ئەده‌بیات و خه‌ونی ئەمریکایی
بەپێچەوانەی سیاسەتی زاڵی ئەمریکایی و سینەمای هالیوود، ئەده‌بیاتی ئەمریکا بەردەوام ڕەخنهگری ئایدیای «خەونی ئەمریکایی» بووه، خه‌ونێک کە ده‌ڵێ بۆ هەمووان ده‌رفه‌تی سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌ربوون هه‌یه و هه‌رکه‌س له هه‌ر بنه‌ماڵە و چینێک بێت ده‌توانێ بگات به خه‌ون و ئاواته‌کانی. له‌ملاوه ئەده‌بیات به “گومان”، “ڕەخنه” و “دژایه‌تیی ڕاسته‌وخۆ”وه دەڵێ وا نییه.
له سه‌رده‌می زێڕینی ئەده‌بیاتی ئامریکاوه، هه‌ر له چیرۆکی “من ده‌به‌نگم“ و “هێلکە“ی شێروود ئەندێرسۆنهوه گومان له سه‌رگرتنی ئەم خه‌ونه ده‌کرێت. که‌سایه‌تیی گۆڕانخواز و ساده‌ی چیرۆکی ئەندێرسۆن به‌ره‌به‌ره تێده‌گات خه‌ونه‌که سەرتره لە ئیراده‌ی ئەو، ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به ئاواتی ساده‌یش دژوار و ئەسته‌مه، وه‌ک ئەوەی هێلکەیهک به ساغی بخرێتە ناو بوتری (بوتله)وه.
فیتزجراڵد له ڕۆمانی “گەتسبیی مه‌زن”دا نیشانی دا هه‌ڵکشان و جێگۆڕکێی چینایه‌تی (راسته له “من ده‌به‌نگم“دا سه‌ری نه‌گرت) ئەگەر به به‌خت و شانسیش وه‌ک نموونه‌ی گهتسبی سەربگرێت ئەنجامهکهی تراژیکه، ده‌ڵێ له ئەنجامی به‌ریه‌ککه‌وتنی چینی باڵای واقعییه‌تی ئەمریکایی له‌گه‌ڵ توێژی “تازەپێگەیشتوو”ی به‌رهه‌می خهونەکە، ئەزقه‌زا تازه پیاکه‌وتوو باشتر دهکێشرێتە خوارەوە و ناکام ده‌یێت.
به‌رهه‌مه‌کانی ویلیا‌م فاکنێر و درامهکانی تێنێسی ویلیامز نیشانیان دا بنه‌ماڵە ئەو شوێنە پشتیوان و خاوێن و هێمنه نییه وا له خه‌ونی ئه‌مریکاییدا به‌رده‌وام پشتیوانی و به‌رگری له بایه‌خ و به‌هاکانی ده‌کرێت. به پێچەوانه‌وه بنه‌ماڵە وه‌های پێکراوە نه‌ک هه‌ر پیرۆز نییه به‌ڵکوو هەم خۆی کێشەی تازه به‌رهه‌م ده‌هێنێت هەم کێشە کۆن و نووستووه‌کان بۆ ئەندامانی ده‌گوازێته‌وه. فاکنێر له ڕۆمانگه‌لی “هه‌را و تووره‌یی” و “گۆڕ به گۆڕ“دا هەڵوەشاندنهوه و لێکترازانی بنه‌ماڵە و به‌هاکانی، به هۆی باری قورس (تابووتی ناو گۆڕ به‌گۆڕ) و دژوازییە ناوخۆیییەکان و که‌وتنه داوی خه‌ونی به‌خته‌وەریی نزیک و له‌به‌رده‌ست نیشان ده‌دات.
تێنێسی ویلیامز له شانۆنامه‌ی “تراموایه‌ک به‌ناوی مه‌یل“ و “باخچه‌ی ئاژەڵانی شووشه‌یی“ ده‌ریده‌خات مه‌ترسیی ناو بنه‌ماڵە که‌متر نییه له مه‌ترسییه‌کانی ده‌ره‌وه. ئەو خه‌ونه‌ش ئەوەنده قورسایی ده‌کات به سه‌ر شانی که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه که مالیخولیا ده‌بێتە یەکێک لە ئەنجامهکانی، بۆیە یان سەری خۆیان هه‌ڵده‌گرن وه‌ک پیاوه‌کانی ناو باخچه‌ی ئاژەڵان یاخۆ تووشی داڕمان و داوه‌شان ده‌بن، وه‌ک زۆربه‌ی ژنه‌کان.
