کانی داڵە نوستووەکان
دەمەوێ تەنیا ئەوەندە بزانیت کە شارێکی وا، کەوتووەتە کوێی بنکی زەینم کە وا تێیدا کامە بەزموڕەزمی جیهانە هەر دێت و دەچێت، بێ ئەوەی کەس ئاماژە بە نووکەزامێکیشی بکات. دەمەوێت هەر ئەوەندە بزانی، ئەو “زمکان”ـە لە شوێنێکی وەها هەڵکەوتووە کە هەمیشە تێیدا هەست دەکەیت گەڕیدەیەکیت و تەنیا چاوەڕوانیت، کاتی ڕۆشتنت، کاتی دەربازبوونت بگات. نەک بڵێی زیندانێک بێ، نا. ئەوەندەی ئەوێ پڕە لە سەرخۆشبوونی هەناوی ئادەمیزاد، جێیەکی تر شک نابەیت کەمێک خوتت بکاتەوە لە هەر بیروڕایەکی جیاواز لەوە: شارێکی پڕ لە هەناوی پشکوتووی کەسانێک کە یەکسەر دەردت پێشان دەدەن و دەرمانیشن. ئەمە سەرخۆشبوونێکی دوولایەنەی پێوەیە کە ئەگەرچی لایەنێکی هەتا بڵێی پووچە و پڕە لە نائومێدی، بەڵام لایەنێکی دیکەی هەیە کە –دەڵێن- بە گێڕانەوەی زاربەزاری ئەم ئازارە، دەتوانین داپیرەی تۆراوی شار، “داهوو”، بگەڕێنینەوە و داڵە نوستووەکانی ژێر شاری، پێ بە ئاگا بێنینەوە.
بەڵام من ئیتر وەڕەز بووم لە گێڕانەوەی زاربەزار و خەریکم هەموویانت لەسەر هەوا بۆ دەنووسمەوە، لەسەر هەوا. لەوانەشە هەزاران نیشانە لەم گێڕانەوانەدا هەبن، کە تەنیا ئەو داپیرە لێی تێبگات و پەردە لەسەر نهێنییەکانی هەڵبگرێت؛ کەواتە دەبێ کارت بە پێشودواکردنی ڕستەکانم نەبێت و ئەوەی لەسەر ئەو مولوکوولانە بۆت جێ دێڵم، تۆش ڕێک ئەوە بخوێنیتەوە. بەشکەم بە هەموومانەوە بتوانین ئەو شارە، لەژێر ئەو زەوییەی وا پێش شەقارشەقاربوونی برینەکانی، خۆی گرمۆڵە کرد بەسەر کووچە و کۆڵانە ورینەکانیدا، هەتا بتوانێت بیکات بە کان و بە بووژاندنەوەی بەردەوامی، بیپارێزێت، ڕاچڵەکێنین.
دەبێ هەموو ئەم ڕستانە و ڕووداوە ناواخنکراوەکانی، کتومت وەک خۆی بخوێندرێنەوە، دەبێ بە دروستی ئاماژە بە ئامارەکان و ئاکارەکانی ئەوێ بکرێت و وەها لەبزی گێڕانەوەکە و قوڕساییی بەسەرهاتەکان، بپارێزرێن، کە داهوو، لەگەڵ بیستنی یەکەم ڕستەکانی ئەم بەسەرهاتە، خێرا خۆی تەیار بکاتەوە بۆ گەڕانەوە بەرەو کەلە کاولەکانی ئەو دەڤەرە و هەر گرمەگرمی هەنگاوێکی نزیکبوونەوەی لە پەراوێزەکانی شار، زرمەزرمێک بخاتە نێو دڵی نووستووانی کان.
ئێستاش پێم وایە دەبێ نێونیشانی داهووت پێ بدەم، هەرچەند دەزانم ئەوەندە پوختە نیم کە بتوانم لەسەریەک ئاماژە بە هەموو خاڵەکانی بکەم. بەڵام پێویستە لە نێوان ڕستەیەکیشدا بێت، هێمایەکی داهوو، هەر هەبێت. بۆیە پێویستە خۆت بە باشی ئامادە بکەیت بۆ نزیکبوونەوە لەو هەموو ودمەی لەم ورکەگێڕانەوانەدا، لەگەڵ هەوا، دەپژێن بەسەر ئاوەزتدا. پێویستە بیهێنیتە بەرچاوت کە شارێکی پەرتی لە پەسێوان کەوتووی جوگرافیایەکی دوور، وا هەڵکەوتووە هەتا ڕۆژێک لە ڕۆژان ژنێکی بێسێبەری تێدا ون بێت. بەڵێ، زار بە زار پێم گەیشتووە کە داهوو لەمێژ ساڵ بووە، بێسێبەر بووە و دەڵێن گوایە سێبەرەکەی لە دارستانەکەی نزیک شار، لە لقوپۆپی داربەڕوویەکی پیر ئاڵاوە و لە بەری داکەنراوە.
