شیکارییەکان و بزووتنەوەی ژینا

بۆچی شیکارییەکان بە باشی شەقامی کوردی ناپێکێت؟

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم زۆر بە کورتی بە هێنانەئاڕای پرسیارگەلێک لە ناوەزێلەی شەقامی کوردی بە تایبەت لە سەروبەندی بزووتنەوەی ژینادا، ئەو گریمانە بوورووژێنم کە شیکاری ئاکادمیسیەن و ڕوشنبیری کورد بە تایبەت دوورەوڵاتەکان، ناتوانێت بە باشی ئەو ململانێی هێزانە کە چرکەساتی سەروبەندی بزووتنەوەی ژینایان خولقاند، کاکڵەناسی بکات. هەربۆیە یان باسەکانیان بە گشتبێژیوتنی دەرهەستی ئینتزاعی ڕووتوقوت؛ ئەویش بە زمانێکی ڕیتۆریک و دەستەواژەگەلێکی زریقەوبریقەدار دادەشکینن . یان خود مەجبوور دەبن زێدەترین تیشکی باسی خۆیان بە دەزگای فیکری لەپێشڕائامادە و لە هەمووجێگەئامادە، بە شێوەیەکی ڕەخنەییی ڕادیکاڵ بخەنە سەر ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەردەوام ئەم باسەیان هەر جار بە ڕاوێژ و زمانێکی دیکە، دووپات و چەنپات بکەنەوە!. لێکەوتەی ئەم جۆر ڕوانینە “هەڵپەساردنی ڕاستینەی کۆمەڵگەی کوردییە”؛ ئەو شوێنەی کە سیاسەت تێیدا چ لە لایەن ڕەوتی سوڵتە و چ لەلایەن ڕەوتی بەرخۆدانی کۆمەڵگەی کوردییەوە ژیانی خەڵک جومگەبەندی دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر بزووتنەوەیەک و لە باسی ئێمەدا بزووتنەوەی ژینا وەک ڕووداوێکی بانئاسایی، بوونناسیی تایبەتی خۆی هەیە و مەعریفەی تایبەت و جیاواز و وردەڕیشاڵێ تایبەتی خۆی بە زانیاریی ورد و هەمەلایەنەی گۆڕەپانی کوردی دەوێت و هەر بە تەنیا بەو دەمودەزگا تیۆریک و تێگەیییە لە پێشڕائامادانە(مومکینە ئەو دەزگا فیکرییە تیۆرییانەی بەکاری دەبەن زۆر سەردەمیانەیش بێت) ناپێکرێت. گرینگ ئەوەیە ماتریالی واقیعی ناو دڵی کۆمەڵگەی کوردی هەر چرکەساتێک لە حاڵی گٶڕان و (بوون-بە)[1]دایە و بەو تەشییە حازروئامادانە، ئاڵۆزییەکان و ململانێی هێزەکان و پێکدادانی ڕەوتە جۆراوجۆر و ڕۆلێ ئەکتەرە جیاوازەکانی ناو دڵی شەقامی کوردی ناڕیسڕیت.