ئارتوور میله‌ر نه‌ک هه‌ر قورسایی، به‌ڵکوو مه‌ترسیداربوونی خه‌ونه‌که ده‌رده‌خات. له “مه‌رگی فرۆشیار“دا نیشان ده‌دا چۆن «کار» نامۆ بووه‌ته‌وه و فرۆشیارێک بە ته‌مه‌نیک کارکردن، نەک به‌خته‌وه‌ری و ڕزگاری، به‌ڵکوو ناتوانێ نیازی ئاسایی خۆی و بنهماڵەی دابین بکات.
دژایه‌تیی “به‌ره‌ی بیت“ له‌گه‌ڵ خه‌ونی ئامریکایی ئاشکراتر له‌وه‌یه بۆ مسداق و نموونه بگه‌ڕێین. ئالێن گینزبرگ شیعری “لووره“ به زمان و ڕسته‌ی قامچیئاساوە ده‌کاته شینگێڕییه‌کی هیستریک و تووڕە له ده‌ست سیسته‌م و به‌ها بهتاڵەکانی خه‌ونی ئامریکایی. ئەو ئاگایییه ناشاده وا ده‌کات کۆی نووسه‌رانی “بیت” له به‌ر هوروژمی واقیع و خه‌ونی ئامریکایی، په‌نا بۆ عیرفانی روژهه‌ڵاتی و ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌رن.
ڕەنگه له ڕواڵەتدا ئەدەبیاتی پوست مۆدێرنی ئەمریکایی، کایهباز و سه‌ر و دڵخۆش ده‌ربکه‌وێت. به‌ڵام بهکسهر وا نییه، به‌ڵکوو به ته‌وس و ئایرۆنی و گاڵتەپێکردن و شکاندنی نه‌زم و ڕێساکان… هه‌ڵە و کاولکارییه‌کانی داوه‌ته به‌ر ڕەخنه و لانی مرۆڤی بێ ده‌ره‌تانی چۆڵ نه‌کردووه. که‌سانی وه‌ک کورت ڤونێ گات، ریچارد براتیگان، تامس پینچۆن و دان دەلیلۆ و… نه ته‌نیا هیچ ئومێدێکیان بە وەدیهاتنی خەونی ئەمریکایی نییە، به‌ڵکوو به سووک و چرووکی ده‌بینن، ده‌زانن ئیتر خه‌ون نا، ئامرازێکە به‌ده‌ست سه‌رکرده سیاسی و ئابوورییه‌کانه‌وه بۆ خافڵاندن و سه‌رقاڵکردن. دان ده‌لیلۆ له شاکاری “نۆیزی سپی“دا نیشان ده‌دا، بنهماڵەی به رواڵەت به‌خته‌وه‌ری “بابێت” و “جه‌ک” که ئێسته ژن و مێردن، هه‌رکامیان سێ چوار جیابوونه‌وه و شکستیان له پشته و تازه زانیویانه ڕەوتی ژیانیان لە ده‌ستی خۆیاندا نه‌بووه و نییه. ده‌لیلۆ ده‌ریده‌خات خه‌ونی نوێی ئامریکایی، ئەوەنده نه‌زۆک و پووچه‌ڵه به‌ناچار لە ڕێگەی میدیا و سه‌رگه‌رمی و مهسرهفگهرایییەوە ژیانی که‌سه‌کان کۆنتروڵ ده‌کات و مخابن باشیش کردوویه‌تی.
به هه‌ر حاڵ ململانێی ئەو ئایدیایه و دژایه‌تیی ئەده‌بیات له‌گه‌ڵیدا، دوور و درێژتر له‌م چه‌ند ناوه‌یه، ئەمه بمێنێ که نووسه‌رانی وه‌ک نورمهن میله‌ر، سه‌لینجه‌ر و ئێدوارد ئالبی راسته‌وخۆ په‌رژاونه‌ته سه‌ر به‌تاڵی و تاڵییەکانی ئەو ئایدیایه.