چووەتە دەم ئەشکەوتێک بۆ چنینەوەی نێرگزە کێوییەکان کە سوپای ساڵحان بیکاتە چا. لەمێژ بووە بە نێرگزی ئەو ئەشکەوتانە فێر بووە و بۆ هەر کەسێکی خانەدانەکەی، شتێکی پێ ساز کردووە. تەنیا نەیزانیوە ئەو نێرگزانە بدات لە بەرۆکی کێ، بەرۆکی کەسی بە شیاوی نێرگزی ئەو کوێستانانەی داڵەهوو نەزانیوە. گوایە هەمیشە خۆی، پێش نووستن گێڕاوێتییەوە بۆ ڕۆڵەکانی: کاتێک یەکەم جار، سوارچاکە تیژتێپەڕەکە دەبینێت لە دۆڵەکانی قەڵاواڕیدا بۆ تەختکردنی پێدەشتە قیرسیچمەکەی زەهاو، پۆلێک داڵی شوێن خۆی خستووە؛ چڵە نێرگزێک، لە نیوەڕۆوە لەنێو ئارەقەی پەنجەکانی داهوو، خووساو، چاوەڕێ بووە. تەپوتۆزی سوارچاک، چڵەنێرگز دەخاتە هەلەکەسەما لە لەپی دەستیدا. داهوو ئانوسات دەوەستێت و ئاوڕێکی مەند لە غارغارێنی ئەسپەشێی سوارچاک دەداتەوە و دەزانێت، ئەو غارغارێنە فشەیە، بەو زووانە بەرگە ناگرێت، سوارچاک. نا، هێندی نەماوە بە بۆنی نێرگز دامرکێتەوە و بگەڕێتەوە بەرەو هەناوی پێکراوی. خێرا لەسەر تەختەبەردێک هەڵدەکوڕمێت، پێکراوە هەناوی داهوو بە ڕمبەڕمبی ئەسپەشێی سوار، بە گەردەلوولی دەوری ناڵەکانی. کەچی ڕووی نیگاهی دەکاتە پێچەوانەی ڕەوتی سوارچاک و دەژمێرێت: یەک، دوو، سێ، چـ… هێندە باوەڕی بە بۆنی پیرۆزی نێرگز هەبووە، دڵی نایەت بگاتە کۆتاییی چوار و نێرگزەش کە ئەوە دەزانێت، پێش کۆتاییی چوار، سوارچاکی بۆ دەخاتەوە بەردەمی، بە هەمان غارغارێن، هەمان لەز، بە هەمان تەپوتۆزەوە. دەڵێن؛ خۆی گێڕاوێتییەوە داهوو، لەو کاتەدا کە ئەسپەشێی سوارچاک لەنێو تەپوتۆزەکەی بەردەمیدا دەکەوێتە حیلەحیل، هەڕەشەیەک لە خۆر دەکات، خێرا ملی بشکێنێت و لەو پەڕانە ئەودیو بکەوێت. جا بیهێنە بەرچاوی خۆت، زەردەپەڕێکی نائومێد لە بەریەککەوتنی دوو دڵداری تاهەتایی؛ تەپوتۆزێکی بێهیوا، لە شاردنەوەی ڕامووسانێک کە ڕەنگە ئانوساتێک ڕوو بدات؛ پۆلێک داڵی تیژتێپەڕی شەودەهندە کە ناتوانن بەرگەی هیچ تیشکێکی ئەو سەردەمەی سەر زەوی بگرن؛ ئەسپەشێیەکی بێلمووز کە چیتر ناتوانێت بەر بە هۆشی سوارچاکەکەی بگرێت و… داهوویەکی بێجوگرافیا کە تەنیا چارەی لە ڕۆچوون بەنێو زەویدا دەبینێتەوە بۆ وەچەخستنەوە، بۆ مانەوە. بیهێنە پێشچاوت؛ هەزار سوارچاک لەو دۆخەدا کە نووساون بە گەردنێکی زێڕینی ژیدەهندەدا، چۆن دەتوانن دەرباز بن لەو تڵیشانە کە هەریەکەو حوکمی خلۆربوونەوەی ئادەمیزاد دەکەن بەرەو بن، بەرەو ژێری هەرچی لەم جیهانەیە وا ڕووبەرەکانی پەراوێز خراون. بیهێنە پێشچاوت ڕۆژێک لە ڕۆژان، جا ئەگەر دوای هەزاران ساڵیش بێت، خەوێکی مەند، بە ئاهۆیەک، دانیشتووانی ئەو دەڤەرە نەباتەوە بۆ بنباخەڵی مەخمەڵینی داهوو، لەژێر ئەو هەموو مەخمەڵەی جیهاندا، نەیانخاتە نێو لینگی ژیدەهندەی بە هەموو ئاسەوارە نەگبەتەکانییەوە بۆ درێژەدانی مرۆڤ بە ژیان، چی دەبێت؟
سوارچاک کاتێک ئەسپەکەی لە بەردەم تەختەبەردەکەدا، دەکەوێتە حیلەحیل، دەزانێت نووتەکێکی لەبەرە کە بە هەزاران تیشکی قیرسیچمەی زەهاو، کەوی ناکرێت و دەبێ بیگەیەنێتە تاریکایییەک، لە خوێنی خۆی خەستتر. بۆیە هەر زوو داڵەکانی بەسەر سەریەوە کۆ دەکاتەوە و دەهێڵێت پێشیان بکەون بەرەو دارستانێک لە بێروونیدا. سەیرە هێشتا ئەو هەموو زانستەی مرۆڤ بەوە ڕانەگەیشتووە: چۆنە ئەو کاتەی داهوو لەوپەڕی دەشتی زەهاوەوە، بانگی ئەو داڵە تیژتێپەڕانە دەکات کە پێی وایە لەمێژە تیژ لێی تێپەڕیون و کەچی هێشتا بە سوارچاکەکەی نەگەیشتوون وا سەدان مەتر لێیەوە تێپەڕیوە و لەگەڵ گەڕانەوەی بەرەو داوێنی پەشۆکاوی، هەموو داڵەکان، بەسەر ئەو خاڵخاڵانەوە دادەبەزن کە هەریەکەو لە مامزێک، کەروێشکێکی پێدەشەکانی دەم داڵاهوو دەکەن، ناپوێتەوە؟ داڵەکان ئاوا دابەزینە نێو داوێنی داهوو، ئا، ئاوا ژیانی ئەو دەڤەرە دەستی پێ کرد…