      بەر لەوەی ئەو پرسیارانە بێنینە ئاراوە کە بە باوەڕی خاوەنی ئەم قەڵەمە لە وردەکاری و ئاڵۆزییەکانی شەقامی کوردی نزیکترمان دەکاتەوە و دەستەچیلەی شیاوتر بۆ شیکاری ڕووداوی ژینایی و پاشژینایی دەخاتە ڕوو، پێویستە سەرنج بدەینە سەر چەند وردە باسی دیکە وەک بەرکوڵێکی ئامادەکار بۆ پرسیارەکان. هەر وەک ئاماژەمان پێدا، ئاکادمیسیەن و ڕۆشنبیری کورد بە جێگەی ئەوەی ڕیگەی دوورودرێژ و سەخڵەتی شۆڕبوونەوە و قووڵبوونەوە لە وردەڕەیشاڵی ماتریالی شەقامی کوردی لە بزووتنەوەی ژینادا بپێوێت، باسی دەمودەستی حیزبە کوردییەکان و یان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دە‌هێنێتە گٶڕێ بە شێوەیەک کە وەک بنێشتەخۆشە بووە بە تەکراری موکەرەرات. لەلایەک ڕەخنەیان لێ دەگرن کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی دوورن و لەلایەک هەموو جارێک بەو ڕەخنەگرتنە گرینگیی حیزبەکان بەرجەستە دەکەن. ئەمەیش بەبێ ئەوەی دەیتایەکی ڕوون و زانیاریی وردیان سەبارەت بە ڕۆڵی حیزبەکان لەسەر شەقامی کوردی پێ بێت و زێدەتر بە ڕەخنەگرتنی گشتبێژانە بەسەندە دەکەن. لێرەدایە کە ئەو گشتبێژیانە زیاتر لەوەی ڕیپیشاندەر بن سەرلێشێوێنن. بۆ نموونە هیچ شیکارییەک پیشانی نەداوە، ڕێژەی بەشداربووانی سەر شەقامی کوردی چەندەیان مەیلی حیزبییان هەبووە؟ شەهیدان و برینداربووان چەندەیان هەواداری ئەحزاب بوون و چەندەیان بێلایەن بوون؟ بۆ میناک، کاتێک باوکی کۆمار لەسەر گۆڕی کورە شەهیدەکەی دەڵێت: “ناوم لێ نا کۆمار و بوو بە شەهیدی ئەو کاروانە”. پڕڕوونە مەیل و گەرایشی ئەو مرۆڤە چییە! بە باوەڕی من شەقام نە بە تەواوی کاری حیزبە نە بە تەواوی خاڵییە لە حیزب. هەر بۆیە زانیاری بە وردەڕیشاڵێ ئاپدەیتی دەوێت تا تیۆرییە لە پێشئامادەکان پشت ڕاست بکەنەوە، ئەگینا بەو جۆرە گشتبێژییە ڕێگە بە جێگەیەک نابردرێت. ئەمەم وت بو ئەوەی بڵێم کە شیکارییەکان تەنانەت لەسەر ڕۆڵی حیزبەکان بە هیچ شێوەیەک ڕاستینەکانی شەقامی کوردی پیشان نادەن. هەر بۆیە خودی شەقامی کوردی و جۆراوجۆری چین و توێژەکانی سەروبەندی بزووتنەوەی ژینا ڕەتی دەکاتەوە کە حیزب یان ڕەوتێکی تایبەت بێتو و هەمووی ئەو بزووتنەوە بە ناوی خۆیەوە هەڵقووزێتەوە، بەڵکوو ئەو ڕەنگاوڕەنگییەی شەقامی کوردی، ڕوانگەیەکی دیمۆکراتیکتر پێویست دەکات تا پاوانخوازی حیزب و ڕەوتێکی تایبەت نەیبرووزقێنێت و تاکڕەهەندی نەکات.

       ڕوویەکی دیکەی ئەم جۆر باسانە ئەوەیە کە زۆربەی شیکارییەکان ڕوانینێکی نوخبەباوەڕ و لە سەرەوە بۆ خوارەوەیان بە کۆمەڵگەی کوردی هەیە. بۆیە لەسەر حیزبەکان و بە تایبەت ڕێبەرایەتی حیزبەکان زۆر دەڕۆن، لە کاتێکدا ئەوە خەڵکی ئاساییی سەر شەقامە کە بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەتی لە کوردستان گۆڕانکارییەکان دەخەمڵێنێن و سیاسەت دەبەنە پێش. بۆیە شەقامی کوردی و ژین-سیاسەتی ئاپۆرەی خەڵکە کە ڕووداوەکان وەدیدێنێت و سیاسەت دەکات، واتە لە ژێرەوە بۆ سەرەوە و لە ژیانی هەرڕۆژەییی شەقامدایە کە گۆڕانکارییەکان ئەنجام دەدرێن. کەوایە شیکارییەکان دەبێت تابعێک بێت لەو ژیانە سیاسییەی خەڵکی ئاساییی ناو شەقام کە بزووتنەوەی ژینا لەسەر شانی ئەوان وەدی هات.

      ئەمە لەلایەک و لایەکتر پرسیارێک کە لەم ئاراستەدا دەبێت هەم ئیلیتی کورد و هەم خەڵکی ئاسایی لە خۆی بکات ئەوەیە کە: تا ئێستە ئێمە چەند دانە گێڕانەوە و ڕەوایەتی ڕاستبێژانەمان لە بزووتنەوەی ژینا بیستووە کە گێڕەرەوە( راوی) خۆی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەو ڕووداوانە بەشدار بووبێت؟ چەندە ئارشیڤ و دۆکیۆمێنت و ئامار و زانیاری حیسابکراوی هەڵقوڵاو لە دڵی ڕووداوەکانمان هەیە[2]؟ چەندە وتووێژ لەگەڵ خەڵکی ئاسایی کراوە کە گڕنەری سەرەکیی بزووتنەوەکە بوون؟ ئاخر هەمووی ئەمانەیە واقیعمان پێ دەناسێنێت کە شیکاریی نزیکتر و دروستری بکەین، نەک ئەوەی بە گەزوپێوانەی دوورهاوێژی خۆمان هەر کەسەو چۆنی پێخۆشە بە دەزگای فیکری پێشوەخت ئامادەی خۆی، تیری شیکاری  بهاوێژێ بۆ سەر دڵی شەقامی کوردی!

