ئیسلامۆفۆبیا: جیاکردنه‌وه‌ی موسڵمانان
به‌شی دووه‌م
کێشه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئیسلامۆفۆبیا ئه‌وه‌یه که به‌هانه‌ی هەبوونه‌که‌ی ڕێگرتنه له به‌که‌مگرتنی مرۆڤی موسڵمان له‌به‌ر موسڵمانبوونه‌که‌ی، به‌ڵام له کرداردا دژی ئه‌و بنه‌ما گه‌ردوونییه‌ی سه‌ره‌وه کار ده‌کات. به‌پێی یاساکانی یه‌کێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا، به‌که‌مگرتن و هه‌ڵاواردنی مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌نگی پێست و ڕه‌گه‌ز و باوه‌ڕ و ئایین و مه‌یلی ڕه‌گه‌زی قه‌ده‌غه‌یه. جیاکردنه‌وه‌ی موسڵمانان به تایبه‌ت بۆچی؟ ڕێسای دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیا بۆچی به تایبه‌ت جیا کراوه‌ته‌وه؟ ئێمه ده‌توانین له جیاکردنه‌وه‌ی جووه‌کان تێبگه‌ین و له‌و ڕێگه‌یه‌وه له ڕێسای دژایه‌تیکردنی ئه‌نتیسمیتیزم -دژایه‌تیی سامییه‌ت- تێبگه‌ین، چونکه ملیۆنانیان له سووتاندنی بنیادەمدا له‌ناو براون و وه‌کو ڕێگرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌هامه‌تییانه و گێڕانه‌وه‌ی ئیعتیبار بۆ ئه‌و قوربانییانه، مه‌سه‌له‌ی دژایه‌تیی ئه‌نتیسمیتیزم هاتۆته گۆڕێ. به‌ڵام چی به‌هانه‌یه‌ک هه‌یه له دۆخی موسڵمانه‌کان له خۆرئاوادا و ئه‌و شێلگیرییه به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک نۆرمی ناکۆک به مافه‌کانی مرۆڤ، به بیانووی جیاوازیی ئایین و کەلتووره‌وه، له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ مرۆڤێکی شیعه‌ی موسڵمان له سوید زیاتر مافی هه‌یه وه‌ک له سعودیه. مرۆڤێکی سوننه‌ی موسڵمان له نه‌رویج ئازادانه‌تر بۆی هه‌ڵده‌سووڕێت وەک له مرۆڤێکی سوننه‌ی موسڵمان له تاران. گرووپ و ده‌سته و که‌سانی موسڵمان له به‌ریتانیا کۆمه‌ڵێک چالاکی ده‌که‌ن که له‌به‌ر توندڕه‌وبوونه‌که‌یان ڕه‌نگه له کابوول جێگایان نه‌بێته‌وه. نیشاندانی تێگه‌یشتن له‌و فه‌ناتیزمه سیاسی و کەلتوورییه له ڕاستیدا هیچ سوودێک به کرانه‌وه‌ی جیهانی ئیسلامی ناگه‌یه‌نێت و له‌بری ڕێگادان به‌و پێلێڕاکێشانه‌ی موسڵمانانی توندڕه‌و به بیانووی دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیاوه، هاوکاریی بزووتنه‌وه‌ی دیموکراسی و ڕه‌واجدان به مافه‌کانی مرۆڤ و گه‌شه‌پێدان به داموده‌زگاکانی وڵاتانی موسڵماننشین بکرێت زۆر باشتره؛ هه‌م بۆ مرۆڤی موسڵمان و هه‌م بۆ ئاشتی و ئاسایشی دنیا. تۆخکردنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسلامۆفۆبیا وه‌کو شه‌ڕکردن وایه له‌گه‌ڵ تارمایی، تارمایییه‌ک که نه ناسنامه‌که‌ی دیاره و نه خه‌سڵه‌ت و ڕه‌گه‌زه‌کانی دیار و مه‌فهوومه و له‌وه‌ش واوه‌تر مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت ئیسلامۆفۆبیا ئه‌گه‌ر وههمیش نه‌بێت، ئه‌وا هیچ بوونێکی ڕوونی نییه. ڕاسته کۆمه‌ڵێک ڕووداو ڕوو ده‌ده‌ن له ئه‌وروپادا و کردەوەی تیرۆریستی که گرووپی موسڵمانه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، وای کردووه ئیسلام وه‌ک ئایین پرسیاری جددی ڕووبەڕوو بکرێته‌وه و مرۆڤی ئاساییی ئه‌وروپی نه‌توانێت وه‌کو چۆن بیر له بوودیزم ده‌کاته‌وه و سه‌یری ده‌کات، هه‌مان دیدی بۆ ئیسلام هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه هه‌رگیز سه‌ری نه‌کێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی موسڵمان به شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو به که‌متر سه‌یر بکرێت و هەڵاواردنی به‌رامبه‌ر بکرێت. هەڵاواردن به یاسا قه‌ده‌غه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به به‌رده‌وامی که‌یسی هه‌ڵاواردن لێره و له‌وێی وڵاتانی ئه‌وروپادا ڕوو دەدات؛ به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵاواردنه، ئه‌و ناڕه‌وامامه‌ڵه‌کردنه، ئه‌و جیاوازیدانانه به ته‌نیا له دۆخی موسڵمانبووندا ڕوو نادات، ده‌کرێت به هۆی ڕه‌نگی پێسته‌وه ڕوو بدات، ده‌کرێت به هۆی ناسنامه‌ی سێکسوالیتی، ده‌کرێت به هۆی جوله‌که‌بوون، ژن‌بوون، که‌مئه‌ندامی، ده‌کرێت به هۆی به‌ته‌مه‌نبوونه‌وه ڕوو بدات. هه‌موو ئه‌و جیاوازیدانانه‌ش نایاسایییه و به‌پێی ڕێوشوێنی یاسایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. هیچ که‌سێک نابێت به هۆی جوله‌که‌بوونی، نادادی به‌رامبه‌ر بکرێت، به‌ڵام جوله‌که‌بوونیش نابێت خۆبه‌خۆ ببێته بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی جووله‌که مافی زیاتر بێت له که‌سێکی تر، ئه‌مه بۆ که‌یسی ژن‌بوون و هاوڕه‌گه‌زخووازبوون و ئه‌وانی دیکه‌ش ڕاسته. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش که بابه‌ته‌که دێته سه‌ر ئیسلام و موسڵمانان، دۆخه‌که ده‌گۆڕێت؛ گۆڕانێک که له‌سه‌ر حیسابی پره‌نسیپی ڕه‌گداکوتاوی به‌های گه‌ردوونی و یاساکانی خۆرئاوا به قازانجی موسڵمان و زیانی ئه‌و به‌هایانه ده‌شکێته‌وه. که ده‌شڵێم به قازانجی موسڵمان له ڕاستیدا قازانجه‌که هه‌م ڕووکه‌شه، هه‌م به قازانجی دیدێکی دیاریکراوی ناو ئیسلامه که له هه‌ندێک دۆخدا نوێنه‌رایه‌تیی گرووپێک و ته‌فسیرێکی دیاریکراوی ئیسلام ده‌کات و نوێنه‌رایه‌تیی چه‌ندان دید و ته‌فسیری تر ناکات. ئازادیی ڕه‌خنه‌گرتن له ئایین مافێکی چه‌سپاوه، به‌ڵام که ڕه‌خنه‌گرتنه‌که دێته سه‌ر ئیسلام، ده‌بێت هه‌ڵوێسته بکرێت، بۆچی؟ ئازادیی ڕاده‌ربڕین و گوزارشت مافێکه، به‌ڵام که ڕایه‌که دێته سه‌ر ئیسلام، پێوه‌ره‌که ده‌گۆڕێت… چی وای کرد بگۆڕێت؟ دروستکردنی کاریکاتێر له‌سه‌ر مووسا و عیسا و بوودا ئاسایییە، بەڵام که دێته سه‌ر موحه‌ممه‌د ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسه‌کان له‌ناو پاریس کۆمه‌ڵکوژ بکرێن. کێ ئه‌و دۆخه‌ی خوڵقاند؟ سووتاندنی کتێبی پیرۆزی جووله‌که و مه‌سیحییه‌کان به ئینجیله‌کان و ته‌وڕات و په‌یمانی کۆن و نوێوه، سووتاندنی به‌هاڤاد گیتا، مه‌سحه‌فی ڕه‌ش و جیلوه‌ی ئێزیدییه‌کان، کڵامی یارسانه‌کان، کانزا ڕه‌بای سابیئه‌ی مه‌ندائی، ڕێنمایییه‌کانی کۆنفۆشیۆس و دالای لاما، ئاڤێستای زه‌رده‌شتییه‌کان، هه‌مووی وه‌کو کرده‌ی سیاسی ببینرێت به‌ڵام که دێته سه‌ر سووتاندنی قورئان، باسی ماف و ئازادیی ڕاده‌ربڕین نامێنێت، به‌ڵکوو میانڕه‌وترین موسڵمان ده‌ڵێت بۆچی هه‌ستمان بریندار ده‌که‌ن؟ تاریق ڕه‌مه‌زان که به میانڕه‌و ناسراوه و بیرمه‌ندێکی دیاری موسڵمانه و له سویسرا له دایک بووه، سه‌ت “ئاخر” و “ئه‌گه‌ر” و “ئه‌زانی چۆن” ده‌خاته قسه‌کانیه‌وه.
