ئێران وەکوو نەتەوەی خەیاڵی
پێناسەکردنی چەمکی ئێران لە بەستێنێکی ناسیۆنالیستیدا
پێشەکی وەرگێڕ: لە پاش پێکهاتنی دەوڵەتە نیمچەمۆدێڕنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر دەوڵەتێک تێکۆشا بە تەرخانکردنی پارەی خەیاڵی و لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە مێژوویەک بۆ خۆی داتاشێت. بە هۆی زاڵیەتی بیرۆکەی فاشیستی-شۆڤێنیستی، زۆرێک لە مێژوو و کەلەپووری نەتەوەکانی تری ناوچەکە بە ناوی نەتەوەکانی خاوەن دەوڵەتەوە ناسێندرا و کەڵکی سیاسی لێ وەرگرا. لەم پێوەندییەدا، کارە بە ناو زانستییەکانی هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان یارمەتیدەر بوون بۆ دەوڵەتانی داگیرکەری خاکی نەتەوەکانی تری ناوچەکە. دەوڵەتە نوێیە بێ مێژووەکان بە تەرخانکردنی پارەی خەیاڵی لە ڕاڤە و شیکارییە لایەنگرانەکانی ئەو تاقمە لە ڕۆژهەڵاتناسان کەڵکیان وەرگرت بۆ بەرهەمهێنانی مێژوویەکی ساختە. نموونەی وەها مێژوویەک، مێژووی ئێرانە کە دواتر دەرکەوت کە ڕژیمی پالەوی پارە و تێچووی قورسی بۆ پێکهێنان و نووسینی ئەوە تەرخان کردبوو. لە چەند دەیەی ڕابردوودا تاڕادەیەک ئەو جۆرە کارەی ڕۆژهەڵاتناسان بەرپەرچ دراوەتەوە و کەوتووەتە بەر ڕەخنە و هەوڵ دراوە هەڵەکانیان دەرخرێن و ڕاست بکرێنەوە. بەو شێوەیە وێژمانی پێکهاتوو لەلایەن ئەوانەوە و بەهێزکراو لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە کە تەنانەت بە زەبری دەسەڵاتی خۆیان بەتایبەت لە ڕێگای سیستەمی فێرکردن و بارهێنان و ڕاگەیەنەکانیانەوە کارێکیان کردبوو کە زۆرێک لە خەڵکی نەتەوە بندەستەکانیش کەوتبوونە داوی بەرهەمی مەعریفی ئەوە، لانیکەم لە باری تیۆرییەوە تووشی قەیران کرد. یەکێک لەو کارە بەپێزانەی کە کاری ڕۆژهەڵاتناسان لەسەر ئێران و بیردۆزی لەباوکەوتووی ئاریانیستی بە وردی خستووەتە بەر ڕەخنە، پەرتووکەکەی موستەفا وەزیرییە لە ژێر ناوی “ئێران وەکوو نەتەوەی خەیاڵی/وێناکراو” کە لە ساڵی ١٩٩٣دا بۆ یەکەم جار و لە ٢٠١٣دا بۆ دووەم جار چاپ کراوەتەوە.[1] هەرچەند بەپێی پێناسەی نەتەوەی خەیاڵی، بەتایبەت لەلایەن بێنێدیکت ئاندێرسۆنەوە، ئێران تەنانەت نەتەوەیەکی خەیاڵیش نییە. لە پێناسەی نەتەوەی وێناکراو یان خەیاڵیدا، دەوترێت کە خەڵک بەبێ ناسینی یەکتر خۆیان سەر بە دەوڵەت-نەتەوەیەک دەزانن. بەڵام ئێرانیبوون بەبێ ویستی نەتەوە جیاوازەکان کە خاکیان داگیر کراوە بەسەر خەڵکانی ناو ئێراندا سەپاوە. بەشێک لەم خەڵکانە ئەگەر دەرەتانی کراوە و ئازاد هەبێت خۆیان بە ئێرانی وێنا ناکەن. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هەندێ جار خەڵکی ئەو نەتەوانە زیاتر خۆیان لەگەڵ خەڵکی نەتەوەکەی خۆیان لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانی ئێران وێنا دەکەن و هەستیان بۆیان دەجووڵێت تاکوو خەڵکانی تری ناو ئێران. بۆ وێنە کورد بەپێی هەموو پێناسەکان نەتەوەیە و زۆربەی خەڵکی کوردیش ئەگەر لە کەشێکی کراوەدا بن، خۆیان وەکوو کوردستانی و لەگەڵ کوردانی پارچەکانی تر وێنا دەکەن و هەستیان بۆ کوردی پارچەکانی تری کوردستان زیاتر لە فارسێکی ئێران دەجووڵێت و لە باری زمان، مێژوو، خاک و ڕەچەڵەکیشەوە وەک کورد خۆ پێناسە دەکەن و لە باری سیاسیشەوە لەسەر خاکی خۆیاندا خۆیان بە شیاوی دەوڵەتی خۆ دەزانن کە لێیان زەوت کراوە. بۆیە لە سەردەمی نوێشدا ئەگەر زۆر و داگیرکاری نەتەوەی فاشیست و شۆڤێنیستی فارس نەبوایە ڕەنگە ئێران ئەوپەڕەکەی تەنیا ناوی جوگرافیایەک دەبوو وەک ئەوروپا کە دەبا دەیان وڵات و دەوڵەت-نەتەوەی لێ ببوایەتەوە. ئەو هەوڵەی پێکهێنانی دەوڵەتێک بە ناو ئێران لە ژێر چنگی نەتەوەی فارسدا، نە تەنیا لە باری مافی مرۆڤ و دێمۆکراسییەوە، بەڵکوو لە باری ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیشەوە زیانێکی زۆری بە خەڵکانی ناو ئەو جوگرافیایە گەیاند. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بە هۆی جۆراوجۆر لەوانە هەبوونی دیکتاتۆریەت و بیری فاشیستی و هەر لەو کاتەشدا بەربڵاوی ڕووبەر و حەشیمەتی زۆر ئەو وڵاتە بە باشی بەڕێوەبەرایەتی نەکرا و بووە کانی دزی و گەندەڵی و بێ مافی. کەچی گەر ڕێگە بدرایە کە هەرکام لە نەتەوەکان دەوڵەتی خۆی هەبوایە و خۆیان خۆیان بەڕێوە ببردایە ئێستا ڕەنگە وڵاتانێکی زۆر باشتر و پێشکەوتووتر بوونیان هەبایە و ئەو هەموو وزەی خەڵک و دەوڵت کە لە شەڕ و پێکدادان و ڕاگیرکردنی زۆرەملێدا لەکیس چوو، دەکرا بۆ پێشکەوتنی دەوڵەت-نەتەوە ڕاستەقینەکان و خۆشبژێوی خەڵکەکانیان بەکار بهێنرایە. هەرچۆنێک بێت، بەپێی زۆربەی پێناسەکانی نەتەوە، ئێران نەتەوە نییە بێجگە بە خەیاڵی فارسی شۆڤێنیستی ئێران نەبێت کە پشتی بەستووە بە هەڵەی بەسەرچووی هەندێ ڕۆژهەڵاتناس. کەواتە لەو ڕوانگەوە وەک نووسەری ئەو پەرتووکە جەختی لەسەر کردووە “ئێران وەکوو نەتەوەیەکی خەیاڵی”یە. هەرچەندە بە ناو ئاکادمیسیەنە شۆڤێنییەکانی سەر بە دەوڵەتی فارس تێکۆشاون ئەو بەرهەمە بخەنە پەڕاوێزەوە، بەڵام بەرەبەرە بە سەرهەڵدانی توێژینەوە نوێیەکان کە دەرخەری ڕاستییەکانن گرنگایەتی ئەو بەرهەمە و بەرهەمی تری لەو چەشنە خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. بەم بۆنەوە هەوڵ درا پاژی سێ کە یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی ئەو پەرتووکە بخرێتە بەردەستی خوێنەری کوردیش. وەرگێڕانی ئەوەش بەو واتایە نییە کە وەرگێڕ وەکوو کوردێک لەگەڵ هەموو باس و بابەتەکانی ئەوە بێت و دیارە نووسەری ئەو پەرتووکەش ڕوانگەی تایبەتی خۆی هەبووە. بەڵام لە کەمبوونی وەها بەرهەمگەلێکی ڕەخنەگرانە لەسەر مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە پەرتووکخانەی کوردیدا، ئەو بەرهەمە یەکێک لەو هەوڵە گرنگانەیە کە دەلاقەیەک دەکاتەوە بۆ ڕوانینی وردبینانەتر بە سەر مێژووی نادیار و تەماویی ناوچەکە و دەرکەوتن لە ژێر ڕکێفی وێژمانی ڕۆژهەڵاتناسان و مێژووی دەستکردی دەوڵەتانی فاشیست کە لە دژی نەتەوە بندەستەکان نووسراونەتەوە.
پێناسەکردنی چەمکی ئێران لە بەستێنێکی ناسیۆنالیستیدا
ئێران، لە بنەڕەتدا ناوێک بۆ ناوچەیەکی جوگرافیایی، و ئێرانی، هەردووکیان لە کاری ڕۆژهەڵاتناسان و بیرمەندانی نەتەوەخواز/ناسیۆنالیستدا بەرەبەرە بۆ پیشاندانی پۆلێنێکی بەرین دەرکەوتن کە خەڵکێکی یەکدەست، خێزانێکی زمانی، چاندێک/کەلەپوورێک، و لە دواییدا نەتەوەیەکی وێناکراو/خەیاڵی دەنوێنێت کە بە ڕواڵەت لە سەردەمی دێرینەوە بەردەوام هەبووە – ڕوانگەیەکی تاڕادەیەک ئارەزوومەندانە و ناتەبا. وەها ڕوانگەیەک لەسەر بنەمای توێژینەوە ئەوروپییەکان لەسەر زمانەکان و چاندەکانی سەردەمی کەونین و پێوەنددانی ئەوانە بە یەکەوە بوو وەکوو ڕێگایەک بۆ وێناکردنی مێژووی نەتەوەیی بۆ ئێران. بیردۆزە ڕەگەزی و زمانەوانییەکان و فەلسەفە سیاسیی نەتەوەیییەکانی بە توندی ناجۆری بەهێزکراو بە باوەڕ بە دروستی مێتۆدۆلۆژییە زانستییەکەی، بووە هۆی ئەوەی کە ئەوروپا ناهاوسەنگی و وێنەیەک لە خۆی جیاواز لە پاشماوەی جیهان پێک بهێنێت. ڕۆژهەڵاتناسیی ئەوروپایی پاشماوەی هەموو بەڵگەنامە مێژوویییەکانی بەدواداچوون کرد بە مەبەستی بە وردی لێکۆڵینەوە لەسەریان، پاشان لە چوارچێوەی بیرۆکە ڕەگەزی و نەتەوەخوازانەکانی گەڵاڵەکراودا ئەو کارەی کرد. توێژینەوە لەسەر ئێران هەر لەو سیستەمەی بنەماکان پێڕەوی کرد. ڕەگەزپەرستی و نەتەوەخوازیی شکۆی ئاریایییەکان کە نەتەوەی ئێرانیان هەر لە سەردەمی ئەخەمەنەکانەوە/هێخامەنشییەکان (٥٥٠ی پێش زایین) تا سەردەمی مۆدێڕن پێک دەهێنا، برەو پێدا. میراتی چاندی پێش-ئیسلام، ڕەگەز، و زمان لە توێژینەوەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا بووژێنرایەوە بۆ سەپاندنی هەستی ئێرانێتی و بەردەوامبوونی لە مێژوودا. ئاخۆ ئێران وەکوو نەتەوەیەک لە سەردەمەکانی پێش ئیسلام و ئیسلامدا بوونی هەبوو؟ وەڵامی ڕۆژهەڵاتناسییانە، گەرچی نابەجێ، بەڵام ئەرێنی بووە. ئەوە ڕاستە کە ناوی ئێران لە سەرەتای سەدەی سێی زایینییەوە وەک نازناوێکی جوگرافیایی بۆ ناوچەیەک لە نێوان هێند و سەرزەوییە عەرەبییەکان بەکار هێنرا، بەڵام ئەمە نابێت بە هەڵە وەرگیردرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە خەڵک و نەتەوەیەکی ئێرانی یەکدەست لەو ناوچەدا هەبوو. وەها چەمکێک سەرەتا لە واتایەکی زمانەوانی-رەگەزی بۆ ئێرانی پێش-ئیسلام و بۆ زۆربەی مێژوونووسیی نەتەوەخوازانەی سەردەمی ئیسلامی وێنا کرا. لەم پاژە و پاژەکانی دواتردا ئەم دوو بڕگە تاوتوێ دەکرێن تاکوو پێشگریمانە پتەوەکانی ڕەوتی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتناسی سەبارەت بە ڕەگەز و نەتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناتەبایییە دووپاتکراوەکان لە نێوان ڕۆژهەڵاتناسان بۆ خۆیان، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرچاوە ئیسلامییەکانی عەرەبی-فارسی، و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵۆزی بابەتەکە پیشان بدرێت لە کاتێکدا کە لە سەدەی بیستەمدا، ناسیۆنالیزمی ئاسیایی/ئێرانی، وەکوو بەرهەمێکی لاوەکی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپایی و فاکتۆرە ناوخۆیییەکانی تر، وەشانی پێکهێنراوی مێژووی نەتەوەییی ئێران لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانی وەک بڕبڕەی پشتی ئایدۆلۆژی نەتەوەخوازی/ناسیۆنالیستی بە زۆر جێ خست.
بەر لە تاوتوێکردنی دەستکەوتە زمانەوانی و ڕەگەزییەکانی ڕۆژهەڵاتناسان لە پێوەندی لەگەڵ بیچمگرتنی ناوی ئێران، ئێمە دەبێت جیاوازی دانێین لە نێوان پێرسیا (Persia)[2]، کە بە گشتی تاکوو سەرەتای سەدەی بیستەم لەلایەن ڕۆژئاوایییەکانەوە وەکوو هاوتایەک بۆ ئێران بەکار دەهێنرا، و ئێران. بۆ ئەم کارە، ئێمە شوێن پێی هەردووکی گۆڕانی تێرمەکە/زاراوەکە[3] لە پێرسیا بۆ ئێران لە توێژینەوەکاندا و دابڕانی بەکارهێنانی چەواشەکارانە و پشتڕاستنەکراوی پێرسیا یان پێرسییەن/پێرژن و دژایەتییەکەی لەگەڵ ئێران و ئێرانی بە هۆی زمان، خەڵک، چاند، و سەرزەوی، دەگرین.