       ئاکادمیسیەن و ڕۆشنبیری جیدی بەبێ هەڵپە و هەرای دەرکەوتن و خۆنمایش کردن و ڕیتۆریکی قەڵافەتدار، بە پشوودرێژی دادەنیشێت لانی کەم سەد دانە گێڕانەوە لەو ڕووداوانە و لەو بەستێنەدا دەبیسێت، دەیان ئارشیڤ و کرتە فیلمی بەجێماو و وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوری، چ ئەوانە خۆیان بەشدار بوون و چ ئەوانەی لە دوورەوە دەستیان بە ئاگرەکەوە بوو،… ورد ورد هەڵدەشێلێت و پوختوپەرداختی دەکات و هەرهەمووی شەنوکەو دەکات و ئینجا دەیچەمکێنێت تا تێشکێکی زانستی بخاتە سەر ڕووداوەکان و تا ئاستێک ڕوونی بکاتەوە “لە کوێوە بۆ کوێ”. هەمووی ئەمانە بەوە دەکرێت کە شیکاریکەر و ڕاڤەوان تا ئاستێک خۆی لە بەها ڕاست و چەپەکانی خۆی خاڵی بکاتەوە و تیۆرییەکان بەپێی واقیع بچەمێنێتەوە، نەک واقیع بۆ تیۆرییە داخوازەکانی خۆی بچەمێنێتەوە و یان لایەنگەلێ لەو واقیعە کە لەگەڵ تیۆرییەکانی دەیخوێنیتەوە زەقی بکاتەوە و لایەنگەلی دیکە خامۆش و نەبینراو بکات. بۆ نموونە کاتێک سەروبنی دەزگای فیکری کەسێک باسی دیموکراسی و سەقامکردنی دیموکراسییە لە وڵاتە سەردەستەکانی کوردستاندا، ئێستە چ دیموکراسیی ڕاستەوخۆ بە ڕاوێژی چەپخواز کە تازەباوە لە کوردستان چ دیموکراسیی باوی نوێنەرایەتی، ئەوە دەبێت باش بزانێت کە ئایا جەماوەڕی خەڵکی کورستان بە هەست و نەست و ئەزموونی ژیانکراوی خۆیان، خۆیان بە دیمۆسی ئێرانی یان تورکی یان عەرەبی دەزانن و دیموکراتیزەکردن بە مومکین دەبینن یان نا؟ کاتێ ئەو خەڵکی کوردستانە بە هێرمنۆتیکی شهوودی خۆیان و بە ئیسک و پێستی خۆیان دەرکیان کردووە ئیمکانی ئەوە نییە بە دیمۆس ئەژمار بکرێن یان ئەولاتری لێ بگرین ئەسڵەن نەیانەوێت کەسی دیکە ئەوان بە دیمۆسی خۆی بزانێت و بەوشێوە نەچنە بازنەی دیموکراسیی و‌ڵاتە سەردەستەکانیان و داوای سەروەری و سەربەخۆییی خۆیان بکەن، لە حاڵەتەدا ناکرێت ئەو کەسە دەزگای فیکری خۆی بەسەر ئەو واقیعەدا زۆرتەپێن بکات؛ بەڵکوو دەبێت یان دەزگا فیکرییەکەی بگۆڕێت یان ئەوندە بیچەمێنیتەوە کە واقیع پەسەندی بکات. یان بۆ نموونە دەیان جۆر درووژم لە سەر شەقامی کوردی دراوە، کەسێک بێتو بە تەرازووی کۆنی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی کلاسیک، بەس تەنیا دروژمە کرێکارخوازەکان یان چینتەوەرەکان بەرجەستە بکات و ئەوانی دیکە خامۆش بکات، ئەوە ئەو شیکارییە زیاتر لەوەی پیشاندەری ڕاستییەکان بێت ئایدیۆلۆژیکە و ئاگایەکی درۆینەیە. چونک هەموان دەزانن کە دەیان درووژم بە ڕەنگوڕواڵەتی بۆ نموونە ناسیۆنالیستی “کورد تا دەوڵەتی نەبێت ئەمە هەر بەشی دەبێت” و یان درووژمی چەپە نوێکان وەکوو “کوردستان گۆڕستانی فاشیستان” تەنانەت تا درووژمی فارسانە و تا سڵاواتلێدانی ئامادەبوان لە مزگەوتەکان بۆ پشتیوانی لە مامۆستایانی ئایینی کە دەنگی کپکراوی خۆیان لە ژێر ستەمی مەزهەبی و ئاپارتایدی ئابووری و نەتەوەییدا هەڵدەبڕی و… کەشکۆڵێکی هەمەڕەنگی بەرهەڵستکارانە و ئیعترازی بوو کە شەقامی کوردی فۆرمرێژ دەکرد. کەوایە ئەو شیکارییەی بیهەوێت لایەنێک لەم کەشکۆڵە بەرجەستە بکات و ئەوانی دیکە خامۆش بکات، زیاتر لەوەی کارەکەی زانستی بێت، بەئەنقەست دەیهەوێت ئایدیۆلۆژیای خۆی بەسەر هەموو ڕەنگەکاندا داسەپێنێت. کەواتە گێڕانەوە، ئارشیڤ، ئامار، زانیاریی ورد، وتووێژ و پەیداکردنی جوگرافیای خۆپیشاندانەکان و… ئەم جۆر شتانە لە کاری زانستیدا پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرن و زۆر گرینگترن لەو گەزوپێوانە ئاکادمیکە پێشوەخت حازرانە کە دوای ماوەیەکی کورت خودی شیکاریکەر دەزانێت بە باشی نەیپێکاوە. گەر توێژەر یان ڕووناکبیر یان ئاکادمیسیەن باسە تیۆریک و تێگەییەکانی بەو شتانە پشتقایم نەکات، دڵخوازوێژی و ئارەزوئەندێشی خۆی دەکات و زێدەتر لەوەی کە پەردە لەسەر واقیع هەڵبداتەوە، ئەوندەی دیکە واقیع بێدەنگ و نەبینراو و تاریک و ڵێڵ دەکات.

