ئیسلامۆفۆبیا: ئیسلامۆفۆبیا وەک تارمایی
به‌شی یه‌که‌م
هه‌میشه گرووپە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌سته و جڤاکه‌کان، کۆمه‌ڵێک پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپ، ڕستێک تێڕوانینی گریمانه‌کراویان له‌سه‌ر ده‌سته و جڤاکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان هه‌یه. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ک کۆمەڵگەشدا ده‌سته و گرووپ و کۆمه‌ڵه‌یه‌ک، پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپی دیاریکراو له‌سه‌ر گرووپه‌کانی دیکه گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن؛ له زۆربه‌ی دۆخه‌کانیشدا ئه‌و پێشداوه‌رییانه له‌گه‌ڵ فاکته‌کان یه‌ک ناگرنه‌وه. هه‌ندێک جار ئه‌و پێشداوه‌ری و ستیریۆتایپانه -با زۆر جار ناڕاستیش بن- ده‌کرێت ئه‌رێنی بن و به‌شدارییه‌کی بنیادنه‌رانه بکه‌ن له ڕۆنانی ناسنامه‌ی گرووپێک، بۆ نموونە بۆچوونێکی بڵاو هه‌یه که کورده‌کان ئازان، کوڕی ئیتاڵی که‌شخه‌ن، خه‌ڵکی پاریس ڕاقین، خه‌ڵکی ناوچەی پشده‌ر میواننه‌وازن. ئه‌و ستیریۆتایپانه ده‌کرێت ڕاست بن و ده‌کرێت ڕاست نه‌بن، به‌ڵام له هه‌ردوو دۆخه‌که‌دا کارکردێکی ئه‌رێنی دروست ده‌که‌ن و هه‌ندێک جار پاڵ به‌و گرووپه‌وه ده‌نێن له‌گه‌ڵ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌دا بێنه‌وه. زۆر جاری تریش ئه‌و پێشداوه‌ری و ستریۆتایپانه نه‌رێنین، بۆ نموونە ده‌کرێت ستیریۆتایپێک له‌سه‌ر خه‌ڵکی گوندێک هه‌بێت که گوایه توندوتیژن، گرووپێکی ئیتنی یان ئایینی وه‌کو پیسوپۆخڵ، دانیشتووانی ناوچه‌یه‌ک وه‌کو که‌سانی که‌لله‌ڕه‌ق ببینرێن. ئه‌و ستیریۆتایپ و پێشداوه‌رییانه که زۆربه‌ی جار ناڕاستن، کارکردێکی نه‌رێنی ده‌که‌نه سه‌ر گرووپه‌که و له هه‌ندێک دۆخیشدا سه‌ر ده‌کێشێت بۆ هه‌ڵاواردن و سته‌م و ناڕه‌وایی.
…..
ئیسلامۆفۆبیا وه‌ک پێناسه ئاماژه‌یه به هه‌ڵاواردن، به‌که‌مگرتن، خراپمامهڵهکردن، به‌دگۆیی و توندوتیژیی زمانەوانی و هه‌ندێک جار فیزیکییش به‌رامبه‌ر مرۆڤی موسڵمان و کۆمه‌ڵێک ستیریۆتایپ و پێشداوه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤه، ته‌نیا له‌به‌ر موسڵمانبوونه‌که‌ی. ئه‌وه پێناسه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام من له‌م وتاره‌دا ڕه‌خنه له‌م تێرمه ده‌گرم و هه‌وڵی بنیادنانی دیدێک ده‌ده‌م که ئیسلامۆفۆبیا ناتوانێت گوزارشت له کێشه‌یه‌کی واقیعی بکات، به‌ڵکوو هۆشیارییه‌کی ساخته‌یه، ئایدیۆلۆجیایه‌که که هێنده‌ی ڕاستی ده‌شارێته‌وه، هێنده شتێکی گرنگمان پێ ناڵێت له‌سه‌ر بارودۆخی مرۆڤی موسڵمان و ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی له خۆرئاوادا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه.
