بەخێربێن بۆ بەربەلەدێکە

ڕۆژانی (١٨ ـ ١٩/٥/٢٠٢٤) لە بەربەلەدێکەی سلێمانی، لە سەعات (٨ ـ ١٠)ی شەودا هونەرمەند ئازەر عوسمان نمایشێکی هونەری پێشکەش کرد، لەو نمایشەدا لە ڕێی حەوت شاشەی گەورەوە، کە لە هەریەکێکیاندا کورتەڤیدیۆیەک تۆمار کرابوو، کارەکەی پێشان دا. هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بۆ نمایش و ئەو کورتەڤیدیۆیانەی لەوێدا پێشان دران، هەڵگری چەند ئایدیایەک بوون، کە لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدەم بیانخەمە ڕوو.

١ـ بەربەلەدێکە شوێنێکی گرنگە لە سلێمانی و هەڵگری بەشێکی بەرینە لە یادەوەریی شار. بەربەلەدێکە بە قەرەباڵغییەکەی ناسراوە، لە لایەک دوکانی سەوزە و میوەفرۆشەکان هەن، لە لایەکی ترەوە دوکانی قەساب و مریشکفرۆش و دەستگێڕ و یەکێک لە سەروپێخانە ناسراوەکانی شار، بوونی هۆتێلێکی مێژوویی وەک (هۆتێل فەرەح)، کە کۆنترین هۆتێلی شارەکەیە و لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا کراوەتەوە و نزیکەی چل ساڵێکیشە چیدی ڕۆڵی هۆتێلی نەماوە، قەڵافەتێکی تری داوە بەم شوێنە. ئەو خەڵکانەی ڕوو دەکەنە ئێرە سەر بە هەموو چینەکانی شارن، قەرەباڵغی ئێرە تەنیا لە دوای بانگی ئێوارەوە کپ دەبێت، شوێنێکە ڕۆحی میللی (شەعبی) شارەکەی هەڵگرتووە. نمایشێکی هونەری لە چەقی ئەم شوێنەدا، چ لە باری جوانیناسی و چ لە باری فۆرم و ناوەڕۆکەوە دەبێت لە پەیوەندیی پتەودا بێت، دۆزینەوە و گەڕان بە دوای خاڵی هاوبەش لە نێوان بەربەلەدێکە و نمایشە هونەرییەکەی ئازەر عوسمان، مەبەستی بەشێک لەم دێڕانەیە کە خەریکن دێن.

٢ـ لە ڕێی ئەو شاشە گەورانەی کە لەسەر زەوی بەربەلەدێکە دانرابوون، لەو ئێوارە درەنگەی کە تێکڕای دەنگ و ژاوەژاوەکان کپ و خامۆش بووبوون، حەوت شوێنی گرنگ و پڕجووڵەی سلێمانی پێشان درابوو، کامێراکە بە ئاسمانەوە و لە بەرزییەوە، لە ڕێی (درۆن)ەوە وێنەی گرتبوو، هەریەکەیان چەند خولەکێک (لە نێوان دە و بیست خولەک) وێنەی ئەو خەڵک و شوێنانەیان گرتبوو کە سەرقاڵی کارەکانیان و ڕۆژەکانیانن، ئەو شوێنانەش ئەمانە بوون: «بەربەلەدێکە، بەردەرکی سەرا، ئەزمەڕ، شەقامی ئۆرزدی، بەردەم مزگەوتی گەورە، سەهۆڵەکە و زبڵخانە گەورەکەی شار لە تانجەرۆ». کاتی وێنەگرتنەکان ڕۆژ بوو.

یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە کارکردنە لە شوێندا، کاریگەریی شوێنە لەسەر ئینسان، هاوکات چۆن شوێن دەتوانێت جۆرێک شوناس بە کەسەکان بدات. بێگومان دەربارەی شوێن زۆر نووسراوە، چ لە ئەدەبیات، چ لە فکر و فەلسەفەدا، دەتوانین بڵێین یەک لە باسهەڵگیرسێنترین بابەتەکان بووە، بە خاتری ئەوەی بازنەی ئەم بابەتە نەکشێت، تەنیا لە چوارچێوەی نمایشە هونەرییەکەدا باس لە “شوێن” دەکەین.

