نکۆڵیکردن لە حەقیقەت و ئەڵتەرناتیڤەکەی
دەقی کوردیی نامەی سەرئاوەڵای پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئێرانەوە
ئاماژە:
پەخشان عەزیزی، ژنەچالاکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، لە نامەیەکی کراوەدا چیرۆکی ژیان و خەبات و بەندکرانی خۆی دەگێڕێتەوە. پەخشان ساڵی ٢٠٠٩، واتە کاتێک کە خوێندکاری ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تەباتەبایی تاران بوو، بۆ یەکەم جار بە هۆی بەشداریکردنەوە لە گردبوونەی دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد ئێحسان فەتاحیان، لە زانکۆی تاران دەستبەسەر کرا و ٤ مانگ لە زینداندا مایەوە. پاش ئازادبوون لە زیندان ڕووی کردە هەرێمی کوردستان، پاشان ڕۆیشتە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەوانی ئازاد لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعشدا خەباتی کرد. دوای دەسپێکردنی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە نهێنی گەڕایەوە بۆ ئەو بەشەی کوردستان و دەستی کردەوە بە چالاکیی سیاسی و مەدەنی. دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران کە لە گەڕانەوەی پەخشان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات ئاگادار ببوونەوە، بە چڕی کەوتنە گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەم ژنە خەباتگێڕە کوردە. دواجار ڕۆژی ٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٣ لە کاتێکدا کە بۆ یەکەم جار دوای چەندین ساڵ بنەماڵەکەی دەبینی، لەگەڵ چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرا کە زیندانێکی تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە. ئەندامانی بنەماڵەکەی دوای چەند ڕۆژێک بە بارمتە ئازاد کران، بەڵام سێ کەسیان دواتر بە تۆمەتی «یارمەتیدانی پەخشان بۆ هەڵاتن لە دەستی یاسا» لەلایەن دادگاوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
پەخشان عەزیزی کە لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا بە سەختی ئەشکەنجە درابوو، بە تۆمەتی «بەغی» کە تۆمەتێکی ئیسلامییە و بۆ دژبەرانی حکومەتی ئیسلامی بە کار دەبرێت، لەلایەن دادگای یەکەمەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە، ئێستە پارێزەرەکانی ئەڵێن تانە لەو حوکمە ناڕەوایە دەدەن و دۆسیەکەی دەنێرنە بەردەم دیوانی باڵای دادوەریی ئێران.
ئەم نامە بوێرانە و سەرنجڕاکێشە کە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا هەبووە. هەر بۆیە «ژنەفتن» بە پێویستی زانی بیکاتە کوردی و بڵاوی بکاتەوە.
نکۆڵیکردن لە حەقیقەت و ئەڵتەرناتیڤەکەی
دەستەکانی بە دیوارەی منداڵدانیەوە نووساندبوو بۆ ئەوەی نەکەوێت، ملی بە دەواودەرمانی لەباربردن نەدەدا. هەر لە منداڵییەوە و لە پێناو مانەوەدا، بە دەنگی دایکی ئازارچێشتووی کە وانەی بەرخۆدان و ژیانی دەوتەوە، بە پێوەری چلۆنبوون باڵای کردبوو:
«بۆیەت دەبەستم تا خووی پێ بگری، نەک تا من ماوم لە بەندا بمری».
لە نێوان ژیان و زەمەندا شەڕێک بەڕێوەیە!
دەستەکانی لە دیواری ژوورە تاکەکەسییەکە ئاڵاندبوو بۆ ئەوەی نەکەوێت. دەمێک ساڵ بوو بۆ مانەوە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئامادەبوون و لەوەش سەرووتر، بۆ چۆن ئامادەبوون، شەو و ڕۆژی نەدەناسی. بە چەشنی تۆقاندنی دەوڵەتان، بیست چەک لەسەر سەریان دادەنێن، بە باوەڕی خۆیان تیرۆریستیان گرتووە (هەمان ئەو تیرۆریسمەی کە تۆقاندن لە بەرچاوی هەموواندا یەک لە بنەماکانیەتی!).
کوڕێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ کە پووری دوای ساڵەها دووری دیتبوو، لەگەڵ باوک، خوشک و زاواکەیدا لەسەر زەوی دەخەوێنرێن. دەستیان لە پشتەوە دەبەسترێت، چەک لەسەر سەریان، لەسەر پشتی بنەماڵەیەکی پیرۆز (هەمان ئەو بنەماڵە پیرۆزەی بنەچەی کۆماری ئیسلامیی لەسەر دامەزراوە) دادەنیشن و زنجیریان دەکەن. بزەیەک کە نیشانەی دەسەڵات و سەرکەوتنی «دەوڵەتی بنەماڵە»یە؛ چالاکییەکە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا.
بەرەوژوور بەڕێ دەکەون و بەرەوژوورتر…
دیمەنەکانی کوشتن و داڕووخانی هەزاران بنەماڵە وەک فیلمێکی تراژیک لە بەرچاوانیەوە تێدەپەڕن. لەوپەڕی لاوازیی جەستەدا دەستەکانی لەسەر دیواری ژووری ژمارە ٣٣ی ئێڤین (نهۆمی سەرەوە) قفڵ دەکات، هەمان ئەو ژوورەی ساڵی ٨٨یش هەر لەوێ بە هەمان تۆمەتی «کوردبوون» و «ژنبوون» و هەوڵدان بۆ «خۆبوون» بەندیان کردبوو. دەنگی کۆکەی باوکی کە سێ جار جەڵدە لێی داوە، بە هۆی شێرپەنجەوە تازە نەشتەرگەریی بۆ کراوە و جەستەی هێشتا ئاسەواری گوللەکانی دەیەی ٦٠ی پێوەیە، لە بەندی چوارەوە دەبیسێت. لە بەندەکانی تریشەوە دەنگی هاواری خوشکەکەی کە چەندەها جار داوای کردووە تاقەمنداڵە تۆقاوەکەی ببینێت.
لە هەمان یەکەم ڕۆژی لێپرسینەوەدا پێشنیاری بەیاسایینەکردنی دۆسیەکە و داخستنی هەموو شت بە بێدەنگی دەخرێتە بەردەست! پێشنیارێک کە ناگاتە ئەنجام و ڕەت دەکرێتەوە.
چەندین جار لە لێپرسینەوەکاندا پەت لە ملی دەکەن، ١٠ مەتر بە ناو زەویدا ڕۆی دەکەن، دیسان دەری دەهێنن و لە ژێرزەمینەکە دەیبەنە دەرەوە. بە بێهیوایەکی سەرشۆڕ و دۆڕاوی کۆمەڵایەتی ناوزەدی دەکەن!
….
یادەوەرییەکی مێژوویی کە تەژی لەم ڕووداوانەیە! ئەدەبیات و دەربڕینێک کە لە هەمان سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ژیان لە کوردستاندا پێی نامۆ نەبووە. لە هەمان منداڵییەوە مۆرکی جوداییخواز و ڕەگەزی دووهەم و هاووڵاتینەبوونی لێ درابوو. بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی یان دەبوو پەنا بۆ باوەشی «ئەویدی» ببات (کە هەر لە پێشترەوە وەک سنوورنشینێک (مرزی)، ناوەند (مرکز) سنووری نێوانانی دیاری کردبوو)، یان دەبوو سەربەرزانە ڕێچکەی خزمەتکردنی خەڵکی بگرتایەتە بەر. وایە، ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی بچووکین، هیچ نیین، بەڵام بۆ سزاکان گەورەترین و قورسترین…
ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە کە بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ کردارێکی توندوتیژ خۆ ناپارێزێت؛ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و زەبروزەنگ…
ئۆریانتاڵیزمێک کە شوێن ناناسێت! هەموو جۆرەکانی ئەقڵییەتی ناوەندخواز و دەسەڵاتخواز کە لە نێوان خۆی و ئەویدیدا جیاوازی دەکات و بۆ پەراوێزخستن و مینیماڵیزەکردن (ی جەوهەر-پێکهاتە) لە هیچ سیاسەت و توندوتیژییەک دەست ناپارێزێت.