ڕەنگە ئەمە هەموو ڕووداوەکە نەبێت، نازانم. بەڵام دڵنیام لەژێر ئەو هەموو ڕەمزانەدا، هەزاران خاڵی نوستوو خۆیان ڕنیوەتەوە کە لە خەو ڕاپەڕێندرێن. خەوێک کە بە خەونی سوارچاک “باباواز” کۆتاییی دێت و دەمودەست، درێژەشی دەبێت. خەونێک بۆ ئەوەی لێی ڕاچڵەکێی، پێویستت بە خەوتنێکی زیاترە؛ ڕێک وەکوو ئەو خاڵەی داهوو کە ئەو شەوە ئەوەندە ڕاچەنیبوو لە ڕوومەتی، خێرا زانیبووی “باباواز” چی لێ قەوماوە و دەبێ تا دنیا دنیایە، ڕۆڵە و نەوە و نەبیرەشی چاوەڕێی بەئاگاهاتنەوەی بن. ڕێک وەکوو ئەو خاڵەی کە منەتی بە هیچ خاڵێکی پێش و دوای خۆی نەما و تەنیا هەوڵی ئەوەی دەدا ئامار و ئاساری ئەو ژێرخانە تەریکە بخاتە ڕوو کە لەمێژ بوو هەزاران گەڕیدەی لێ پەیدا ببوو بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە و دەستیان، پێی وە دراوێک بکەوێت لەو شارەی لەمێژ ساڵ بوو لەو ژێرزەوییە، بە خۆی و داڵەکانیەوە، نووستبوون و کەس لێی نەدەزانی دەبێ چلۆن بە ئاگایان بێنێتەوە، چلۆن دانەدانەی ئەو داڵە نوستووانە لەو کونە تەنگەبەرەوە، وە فڕین بخاتەوە بەرەو باگایی…
بۆیە کاتێک باباواز پڕی دەداتێ کە لەو تەختەبەردەی هەڵکەنێت و دووری بخاتەوە لە چی پێدەشت و پێخۆری دانیشتووانێتی، داهوو تەنیا ئەڵقەیەک بە دەوری گەردنیەوە دەکات کە لە ئەسپەشێ، لەو شێیە خوێنینەی باباواز بەر نەبێتەوە و بگاتە ئەوان دارستان. بۆیە کاتێک دەگاتە ئەوان دارستان بەسەر سنگی باباوازەوە، چی سێبەرە لە خۆی دادەکەنێت و دەیانبەخشێت بەو بەڕووە پیرانەی هەزاران ساڵە یەکەو کڵاوێکیان لەسەر ناوە بۆ ئێشکدانی داوێنێک کە بڕیارە تێکڕا هەزاران داڵی لە ژین دابڕاو تێی بکەون و خوا دەزانێ بۆ هەزاران ساڵ بخەون.
کەواتە ئەمە ئامار و ئاساری ئێستای ئەو شارەیە: لە کۆی ئەو هەموو کۆڵانەی کە پێش ڕۆیشتنی داپیرەی تۆراو بەرەو لێواری ئەشکەوتە پەککەوتەکانی داڵەهوو، بە دەوری ماڵباتی خۆی و بنەماڵەی خۆڕاگریەوە، پاپۆپکەی دابوو بە دەوراندەوری شاردا و مەگەر ناسیاوانی شار، ئەگینا نەیارانی، هەرگیز تێنەدەگەیشتن بە چ فێڵێک خۆ بگەیەننە ماڵی داپیرەی بێسێبەر و لەوێوە دەستدرێژی بە بنەماڵەکەی بکەن؛ تەنیا چەن کۆڵانی لارولەوێری نیواونیو وێران، ماونەتەوە کە ئەویش بە حاسانی، حەسارە ڕووخاوەکانی ماڵی ئەوان، پێشان یار و نەیاران دەدات و لە بن هەر داروپەردوویەکی ئەو کەلاوە خەمبارانەی نێو کۆڵانەکانیش تەنانەت، سوارچاکێکی شار نوستووە و خۆی نازانێت، پێویستی بە ئاوپرژێنێکە کە بیری باڵی داڵە نوستووەکانی نێو کان بکەوێتەوە و ڕاچەنێت. ئەو داڵە نوستووانەی خەونە پەتاکەی باباواز، زەفەری پێ بردن و بۆت باس دەکەم کە چۆن داهوو، یەکە یەکەیانی گواستەوە بۆ زمکان. ئەو کانەی کەوتووەتە ژێر ئەو شارەوە کە ئێستا هێندەی نوستووانی خانووبەرەی هەیە بە تاقی ئاسمانەوە. جا نییە بە دەوراندەوری شاردا دەسووڕێیتەوە، پێت وایە تەنیا دوو شەقام گەڕاویت، بە چاوترووکانێک، تەواو ئەبێت. کەچی جاران وا نەبوو. ئەو وەختەی داهوو هێشتا لە شار دەرنەچووبوو بۆ ڕنینەوەی نێرگزی ئەو ئێوارەیە، جاری وا بوو لە بەیانییەوە جا، لەمسەری شار، دەمانتوانی بگەینە ئەوسەری و سەرێک لە هاوڕێکانمان بدەین. لە بیرمە جاران، دە جار لە گەڕەکێکدا ون بووم و دەیان جار زیاتر لە کووچە و کۆڵانەکانیدا، سەرم لێ شێواوە و بە نیوەڕۆژێک جا گەیشتوومەتەوە جێی خۆم. کەچی ئێستا ئەوەندە پانتاییی شار بچووک بووەتەوە دەڵێی، لە ئاو کراوە، لایەک بکەیتەوە لە پشتەسەرت، لەوسەری شاریت و تەنیا بە وەرسووڕانەوەیەکیش لە هەمان کاتدا، دەگەیتەوە جێی خۆت. سەرەڕای باری بەرزاییی شار کە دەتوانم بڵێم ماوەیەکی زۆرە، لەو ئێوارەوە کە پەتاکە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشا و باباواز، شووە سوارچاکەکەی داپیرەی بێسێبەر، بۆ یەکەم جار خەوی لێ کەوت و هەرچی داهوو هەوڵی دا، دوای ڕۆژێک و هەفتەیەک و بگرە مانگانێکی زۆریش، خەوەری بکاتەوە، نەیتوانی و باری بەرزاییی شار، هەر هات و زیاتر ڕووی لە ئاسمان کرد، توومەز ڕاساوە لە چی نوستووە.
سەرەتا لە ڕۆژانی یەکەمەوە کە تاکوتەرا، ماڵباتی داهوو لەو خەوە نەگبەتەی باپیرە تێگەیشتن و زانییان ئەوە چەن ڕۆژێکە بە هیچ کلۆجێک خەوەری نابێتەوە، دەوری داپیرەیان گرت و هەریەکەو بە دەربڕینی ڕای خۆی، مشووری ئەو نەگبەتییەیان دەکرد؛ تەنیا داپیرە بوو دەیزانی چی بەسەر هاتووە، چی بەسەر دێت. ئەگەرچی داپیرە هەر زوو، نیوەشەوی دوای ئەو ئێوارە کە چەن جار بانگی باباوازی کردبوو تا وەک شەوانی پێشوو، سەر بکاتەوە نێو کتێبە کەونینەکانی و دوای چەن چرکە کە تۆزاڵی دێرینی کتێبەکان، هەموو کەشی نێو ژوورەکەیان دەگرت و لەگەڵ عەترە چەورەکە بەسەر دیوارەکانەوە دەنیشتن، ئاگاداری بەرزبوونەوەی باباواز بێت؛ لێ، ئەو شەوە بە هیچ کلۆجێک وەڵامی داهووی نەدابۆوە؛ داهووی بێچارەش کە دوایی لە لایەن ژنانی خانەدانییەوە، ناوی “داتۆراو”ی بەسەردا سەپێنرا، هەتا سپای ساڵحان خەو لە چاوی نەکەوتبوو. بۆیە هەر کە دنیا ڕوون ئەبێتەوە دەنێرێت بە شوێن حەکیمی شاردا و دوای ئەوەی چەن ڕۆژ لەگەڵ حەکیم، خەریکی بەئاگاهێنانەوەی دەبن و دەزانن باگایی لێ بەر نایەت، وازی لێبدێنن و لێی دەگەڕێن تا ئەمە خوایە و خۆی، ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕاچەنێت.
ئەزانم ئەمانە پێوەندییان بە گەڕانەوەی داهووی داتۆراوەوە نییە و ڕەنگە بڵێی بەسەرهاتی ئەو ڕۆژانە بە ئێستا چی؟ بەڵام ئەوەی لە نێوان ئەم ڕستانەدا ڕوو دەدەن، ئەو ڕەمزانەن کە تۆ دەبێ، بێ کەموکوڕی و پێشودواکردن، بیانگەیەنیتە داهوو. خۆی دەزانێ گوێ لە کامە چەمکی نووستووی نێو ئەم ڕستانە بگرێت و بهێڵێت دڵی نەرم ببێتەوە و بگەڕێتەوە. بۆیە پێت وا نەبێ لە خۆوە باسی ئەو ڕۆژانەت بۆ دەکەم و نەکەی یەک ڕستە لەم چیرۆکە، نەدیدە بگریت. خۆی ئەمە ببیستێت دەزانێ چی بووە و ڕەنگە پێشت سەیر بێ ئەگەر بڵێم ئێستا ئەو چەنێک چاوەڕوانی ئەم ڕستانەیە تا ئاگاداری ڕاچەنینی من و ئەوانەش بێت کە ئەم ڕستانە دەگوازنەوە بۆ هەناوی نادیاری. ئاوا دەزانێ کە من لە کەیەوە هەستاوم و خەریکم ئەندازیاری ڕستەکان دەکەم و بەپێی فۆرموولە نهێنییەکان وا خۆی لە لابەلای کتێبەکانی باباوازدا، جێی هشتبوون بۆ یەکەم لە خەو دەرپەڕیوی شاری چی، یەکەم لە خەو دەرکراو؛ ئەم گێڕانەوەیە دادەڕێژمەوە لەسەر مولوکوولەکانی هەوا. لەو فۆرموولانەدا نووسراوە کە دەبێ سەرەتا بە گێڕانەوەی ڕابردووە تێکچڕژاوەکانی پێش ئەو ئاهۆیە، دەست پێ بکەمەوە کە یەکەم خەوی لە باباواز خست و ڕستە بە ڕستە، هەوڵی شکاندنی بەردەکانی دەوری دڵی داهوو بدەم. ئەرێ. ئەو برینانەی بە دەوری دەروونیەوە، قەتماخەیان بەستووە و چەنای چەن ساڵە خەریکن لێی دەبن بە تاشەبەرد و تەنانەت بە دەربەند و چیاش؛ تەنیا بە زەبری ڕستە، درزیان تێ دەکەوێت و دیارە هێشتاش هیوایەک هەیە بۆ شکاندن و وردکردنیان.
