زەم

     تێبینی: ئەمە بەشی دووەمی چیرۆکەکەیە، بەشی یەکەمیشی لە ژنەفتن بڵاوکراوەتەوە. لە فایلی (pdf)ەکەدا هەموو چیرۆکەکە بڵاوکراوەتەوە.

٢

دوای ئەو شەوەی کە ڕۆیشتەوە دایکم وتی ئەم کاسە لێسەی چڵکاوخۆرە سفەت و بەقای بۆ کەس نییە، نانخۆر و سفرەدڕ، وەک پشیلە گوو بە خاوەنی خۆیا ئەکا، ئاخر بێژە تۆ خۆت چیت ئەم هەموو دەمەلاسکێ و دەملارکردنەوەت لە خەڵک، شێتەی بەرەڵڵا. هەر لە دایکە شێتەکەی ئەچێت ئەویش تابوو دەمی لە خەڵک لار ئەکردەوە، ئەوەی وا دەم لە خەڵک لار ئەکاتەوە خۆی دەمی لارە، بوختانچی و کەتم کەرانە، بۆیە خوا سڕی هەڵماڵیون.

جگەرە و ژێرجگەرەکم هەڵگرت و هاتمە ژوورەکەی خۆم، دایکم هەر لەبەر خۆیەوە ئەیوت، دیانە دەسکردەکانی لە دەمی دەرهانی و خستیە جامێ ئاوەوە، قومێ ئاوی لە دەمی ڕادا و هاتەوە هاڵەکە، جێ و پێخەفەکەیم بۆ ڕاخست، چووم درگای دەرەوەم پشت خست و چراکانم کوژاندەوە، لە سەر دۆشەکەکەی دانیشبوو و جگەرەیەکی داگرساندبوو، پرسیم کە بیانکوژێنمەوە، کوژاندمەوە، مژێکی لە جگەرەکەی دا و لەناو تاریکیی هاڵەکەدا گەشایەوە، هاتمە ژوورەکەی خۆم و درگاکەم پێوەدا، هەر لەبەر خۆیەوە ئەیوت؛ خوایە بێ ئیمان نەمانکوژی، خوایە من چاوم لە هیچۆ نەبووە بە قسەی خەڵک،  ئەو ڕۆژە خۆی پڕی داوەتە ئەو ژنە کرێکارە، شەواڵپیسی دایکەخۆگێ، وەیەک ها بە ناوچاویۆ. نەمزانیبوو کە دایکیشم بیستوویەتی، کاتێ وتی دایکەخۆگێ هێندەی تر لە بەرچاوم پەست بوو، نەمویستبوو بۆ دایکمی بگێڕمەوە، تەنانەت ڕووی گێڕاندنەوەکەیشیم نەبوو، کاتێ زانیم ئەویش بیستوویەتی ئەو کارە و “م” هێندەی تر لە بەرچاو قیزەون بوو. دایکم بریندار بوو بەر خنجێری قسە و ڕەفتار کەوتبوو. لەنێو سەرمدا وەک شیوێکی چۆڵ و هۆڵ وشەی دایکەخۆگێ دەنگی دایەوە و جاریکی تر بیستمەوە، دوو جار خۆگێ هاتەوە ناو سەرم و خەریک بوو بیتەقێنێ.

هێزی دەسبردنم بۆ هیچ شتێک نەبوو، هیچ کتێبێک داڵغەکانمی دوور نەئەکردەوە و خەمەکانمی نەئەڕەواندەوە، تەنیا شتێ کە ئەیتوانی هەموو شتێکم لە بیر بباتەوە و پەردەپۆشی بکا  وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێ خەو بوو، خەوتم.

بەیانی تۆزێک درەنگتر لە جاران خەبەرم بووەوە. لە سەر ئاودەستخانەکە بووم، شێری ئاوەکەم کردبوۆ تا پیسی و گمیزەکەم لەگەڵ خۆی ببات، ماتم کردبوو، ئارام و لە سەرەخۆ خەریکی خۆ خاڵی کردنەوە بووم، ماوەیەک بوو لە بیری ئەوەدا بووم کاتی دانیشتن و پیسی کردنەکانم بخەمە قاوەتوون، سەرەت بەیانی و دوای خەبەربوونەوە وەختێ باش نەبوو و لە ڕۆیشتنە دەرەوە بۆ دەر و دەشت دوای ئەخستم، بەتایبەت دانیشتنەکانی من کە بڕێجار کفنیان بۆ ئەبڕیم تا ئەهاتمە دەرەوە، بە ئاوەکە کایەم ئەکرد و ئەو داحبا چکۆلانەی لە کاسەکەوە هاتبوونە دەر کە لە مچ و مێش ئەچوون جارێکی تر بە دەم ئاوەوەم ئەدان و ئاو ئەیبردن، یا تاڵێک موو کە لە کاسەکە کەوتبوو ئاوەکەم لێ ئەگرت.