ئەو شوێنانەی لە نمایشە هونەرییەکەی ئازەر عوسماندا پێشان دراون، شوێنانێکن کە لە دڵی شاردا گرنگن و لەپاڵ گەڕەک و کۆڵانەکاندا، جومگە ستوونییەکانی شارەکە پێک دەهێنن، بەڵام ئەوەی کە وا دەکات نمایشی هونەری بەربەلەدێکە لە ڕوانینێکی ڕۆژانەیییەوە بۆ ڕوانینێکی هونەری ئاراستە ببێت، ئەو گۆشەنیگایەیە کە لێیەوە بۆ ئەو هەریەک لەو شوێنانە ڕوانراوە.

٣ـ یەکەم ئایدیا کە لە نمایشی هونەری بەربەلەدێکەدا لامان دروست دەبێت: ڕوانینە لە سەرەوە. لەم پڕۆژەیەدا بۆ یەکەم جار لە بەرزییەکی زۆرەوە سلێمانییەکی تر دەبینین، ئەو شوێنانە دەبینین کە ڕۆژانە پێیاندا گوزەر دەکەین، لێرەشەوە ئەو نوختەپرسیارە دروست دەبێت: ڕوانین لە سەرەوە دەتوانێت چ وێنایەکت سەبارەت بەو شوێنانە پێ بدات کە تۆ بەردەوام پێیەکانت لەسەر زەوییەکەیانە و ڕووبەڕوو و نزیک دەیانبینیت؟ بێگومان وێنایەکی تەواو جیاواز؛ جەنجاڵییەک کە تۆیش تێیدا بەشداریت، دەنگەدەنگێک کە تۆیش تێیدا بەشداریت، پاڵەپەستۆیەک کە تۆیش تێیدا بەشداریت بەڵام ئەمجارە تۆ ڕۆڵی تەماشاکارێکت هەیە نەک بەشداریکارێک. لەو سەرەوە ڕەنگە نەتوانیت خۆت بدۆزیتەوە، بەڵام بێگومان تۆیش لەوێیت، تۆیش یەکێکی لەو ئاپۆرایەی ڕژاونەتە ئەو شوێنانەوە، شوێن فۆرمێکی چونیەکی پێداون، بۆیە هەمووتان هەمووتانن و هەمووتان لەوێن.

ڕوانین لە سەرەوە هەمیشە شتێک لە ئیلاهیاتی تێدایە، لەوێوە کەسەکان بچووک و بێدەسەڵات و بێکێش دەردەکەون، لە شێوەی مێروولەدا دێن و دەچن، توند بەر شانی یەکتر دەکەون، تووڕەن، کە لەو بەرزییەوە تەماشایان دەکەی هەستی بەزەییپێهاتنەوە داتدەگرێت، پێت خۆشە بێیتە خوارەوە و یەک یەک ئەو خەڵکە ڕابگریت و لێیان بپرسی: «ئەم پەلەپەلکردنەتان لە چییە؟» «بۆ هێندە خێرا و تووڕە بە تەنیشت یەکتردا دەڕۆن؟» «بۆچی هەمووتان ئەوەندە لە یەک دەچن؟» و دەیان پرسیاری تر. ئەو ڕوانینە ئیلاهیاتە، کە گۆشەنیگاکە بەرهەمی هێناوە، هەستێکی وات پێ دەدات کە ئەم خەڵکانە لە بەردەستی تۆدان و دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت یارییان پێ بکەی، ڕێرەویان بگۆڕی، ونیان بکەیت لە یەک، سەرگەردان بن، وەک ئەوەی کە بوون.