ڕۆنانی چه‌مکی ئیسلامۆفۆبیا به‌رئه‌نجامی تێنه‌گه‌یشتن و به هەڵە شیکاریی کۆمەڵگە لیبڕاڵه‌کانی خۆرئاوایه بۆ کێشه‌کانی هه‌ناوی خۆیان. خۆرئاوا له به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک کێشه‌دایه و له‌ناویاندا کێشه‌ی ئیسلام، که نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات و به چه‌مکی ساده و سانای وه‌کو ئیسلامۆفۆبیا له کۆڵ خۆی ده‌کاته‌وه. چه‌په‌کان وه‌ک ئه‌وه‌ی داهێنانێکی گه‌وره‌یان کردبێت، به خوێنگه‌رمییه‌وه به‌و چه‌مکه‌وه نووساون و به ڕاده‌یه‌ک کە پارتی کرێکارانی به‌ریتانیا کۆرسی تایبه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌ندامه‌کانی، بۆ دژایه‌تیی ئیسلامۆفۆبیا. ئه‌و به هه‌ڵه پێناسه‌کردنه ده‌بێته ڕێگر له تێگه‌یشتنێکی زانستی له دیارده‌ی ئیسلامیزم، هاوکات باڵی ڕاستی کۆمەڵگە خۆرئاوایییه‌کان ڕادیکاڵتر ده‌کات و هۆکارێکه له‌ناو چه‌ندان هۆکاری تردا که بۆ نموونە گرووپێکی ڕاستڕه‌وی توندئاژۆی ناو پارتی کۆنزه‌رڤاتیڤ، هه‌وڵ بده‌ن ڕووی کۆمەڵگەی به‌ریتانی له سه‌دان کێشه‌ی ئاڵۆزی خوێندن و ته‌ندروستی و بێ‌کاری و هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ژیان و باج وه‌ربگێڕن و به‌ره‌و هه‌ندێک کێشه‌ی دیکه‌ی ئاراسته بکه‌ن. هه‌ردووک به‌ره‌که‌ش، به ڕاست و چه‌په‌وە، له جڤاکی موسڵمانانی ناو وڵاتانی خۆرئاوا و موسڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاواش هه‌ر نه‌فره‌ت و کینه ده‌چننه‌وه.
پێشتر و له ساڵانی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌کان، پێش ئه‌وه‌ی تێرمی ئیسلامۆفۆبیا به‌م فراوانییه‌ی ئێستا به کار بهێنرێت، چه‌مکێکی دیکه باو بوو که ئه‌ویش “مه‌ڵتیکه‌ڵچرالیزم” یاخود “فره‌کەلتووری” بوو. ئه‌مه نه‌ک هه‌ر تێرمێک بوو، بگره پۆڵه‌سییه‌کی حکومه‌ت بوو و پاره‌ی بۆ خه‌رج ده‌کرا و کۆڕ و سیمینار و کۆرسی زانکۆ و چه‌ندان ڕێکخراو پێیه‌وه سه‌رقاڵ بوون. دواتر له‌به‌ر ناکارایییه‌که‌ی و له‌به‌ر ئه‌و به‌رئه‌نجامه پێچه‌وانانه‌ی که لێی که‌وته‌وه و وای کرد کۆمیونیتییه‌کان نه‌ک ئاوێزانی کۆمەڵگەی خۆرئاوا نه‌بن، به‌ڵکوو هێنده‌ی دیکه ئه‌و گرووپانه‌ی له یه‌کتر دابڕی، وازیان له پۆڵه‌سییه‌که هێنا و بێده‌نگییام لێ کرد. پۆڵه‌سییه‌که شکستی خوارد به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه بوو که ئێستا گرووپه‌کان له‌ناو یه‌کتردا ناژین، به‌ڵکوو له ته‌نیشت یه‌کتره‌وه ده‌ژین و هه‌ر گرووپه‌ی جیهانێکی خۆی هه‌یه، یاخود وه‌ک ده‌ڵێن “پارالێڵ کۆمیونیتی”ن. به‌ڵام کوا بڕیار وا بوو ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییی لیبڕاڵ له کۆمه‌ڵێک کۆمیونیتیی پاڕالێل پێک بێت که گرووپ و ده‌سته‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌یه‌که‌وه نه‌بێت و هه‌ر یه‌که‌ی له جیهانی فیزیکی و گریمانه‌کراوی خۆیدا بێت؟ به ڕاده‌یه‌ک که‌سانێکی په‌نابه‌ر ببنه بازرگان و سه‌رکرده‌ی دینی فه‌ناتیک و که‌م و زۆر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به وڵاتی خانه‌خوێوه نه‌بێت؟ نه له‌ناو سیسته‌می ئابورییه‌که‌یدا بن، نه هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌کی کەلتووری به‌و کۆمەڵگەیانه‌وه بیانبه‌ستێته‌وه؟ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، بگره دژی ئه‌و به‌هایانه‌ش بن که ئه‌و کۆمەڵگەیانه‌ی دروست کردووه؟