  دایکم بەپەلە درگای بەرهەیوانەکەی کردەوە و لەگەڵ کردنەوەیدا وتی؛ ڕاکە شەڕە، ڕاکە. خێرا شلنگی ئاوەکەم لە خۆم گرت، ویستم هەڵسمەوە گوویەکی جێماوی ناوادە یەخەی گرتم، زانیم کاتم زۆر بەفیڕۆ داوە لە ئاودەسخانەکە، ناچار دانیشتمەوە، تەقەی تفەنگێ لە دەرەوە تەکانێکی پێدام، زۆرم کرد و تینم داو خێرا لە کۆڵ خۆمم کردەوە، بەپەلە ڕامکردە دەرەوە، ئەو تکە ئاوانەی بە ناوگەڵمەوە بوون تک تک ئەتکانە خوارەوە، هەر درگاکەم کردەوە لە سەر کۆڵانەکەی خۆمان چەن کەس ئەملاولای ” م” یان گرتبوو و بەرەو ماڵ خۆیان ئەیان بردەوە، یەک چرکە دیم، تەورداسێک لە دەسیا، ڕەنگی سپی هەڵگەڕابوو، بێ قسە لای ئەکردەوە بەرەو شوێنی شەڕەکە، توند هەناسەی ئەدا، خێرا بە پاڵ پێوەنان دووریان خستەوە، ئەینەڕاند بۆ نەمرم ئەو حیزانە زاڵ بن بە سەرما. نەتەزانی لە کێ پرسی چی ڕووی داوە، ” م” شەو تا درەنگ وەخت لە ماڵی ئێمە بوو و بە کەیفەوە دەمی لە خەڵک لار کردبووەو، لەم شیڕەی مەلاژنا ئەم شەڕە بە کویا هەڵگڕاوە.

بەرەو شوێنی شەڕەکە چووم، کۆتایی پێ هاتبوو، “ح” لە نینۆکی پێیەوە تا تەوق سەری برین و خوێن بوو، خوێنەکەم ئەدی لە سەر کراسەکەی و شان و سینگیەوە قوڵپی ئەدا و ئەهاتە دەرەوە، خوێن تاڵەقژەکانی بەیەکدا لکاندبوو، خوێنەکە زیاتر ڕەشی ئەنواند تا سوور، هەستم کرد تا چرکەیەکی تر بە عەرزدا ئەکەوێ، کەوت. “ح” خرایە ماشینێکەوە و لە دێ دوور خرایەوە و بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کرا.

خەڵکەکە ئارام بووبوونەوە دوای شەڕەکە، ئاشتییان لەگەڵ دەروونی خۆیانا کردبوو، کێ خۆی بە نزیک لە ماڵی شەڕکەرەکان ئەزانی هەرکەسە و چووە ماڵی نزیکەکانی خۆی، لە هەرکەسم ئەپرسی چی ڕووی داوە وڵامم نەئەدرایەوە، وایان ئەزانی من ئاگادارم لەسەر چی بووە، نەئەکرا بڵێم لە ئاودەس بووم ئەم ئاژاوە نراوەتۆ. من و دایکم گەڕاینەوە بەرەو ماڵ خۆمان.

                                                      ٣

ڕاستییەکەی من هیچم نەدیبوو جگە لەوەی ئێوارەیەکی دێر، تاریکان ئەو کچە لەو ماڵە گەڕابووەوە، ئەوەی منی خستبووە گومانەوە دێر وەخت بوون و درەنگ ڕۆشتنەوەی بوو، بە تایبەت کە زانی من بینیومە ماوەیەکی فرە شەرمی لێ ئەکردم و خۆی لێ ئەشاردمەوە، یا کاتێ ئەیدیم ڕێزێکی زۆری لێ ئەگرتم، هیچ بە ڕوویدا نەم دەهانی کە گوایە گومانم لێ کردووە، نەمئەویست لێم بترسێ گەورەترین حەشاری خۆ شاردنەوەی ژن ترسە، نەمویستووە هیچکات ژن بکەمە ئەو حەشارەوە و لە پشتمەوە بیر بکاتۆ و بڕیار بدا. تەنانەت ئەو شەوە ئەم قسانەشم بۆ “م ” نەگێڕایەوە، بۆ دلنیا بوونی پێویستی بەم قسەی منە نەبوو.