ده‌رباره‌ی مافداری و ههستبرینداربوون
له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌کانی مرۆڤدا هاتووه و له ڕێککه‌وتننامه‌کانی تری په‌یوه‌ندیدار به ئازادی و مافه‌کانیشدا جه‌ختی لێ کراوه‌ته‌وه که ئازادیی ڕاده‌ربڕین و گوزارشتله‌خۆکردن مافێکی سه‌لمێنراوه، ئینجا ئه‌و ڕاده‌بڕین و گوزارشتله‌خۆکردنه به‌رامبه‌ر ئۆتۆریتییه‌کی سیاسی، ئایینی، کەلتووری یان هه‌ر ئۆتۆریتییه‌کی تر بێت. ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌زانین که مرۆڤه‌کان به‌پێی جیاوازیی سروشتی مرۆڤه‌که و ئاستی ڕۆشنبیری و جیهانبینییه‌که‌ی، شێوازی گوزارشتکردنه‌که‌شی ده‌گۆڕێت. ئێمه مادام جیاوازین، شێوازی ده‌ربڕین و ڕه‌فتار و گوزارشتله‌خۆکردنیشمان جیاوازه، به‌ڵام ئه‌و جیاوازییه هیچ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پره‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌که نییه که ئه‌ویش مافی ڕاده‌ربڕینه‌که‌یه. ڕه‌نگه که‌سێک به شێوه‌یه‌ک گوزارشت له خۆی بکات که که‌سێکی تر ئه‌و شێوازه‌ی به لاوه دروست نه‌بێت، به‌ڵام دروستی یان نادروستی، بابه‌تێکی مۆڕاڵییه و په‌یوه‌ندیی به ئازادی و مافه‌وه نییه. ڕێی تێ ده‌چێت که‌سێک به ده‌ربڕینی ڕایه‌ک هه‌ستی که‌سێکی دیکه بریندار بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ههستبرینداربوون بابه‌تێکی عاتیفی و که‌سییه و سه‌ره‌ڕای ناخۆشییه‌که‌ی، هێشتا ڕاده‌ربڕینه‌که که مافه‌که‌یه، بنه‌ڕه‌ته و ههستبرینداربوونهکه، مافه‌که ڕه‌ت ناکاته‌وه. بۆ نموونە ژنێک و پیاوێک له یه‌کتر جیا ده‌بنه‌وه، زۆر ڕێی تێ ده‌چێت یه‌کێکیان هه‌ستی بریندار ببێت. ههستبرینداربوون بابه‌تێکه نابێت له‌گه‌ڵ مافداریدا تێکه‌ڵاو بکرێت؛ که‌سی ههستبرینداربوو ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخی دژواری ده‌روونیی خۆیدا بکات و نابێت پێی وا بێت به‌رامبه‌ره‌که‌ی ئه‌و مافه‌ی نییه. له په‌یوه‌ندی به ئایینه‌وه خاڵێکی تر شایانی ئاماژه‌پێکردنه، ئه‌ویش جیاکردنه‌وه‌ی گوناهه له تاوان. تاوان تێرمێکی یاسایییه و گوناهـ تێرمێکی دینی و ئه‌خلاقییه. له وڵاتانی دیموکراسیدا حوکمی یاسایی له‌سه‌ر بنه‌مای گوناهـ دانانرێت. گوناهـ کردارێکه مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌کی مه‌عنه‌وییه‌وه له به‌ردەم خوا یان هه‌ر ئۆتۆرییتییه‌کی پیرۆزی بانمرۆیییه‌وه که که‌سی گوناهکار یان که‌سانی دیکه باوه‌ڕیان پێیه‌تی، له‌کاتێکدا تاوان که‌سێک ده‌خاته به‌رده‌م یاسا و ڕێسای داڕێژراو و به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و مرۆڤه‌کانی تر. دیاره ده‌کرێت کردارێک هه‌م تاوان بێت و هه‌م گوناهـ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بۆ نموونە یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی دزی