی جیاواز لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چین هەیە کە زۆر جار لە یەکتر تێناگەن. لە چین کاتێک دەچیتە کۆنفرانسی ئەکادیمی زۆر جار چینییەکان دەبێت تێبینی یەکتر بگوازنەوە بۆ ئەوەی بۆ یەکتر ڕوونی بکەنەوە کە چی دەڵێن. بۆ نموونە یەکێکیان بە زمانی کانتۆنی قسە دەکات و ئەویتریان بە زمانی ماندارین قسە دەکات. بە تەواوی هەمان نووسینە بەڵام زمانی قسەکردن جیاوازە، ژمارەی تۆنەکانی جیاوازە. هەمان وشە دەتوانێت بە زمانێک بە مانای دایک و بە زمانەکەی تریش بە مانای ئەسپ بێت. مەسەلەکە ئەوەیە کە هۆشیارییەکی نەتەوەییی بەهێز لە چین هەیە و ئیدیعای چایناییبوون دەکات بەڵام لە ناوخۆدا جیاوازیی هەیە. هەندێک لە خەڵکی چین زۆر جار بە شێوەیەکی بەهێز ئەو ئیدیعایە دەکەن. کەوایە دابەشبوون بە ژێردەستە و باندەست هەر وەک چۆن لە نێوان ناسیۆنالیزمەکان و سوڵتە دەرەکییەکاندا هەیە، لە نێوان یەک نەتەوەشدا هەیە.

ئەلیاسی: چەمکاندنی بێدەوڵەتی لە سەدەی بیستەم و بیستویەکەمدا تا چ ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە؟ (بە دەسپێک لە هانا ئارێنتەوە).