چه‌ند کتێبێکی په‌یوه‌ندیدار
له دوای ڕووخانی دیواری به‌رلین و بلۆکی کۆمۆنیستی خۆرهه‌ڵات، کۆمه‌ڵێک کتێب ده‌رچوون؛ له‌ناویاندا “کۆتاییی مێژوو و دواهه‌مین مرۆڤ”ی فرانسیس فۆکۆیاما و “پێکدادانی شارستانێتییه‌کان”ی سامۆوێل هه‌نتیگتن. هه‌ردوو ئه‌و کتێبانە به ئاراسته و به‌هانه‌ی فیکری و میتۆدی خۆیان، جیاوازیی کۆمەڵگەی خۆرئاوا و کۆمەڵگەکانی تر وه‌ک جیاوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ئاشتیهه‌ڵنه‌گر وێنا ده‌که‌ن. هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به تێزه‌که‌ی فۆکۆیاماوه هه‌یه که پێی وا بوو لیبڕاڵیزم وه‌کو دواقۆناغی مێژوو سەر کەوت و ئیتر هیچ سیسته‌مێکی ئابووری و فیکری ناتوانێت مه‌یدانخوازی له به‌رامبه‌ردا بکات، که‌چی ساڵانی دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، نه‌ک ساڵانی سه‌رکه‌وتنی لیبڕاڵیزم نه‌بوون، به‌ڵکوو ڕه‌وتی دژەلیبڕاڵ به شێوه‌یه‌کی دوژمنکارانه و توندوتیژ ڕووبەڕووی جیهانی لیبڕاڵ بووه‌وه و جه‌نگه‌که هێشتا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئاستی پێکدادانی ڕاسته‌وخۆ، له‌سه‌ر ئاستی به‌هاکان و گوتاره‌کان. مۆدێلی ده‌وڵه‌تی چینی که مۆدێلێکی نادیموکراته، له جاران به‌هێزتره. پۆتین و فه‌یله‌سووفه فاشیسته‌که‌ی: ئه‌لیکسانده‌ر دۆگین، بابه‌تی ئازادی و به‌هاکانی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن به نوکته. ئیسلامیزم به شێوه‌یه‌کی بێپه‌رده و ڕاشکاو که‌وتۆته جه‌نگێکی وێرانکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ جیهانی خۆی و جیهانی ده‌ره‌وه‌ش. هه‌رچی هه‌نتیگتنه له کتێبه‌که‌یدا وێنای شارستانێتییه‌کان ده‌کات به‌وه‌ی که هه‌ر شارستانێتییه‌ک کرۆکێکی هه‌یه، یاخود بڕبڕه‌ی پشتی هه‌ر شارستانێتییه‌ک ئایینێکی دیاریکراوه. شارستانێتیی خۆرئاوا کرۆکه‌که‌ی مه‌سیحییه‌ته و باکووری ئەفریکا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌ند که شارستانێتیی ئیسلامییه، کرۆکه‌که‌ی ئایینی ئیسلامه و کۆمەڵگەکانی تریش به هه‌مان شێوه. به‌پێی تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن ئه‌و جیاوازییانه، جیاوازیی قووڵی ترادیسیۆن و به‌ها و که‌لتوورن، جیاوازییه‌کی ته‌واوی جیهانبینین، به ڕاده‌یه‌ک جگه له پێکدادان هیچ ڕێگایه‌کی تریان بۆ نامێنێته‌وه. دواتر ڕۆشنبیری به‌ریتانی به بنه‌چه پاکستانی: تاریق عه‌لی، کتێبێکی بڵاو کرده‌وه به ناوی “پێکدادانی فه‌نده‌مێنتالیزمه‌کان”. تاریق عه‌لی له کتێبه‌که‌یدا که وه‌کو وه‌ڵامێکە بۆ تێزه‌که‌ی هه‌نتیگتن، ده‌یه‌وێت تێڕوانینێک بباته پێشه‌وه که