دانراوه، له‌به‌ر گوناهبوونه‌که‌ی نییه، به‌ڵکوو له‌به‌ر پێشێلکردنی مافی موڵکایه‌تیی که‌سێکی تر یان ده‌زگایه‌که. هه‌ر یاسایه‌ک به ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای گوناهـ داڕێژرابێت، که یاسای ئاوا له وڵاتانی تیۆکراسی زۆرن، یاساگه‌لی دژی ئه‌و به‌هایانه‌ن که مافه‌کانی مرۆڤ و دیموکراسی و یاساکانی کۆمەڵگەکانی خۆرئاوای له‌سه‌ر داڕێژراوه. به‌و پێوه‌ره که‌سێکی موسڵمان ده‌کرێت ناڕازی بێت له‌وه‌ی که‌سێکی دیکه قورئان بسووتێنێت، ده‌کرێت ئه‌و موسڵمانه هه‌ستیشی بریندار بێت (هه‌رچه‌نده من پێم وایه له دۆخێکی ئاوادا، که‌سێک ڕاهێنانی ناوه‌کی له‌سه‌ر قبووڵکردنی ئازادیی ده‌ربڕین و بیروڕا کردبێت، هه‌ستیشی بریندار نابێت)، ده‌کرێت ئه‌و کرداره به گوناهـ دابنێت و له‌وه‌ش واوه‌تر ده‌کرێت به شێوه‌ی مه‌ده‌نی ناڕه‌زاییش ده‌رببڕێت. به‌ڵام داوای سه‌ربڕین و سووتاندن و پارچه‌پارچه‌کردنی که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆتێستێکی کردووه، کردارێکی سیاسی نواندووه، بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مێنتاڵیتییه‌کی ترسناکه، که گەر بۆی بلوێت، هه‌ر کردەوەیەک له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆجی و ڕاڤه ئایینییه‌که‌ی خۆی نه‌گونجێت، به خوێنساردییه‌وه دەکوژێت. مادام مرۆڤ له‌سه‌ر سووتاندنی کتێبێک بکوژرێت، که‌واته گوتارێکی ترسناکی سه‌رکوتکارانه له گۆڕێیه که وا ده‌کات سووتاندنی ئه‌و کتێبه بکات به کردارێکی سیاسی. هه‌ر کاتێک موسڵمانه‌کان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی که سووتاندنی قورئان گوناهه به‌ڵام تاوان نییه و به‌شێکه له ئازادیی ده‌ربڕین، ئه‌وا قورئانسووتاندن کۆتاییی دێت و که‌س ئه‌و کاره ناکات. که‌سێک له به‌ریتانیا وێنه‌ی ڕیشی سو‌ناک بسووتێنێت وه‌ک شتێکی هه‌زه‌لی وه‌رده‌گیرێت؛ بۆیه نابینرێت که‌سێک ئه‌و کاره بکات. به‌ڵام سووتاندنی وێنه‌ی کیم جۆن ئونی سه‌رۆکی کۆریای باکوور کرده‌یه‌کی سیاسییه و هه‌ر که‌سێک ئه‌و کاره بکات کردارێکی سیاسی ده‌نوێنێت و مانای سیاسیی هه‌یه. جیهانی ئیسلامی و ئیسلام کاتێک به ڕووی دنیادا ده‌کرێته‌وه که به نۆرمه کۆنه‌کانی خۆیدا بچێته‌وه و مرۆڤێک دروست بکات که له‌سه‌ر نووسینی توێژینه‌وه‌یه‌ک فه‌ره‌ج فۆده نه‌کوژێت، به‌ڵکوو دیالۆگی له‌گه‌ڵدا بکات. له‌سه‌ر کاریکاتێرێک گرووپێک ڕۆژنامه‌نووس ڕه‌شه‌کوژ نه‌کات، به‌ڵکوو هه‌وڵ بدات له مانا سیاسی و ڕه‌خنه‌یییه‌کانی تێ بگات. له‌سه‌ر ڕۆمانێک دنیا له سه‌لمان ڕوشدی نه‌کاته زیندان و لەجیاتیی ئه‌وه چێژ له داهێنانه ئیستاتیکییه‌کانی وه‌ربگرێت یان ئه‌وپه‌ڕی نه‌یخوێنێته‌وه. کاتێک پاپا و دالای لاما سووتاندنی کتێبه پیرۆزه‌کانی خۆیان له لایه‌ن نه‌یارانیانه‌وه قبووڵ ده‌که‌ن، مانای ئه‌وه نییه کتێبه‌که‌ی خۆیان له لا پیرۆز