تێڕوانینی مادی و بابەتییانە (نەک واقیعگەرا) بۆ حەقیقەتە کۆمەڵایەتییەکان (هەمان ئەو گەورەترین حەقیقەتەی بە درێژایی مێژوو نکۆڵیی لێ کراوە و سیاسەتی سڕینەوەی لەسەر جێبەجێ کراوە)، ئەمەش هەمان ڕێچکەی زانستی پۆزەتیڤیستییە (نەک کۆمەڵناسانە کە زانستێکی گەلێک ئاڵۆزە)، بێگومان ئەمە بە واتای هەنگاونان و کارکردنە لە پێناو ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستیدا (نەک ئانتی کاپیتالیستی).
بە هەمان ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستییەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا جەستە و پەیکەری کوردستانیان لێکدی دابڕاند، کەچی کورد هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە مۆرکی جوداییخوازیی لێ دەدرێت! کوردستان کۆمەڵگایەکی بزۆزە کە بە درێژایی مێژوو هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. جیاوازیی سەرەکیی کۆمەڵگای هاوچەرخی کورد، تێپەڕینە لە ناسیۆنالیزم و گەیشتنە بە کۆمەڵگای سۆسیالیستی.
نەک بە نکۆڵیکردن و دوژمنی، بەڵکوو بە ڕێزدانان بۆ هەموو باوەڕەکان…
پێشمەرجی ڕەتکردنەوەی جوداییخوازی پێکهێنانی ستاتۆیەکی گەرەنتیکراوە. هەمان ئەو شتەی کە مۆرکی جوداییخوازیی لێ دەدرێت و مرۆڤی کوردی پێ تاوانبار دەکرێت.
….
جارێکی تر لە لێپرسینەوەدا بیری دەخەنەوە کە سەرشۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و یارییەکەی دۆڕاندووە.
دۆخێکی تراژیک-کۆمیک لەگەڵ ژمارەیەک مرۆڤی پراگماتیست و پۆزەتیڤیستدا! کە ڕۆژانە لە ڕێگای ڕێکار و سیاسەتەکانیانەوە مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی تێرئاو دەکەن. کێشەی ئێمە کێشەی شوناسە نەک مەترسی بۆ سەر ئاسایش! لە جێگایەکدا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، پرسی شوناس و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەونە بەر نکۆڵییەوە و پێشێل دەکرێن، تەنانەت لەوەش سەرووتر، ئەوانەی بڕیارە کێشەکان چارەسەر بکەن خۆیان تەژین لە گرێی قووڵی کەسایەتی، هێندە قووڵ کە کۆی پرسەکە بۆیان دەبێتە پرسێکی کەسی، قەیرانەکە دەگاتە لوتکەی خۆی!
مرۆڤ بە ڕەگەزەکەیەوە (یەکەم ڕەهەندی فامکراوی)، بە زمانەکەیەوە، کولتوور و هونەری، بەڕێوەبردنی، شێوەی ژیانی و بە ئازادی و بە گشتی بە ئایدیۆلۆژیاکەیەوە مرۆڤە. هەرکام لەم ڕەهەندانە لە ژیانی بزر بکرێن، ئیدی جێگایەک بۆ ژیانێکی ئینسانی نامێنێتەوە. ئەگەر ئیرادە و ورەی ژن وەکوو مرۆڤ لە خشتە ببرێت، ئیدی جێگایەک بۆ ژیانی ئازاد نامێنێتەوە و ئەمەش مانای دوورکەوتنەوە لە پێوەرە ئینسانی، ئەخلاقی و سیاسییەکان. ئەو کاتەی بە دابڕاندنی شوناس ژیانی مرۆڤ بێمانا دەکرێت، ئیدی ژیان بیچمی بەرگریکارانە وەردەگرێت و پێ دەنێتە نێو قۆناغی یاخیبوونەوە.