   وتی گشتی کاری ئەو ژنەس کۆنەحیز و کۆنەدەڵاڵە، ژن ژێر دەوارەکەس، کێشاویەتییە ڕاو بۆ کوڕەکەی خۆی، تۆ نازانی ژن تەنیا بە ژن حیز ئەبێ، ئەو کچەش خۆی تەوری لەقە، مناڵ و نابەڵەوە، هەستایەوە سەر پێ پزووی پانتۆڵەکەی گرتوو و بە جێی چاکی کەوکەی ئەو لاری کردەوە و وەک خۆی لاسایی کردەوە چۆن سڵاو و هەواڵ پرسی ئەکات، کەمێ قوونی وەک ئەو لار کردبووەوە و دەریپەڕاندبوو، کە گوایە ئەوان هەروا بەڕێز و دەم و لەفز خۆشن، نەرم و نیانییەکەی مار لە کون یەنێتە دەر، ئەو زوانییە نەرمە بڕەی جەرگە بڕەس، کچەکەش تێکەوتووە، گوڵی داوە، خستوویەتیە تەڵەوە، وردە وردە کێشاویەتییە ڕاو، دوو ساڵە بناری داوە و بە چاو و برۆیا هەڵەدا، ژنیش کەرە چوار جار بڵێ جوانی ئەڵێ جوانم و ئەتپەرەستێ، ڕۆژێ دە جۆش کوتەکی لێ بدە و دواییا پێیدا هەڵبدە لە بیری نامێنێ. بە بنەماڵەیی وەهان دەڵاڵی یەکن و هەوسار بۆ یەکدی ئەگرن. کچەش خۆی وەهایە، تەیری گول عاشق بە داری ژەقنەمووتە، وێڵ کراو و هەوسار چڕاوە.

   دایکم لە بەینا وتی بنیام تا بە چاوی خۆی شتێ نەبینێ گوناحە ناوی ببات، کەس دۆس کەس نییە و ئەم خەڵکە لە ناتاشیاو ئەتاشێ، جگەرەیەکی داگرساندوو و بۆڵەیەکی لێوە هات بە دوایا وتی کارمان بەسەر کەسۆ نییە بۆسێ ڕێ پاک بێت خۆمانی پیا بچین، کەس لەم دنیا بە پاک نەماوە. ژێر جگەرەکەی تۆزێ جێبەجێ کرد و توێخڵێ شکاوی چکۆلەی تۆمی لە سەر قاڵییەکە چنییەوە و کردیە ناویەوە.

    تەڵاقم کەوتبێ لەم دنیا تەماحیان پێت نەبێت بمری لات لێ ناکەنەوە، خەڵک یا لەبەر پووڵ یا لەبەر ژنت یا کچت، شتێکت پێوە شک ئەبەن، ئەنا کەسی خاس کەس درگای لێ ناکاتەوە، ئەستەمە بێ تەماح گەرم بیگرن لەگەڵتا، لەگەڵ منا بۆ وانییە، لەگەڵ تۆیا بۆ وانییە، خراوین، یا ژن و کچ جوانمان نییە.

ڕۆژێ دە جار کچە خۆی بە ماڵیانا ئەکا لەبەر چییە، کوڕە کونیەکەشی دایمە وەک دەڵە گورگ لە ماڵۆ خۆی حەشارداوە. کاتێ وای ئەوت بە بیرما چوو کە سڵاوی کورد بێ تەماح نییە، چیرۆکێکە و هەزار قسە وەک قسەکان “م” ئەگێڕیتۆ. وتم کورد و سڵاو، بە خۆمم وت، من هەمیشە قسەکانم بۆ خۆم کردووە، تەنانەت کاتێکیش قسەم بۆ کەسێ کردووە لەگەڵ خۆمم بووە. ئەمە ڕۆژەکەس دێر یا زوو سک پڕیە کات، بە چاوی خۆمان ئەیبینین، ڕۆژێ دوو سەعات هالە باخەڵیا، بەردببارێ هیچ ژنت نەبێ.

    دیار بوو ئێمە تەنیا ماڵ نەبووین ئەو قسانەی تیاگێڕیابێتەوە، دوایین ماڵ بووین، دڵنیام دوایین ماڵ بووین، دوایین شەوێ بوو ئەو قسانەی تیا ئەگێڕیایەوە، لە هەرچی ماڵا کۆن بوو بوو جگە لە ماڵی ئێمە، قسە کەوتە سێ و دوو دیانە ئەکەوێتە سی و دوو ماڵە، بە هەرکە بگەشتایەی قسەیە نەبیستراوی پێ بوو لێیان، بوو بووە جاچکە خۆشەی دەمی هەمووان.

    ئەو شەوە کاتێ بەڕێم کرد وتم داینێین ڕاستیش بن خۆ ئێمە خۆمان هیچمان نەدیوە، وتی دڵنیابە لەم دنیا ئەوەی ئەیبیستی لەوەی ئەیبینی ڕاستتر و زۆرتر و تەواوترە، پشتی تێکردبووم و بە لادا بە پەلەکاندا ئەچوە خوار. وتم سەرچاو هاتی و درگاکەم پێوە دا.