خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “هۆتێل ئەورووپا” بەرهەمی دوکتور فەرهاد پیرباڵ

ڕۆمانی “هۆتێل ئەورووپا” بەرهەمی دوکتور فەرهاد پیرباڵ، بەرهەمێکی چڕ و پڕە کە لە دەوری سێ کارکتەردا دەخولێتەوە. بگێڕەوە واتە فەرهاد یان هەمان شێوەکارە کوردەکەی کە نیشتەجێی پاریسە و لە هۆتێلێک کار دەکا و جار جاریش لە ناو شاری پاریس خەریکی پۆرترێت کێشانەوەی تووریست و خەڵکانی ترە. کاراکتەری دووهەم مسیو لووسیانای ئاکادێمی جوولەکەی دەست‌ڕۆشتووی سێحەب هۆتێلە کە پەیوەندییەکی قووڵ و هاوڕێیانەی لەگەڵ فەرهاد هەیە کە کرێکاری خۆشیەتی. کاراکتەری سێهەم محەممەد حاجی‌زادە، ئاخوندێکی خەلعی لیباس کراوی ئێرانی کە ڕای کردووە و ئەویش بەبێ ئیقامە لە پاریس دەژیت و هاوڕێی فەرهادیشە. حاجی‌زادە و مووسیو لووسیانا بە شێوە زۆریش لە یەک دەچن. کۆی ئەو ڕۆمانە لە ناو سەربوردە و ڕووداوەکانی ژیانی ئەو سییانەدا تێپەڕ دەبێت کە کۆمەڵیک لەتە کاراکتەری تریشی بە پاڵ خۆوە هێناوەتە ئاراوە. کەسانی وەکوو ساقی گوڵچین و هاوسەرەکەی، روئیا خانمی سەڵتەنەتخواز کە هەرسێکیان ئێرانین و کۆمەڵیک کەسی تر. ئەو بەرهەمە خۆی دەچێتە خانەی ئەدەبیاتی مەنفاوە لێ تەنیا لەو ناوەدا قەتیس نەماوەتەوە و پەل و پۆی بۆ گەلێک بابەتی تر هاویشتووە. ڕووداوگەلێکی گرینگ کە لە دەرەوەی دەقدا باسی لێ دەکرێت. هەروەها بە کۆمەڵێک وردە زانیاریی مێژووییش تەیار کراوە. پردی پەیوەندیی جوولەکەیەکی دەست‌ڕۆشتووی ئاکادێمی بە ڕەگەز پۆرتەگالی لەگەڵ ئاخوندێکی شیعەی دوازدە ئیمامی فەرهادێکی کوردە، ئەو نیگارکێشەی لەبەر شەڕی ئێران و ئێراق ئاوارەی ئەورووپا بووە. ئەو شەڕەی کە محەممەدی حاجی زادەشی بە جۆرێک دەرپەڕاندبوویە دیاری غوربەت.

بڵاوکراوەی خانەی کولتوور-هەولێر چاپی سێیەمی ٢٠٢٠

هێڵی گێڕانەوەی ئەو بەرهەمە یەگجار وردبینانەیە و بگێڕەوە زەمانی ڕوودانی ڕووداوەکان لە دڕێژەی کتێبەکان بە شێوەیەکی وەستایانە پاش و پێش پێ دەکا. ڕووداوێک کە لە ڕابردوو ڕووی داوە دێتەوە سەر بەڕەی داهاتوویەک کە جارێ دیار نییە. کۆمەڵگەیەکی بچووکی لە کورد و فەڕەنسی”جوولەکە” و ئێرانی بۆ خوێنەر دروست دەکا و بیر و ڕوانگە و ئەندێشەیان دێنێتە ناو دووتوێی چیڕۆکێکی لێک‌تەندراو کە هەر کامە و بە جۆرێک کاریگەری لە سەر ژیانی ئەوی دی دادەنێ. چەقی ئەو بەرهەمە لە سەر چارەنووسی ئاخوندە ئێرانییەکە و جوولەکە سێحەب هۆتێلەکەیە کە هەتا زۆرتر لە کۆتاییی کتێبەکە نزیک دەبینەوە چارەنووسیان مالیخولیاتر دەبێتەوە. بگێڕەوە بە شێوەیەکی وردبینانە خوێنەر لە کۆتاییی بەرهەمەدا گێژ دەکا و ئەو دوو کاراکتەرەی بۆ لێک ناکرێنەوە. لە کۆتاییدا بگێڕەوە کارێک دەکا کە خوێنەر بە سەر دەیان چارەنووس و ئاکامدا باز دا و لە هیچ کامیشیان دڵنیا نەبێتەوە هەتا دەگاتە ڕستەی کۆتایی. بەرهەمێک کە کۆتایییەکی کراوەی هەیە و بە دەیان پرسیارەوە.