پێرسیا یان ئێران
بە گشتی، پێرسیا وەکوو ناو بۆ سەرزەوییەکە لەلایەن ڕۆژئاوا و دەرەنجام لەلایەن تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەکار دەهێنرا تاکوو ڕەزاشا (١٩٢١-١٩٤١)، وەکوو شای ئێران، داوای کرد کە ئێران لە جێی پێرسیا بەکار بهێنرێت. لەڕاستیدا ڕەزاشا ڕایگەیاند کە هەر شتێکی نێردراو بە ناونیشانی پێرسیا بەجێی ئێران دەگەڕێندرێتەوە بۆ نێرەرەکەی.[4] بێ گومان ئەوروپییەکان ناسیار ببوون لەگەڵ ناوی پێرسیا هەر لە ئاماژەکانی سەرچاوە کلاسیکەکانی یۆنان بە پێرسیس (یان پێرسپۆلیس) لە باسی مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی یۆنانییەکان لەگەڵ پێرسییەنەکان/پارسەکان، بەتایبەت لە کاتی ئەلێکساندەری/سکەندەری گەورەوە. ئینجیلیش (لە پەرتووکەکانی دانیال و ئەسدراس) ئاماژە دەکات بە پارس یان پێرسیا.[5] یان ڕەنگە سەرزەوییە بەرفراوانەکەی ناو پێرسیا کە بۆ جیهانی ئەوروپی وەکوو پارتیا (Parthia) ناسرابوو، سەرچاوەی پێرسیا بوو.[6] ئێمە دەزانین کە لە سەردەمی ئیسلامیدا زۆر سەرچاوەی مێژوویی/جوگرافیایی وەکوو فارس (پارس) ئاماژەیان دەکرد بە سەرزەوییەکە ، ئەو زاراوەی کە ئەوروپییەکان بە وەرگێڕانی پەرتووکە ئیسلامییەکان بۆ سەر لاتین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، گۆڕییان بە پێرسیا[7] یان پێرسە (Perse)، گەرچی بەکارهێنانی پێرسس (Persis) لەلایەن یۆنانییە کلاسیکەکانەوە ڕەنگە لە زانستی جوگرافی ئەوروپیی لە سەردەمەکانی دواتردا ناسرابێت.
توێژینەوە مۆدێڕنەکان تێکۆشاون کە ناوی ئێستاکەی پارس پێوەند بدەن بە پارسا (Parsa)، هی سەردەمی ئەخەمەنەکان.[8] وێدەچێت وەها بۆچوونێک لەسەر بنەمای بیرۆکەی موستەوفی لە نوزهەتولقولووب (نزهةالقلوب) و ڕەنگە شرۆڤەکانی زووتری تر لەسەر پارس وەکوو بنکەی پاشا دێرینەکان بێت.[9] هەرچۆنێک بێت، بەکارهێنانی پارسا یان پارس وەکوو سەرچاوەی بەکارهێنانی ڕۆژئاوایی وشەی پێرسیا ڕوونی ناکاتەوە کە چۆن فارس لەباری ئێتیمۆلۆژی/ڕێخەناسییەوە لە پارسای سەردەمانی دێرین وەرگیراوە. بەبێ باس و هۆهێنانەوەی زیاتر، گۆڕانی ناوی فارس بە شێوەی نەریتی بە شتێکی ئاسایی و ڕوون وەرگیراوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە گواستنەوەی فیلۆلۆژیکی/زمانەوانی لە چاندێکەوە یان زمانێکەوە بۆ ئەوی تر تێبگەین، پێویستە کە توێژەران لەسەری باس بکەن. چەمکیکی تری نادیار بەکارهێنانی مێژووییی پارسا یان فارسە، بە سەرنجدان بەوەی کە ئەوە ڕەنگە تەنیا بۆ ناوەند/نیشتەجێگە یان پێتەختی پاشا دێرینەکان بەکار بهێنرێت و نەک بەپێویست وەکوو ناو بۆ سەرزەوییەکی بەرفراوان یان فەلاتی سەرەکی. لە سەردەمی ساسانییەکاندا (سەدەی سێی زایینی)، بەپێی سەرچاوە جوگرافیاییەکانی ئیسلامی، زاراوەی ئێرانشار (ایرانشهر) بۆ خاکێکی بەرفراوان، نەک فارس، بەکار دەبردرا. کەواتە، ئەمە جێی پرسیارە کە بۆچی ئەوروپییەکان بەردەوام لە پێرسیا کەڵکیان وەرگرت و نەک ئێران یان ئێرانشار. بەربوونەوەی ئەوروپییەکان بەرەو ڕۆژهەڵات پاش سەدەکانی ناوەڕاست وردە وردە بووە هۆی ئاگابوونەوەیان لەسەر زۆر گۆڕانی مێژوویی کە ئەوان تەنیا زانیارییەکی نەریتییان لەسەری هەبوو. بۆ وێنە، لە گەشتنامەکانی ژان باپتیست تاڤێرنیر (Jean Baptiste Tavernier) و سر جان شاردن (Sir John Chardin) (هەردووکیان گەڕیدەی ئەوروپی سەدەی حەڤدەیەم)، ئاماژە بە ناوی ئێران دەکرێت، گەرچی بە شێوەیەکی ناگرنگ/بێبەها، لەبەر ئەوەی کە ئەوان سەرزەوییەکەیان تەنیا بە ناوی پێرسە یان پێرسیا دەناسی.[10] لە دوایییەکانی سەدەی هەژدەدا، سیلڤەستر دوساسی (Silvestre de Sacy) وەکوو ئاکامی خوێندنەوەی بەردەنووسەکانی ساسانییەکان، بە شێوازێکی زانستی لەگەڵ زاراوەی ئێران هەڵسوکەوت دەکات.[11] بەرە بەرە پاش سەدەی نۆزدە، زاراوەی ئێران لە جێی یەکتر لەگەڵ پێرسیا هاتە بەکارهێنان، گەرچی هەندێک جار بە نادروستی، بەمجۆرە بووە هۆی سەرلێشێواوی بە پێکهێنانی ئەو گومانە کە ئێران لە نێو پێرسیا بوو یان ئەوەی کە پێرسیا لە ناو ئێران بوو یان ئەوەی کە ناوی پێرسیا پاش ئاریایییەکان نرا، و هتد.[12] لەوە بە دوا دەکرا بیر لەوە بکرێتەوە کە ئێران، پاش ناساندنی بە بازنەکانی ڕووناکبیریی ئەوروپی، لە سەردەمە دێرینەکانەوە ناوی سەرزەوییەکە بووبێت، هەروەها کە وتەکەی مەلکۆڵم (J. Malcolm) لە سەدەی نۆزدەدا پشتڕاستی دەکاتەوە: “ئێران لە سەردەمانی کەونینەوە بۆ ئەوڕۆکە هەبووە، ئەو زاراوەی کە بەوە پێرسییەنەکان وڵاتەکەیانی پێ بانگ دەکەن.”[13] هەرچۆنێک بێت، بەکابردنی ئێران بە شێوەیەک کە پێرسیای تێدا جێگیر کرابوو لە ڕوانگەی زمانی، ئێتنیکی/خزمی[14]، و چاندییەوە بەجێ هێڵرا بۆ توێژەرەکانی دواتر.
روانگەیەکی هەڵەی تر لە ناولێنانی پێرسیەن (Persian)، وەرگیراو لە پێرسیا (Persia)، سەرچاوە دەگرێت. زۆربەی کات زاراوەی پێرسیەن بۆ دیاریکردنی خەڵک و زمان هەروەها چاند و نەریت بەکار هێنراوە. ڕۆژئاوا، نائاگا لە ئاڵۆزیی پێکهێنەرە کۆمەڵایەتی-کەلەپوورییەکانی ئەو شتەی ئەوان ناویان دەنا پێرسیا، بە ساکاری هەموو شتێکیان لە ناوچەکەدا بە پێرسیەن ناو دەبرد؛ لە کاتێکدا ئەم تێگەیشتنە کاڵ و خاوە لە جیاکردنەوەی ناوچەکانی چاند، زمان، و ئێتنیسیتی/خزمایەتیدا سەرنەکەوت. گەرچی لەم دواییانەدا ئێران جێگرەوە بووە بۆ پێرسیا و ئێرانی بۆ پێرسیەن، بەڵام وشەی پێرسیەن هێشتا بۆ زمان و بۆ نەریتگەلێکی کەلەپووریی دیار بەکار دەهێنرێت تاکوو لەسەر بەردەوامی زاڵیەتی پێرسیەن جەخت بکرێت. هەرچۆنێک بێت، بە هۆی بەکارهێنانی پێرسییەن زۆر بە شل و ولی، هەندێ کێشە هەیە. بۆ دەستپێک، پێش سەدەی بیستەم دانیشتووانی وەک دەوترێت پێرسیا لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بە پێرسییەنەکان بانگ دەکران (هەندێک هێشتا ئەوان بە پێرسییەنەکان بانگ دەکەن)، گەرچی ئەم کەسانە هیچ پێوەندییەکیی زمانییان لەگەڵ دانیشتووانی پێرسیا بۆ خۆیان، نەبوو. ئەگەر ئێمە فارس بە هاوتای پێرسیا رەچاو بکەین، هەموو خەڵکی پێرسیا نەدەکرا بە فارس یان فارسی (Farsis) بانگ بکرێن لەبەر ئەوەی کە فارس تەنیا ناوچەیەکی سەرزەوییەکە (ئێران/پێرسیا) بوو. هەروەها، ناوچەکانی تر و کۆمەڵە زمانییەکانی تر وەکوو بەلووچەکان، کوردەکان، و تورکەکان هەبوون کە لە ناو پۆلێنی فارس یان پێرسییەندا نەدەگونجان. (بۆیە، لە توێژینەوەکانی دواتردا نازناوی ئێرانی لە جێی پێرسییەن لەسەریان نرا.) پیێترۆ دێلا ڤاللێ (Pietro della Valle)، گەڕیدەیەکی خەڵکی ڕۆم لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا بە شێوەی سەرنجڕاکێش دانیشتووانی پێرسیا بە خەڵکانێ کە لە چەندین جۆرن و هاووڵاتییانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانن، وەسف دەکات.[15] ئەو هەروەها دەڵێت کە پێرسییەنە ڕاستییەکان (veritables Persans) کە درێژە دەدەن بە ژیان لەسەر خاکەکە تەنیا لە سێ یان چوار باژێردا، بریتی لە ئەسفەهان (پێتەختی زنجیرەشاکانی سەفەوی)، دەژین.[16] باوکە کروسینسکی (Krusinski)، قەشەیەکی عیسایی/یەسوعی، لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا دەڵێت: “بە دەگمەن وڵاتێک وەک پێرسیا هەبێت کە وەها زۆر نەتەوەی جیاوازی تێدا نیشتەجێ بێت.”[17] لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، یوجین فلاندین (Eugene Flandin) ئاماژە بە پێرسییەنەکان بە گشتی دەکات بەڵام پاشان هەندێ جار لە کوردەکان (بۆ وێنە) بەجێی پێرسییەنەکان کەڵک وەردەگرێت، وەک ئەوەی نووسەرەکە ئاگا بووبێت لەسەر جیاوازیی ناسێنەی ئەوە/[ئەوانە] و هێشتاش بە شێوەیەکی ناڕوون هەردووکیان وەک بەشێک لە یەک بوونێتی/قەوارەی گەورە (بە بێ بەکارهێنانی نازناوی ئێرانی) دادەنێت.[18]
بەم جۆرە، پێرسییەن زاراوەیەکی ناڕوون بوو کە بە ئاستەمی حەشیمەتی فرەئێتنیکی/فرەخزمیی شرۆڤە دەکرد و لەگەڵ هیچ پێوەرێکی گشتی ناسێنە نەیدەخوێندەوە کە ئاماژە بە دانیشتووانی خۆجێیی بکات. هەروەها پێویستە ئاماژە بکرێت کە ئەگەر پێرسیەن هەر وەک پێرسیا لە سەرچاوە دێرینەکان قەرز کرابێت، گۆڕان بۆ ناوی ئێران بە ساکاریی گۆڕانەکانی کەلەپوور و زمانەکان و کۆچە نوێیەکان، داگیرکارییەکان، و ڕاگواستنەوەکانی بەردەوامی سەدەکانی ناوەڕاستی پشتگوێ خستووە. ئەمە بە دوور لە زەین و نابەجێ دەبێت کە باوەڕ بکرێت کە خەڵکانی پێش-ئێران یان ئێران (پێش-ئیسلام یان سەردەمی ئیسلامی) لە ناوچە جیاوازەکاندا، چ خوراسانی ڕەسەن، کوردستان، یان فارس بێت، بەردەوام خۆیان بە خاوەن یەک ناسێنەی بێ وێنە زانیبێت. کەواتە یەک لایەنی زۆر بڵاوەبووی ناسێنەی ‘پێرسییەن’، جگە لە مەبەستی ئاسانکاری، بە شێوەی گونجاو ڕەنگدانەوەی پرسی فرەتوێژیی ئاڵۆزیی ناسێنە نییە کە بنەمایەتی. هەرچۆنێک بێت، بە تێپەڕینی کات پێرسییەن وردەوردە بۆ نازناوی زمانەکە، و کەمتر بۆ ئێتنیکەکە/خزمەکە، بەکار دەهێنرا.