کاڵهۆن: زۆر. ئارێنت شتە سەرەکییەکانی خۆی سەبارەت بە بێدەوڵەتی لە دەوروبەری ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم و لە پەیوەندیی لەگەڵ ئاوارەبوونی گەورەی پەنابەراندا وتووە. بیرۆکەی ئەو لە بێدەوڵەتی، زیاتر لەژێر باندۆری ئەزموونی جوولەکە و هەروەها ئەوانی دیکە فۆڕمڕێژ بووە. ئەزموونی جوولەکەکان یەکێکە لە مێژووی دوورودرێژی ئاسمیلەکردن و گواستنەوە و بێدەوڵەتی و خەساری لاوازی و هێرش. تایبەتمەندییەکی جیاوازی بێدەوڵەتیی هاوچەرخ، ئیدیعای سەرزەوین و خاکە. ئارێنت بە تایبەتی زایۆنیست نەبوو و پشتیوانیی ئیسڕائیلی نەدەکرد. بۆ فەڵەستینییەکان، بۆ کورد و گەلانی دیکەی بێدەوڵەت، بیرۆکەیەکی ڕوون هەیە کە دەوڵەتەکانیان دەبێ لە کوێ بن. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم سەرزەوینانە وەک دەوڵەتی خۆیان بە فەرمی نەناسێندراون. کورد سەرزەوینی خۆی دەناسێت بەڵام خەڵکی تر بە فەرمی نایناسن یان ناهێڵن سەرزەوینی خۆیان هەبێت. لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا ئێستا، جیهان زۆر زیاتر بە کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتی و دانپێدانانی مافەکانی مرۆڤ، پرۆتۆکۆڵ و دەزگاکانی مامەڵەکردن، لەگەڵ بێدەوڵەتیدا هەڵسوکەوتی کردووە. ئێمە وەڵامێکی ڕێکخراوترمان هەیە بۆی. لەماوەی ٣٠ یان ٤٠ ساڵی ڕابردوودا جیهانێکی سەرمایەداریی دارایی و خێراتربوونی جیهانیبوون هاتە ئاراوە و لەو جیهانەدا گەڕانەوە بۆ کۆچکردن لەگەڵ قۆناغی دوای جەنگ کە ئاستی کۆچکردن زۆر بەرز بووە، بەراورد دەکرێت. هەندێک گرووپی بێدەوڵەت توانییان ئەندامێتیی دەوڵەت بە دەست بهێنن و هەندێکیش نەیانتوانی. کەواتە هەلومەرجێکی گشتی بۆ بێدەوڵەتی نەبووە و هەموو دەوڵەتەکان هەوڵیان دەدا کەم تا زۆر ئیدیعای ناسیۆنالیزمی مافی لەدایکبوون (هاووڵاتینامە) بکەن. بەدەستهێنانی هاووڵاتینامەی فەرمی زیادی کردووە؛ هەرچەندە ئێستا ئەوروپا هەوڵی داخستنی سنوورەکانی دەدات. گۆڕانکاریی گەورە لە سەردەمی هانا ئارێنتەوە ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە زۆر زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە کە هاووڵاتینامەی فەرمی بە دەست بهێنرێت، بۆیە سوید نموونەیەکی کلاسیکە لەم ڕووەوە. ئایا بە وەرگرتنی هاووڵاتینامەی فەرمیی سویدی دەبیتە سویدی؟ مانای دوولایەنەی هەیە. بەڵێ دەتوانیت بچیتە قوتابخانەی سویدی و بە سویدی قسە بکەیت و پاسپۆرتی سویدیت هەبێت، بەڵام وەک سویدییەکی ڕاستەقینە سەیر ناکرێیت چونکە سویدیی ڕاستەقینە بە واتای ئیتنۆ-ناسیۆنالیست دێت. زۆرێک لە خەڵکی بێدەوڵەتی هاوچەرخ لە ڕووی ناسنامەیەکی نەتەوەیییەوە بێدەوڵەتن بەڵام لە ڕاستیدا خاوەنی دۆخی دەوڵەتین. زۆرینەی فەڵەستینییەکان توانای وەرگرتنی پاسپۆرتیان لە ئەمریکا یان ئەوروپا هەیە، بەڵام هەندێکیان لە فۆڕمی ئەوپەڕی بێدەوڵەتیدان و لە کەمپی پەنابەراندا دەژین و بەڵگەنامەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان[26] هەیە. بۆیە پێم وایە ئەو بێدەوڵەتییە بەو مانایە ئاڵۆزتر بووە. خەڵکی بێدەوڵەت دەتوانن لە دەوڵەتێکدا هاووڵاتی بن بەڵام ئەو هاووڵاتینامەیەیان لێ بسەنرێتەوە. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە هانا ئارێنت لە کارەکانیدا دەیڵێت. جوولەکەکان لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیادا ئاسمیلە کران و کاتێک نازییەکان هاتن، بە جوولەکەکان گوترا کە ئیتر ئەڵمانی نین و هاووڵاتینامەی ئەڵمانییان لێ سەندەوە. ئارێنت دەڵێت کە ئەمە دەتوانێت دووبارە ببێتەوە. پێم وایە کە هەمیشە نائەمنییەت هەیە بەڵام تەنها ئەوە نییە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم دوو هەستی بێدەوڵەتی هەیە، ئەویش حاڵەتی توندی فەڵەستینییەکانی دانیشتووی لوبنانە کە بەڵگەنامەی سەفەریان نییە، هەروەها حاڵەتی خەڵکی دیاسپۆرایش هەیە کە ڕەنگە لە هەر وڵاتێکدا بووبێتن هەستیان بە نائەمنییەتی هەمیشەیی کردبێت تەنانەت ئەگەر هاووڵاتینامە و مافی خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ئەوانی تریشیان پێ درابێت. هەستی بێدەوڵەتی لە بەین ناچێت و ڕەنگە چەندین نەوە بخایەنێت تا کاڵ ببێتەوە. دیاردەی ڕۆماکان لەبارەی بێدەوڵەتییەوەیە بەڵام هەروەها ڕوانگەیەکی بێڕێزیکردن بە ڕۆماکان هەیە کە ڕۆما گەلێکی خراپە.