     پاش ئەم پێشەکییە کە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستم لەو پرسیارانەی ژێرەوە پێویست بوون، نۆبەی ئەوە دەگات ئەو پرسیارانە بێنمە بەرباس کە لەوانەیە لە ڕوانینی کەسێکی دیکەوە زیاد لەمانەیش شتی دیکە زیاتر و گرینگتریش هەبن کە بە زەینی من نەگەیشتبێتن. بەڵام بە گشتی هەوڵمداوە پرسیارگەلێکی واقیعی بن کە بتوانن هەندێک ڕووناکاییی زیاتر بۆ شیکارییەکان مسۆگەر بکەن. بە بۆچوونی من شیکاری وردی سەر شەقام  پێویستی بە زۆر لێکۆڵینەوەی ئارشیڤمەبنایانە و ئامار و زانیاریی مەیدانی و وتووێژی ئاپدەیتکراوی تازەباو هەیە. لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم بە شێوەی پرسیار هەندێک لایەن لە چرکەساتەکانی شۆڕشی ژینادا هەڵ بدەمەوە کە بە باوەڕی من گەر ئەو وردەکارییانە لە پێش چاو نەگیردرێت، شیکارییەکان تووشی بۆمبەست دەبن و یان بە شێوەیەکی ئایدیالیستی لاقیان لەسەر زەمینی واقیع دادەبڕیت و تووشیاری “نهێلیسمی شیکاری”یان دەکات.

چەن پرسیاری ورد بۆ کاکڵناسی دۆخی ڕۆژهەڵات لە سەروبەندی شۆڕشی ژینادا

ئێستە با پرسیارەکان بە درووژمی بزووتنەوەکەوە دەست پێ بکەین کە ڕەنگە چرکەساتی بنیاتنان و دەسپێکی بزووتنەوەکە و یان بە واتایەکی دیکە چۆنیەتیی ئیمکانی ئەو چرکەساتە هەندێک ڕوونتر بکاتەوە:

       -ئەگەر شیکاری دروژمی “ژن ژیان ئازادی” دەکرێت دەبێت بۆ وێنە بپرسین: ژنان چ ڕۆڵێکیان هەبووە لەم شۆرشەدا؟( لە چرکەساتی بنیاتنانەوە، تا چرکەساتی لووتکە و گڕی خۆی و تا چرکەساتی سەرکوتکردن و خامۆشی پاشژینایی). ئایا بەڕاستی ڕۆڵی ژنان بە ئەنقەست بە شێوەی سیاسی لە هەمبەر سیستەمی سەکوتکەری باندەستدا بەرجەستەسازی دەکرێت یان لە واقیعدا ژنان بە ئاگاییی تیۆریک و کردەیی خۆیان لە مەیداندا ڕۆڵیان گێڕا؟ فاکتەکان چی بە ئێمە دەڵێن؟  چەند لە سەتی شەهیدان و برینداربوان و بەندکراوان و خۆپیشاندەران ژن بوون چەن لە سەتیان پیاو؟ ئایا  بزووتنەوی “ژن ژیان ئازادی” ڕێکەوتێک بوو کە بە ڕووداوێکی پێشبینینەکراوی مەرگی ژیناوە دەستی پێ کرد یان حەتمییەتێکی مێژوویی بە عەقڵییەتێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بوو؟ لێرەدایە گەر ورد نەبینەوە لەم دەیتانە و ئەو پرسیارانە نە‌هێنینە گٶڕی، ناچار دەبین ئایدیۆلۆژیکئاسا تەکلیفێکی بارگران بخەینە سەر شانی ژنان کە مومکینە لە ئەستۆی بەر نەیەن و  لەگەڵ دۆخی واقیعی ژینکراوی ڕۆژهەڵات جۆر دەرنەیەت و ‌قەیران ساز بکات. بۆ نموونە گەر سەرنج بدرێتە سەر ئارشیڤی “دامەزراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو” کە پۆششی بەشێک لەو ڕووداوانەی دەدا، دەبینین باڵای 80لەسەتی شەهیدان و زیندانیان و بەندکراوان پیاو بوون، هەر بۆیە ناکرێت حیزبێک یان ڕۆشنبرێکی سەر بەو حیزبە بێت و ئیدعای ئەوە بکات کە ئەو شۆڕشە ژنانە و ئەو ئاگایییە و ئەو درووژمە و هەمووی ئەوانە کاری حەماسەی “ژنۆلۆژی” ئەوان بووە. ئارشیڤەکان و ئامارەکان ئەو ئیدعایە ڕەت دەکاتەوە. ڕۆشنبیر و ئاکادمیسیەنی  بێلایەنیش دەبێت ئەو فاکتە واقیعیانە ببینێت ئەگینا باسێکی ورد و زانستی بۆ ناکرێت و ناچار دەبێت گشتبێژی نازانستی بکات.

زیاد لەو باسە دەبێ بپرسین:

        -شەهیدان و برینداربووان و زیندانییان و بە گشتی بەشداربووانی بزووتنەوەی ژینا  سەر بە چ چینێکی کۆمەڵگا بوون؟ گەشتێک بەو ناوچانەی کە بڵێسەی بزووتنەوەکەی تێدا هەڵێسابوو بۆمان دەردەخات کە مەحەلە و باژێرە هەژارەکان ئاگری ئەو بزووتنەوەیان خۆش دەکرد. بۆ نموونە لە سەقز لە باژێری کەریمئاوا و بەردبڕان و حەماڵئاوا و…لە سنە لە عەباسئاوا و کانی کوزەڵە و نەنەڵە و… تاو بە بزووتنەوەکە دەدرا کە چینی فەقیر و هەژاری تێدا نیشتەجێن بەڵام سەیر ئەوەیە کەمترین درووژمی چینایەتی دەدرا. هۆکار چییە؟ تۆ بڵێیی خەڵک بە “هێرمنۆتیکی شهوودی” خۆیان تێگەیشتبێتن کە کوردبوونیان هۆکاری سەرەکی پەڕاوێزخستنیانە؟! یان نە هۆکار شتێکی دیکەیە. جگە لەمە سیاسەتە ئابوورییەکانی حاکمییەت لە کوردستان (بۆ نموونە: تێرکردنی چینێکی کەمی ڕانتخۆر و مشەخۆر بە تایبەت لە حەوزەی خانوبەرە و زەمیندا و خەفەکردنی زۆرینەی خەڵک)  چەندە گڕی بەو چینە هەژارە دابوو بۆ هاتنە مەیدان؟ دەکرێت لەم بەستێنەدا دەیان پرسیاری وەردی دیکە بهێنرێتە گۆڕێ.