نییه، مانای ئه‌وه‌ش نییه پێیان خۆش بێت کتێبه پیرۆزه‌که‌یان بسووتێنرێت، به‌ڵام مانای ئەوەیە که ئه‌وان دیدێکیان قبووڵ کردووه بۆ مرۆڤ و بۆ پلورالیزم که ئێمه له دنیایه‌کداین ده‌کرێت کارێکی له‌و جۆره‌یشی تێدا بکرێت. موسڵمانێکیش ئه‌گه‌ر ئه‌وه قبووڵ بکات، هیچ له ئاییندارییه‌که‌ی که‌م نابێته‌وه، به‌ڵام بێگومان مرۆڤبوونی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کات و وێنه‌یه‌کیش له خۆی دروست ده‌کات که ئه‌وانی دی به نه‌فره‌ت و بێزارییه‌وه لێی نه‌ڕوانن. ئه‌گه‌ر ئیسلام تا ئه‌و ڕاده‌یه بکرێته‌وه، ئایینه‌که له‌ناو ناچێت وه‌کو هه‌ندێک ئیسلامیی فه‌ناتیک پێیان وایه؛ به‌ڵکوو به ئه‌گه‌ری زۆر، زیاتر گه‌شه ده‌کات. مه‌سیحییه‌ت که ئێستا ئایینێکی نه‌رمه و فۆرمه دڕندانه‌که‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی خۆی جێ هێشتووه زۆر به خێرایی له زۆر ناوچه‌ی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه، بۆ نموونە له ئاسیای دوور.
جیهانێکی به‌یه‌کداچوو
جیهانی ئه‌مڕۆ زۆر له جاران به‌یه‌کداچووتره. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فۆرمی سیاسیی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه فۆرمێکی زاڵ و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تانه، به‌ڵام به هۆی ئه‌و شۆڕشه ته‌کنیکی و زانستی و گۆڕانکارییه گه‌وره‌یه‌ی له تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندیدا ڕوویان داوه، کۆمەڵگەکان خێراتر کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌کتر داده‌نێن، داهێنراوه ته‌کنیکی و زانستییه‌کان زووتر بڵاو ده‌بنه‌وه، ئایدیاکان خێراتر سنووره‌کان ده‌بڕن. زانست هه‌میشه به دیالۆگی زاناکان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا پێشکه‌وتووه. شارستانێتییه‌کان، فۆرمه‌کانی حوکمڕانی، ده‌زگاکان و ئایدیاکان، له جێگایه‌که‌وه بۆ جێگایه‌کی دیکه بڵاو بوونه‌ته‌وه. جاران وا بووه و ئێستا زۆر خێراتر و کاریگه‌رتره. پتر دیموکراتیزه‌بوونی وڵاتێک کاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر وڵاتانی تریش. ڕووخانی حکومەتێک په‌یوه‌سته به ده‌یان هۆکاری ئاڵۆزی ده‌ره‌کی. گه‌شه‌ی به‌هاکان له کیشوه‌رێک ده‌کرێت جیهانبینی له کیشوه‌رێکی تردا بگۆڕێت. ئه‌مه خه‌سڵه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، به‌ڵام دنیای نوێ هه‌ر ئه‌م دیوه ئه‌رێنییه‌ی نییه، بەڵکوو دیوێکی نه‌رێنییشی هه‌یه، ئهوەیش که ئایدیا به‌ده‌کانیش هه‌ر وان: زاڵبوونی دیدێکی توندئاژۆی ئایینی، کەلتووری یان سیاسی، ده‌کرێت زۆر ئاسانتر کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر جێگاکانی تری دنیاشدا دابنێت. تره‌مپ هه‌ر کێشه نابێت بۆ ئه‌مه‌ریکا، به‌ڵکوو ده‌کرێت که‌شوهه‌وای سیاسیی هه‌موو