ئەلیاسی: بەشێک لەو کوردانەی وتووێژم لەگەڵ کردوون، ڕۆماکان وەک میتافۆرێک بۆ بێدەوڵەتی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی گوایە ناسنامەیەکی سەرزەوینیی جێگیریان نییە، دۆخێک کە دەیانەوێت لێی هەڵبێن و نایانەوێت پەیوەندییان پێوەی هەبێت. ئایا بە ڕاستی دەکرێت ناسنامەیەکی ناشوێنی[27] هەبێت؟

کاڵهۆن: جوولەکەکان نموونەیەکی باشن. زایۆنیزم ناسنامەی شوێنیی بۆ جوولەکەکان لە ئیسرائیل دروست کرد. لە بنەڕەتدا زایۆنیزم ویستوویەتی بڵێت “ئێمەی جوولەکە پێویستمان بە شوێنێک و سەرزەوینێکە بۆ ئەوەی ناسنامەی جوولەکەبوونەکەمان سەقامگیر بێت”. کەواتە سەرزەوین و خاک هەموو جۆرە کێشە و گرفتێکی لەگەڵ هەیە، وەک شەڕ، بەڵام لە ڕادەبەدەر بەهێزە. لە هەمان کاتدا ناسنامەی نەتەوەییی تا ڕادەیەک بەهێز هەن کە هەمان جۆری سەرزەوینی جێگیریان نییە. پرسی ماڵدیڤ، گەلێک کە دوورگەکەیان بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە ژێرئاو کەوتووە و ئەگەر شوێنێک هەبێت کە خەڵکی لێ بێت و لە ناکاو نەمێنێت، بۆ ناسنامەی نەتەوەییی خۆیان چی دەگەیەنێت؟ لەوانەیە لە ئوسترالیا یان هەندێک شوێنی تر کۆتایییان پێ بێت و هۆشیارییەکی نەتەوەیی بهێڵنەوە. کەواتە پەیوەندیی نێوان ئەو کەسانەی کە لە شوێنێکی تردا نەتەوەیین و لەگەڵ ئەوەی بە ئیستیلا‌‌ح لە وڵاتی خۆیاندا نەتەوەیین، شتێکی گەورەیە. بە باوەڕی من ئەمە بۆ کوردستان ڕاستە. هەرچەندە کوردێکی زیاتر لە هەندێک وەشانی کوردستانی هێزەکیدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی هەیە، بەڵام ژمارەی کەیسی فەڵەستینییەکان، ئەو ڕێژەیەی کە لە شوێنێکی دیکەدایە زۆر زیاترە. کاتێک ناسنامەی نەتەوەیی لە لایەن کەسانێکەوە زیندوو دەهێڵرێتەوە کە لە شوێنێکدا ناژین کە پەیوەندییان بە نەتەوەوە هەبێت، ئەوە بە ڕاستی ئەو ناسنامە دەگۆڕدرێت.

ئەلیاسی: فەڵەستینی هەیە پێی وایە ئەو فەڵەستینیانەی وڵاتیان بە جێ هێشتووە “خیانەت”یان لە ماڵی نەتەوەییی فەڵەستین کردووە و ڕێگەیان بۆ داگیرکاری و نیشتەجێبوونی ئیسرائیل خۆش کردووە.

کاڵهۆن: تەنانەت خەڵکی ئیرلەندییش کە ڕوویان لە ئەمریکا کردووە. بۆچی خەڵکی ئیرلەندی ئەمریکی پارەیان بۆ سوپای کۆماریخوازانی ئێرلەندا دەنارد؟ بەڵێ، چونکە هەستیان بە تاوانباریی دیاسپۆرا دەکرد.

ئەلیاسی: تێگەی دیاسپۆرای بێدەوڵەت چۆن دەبینیت؟

کاڵهۆن: پێم وایە کە تێگەکە مانای هەیە و زۆر گرنگە کە مرۆڤەکان چۆن پەیوەندییان بە دەوڵەتە ئەگەرییەکانەوە هەیە.