       -ئایا ئەمانە مەیلی حیزبییان بووە و یان نا؟ و چەندەیان سەر بە حیزبە جۆراوجۆرەکان بوون و چەندەیان بێلایەن بوون؟ هەمووی ئەم وردەکارییانە ئێمە لە شیکاری واقیعبینانە نزیکتر دەکاتەوە و دەمانگەیەنێت بەو پرسیارەی ڕۆڵی ئەحزاب و کۆمەڵگای مەدەنی بێلایەن چی بوو و چۆن بوو؟

      – چینی لاو و گەنجی کۆمەڵگەی کوردی چۆن ڕۆڵی گێڕا؟ ئەو لاوانەی کە زێدەتر ژێر بیست ساڵ تەمەنیان بوو و خەڵک وایان دەزانی تووشی ئیبتزال بوون و زۆر ڕەشبینانە بە تایبەت بە لاساییکردنەوەی ڕاوێژی کۆمەڵناسیی فرانکفۆرتی تاریکبینی ئێرانی هەڵدەسەنگێندران. دیتمان بە یەکجاری زۆر شتیان گۆڕی و دەکرێت گەشبینانە تەماشا بکردرێن، چونکە ئەوانە بەرەیەکی سەرکێش و چاونەترسن کە لە بەرامبەر هەر جۆرە نەزمێکی سوڵتە و سەرکوتدا لەوانە نەزمی سوڵتەی زاڵ و تەنانەت نەزمی کلاسیکی بنەماڵە لە کوردستان سەر شۆڕ ناکەن. ئەو تایپە لاوە کە وادەزانرا زۆر بێواتا ژیان دەکەن، بەڕێکەوت یەک واتای سەرەکیی ژیانیانی واتادار کردووە کە ئەویش بریتی بێت لە شێواندنی نەزمی واتا باو و زاڵەکان. لە لایەکی دیکە وا بیر دەکراوە ئەم تایپە لاو و تازەلاوە و بە گشتی خەڵکی کوردستان، ساڵانێکە کوردستان و مەسەلەی نەتەوەیان فەرامۆش کردووە، بەڵام زۆر بە پێچەوانەی پێشبینییەکان، لە ناکاو دەنگی هەستان و قیامێ کەوتە نێو خەڵکان، چونک لانیکەمی هیچ کەسێک ناتوانێت پیشبینیی ئەوە بکات جەستەی مرۆڤ چەندە هێزی هەیە و ئەو هێزەی چۆن لە ڕووداوەکاندا پیشان دەدات. دەنگە خامۆش و کپکراوەکان هێزی سازێنەری خۆیان لە هەمبەر هێزی سازێنراوی دیسیپلین و کۆنترۆڵدا وەگەرخست و لە ئاکامی ئەو پێکدادانە ڕووداوی ژینایی و پاشژینایی ئافرێندرا.

-ڕۆڵی  قوتابخانە و زانکۆ و مامۆستا چی بوو؟ ڕادیکاڵترین ئەکتەکان لێرە بینراون کە لە پێشینەی قوتابخانە و زانکۆ بێوێنە بوون. لە مێژووی زانکۆ نەبوو کە سێ مامۆستا و چەندین خویندکار دەسبەسەر کرێن. بە جارێک ئەو هەمووە خۆپارێزییە پەنگخواردووە بۆ وێنە لە زانکۆ کوردستان تەقییەوە و ئاوری کردەوە. هەمووی ئەمانە بە بەڵگەنامە و سەنەدەوە دەبێت وەردوشەن بکرێت.

چەندین پرسیاری دیکە کە بۆ دووری لە درێژدادڕی، بە کورتی باسیان لێ دەکەم. ئەگینا هەر یەک لەو باسانە هەڵگری تویژینەوەی تایبەت و پوختوپەرداختی خۆیانن. بۆ نموونە:

    -ڕۆڵی چینی بازاڕی و مانگرتنە پشوودرێژەکانیان چی بوو؟ بازاری کوردی و بزووتنەوەی ژینا لێکۆڵینەوەی تایبەتکارانەی خۆی هەڵدەگرێ.

     -ڕۆڵی گۆڕستانەکان و خارج بوونیان لە تیررەسی کۆنتڕۆل و دووربینی سەرانسەربینی شاریدا چی بوو؟

     – ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وەگەرخستنی بزووتنەوەکە و نواندنەوەی بە خەڵک چی بوو؟ کاریگەریی میدیای زاڵی ئێرانی بەسەر شەقامی کوردی چەندە بوو؟ هەڵکشان و داکشانی کاریگەریی  میدیای ئێرانی چۆن بوون؟ چەندە نەبوونی میدیایەکی سەربەخۆی کوردی کاریگەری هەبوو کە بۆشایییەکە بە میدیایەک وەک ئیران ئینترناشناڵ پڕ بکرێتەوە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەمە چی بوون؟ و هتد. 