لە سەرەتای سەردەمی ئیسلامیدا، لە سەدەکانی حەفتەم بۆ نۆیەم، زمانەکانی ناوچەکە گۆڕانی توندیان بە سەردا هات و لە ژێر کاریگەریی ئەلفوبێ و شێواز/رێچکەناسی عەرەبیدا زمانگەلێکی نوێی تێکەڵاو پێکهاتن. فارسی، ئەو زمانەی کە لە سەردەمی پاش-ئیسلام پەرەیسەند، بە گشتی وەکوو پێرسییەن ئاماژەی پێ دەکرێت. بەڵام نازناوی پێرسییەن بۆ فارسی (زمانەکە) و بۆ خەڵکی پێرسیا (کە بە شێوەی لەناخداهەڵگر بە فارسی دەدوێن) سەرلێشێواوییەک لە دیاریکردنی ناسێنەیەکی بەربڵاو بۆ فارسیبێژانی دەرەوەی پێرسیا وەکوو خەڵکی ناوچەکانی ئەوبەرچۆم (ماوراء النهر-Transoxiana) (تاجیکستان، ئەفغانستان) پێکدێنێت. ئاخۆ دەکرێ ئەم خەڵکە بە پێرسیەنەکان بانگ بکرێن لەبەرئەوەی کە ئەوان بە فارسی دواون و دەدوێن؟ لە باری تێکنیکییەوە هیچ وەڵامێکی جێی ڕەزامەندی نەدرایەوە تا کاتێک چەمکی مۆدێرنی نەتەوایەتی و ناسێنەی جوگرافیایی دای بەسەر پێوەندییە چاندییە ناڕوونەکانی تردا. هەروەها نازناوی پێرسییەن بۆ هەردووکی خەڵکەکە و زمانەکە ئەو پرسیارانە دێنێتە ئاراوە کە ئەگەر زمانی فارسی لە نێوان سەدەکانی حەفتەم و نۆیەمدا پێکهات،[19] چلۆن و بۆچی زاراوەی دێرینی پێرسییەن (وەرگیراو لە پێرسس) بە هاسانی بۆ زمانێکی زۆر نوێتر بەکارهێنرا؟ هەروەها، ناونانی دێرینی پێرسییەن، لانیکەم لە سەرچاوە ئەوروپییەکاندا، نازناوێکی ئێتنیکی پیشان دەدات، نەک بە پێویست زمانێک. بەکارهێنانی نائاگایانەی پێرسییەن بۆ زمانی فارسی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە لەسەر هیچ بنەمایەک نەبوو بێجگە بەردەوامییەکی خەیاڵیی خەڵکەکە و زمانەکە لە سەردەمە دێرینەکانەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی ساسانییەکانەوە. لە ڕێگەی ئەم هۆهێنانەوەیە بوو کە زمانی فارسی (پێرسییەن) پاش تێپەڕین لە ‘پێرسییەنی کۆن’ی ئەخەمەنەکانەوە بۆ ‘پێرسییەنی ناوەڕاست’ی ساسانییەکان، لە سێیەم قۆناغی خۆیدا بینرا (وەک براون دەڵێت، ئەم پەرەسەندنە “بەتەواوی هاوشێوەی دەربڕینەکانی ‘ئینگلیزی کۆن،’ ‘ئینگلیزی ناوەڕاست،’ و ‘ئینگلیزی نوێ'”یە).[20]
دیسانەوە، نازناوی ‘کۆن’ و ‘ناوەڕاست’ بۆ ئەم زمانانە لانیکەم دوو دواهاتی هەبووە. یەکەم، زمانەوانەکان (بۆ وێنە، دارمێستەتەر) بە شێوەی یەکلاکەرەوە وتیان کە بە هۆی قەرزکردنی وشەکان لە زمانە جیاوازەکان، فارسی نوێ لە باری پێکهاتەیی و گرامەرییەوە جیاوازە لەو زمانە دێرینانە. بەوەشەوە، ئەمە وەکوو درێژەی ئەوانە بینرا و نەک زمانە ناوچەییەکانی تر، بە ئەگەرەوە بۆ جێخستن و پاڵپشتی لە وێناکردنی بەردەوامیی لە سەردەمی کەونین بەملاوە، لە بەستێنێکی نەتەوەییدا. دووەم، بە وتنی ئەوە، ڕۆژهەڵاتناسان پێوەندی پێویستیان لە نێوان سەردەمەکانی پێش-ئیسلام و ئیسلامی – بەتایبەت لە باری کەلەپووری و زمانییەوە – دامەزراند، گەرچی لەڕاستیدا ئەمانە بە توندی لە یەکتر جیاواز بوون. هێشتاکوو، مەودای ئاشکرای نێوان وەک دەوترێت پێرسییەنەکانی سەردەمی ئەخەمەنەکانی نیوهەزارەی پێش زایین و فارسیبێژانی، بڵێ، سەدەی چواردەیەمی پاش زایین وەکوو گروپبەندیی بەربڵاو و کیشوەریی/قاڕەیی (نەک نەتەوەیی) دەبوایە لە هەردووک توێژینەوەی تەکنیکی و بیرکردنەوەی مێژوویی نەتەوەخوازانەدا پێوەند بدرایە. دەبێت بوترێت کە زمانی فارسی بۆ ماوەی هەزار ساڵە هێمای بەردەوامیییە (تەنانەت لەو شتەی بە قەرز وەرگیراوە لە زمانە باوەکانی سەردەمی ساسانییەکان)، بەڵام وەها بەردەوامبوونێک بەردەوامیی کەلەپوور یان خزمایەتیی/ئێتنیسیتی لە ناو ئێراندا بە دروستیی گەرەنتی ناکات. بەمجۆرە نازناوی پێرسییەن بۆ هەموو توخمەکان بریتییە لە زمان، کەلەپوور، و ئێتنیسیتی، بە بێ ڕەچاوکردنی لایەنە هەڵبژێردراو و نابەردەوامەکانی کەلەپوور و ئێتنیسیتی دەبێتە هۆی دەرەنجامگەلێکی دژبەیەکی گرنگ. لە کاری پۆلێنبەندییەکان و پێکهاتەی زمانەکان، مێژوو و ئایینی نەتەوەیی لە توێژینەوە پڕ لە سەخڵەتییەکانیان جەکسۆن (A. V. W. Jackson)، دارمێستەتەر (James Darmesteter)، وێیباخ (F. H. Weibach)، وێست (E. W. West)، شپیگل (F. Spiegel)، جوستی (F. Justi)، نۆڵدێکە (T. Noldeke)، گێلدنەر (K. F. Geldner)، سالێمەن (K. Salemann)، هێرتسفێلد (E. Herzfeld)، براون (E. G. Browne)، و توێژەرانی بەرچاوی دواتر تووشی ئاڵنگاریی بوون.
دواتر، زاراوەی ‘نەتەوەیی’ بەربڵاوی پێرسییەن، کە بۆ زمانەکە و وێژەرانی بەکارهێنراوە، لە ڕووی تەکنیکییەوە جەماوەرە ئێتنیکییەکانی تری ئێرانی کە زمانی دایکییان فارسی (پێرسییەن) نەبوو، خستە دەرەوە. کاتێک زاراوەی ئێران (Iran) جێی زاراوەی پێرسیای لە وێژەی ڕۆژئاواییدا گرتەوە، چەمکی ئێرانیی (Iranian) هەر بەو ڕادەیە ئامادە بوو کە جێی پێرسییەن بگرێتەوە، بەڵام ئێران بوو بە پۆلێنێکی مێژوویی بەرین بۆ دابینکردنی پێویستییە نەتەوەخوازانەکانی زۆر گروپ کە پێرسییەنەکان تەنیا یەکێک لەوانە بوون.
دەرکەوتن و گرنگایەتی زاراوەی ئێران
دیاریکردنی ناوەکان بۆ شوێنە جوگرافیایییەکان هەر لە سەردەمە دێرینەکانەوە دیاردەیەکی گشتگیرە. لە پەنای هاندەرە ئاڵۆزترەکاندا، پێدەچێت ئاسانکاری بۆ دۆزینەوە یان جێگیرکردنی خۆیان بە هەندێک وردبینییەوە لەسەر ئەم هەسارە بەرینە خەڵکی [بۆ ناولێنان] هانداوە. لە واتایەکی بەریندا، هەموو ناوە جوگرافیایییەکان تەنیا وشەن؛ هەروەها کە ئێدوارد سەعید ئاماژە دەکات، کەرتە جوگرافیایییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا چێکراوی مرۆڤن و تەنیا لە پێوەندی لەگەڵ یەکتریدا [ئەو نازناوانە واتادار] هەن.[21] ئەم چەمک و ناوانە تەنیا وەکوو ئاکامێکی ئەو واتا و ڕاڤانە کە ئێمە پێیان دەدەین گرنگی تایبەتیان دەبێت. لە شوێنپێهەڵگرتنی ناوی ئێران، ئێمە نابێت خەیاڵ بکەین کە لە بۆشایییەکی مێژووییدا سەروکارمان لەگەڵ داهێنان و بەکارهێنانی سادەی ناوێک هەیە؛ دەبێت زۆر جار لەسەر ئەو واتا و ڕاڤانەی کە پێی دراوە باس بکەین – بەتایبەتی لە سەردەمی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەخوازیی ئاشکرادا. بەکارهێنانی نابەجێ و بێ پاساوی زاراوەی ئێران بۆ پێکهێنانی نەریت، مێژوو، و بیرۆکە لە بەستێنێکی نەتەوەییدا بە شێوەی بەرچاو لەلایەن توێژەرانەوە بە شتێکی ئاسایی و یەکلاکراوە وەرگیراوە. هەرچۆنێک بێت، توێژینەوە ڕەخنەگرانەکانی داهاتوو ڕەنگە زۆر هەلومەرجی مێژوویی بە شێوازێکی دڵسۆزانەتر و ئەمەکدارانەتر ڕوون بکەنەوە. لێرەدا شرۆڤەیەک لەسەر سەرهەڵدانی زاراوەی ئێران دابین دەکەین و تێدەکۆشین داهێنانە زێدەڕەوانە و سەیروسەمەرەکانی جۆرێکی تایبەت لە توێژینەوە بخەینە دەرەوە کە قسەی ئەوە دەکات کە هەبوونی وشیاری ڕەگەزی، نەتەوەیی و کەلەپووری لەلایەن دانیشتووانی ئێران لە بەستێنێکی ئێرانیبوونی سەرەتاییدا پیشان دەدات.
هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، ناوی ئێران ناسراو بوو بۆ گەڕیدە جیاوازەکانی ئەوروپی پێش سەدەی هەژدەیەم و لە یاداشتەکانی ڕۆژانەیاندا لە پەنای ناوی پێرسیا ئەوەیان باس کردووە. توێژینەوەی گرنگ لەسەر زاراوەی ئێران بە دوو قۆناخی یەک لە دوای یەکدا هات. لە ماوەی یەکەمیاندا، لە دوایی دەیەی ١٧٠٠ بۆ سەرەتای دەیەی ١٨٠٠ی زایینی، توێژەرانی ئەوروپی هاوکات قۆناخی سەرەتایی توێژینەوە لەسەر ئاریایییەکانیان (Aryan studies) پەرە پێ دەدا. قۆناخی دووەم کاتێک بوو کە ئاریانیزم یان ئاریاییخوازیی توندڕەوانە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە زاڵ بوو بە سەر توێژینەوەکاندا.
یەکەم ئەوروپی کە لە کاری ڕۆژهەڵاتناسی و زانستیی دواتردا (دوای تێکۆشانە سەختەکانی کەسانی تر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری) زاراوەی ئێرانی ئاشکرا کرد، ئانتۆوان-ئیزاک سیلڤێستر دوساسی (Antoine-Isaac Silvestre de Sacy)[22] لە ساڵی ١٧٩٠دا بوو. بێجگە کارە زۆرەکانی لەسەر وێژەی عەرەبی و ئیسلام، ئەوە دوساسی بوو کە بۆ یەکەم جار کارێکی گرنگی لەسەر بەردەنووسەکانی زنجیرەشاکانی ساسانی پێرسیا (٢٢٥-٦٥٠ی زایینی) بەرهەم هێنا.[23] لەڕاستیدا دوساسی یەکەم توێژینەوەی شێوازمەند/مێتۆدیکی لەسەر فیلۆلۆژی/زمانناسیی سەردەمی دێرین بەرهەم هێنا و بۆیە شیاوی لێکدانەوەی وردە. پەرتووکەکەی “بیرەوەرییەکانی شوێنەوارە دێرینە جیاوازەکانی پێرسیا” (Mémoires sur Diverses Antiquités de la Perse)، کە لە ساڵی ١٧٩٣ بڵاو بووەوە، پێشەنگی لێکۆڵینەوە زمانناسییەکان بە جەختکردن لەسەر چوارچێوەی نەتەوەییی ئێران بوو. ئەم پەرتووکە بریتی بوو لە دوو بەش، یەکەمیان تیشکی خستبووە سەر “وشیاری نەتەوەی ئێرانی” لە سەردەمی ساسانییەکاندا و دووەمیان تیشکی خستبووە سەر “وشیاری مێژوونووسانەی ناسیۆنالیستی” (کە بۆ ئەوە دوساسی مێژووی ناتەواوی ساسانی تۆمارکراو لە کۆپڵەی نووسراوە مێژوویییەکانی ‘میرخۆند/میرخواند’ی وەرگێڕایەوە).[24] لە بەشی یەکەمدا، شیکردنەوەی دوساسی لەسەر بەردەنووسەکانی نەخشی ڕۆسەم (“نقش رستم”)، پێرسپۆلیس، کرماشان، و مەدالیای پاشایانی ساسانی، زاراوەی ‘ئێران’ی وەک ئاماژە بۆ هەردووکی خاکەکە و خەڵکەکە لە سەردەمی ساسانیدا، دەرهێنا.[25] لێدوانی شاهانەی ڕەمزاوی مەلکان مەلکا ئێران و ئەنێران (سەرەتا وازانرا کە لەگەڵ ئەردەشێری یەکەم دەرکەوتووە، پاشان لەلایەن شاپۆری یەکەم) لە ڕێگای بیرۆکەهێما/ئایدیۆگرامەوە گۆڕدرا بۆ گونجان لەگەڵ “شای شاکانی ئێران و تووران.” لانی کەم ئەمە ئەو ڕاڤەیە کە دوساسی دابینی کرد، بە وتنی ئەوەی کە ئێران لە بەردەنووسەکەدا هەر بە واتای ئێرانە لە کاتێکدا ئەنێران (نەرێنییەکەی) بە واتای ئەوبەر و دوژمنی ئێرانە – لەم بابەتەدا تووران.[26]
گەرچی باسی زۆر کراوە لەسەر ڕاڤەی ئێران و ئەنێران لە نێو توێژەرانی دواتردا لە ماوەی ژیانی دوساسی و پاش ئەو، بەڵام ڕاڤەکەی ئەو جێگیر بوو لەبەر ئەوەی کە کۆدەنگدانەوەی خزمی/ئێتنیکی، جوگرافیایی، و سیاسی هەبوو. کەترێمێر (Quatremère)، ڕۆژهەڵاتناسێکی بەرچاوی تری سەرەتای سەدەی نۆزدە، بە گۆڕینی وەرگێڕانی بەردەنووسەکە بۆ “شای شاکانی مادەکان/مێدەکان و پارسەکان/پێرسییەنەکان،”[27] ڕاڤەکەی دوساسی، بەڵام تەنیا لە ناو بەستێنی بەرینتری ڕەگەزی و نەتەوەییدا، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری کردەوە. کەترێمێر لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە دوو ڕەگەزی ڕکابەری مادەکان و پارسەکان، ئاری (Ari) و ئاناری (Anari)، لە واتایەکی بەریندا گونجاوە لەگەڵ ڕاڤەکە.[28] ئەم ڕاڤەیە وەکوو ڕوونکردنەوەیەکی لایەنگرانە بوو بۆ سیاسەتی ساسانییەکان کە تێیدا پەرتییەنەکان/پارتییەکان (Parthians)، کە ساسانییەکان (کە پێرسییەنەکان بوون)[29] بە سەریاندا زاڵ ببوون، بانگهێشت کران بۆ بەشداری لە ژێر ناوی ئیمپراتووریدا بۆ بەرگیری لە شۆڕشی پێکهاتەکانی ئیمپراتووری تازە لەنێوچووی ئارساسید (Arsacid) (کە گوایە [لە] مادەکان بوون). دەرکەوتنی پێرسییەنەکان لە جێگەی دووەم لە نیشانەکەدا ستراتیژییەکە بوو.[30] پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن ئەو مێدانەی کە چەندین سەدە پێش لەنێوچوون لە باسی پارتییەکاندا گونجێندران. وەها باسێک لەلایەن ئوژێن بۆرێ (Eugene Bore)، کەترێمێر، و کەسانی تر لە دواییدا بووە هۆی ئاکامگیریگەلێکی ناتەبا.