ئەلیاسی: ڕات چییە لەسەر فۆرماسیۆنی ناسنامەی دیاسپۆرا؟

کاڵهۆن: خەڵکی دیاسپۆرا سەبارەت بە کولتووری نەتەوەیی لەچاو ئەو کەسانەی کە لە زێدی خۆیان دەژین، خۆپارێز و موحافزکارترن. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بیریان دێتەوە کاتێک لە زێدی خۆیان بوون شتەکان چۆن بوون. کەواتە ئەوەی کە خۆیان لەگەڵیدا دەناسێنن، کولتوورێکی نەتەوەیییە کە لەسەر بنەمای یادەوەرییەکی ئایدیالیزەکراو دامەزراوە. بۆ ئەو کەسانەی کە لە شوێنێکی دیکەی دەرەوەی نیشتیمانی سەرەکیی خۆیان دەژین، ژیانی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگەی دەوروبەریدا بەراوەرد دەکەن و بیر لە بەرگریکردن لە ناسنامەکانیان و کولتووری نەتەوەیی دەکەنەوە. بە هۆی ئەو ڕۆڵەی کە لە ژیانیاندا دەیگێڕێت ئاسانترە بۆیان کە کولتووری نەتەوەیی مۆمیا[28] بکەن و لە ڕووی کولتوورییەوە دیدێکی خۆپارێزانەتریان هەبێت بۆی. تۆ کوردایەتی لە بەستێنی خۆکەسیی[29] ژیانتدا ڕێک دەخەیت، بۆیە لە کۆتاییی حەفتە یان ئێواراندا لەگەڵتە و لە ڕۆژی کاردا کەمتر جەختی لەسەر دەکرێتەوە. ئەمە پەیوەست دەبێت بەو چالاکییە کولتوورییانەوە کە دەتوانیت بە جۆرێک لە جۆرەکان کوردایەتی بکەیتە کردەیی. لە لایەکی ترەوە کەسێک لە ئەنادۆڵ دەژی، ئەوان هەموو کاتێک کوردن لە هەموو ئەو کۆدەقە جیاوازانەدا. ئەمە هەمان جۆری قەڵیشت لە نێوان بەشی کوردی و ناکوردیی ژیان لە نیشتمانە سەرەکییەکەدا نییە. ئەو خۆپارێزییە بە ئەم قەڵیشتەی دیاسپۆرا گڕوتینی پێ دەدرێت.

ئەلیاسی: ڕات چییە لەسەر چەمکی هاووڵاتیی بێدەوڵەت؟

کاڵهۆن: هاووڵاتیبوون چەمکێکی دەوڵەت-تەوەرە. من وەک میتافۆرێک ڕاڤەی دەکەم نەک تەنها وەک بابەتێکی تەوسیفی.

ئەلیاسی: چۆن شرۆڤەی ئەوە بکەین کە کورد هەیە هاووڵاتینامەی سویدی/ بەریتانی وەردەگرێت هەرچەندە بە جۆری ژێردەستە بەڵام هێشتا ئیدیعای بێدەوڵەتی دەکات؟

کاڵهۆن: پێم وایە ئەمە پەیوەندیی بە هۆشیاریی دووفاقەوە[30] هەیە کە ئێمە دەوڵەتمان نییە. ئەو “ئێمە”ی کە من وەک کوردێک خۆی پێ دەناسێنم، دەوڵەتی نییە بەڵام من دەوڵەتم هەیە بە شێوەیەک کە دەتوانم پاسپۆرتی بەریتانی یان سویدی خۆم بە کار بهێنم. دەتوانم دەنگ بدەم و کار بکەم. بەڵام لە کۆتاییدا، چ شتێک وەک “ئێمە”یەکی موعتەبەر ئەژمار دەکرێت. کەواتە لە سوید ئایا تۆ “ئێمە” بە کار دەهێنیت بۆ ئەوەی خۆت و سویدییەکان بگرێتەوە و ئەمە چ کاتێک؟ هەروەها ئێوە ئاگاداری زۆر کۆدەقن لە سوید کە تۆ بەشێک نیت لە “ئێمە”. ئەم “ئێمە” و “ئەوان”ـە هەستی بێدەوڵەتی بەهێزتر دەکات.

