سندوقی پۆستە

لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان

 ڕۆژانە، دوو جار سندوقی پۆستەکەم دەکەمەوە. کاتژمێر ١١ی بەیانی لەگەڵ ٥ی ئێوارە. بە گشتی پۆستەچی لەوە زووتر دێت، بەیانیان لە نێوان ٩ بۆ ١١، ئێوارانیش کاتژمێر ٤، ئەو لەسەر وەخت ئامادە دەبێت.

   بەردەوام تاوەکوو دەتوانم خۆم دوا دەخەم بۆ پشکنینی، بۆ ئەوەی دڵنیا بم پۆستەچی هاتووە، چونکە سندوقی بەتاڵ هیوایەکی درۆییەنەم پێدەبەخشێ، بە خۆم دەڵێم: (ڕەنگە هێشتا نەهاتبێت!)، ناچار دەبم دووبارە بچمە خوارەوە و سندوقەکە بپشکنم.

 هەرگیز سندوقێکی پۆستەی بەتاڵتان کردووەتەوە؟

  بێگومان. هەمووان ئەوەیان کردووە. بەڵام ئاسایییە بەلاتانەوە. وەکوویەکە بۆ ئێوە ئەگەر بەتاڵ بێت یاخود شتێکی تێدا بێت. نامەیەک لە خەسووتانەوە، یان بانگهێشتنامەی کردنەوەی پێشانگایەک، یان پۆستکارتێک لە هاوڕێیکەوە کە لە گەشت بێت.

  بەڵام من خەسووم نییە، ناتوانرێت هەمبێت، چونکە هێشتا هاوسەرگیریم نەکردووە.

  دایک و باوکیشم نییە، هیچ خوشک و برایەکیش.

  هەرچۆنێک بێت لەوە دڵنیا نیم.

  لە خانەی بێسەرپەرشتیاران لەدایک بووم، بێگومان لەوێ لەدایک نەبووم، بەڵام لەوێ چاوم کردەوە و هەستم بە بوونی خۆم کرد.

  لە سەرەتادا، ئاسایی بوو بەلامەوە. وام دەزانی ئەمەیە ژیان؛ چەند منداڵێکی هاوتەمەن. بە هەمان توندڕەوی، چەند کەسێکیش بۆ ئەوەی لە هەرزەکارانمان بپارێزن. نەمدازانی لە شوێنی تر منداڵ هەیە، لەگەڵ دایک و باوک، خوشک و برا دەژین؛ بە خێزان ناو دەبرێن.

  دواتر ئەو منداڵانەم بینی، کە سەر بە جیهانەکەی ترن. جیهانی ئەو منداڵانەی دایک و باوک و خوشک و برایان هەیە.

  ئەوکات باوکی خۆمم دەهێنایە پیش چاوم، بێگومان باوک و دایکم هەیە، منداڵان لە کەلەرمدا لەدایک نابن، خوشک و براشم هەیە، یان تەنانەت یان خوشکیک یان برایەک.

  ئومێدەکانم خستە سندوقی نامەکانەوە.

  چاوەڕێی پەرجوویەکم دەکرد، نامەیەک وەک: (جاک، دواجار تۆم دۆزییەوە. من فرانسوای براتم).

  بێگومان پێم باشتر دەبوو گەر وابووایە:

  (جاک، لە کۆتاییدا تۆم دۆزییەوە. من ئانا ماریایی خوشکتم.)

  بەڵام نە فرانسوا و نە ئانا ماریا منیانیان نەدۆزییەوە.

  منیش ئەوانم نەدۆزییەوە!

 ڕەنگە بە نامەیەک لە دایکم یان باوکم قایل ببم. پێم وایە هێشتا لە ژیاندا بن، چونکە من هێشتا گەنجم. ئەگەر تەنها یەکێکیان بۆم بنووسێت.

  لە دایکمەوە:

  (جاکی ئازیز، ئاگاداربووم تۆ لە باشترین حاڵدایت. پێم خۆشە گەیشتوویت بەوەی کە هەیت. من، هێشتا وەک ئەو کاتەم کە تۆم بوو، نووقمی هەژاری و بەدبەختیم. بەڵام دڵخۆشم بەوەی تۆ گەیشتوویت بە ژیانی خۆشگوزەرانیت. ئەگەر بەجێم هێشتبێتیت، یان وەک پێویست گرنگیم پێ نەداویت، بەهۆی باوکتەوە بوو، لەو بارودۆخە خراپەدا دەستبەردارمان بوو، سەرەڕای ئەوەی پڕ بە دڵ ئارزووی ئەوەم دەکرد تاهەتا تۆ بنێم بە سنگمەوە.

   ئەمڕۆ من پیرەژنێکم، گەر دەتوانێت کەمێک پارەم بۆ بنێریت، چونکە من دایکی تۆم، بەم تەمەنەشمەوە لە بارێکی خراپدام، کەس نامخاتە سەر کار. دایکت کە خۆشی دەوێیت، بەردەوام بیری لاتە.)