سێر جان مەلکۆڵم (Sir John Malcolm) وەرگێڕان و ڕاڤەکەی دوساسی لەسەر بەردەنووسەکەی برد بۆ لای مەلا فیرووزی بەمبەئی (دیارە لە سەرەتای دەیەی ١٨٠٠) تاکوو بە وردی ڕاستییەکەی تاوتوێ بکات. فیرووز وشەی ئەنیرانی (Aniran) بە واتای بێ باوەڕ ڕاڤە کرد، هەروەها کە مەلکۆڵم زێدەی دەکات کە: “ئەو بە منی وت کە ئێر (Eer) وشەیەکی پالەوییە کە بە واتای باوەڕدارە؛ ئێران (Eeran) کۆیەکەیەتی.” پاشان فیرووز بۆ لەبەرگرتنی بەستێنی جوگرافیایی-سیاسییەکەی لێدوانە شاهانەکەی بە جیا لە بنەما زەردەشتییەکەی (ئایینی دەوڵەت) وەرگێڕا: “پاشای باوەڕداران و بێ باوەڕان، یان پێرسیا و نەتەوەکانی تر.”[31] وەها شرۆڤەیەکی ورد ڕاڤەی ڕەگەزییانەی وەلا نا بەڵام ماکی ڕاڤە نەتەوەییەکەی ڕاگرت. ڕاڤەی ئایینی ئێران (Iran) و ئەنێران (Aniran) لە هۆنراوەکانی شانامە/شاهنامە (ئەو وەشانەی دوپێرۆن (DuPerron) لە هێندستانەوە هێنابووی) وێنای کردبوو کە ئێران جێبەجێکاری یاساکانی زەردەشت بوو و ئەنێران بە سادەیی وانەبوو.
گەر نازانی لەسەر ئەنێران و ئێران
دەڵێم کە دەسخەیت زانیاریی لەوان
ئەنێران بۆ داد کۆستی نابەستنەوە
بەڵام بەستی ئێران بە ڕووخۆشییەوە
وەک چاکان و پاکان ئاشەوانی دین
بەستییان کۆستی بۆ ڕێگای یەقین[32]
ئەگەر ئەم ڕوانگەیە دروست بێت، پاشان ڕەنگە بە هۆهێنانەوەی ڕەگەزییانە و نەتەوەییانە تێگەیشتنێکی دروست لە ئێران و ئەنێران دەستەبەر نەکرێت. لە ئیمپراتووری ساسانیدا بە سادەیی هاووڵاتییانی زەردەشتی و نازەردەشتی، بێ ڕەچاوکردنی ڕێخەی خزمیی و جوگرافیاییان، هەبوون. بە وتنی ئەوە، پێویست ناکات گریمانە بکرێت کە هەموو پێرسییەنەکان زەردەشتی بوون و هەمووی نائێرانییەکان نازەردەشتی بوون. گەرچی دەکرێ باس بکرێت کە ئایینی زەردەشتی گرێدرابوو بە پێوەندیی خزمی و زمانییەوە، بەڵام ئەمەش دیسان بە پێویست لە باسێک/هۆهێنانەوەیەک لە بەستێنێکی نەتەوەییدا پاڵپشتی ناکات. دەبێ تێکەڵێکی وەها هەبووبێت کە ناونیشانی پاشای پاشاکانی ئێران و ئەنێران بە ئەگەرەوە بکرێ واتادار بێت، هەروەها کە لە شانامەدا ڕاڤە کراوە، “پاشای پاشاکانی باوەڕدارانی زەردەشتی و باوەڕدارانی نازەردەشتی” – واتە، سەروەری هەموو ڕەعیەتەکان. دیسانەوە، فرەیی کردەوە ئایینییەکانی بودایی، جوو، گنۆستیسیزم، و نەریتە ئایینییەکانی تر لە ئیمپراتووری ساسانیدا ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە.[33]
هێشتا ڕاڤەی تریش لەسەر وشەی ئەنێران کراوە: بیروونی (١٠٤٨ پاش زایین) ئەوە بە سییەمین ڕۆژی مانگ لە ڕێوڕەسمەکانی زەدەشتیدا ڕاڤە دەکات.[34] بە وتەی ئەنکوێتل دو پێرۆن (Anquetil Du Perron)، هاید (Hyde)، و دوساسی، ئەنێران بە ڕیزەوە بەم واتایانەشە: تیشکی یەکەم (یان بێ سنوور)، ئیزەد/ئێزدێ (یەزدان) کە هاوسەرگیری هەڵدەسووڕێنێت؛ و ئەو ڕۆژەی کە زەردەشت ئایینی خۆی ڕاگەیاند.[35] دوساسی هەروەها هێنایە ئارایەوە کە ئەنێران هاوتایە لەگەڵ بیانییەکان/دەرەکییەکان، و بەراوردێک دەکات لە نێوان ئەوە و بەڕبەڕەکان لە یۆنان و عەجەم لە عەرەبیدا.[36]
لە هەڵسەنگاندنی واتای هێمایی یان وشیاری ساسانییەکان بۆ بەکارهێنانی ئێران و ئەنێران لە زاراوە زەردەشتییەکاندا، ئێمە دەبێت هەڵوێستی دژمنانەی ساسانییەکان لە بەرانبەر ئیمپراتووری ڕۆمی تازە مەسیحیمان لە بیر بێت. لە سەردەمەکانی دواتردا هەڕەشەی ئایینی عیسایی (مەسیحییەت) لە لایەکەوە و ئایینەکانی مانەوی و مەزدەکی وەکوو هەڕەشەیەک لەسەر زنجیرەپلەی ئەریستۆکراسی/ئەشرافییەتی ئایینی لەلایەکی ترەوە ڕەنگە بانگەشەی ساسانییەکانی بە قازانجی نەریتی زەردەشتی هان دابێت.[37] (ببینن وتەی دوایی بۆ بەڕۆژکردنەوەیەک)
ئێمە ئێستا دەگەڕیینەوە سەر ڕاڤەی دوساسی لەسەر ئەنێران – کە ئەوە بە واتای تووران، ناوچە و جەماوەری نا-ئێرانی، بوو. بە پێی گێڕانەوەی حەماسی فیردەوسی، تووران دژمنی ئێران بوو؛[38] هەروەها، کاتێک پۆلێنبەندییەکانی فیلۆلۆژیکی/زمانناسی ئێرانی لە سەدەکانی نۆزدەیەم و بیستەمدا خەریک بوو پێک دەهاتن، تووران، ڕەنگە بە هۆی لێکچوونی فۆنێتیک، وەکوو جەماوەری ترک/تورکی[39] ئاسیای ناوەڕاست ڕاڤە کرا، کە بەپێی ڕۆژهەڵاتناسەکان سەر بە وەک دەوترێت جیهانی هێندو-ئێرانی یان ئاریایی نەبوون. بەپێی ئەم نەریتە، ئەگەر ئێمە گریمانە بکەین کە تووران سەر بە جیهانی ئێرانی نەبوو، ئێمە بەرەوڕووی خۆپێشێلکەریەکی/پارادۆکسێکی جوگرافیایی-سیاسی و هەروەها فیلۆلۆژیک/زمانناسییانە دەبینەوە: بەڵگەی جوگرافیاییی قەناعەتپێکەر هەیە کە لە سەردەمی فیردەوسیدا (سەدەکانی دەیەم و یانزەیەم) و ڕەنگە پێش ئەوە، تووران وڵاتێکی ناسراو بوو کە ناوچەی بەلووچستانی لەبەر دەگرت.[40]
هەروەها، لە سەردەمی ساسانییەکاندا تووران دەکەوتە ژێر دەسەڵاتدارێتیی ویلایەتی سیستان.[41] لەوێوە کە (هەروەها کە زمانناسەکان لەسەر ئەو بڕوایەن) زمانی بەلووچی و زاراوە پێوەندیدارەکانی بەشێکن لە بنەماڵەی زمانە ئێرانییەکان،[42] تووران، وەکوو بەشی ناوەندیی بەلووچستان، ناکرێ لە دەرەوەی جیهانی ئێرانی بووبێت. جگە لەوەش، لە سەردەمی فیردەوسی و دەسەڵاتی غەزنەوییەکان لە سەدەی یانزەدا، تووران و شارە سەرەکییەکەی، خوزدار (Qusdar[Khuzdār])، تەنیا دەسەڵاتی خەلیفەی بەغدایان بە فەرمی دەناسی؛ و بەم بۆنەوە سوڵتان مەحموود هەندێ هێرشی کردبووە سەر تووران.[43] بە دڵنیایییەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە فیردەوسی لە هۆنینەوەی هۆنراوە حەماسییەکانیدا توورانی وەکوو دژمن لە واتای هێمایی/مێتافۆریک، و وەکوو دووژمنی سەروەری ڕەوا و دژبەری سوڵتان مەحموودی غەزنە (پشتیوانەکەی)، بەکار هێنابێت.
بەمجۆرە، ڕاڤەی دوساسی لەسەر ئەنێران بە واتای تووران ڕەنگە لە خۆیدا ناتەبا بێت ئەگەر تووران بۆخۆی وەکوو بەشێک لە ئێران ڕەچاو بکرێت، هەروەها کە وێدەچێت ڕۆژهەڵاتناسانی دواتر کە زمانە نەتەوەیییەکانیان بۆ ئێران پێکهێنا وایان کردووە. هەر لەم ئاڕاستەیانەدا، ئەگەر ئەنێران وەکوو دژمنی ئێران لە باری نەتەوەخوازییەوە/ناسیۆنالیستیکەوە ڕاڤە بکرێت، دەچینە ناو هەر ئەو پێکدادانەی بیردۆزەکان. تەبەرستان (ئەورۆکە مازندەران) وەکوو بەشێک لە ئێران لە باری جوگرافیایییەوە و بە وتەی ڕۆژهەڵاتناسەکان، لە باری فیلۆلۆژییەوە/زمانناسییەوە، هەمیشە ئاڵنگارییەک و ڕەنگە دژمنێک بووبێت بۆ ئیمپراتوورەکانی ناو ئێران رێک هەر لە ئەخەمەنەکانەوە بگرە تاکوو ساسانییەکان، بۆ ئەوەی کە بخرێتە ژێر دەسەڵاتیان.[44] بەوەشەوە، ئیبنی ئیسفەندیار، نووسەری مێژووی تەبەرستان (“تاریخ طبرستان”) لە سەدەی سێزدەدا، و ئیبنی ڕوستە، نووسەری ئەلئەعلاق ئەلنەفیسە (“الاعلاق النفيسة”) لە سەدەی دەیەمدا، پیشان دەدەن کە تەبەرستان تاکوو سەردەمی ئیسلامی وەک شانشینێکی جیاواز مایەوە.[45] لە ڕاستیدا، تەبرستان هیچ کاتێک هیچ هەستی یەکیەتی لەگەڵ پاشماوەی ئیمپراتوورییەکە پیشان نەدا و بە جیا مایەوە تاکوو سەرهەڵدانی ئیلخانییەکان لە سەدەی سێزدەدا، کاتێ کە ناوچەکە خرایە سەر ئیمپراتوورییەکە.[46] وشیاریی ئێرانی ‘نەتەوەیی’ بەو جۆرەی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسان و نووسەرە ناسیۆنالیستەکانەوە وێنا کراوە پاڵپشتی ناکات لە بیردۆزی ئێران لە بەرانبەر ئەنێران وەک سێناریۆیەکی ڕوون. هەر ئەو پۆلێنبەندییە ڕەگەزی و زمانناسانە/فیلۆلۆژیک دیسانەوە دەکرێ بەکار بهێنرێت بۆ باس لەسەر ئەوەی کە بۆچی ساسانییەکان (وەکوو ئێرانییەکان) عێراق – لێوارەی وەک دەوترێت جیهانی سامی، هەروەها کە ئیستەخری (٣٤٦ کۆچی /٩٥٧ زایینی) دەڵێت – وەکوو ناوەندی ئیمپراتوورییەکەیان هەڵدەبژێرن؟[47]
لەم پێوەندییەدا وەبیرهێنانەوەی دابەشکاریی ئینجیلی کۆن لەسەر ڕەگەزەکان و ناوچەکانی جیهان لە نێوان سێ کوڕی ‘نۆح’دا سەرنجڕاکێشە. حەمدوڵڵا موستەوفی پێمان دەڵێت کە ئێران هی شێم (Shem) بوو،[48] و بە شێوەی نەریتی وەک ناوچەیەکی سامی ناسرابوو. ڕەنگە باشترە وا بوترێت کە دۆکترین/بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی و ناسێنەی نەتەوەیی، لە واتایەکی مۆدێڕندا، بەرهەمی لاوەکیی ئەو شتەیە کە ئێمە لە دوو سەدەی ڕابردوودا لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێکمان هێناوە و بەرهەممان هێناوە، بەجێی تایبەتمەندییەکانی خەڵکی ڕابردوو، وەک موستەوفی.