لە کەم ڕۆماندا دەبینین کاراکتەر و نیوەکاراکتەر ئاوەها بە ڕووداوی گەورە و وردە ڕووداوەوە لێک تەندرابێتەوە. هەر وەک چۆن کاراکتەری یەکەم لە جێیەکدا باس دەکا کە ناسینی کەسێک دەتوانێ زۆر دەرگات بۆ بکاتەوە. بێ زیاد و کەم، لەو بەرهەمەدا کاراکتەری کز بوونی نییە وەک چۆن لەتەکاراکتەریش هێندەی خۆی گیانی وەبەر نراوە و تەداخولی ڕووداوەکانی کردووە. لێ بە لابردنی تەنانەت لەتە کاراکتەرێک لەو ناوەدا دەتوانێ هەودای پەیوەندیی کۆی گێڕانەوەکە بپسێنێ و تووشی کێشەی بکا. هەمووی ئەوانە کارێکی کردووە خوێنەر هیچ کە لە خوێندنەوەی ماندوو نابێت بەڵکوو بە بەردەوامی سەرەداوی ڕووداوەکان و کاراکتەرەکانی لە دەست دایە و لێی ون نابێ. زۆر ڕۆمانی کوردی هەنە کە خوێنەر تووشی سەرلێشێواوییەکی بێ ئاکام و نامەنتقی دەکا. کارێک دەکا خوێنەر کتێبەکە دابخات و وازی لێ بێنێ، گێڕانەوە لەو ڕۆمانەدا یەگجار ڕەوانە.

لە ڕێگەی کاراکتەری یەکەمەوە پەنجەرەیەکیش بە ڕووی هونەری شێوەکاری کراوەتەوە. لەوێ لەگەڵ زۆر هونەرمەندی ئەو بوارە ئاشنا دەبین. بە بڕوای من ئەگەر نووسەر لەو ڕۆمانەدا بڕێک کایەی بە ڕەنگ کردبا و لە درێژەی چیڕۆکەکەیدا هەر جارەی لەگەڵ ڕەنگێک ڕووبەڕووی کردبایناوە ڕەنگە خۆشتریش با. بە وردە تەوسیفی هونەرمەندانە لە شوێنێک کە بۆنی ڕەنگێکی لێوە بێت.

لە ڕێگەی کاراکتەری دووهەم کە جوولەکەیەکی دەست‌ڕۆشتوو و ڕۆشنبیرە لە گەڵ وردە مێژوویەکی ئەو ئایینە و بەسەرهاتەکانیان ئاشنا دەبین، هەروەها پەنجەرەیەکمان بە ڕووی ئەدەب و کولتووری فارسیدا بۆ دەکاتەوە. کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسی و مێژوویی وەک فۆڕمێک لە دەرەوەی دەقدا دێتە ئاراوە.

هاوچارەنووس‌بوون و پێکەوەگرێدرانی جوولەکەیەک و ئاخوندێکی شیعەی ڕاونراو، نیگارکێشێکی کوردی پەناهەندە و کۆمەڵێک بنەماڵەی فارسی ئێرانی لەو کتێبە گۆشەنیگایەکی ترمان بۆ دەکاتەوە هەتا جارێکی تر لە ڕووداوەکانی دەهەی نەوەدی زایینی ورد بینەوە. ئەو کەسانەی لە پاریس بوون و هەر کامەی لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕاو نرابوون و گەیبوونە ئەورووپا. شەڕی ئێران و ئێراق، پەناهەندەبوونی کوردەکانی باشوور لە شاری کەرەج و ورمێ و هتد، ڕاپەرینی گەلانی باشووری کوردستان. هەروەها دڵتەنگییەکانی هونەرمەندێکی کورد کە لە پاریسەوە وەک کەوێک بۆ هەولێری کۆنە زێدی دەقاسپێنێ و هەموو کەف و کوڵ و غەریبییەکەی هاویشتۆتە ناو ئەو تابلۆیانەی بە دەم ڕووباری سێن یان کەنار دەریاکانەوە دەیکێشاوە.

ڕۆمانی “هۆتێل ئەورووپا” بەرهەمێکە هەموو دەم تازە بۆ خوێندنەوە، بە تایبەت لە ئێستادا کە دوو جەمسەری شیعە و جوولەکە بوونە ڕۆژەڤی جیهان. ڕۆمانێکی ورد و پوخت لە نووسەرێکی ئازا و ڕۆشنبیرێکی بە وزە کە شکور لە ناوماندا ماوە و دەژیت. سێبەری کەم نەبێت و قەڵەمی بە بڕەو بێت.