…
لە خراپترین دۆخی جەستەییدا کە دەرئەنجامی مانگرتنی یەک لەدوای یەک و گوشاری شوناسمەند-مێژووییە، هەموو جۆرەکانی سووکایەتی و بێڕێزی و هەڕەشە دەست پێ دەکەنەوە. بێدەنگییەکی چەندین مانگە کە دەبێتە هاوار: من تیرۆریست نیم. شریخەی مستی ئەڵقەکراوی لێپرسەوە کە لە سیمای پیاوێکی خاوەندەوڵەتدا هەموو جار دەسەڵاتی خۆی نمایش دەکات، دەنگێک کە دەبێتە هاوار، بۆچی نکۆڵی لە ڕاستییەکان دەکەیت؟!
نکۆڵیتان لە گەورەترین حەقیقەتی کۆمەڵایەتی، واتە ژن و شوناسەکەی، کوردبوون، ژیان و ئازادی کردووە، کامە حەقیقەت و کامە نکۆڵیکردن؟!
نکۆڵیکردن، سڕینەوە، ئاسیمیلاسیۆن؛ هەمان ئەو سیاسەتانەی بە شێوەیەکی سیستماتیک خراپترین خەسارە کۆمەڵایەتییەکانیان خستووەتەوە، هەرجۆرە گەڕانێک بۆ حەقیقەت به دژایەتیی خۆیان و بەرەنگاربوونەوەی ئەویدی لە قەڵەم دەدەن، کەچی دیسان هەر بە هەمان ئەو سیاسەتانە لێپرسینەوەیش دەکەن، پرۆسەیەک کە سووڕانەوەیە لە ناو بازنەیەکی بۆشدا و هیچی تر (پووچەڵ)!
قەرزداری خەڵکبوون و ئەنجامدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی-ئەخلاقییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە بە تاوان دەزانێت و سیناریۆسازیی بۆ دەکات (چەندین جار هەڕەشەی سیناریۆی دیکەی لێ دەکرێت بۆ لەخشتەبردنی متمانە کۆمەڵایەتییەکەی!)، بێئاگا لەوەی دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگا لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەوە دەگاتە ئەنجام و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسی، هەوڵێکە لە پێناو هەموارکردنەوە و تەواوکردنی سیاسەتە ناتەواوەکانی دەوڵەتدا. چونکوو ئەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی، ڕەگەزتەوەری و ئایینگەرایی کە بەرهەمی هێڵی دەوڵەت-نەتەوەن (لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات)، هەر خۆیان هۆکاری قەیرانە کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانن و بێگومان ئەوەی هۆکار بێت، ناتوانێ هەر خۆیشی ببێتە چارەسەر بۆ قەیران. ئەوە خودی خەڵکن کە ئیرادە و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی پێویستیان بۆ دەربازبوون لە قەیران هەیە. نکۆڵیکردن لە حەقیقەتی کۆمەڵگای ژنان و کوردان و هەرهەموو کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان، نغرۆبوونە لە ناو چەواشەکاریدا و جا چەواشەکارییەکی مێژووییش، ئەمە خۆی گەورەترین شاردنەوەی حەقیقەتە.
نکۆڵیکردنێکی مێژوویی لە ئارادایە نەک چارەسەرکردن، تەنانەت لە پێناسەکردنی کێشەکەیشدا کێشەتان هەیە و لە خستنە بەردەستی ڕێگەچارەدا بێچارەن…
ئەوە تەنها کورد نییە کە خاوەن پرسە، پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ واقیعی زاڵی هەنووکە. ناوەرۆکی پرسەکە لە بەرچاو بزر کراوە و هەرچەشنە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکیان بێمانا کردووە. پێویستە خوێندنەوەی زانستیتر، ڕاستەقینەتر و کۆمەڵایەتیتری بۆ بکرێت. دەبێ پشت بەو تێڕوانینانە ببەسرێت کە نزیکترن لە حەقیقەت. چارەسەرکردنی ڕواڵەتی لەباتیی چارەسەرکردنی حەقیقیی کێشەکان، قەت ناتوانێ ڕێگەچارە بێت. هۆکاری لەخشتەبردنی پۆتانسیەلی ژنان و کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ترس لە مەترسیداربوون، لە کاتێکدا کە دیمۆکراسی و سیاسەت قەت نابێ و ناکرێ لەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییە پڕئاڵنگارییانە بترسن کە هەڵگری یادەوەرییەکی مێژوویی جیا لە ژینۆساید، نکۆڵیکردن و سڕینەوەن.