له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی هه‌نتیگتن وه‌کو پێکدادانی شارستانێتییه‌کان وێنای ده‌کات، پێکدادانی شارستانێتییه‌کان نییه، به‌ڵکوو پێکدادانی گرووپ و ده‌سته و ڕه‌وته فه‌نده‌مێنتالیسته‌کانی ئه‌و شارستانێتییانه‌یه. دیاره تاریق عه‌لی گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتن که پێکدادانی شارشتانێتییه‌کانه، تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام خۆی ده‌که‌وێته ناو دوو گرفتی تره‌وه: گرفتێکیان هه‌ر هه‌مان گرفته‌که‌ی هه‌نتیگتنه که شارستانێتییه‌کان وه‌کو یه‌که‌ی خاڵس و بێگه‌رد و ناپه‌یوه‌ندیدار وێنا ده‌کات، گرفته‌که‌ی تریش ئه‌وه‌یه که تاریق عه‌لی ناڕاسته‌وخۆ هه‌موو فه‌نده‌مێنتالیزمێک یه‌کسان ده‌کات به یه‌کتر. ڕاسته فه‌نده‌مێنتالیزمی مه‌سیحی له ئه‌مه‌ریکا فه‌نده‌مه‌نتالیزمێکه به شێوه‌یه‌کی زێده‌ڕۆ پێ له‌سه‌ر کۆنزه‌رڤاتیڤیزم داده‌گرێت، به‌ڵام توندوتیژی نه به‌شێکه له ستراتیجی ئه‌و ڕه‌وته و نه هیچ دیدێکی خوێناوی په‌روه‌رده ده‌کات. جگه له‌وه‌ش، باڵی ڕاستی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکا ئه‌و پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییانه‌شیان قبووڵ کردووه که سیسته‌م و کۆمەڵگەی ئه‌مه‌ریکی له‌سه‌ر دامه‌زراوه و کردوویه‌تی به پێشکه‌وتووترین و به‌هێزترین کۆمەڵگەی دیموکراسی. ئه‌مه لەکاتێکدا فه‌نده‌مێنتالیزمی ئیسلامی، ڕه‌وتێکی دڕنده و وێرانکار و که‌ڵبه‌داره که مه‌یلی له خاپوورکردنی دنیایه به به‌شه موسڵمانه‌که‌ی دنیاشه‌وه. ململانێی گوتاره‌کان و ئایدیاکان له‌ناو فه‌زایه‌کی مه‌ده‌نی و پرۆسه‌ی سیاسی‌دا ڕه‌ت ده‌کاته‌وه.
کارڵ پۆپه‌ر، لە کتێبێکی گرنگی خۆیدا به ناوی “ئه‌فسانه‌ی چوارچێوه” ڕه‌خنه‌ی هه‌موو ئه‌و دید و تێڕوانینانه ده‌کات که هێڵێکی تۆخ له نێوان شارستانێتی و ترادیسیۆن و که‌لتوور و فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کاندا ده‌کێشن و له‌وه‌ش واوه‌تر بیرۆکه‌ی چوارچێوه -جا چوارچێوه‌ی که‌لتووری یان شارستانی بێت- وه‌کو ئه‌فسانه وێنا ده‌کات. پۆپه‌ر پێی وایه که هیچ شارستانێتییه‌ک نییه بێگه‌رد و خاڵس و سه‌ربه‌خۆ بێت و پڕ نه‌بێت له ڕه‌گه‌زی شارستانێتییه‌کانی تر، هه‌ر کەلتوورێک بگریت پڕه له توخمی کەلتووره‌کانی تر، هه‌ر زمانێک له چه‌ندان توخمی زمانی تر پێک هاتووه. له ڕاستیدا ئه‌و دیده‌ی پۆپه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی ئاشکرایه له تێرمی “ئه‌بستیم” و “شارستانێتی” و “که‌لتوور” که چه‌ندان فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند به کاریان هێناون و ئه‌و یه‌کانه‌یان وه‌کو یه‌که‌ی دابڕاو و هۆمۆجین سه‌یر کردووه. پۆپه‌ر که خۆی فه‌یله‌سووفی زانسته، به‌ڵام به‌شدارییه‌کانی له فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا زۆر گرنگ و به‌هادارن، تاکو ئه‌و جێگایه ده‌ڕوات که ته‌نانه‌ت هیچ پارادایمێکمان نییه، وه‌کو ته‌ونێک به‌ناو پارادایمی دیکه‌دا نه‌چووبێت، به پارادایمی زانستیشه‌وه.
