“منداڵانی تەنیایی“
ئەو منداڵانە دەیانەوێ
هاوڕێ لەگەڵ لاکۆست و مارلبۆرۆ و ئەدیداس
تا مردن
جەستەی ئەو شارە ئەشکەنجەدەن
شەوانە بە مادە هۆشبەرەکان
دەمارەکانی تەنیایی دەبڕن
ڕۆژانە بە ئامێرەکانی یاماها
بە سەرێکی عەنتیکەوە
دەیانەوێ زاڵی سەردەم بن!
نیوەڕۆیان بە ماتۆڕێکەوە
بە دەروونێکی شپڕزەوە
لە شەقامان دەردەکەون بیریان دەچێ
جلی ژێرەوەیان لەبەربکەن
وەک ئێمە دەژین
وەک ئێمە سەرسام نابن
وەک ئەوان دەژین
وەک ئەوان سەرسام نابین
ئەو منداڵانە بەدوای ڕوخسارێکدا دەگەڕێن!
***
“٢ شەو”
١-شەوێکی مانگی جۆزەردانە، کرێکارەکان لەژێر تریفەی مانگەشەودا ڕاکشاون، کۆترەکان لە پشت پێڵووی چاوەکانم
خۆیان دەشارنەوە، خەونەکانم بە منارەی بێدەنگی شۆڕ دەبنەوە و بە خۆم دەڵێم: ئێمە هیچ نین جگە لە یارییەک بۆ شوێنەکەی و کاتەکەی..
٢-شەوێکی دیکەی مانگی جۆزەردانە، کرێکارەکان لەژێر تریفەی مانگەشەودا نوستوون، پێڵووەکانم هێندەی ئەو باڵەخانەیەی لە بانی ڕاکشاوین قورسن، بیر لە پەیوەندییە گەمژەییەکان دەکەمەوە، لە گفتە هەرزانەکان لە برینی زەردەخەنە بێ واتایەکان، بە خۆم دەڵێم: ژیان بەو دەمارەدا دەڕوا کە بەرگە دەگرێ..
***
“ساکەگۆڕ”
باڵندەکان مانیان گرتووە
داوای باشترکردنی
بارودۆخی قەفەز دەکەن!
***
“فلاشباک“
هۆکاری ئەوەی
چەند ساڵێک پۆلیس بەدوامدا گەڕان
چەند ساڵێکیش لە گرتیخانەیان
خ
س
ت
م
نە شۆڕشگێڕێکی تازە بووم
نە تیرۆریستێکی کۆنینە،
تەنیا _س ە ر خ ۆ ش_بووم
دەمویست باڵەخانەکان بتەقێنمەوە
ئاخر منارەی (چۆڵی)م بەو بەرزییەوە لێ ون بووبوو!