بە زەبری گێڕانەوەی ئەم داستانە، تەنانەت لەوێوە کە داپیرە هەر زوو دەزانێت ئەمە ئاهۆیەکی پیاوانەیە و دوای چەن ڕۆژ بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ئاهۆیە، سەرەتا لەو پیاوانە دەدات وا هەواڵی نووستنی باباواز دەبیستن و بۆیان گرنگ نییە. ئەو ڕۆژەی کە لە ئێوارەیدا، داپیرە دەنێرێ لە شوێن کوڕ و زاواکانی و دەیەوێ بە جۆرێک، ئاگەداریان بکاتەوە لەو پەتایەی باپیرەیانی داگرتووە و ڕەنگە نەشیزانیبێ کە ئاهۆیەکە و ئەگەری ئەوەی دەبێ کە کەسانێکی دیکەش بگرێتەوە. کاتێک ڕوو دەکاتە کوڕ و زاواکانی، لە چاوی هەندێکیاندا، حەزێکی قوڕسی خەوتن بە دی دەکات و بۆ یەکەم جار دڵی دادەخورپێت، چۆن. پەشیمان دەبێتەوە کە بیڵێ، بەڵام نازانێ بڵێ بە چ بیانوویەک بانگهێشتی کردوون و پێی شوورەیی دەبێت قسەکەی بخواتەوە. بێ ئەوەی بیەوێت، قسەکانی ئاوا دەست پێ دەکات: باپیرتان نەخۆش کەوتووە… هەموو کوڕ و زاواکانی بۆ ساتێک دەشڵەژێن. قەت بیریان لەوە نەکردووەتەوە کۆشکەکەی سەر زمکان کە ئەو هەموو ساڵە داهوو چیرۆکی بۆ لێ گێڕاونەتەوە، بێ باباواز، چۆن دەمێنێت. بۆیە سەرەتا چرپەچرپ و دواتر ژاوەژاو دەکەوێتە نێویان و کوڕە گەورەکەی ئیزنی ئەوە بە خۆی دەدات، بە پێچەوانەی دابونەریتی دێرینیان کە قەت تا تەواوبوونی قسەکانی داپیرە، ئیزنی قسەیان بە خۆیان نەداوە، قسەکانی دایکی ببڕێت و بڵێ: نەخۆشیی چی؟ لە کەیەوە؟ ئەی بۆ باستان نەکردووە؟ داهوو بێ ئەوەی بشڵەژێت لە پرسیاری کوڕەکەی، داوایان لێ دەکا ئارام بن و نەهێڵن خەڵکی شار بەم شتە بزانن. جا بەسەریاندا دەگەڕێت و لەگەڵ نەوازشکردنی هەریەکەو شوێنێکی سیمایان، پەنا ملیان، یان سەر و شانیان، هەوڵی ئەهوەنکردنەوەیان و درێژەدانەوەی بە قسەکانی دەدات.