سیاسەت لە واتای ڕاستەقینەی خۆیدا ڕێک ئەو کاتە دێتە بوونەوە کە ئەوانەی ئەوبەریش بەشداریی تێدا بکەن؛ هێزی هەموان، هێزی ئەو خەڵکانەی هیچیان نییە، ئەو کاتەی پێت وایە خەڵکانێک هەن بۆ سیاسەت دروست نەکراون کەچی دەست دەکەن بە ئاوڕدانەوە لە کەڵکەڵە کۆمەڵایەتییەکانیان. ئەمە نە مایەی مەترسییە و نە هەڕەشە؛ بڕیار وەردەگرن و دەیسەلمێنن کە خاوەن توانان. گوتەی حاکم دەبێ پاڵنەرێک بێت بۆ گەڕان بەدوای حەقیقەتدا، ڕۆنانی ئیرادە؛ ئەگەر هەم ڕێگا و هەم ڕێبوار و شوناسەکەی بەپێی ناوەند و دەسەڵات دابڕێژرێن، ئەوە دیمۆکراسی نییە، پێشێلکردنی دیمۆکراسییە. دادپەروەری، سزادان بە هەمان ئەو یاسایانە نییە کە خۆیان هۆکاری قەیرانەکەن، چونکوو ئەویدی هۆگر و بەرئەنجامە. دادپەروەری پێشکەشکردنی شتێکە بە کەسێک کە شایستەی ئەو شتەیە، واتە شوناسەکەی. هەمان ئەو کەسەی مەرگ، هەژاری، چەوساندنەوە، خۆبەزلزانی و دووبەرەکیی بەخشیوەتەوە هەر خۆیشی سزا دەدات، ئاخۆ بەم جۆرە ئیدی دادپەروەری جێبەجێ کراوە و حەقیقەت هاتووەتە زمان و ئەویدییە کە نکۆڵیی لە حەقیقەت دەکات؟ ئەمە هەڵگری کامە واتایە؟! جیاوازیی نێوان «مرکز (ناوەند)» و «مرز (سنوور)» تەنها یەک دانە «کاف»ـە، بە واتای کەتمانکردنی حەقیقەت کە ئەوەش لە هەناوی «مرکز»دایە.
…
ژوورێکی تاکەکەسی کە چەندین مانگە پێکڕا بەتەنیان. بەبێ کتێب، بەبێ پێوەندی و دیدار، هاوکاتیش خوێنلێچوونی بەردەوام و مانگرتن، تێکچوونی تەندروستی بە چەشنێک کە چیدی توانای ڕێگاکردنی لێ بڕیوە. لێپرسینەوەی یەک لەدوای یەک بۆ ئەوەی ددان بە شتێکدا بنێت کە بوونی نییە، لە پێناو وەرگرتنی هەموو زانیارییەکاندا کە زۆریان بە لاوە گرنگە و کردنی بە مرۆڤی «ئەویدی»! کامە ئەرکی تریان پێ سپێردراوە جیا لە بەتاڵکردنەوەی توانا و وەزە بە مەبەستی بەهاوکارکردن؟! بە دەنگێکی بەرز دووبارەی دەکاتەوە؛ دڵۆپێکی بچووک لە دەریایەکی گەورە کە کەس ناتوانێ ڕێگا لە شەپۆلان و پێشڤەچوونی بگرێت.
قاچەکانی دەشێلێت تا بتوانێ ماوەیەکی دیکەیش لەسەر پێ بوەستێت، هەڵدەستێتەوە و دەکەوێت. ئەم پێنج مانگە چەندین جار ڕۆیشتن تا سنووری «نەبوون»ی ئەزموون کردووە. هێندەش ئاڵۆز و پێشبینیهەڵنەگر نییە. کەوتووینەتە ڕێ بەم کەوتن و ڕابوونانەوە، واتای ژیان هەر ئەمەیە؛ ئازارێک نەتکوژێ بەهێزترت دەکات. لە هەمان منداڵییەوە و لەوەیش سەرووتر، بە هۆی ژیانکردنەوە لە سنووردا، بە چیرۆک و هۆنراوە و ئاوازەکانی منداڵیمانەوە، بە چەشنێکی تر خیانەت و پاڵەوانی، ئەڤین و نەفرەت و مەرگ و ژیان، ژیاوین. بە هەموو بوونمانەوە ژیانکردن لە سنووری بوون و نەبوونمان هەست پێ کردووە، پێیەوە ژیاوین. ئێستە ئیدی تەنها سەردەمی بوون و ژیانکردن نییە بەڵکوو سەردەمی چلۆن ژیانکردنیشە.