ئەلیاسی: ئایا پێت وایە ئەو “بەردەنگی زەروورە[31]” کە زانایانی وەک ڕیچارد کیلی، فرانک بێچۆفەر و دەیڤید مەکرۆن (2005) لە وتارەکەیاندا بە سەرناوی “لەدایکبوون، خوێن و پێوەندارێتی: ئیدیعای ناسنامە لە سکۆتلەندای دوای وەرگرتنی دەسەڵاتدا[32]“، بۆ پێناسەکردنی گرووپە سەردەستەکان باسی دەکەن، لەسەر پێکهاتنی ناسنامەی خەڵکی بێدەوڵەت باندۆر دادەنێت بۆ ئەوەی خۆیان بە بێدەوڵەت پێناسە بکەن؟

کاڵهۆن: بەڵێ، کاریگەریی زۆری لەسەری دەبێت. بە گشتی ناسنامەی باڵادەست کاریگەریی لەسەر پێکهاتنی ناسنامەیان هەیە. بەڵام گرینگایەتییەکەی بەستە بەوەی چەندە هەستێکی بەهێزی پێوەندارێتی بە نەتەوەی دیاسپۆراوە بپارێزیت نەک نەتەوەی میواندار، بەپێی ئەوەی کە نەتەوەی میواندار چەندە پێشوازیی لێ دەکات و چەندە دەرفەتت بۆ یەکگرتن بۆ دەڕەخسێنێت، جیاوازە. کەواتە تۆ کۆمەڵێک نموونەت هەیە، سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە هەندێک کاتدا کراوەن بەو مانایەی کە بەدەستهێنانی هاووڵاتینامەی فەرمی تا ڕادەیەک ئاسانە بەڵام داخراون بەو مانایەی کە سەختە ببیتە ئەندامی فەرهەنگی. ئەوەش بە پێچەوانەی ئەمریکایە، کە سەختی و ئاسانی گرتنی هاووڵاتیی فەرمی لە هەڵکشان و داکشاندایە. بەڵام ئاسانترە ببیتە ئەندامێکی فەرهەنگی چونکە لە خۆتێگەیشتنی[33] فەرهەنگی لە ئەمریکادا لەسەر بنەمای مۆزایکێک لە فەرهەنگە جیاوازەکان دامەزراوە. ئەگەر سپیپێست بیت ئاسانترە لەوەی کە سپی نەبیت. پێم وایە تا نەتەوەی میواندار زیاتر یەکگرتن و پێوەندارێتیی تەواو و قەبووڵکردن سەختتر بکات، خەڵک زێدەتر هەست بە ناسنامەی سەرەکیی خۆیان لە وڵاتانی دوورەدەستیان دەکەن.

 ئەلیاسی: ئیلینۆر کۆفمان لە وتارێکدا سەبارەت بە “کەسایەتییە جیهانوەتەنەکان: هاووڵاتیانی ئیمتیازدار و دەرەکییە نەتەوەیییەکان[34]” (٢٠٠٥) باس لە جوولەکەکان دەکات لە ئەوروپا کە لە ڕووی مێژوویییەوە وەک دەرەکییەکی ناوەوە[35] بیریان لێ کراوەتەوە، ئەمەش تا ئاستێک لە مشتومڕە هاوچەرخەکانی دژەموسڵمانان لە ئەوروپا دەچێت. بەڵام لە ڕووی مێژوویییەوە جوولەکەکان وەک کەسێکی تەواو ئاسمیلەکراو سەیر دەکران و بەم شێوەیە وەک مەترسییەک دەنوێندرانەوە. ئەمڕۆ موسڵمانان بە تەریک و جیاکەوتە دەبیندرێن کە لە کۆمەڵگەیەکی هاوتەریب لە ئەوروپادا دەژین.

