چوار شیعر

لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی

“دوایین ستران”

ئانا،

ئاگات لێم بێ

بە پەنجە باریکەکانت پرچم دابێنە

گۆرانییەکم بۆ ئافراندووی.

وەرە بمشۆرە بۆ دوایین جار

لێم خۆشبە خۆشەویستم

وەک چۆن لە باوبۆران خۆش دەبی

کە بێ مەرام گەڵایان دەخەنە سنگی زەوی

لە ناو چەکمەجەکە پەڕەی نۆتەیەک هەیە،

بیکەرەوە بە هیواشی سترانەکە بێژە.

وەک دانپێدانانێکی پاک لێمی وەرگرە

پاشان پێم بێژە ئەگەر شتێکی

 مابوو بۆ تەواوبوون.


ئانا،

لەسەر مێزەکە سێوێک هەیە

چاوەڕێی پاک کردنە، 

خۆت پاکی بکەرەوە!

لەنێو گوڵدانەکە

گوڵێک هەیە تێنووی دڵۆپێک ئاوە

خۆت ئاوی بدە

ئەو شاڵە سپییەی کە بۆ دوو زستانە ناپۆشرێ

 تۆ بیپۆشە

ئەزیزم، ئەمێستا پەنجەرەکە بکەرەوە

دەبا لەززەت لە ئاوازی دارستان ببەی

 کە چۆن لەم وەرزەدا ڕووت دەبێتەوە.


ئای لە سەرمدا چ بێدەنگییەک زاڵە.

 هەست بە لەرزین و تامەزرۆیی هەوا دەکەیت؟

 ئەوە ڕۆحی پیرۆزە.

 لە ڕووخسارتدا وێنەی ئەو دەبینم

 ئەمن بەبێ تۆ ون بووم ئانا

 کوێرێکی سەرلێشێواو،

 کەڕ و سەمەرەم.

 ئانا،

 سەگەکە لە حەوشە دەگری

 هەست بە کۆچی ڕۆح دەکا،

 بەڵام چی لەو دیو دارستانەوەیە؟

 ئانا…

***

“ونبوونی منداڵێ”

منداڵێ ون بووە

ساڵی “1972” لەدایک بووە

تەمەنی چل و پێنج ساڵە

لە ڕۆژی پێنجشەممەدا،

کات: دیار نییە.

بە قژێکی ئاڵ و واڵاوە تا شانەکانی،

باڵای مەترێک و حەفتایە.

دەمی ونبوونی پاڵتۆیەکی سووری

دووگمە دارینی لەبەردابوو

پاپوچێکی سپی،

ڕەنگی جانتاکەی بێجییە.

تکایە،

هەر کەسێک دۆزییەوە

بیبا بۆ گۆڕەپانی یاری

لەلای شەقامی ئێلباسان،

 تەنیشت کۆنە کارگەکەی قوماش

دایکی لەوێ چاوەڕێی دەکا.


 واژوو: ئەمە تکایەکە

بۆ دۆزینەوەی منداڵێک

کە بۆ هەتاهەتایە ون بووە.        

  ***

  “کۆرپەکە”

 کاتێ لە گرتیخانە هاتە دەرەوە

خۆی و بوخچەکەی کۆڵی و شتە بچووکەکانی

 لە بەردەم قاوەخانەیەک وێستا.

 چەند قاوەیەکی خواردەوە

 دەگەڵ سەرخۆشێکدا تاوڵەیەکی کرد

 کە هیچ ڕکەبەرییەکی لەگەڵ وی نەبوو،

 پاشان بەرەو وێستگەی پاسەکان ڕۆیشت.


 لە ماڵەکۆنەکە

لە ناوەڕاستی سەربانە سووتاوەکەدا 

 گمەی کۆتران دەهات.

جلەکان بە خێچیەوە

لە گۆشەیەکی باخچەکە

بە تەلێکەوە هەڵخسترابوون

 لە خەیاڵیدا تەرمی وشکبووی

 مرۆڤگەلێکی جەنگە کۆنەکان بوون

بوخچەی شتە گچکەکانی

لە سەر زەوییەکە دانا و خۆیشی

 لە کن بیرە وشککردووەکەوە

لەسەر کەڤەرێکی گەورە دانیشت

و چاوەڕوان بوو…


درەنگانی پاشنیوەڕۆ

 وێ، دەرکەوت، لە دەرکەکەوە،

کۆرپەیەکیش زاری لە مەمکی توند کربوو

 بۆ تاوێک کەوتنە مشتومڕ

بەڵام، هەردوو شکستیان خوارد

 و بێدەنگ بوون.

 جانتاکەی دا بە کۆڵیدا و

 بەرەو دەرکەی پێشەوە ڕۆیشت.

 ئەویش، لە خانووەکەدا

 دەگەڵ  بنمیچە سووتاوەکە و 

 و کۆرپەکەی بەرمەمکی

 کە بە ئاستەم “نان”ی گۆ دەکرد…

***

“پێڵاوی پاژنەبەرز”


ئیدی پێڵاوی پاژنەبەرز لە پێ ناکەم.

بە کچەکەمم گوت، بۆ خۆت بیانبە.

 پێم گوت، هەست بە ئازاری جوانی بکە

 کاتێک دەڕۆیت کەمێک ژاوەژاو دروست بکە

چونکە ڕۆژێ دێ چیتر تۆش ئەوانەت ناوێ

ئەو ڕۆژەی کە تێدەگەی لەنێو زگی زەویدا

ئێمە بە پێی پەتییەوە هاتن و چوون دەکەین.

***


((باڵكێشە شیعرەکانت بە زمانێکی دیکە جیا لە زمانی زگماکیت ببینیت هەستێکە نابێت بە وشە و نایەتە زوان، بە کوردی کردنیشیان بەهایەکە لەکنم هاوتای نییە.

ئومێد، من بە زمانی ئەلبانیایی دەنووسم لەگەڵ ئەوەش خۆم شیعرەکانم وەردەگێرم بۆ یۆنانی سی و سێ ساڵە لە یۆنان دەژیم و پیر بووم لێرە، ئاخر چیرۆکی مرۆڤەکان کتێبگەلێکن کە بە بێدەنگی دەنووسرێنەوە. لە هەموو ئەمانە جوانتر لەبۆم ئەوەیە کە تۆ ئەم کارە لە پێناو خودی شیعر دەکەیت.))

ئاردیتا جاترو یەکێکە لە شاعیرە هاوچەڕخ و نایابەکانی ئەلبانیا، چوار کۆمەڵەشیعر و ڕۆمانێکی هەیە، ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵە شیعرییەکەی بە ناوی “٦٦ کیلۆ تەنیایی” لە وەشانخانەی “ترانسێدەنت زیرۆ” لە ئەمەریکا چاپ و بڵاو کرایەوە. شیعرەکانی ئاردیتا بەردەوام لە بڵاوکراوە ئەدەبییە نێودەوڵەتییەکان و ئەنتۆلۆژیای شیعری جیهانیدا بڵاو دەکرێنەوە، لە ساڵی ١٩٩٠ تا بە ئێستا لە (یۆنان_ ساڵۆنیکی) دەژی.


photo_2024-01-03_13-52-58

سەرنجێک بنوسن