ئەو دەمەی وەک تاوانکار دێینە دونیاوە، دەبێ هەموو تەمەنمان تەرخان بکەین بۆ سەلماندنی خۆمان، نایانەوێ خۆمان بین، بەڵام هەر دەبێ خۆمان بین.
بۆنی سووتان و خوێن هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی داگرتووە. لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا ڕووداوەکانی دی جارێکی تر دێنەوە بەرچاوی. یەکەم تەرمێک بینیبووی لە ١٨ ساڵیدا بوو، ئەو کاتەی خەدیجەی سەرتاپا سووتاو بە دەستی هاوسەر و برای هاوسەرەکەی، دەستەکانی لێک گرێ درابوو و ئاگریان لە ژیانی بەر دابوو. ئەو چیرۆکە ڕاستەقینانەی قەت تەواو نابن. دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی دیکە کە بە هۆی کار و زانکۆکەیەوە ئەزموونی کردوون و نوێنەرەوەی دۆخی کۆمەڵگا بوون. ئەو دەیان ژن و منداڵەی لە هێرشی داعشدا هاوسەر، برا و باوکیان لە پێش چاویاندا سەر بڕان، کچانێک کە به دیل گیران و بەردەوام دەستدرێژییان کرایە سەر و هەندێکیان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا.
دایکانی منداڵ لەئامێز کە شیر لە مەمکیاندا وشک ببوو، منداڵانی پێخاوس کە سەدانیان سەریان لەسەر بەردەکانی بەردباران دانا و وشک هەڵاتن. دەیان ژنی خەباتگێڕ کە لە هێرشی فڕۆکەی تورکیا لە لایەکەوە و داعش لە لایەکی ترەوە تەرمەکانیان سووتان و بوون بە هەڵم. ئەو شەرڤانانەی بۆ خەدیجەکان و منداڵان و دایکانی جەرگسووتاو بوونە فیدایی.
لە خەو ڕادەپەڕێت، توانای هەستانەوەی نییە، دەڕشێتەوە… ڕشانەوەیەکی مێژوویی…
لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا قەیران ڕەهەندی تراژیکی تێپەڕاندووە و کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی هەژاندووە، ئەم ناوچەیە لە ڕێگای ستراتیژی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی و تێڕوانینی ئۆریەنتاڵیستی و سیاسەتی ناتەواو و پێشێلکارەوە کە بە ئاڕاستەی ستراتیژی جیهانیدا دەجووڵێت، لە خوێندا گەوزێنراوە.
…
بە زۆر لەسەر کورسییەکە دانیشت، هەڕەشە و سووکایەتییەکان دیسان دەستی پێ کردەوە. دەستەکانی جێگای برینێکی قووڵی شەڕیان پێوەیە. بۆچی دە ساڵ لە سووریا بووی، بۆچی نەڕۆیشتی بۆ ئەورووپا؟!
لە بێخی پرسیارەکەدا هەست بە حەزێکی زۆر قووڵ بۆ ئەورووپا و ڕۆژئاوا دەکەیت. وەک بڵێی باسی خەونەکانیان دەکەن یان پاڵت پێوە دەنێن بەرەو ئەو شتەی خۆیان دژایەتییان دەکرد! ئەو کاتەی لەو شوێنەداین، نابێ ببین و کاتێک کە ڕۆیشتین دەبێ هەبین!