 کاڵهۆن: ئەمە بە باوەری من ڕاستە. بابەتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بەوەی کەسانی بیانی و نامۆ، چ کاتێک ڕاکێشەرن و چ کاتێک خراپن. لە ئەڵمانیا، سەد ساڵ لەمەوبەر، جۆرێک لە کولتووری ڕۆشنبیری هەبوو کە بە شێوەی ڕۆژهەڵاتناسییەکی تەلتیفکراو زۆر خەریکی ئیسلام بوو، بەهیخۆکردنێکی کولتووری[36] لە ئارادا بوو و تا ئاستێکیش لەبەر ئەوەی هیچ موسڵمانێکی ڕاستەقینە لەوێ نەبوو. ئەو موسڵمانانەی لەوێ بوون جۆرێک لە ڕاکێش و سەیروسەمەرە بوون، لە کاتێکدا جوولەکەکان وەک کێشەیەک سەبارەت بە ئەڵمانییەکان سەیر دەکران. ئەمە دەگۆڕێت. ئێستا، هۆشیاریی ئەڵمانی دەڵێ موسڵمانان کێشەن و لێرە زۆرن و ئەوەی لێرە دەیکەن گۆڕینی ناسنامەی ئەڵمانیایە. کولتووری موسڵمانەکان ئیتر سەرنجڕاکێش نین. لە لایەکی ترەوە دوای هۆلۆکۆست جۆرێک لە سەرسامیی سەرنجڕاکێش بۆ جوولەکەکان هەیە، کاتێک جوولەکەکان لە ئەڵمانیا خۆیان نیشان دەدەن، خەریکە دەیسەلمێنن کە ئەڵمانیا چیتر ئەڵمانیای خراپ نییە و وەک شتێکی زۆر ئەرێنی ئەزموون دەکرێت. بڕوانن! جوولەکەکان لێرەن و ئێمەش وەک باپیرە و داپیرە ئەڵمانییەکانمان خراپ نین! کەواتە پێچەوانەبوونەوەی هەڵوێست بۆ موسڵمانان و جوولەکەکان ڕووی داوە.

ئەلیاسی: دەتوانی باسێک دەربارەی دیاسپۆرای بێدەوڵەت (بۆ نموونە کورد و تامیل) و دیاسپۆرای دەوڵەتدار (بۆ نموونە تورک) بکەیت؟

کاڵهۆن: مەسەلەی دەسەڵات و هۆشیاری، دووفاقەیییە. کاتێک بێدەوڵەتیت، هەمیشە دەبێت بۆ هەموو کاروبار و کەلێن و قوژبنەکانی ژیانت دەوڵەتەکانی تر بە کار بهێنیت. لاوازی و خەسار بەرامبەر بە جۆرێک لە برینداری و لاوازیی بەردەوامیی هەلومەرج یان سووکایەتیپێکردن بە هۆی ئەوەی لە لایەنێکی بێدەوڵەتەوە هاتوویت. نموونەی ئێوەی کورد کە دەیەوێت بڵێ خەڵکی کوردستانم بەڵام ناتوانێ لەسەر نەخشە، کوردستان پیشانی خەڵکی بدات. ئەمە لاوازی و خەساری ئەو وەزعییەتەیە. ئەگەر لە وڵاتێکی هەژاریشەوە هاتبیت، وڵاتێکت هەیە و شانازییەکت هەیە و لەگەڵ هەموو کەسێکی دیکە کە وڵاتێکی هەیە، یەکسانیت. بەڵام ئەگەر لە دۆخێکی بێدەوڵەتییەوە هاتبیت، ئەوا تۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان لەم بێبەشی و تەنگەژەیەدای و بەردەوام ئامادەیت بۆ ئەوەی سوکایەتیت پێ بکرێت و بخرێیتە خوارەوە بە هۆی ئەو سەختییەی کە دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەیتەوە کە خەڵکی کوێیت؟ چی بکەین لەم بارەیەوە؟ زۆربەی تیۆریستەکانی جیهانوەتەنی وتوویانە کە دەبێ هەموومان بێدەوڵەت بین. بەڵام بێدەوڵەتی زۆر ترسناک دەردەکەوێت بۆیە بە ڕاستی پێویستە ئیمکانەکانی ئەندامێتیی کاریگەرانەی دەوڵەت دروست بکەین و کراوە بین بۆ دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان. پێم وا نییە ئەو چارەسەرە کە هەموو کەسێک بێدەوڵەت بێت، زۆر واقیعی بێت. دەبێت دانە دانە لەگەڵ نموونەی بێدەوڵەتەکان هەڵسوکەوت بکەیت و بزانیت ئەگەرەکان چین؟ بەڵام ئەمە ئاسان نییە. پێشبینیی من بۆ کورد ئەوە نییە کە کوردستانێک هەبێت بەڵکوو ڕەنگە دوو سێ کوردستان هەبێت نەک کوردستانێکی یەکگرتوو. ئەمەش بۆ ناسیۆنالیزمی کورد بە شێوەیەکی مەترسیدار تێکدەر دەبێت. ئاسان نابێت تەنها بڵێین هەموومان یەکین و هەموومان کوردین. وەک عەرەبی لێ دێت. خەڵک دەیانەوێت عەرەب بن بەڵام هەر میسری و تونسی و ئوردنین.