بەم جۆرە، هاوپێچکردنی زاراوەکانی ئێران و ئەنێران بە هاندەرێتییە ناسیۆنالیستییەکانی ساسانییەکان ڕەنگە بە تەواوی نەشیاو و هەڵە بێت. بەوەشەوە، وەکوو ناوێک بۆ شوێنی جوگرافیایی و تاڕادەیەکیش شوێنی دەسەڵاتی ساسانییەکان زاراوەیەکی هاوشێوە لەلایەن ئیمپراتوورییەوە بەکار دەهێنرێت: ئێرانشار/ئیرانشەهر. گەرچی دواتر لەگەڵ ئەم ناوە لە بەستێنێکی مێژوویی-جوگرافیاییدا سەروکارمان دەبێت، ئێستا ئەوەندە بەسە ئاماژە بکرێت کە دیاریکردنی وەها ناوێک لەلایەن ساسانییەکانەوە ڕەنگە پێوەندیی هەبووبێت بە بانگەشەی نەریتی زەردەشتییەوە. ئێرانشار ناوی ڕەچاوکراو و لێنراوی ئەو خاکە بوو کە بە تێپەڕینی کات ڕەنگە گۆڕابێت بە ئێرانزەوی (“ایران زمین”) و پاشان کورت کراوەتەوە بە ئێران/”ایران” – نە ئەوەی کە لە بنەڕەتدا تەنیا ئێران/ایران بووبێت. وێرای ئەم ڕاستییە کە زۆر ڕۆژهەڵاتناس خۆیان خڵنجاندووە بە دیتنی چاند و نەریتێکی نەتەوەیی – بە شێوەی بەرچاو جۆری ئێرانی ئەوە- دەبێت لە بیرمان بێت کە بە تەنیا دیاریکردنی ناوێک بۆ خاکێک جەماوەرێکی یەکدەست لەسەر ئەو خاکە پێک ناهێنێت.[49] بە واتایەکی تر، ناوی خاکەکە، ئێرانشار، هیچ پێوەندییەکی بە پرسی بەربڵاوی ناسێنەی نەتەوەییی جەماوەری زۆری نایەکدەست و پێکهاتەی خزمیی/ئێتنیکی ئیمپراتووری ساسانی نەبوو.[50]
ئێران و گریمانەی ئاریایی
ئێستا کاتی ئەوەیە کە سەردەمی پاش دوساسی تاوتوێ بکرێت، کاتێ کە زاراوەی ئاریا لە هەردووکی توێژینەوە هێندو-ئەوروپییەکان و وەکوو بناخەیەک بۆ سەرهەڵدانی ئاواتە نەتەوەیییەکانی ئێرانی گرنگایەتی پێ درا. ئەمە ئەو سەردەمەیە کە ئاریانیزم لە توێژینەوەدا بوو بە هێزێک بۆ جیاکردنەوەی ڕەگەزەکان و هەروەها نەتەوەکان لە یەکتری.
باس لەسەر پرسی ئاریاییەکانی ئاسیا – واتە، هێندوئێرانییەکان – لە باری فیلۆلۆژیک/زمانناسییەوە، زیاتر تەکنیکییە. بەوەشەوە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بیرۆکانەی کە لەگەڵ گریمانەی ئاریایی لە نێو بەستێنی ڕەگەزی و نەتەوەییی ئێراندا هەبوون، هەندێ کەموکۆڕی هەیە کە لێرەدا تاوتوێیان دەکەین.
هەروەها تیشک دەخەینە سەر ئەم پرسە کە ئاخۆ زاراوەی ئێران لە ئاریا وەرگیراوە و ئاخۆ وەک دەوترێت هۆزە ئاریایییەکانی ئاسیای ڕۆژئاوا (بەتایبەت پێرسییەنەکان و مێدەکان) لە نێوان جەماوری تێکەڵی ئاڵۆز لە هەزارەی یەکەمی پێش زاییندا تێکۆشان بۆ شۆڕش و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئیمپراتووری جیاوازی خۆیان. هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، چەندین ڕۆژهەڵاتناس (لە پلەی یەکەمدا فیلۆلۆژیستەکان/زمانناسەکان، و کۆنینە/شوێنەوارناسەکان بریتی لە ئادۆڵف پیکتێت/Adolphe Pictet،[51] سایس/A. H. Sayce،[52] و هێرزفێڵد/E. Herzfeld)[53] پێشنیاریان کرد کە ناوی ئێران لە جێگیربوونی ئاریایییەکان لە ناوچەکەدا وەرگیراوە. پرسی ناوی خاکەکە پێش بانگکردنی بە ئێران – هەندێ پێشنیاری ‘ئیلام/عیلام’یان کردووە[54] – بابەتێکی جیاوازە. هەڵبەت، زۆرێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان ئەوەندە خۆیان ناپێچێنن بە ناوی خاکەکەوە لەبەر ئەوەی کە بە ڕوون و ئاسایی دەزانن کە بە ئێران بانگ کرابێت، لە جیاتی ئەوە سەرنجی خزمایەتی/ئێتنیسیتی دانیشتووانی ئاریاییی سەرەتایی دەدەن کە بە شێوەیەکی دیار بە ئێرانییەکان ناسرابوون. جۆرج ڕاولینسۆن (George Rawlinson)، مێژووزانی سەدەی نۆزدە؛ بارتۆڵد (W. Barthold)، مێژووزان/جوگرافیزان، ڕۆمەن گریشمەن (Roman Ghirshman)، شوێنەوارناس؛ و ئالبێرت ئۆلمستید (Albert Olmstead)، مێژووزان، هەموو لە سەدەی بیستەمدا، هەرەسێک بیرۆکەیان لەسەر وشیاریی خزمی، زمانی و چاندیی ئێرانیی جیاواز وەکوو ئاریایییە “بانتر”ەکانی سەردەمە دێرینەکان پەرە پێدا؛ ئەوان بەردەنگگەلێکی زۆر لە خوێندکاران، توێژەران، بەرپرسانی حکوومی ناسیۆنالیست، و خەڵک بە گشتییان قانیع کرد کە ئاریایییەکان یان ئێرانییەکان ئێرانیان کرد بە نیشتمانی خۆیان.[55]
بەوەشەوە، چەندین لاوازی گشتی لەم گریمانەدا هەیە. بەر لە هەر شتێک، ئاستەمە بڕوا بکرێ کە بەشێک لە جەماوەرێک، لێرەدا ئاریاییەکان، توانیبێتیان لە باری خزمی/ئێتنیکی و چاندییەوە بۆ نزیکەی هەزار ساڵ سەربەخۆ لە پاشماوەی جەماوەری ڕەسەنی [ناوچەکە] بمێننەوە. پاشان، ڕێک ئەم بەشە لە خەڵک لەگەڵ بیرەوەرییە مێژوویییە وێنەهەڵگرانەکانیان و خۆئاگایی لەسەر ڕەچەڵەکی ئاریاییان گوایە ئیمپراتووری خۆیان پێک هێنا و ناویان لێ نا ئێران یان هەر ناوێکی هاوشێوە. وەها ڕوانگەیەکی هێڵییانە لە مێژوودا تەنیا دەکرێ لەلایەن ئەو کەسانەوە بە بڕوادار بزانرێت کە بەبێ هۆ دەیانەوێت باوەڕ بەوە بکەن. دووەم، بیردۆزی ڕەگەزی ئاریایی بە تەواوی لەسەر بنەمای تێگەیشتنە زمانەوانییەکانە کە ناتوانن پاڵپشتی گشت پرسەکە بکەن. نازناوی سەدەی نۆزدەیەمی ئاریایی بۆ هەموو خێزانی زمانە هێندوئەوروپییەکان خۆسەرانە بوو، و هەڵەبوونی گریمانەی سانسکریت وەکوو کۆنترین زمانی هێندوئەوروپی (کە سەرەتا لەلایەن ‘ئادۆڵف پیکتێت’ەوە بانگەشەی بۆ کرا) سەلمێندراوە.[56] لە قۆناخە سەرەتایییەکانی توێژینەوە هێندوئەوروپییەکان، وادەزانرا کە مێدەکان لە ڕەگەزی ئارامی یان سامی بوون.[57] ئەوە دواتر بوو کە بەپێی ڕێخەناسییە مەزندەییەکانی ژمارەیەکی کەم ناو و وشەی بەجێماو لەوان، مێدەکان بە وەچەی ئاریایی دانران.
پێوەندیی جەماوەری مێدو-پێرسییەنی بەشی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵات – جەماوری هێندی – و لە دواییدا لەگەڵ کۆمەڵە ئەوروپییەکان بەپێی ئەم گریمانە فۆرموولە کرا کە لە خاڵێک لە مێژوودا ئەوان هەموو بە زمانێکی هێندوئەوروپی سەرەتایی قسەیان کردووە و تەنیا دواتر بوو کە بڵاوەیان کرد. تاکوو ئێستا، ئەم گریمانە نەیتوانیوە بەڵگەی تەواو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییە جیاوازەکان کۆ بکاتەوە. “ناکرێ ئاڕاستەکان و کاتی کۆچەکەیان بە شێوەی گونجاو لێک بدرێتەوە مەگەر ئەوەی کە لە زانیارییە پێوەندیدارەکانی بەردەست لە زانستەکانی تردا کەڵک وەرگیردرێت.”[58] هەروەها، ئەو تێگەیشتنە زمانەوانییە (باسکراو لە پاژی ١) لەلایەن زمانناسان/فیلۆلۆژیستگەلێکی دیارەوە کە لێکچوونەکان لە نێوان زۆر زمانیان پیشان داوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە و چاکسازی کراوە کە بە شێوەی بەربڵاو دۆخی پێکهاتەی هێندوئەوروپیی کە ڕەنگی ڕەگەزپەرستانەی هەیە دەگۆڕێت. کەواتە، چەمکی ئاریا وەکوو دیاردەیەکی ڕەگەزی نەدەکرا بناخەیەک بۆ وێناکردنی نەتەوەیەک (لە واتای مۆدێڕندا) لە سەردەمە دێرینەکاندا بێت.
سێیەم، لە پەنای یەکتردانانی خاوی چیرۆکە مێژوویییەکانی هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا بۆ خزمەت بە وشیاریی نەتەوەخوازانە/ناسیۆنالیستی و ڕەگەز-تەوەر و تێگەیشتنەکانی جۆری مۆدێڕن بە شێوەیەکی خەمۆکانە نابەجێ و هەڵەیە. بە واتایەکی تر، ئێستا بە هەڵە هەموو جۆرە تایبەتمەندییە ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستانەکان پێوەند دەدرێن بە جەماوەری مێدو-پێرسییەنی سەرەتایی کە بە ناو نەتەوەی ئاریا یان ئێران وێنا کراوە (بۆ وێنە، ڕاولینسۆن). لەڕاستیدا، تەنیا لە سەدەی نۆزدەیەم بەملاوە ئاریا پێناسەی ڕەگەزی لە خۆ گرت. بۆ سەلماندنی هەر سێ ناکۆکییە گشتییەکە لە پێکهاتنی نەتەوەی ئێران لە ڕوانگەی ئاریانیستیی/ئاریاییخوازییەوە، ڕێگە بدەن بۆ بردنەپێشەوەی هەڵسەنگاندنەکەمان لەسەر مێژووی بە شێوەی باو پێشکەشکراوی ئێران چەند نموونەیەک باس بکەین.
لەم باسەدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە ئاخۆ بیرۆکەی ئێران لەلایەن بە ناو کۆچەرانی ئاریاییی سەرەتایییەوە کە لە دواییدا ئیمپراتووری ئەخەمەنەکانیان پێکهێنا وێنا کرابوو یان نا، ئێمە دەبێت دیسان ئەو “فاکتانە/ڕاستییانەی” پێشکەشکراو لەلایەن هەندێ ڕۆژهەڵاتناسی دیارەوە تاوتوێ بکەینەوە بە جۆرێ کە بتوانین پێکهاتەی نابەجێی ئێران وەکوو ناو بۆ سەرزەوی و خەڵکەکە دامرکێنین. باوەڕی گشتی لە نێو ڕۆژهەڵاتناساندا ئەوەیە کە پێرسییەنەکان و مێدەکان کۆچەرانی سەرەتایی لە کۆتەی ئاریایییەکان لە ڕۆژئاوای فەلاتی ئێران بوون کە لە کات و شوێنێکی نادیاردا لە هاوتا هێندییەکانیان جیابوونەوە. پێوەندیی پێویست لە نێوان ئاریایییەکانی ڕۆژئاوا یان ئێرانییەکان (مێدەکان و پێرسییەنەکان) و ئاریایییەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگای شوێن پێ گرتنی هەندێ وشەی ئایینی، ئوستوورەیی و حەماسی دیار لە ڤێدا، ئاڤێستا، یان چەند سەرچاوەیەکی تر پێکهات. بۆ وێنە، باوەڕ وایە کە ئاسوورا (asura) لە هێندیدا و ئاهوورا (ahura) لە پێرسییەن/فارسی کۆندا[59] وەکوو ناوی خوا نە تەنیا لە باری ڕێخەناسییەوە ڕێخەیان یەکێکە بەڵکوو ئاماژە بە (هەروەها کە ماکس مولەر (Max Muller) پێشنیاری کرد)[60] کردەوە و ڕێوڕەسمە ئایینییە هاوبەشەکان دەکەن. وەها وێنایەک، گەرچی خزمەت بە گریمانەی ئاریایی دەکات، پێویستی بە بازنەیەکی بەرینتری ڕاڤەیە بە گوێرەی ئەوەی لەلایەن ڕوانگەی تەسک و تاڕادەیەک ڕەهاخوازی ئاریانیزمەوە پێشکەش دەکرێت. نە تەنیا ئەوە بەڵکوو، هەروەها کە بارۆ (T. Burrow) ئاگادارمان دەکاتەوە، “سروشتی هێندو-ئاریایی پاشماوەی ئاریایییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیکدا لەسەر بنەمای هەردووکی زمان و ئایین دامەزراوە، بەڵام کەرستەکە هێشتا بە شێوەی بەرچاو کەمە.”[61] بیردۆزێکی تر پێوەندی بە ڕێککەوتی سەرهەڵدانی زەردەشت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆیشتنی پێرسییەنەکان و مێدەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا هەیە. بە گشتی، ڕێککەوتی ٦٠٠ی پێش زایین لەلایەن هەندێ توێژەری دیارەوە وەکوو لەدایکبوونی ئایینی زەردەشت (گەرچی کەسانی تر، وەکوو بۆیس/Boyce، زووتریان دیاری کردووە) قبووڵ کراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆنترین ئاماژە بە مێدەکان و پێرسییەنەکان لە ڕۆژئاوا لە ساڵنامەکانی ئاسوورییەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆی پێش زاییندایە. بە بێ باسی تێروتەسەل دەکرێ دوو بۆچوون لەسەر ئەو دەرخستنانەی سەرەوە هەبێت. یەکیان ئەوەیە کە ئەگەر مێدو-پێرسییەنەکان ئاهوورامەزدا خوای زەردەشتییان دەپەرست، هەروەها کە هەندێ توێژەر پێشنیاریان کردووە، کەواتە یان ڕێککەوتی بانگەشەی ئایینی زەردەشتیش دەبێت بگۆڕدرێت بۆ بەر لە سەدەی نۆی پێش زایین (مێدەکان لە بەردەنووسێکی سەرەتای ١١٠٠ی پێش زاییندا ئاماژەیان پێ کراوە)[62]، کە ڕێکەوتی ٦٠٠ی پێش زایین ڕەت دەکاتەوە، یان دەبێت گومان بخرێتە سەر ئایین گۆڕینی مێدو-پێرسییەنەکان بۆ زەردەشتیی لە ڕۆژهەڵاتدا پێش هاتنیان بۆ ڕۆژئاوا. لەلایەکی ترەوە، ڕەنگە پۆلی مێدو-پێرسییەن پێش نووسینی فەرڤەردین یاست (بابەتێکی ئەفسانەییی ئایینی زەردەشتیی سەرەتایی) بەرەو ڕۆژئاوا کۆچیان کردبێت.[63] ئەوەش ڕوونە کە لە ئاڤێستا ئاماژەیەک بە مێدەکان و پێرسییەنەکان نەکراوە؛ کەواتە بە ڕەچاوکردنی جەماوەری مێدو-پێرسییەنی ڕۆژئاوا نازناوی خەڵکانی ئاڤێستایی یان ئاریا لە زاراوە جوگرافیایی (خزمی/ئێتنیکی) ئاڤێستایییەکاندا دەکەوێتە نادیارییەوە. ئەم پرسە ئێمە دەبات بەرەو بۆچوونی دووەم.