«من لەمێژە چاوەڕوانی ئەم نەخۆشییەی باباتان بووم، مەڵێن خەرفاوم. ڕاستی بێژم، لە ماوەی ئەم سەدان ساڵەدا کە هاوژین بووین، هەزاران جار خەونم بە وێرانبوونی ئەم زمکانەی ژێر داوێنمەوە بینیوە. هەمیشەش وێرانیی زمکان لە باباوازەوە دەستی پێ کردووە لە خەونەکانمدا. هەمیشەش یەک ڕووداو و یەک بەسەرهات، شاری پێکاوە، ئەگەرچی هەرجارەی لە لایەکەوە نیشانم دراوە. چیاکان دەبنەوە خوری و ڕووبارەکانی دەوری شار، یەک لە دوای یەک دەبنە هەڵم و ڕێگەوبانەکان هەمووی هەڵدەوەشێنەوە و چوزانم، پێدەشتەکان یەک بە یەک دەڕووتێنەوە لە چی کارمامز و کەوبارە. ئەشکەوتەکان دەبنە ئەنوای پەککەوتەکان و زیندووانی شار، پێش مردن، قەبرەکانیان دیاری دەکەن کە بخزێنە ناوی و هەتا مردن تێیدا بحەوێنەوە. هەر قەبرەو دەڕوێت لە پەنا ملی چرچتێکەوتووی شاردا و خەڵکی پێی دەڵێن ئاپاڕتمان و تێی دەخزێن. هەمیشە سێبەری ئەو قەبرانە، جا هەرجارەی لە لایەکەوە، دەکەوێتە سەر زمکان و ئەو سێبەرانە ئەوەندە قوڕس و تیژن، کە دار و دیواری زمکان، دەتوێنێتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، هەموو نهۆمەکانی سەرەوەمان ڕووەو ڕووخان دەچێت و بەسەر نهۆمەکانی خوارەوەماندا، دادەتەپێت. ئەرێ ڕۆڵەکانم، بەم زووانە، هیچ شارێکی لێ نامێنێت و قەبرستانێکی حەوانچە لەم دەڤەرە، جێی شار و مردووانێکی ئەوەندە ئەوەندەی، جێی دانیشتووانی ئەندەهوو ئەندەهووی دەگرێتەوە. جا لەو خەونانەشمدا، هەر جارێک هەمووی ئەمانە، بە ئاهۆیەک دەست پێ دەکات کە یەکەم جار، دەیدات لە کەللەی باباوازتان و داخەکەم هەمووتان دەگرێتەوە، کوڕەکانم! ئاهۆیەک کە نەخۆشینەکەی، خەوتن و هەر خەوتن و هەر خەوتنە و تا ماوەیەکی نادیار، هەستانەوەی بە شوێندا نایات و هەر ئەمە وا لە شار دەکا کە مانەوە تێیدا ئەستەم بێت. خەوێک کە دەتانکاتە دوو دەستە، زۆربەتان لەسەر شار و بەشێکیشتان لەژێر شار، هەتا کاتێکی نادیار دەنوون. نازانم چیتان لێ بکەم، نازانم چۆنتان لەو پەتایە دەرباز بکەم؟»
دەڵێن قسەکانی تەواو نەکردووە داپیرە، کە یەکەمین کەس کە زاوای بیستوحەوتەمینی بووە، گوایە، لە باوەشی خێزانەکەیدا دەبوورێتەوە و هەموو ئەوانەی لەوێن بە هەراسەوە سەیری دەکەن و هەندێکیان بە هەڵەداوان دەوری دەگرن. خێزانەکەی کە دەستی یەک لە کوڕەکانی خۆی گرتووە تا زەندەقی نەچێت، بە قوڕگی ئاوساوەوە، داوای ئاو دەکا تا چەن دڵۆپێکی لێ بپرژێنێت و وە هۆش خۆی بێنێتەوە. قسەکەی تەواو نابێت کە کوڕەکەی ئەو زاوایەشی بە دەردی مێردەکەی دەچێت و دەڕووخێتە نێو باوەشی کچەکەی داهوو، جووتێک مەیت بەسەر لێژاییی مەمکەکانی کچەکەیەوە بەرەو کان دەبنەوە. ڕەنگە هەر بۆیە کچەکەی چیتر خۆی پێ ڕاناگیرێت، دەقریشکێنێت. تاکوتەرا لەمسووچ و ئەوسووچی دیوەخانەوە، کوڕ و زاوا و کوڕەزا و کچەزای داهوو، دەکەون و دەخەون، بە پرخەپرخ و بەوپەڕی بێخەمی و ئەرخەیانییەوە. قریشکە بەر دەبێتە ژنان و کچانی بنەماڵە و تەنانەت چەن کەس لە ژنانی خانەدانەکەی، هەڵدەکوتنە سەر داپیرە و یەکیان بەوپەڕی ڕقوقینەوە، بەربینگی دەگرێت و بەسەریدا دەنەڕێنێت “هۆی! سێحربازی پیر، دیسان چ سێحرێکی دیکەت بە دەستەوەیە؟ سەرئاسن، هەڵیانسێنە…”. بەڵام داپیرە، بێ ئەوەی خۆی بشەمزێنێت لە سووکایەتیی کچ و بووکەکانی، دەست دەخاتە سەر شانی یەک دوویەکیان و بە ئارامی دەست پێ دەکاتەوە:
«ڕۆڵەکانم، گرنگترین ڕۆڵی ئەم بەسەرهاتە، ئێوە دەیگێڕن، ئێوە. ئێوە دەتوانن بە هێمنی چارەی ئەم ئاهۆیە بکەن و نەهێڵن لانیکەم منداڵەکانتان، ئاخ منداڵەکانتان…»
یەک لە ژنانی خانەدانەکەی، قسەکەی پێ دەبڕێت و دەقیژێنێ بەسەریدا «نەخێر، تۆ مافی منداڵەکانی ئێمەت نییە، بزانە چی دەڵێیت…»
بێدەنگییەک هەموو دیوەخان دادەگرێت. داهوو، بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە کە بزانێ ئەو قسەیە لە دەمی کێ هاتووەتە دەر، سەر دادەخات و بۆ یەکەم جار لەو سەدان ساڵەدا، ڕوو دەکاتە دەرگا نهێنییەکەی ژوورووی دیوەخان کە لە پشت چەندین پەردەی ڕەنگاوڕەنگەوە، شاردراوەتەوە.