       -بۆچی لە باسی خامۆشکردن و سەرکوتی بزووتنەوەی ژینادا هیچ باسێک لەوە ناکرێت کە عەجەم هاوڕاییی بزووتنەوەکەی نەکرد؟ بۆچی باسی جیاوازی مەسەلەی کورد لەگەڵ ئەوان دادەشاریەت؟ بە واتایەکی دیکە بۆچی لە شیکارییەکاندا جیاوازی مەسەلەی کورد و شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ عەجەمستان و داخوازییەکانیان باس ناکرێت و بە دروژمی درۆینەی “یەکگرتوویی لەگەڵ لایەنە دیموکراتەکان” باسی جیاوازی مەسەلەی کورد بە شیکاری چەپەوانە کە نایهەوێت باسی نەتەوەیی بۆڵد بکرێتەوە، خامۆش و بێدەنگ دەکرێت؟! بە کورتی بۆچی مەسەلەی نەتەوە بێدەوڵەت و بێدەسەڵاتەکان وەک کورد و بلوچ و … لە ژێر تەپڵێ ناوبەتاڵێ یەکگرتوویی پەردەپۆش دەکرێت. هەر لەم بەستێنەدا و لە داکۆکی لەسەر جیاوازی مەسەلەی کورد و بلوچ و… لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکانی ئێران، “بزووتنەوەی سەوز”یش سەلمێنەری ئەو باسە خامۆشکراوە بوو کە لەو سەردەمەێشدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشانی دا کە مەسەلەکەی لەوان جیایە، ئەوەیە بە هیچ جۆرێک شەقامی ڕۆژهەڵات لەو باسەدا هاوڕاییی شەقامی نەتەوە سەردەستەکان وەک تاران و تەورێزی نەکرد. تۆ بڵێی خەڵکی ئیمە بە ڕەگ و پێست و ئیسقان ئەو جیاوازییەی دەرک کردبێت بەڵام ڕۆشنبیران هەر لە دەهۆڵی ناوبەتاڵی یەکگرتووی و ئیئتلاف و هاوئاهەنگی دەدەن؟!

       -ئامادەییی چینی ئایینی و مزگەوتەکان چی بوون؟ ئایا هەژمۆنی ناسیۆنالیزمی فارسی شێعەتەوەرانە، دژەهەژموونی کوردی سوننەی لێ کەوتەوە و میحراب ببووە شوێنێک کە زیاترین ئیرجاع بە قازی محەمەد وەکوو کەسایەتییەکی نیشتمانی و ئایینی دەدرا؟ ئایا ئەمەیش ڕەگێک لەو ستەمە یەکترداگرانە بوو کە لە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەچێت؟ بەپێی ئارشیف و وێنەکان کام دەستە و تاقمی ئایینی لانیکەم لە حەماسەی چلەی ژینادا بەشدار بوون؟ خوێندنەوەی ئایینی ئەوان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەوە بووە کە هاوڕاییی بزووتنەوەکە بکەن یان نا؟ کۆبوونەوەی خەڵك لە پرسە و سەرەخۆشییەکان چۆن دەبووە هۆی ئەوەی وزەیان بۆ زاڵبوون بەسەر ترسی لایەنی سەرکووتدا زیاتر بێت. خودی کۆبوونەوە و ئیجتماعی جەستەکان و مۆڵتیتیۆد چۆن گڕیان بە بزووتنەوەکە دەدا؟ دەیان وردە باسی دیکە لەم ئاراستەدا دەکرێت خوێندنەوە و توێژینەوەی بۆ بکرێت. 

     بە گشتی قڕکردنیی نەتەوەیی و دینی و ئابووری و جێندەری، هەر کام چۆن بە شێوەی تەقاتوعی و یەکترداگر و یەکتردابڕ بووەتە دەستەچیلەی ئەو بزووتنەوە و لە شوێنکاتی جۆراوجۆردا چلۆن نەخشیان نواندووە؟

لەلایەکی دیکەوە هەر لەو سەروبەندی لووتکەی بزووتنەکەدا بوو کە باسی یەکگرتوویی لەگەڵ ئەوانی دیکە دەکرا:

       – بەڵام ئایا باسی یەکگرتوویی و ئیئتیلاف لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی بە ڕواڵەت دیموکراتیکی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لە دەوڵەتێک فرەنەتەوەدا مومکینە؟ ئایا بیر لە ئیمکانەکانی ئەو شتە نزیک لە مەحاڵە کراوەتەوە؟ چونک هەر یەک لەوانە ناسنامە و مەیلی ناسیۆناڵی خۆیان وەها دەروونی کردۆتەوە و بە شێوە ناسیۆمالیزمی هەرڕۆژەیی ( BANAL NATIONALISM) ژیانی دەکەن کە جیا لەوەی سیاسەتی ناسیۆنالیستی خۆیانی پێ دەگێڕن، بووەتە سیستەمی بەهایی فەرهەنگی ئەوان و خەڵکی ئاساییشیان ناتوانن دیواری ئەتنیکیان کۆتا بکەنەوە و لە ئیمتیازاتی باڵادەستبوونیان دەست دابشۆرن، واتە نە بۆیان مومکینە نە بۆیان خوازراوە ئەو کارە بکەن، هەر بۆیە وێدەچێت قسە لە یەکگرتوویی و برایەتی گەلان “ئاگایەکی درۆینەیە” و کڵاو لەسەرخۆکردنێکی ناسیاسییە بە ناو دیمۆکراسییەوە. بە بەڵگەی مێژووییش بۆمان دەردەکەوێت لە باشوور و ڕۆژئاوایش، کورد لە ڕووداوی لێدانی حاکمییەتی باڵادەست بە دەس زلهێزان، توانی هەستێتەوە و نیمچەدەسەڵاتێک بگرێتە دەست، نەک بە یەکگرتوویی و ئەو جۆر درووژمانە. ئەوەیە زۆربەی شیکارییەکانیش کە باسی یەکگرتووییی دیموکراتیک دەکەن تووشی بۆمبەست هاتوون و خەڵکی ئاسایی کوردستانیش لەپاش ئەوەی پشتگیریی ناوچەکانی دیکەی ئێرانی بێجگە لە بلوچستانی نەبینی، دەرکی بەوە کردووە و زۆریش تووڕەیە لەو باسانە گرێیان دەداتەوە بە خەڵکی فارس و تورک. ئەم گێڕانەوەی بازارییەکانی کوردستان دەبێت بە وردی سەرنج بدرێت: بازاڕییەکی کوردستان دەگێرێتەوە: “خۆخواز نزیکەی 68 ڕۆژ دووکان و بازاڕم داخست بەڵام بازاری تاران ئەو کارەی نەکرد و تەنانەت چەکەکانیشمیان بەرگە لێدا!” یان خەڵکی ئاسایی دەڵین: “ئێمە لە خوێندا دەگەوزاین بەڵام ئەوان خەریکی کەیفوخۆشی خۆیان بوون”. گەر بمانهەوێت دەلالەتی ئەم باسە بچەمکێنین ئاوا دەتوانین فۆڕمڕێژی بکەین کە کوردستان لە “خاک و خوێن و خەبات”ی خۆیدا بوو بەڵام عەجەمستان بە تایبەت تاران و تەورێز خەریکی “سێکس و سەرمایە و سەرگەرمی” خۆی بوو. ئەم دوو جۆرە لە ژیانی سیاسیی ئیمکانی یەکگرتوویی بە نزیکەی سیفر دەگەیەنێت.

       توێژەری زانستی بە پێی ئەم فاکتانە دەنووسێت و ڕاڤە دەکات؛ نەک لە دوورەوە و بێ هیچ بنەمایەکی واقیعی کوردستان، باسی دیموکراسی و… بکات. دەیان پرسیاری ورد و درشتی دیکە کە دەتوانێت ببێتە هەوێنی کارێکی فیکری فەلسەفی کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی زانستی و ماتریال بە دوور لە گشتبێژی دەرهەستی بورجی عاجنشینی لەگەڵ کۆمەڵگەی کۆردی هەبێت. لە ئاکامدا دەبێت ئەوەیش ئاماژەی پێ بکرێت کە ئەم باسە زێدەتر بۆڵدکردنەوەی واقیعی ناوخۆی کوردستان لە بزووتنەوەی ژینادا بوو کە بۆ شیکاری و ڕاڤەکان مەسەلەی سەرەکین. بەڵام پڕروونە کە هەر بزووتنەوەیەک تەنیا بە خەڵکی ناوخۆ ناکرێت و لۆژیکی تایبەتی خۆیان هەیە و پێشبینی هەڵنەگرن و زۆر جار تابعێکن لە تێکهەڵکێشێکی ئاڵۆزی هۆکارەکانی ناوخۆیی و پیکهاتەیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تەسادوفی و دەروونناسی و… کە هەر کام لەمانە باس و توێژینەوەی تایبەتی خۆیان هەڵدەگرن.


[1] .Becoming

[2].دیارە ئەمانە تا ئاستێک بە شێوەی داشاریاو دەکرێت بەدەست بخرێت.