زاراوەی هاوتا وەکوو ئاریا لە پێرسییەن/فارسی کۆندا، لە بابەتە هێندییەکاندا بە شێوەی ئاری (ari)، ئاریا (arya) و لە یاستەکانی نوێتری ئاڤێستا ئایریا (airya)، لە وتە و دەقە جیاوازەکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا دەردەکەوێت، کە بۆ ئەوانە ڕیزبەندەمێژوویەکی ڕەها بوونی نییە؛ سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەی هاوبەش و واتای سەرەکییان ناکرێ لە ڕێگای بەردەوامبوون و هەروەها لە باری ڕێخەناسییەوە بسەلمێنرێت. هەروەها، گۆڕان لە واتا و ڕاڤە لە بابەتە هێندییەکاندا، و هەروەها واتا جیاوازەکانی زاراوەی ئاریا لە ئاڤێستا و فارسی کۆندا، بووەتە ڕێگر لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەی ئاریاییەکانی ڕۆژئاوا (مێدەکان و پێرسییەنەکان) لە واتای خزمیدا/ئێتنیکیدا.[64] جگە لەوەش، گنۆلی ئاماژە دەکات کە بەکارهێنانی ئیلامی/عیلامی و یۆنانی و واتای ئاریا ئاگری کێشەی قانیع بوون بە ڕێخە و واتای هاوبەش بۆ ئەم زاراوەیە زیاتر گەش دەکاتەوە.[65] وەشانی ئاڤێستایی ئاریانا ڤائێجە (Aîryana väejah) لەلایەن هەندێ توێژەرەوە (فرای/Frye، بۆیس/Boyce، مۆرگێنستیرن/Morgenstierne) وەکوو نیشتمانی ئێرانییەکان یان هێندو-ئێرانییەکان ئاماژەی پێ دەکرێت، و هێشتاش ئەوە وەکوو نیشتمانی زەردەشتییەکان (کە نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی سەرزەوییەکە – ئەفغانستان- بوون) بە جێی ئێرانییەکان (نایبێرگ/Nyberg، هێنینگ/Henning، گنۆلی) جەختی لەسەر دەکرێت.[66] هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، دەکرێ مێدو-پێرسییەنەکان (بە ناو ئێرانییە سەرەتایی یان ڕۆژئاوایییەکان (لە ئێران بە تایبەتی) لە جوگرافیای ئاڤێستایی ئاریایییەکاندا) نەکەونە ناو بازنەی ئاریایییەوە.[67]
بەوەشەوە، لە عیلامیدا، بە وتەی گنۆلی، ئاماژەگەلێک بە ئاریبی (Aribi) لە ساڵنامەکانی ئاسووریدا هەیە کە دەکرێ بە باشی بەڵگە بێت لەسەر بوونی عەرەبەکان لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین لە فەلاتی ناوەندیی (ئێرانی ئەوڕۆکە).[68] دیتنی زاراوەی ئاریبی لەلایەن ‘ئاندریاس’ەوە (F. C. Andreas) هانی دا پێشنیار بکات کە ئەو وشەیە بە عیلامیی ناوی کۆیە بۆ ئاریاییەکان؛ ئەم ڕوانگەیە لەلایەن مەیەر (E. Meyer)، کریستێنسێن (A. Christensen)، و چەند کەسێکی ترەوە وەرگیرا و درێژە درا. کەسانی تر نەیانەویست قبووڵ بکەن کە لە نیوەی یەکەمی هەزارەی پێش زاییندا عەرەبەکان لە ئێراندا هەبوون بەڵام دەیانوت کە “کۆچەرییەکان” و “شوانەکان” هەبوون.[69] تێکەڵیی سەرەتایی عەرەبەکان (وەکوو سامی) و ئێرانییەکان (وەکوو ئاریاییەکان) لە بەر تیشکی ئەوەی بە شێوەی جیاواز بۆ “ئاریاییەکانی ئێران” پێک هێنرابوو و گریمانەی ئاریایی بە گشتی، جێی مشتومڕ بوو. لەڕاستیدا، پێشنیار کراوە کە وشەی ئاری یان ئاریا ڕەنگە بە باشی وشەیەکی قەرزکراوی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەربڕینی هاوبەشی حامی-سامی، یان وشەیەکی قەرزکراوی میسری لە ئوگاریتیک بێت.[70] بە کورتی، هەموو ئەم وشە نموونەییانە بوونەتە هۆی پێکدادانی بیروڕاکان، بەڵام لە هەموو بارودۆخەکاندا، ئاریاییبوونی خزمی/ئێتنیکی جەماوەری مێدو-پێرسییەن ڕوانگەی زاڵ بووە. بەوەشەوە، لەو ڕوانگەوەیە کە زنجیرەشاکانی ئەخەمەنەکان وەکوو سەرەتای ئیمپراتووری ئاریایی و دامەزراندنی سەرەتایی ئێران و نەتەوەی ئێران دەبینرێت.
هێرزفێڵد (E. Herzfeld)، کەسێکی شوێنەوارناس، بانگەشەی کرد کە زاراوەی “ئێرانیی” (Iranian) لە ناوی سیاسی و جوگرافیایی ئاریانام خشاترام (Aryanam Khshathram) – ئیمپراتووری ئاریایییەکان – بەکارهێنراو لە بەردەنووسەکانی ئەخەمەنی، وەرگیراوە. (ئەمە ڕوونادات). توێژەری چێکیی ئۆتاکار کلیما (Otakar Klima) بەو ئاکامە دەگات کە، یەکەم، تا شوێنێ کە ئێمە دەزانین ئەخەمەنەکان ناو یان نازناوێکی فەرمییان نەبوو؛ دووەم، دەربڕینی خشایاتیای پارسایی (Khshayathiay Parsaiy) دەبێ نەک وەکوو ناوی ئیمپراتوورییەکە بەڵکوو وەکوو ناوی دەوڵەتەکە ڕاڤە بکرێت، لەوێوە کە زاراوەی ئیمپراتووریی هەرگیز لە بەردەنووسەکەدا نەهاتووە.[71] هەروەها، پارسا (کە وێنا دەکرێت پێرسیا یان پێرسییەن لە زاراوەکانی هێرۆدۆتدا لەوەوە گیرابێتن) بە ئەگەری زۆرەوە لە واتایەکی سیاسیدا و ئەخەمەنی لە واتایەکی هۆزیدا بەکار دەهێنرا بە جێی ئاریا. گەرچی ئاریا بۆ وێنە لە بەردەنووسی داریووش لە نەخشی ڕۆسەم (“رُسْتَم”) و خەشایارشا (Xerxes) لە پێرسپۆلیس (لەو شوێنەی کە شا خۆی بە ئاریا سیسا/Arya ciça ڕادەگەیەنێت) دەردەکەوێت، دەکرێ لە بەستێنگەلێکی چاندیی و ئایینیی بەرین بەڵام نادیاردا بۆ واتاکەی بگەڕێیت.[72] ئایینی زەردەشتی تەشەنەی کردە ناو دەوڵەتی ئەخەمەنەکان، بەڵام هەروەها کە توێژەر محەمەد داندامایوڤ ئاگادارمان دەکاتەوە لەسەر سیاسەتی ئایینی ئیمپراتوورییەکە، ئەوان خواکانی میسر، بابل و عیلامیشیان دەپەرستی و ڕێزیان لێ دەگرتن، و زۆر خەڵک خواوەندە سەرەتاییەکانی تری سروشتیان دەپەرستی.[73] بەم جۆرە ئاستەمە باوەڕ بکرێت کە ئاریا لە واتای ئاڤێستایی لە ئیمپراتوورییەکی فرەچاندیدا لەلایەن داریووشەوە تەنیا لە واتایەکی ئایینیدا بەکار بردرابێت بۆ جەخت کردن لەسەر پاکی و تەقوا بە جێی بەکارهێنانی بە ئەگەرەوە وەکوو ئامرازێکی سیاسی بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕەوایی/شەرعییەتی ڕەچەڵەکییانە لەلایەن ڕەعییەتە زەردەشتییەکانی خۆیەوە. داریوش بۆخۆی لە بەردەنووسەکاندا لەسەر شای کۆمەڵەخەڵکی جۆراوجۆر بوون قسە دەکات،[74] و کەواتە ئەگەری ئەوە نییە کە داریووش ئیمپراتوورییەکەی وەکوو وەک دەوترێت ئاریایییەکان، ڕەگەزێکی بێ وێنە، وێنا کردبێت.
لە واتایەکی چاندی/کەلەپووریی بەرینتردا، ئەخەمەنەکان دەکرێ نەک وەکوو برەودەرانی پەتیی شارستانییەتی ئاریایی یان شارستانییەتی ئێرانی بەوجۆرەی لەلایەن کەسانی خاوەن مەیلی ڕەگەزیانە و ناسیۆنالیستەوە وێنا کراوە، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە وەکوو هەڵگرانی شارستانییەکانی پێشتری جیهان، سەیر بکرێن. بۆ پشتگیریی لە تێزی پەتی نەبوونی چاندیی ئەخەمەنەکان کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شارستانییەتێک کە نازناوی ئاریایی یان ئێرانی لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە لێ نراوە، ئاماژەکانی خوارەوە تەنیا لووتکەی سەهۆڵەکێوێکن. سەبارەت بەم گریمانە کە ئەخەمەنەکان بە فارسی کۆن قسەیان دەکرد[75]: یەکەم، ئەم زمانە ئەلفوبێی خۆی نەبوو، بەڵکوو بە جێی ئەوە لە ئەلفوبێی ئارامی (بە ناو سامی) بۆ نووسین کەڵکی وەردەگرت؛ دووەم و زۆر گرنگتر، هەروەها کە ڕۆمەن گیرشمەن دەڵێت، لە ٣٠٠٠٠ تاشەبەردی دۆزراوە لە پێرسپۆلیسدا، یەک دانەشیان بە زمانی فارسی کۆن نەبوو؛ چەند دانەیەکیان بە ئارامیی بەڵام زۆربەیان بە عیلامی بوون.[76] هەندێ توێژەر تەنانەت لەسەر ئەو بڕوایە مانەوە کە ناوەکانی کوورش/Cyrus و کەمبوجییە/Cambuses وێدەچێت لە عیلامیی وەرگیرابێتن.[77] کاریگەرییەکانی ئەکەدییەکان، ئاسوورییەکان، کەلدانییەکان و میسرییەکان بێجگە لە زمان لەسەر هونەر و تەلارکردنەوە/مێعماریی ئەوەندە ڕوون بوو کە ئەوان هەندێ توخمی بیروڕای سەدەی نۆزدەهەمیان بە قازانجی ئەو تێزە کە مێدەکان، وەکوو هاوبەشی پێرسییەنەکان، ئارامی، عیلامی، توورانی، یان سامی بوون، وەرگرت.[78] کەواتە ئەمە هیچ جێی سەرسووڕمان نییە کە دەوترێت شێوازی کردنەوەی گومەزی سەر بە ناو گۆڕی کوورش (هەموو توێژەرەکان ئەو گۆڕەیان وەکوو ئارامگەی کوورش قبووڵ نەکردووە؛ خەڵکی خۆجێیی ئەوەیان بە گۆڕی دایکی سولەیمان زانیوە)[79] لاساییکردنەوەی میسرییەکان بووە. ئەمە بە هاوسەرگیری شاهانەی کوورش لەگەڵ شازادەیەکی میسریدا ڕوون دەبێتەوە.[80] لە هەرێمی زمانەوانیدا، باس کراوە کە توخمە شێوازییەکانی ئارامی و عێبری ئینجیلی کاریگەرییان لەسەر وشەگەلێک و فرمانگەلێکی دیار لە فارسی کۆندا هەبووە.[81]
ئەم نموونانە دانوستانی نێوانچاندی و هزری چاندە جیاوازەکان (چ مێزۆپۆتامیایی/نێوان دووئاوانی، ئەخەمەنی، یان ئەوانی تر) لە ناوچەیەکی بەربڵاوی فرەئێتنیک/فرەخزمی زەق دەکەنەوە و گرنگایەتییان پیشان دەدەن. ئەم ڕێبازە بۆ دیتنی ڕەوتە مێژوویییە ئاڵۆزەکان هەرجۆرە پێوەنددانێکی بەرچاوتەنگانەی نەتەوەیی، ئێتنیکی/خزمی، یان نابەجێ بە کۆمەڵێکی خەڵک یان ئەوی تر، بەتایبەت لە ناوچەکانی نایەکدەستتر، ڕەت دەکاتەوە. بەم جۆرە، بەکاربردنی زاراوەی ئاریا بۆ ڕەگەزێک و بۆ هەندێ واتای کۆرپەلەیی نەتەوەی سەرەتاییی ئێران کردەوەیەکی کوێری مێژوویییە لە ژێر کاریگەریی ئاریانیزمی توندڕەو لە توێژینەوەدا. هەروەها کە گنۆلی لە توێژینەوە پڕزەحمەتەکەیدا پیشانی دا، ئاریا هەرگیز نە بە واتای ئێران بوو و نە هاوتایەک بوو بۆ پارسا؛ و ڕەچاوکردنی ئەخەمەنەکان وەکوو سەرچاوەی مێژوویی ئاواتە نەتەوەیییەکانی ئێران هەڵە یان ئاناکرۆنیزمی تەواو دەبێت.[82]