دەرگای دێرین: دێرینترین دەرگای ماڵی داهوو، دەرگایەک بوو کە تەنیا چەند کوڕ و کچێک لە نۆبەرەکانی داهوو، بینیبوویان و ئەویش دوو بەشی لە بیریان نەمابوو لە کوێوە دەست پێ دەکات، دەبێت چۆن وە ژووری بکەویت. دەرگایەکی زەردی ڕزیو کە بە قوفڵێکی سەوزی تێر، حەوت گاڵە درابوو. کلیلەکەی، تەنانەت بە دەست باباوازیشەوە نەبوو. تەنیا داهوو، کلیلەکەی لە ملیدا بوو، ئەویش پێویستی بە وێردێک بوو کە لە ملیدا بیدۆزێتەوە و دواییش دەبوو دەست بگرێت بە پەتەکەیەوە هەتا دەسووڕێت و دەسووڕێت و دەسووڕێت و دەکەوێتە سەر تڵیشی مەمکی. ئەویش شانس بوو، جاری وا بوو دەشکەوتە سەر تڵیشە تێڕاماوەکە، کەچی داهوو نەیدەتوانی دەری بێنێت، تومەز بە سووچێکی ئەو تڵیشە خوێنخۆرە فێر بووە کلیل. توومەز وەرسووڕانی بەو ئاوازانەوە بەندە کە لە باڵوەشانی داڵە نوستووەکانی ژێر کانەوە بەرز دەبنەوە و خوا دەزانێت، کەی ئەو ئاوازانە هەڵدەستن هەتا داهوو بسووڕێننەوە بە دەوری سووڕی ئەو مانگەیدا کە دوور کەوتبووەوە لە خۆرە سوورهەڵگەڕاوەکەی داوێنی. دواییش دەبوو کاتێک لە ملی دەریدەکێشێت و دەیخاتە نێو کڵۆنی دەرگاکەوە، ئەوەندە بەو وێردە، بیسووڕێنێت و کڵۆنەکەی پێ هان بدات، هەتا بە ودمی دەکرێتەوە. یەکەم دێڕی وێردەکە ڕێک ئاوا دەستی پێ دەکرد: «ئەی دەهندەی گیانی پڕ شکۆ بە هەرکە خۆت مەیلت لێبێ!». کلیل، بە موگناتیزی ودمی یەکەم دێڕی وێردەکە، وەردەسووڕا و هەتا دێڕی دووهەم بە زاری داهوو دەهاتە گۆ: «ئەی ئەفرێنەری زەکاوەتی هەرهە، کە گیاندارانت هەمیشە ئاوا مەدهۆشتن». ئەوسا مەدهۆش دەبوو داهوو، بە کڵۆنەوە ئاوێزان. جا سووڕی سێهەم دەستی پێ دەکرد و ئیتر کلیل تێگەیشتبوو لە بەزمەکانی کرانەوە و دەمێک بوو دەیزانی دەبێ مل بدات بەو هەموو ودمەی لەگەڵ عەترە چەورەکەی نێو باخەڵی داهوو، دەپژا بەسەر دار و دیواری شاردا. «ئەی ئاشنا بە سووچە دەردەدارەکانی دەروونم کە من ناتزانم، تومەز هەر نابێ بتزانم…» کلیل بە عامی ئاشکرا دەکەوتە هەلەکەسەما لە کونی کۆنی کڵۆندا و وێردەکانیش دەسووڕانەوە بە دەوری دەهەندەیدا. ئەو وێردانە تەنیا شتێک بوون کە داهوو، هەتا کۆتایی نەیتوانیبوو گوێی لێ بگرێت و هێشتاش هەرکەس نەیزانی چۆنن، چۆن دێنە سەر زمانی و دەبن بە کرانەوە، بە کران.
چەن ژنێک لەوانەی خۆشیان دەویست، هەوڵیان دا فریای بکەون و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە، داهوو. ئەوانەشی لەمێژ بوو ڕقیان لێی هەڵگرتبوو، دوای ئەودیو دەرگا کەوتنی، ناویان لێ نا داتۆراو. بەڵام نەبیرەیەکی، بەری هەڵمەتی ژنانی گرت و نەیهێشت دەستیان بەرن بۆ شانی، قۆڵی، بۆ هیچ کوێی ئەندامی جاڕەس لە زەمینی، خێرا دەستی کرد بە داڕشتنی کەلیمە لە هەوادا و ئەوەی بەسەرهاتی ئەو ڕۆژانە بوو لە داهاتوو و دانەهاتووی داپیرەیدا بینیبووی، لە هەوادا تۆماری کرد. هەوانووس بوو، دەیزانی چۆن، وشەکان بە ئەستۆی کامە مولوکوولەوە بە جێ بێڵێت بۆ زەمان کە خەڵکی، گوێ بۆ گێڕانەوەکانی ڕادێرن و داوەشێن. بە هەر ئیشارەتێکی ئەو نەبیرەیەی، ئەلیکترۆنەکانی جەستەی داهوو، وەها دەشەمزان و ژیان بزر دەبوو لە سایەی ودمی داپیرەیدا، کە نەدەکرا دەستت بەر شوێنێکی کراسە دۆشداماوەکەی بکەوێت و نەپوێتەوە.