نیگایه‌ک له مێژوو
نه‌ک هه‌ر ئێستا، به‌ڵکوو له ڕابردووش‌دا کۆمەڵگەکان و شارستانێتییه‌کان کاریگه‌رییان له‌سه‌ر یه‌کتر داناوه و به‌یه‌کداچوون و توخمی کەلتووری و زمانی و به‌ها و داهێنراو و که‌ره‌سته‌ی مادیان له یه‌کتر خواستووه و ئه‌وه‌ی پێیان گوتووه ترادیسیۆنی جیاواز، له ڕاستیدا به چه‌ندان ڕایەڵە به ترادیسیۆنه‌کانی تره‌وه به‌سترابوون. هه‌رسێ ئایینی جوو و مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام له یه‌ک ناوچه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه و پاشان بڵاو بوونه‌ته‌وه. بێرنارد لویس ده‌ڵێت خۆرئاوایی و موسڵمانه‌کان یه‌کتریان ده‌ناسی، له‌ناو په‌یوه‌ندیدا بوون و له هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاستدا ده‌ژیان و ئاگایان له یه‌کتر هه‌بوو. که‌واته ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که پێی ده‌ڵێن ئیسلامۆفۆبیا، له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه که خۆرئاوایییه‌کان ئیسلام ناناسن، ڕاست نییه. خۆرئاوایییه‌کان ئیسلام زۆر زیاتر ده‌ناسن له هیندۆییزم و بوودیزم و کۆنفۆشیۆنیزم. ئه‌دی چۆنه باسی ڕق له بوودییه‌کان ناکرێت؟ موسڵمانه‌کان ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان کردووه؟
کۆمەڵگە و شارستانێتیی ئیسلامی، پێشتریش هه‌ر تێکه‌ڵاوی و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هه‌بووه. مرۆڤه‌کانی نیمچەدوورگەی عه‌ره‌بی، پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و دوای سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌یشی؛ جا له ڕێگای بازرگانی و ڕیتمی ئاساییی ژیان و ئابورییه‌وه بووبێت یان له ڕێگای جه‌نگه‌وه، تێکه‌ڵاوییان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیان هه‌بووه. به‌شی زۆری دیدگا و تێڕوانینه‌کان ده‌رباره‌ی ئیسلام، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له گۆشه‌نیگای ئیسلامه‌وه مێژوویان نووسیوه، تێڕوانینی نامێژوویین و به شێوه‌یه‌ک باسی ئیسلام ده‌کرێت وه‌کو ئه‌وه‌ی ڕووداو و ململانێکانی له‌ناو بۆشاییدا ڕوویان دابێت. ئه‌و کاته‌ی ئیسلام له نیمچەدوورگەی عه‌ره‌بی سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ڕۆمه‌کان و ساسانییه‌کان له ته‌نیشتیانه‌وه بوون. پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان تا کۆچی دواییشی کرد، مامه‌ڵه‌ی ڕۆژانه‌ی به پاره‌ی بیزه‌نتییه‌کان و ئێرانییه‌کان بوو، ئه‌و جلانه‌ی ده‌یپۆشی و ئه‌و سووپه‌ر و قه‌ڵغان و که‌ره‌سته جه‌نگییانه‌ی به کاری ده‌هێنا، له شامه‌وه که ڕۆمه‌کانی لێ بوون، بازرگانه‌کان ده‌یانهێنا. نیمچەدوورگەی عه‌ره‌بی له ده‌ره‌وه‌ی دنیا نه‌بوو. کاتێک موسڵمانه تازه‌کان له لایه‌ن قوڕه‌یشه‌وه گوشاریان بۆ هات، ده‌سته‌یه‌کیان که کچێکی پێغه‌مبه‌ر و عوسمانی کوڕی عه‌فان و جه‌عفه‌ری برای عەلیی ئه‌بو تالیبیان له‌ناودا بوو، په‌نایان برده به‌ر حه‌به‌شە، که ئه‌سیووپیای ئێستا