  لە باوکمەوە:

  (کوڕی ئازیزم، بەردەوام ئارەزووی ئەوەم کردووە کوڕێکم هەبێت، سەربەرزم پێت، چۆن گەیشتووی بە شوێنێکی گرنگ. نازانم چۆن گەیشتووی بەمە، لە بەرامبەردا من هیچ شتێکم لە ژیانی خۆمدا بەدی نەهێنا، وەک ئەوەی سزای کاری زۆرملێیم بەسەردا درابێت.

  کاتێک دایکت دووگیانبوونی بە تۆ پێ ڕاگەیاندم. بە بەلەمێک ڕۆیشتم. لە بەندەر و باڕەکان دەژیام، سەرەهەرز بووم، بیرم لەوە نەدەکردەوە کە لە شوێنێک ژن و منداڵم هەیە، بەڵام لە توانامدا نەبوو لەگەڵتان بمێنمەوە، بەهۆی ئەو پارە کەمەی بە دەستم دەهێنا و بە خواردنەوە لە دەستم دەدا، بۆ ئەوەی ئەو خەمە لەبیر بکەم هەرکاتێک بیرم لە ئێوە دەکردەوە. ئەمڕۆ خواردنەوە و خەمخواردن کۆتایییان پێ هێنام. لەسەر کەشتییەکانیش وەرمناگرنەوە. وردە ئیشی سەر بەندەرەکان دەکەم، بەڵام کەم وەدەست دەخەم، من پیرم. ئەگەر دەتوانیت، بە ڕەچاوکردنی ئەم بارودۆخەم، کەمێک پارەم بۆ بنێریت، زۆر مەمنوون دەبم. باوکە بەسۆزەکەت.)

  ئەمە نموونەی ئەو نامانە بوون کە چاوەڕێم دەکردن. بە چ خۆشحاڵییەکەوە دەچووم بە هانایان و یارمەتیم دەدان.

  بەڵام هیچ شتێک، هیچ شتێک لەوانە لە سندوقی پۆستەی مندا نەبوون، هیچ شتێک، تاوەکوو ئەم بەیانییە.

   ئەم بەیانییە نامەیەکم پێ گەیشت. نامەیەک لە یەکێک لە گرنگترین بەڵێندەرەکانی شار، ناوێکی زۆر ناسراو. وامدەزانی نامەیەکی فەرمییە. نامەی ئیش. من دیزاینەری دیکۆرم.

  نامەکە بەم شێوەیە بوو:

   (کوڕم،

  تۆ تەنها هەڵەیەک بوویت لە گەنجێتی ئەنجامم دا، بەڵام بەرپرسیارییەتییەکەم هەڵگرت. بارودۆخێکی گونجاوم بۆ دایکت فەراهم کرد، دەیتوانی بەبێ ئەوەی هیچ ئیشێک بکات تۆ بەخێو بکات، بەڵام ئەو پارەکانی قۆڕەخ کرد، تۆشی لە هەتیوخانەیەک دانا، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانە ناشەرعییەکەی خۆی بدات. (دواتر زانیم کە دە ساڵ لەمەو پێش کۆچی کردووە).

  منیش، بەهۆی بارودۆخە هەستیارەکەمەوە، نەمتوانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاگام لێت بێت، چونکە خێزانێکی شەرعیم هەیە.

  بەڵام دەمەوێت ئەوە بزانیت هەرگیز لەبیرم نەکردوویت، بەردەوامیش بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ، ئاگام لێت بووە، (خەرجی خوێندنت، بەخششی خوێندنت لە هونەرەجوانەکان، لە ئەستۆی من بوون)

  دەبێت ددان بەودا بنێم کە تۆش چاک ڕەفتارت کرد، دەستخۆشیت لێ دەکەم. بێگومان ئەمەت لە منەوە بۆ ماوەتەوە، منیش وەکوو تۆ لە هیچەوە دەستم پێ کرد.

 بەداخەوە، جگە لە تۆ هیچ کوڕێکی ترم نییە. تەنها کچم هەیە، نەوەکانیشم بێکەڵکن.

  ئەمڕۆ لە پاییزی تەمەنمدا، بە پێشێلکردنی ڕێساکان، بڕیارم دا بەڕێوەبردنی کارەکانم بخەمە ئەستۆی تۆ، چونکە خۆم ماندووم و دەمەوێت پشوو بدەم.

  داواکارم بێیتە نوسینگەکەم، لەو ناونیشانەی سەرەوە، لە ٢/٥ی داهاتوودا، کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ.

   باوکت.)

   نامەکە واژوو کراوە.

  ئەمە ئەو نامەیەیە کە لە باوکمەوە بە دەستم گەیشت، دوای سی ساڵ لە چاوەڕوانی.

  ئەو دڵنیایە لەوەی لە ٢/٥ی داهاتوودا، کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ، بە خۆشحاڵییەوە، دەچمە نووسینگەکەی.

  دووی مانگی پێنج، واتە دە ڕۆژی تر.

  ئەمشەو من لە فڕۆکەخانەم، چاوەڕێی فڕۆکەیەکم بۆ هیند.

   بۆ هیند؟

   ڕەنگە شوێنێکی تر بێت، گرنگ ئەوەیە (باوکم) نەمدۆزێتەوە!

سەرچاوە:

سیان، اغوتا کریستوف، ترجمة محمد آيت حنا، منشورات الجمل، بیروت ٢٠٢٠.