ئەلیاسی: بۆچی پێت وایە ناسیۆنالیزمی گرووپە سەردەستەکان، داگر و گشتگیر سەیر دەکرێن لەکاتێکدا ناسیۆنالیزمی گرووپە ژێردەستەکان وەک جوداخواز سەیر دەکرێن کاتێک مرۆڤە بێدەوڵەتەکان باس لە چارەی خۆنووسینی نەتەوەیی دەکەن؟

کاڵهۆن: کاتێک دەوڵەتێکت دەوێت یان دەتەوێت دەوڵەتێک بگۆڕیت، ئەمە تێکدەرانەیە. ئەگەر سەر بە لایەنی سەردەستی دەوڵەت بیت، دەتەوێت بەردەوام کۆنترۆڵی سیاسی بمێنێتەوە. لەبەر ئەوە نییە کە یەکێکیان ناسیۆنالیستە لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان نییە. مەعموولە کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان دەڵێن ئەمریکا ناسیۆنالیست نییە بەڵکوو فرەکولتوورییە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر ناسیۆنالیستە بەو پێیەی کولتوورێکی نەتەوەییی زۆر باڵادەستی هەیە و دەسەڵاتی دانانی یاساکەی هەیە. گرووپە باڵادەستەکان ناسیۆنالیستن بەڵام دان بەوەدا نانێن. ئەوە یەکێکە لە ئیمتیازەکانی باڵادەستبوون کە توانای ئەوەت هەیە ئەوەی دەیکەیت وەک بابەتێکی سروشتی ببینیت نەک وەک باڵادەستبوون. بەڵام ئەگەر ژێردەستە بیت، ئەوا ئەو ئیمتیازەت نییە. تۆ بەردەوام دەزانیت ئەوەی دەیکەیت لەم پەیوەندییەدایە.


[1] . دەقی ئینگلیزی ئەم وتارە لە ساڵی 2014 لە گۆڤاری ‘خوێندنەوە کوردییەکان Kurdish studies’، بەرگی 2، لاپەڕەی 61-74 بڵاوە کراوەتەوە.

[2] . post-national.

[3] . context.

[4] . social solidarity and loyalty

[5] . Nations Matter

[6] . national solidarity

[7] . loyalty

[8] . Labour پارتی کرێکاران کە بنکەکەی لە بەریتانیادایە.

[9] . horizontal comradeship

[10] . xenophobic attacks

[11] . transnational

[12] . popular sovereignty

[13] . Imagined

[14] . real

[15] . pre-existing fact                                                                                                                       

[16] . reading therapy

[17] . post-nationalism

[18] . version

[19] . belonging

[20] . intolerant

[21] beyond identity

[22] . Culture & Truth: The Remaking of Social Analysis

[23] . asymmetry

[24] . کالهۆن لە دەقەکەدا وشەی pieدەکار دەکات، pie جۆرە شیرینی یا dishێکە (جا دەتوانێ میوە یا گۆشت یا کەیک بێت) تایبەت بەو فەرهەنگە . ئەمن بەپێی فەرهەنگی کوردی، لە وشەی کولێرەی گەنمەشامی کەڵکم وەرگرتووە کە لە حەسەنی قزڵجی قەرزم کردووە.

[25] . dominating and dominated na-tionalism

[26] . UNHCR

[27] . non-place identity

[28] . fossilise

[29] . private realm

[30] . double consciousness

[31] . crucial audience

[32] . Birth, blood and belonging: Identity claims in post-devolution Scotland

[33] . self-understanding

[34] . Figures of the cosmopolitan: Privileged nationals and national outsiders

[35] . exotic outsiders

[36] . cultural appropriation