باوەڕ وایە کە پارتییەکان/ئەشکانییەکان کە جێگەی سلووکییەکانیان (یۆنانییەکان) گرتەوە کە بەسەر ئەخەمەنەکاندا سەرکەوتبوون، لە دەرەوەی ئێرانەوە هاتوون. بە وتەی کۆنتێنۆ (G. Contenau) و گرۆسێت (R. Grousset)، ئەمە گەڕانەوە بۆ “ئایدیالێکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی” پیشان دەدات.[83] باسێکی دوولایەنە هەیە لە دژی بەکارهێنانی ئێران یان ناوە هاوشێوەکان لەلایەن پارتییەکان یان بوون بە گەڕەنتیکارانی میرات و بەردەوامیی ئێرانیی یان ئاریایی. یەکەم، هەروەها کە گنۆلی باس دەکات ئەو بیرۆکە کە پارتییەکان ڕێک بەوجۆرەی گوایە ئەخەمەنەکان کردبێتیان لە دەستەواژەی ئیمپراتووری ئاریاییەکان کەڵکیان وەرگرت بێ بنەمایە.[84] دووەم، گەڕانەوەی شل و ولی ئەوان بۆ ئایینی زەردەشتی[85] نە بە تەواوەتی ئەوانی خستە پۆلێنبەندیی ‘ئاریا’ی ئاڤێستایی، نە هیچ بەڵگەیەک هەیە کە پارتییەکان ئاگایییەکی ئێتنیکی ‘ئاریا’یان بووبێت. هەروەها کە دیاکۆنۆف ئاماژە دەکات، هەبوونی زۆر گروپی ئێتنیکی لە خاکی پارتییەکاندا ڕێگەمان پێ دەدات بۆ بڕوا بەوەی کە لە ناو پارتییەکاندا نازناوێکی ئێتنیکی و نەتەوەیی تاقانە و وشیاری [پێوەندیدار] بوونی نەبووە.[86] هەروەها، هەرچۆنێک بێت شێوەی نایەکدەست و ناناوەندیکراوی/لامەرکەزی میرنشینە بچووکەکان یان حکوومەتی مولووک ئەلتەوایفی[87] ئەوان نەیدەتوانی بناخەیەک بۆ یەکیەتی نەتەوەیی دابین بکات. لەلایەکی ترەوە، ئێحسان یارشاتر ئاماژە دەکات کە پارتییەکان لەدەستدانێکی تەواوی بیرەوەری ئەخەمەنەکانیان ئەزموون کرد، لەوێوە کە نووسەرانی خوەدای نامەگ (پەرتووکی پاشاکان-شانامە) هیچ زانیارییەکی لەسەر پێش ئەسکەندەر[88] نەبوو (ئەمە دەکرێ بە باشی پێوەند بدرێت بە ساسانییەکانەوە لەوێوە کە ئەوان کۆکەرەوەی ئەفسانەکە بوون). ئەمە گریمانەی پێشتر لەسەر گەڕانەوە بۆ بیرۆکەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتیی لەلایەن پارتییەکانەوە ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها ئەمەش باس کراوە کە پارتییەکان لە نازناوی شاهەنشای ئێران/Shahanshah Eran (یان شاهەنشای ئاریایی/Shahanshah Aryan)، شای شاکانی ئێران کەڵکیان وەردەگرت. ئەوانەی کە بڕوایان وابوو کە وەها نازناوێک لە سەردەمی پارتییەکاندا هەبوو بە هۆی خوێندنەوەی پڕ لە هەڵەی نووسراوەی سەر دێرهەمی دەسەڵاتی گۆتارزێسی دووەم (Gotarzes II) بە لاڕێدا چوون. لەڕاستیدا، ئەمە ساختەکارییەکی نابەجێی بیرۆکەی نازناوی ساسانیی شای شاکانی ئێران بوو، کە هیچ نموونەی پارتیی/ئەشکانی نییە.[89] بەمجۆرە، بەپێی ئەم ڕاڤەیە، ناکرێ پارتییەکان لە زاراوەی ئاریا وەکوو سەرچاوەی ئیران کەڵکیان وەرگرتبێت و هیچ بیرەوەرییەکیان لە ئەخەمەنەکان نەبووە تاکوو وەکوو بناخەیەک بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی وشیاریی ئێرانیی بەکاری بهێنن. بەوەشەوە، پێوەنددانی ئێرانیزم بە هەردووکی ئەخەمەنەکان و پارتییەکان لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە بە شێوەی بێ وێنە بە هۆی دەسکەوتە زمانەوانییەکانە، لەوێوە کە مێدو-پێرسییەنەکانی ئیمپراتووری ئەخەمەن وەکوو ئێرانییانی ڕۆژئاوا و پارتییەکان وەکوو ئێرانییانی ڕۆژهەڵات ڕەچاو کراون.[90]
لەم گریمانەوە بەردەوامی و گرێدراوێتی گریمانەیی ئاریاییەکان یان ئێرانییەکان لە یەکتر وەکوو بناخەیەک بۆ پاراستنی هەبوویەکی/قەوارەیەکی نەتەوەیی جیاواز وێنا کرا. بە ڕەچاوکردنی نەبوونی بەڵگە و ئەوەی تەنیا باس کراوە، ئێمە دەبێت بە گومان بین لەسەر گەڵاڵە خەیاڵیی و وێژەرییانەکانی هەندێ ڕۆژهەڵاتناسی دیار لەسەر ئەوەی کە پارتییەکان ئێرانیزمی ئەخەمەنییان گەڕاندووەتەوە، کە خۆی پرسێکی جێی پرسیارە.
رێگە بدەن کە ئێستا بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان، کە لەو کاتەدا زاراوەی ئیران/Iran، ئێران/Eran، یان ئیرانشەهر/Iranshahr بە شێوەیەک یان شێوەیەکی تر وەرگیرا. گەرچی پێشتر لەسەر ڕێخەی زاراوەکە لە بەردەنووسەکانی وەرگێڕدراو لەلایەن دوساسی لە دواییەکانی سەدەی هەژدەدا باسمان کردووە، بەڵام هێشتا پێویستمانە ناکۆکییەکان لە وەرگرتنی ئێران بۆ مەبەستە جوگرافیایی، سیاسی، و ئێتنیکییەکان کە پێوەنددراوە بە ساسانییەکانەوە ڕوون بکەینەوە.
زاراوەی ئێران شێوەیەکی گەشەسەندووی ئاریا لە واتایەکی ئێتنیکیدا نەبوو؛ هەروەها کە وەکوو ئێران و ئەنێران لە وێژەی ساسانیدا دەردەکەوێت، جەختەکە زیاتر لەسەر لایەنە بانگەشەییە سیاسییە زەردەشتییەکەی بوو. لە وەها سەرچاوە و بنەچەیەکەوە، پێوەنددانی ئێران بە نازناوی جوگرافیایی یان بە یەک ئێتنیکەوە، بەوجۆرەی کە دوساسی و توێژەرانی دواتر پێشنیاریان کرد، ئاستەمە. بۆ نازناوە جوگرافیاییەکە ئێمە زاراوەیەکمان –ئیرانشهر یان ئێرانشهر– هەیە کە لە زۆر سەرچاوەی پاش-ساسانیدا دەردەکەوێت کە زۆر یان کەم هاوتایە لەگەڵ ئێرانی ئەوڕۆکەوە.[91] زاراوەکە بە ڕوونی پێکهاتووە لە ئێران و شار بە واتای پارێزگا یان خاک/سەرزەوی کە دیسانەوە ڕەنگە پێوەندیی بە هاندەرە ئایینی-سیاسییەکانی زەردەشتییەوە هەبێت. بە کۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکان لە نازناوە جوگرافیاییەکان و دەرکەوتنی بەردەوامی ئێرانشار و فارس لە جێی یەکتر لە سەرچاوەکانی پاش ساسانیدا، ئێمە دەتوانین ڕوونی بکەینەوە کە زاراوەکە بە تەواوی وەک هاوتای کۆمەڵێکی ئێتنیکی کە لەلایەن هەندێ ڕۆژهەڵاتناسی دیارەوە بە ئێرانیی وێناکرا، بەکارنەهێنراوە.
[1] Mostafa Vaziri, Iran as Imagined Nation, USA: Gorgias press, 2013.
[2] وەرگێڕ: جگە لە پارس و فارس، لە وەرگێڕانی دەقەکان لە زمانە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپییەوە بۆ سەر زمانی فارسی Persia یان پێرژە بە شێوەی جۆراوجۆر لەوانە پێرسیا، پێرژە وپێرشیا نووسراوە. هەر بەو شێوەیە Persian یان پێرژن، بە پێرسییەن، پێرژن و پێرشن نووسراوە. لێرەدا بۆ هاسانکاری تەنیا بە شێوەی ‘پێرسیا’ و ‘پێرسییەن’ دەنووسرێنەوە.
[3] وەرگێڕ: لە زمانی کوردیدا بێجگە لە نووسینەوەی وشەی ‘تێرم’ بۆخۆی، هاوتای ‘زاراوە’شیان بۆی بەکار هێناوە. گەرچی زاراوە لە کوردیدا لە جێی ‘شێوەزار’یش یان هاوتای dialect لە ئینگلیزیدا بەکار دەهێنرێت، لێرەدا و لێرە بەدوا بە جێی تێرم بەکار هێنراوە.
[4] Wilber, Iran Past and Present, p. 127.
[5] Malcolm, The History of Persia, I, p. 1.
[6] Ibid., p. 536.
[7] Malcolm, The History of Persia, I, p. 1; Browne, I, pp. 4-5; George Rawinson, The Seventh Great Oriental Monarchy, pp. 16-17, 572.
[8] Barthold, A Historical Geography of Iran, p. 148;
هەروەها ببینن:
Andrew Boyle, “The Evolution of Iran as a National State,” p. 327; Browne, I, p. 4.
[9] مستوفی، نزهه القلوب، ص. ١٣٥.
[10] Tavernier, Voyages en Perse, p. 22;
هەروەها ببینن:
Chardin, Travels in Persia, II, p. 4.
[11] De Sacy, Mémoires sur Diverses Antiquités de la Perse, pp. 1-270.
[12] Malcolm, I, p. 1; Flandin, Voyages en Perse, II, p. 407;
هەروەها ببینن:
Tavernier, p. 22; A. H. Sayce, The Ancient Empires of the East, p. 234; Chardin, II, pp. 4-5.
[13] Malcolm, I, p. 1.
[14]وەرگێڕ: دەکرێ بوترێت کە لە کوردیدا زاراوەی ‘نەتەوە’ بۆ هەردووکی ethnic و nation بەکار هێنراوە. هەروەک چۆن ‘ئێتنیک’ زۆربەی کات بناخەی ‘نەیشن’ی مۆدێڕنیش بووە (بۆیە ئێستاکە هەوڵ دەدرێت nationality و citizenship ‘نەتەوایەتی و هاووڵاتیبوون’ چیتر لە جێی یەکتر بەکار نەهێنرێن)، لە کوردیشدا نەتەوە وەکوو زاراوەیەکی پێش-مۆدێڕن لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا بەڵام بە واتایەکی بەرینتر بەکار هێنراوەتەوە، بەپێچەوانەی زمانەکانی تر لەوانە فارسی کە وشەی لە عەرەبییەوە بۆ قەرز کردووە. لە فارسی و عەرەبیدا لە ‘قوم’ و ‘ملت/امت’ کەڵک وەرگیراوە و لێکتر جیا کراونەتەوە. هەر لەو کاتەشدا کە لە فارسیدا ‘قوم’ بە واتای ‘خزم’ بەکار هاتووە بۆ ethnic و ethnicity لە ‘قوم’ و ‘قومیت’ کەڵک وەرگیراوە. دیارە فارسەکان بۆ دابەزاندن و بە کەم پیشاندانی نەتەوەکانی تریش لە ئێراندا لە ‘قوم’ کەڵک وەردەگرن. بەم پێیە دەکرێ لە کوردیشدا لە پەنای واتا ئاسایییەکانیاندا ‘خزم’ و ‘خزمایەتی’ لە واتایەکی بەرینتردا بۆ ئەو دوو چەمکە بەکار بهێنرێن. لێرەدا بۆ هاسانکاری لە جیاکردنەوەی چەمکەکاندا وێرای بەکارهێنانی خودی ‘ئێتنیک’ لەوانەش کەڵک وەرگیراوە. ‘نەتەوە’ و ‘نەتەوایەتی’ش بۆ ‘nation’ و ‘nationality’ بەکار هێنراون.
[15] Voyages de Pietro della Valle, II, pp. 386-409, 323-325.
[16] Ibid., p. 387.
[17] Krusinski, History of the Late Revolutions of Persia, pp. 120-121.
[18] Flandin, I pp. 117-119; II, p. 409.
[19] Lazard, “The Rise of the New Persian Language,” 4, p. 595.
یەکەم هۆنراوەی فارسی لە مەرڤ (‘مرو’) [ئێستاکە شار و پارێزگایەکە لە وڵاتی تورکمەنستان] لە ٨٠٩ دا نووسرا؛ هەروەها ببینن:
Darmesteter, Les Origins de la Poesie Persane, pp. 3-4.
[20] Browne, I, p. 82.
[21] Said, p. 5.
[22] بۆ فێربوونی زیاتر لەسەر ئەو سەردەمە، قوتابخانە، و بیرۆکەکانی دوساسی ببینن:
Said, pp. 123; Bernal, p. 234.
[23] ئەو سەرچاوانەی خوارەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە دوساسی یەکەم کەس بووە کە نهینی بەردەنووسەکانی ساسانییەکانی دەرخستووە و شیکردووەتەوە:
Gignoux, “Middle Persian Inscription,” p. 1206; Browne, I, p. 59; MacDonald Kinneir, A Geographical Memoir of the Persian Empire, pp. 136-137, and Masse, “Les Sassanides,” p. 121.
[24] پێدرۆ تێکسیرا (Pedro Texeira) لە ناوەڕاستی دەیەی ١٦٠٠ پێشتر ئەم دەسپێشخەریەی کردبوو بۆ وەرگێڕانی بەشێک لە بەرهەمەکەی میرخواند لەسەر پاشایانی پێرسیا (فارس)؛ پەرتووکەکەی ببینن:
Voyages de Texeira ou l’Histoire des Rois de Perse (Paris, 1681).
[25] De Sacy, Mémoires sur Diverses Antiquités de la Perse, pp. 38, 47, 52, 88, 89, 101, 102, 110, 111, 247.
[26] Ibid. See also pp. 183, 185-186; see also Sadik Isfahani, A Critical Essay on Various Manuscript Works, Arabic and Persian, pp. 6-7.