ده‌کات و ئه‌و کاته پاشایه‌کی مه‌سیحی شانشینێکی به ڕێوه ده‌برد به ناوی شانشینی ئه‌کسوم. پاشاکه خۆی ناوی ئه‌شامه بووه، عه‌ره‌به‌کان پێیان وتووه ئه‌سحه‌مه و له مێژووی ئیسلامی‌دا هه‌ر به نه‌جاشی حه‌به‌شی ناسراوه و له ڕاستیدا نه‌جاشی له‌قه‌بی شاهانەیە، وه‌ک چۆن ده‌ڵێین فیرعه‌ونی میسر، قه‌یسه‌ری ڕووس، کیسرای ئێران. ئەو حوکمی ده‌کرد، که هه‌ر به دانپیانانی خودی موحه‌ممه‌د، پاشایه‌کی دادپه‌روه‌ر بووه. ئه‌و شانشینه مه‌سیحییه له‌گه‌ڵ قوڕه‌یشییه په‌یگانه‌کاندا په‌یوه‌ندیی هه‌بووه و کاتێک قوڕه‌یشییه‌کان ده‌زانن ئه‌و تازه موسڵمانبووانه ڕوویان کردۆته حه‌به‌شه، ئه‌وانیش وه‌فدێک ده‌نێرن تا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یان ڕاده‌ست بکه‌نه‌وه. سه‌رۆکی وه‌فدی قوڕه‌یشییه‌کان بۆ لای نه‌جاشی، کە سیاسه‌تمه‌دارێکی به‌توانای عه‌ره‌ب بووه و هاوڕێیه‌تیی له‌گه‌ڵ نه‌جاشیدا هه‌بووه، که دواتر موسڵمان ده‌بێت و ده‌بێته فیگه‌رێکی گرنگ له مێژووی ئیسلامدا، ئه‌ویش عه‌مری کوڕی عاسه. جووله‌که‌کان له مه‌دینه بوون و مه‌سیحییه‌کان له نه‌جران. ئه‌و کاته‌ی موحه‌ممه‌د کۆچ ده‌کات بۆ مه‌دینه، کوڕانی مه‌دینه که هه‌ندێکیان منداڵانی تازەموسڵمانبووه‌کانن، لای جووله‌که‌کان ده‌خوێنن و کاتێک جووله‌که‌کان ته‌نگیان پێ هه‌ڵده‌چنرێت و مه‌دینه جێ ده‌هێڵن، ئه‌و کوڕانه له‌گه‌ڵیان ده‌ڕۆن و ناگه‌ڕێنه‌وه لای خێزانه‌کانیان، به ڕاده‌یه‌ک کێشه‌یه‌ک چێ ده‌بێت و خێزانه‌کان سه‌خڵه‌ت ده‌بن و ئایه‌تی “دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان” زاده‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌یه. له ده‌وری، موحه‌ممه‌د سه‌لمانی فارسی هه‌بووه که باوکی پیاوێکی ئایینی و ئاگره‌وانی په‌رستگای زه‌رده‌شتی بووه و هه‌ڵکه‌ندنی خه‌نده‌قێک به ده‌وری مه‌دینه‌دا له جه‌نگی خه‌نده‌ق، بیرۆکه‌ی سه‌لمان بووه. سوهه‌یبی ڕۆمی هه‌بووه که خێزانه‌که‌یان ڕۆمی بوون، چابانی کوردی هه‌بووه که به ئه‌گه‌ری زۆر له دایک و باوکێکی مانه‌وی بووە، لوئلوئه‌ی فه‌یرووز که فارس بووه و له بنه‌ماڵه‌ی له‌کارخراوی ساسانییه‌کان نزیک بووه؛ له‌ناو مه‌که‌دا عومه‌ری کوڕی خه‌تابی کوشتووه. بووکه‌کانی عەلیی کوڕی ئه‌بو تالیب، هاوسه‌رانی حه‌سه‌ن و حوسه‌ین فارسن و کچانی یه‌زگه‌ردن. دواتر معاویه له‌ژێر کاریگه‌ریی بیزه‌نتییه‌کان، که‌شتی دروست ده‌کات. معاویه و خه‌لیفه‌کانی ئومه‌وی له چه‌ند هه‌وڵێکدا بۆ گرتنی کۆسته‌نتینییه -ئه‌سته‌نبووڵی ئێستا- شکست ده‌خۆن بۆ چوونەناو ئه‌وروپاوە. هه‌رچه‌نده چوونەناو ئه‌وروپا گوزارشتێکی دروست نییه، چونکه ئه‌و کاته هێز و سوپا و ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان هه‌موو جێگایه‌کیان وه‌کو ناوچه‌یه‌ک ده‌بینی که ئه‌گه‌ر بتوانن داگیری بکه‌ن، داگیری ده‌که‌ن. له خۆرئاوای جیهانی ئیسلامییه‌وه که ئێستا به باکووری ئەفریکا ناسراوه، مووسای کوڕی نوسه‌یر که دوای کشانی ئیسلام بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ده‌بێته والی، له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کی جه‌نگاوه‌ری ئه‌مازیغی که تاریقی کوڕی زیاد ده‌بێت، ده‌توانن ناکۆکی و چه‌ندبه‌ره‌کیی میر و ده‌سه‌ڵاتدار و پاشاکانی ئیبیریا که بە ئه‌نده‌لووس ناسراوه، بقۆزنه‌وه و له ده‌ریا بپه‌ڕنه‌وه و ئه‌و ناوچه‌یه داگیر بکه‌ن. پاش ساڵانێکی دواتر، عه‌بدولڕه‌حمانی داخیل له ده‌ست عه‌باسییه‌کان ڕاده‌کات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و ناوچه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له ئه‌نده‌لووس یه‌ک ده‌خات. گه‌شه‌ی هونه‌ر و فه‌لسه‌فه و موزیک و ته‌لارسازیی ئه‌نده‌لووسی، به‌رهه‌می پێکداچوونی هه‌ردوو کەلتووری مه‌سیحی و ئیسلامی و کەلتووره ناوچه‌یییەکانی هه‌ردوو به‌ری ده‌ریای ناوه‌ڕاسته. سۆفیزم و عیرفانی ئیسلامی به‌رئه‌نجامی به‌رکه‌وتنی ئیسلامه به عیرفانی مه‌سیحی و سۆفیزمی هیندۆیییزم و بوودیزم. مه‌ئمونی کوڕی هاڕوونە ڕه‌شید -که دایکی ئه‌ویش عه‌ره‌ب نه‌بووه- وه‌فدێک ده‌نێرێت بۆ لای ڕۆمه‌کان و بۆ لای پاشای قوبڕس بۆ ئه‌وه‌ی کتێب بهێنن و دارولحیکمه وه‌ریان بگێڕێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. ئه‌مینداری کاری وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌زگایه، یوحه‌ننا کوڕی به‌تریق و پشکنه‌ر و به‌راوردکاری وه‌رگێڕانه‌کانیش، حونه‌ین کوڕی ئیسحاق بووه؛ که مه‌سیحی بوون. پزیشکی تایبه‌تی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یووبی، پزیشکێکی جوو بووه، که جگه له پزیشکییه‌که‌ی، ناسراوترین فه‌یله‌سووفی جووله‌که‌یه له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌ویش مووسا ئیبن مه‌یموونە. ده‌توانین هه‌زاران نموونە بهێنینه‌وه له‌و به‌یه‌کداچوونه‌ی موسڵمانه‌کان و ناموسڵمانه‌کان، عه‌ره‌به‌کان و ناعه‌ره‌به‌کان. چیرۆکی فه‌یله‌سووفه موسڵمانه‌کان و کاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان له‌سه‌ریان و پاشان دوای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، کاریگه‌ریی فه‌یله‌سووفانی عه‌ره‌ب و کتێب و نووسین و وه‌رگێڕانه‌کانیان لەسه‌ر بووژانه‌وه‌ی فیکری خۆرئاوا، خۆی بابه‌تی چه‌ندان کتێبه. گه‌شه‌ی پزیشکی و فه‌لسه‌فه و زانست له سه‌رده‌مێکی دیاریکراوی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهانی ئیسلامی، به‌رهه‌می به‌ریه‌ککه‌وتنی ئیسلامه به ڕۆمه‌کان، فارسه‌کان و بوودییه‌کان و هیندۆسه‌کان، ئه‌مه‌ش دۆخێکی سروشتیی شارستانییه‌ته که بڵاو ده‌بێته‌وه و گه‌شه ده‌کات و کاریگه‌ری داده‌نێت و ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رییه‌وه. هه‌تا کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده له زمانی عه‌ره‌بیدا وشه‌ی “موسته‌شفا” نییه و به نه‌خۆشخانه گوتراوه بیمارستان و له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌کاندا، عه‌ره‌به‌کان له فارسه‌کانیان وه‌رگرتووه.