دنیا ئاڵوودە بکات. به‌هێزبوونی باڵی ڕاست له ئیتاڵیا و فه‌ڕه‌نسا هه‌ر ته‌نیا ئه‌و دوو وڵاته تووشی ته‌نگژه ناکات، به‌ڵکوو ده‌بێته کێشه بۆ هه‌موو ئه‌وروپا و هه‌موو دنیاش. به‌و پێودانگه‌ش، به‌هێزبوون و فراوانبوونی ئیسلامێک که نه‌هاتۆته ناو جیهانی نوێوه هه‌ر کێشه نابێت بۆ موسڵمانه‌کان و دنیای ئیسلام، به‌ڵکوو کاریگه‌ریی داده‌نێت له‌سه‌ر وڵاتانی تریش. تێرمی ئیسلامۆفۆبیا له‌ناو ئه‌و که‌شوهه‌وا گڵۆباڵه‌دا ڕسکاوه، له‌ناو دۆخێک‌دا که ئیسلام توانیویه‌تی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا ناچار بکات سازش له‌سه‌ر هه‌ندێک به‌ها بکه‌ن، جا ئه‌و سازشه به بیانووی ئاسایشه‌وه بێت، به بیانووی ڕێژه‌گه‌راییی کەلتوورییه‌وه بێت، یان به هۆی دژایه‌تیکردنی ئیسلامۆفۆبیاوه بێت.
تێرمی ئیسلامۆفۆبیا و دژایه‌تیکردنی وه‌کو ستراتیجێک جگه له‌وه‌ی گوزارشت له شتێکی کۆنکرێت ناکات، هه‌لومه‌رجێکیش ده‌خوڵقێنێت که شرۆڤه و ڕه‌خنه‌گرتن له ئیسلام، له مێژووه‌که‌ی، له به‌ها و نۆرمه‌کانی، له کتێبه پیرۆزه‌که‌ی، ڕاسته‌وخۆ وه‌ک دژایه‌تیکردنی مرۆڤی موسڵمان سه‌یر بکرێت. دۆخێک ده‌خوڵقێنێت که مرۆڤ ده‌ستی ئاوەڵا بێت له ڕه‌خنه‌کردنی مه‌سیحییه‌ت و نۆرم و به‌هاکانی، به‌ڵام هه‌مان ده‌ستکراوه‌ییی نه‌بێت به‌رامبه‌ر ئیسلام و دۆخێکی خۆسانسۆرکردن بۆ توێژه‌ران و ڕه‌خنه‌گران بسازێنێت که به هه‌مان پێوه‌ری مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئایینه‌کانی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ل ئیسلام نه‌که‌ن. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات جڤاتی موسڵمانه‌کان له خۆرئاوادا زیاتر به‌سه‌ر خۆیاندا دابخرێن و له ئاینده‌دا ببن به کێشه بۆ وڵاتانی خانه‌خوێ و وڵاتانی باوانیشیان. هاوکات، ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه پشتچۆڵکردنی محهممەد ئه‌رکۆن و نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید و محهممەد شه‌حرور و ئه‌وانی تریشه. ڕه‌نجبه‌خه‌سارکردنی ئه‌و ده‌نگه عه‌قڵانی و تاکوته‌رایانه‌ی ناو کۆمەڵگە موسڵمانه‌کانیشه که خه‌ون به ئیسلامێکی مه‌عقوول و سنگفراوان و سه‌نگینه‌وه ده‌بینن و ده‌یانه‌وێت ئیسلامیش وه‌کو مه‌سیحییه‌ت بێته ناو جیهانی نوێوه. له سه‌رووی هه‌موویشیە‌وه ئه‌و ستراتیج، ئه‌و شێلگیرییه به‌رامبه‌ر به ئیسلام وا خۆی ده‌رده‌خات که پشتگیریی موسڵمانان ده‌کات، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر قووڵتر لێی بڕوانین، به‌که‌مگرتنی موسڵمانانه، وێناکردنیانه وه‌ک مرۆڤگه‌لی ناعه‌قڵانی و تووڕەوتۆسن و سه‌یرکردنیانه وه‌کو بوونه‌وه‌رگه‌لێک که ده‌بێت وریا بن ڕه‌خنه‌یان لێ نه‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی وێرانکاری نه‌خه‌نه‌وه. مرۆڤی موسڵمان ڕازییه ئاوا سه‌یر بکرێت؟