وەرگێڕ: جێی ئاماژەیە کە بەپێی شوێن، ڕەچەڵەک و زمانی ساسانییەکان وشەی ‘ئێران’ زیاتر وێدەچێت کە وشەیەکی کوردی کۆن بێت نەک فارسی. هەروەها کە لە بنەڕەتدا ērān/ئێران و anērān/ئەنێران بووە. کەچی فارسەکان گۆڕیویانە بە ئیران/ایران و ئەنیران/انیران. ڕەنگە دەربڕینی وشەکە لە کوردیدا لە شێوەدەربڕینی کۆنی ئەوە نزیکتر بێت. بەداخەوە، ئەو تاقمە لە ڕۆژهەڵاتناسان بە هۆی نەزانینی زمانی کوردی، ئەوەیان ڕەچاو نەکردووە.
[27] Dubeux, “Lettre à M. le rédacteur du journal asiatique, sur un article de M. Eugène Boré relative aux inscription Pehlvies de Kermânchâh traduites par M. Silvestre de Sacy,” pp. 53, 57-58.
[28] Ibid., p. 58.
[29] وەرگێڕ: لێرەشدا ڕۆژهەڵاتناسەکان لایەنگرانە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ئیمپراتوورییە کۆنەکان گرێ دەدەن بە نەتەوەی باندەست لە سەردەمی مۆدێڕندا. گەرچی هەروەک پێشتر ئاماژە کرا، بەشێک لەم هەڵەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئاگادارنەبوون لەسەر کورد و زمانی کوردی تاکوو بزانن کە پێوەندیی زمانیی و ڕەچەڵەکیی و جوگرافیایی کورد بەو دەسەڵاتانەوە نزیکترە تاکوو فارس، بێ هۆیەکی پتەو پێرسییەن یان پارس گرێ دەدەن بە فارسەوە. لەکاتێکدا ناکرێ بە دڵنیاییەوە بوترێت کە وشەی پارس لای یۆنانییەکان یان ناوی ناوچەیەکی بچووک کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی بە ئێستاشەوە نافارسن، هەر ئەو فارسەی سەردەمی مۆدێڕنە. دەکرێ بوێژرێت کە هەم مێدەکان، هەم ئەخەمەنەکان و هەم ساسانییەکان لەو کۆمەڵە خەڵکە سەرەتاییانە بوون کە ڕەنگە زیاتر لە کۆمەڵە خەڵکەکانی تر، ڕەچەڵەکی کورد بگاتەوە پێیان. تەنانەت خەڵکی بەشی سەرەکی ئەو ئیمپراتوورییانە تاکوو ئەو ناوچە بچووکەی بە ناو پارس، لە باری زمانیی و ڕەچەڵەکەوە نزیک بوون لەو گروپانەی کە وەک باپیرانی کورد دێنە ئەژمێر بە جۆرێ کە بێجگە گێڕانەوەی باو کە ناوی بنەماڵە و دەسەڵاتەکە گرێ دەدات بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە، لە پەنای ئەگەر و گریمانەکانی تردا ئەو ئەگەرەش هەیە کە ئەخەمەن یان ئاخەمەن کە لە فارسیدا هێخامەن/هێخامەنشی پێ دەڵێن، لە وشەی ‘ئاخ’ی کوردی کە بە واتای خاکە هاتبێت. هەروەها کە لەم پەرتووکەشدا ئاماژەی پێ کراوە ئەخەمەنەکان زۆرتریش بە زمانی عیلامی نووسیویانە بۆیە دەکرێ ئەوانیش درێژەی ئەو کۆمەڵە خەڵک و شارستانییەتە کۆنانە بن کە نەتەوەکانی تر بریتی لە کورد دەگەنەوە پێیان. هەروەها سەبارەت بە ساسانییەکان، بێجگە گێڕانەوەی باو، ئەو ئەگەرەش هەیە کە خودی ناوی ساسان لە “سان سان” بە واتای خانی خانان یان شای شاکان وەرگیرابێت کە تا ئەم دواییانەش لە ناوچەی هەورامانی کوردستان سانەکان هەبوون. نووسراوەکانی ئەو سەردەمەش ڕەنگە لە زمانی کوردی زاراوەکانی هەورامی، لوڕی، کەلهوڕی، لەکی و فەیلی (ڕەنگە گۆڕدراوی فەهلی و پەهلەوی) نزیکتر بن کە باپیرانیان لەو ناوچەدا ژیاون. لەڕاستیدا لەو سەردەمەدا فارس و زمانی فارسی لە زۆربەی ئەو ناوچانەی ناوەندی دەسەڵاتی ساسانییەکاندا نەبوون. هەروەها کە لەم پەرتووکەشدا نووسەر ئاماژەی پێ کردووە (ل. ٨٧) بەپێی سەرچاوەکانی سەردەمی ئیسلامیش ناوی فارس/فورس لە عەرەبییەوە بە واتای ئەسپ سوار و خەڵکانی سوارچاک هاتووە، و پێوەندیی بە نەتەوە و زمانێکی تایبەتەوە نەبووە. دواتریش زمانی فارسی لە ناوچەی سەرەوەی خوراسان و خوارەزمەوە پەلی کێشا بەرەو خوار و ئێستاش ئەو ناوچانە هەر لە ناوەندە سەرەکییەکانی زمانی فارسین.
[30] Ibid., pp. 61-63.
[31] Malcolm, The history of Persia, I, p. 548;
هەروەها ببینن:
Dubeux, pp. 40-41 (notes); de Sacy, pp. 184-185.
[32] de Sacy, pp. 184 (یاداشتەکان), 422.
(پشتوێنی کۆستی [پەتی ئایین] کە پیاوانی ئێران دەیانبەستەوە ڕەنگە هاوتەریبێکی هێندوویی بەنی پیرۆزی بووبێت کە خەڵکی کاستی برەهمنی هێندستان دەیانبەستەوە.)
[33] Puech, “La situation Religieuse dans l’Iran Occidental à l’avènement des Sassanides,” Le Civilisation Iranienne, pp. 123-128.
[34] Biruni, Chronology of Ancient Nations, p. 215; see also de Sacy, p. 185.
[35] de Sacy, p. 185.
[36] de Sacy, p. 183.
[37] Gnoli, The Idea of Iran, pp. 139, 162, 166.
[38] See Bosworth, The Ghaznavids: Their Empire in Afghanistan and Eastern Iran, pp. 205-206.
[39] Ibid.
[40] ياقوت الحموي، ص. ١٢٨؛
W. Barthold, p. 75.
[41] Frye, The Golden Age of Persia, p. 14; Frye, “The Political History of Iran under Sasanians,” p. 121.
[42] فرهنگ فارسی، xxvii-xxviii؛ هەروەها ببینن: صفا، تاریخ علوم و ادبیات ایرانی، ص. ١٢١.
[43] Barthold, p. 75.
[44] Ibid., pp. 230-231.
[45] ابن اسفندیار، تاریخ طبرستان، ص. ٤١؛ ابن رسته، الاعلاق النفيسة، ص. ١٧٨؛ هەروەها ببینن: ابوالقاسمی، گیلان از آغاز تا انقلاب مشروطه، صص. ٣٢، ٣٤، ٣٩.
[46] ابوالقاسمی، ص. ١١٢. (هەندێک نیشان دەدەن کە تەبەرستان لە سەردەمی سەفەویدا خرایە سەر سەرزەوییە سەرەکییەکە.)
[47] ببینن: مستوفی، نزهه القلوب، ص. ٢٩؛ اصطخری، مسالک و ممالک، صص. ٨٦، ١٢٢؛ هەروەها ببینن: بیرونی، ص. ١٢٢.
[48] مستوفی، نزهه القلوب، ص. ٢٠.
[49] ببینن:
Rawlinson, pp. 24-27؛ Frye, The Golden Age, pp. 7-26;
هەروەها ببینن:
Christensen, L’Iran Sous les Sassanides.
[50] Rahimi-Laridjani, Die Entwicklung der Bewässerungslandwirtschaft in Iran bis in sasanidisch- frühislamische Zeit, p. 23.
[51] Pictet, p. 39.
[52] Sayce, p. 234.
[53] Gnoli, pp. 1-10.
[54] Contenau, “L’archéologie de la Perse des origines a l’époque dÁlexandre,” Société des Études Iraniennes, p. 3; Kinneir, p. 2;
بیرونی، ص. ١١٠، ئاماژە بە ئیلان (Elan) دەکات لە جێی ئیلام (Elam).
[55] Rawlinson, pp. 1-29; Barthold, p. 4; Ghrishman, L’Iran et la migration des Indo-Aryen et des Iranien, pp. 45-77; Olmstead, History of thePersian Empire, pp. 16-24.
[56] Schmitt, “Aryans,” Encyslopedia Iranica, p. 684.
[57] ببینن: Malcolm, I, pp. 479-480. گۆبینۆ (Gobineau) لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا مێدەکان وەکوو ئاریایییە بانترەکان ڕەچاو دەکات کە هاتن و خۆیان تێکەڵ کرد لەگەڵ جەماوەری مێزۆپۆتامیا، شوێنێ کە بانترێتی یان سەروەرێتی سەرەتاییی خۆیان دۆڕاند؛ ببینن: Boisset, pp. 202-203.
[58] Gafurov, “The Study of Aryan Problems in USSR,” pp. 15-17;
هەروەها ببینن: Schmitt, pp. 684-685.
[59] وەرگێڕ: هەڵبەت دیارە چی تر بەپێی ئاماژەکانی خودی ئەم پەرتووکە و هەروەها توێژینەوەکانی تر، بەکارهێنانی پێرسییەنی کۆن بە واتای زمانی “فارسی کۆن” لەو پێوەندییەدا و بۆ ئەو سەردەمانە بەجێ نییە. زمانی ئاڤێستایی، خۆی زمانێکی جیاوازی لەنێوچووە و ئاڤێستا تەنیا بەجێماوی ئەو زمانەیە.
[60] See Browne, I, p. 34.
[61] Burrow, “The Proto-IndoAryans,” pp. 123-124.
[62] Spiegel, Erânische Alterthumskunde, II, 246 quoted by Browne, I, p. 20.
[63] Burrow, pp. 136-140;
هەروەها ببینن: G. Gnoli, pp. 62-64; Schmitt, p. 685.
[64] Bailey, “Arya,” Encyclopedia Iranica, II, p. 682; Gnoli, pp. 8, 30, 32-35.
[65] Gnoli, pp. 8, 13, 18, 29-31.
[66] Ibid., p. 50; Duchsne-Guillemin, Zoroastrianism: Symbols and Values, p. 5;
هەروەها ببینن:
Lars-Ivar Ringbom, “The Seven Keshvars of the Earth,” p. 15.
[67] Burrow, pp. 136-140; Gnoli, pp. 62-64.
[68] Gnoli, p. 8.
وەرگێڕ: جێی ئاماژەیە کە هەبوونی نەتەوەی عەرەب لە ویلایەتی عەرەبستان (پارێزگای خووزستانی ئێستا) وەکوو خەڵکی خۆجێیی ناوچەکە دەتوانێت بەڵگە بێت لەسەر ئەو باسە. دیارە ئێستا زۆرێک لە ناوچەکە لەلایەن نەتەوەی فارسەوە بە زۆر پێکهاتەکەی گۆڕدراوە بەڵام لە ڕابردوودا ئەو ناوچە لە خوارەوە عەرەب بوون و لە سەرەوە کورد بوون و فارسەکانیش ئەگەر هەبووبێتن لە ناوچە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەواندا بوون.
[69] Gnoli, pp. 8-11.
[70] Ibid., p. 30
[71] Klima, “The Official Name of the Pre-Islamic State,” pp. 144-146.
[72] Gnoli, pp. 16-17, 22-23.
[73] Dandamaev, “La Politique Religieuse des Achaemenides,” pp. 193-200; Duchesne-Guillemin, “Le dieu de Cyrus,” pp. 11-21.
[74] Benveniste, “Les Langues de l’Iran Ancien,” p. 37.
[75] وەرگێڕ: وەک پێشتریش ئاماژە کرا، کاتێک سەلماندنی پێوەندیی نێوان زمانە کۆن و نوێیەکان ئاستەمە و فارسی زمانێکی نوێترە، بەکارهێنانی پاشگری کۆن بۆ پێرسییەن دەکرێ هەڵە بێت. کوردی و ئەو زمانە کۆنانە لە یەکتر نزیکترن تاکوو فارسی. بەتەنیا هەبوونی ناوی شوێن یان هۆزێک وەک “پارس” ناتوانێت پاساوێک بێت بۆ گرێدانی زمانێکی دێرین بە یەک زمانی نوێیەوە.
[76] Ghirshman, L’Iran des origines à l’Islam, pp. 158-159.
[77] Sayce, p. 240;
هەروەها ببینن:
Browne, I, p. 55.
[78] Ibid., pp. 235, 240, 270-273;
هەروەها ببینن:
Malcolm, I, pp. 479-480; Oppert, “le Peuple et la Langue des Medes,” II, pp. 10-15; Browne, I, pp. 23-24, 36, 60.
[79] ئەمە نیشانەیەکە لە نەبوونی ئاگایی مێژوویی خەڵکی ڕابردوو کە تەنیا لەم دواییانەدا لە خەو هەڵسێنراون بۆ شکۆ و گەشەی پێش ئیسلام و مێژووییان لە بەستێنێکی نەتەوەییدا.
[80] Barthold, pp. 149-150.
[81] Greenfield, “Iranian or Semitic,” pp. 311-316.
[82] Gnoli, p. 26-27, 175-177.
[83] Contenau, “Status Èlemites d’époque Parthe,” p. 231; Grousset, “L’âme de l’Iran et l’humanism,” pp. 35-36.
[84] Gnoli, p. 103.
[85] Ibid., pp. 113, 116.
[86] D’iakonov, Ashkanian, pp. 122-123.
[87] Biruni, p. 17;
ح. مستوفی، تاریخ گزیده، ص. ٩٧؛ هەروەها ببینن: حمزه اصفهانی، تاریخ سنی ملوک الارض والانبیاء، ص. ٤٤؛
Christensen, p. 34.
[88] Yarshater, “Iranian National History,” pp. 359-366;
هەروەها ببینن:
Frye, “The Political History of Iran Under Sasanian,” p. 116; Christensen, p. 79.
[89] Gnoli, pp. 120, 129-130.
[90] Ghirshman, L’Iran et la migration des Indo-Aryens, pp. 45-46.
[91] تاریخ سیستان، صص. ٢٣-٢٤ (رۆژئاوای فەلاتی ئێران وەکوو ئێرانشار ڕەچاو دەکات)؛ گنۆلی، صص ١٣٧، ١٥٧ بە وتەهێنانەوە لە نامەی تەنسەر (Letter of Tansar) ئاماژە دەکات کە ئێرانشار نازناوێک بوو بۆ هەردووکی ڕۆژئاوای خودی ئێران و فارس.