مرۆڤ و به‌های گڵۆباڵ
له دوای گۆڕانکارییه گه‌وره‌کانی خۆرئاواوه که له ڕێنیسانسه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ناو ڕیفۆرمی ئایینی و ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشی پیشه‌سازیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌لومه‌رجێک له دایک ده‌بێت که هه‌لومه‌رجی مۆدێرنیتییه. ئه‌م گۆڕانکارییانه شارستانێتییه‌ک دروست ده‌که‌ن که زانست بڕبڕه پشته‌که‌یه‌تی نه‌ک ئایین، ئه‌مه‌ش مرۆڤێک دروست ده‌کات که نوێیه و کۆمه‌ڵێک داموده‌زگا و به‌ها و فۆرمی به‌ڕێوه‌بردن و سیسته‌می سیاسی داده‌ڕێژێت که تازه‌ن. ئه‌گه‌ر تێڕوانینه‌که‌ی پۆپه‌ر بکه‌ینه بنه‌ما، ده‌توانین بڵێین جیهان ئێستا هه‌مووی له‌ناو یه‌ک پارادایمدایه، له‌ناو یه‌ک شارستانێتیدایه. ئه‌وه‌ی به‌های کەلتووری و وێژه‌یی و هه‌ندێک کۆدی کۆمه‌ڵایه‌تی له جێگاکانی دنیادا جیاوازن، هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که ئه‌و شارستانێتییه‌ی له خۆرئاوادا سه‌ری هه‌ڵدا و گه‌شه‌ی کرد و بڵاو بووه‌وه، کۆمەڵگەکانی تری دنیا وه‌کو نموونەیهک و مۆدێلێکی سه‌رکه‌وتوو چاوی لێ ده‌که‌ن. ئه‌و بینینه‌ی خۆرئاوا وه‌ک ئه‌زموونێکی پێشه‌که‌وتوو و به‌مۆدێلبوونه‌ی نابێت به گوزاره‌ی ناقۆڵای وه‌کو “لاساییکردنه‌وه و چاولێکه‌ریی خۆرئاوا” خۆی لێ بدزرێته‌وه. ئه‌دیسۆن کاره‌بای داهێناوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێکی تریش دایبهێنایه، بۆ نموونە خه‌ڵکی چین بووایه، هه‌ر هه‌مان نرخی شارستانی ده‌بوو. هه‌ر که‌سێک بۆ ئه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی به تاریکی نه‌مێنێته‌وه، وه‌ریده‌گرێت. له‌و وه‌رگرتنه‌ش که‌س لۆمه‌ی ناکات، چونکه داهێنانه‌که ئه‌گه‌ر له به‌ستێنی گشتیی مرۆڤایه‌تیدا سه‌یر بکرێت، داهێنانێکی هاوبه‌شه و مرۆڤایه‌تی به هه‌وڵی ورد و به‌رده‌وام و مێژوویی به ده‌ستی هێناوه و له‌و هه‌وڵانه‌شدا هه‌مووان به‌شدار بوون. وشه‌ی ئه‌لگۆریتم له زمانه ئه‌وروپییه‌کاندا له بنه‌ڕه‌تدا له ناوی ئه‌لخه‌وارزمییه‌وه وه‌رگیراوه و هیچ که‌سێکی زانستخواز سڵ ناکاته‌وه له‌وه‌ی له خەوارزمییه‌وه شت وه‌ربگرێت و لێیه‌وه فێر بێت. ئیبن خه‌لدوون سه‌ره‌تاکانی زانستی کۆمه‌ڵناسیی داڕشتووه و ئیبن خه‌لدوون موڵکی هه‌مووانه و سووده‌کانی زانستی کۆمه‌ڵناسی بۆ بوودییه‌ک و هیندۆسێک و بێدینێک وه‌کو یه‌که. ئه‌و پێوه‌ره ئه‌گه‌ر بۆ زانست و پزیشکی و سه‌رجه‌م زانسته سروشتی و مرۆیییه‌کان ڕاست بێت، بۆ سیسته‌می سیاسی و به‌هاکانیش هه‌ر ڕاسته. ئه‌و وڵاتانه‌ی چاویان له نموونەی ئه‌مه‌ریکا و فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی خۆرئاوای ئه‌وروپا کرد، پێش که‌وتن؛ که نموونەکانی یابان و کۆریای باشوور زۆر به‌رچاون. ئه‌وانه‌شی به هه‌ر بیانوویه‌ک ئه‌و نموونە‌یه‌یان ڕه‌ت کرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار و له ڕووی بههایییهوه دواکه‌وتووی وه‌کو کۆریای باکوور و سعودیه و ئێران و سوریا و ئه‌ریتیریا و به هه‌ندێک پێوه‌ری تر چین و ڕووسیا و ڤێتنام و نیپاڵیان لێ ده‌رچوو. له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای گه‌ردوونیبوونی شارستانی، جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌کانی مرۆڤ و سیسته‌می دیموکراسیی مۆدێرن داڕێژراوه که ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی قووڵ و پایه‌داری هه‌یه و فه‌لسه‌فه‌ی نوێی خۆرئاوا گه‌شه‌ی پێ داوه و له ڕاستیدا خۆدزینه‌وه لێیان به به‌هانه‌ی جیاوازیی کەلتووری و ئایینی، له ناواخنی خۆیدا سته‌م و ملهوڕی په‌روه‌رده ده‌کات.