٤ـ هەلێکی تر کە ئەم نمایشە هونەرییە دەیڕەخسێنێت، بینینی ناڕێکی شارە لە سەرەوە، ناڕێکییەک کە ڕەنگە کەمتر لەسەر زەوییەوە درکی پێ بکەین و بیبینین. ناڕێکییەک لە شاردا هەیە، کە لە ئاسمانەوە بۆی دەڕوانیت، ناتوانیت چاوی لێ بپۆشیت، بەشێک لەوەی کە هەر زوو چاومان ماندوو و جەستەمان شەکەت دەکات، ئەو ناهارمۆنییایەیە کە نەگونجانی یەکەکانی شار پێکیان هێناوە؛ ناڕێکی لە شەقامەوە دەست پێ دەکات، بۆ ڕیزەدوکان و ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و عەرەبانە و دەستگێڕانەی سەر شۆستە و جاددەکان دەگرن و ڕێی ڕێبواران دەبەستن و جەنجاڵییەک دروست دەبێت کە هەناسە تێیدا نزیکەو چک و وەستانە. کاتێک تەماشای کورتەڤیدیۆکانی ئازەر عوسمان دەکەین، دەبینین بە ئاگاییەوە گۆشەنیگاکەی هەڵبژرادووە، لەوێوە تۆ تەنیا ناڕێکی سەر شەقام و بازاڕ نابینیت، بەڵکو ئەو ناهاوسەنگییەش دەبینیت کە لە سەربانی باڵەخانە و دوکانەکان هەن، ئەو هەموو بەرمیلە گەورە و ناشیرینە، ئەو هەموو چەتر و کابینەیە، ئەو هەموو وایەرە پێکدا ئاڵۆزکاو و زۆرە، ئەو بەرز و نزمییەی دوکان و باڵەخانەکان بە تەنیشت یەکەوە هەیانە، ئەو هەموو ئیزوگام، لەوح، چادر و ئەلیکۆبۆنانە، ئەمانە هەموویان چاو ماندوو دەکەن و ڕۆحیش زویر.

پاش بینینی ئەم نمایشە هونەرییە چیدی تۆ وەک پێشوو تەماشای هەمان ئەو شوێنانە ناکەیتەوە، بەڵکو چەند دیوی تریان دەبینیت کە وا دەکەن وێنەکە لەو چوارچێوە بچووکەدا نەمێنێتەوە کە پێشتر هەبووە، ئەگەرچی دڵشکێنە، بەڵام بەشێکە لە ناهاوسەنگی شارەکەت، ناهاوسەنگییەک کە لە نەبوونی پلانی شارسازی و بیرکردنەوەی مۆدێرنەوە بۆ شار، سەرچاوەی گرتووە.

٥ـ زبڵخانە گەورەکەی تانجەرۆ تەنیا شوێنە لەم نمایشە هونەرییەدا لە پێگەی دەرشاردایە، بەڵام هاوکات توند و بە گرێ ڕایەڵە بە شارەوە. پاشەڕۆی شار لێرەیە. کاتێک لە گۆشەنیگای سەرەوە ئەم شوێنەت پێشان دەدرێ و تەماشای دەکەی، تێدەگەی ئێرەش درێژکراوەی ئەو ناڕێکی و ناهاوسەنگییەیە کە لە هەناوی شاردا ڕوو دەدات، ئەگەر لەوێ دیزاینی دوکان و تێکڕژانی ئینسان لەگەڵ شوێن و یەکەکاندا شپرزەیی و شێواوییەی دروست کردبێت، ئەوا لێرە خاشاکی هەڵدراوە، دەبە، لایلۆن، پاشەڕۆ و پەڕوپاتاڵ دروستی کردووە. پاش بینینی ئەم دیمەنە بە گەورەیی، دەگەیتە ئەوەی بڵێێت: ژیان لەم شارەدا لە بەردەم مەترسی گەورەدایە. ئەوەی کە لە شارە پێشکەوتوو و پەرەسەندووەکاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ زبڵ و خاشاکدا دەکرێ و بە کار دەهێنرێتەوە، لە دوای بینینی ئەو کورتەڤیدیۆیە، ئەوە دەبێتە بیرێکی ئەستەم و مەحاڵ لەم شارەدا.

