له فره‌نسییه‌وه: فازڵ مه‌حموود
له‌م وتاره‌دا كه باتای به زمانێكی ئاڵۆز نووسیویه‌تی میتۆدێكی چه‌ند ڕه‌هه‌ندی له ده‌روونشیكاری و فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی به‌كار هێناوه و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و جۆره شیكارییه ماركیسیزمهی كه تاوه‌كوو ئه‌و كات پێی وابوو ژێرخانی كۆمه‌ڵگایه‌ك، سه‌رخان دیاری ده‌كات، ئاوه‌ژوو بكاته‌وه. له ڕاستیدا ئه‌و به شیكارییه‌كی زۆر وردی په‌یوه‌ندییه ئابووری، سیاسی و ئاینی و ئایدۆلۆژییه‌كان ده‌یه‌وێت تێڕوانینێكی پێچه‌وانه بخاته ڕوو، واته له سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و ژێرخانی ئابووری بڕوات و میكانیزمه ده‌روونشیكارییه شاراوه‌كانی نێو دیارده‌ی فاشیزم شی بكاته‌وه. ئه‌و پێی وایه هه‌رجۆره هاوچه‌شنییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌سته به هاوچه‌شنی سیستمی به‌رهه‌مهێنانه‌وه و، هه‌ر درزێك بكه‌وێته ئه‌م سیستمه‌وه ده‌بێته هۆكاری درزكه‌وتنه نێو ڕێكاری كۆمه‌ڵایه‌تی. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زه هاوچه‌شنه‌كانی كۆمه‌ڵگا، له‌به‌ر بارودۆخی ئابووری هه‌ڵوه‌شانه‌وه، ئه‌وا سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ست ده‌بن به كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی ناچوونیه‌ك و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی نوێی لێ وه‌رده‌گرن و، له‌مه‌شه‌وه زۆرجار تاك و كۆمه‌ڵگا به هۆی وه‌رگرتنی ڕه‌گه‌زه ناچوونیهكهكانهوه به‌ره‌و فاشیزم سه‌رده‌كێشت. واته زۆربه‌ی كه‌سه‌كان به‌شێك له كه‌سایه‌تی هاوچه‌شنی خۆیان له كیس ده‌ده‌ن و چیتر خولیایان به‌ره‌و ڕاگرتنی هاوچه‌شنی نامێنێت و له به‌رانبه‌ردا سه‌ركرده، پیاوی ئایینی، ئایدۆلۆژیا كه هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تێكی ناچوونیهكین، ئه‌مانیش ئه‌و شتانه بۆ خۆیان “ناوهاوێژی” ده‌كه‌ن و له ئه‌نجامدا جۆرێك له كۆیله‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه و فاشیستیان لێ دروست ده‌بێت. باتای له هه‌مان كاتدا پێی وایه ئێمه ناتوانین به باشی چه‌مكی “ناچوونیه‌كی” ده‌ستنیشان بكه‌ین چونكه تاكوو ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی شیكاری پڕ به‌پێستی ئه‌نجام نه‌داروه. چونكه ڕه‌گه‌زه‌كانی ناچوونیه‌كی له ڕێگای هه‌ر دوو ماشینی زه‌به‌لاحی هاوچهشنكردن واته: زانست و سیستمی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌دارییه‌وه تێكه‌ڵ نابن. هه‌روه‌ها باتای ڕۆ ده‌چێته نێو چه‌مكی پیرۆزی و بۆ سه‌ر دوو كاتیگۆریی جیاواز دابه‌شی ده‌كات: پیرۆزیی ئه‌رێنی كه په‌یوه‌سته به پاكێتی و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و، پیرۆزیی نه‌فره‌تلێكراو كه خۆی له‌گه‌ڵ توندوتیژی و زێدهئاژوویی و ناپاكیدا ده‌بینێـته‌وه. ئه‌م دوالیزمه بۆ تێگه‌یشتن له فاشیزم ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت، فاشیزم به ڕێوه‌ڕه‌سم و سیمبوول و ڕێبازی سه‌رۆك، پیرۆزییه‌ك به‌دی ده‌هێنێـت كه هه‌م پاككه‌ره‌وه‌یه و هه‌میش نه‌فره‌تلێكراو.. كه ئه‌مه به‌جۆرێك موژده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌زمی لهكیسچوو ده‌دات و له هه‌مان كاتیش‌دا ستایشی ئه‌و توندوتیژییه پاككه‌ره‌وه‌یه ده‌كات دژ به‌و كه‌سانه‌ی كه به دوژمنی ئه‌م نه‌زمه داده‌نرێن. به بۆچوونی باتای یه‌ك له كلیله‌كانی كه‌ڵكوه‌رگرتنی فاشیزم له ئامانجی مرۆیی، له نێو توندوتیژی و ته‌سلیمبووندایه حه‌شار دراوه. جۆرێك له شه‌یدایی كه مه‌رگ و كاولكاری به بیر دێێنێتهوه و به شێوه‌یه‌كی دژوازانه چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك یه‌كگرتوو ده‌كات و باڵاییان پێ ده‌به‌خشێت. بۆیه ئه‌م چالاكییه هه‌م تاكه‌كه‌سییه هه‌م مێگهلانهشه و له سیمای ڕابه‌ری كاریزماتیك دا كه توندوتیژی و ده‌سه‌ڵات له‌خۆ ده‌گرێت، ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. دواجار باتای باس له‌وه ده‌كات كه فاشیزم پێداگری له سه‌ر نه‌فیكردنی تاك ده‌كات. ئه‌م پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌یه‌ی كاره‌كته‌ره‌ی تاك، بۆ تێگه‌یشتن له ده‌روونناسی چین و توێژه‌كان له سه‌رده‌می فاشیزمدا پێویسته چونكه فاشیزم ده‌یه‌وێت به سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه تاكه‌كه‌سییه‌كان، یه‌كه‌یه‌كی هاوچشن و ملكه‌چ دروست بكات كه ئاماده‌بن به شێوه‌یه‌كی كوێرانه هه‌موو بڕیاره‌كانی ڕابه‌ر جێبه‌جێ بكه‌ن.
وەرگێڕ
ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم وتارەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە. دەتوانن لە سەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب) دایبگرن.