وای لێ دێ هەموو ژنانی شار لە دەرگا و بانی خانووە گەورەی داپیرەی شارەوە، دەچنە ژوور و بە ژاوەژاوی خۆیان و قیژاندنیان بەسەر کچ و کوڕەکانی داپیرەدا و دواجار بەسەر سەرحەپۆلی نەبیرەیدا کە هەر بە شەمزاندنی هەوا، خەڵکی بێئاگا لە دەرگای دێرین دوور دەخاتەوە هەتا داپیرەی، خۆی لە هەموو سێبەرەکانی داکەنێت؛ هەوڵی هەستاندنی باباواز دەدەن. پێیان وا دەبێ ئەو ئاهۆیە بە هەستانی باباواز کۆتاییی پێ دێت. سەرەتا دەروازەی ماڵە گەورەکە دەشکێنن کە دەکەوێتە چەقی زەمینێکی چوارگۆشە لەوپەڕی شاردا کە لە حەوت نهۆم لە سەرەوە و شەش نهۆمیش لەژێر عەرزەوە دروست کرابوو. عاشقی سیانزە بوو، داهوو… پێی بڵێیت، بۆ نهۆمەکانی خوارەوەی گەورەماڵەکەی، بێ پیلکانە و تەنیا لە ڕێی پەیژەیەکی گوریسچنی پیرەوە، دەکرێت بۆی وە خوار بکەویت، خێرا خۆی دەزانێ باسی چی دەکەم و دەیداتە پرمەی گریان. نهۆم هەبووە لەو ماڵەدا، هێشتاش بە وەرگۆڕانی شار بەو ئاهۆیە پیاوانە و وەرتۆرانی داپیرەی نەزانیوە و نهۆمی چواری خوارەوەیە پێم وابێ، هێشتاش هەر خەو بە چیاکانی دەوروبەری شار و حەوت نهۆمی سەر عەرزی خۆیەوە دەبینن و پێیان وایە دەبێ ڕۆژێک، چیها ئەسپی سەرکەشی تێدا پەروەردە دەکرێت، لەوێوە بگەڕێنەوە بۆ کوێستانەکانی لاملی داهووی بێسێبەر کە وای لێ هاتووە شەوانە تا بەیانی لە دیوارەکاندا، قسە بۆ نەوە و نەتیجە و نەبیرەی دەکات. ئەوێ شوێنی پەروەردەی ئەو کەسانەیە کە داهوو، لە گەردنیاندا ئەسپەکانی خۆی بینیوەتەوە و خێرا بێ یەکودوو ئەمری بە دایکەکانیان کردووە ئازادیان بکەن بۆ نهۆمی پەروەردە و بە باوکەکانیانیشی ئەمر کردووە تا گەڕانەوەی ئەسپەکان، پاسەوانی دڵی هاوسەرەکانیان بن و نەهێڵن تەمی کێوان، زەفەر بە ئەگریجەکانیان ببات، نەهێڵن چیتر هیچ داڵێک، تیژ دابەزێتە نێو ئەو داوێنە کاولانە و هەتا بن عەرز، ڕۆبچێت بە چی پەردوودایە. دوای ئەوە، ئەو منداڵانە یەکسەر لەبەر چاو ون بوون و بە دەستی داپیرە، لە ڕێگەی پەیژە پیرەکەوە، دەخزێندرانە نهۆمەکانی خوارەوە. لەمێژ بوو پەیژەیەکی پیری وە لا نابوو بۆ دەربازبوونی نەبیرە گوناحەکانی کە ڕێک بە دەستی خودی داپیرە دەبوو ببرێنە خوار و ڕادەستی پارێزەرانی نهۆمی چوارەم و خوارووتریش بکرێن. لەنێو هۆڵی پیرۆزی گەورەماڵەکەی ئەوان بوو، ساڵانە ئەو هەموو بەپیرۆزکردنە ڕووی دەدا و چەندەها ئەسپی سووچنشین، پێشکەشی نهۆمی پەروەردە دەکران کە ئامادەی گەڕانەوەیان بکەن. بەڵام کچ و بووکەکانی، وایان لێ هاتبوو، یەکەو بەرقێکیان لەسەر لەپی دەستیان نەخشاندبوو بۆ ئەوەی تەنیا بەربەرەکانێی داهووی پێ بکەن. شەوانە هەر بەو بەرقە، کۆڵان بە کۆڵانی شاری سەر زمکان دەگەڕان و نە دەیانهێشت مێرد و کوڕ و براکانیان باگا ببنەوە کە داڵە نووستووەکانی ژێر شار ڕاچڵکەێنن لەو خەونە سەدان ساڵەیە.
جا ئەمانەت لەنێو ئەم هەوایەدا بۆ دەنووسم کە تەنیا جێگۆڕکێ دەکات و ناگۆڕێت. بۆ ئەوەی بزانیت دەرگاکانی ئەو کانەی بەم هەموو فێڵ و کەڵەکە، هەوڵم دا تێتبگەیەنم چۆن لێیەوە تێی دەخزێیت بۆ دامران، دوای ئەو تیشکانە دەکرێنەوە کە لەو تیسکانەوە سەرچاوە دەگرن وا لەبن باڵی ماندووی ژنانی ئەو شارەوە دەست پێ دەکرێن کە بۆگەنیوی گەییوەتە چیاکانی دەوراندەوری ئەو شوێنەی وا سەردەمانێک ناوی زمکان بووە و کەس پێی نەزانیوە. بەڵام ئێستا بە شتێکدا ڕۆچووەتە خوار کە گوایە پێی دەڵێن؛ مۆبایل.
پێی بڵێ…
بانە، پاییزی 2018