٦ـ هەموو شارێکی زیندوو لە پەلوپۆهاویشتن و گەورەبووندایە، کەس ناتوانێت بەر بە بەرینی شار بگرێت، بەڵام بۆ ئەوە، دەبێت کەسانی شارەزا لە کایەی شارسازیدا ئەو کارە بکەن نەک مقاول و خاوەن کۆمپانیا، ئەگینا فەوزا و هەرای لێ دەکەوێتەوە، وەک ئەوەی لە سلێمانیدا خەریکە ڕوو دەدات؛ پشێوی و بێسەوبەرییەک دروست بووە کە خەریکە یادەوەریی هەموومان تەفروتوونا بکات. نمایشە هونەرییەکەی ئازەر عوسمان بە جۆرێک هۆشیاریدانە بەم پشێوی و بێسەروبەرییە. ئەم نمایشە لە هەوڵی فراوانکردنی بینیندایە: «تا کوێ دەبینیت؟» ئەگەر لەسەر زەوییەوە بینیوتە، گۆشەیەکی ترت دەداتێ، لە ئاسمانەوە ئەو شوێنانەت پێشان دەدات و پێت دەڵێت: تۆ لە کوێدا دەژیت و بە کوێدا خەریکی ڕێدەکەی.

blank

٧ـ هەڵبژاردنی بەربەلەدێکە وەک شوێنێک بۆ کارێکی هونەری، دەتوانێت هاوشان و هاوئاست لەگەڵ ئایدیای پشت نمایشە هونەرییەکەدا بڕوات. بەربەلەدێکە شوێنێکی گشتی و هاوکات تایبەتە، بە دیاریکراویش بۆ خەڵکانی شار، ئەو شوێنە پڕە لە یادەوەری، مەحاڵە تۆ لەم شارەدا بووبیت و لە بەربەلەدێکە یادەوەرییەکت نەبێت، لەو جەنجاڵییەی بەربەلەدێکەدا بەرکەوتنت لەگەڵ ئەوانی تردا نەبووبێت، لەوێ سەوزە و میوە و گۆشتت نەکڕیبێت، منداڵانی پێپەتی و ڕەشوڕووت بۆ کڕینی عەلاگەیەک دوات نەکەوتبن و تۆیش لە حاڵەتی هەڵهاتن و ڕزگاربوون لەو جەنجاڵییە و سۆزێک و دڵپێسووتانێک بۆ ئەو منداڵانە، تێدا نەمابیت. نمایشە هونەرییەکە بیرخەرەوەی دەیان یادەوەریی ترە، بە تایبەت لەو کاتەی بۆ پێشاندانی دانرابوو؛ کاتێک کە هەمووان ڕۆیشتوونەتەوە و بەربەلەدێکە چۆڵە، بۆ من، کە بەربەلەدێکە یەک لە جوانترین و دڵگیرترین شوێنەکانی سلێمانییە، لەو ئێوارەدا خەمگین بووم، وەک شتێک بیری هەموو ئەوانەم کرد کە لەوێ نەبوون.

جەنجاڵی و قەرەباڵغی بەشێک لە ئایدیای سەرەکی نمایشە هونەرییەکەی ئازەر عوسمانە، دەتوانێت ئەو هاوبەشییەش لەگەڵ بەربەلەدێکەدا پێک بهێنێت، ئەگەرچی ئێمە لە کاتی نمایشەکەدا تەنیا چەند بینەرێک لەوێ بووین، بەڵام لە ڕێی شاشەکانەوە دیسان کەوتینەوە ناو ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغییەی کە لە ڕۆژدا لێرەدا هەبووە.

کەوایە: بەخێربێن بۆ بەربەلەدێکەی سلێمانی!