دوای دۆشدامان و شکستهێنانتان لە دۆسیەکەی ٨٨دا کە ئیدیعای سەرکەوتنتان دەکرد، من لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانەوە خزمەتی مرۆڤایەتیم کردووە و ئێوە هێشتا هەمان لێپرسەوەکەی ساڵی هەشتاوهەشتن کە تەنانەت نەبوونەتە سەرلێپرسەوەیش! بە هۆی نەبوونی فەزای سیاسی-کۆمەڵایەتیی تەندروستەوە، سەدان کیلۆمەتر لە زێدەکەم دوور کەوتمەوە. مانای ژیان بێمانا ببوو. دوور کەوتمەوە تاکوو بڕۆمە جێگایەک کە ئەویش هەر هیی خۆمە (بەو جۆرەی وتبووتان، کوردستانی سووریا هیی ئێمەیە، کوردستانی ئێراق و تورکیا هیی ئێمەن!) کە وایە نەچوومەتە جێگایەک جگە لە «شوێن»ـەکەی خۆم. ئەڵبەت ئەگەر هیی ئێوە نییە و هیی ئێمەیە؟! جێگایەکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە شۆڕشێک لە ئارادایە. ناتوانن خەونەکان بکوژن. سیستەمێکی ئاڵتەرناتیڤ و دیمۆکراتیک کە لە بەرخۆدانی سەدەدا واتە کۆبانێ (کە ئەڵبەت تەنها خەباتێکی تاکڕەهەندی نەبوو بەڵکوو خەباتێکی ئایدیۆلۆژیک بوو) گەیشتە لوتکەی خۆی و بۆ هەموو ناوچەکە و جیهان بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان. دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە دیمۆکراتیزاسیۆن.
سەرەڕای هەموو ئازار و سەختییەکان، کارکردن لە کامپی ئاوارەکانی شەڕدا دەیتوانی گەورەترین خزمەتی ئەخلاقی-ویژدانی بە کۆمەڵگایەک بێت کە ساڵەها لەژێر نکۆڵی و سڕینەوەدا بوو. جێبەجێکردنی ئەرکی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتی کە بە تێپەڕاندنی سنوورەکان بیچمی شۆڕشگێڕانە وەردەگرێت!
دەنگەکە بەرز دەبێتەوە: هەرکەس لەوێیە ئەندامی تاقمی پەکەکەیە؟
واتە میلیۆنان کەس پەکەکەیین، کە وایە بۆ دەڵێن تاقم؟! بەپێی فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ کە وەک کۆمەڵناسێک شیکاریی قووڵی بۆ فەزای ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان کردووە و دوای پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٩٩٩، ئێستە ٢٥ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیی ئیمرالیدا بەند کراوە، میتۆدی ڕاوێژکاریی کۆمەڵایەتیم لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەوە هەڵبژارد و ئەمە شەرافەتە. پێناسەی ئێوە بۆ کۆی بابەتەکە هەڵەیە.
باوەڕ بە شۆڕشێک سەرەتا لە ئەقڵییەتدا و پاشان لە پێکهاتەدا یەک لە بنەماکانی شۆڕشە مۆدێرنەکانە.
سروشتییە لە هەناوی شۆڕشدا کەسایەتییەک دروست دەکرێت و بیچم دەگرێت، پێناسەکانی خیانەت و پاڵەوانی لە ئاست جێبەجێکردنی بەرپرسایەتییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانیشدا، ڕوونتر دەبنەوە. چونکوو دەچیتە قووڵایی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ دۆخەکە و پێویستیی خێرای ڕێکخستنی گەلدا ئاشنا دەبیت. بە هەڵبژاردنی میتۆدگەلی سیستماتیک و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسی لە ناو دڵی جەنگێکدا، کە خودی ئێرانیش هەر لەو شوێنە شەڕی داعشی کرد، فێری ڕێگەچارەی بەرهەستتر و زۆر کارامەتر دەبیت. تا کاتێک کە مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیک ڕۆ نەنرێت، هەرگیز لە دەستێوەردانەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیستی و سەرجەم دەستێوەردانەکان لە ناوچەکەدا ڕزگار نابین. ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێ دەوری بنەمایی خۆی لە پرۆسەی کۆمەڵایەتیدا بگرێتەوە ئەستۆ.
لە مێژووی مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیمۆکراتیکدا، هێزی دەوڵەت-نەتەوە و هێزی بەڕێوەبردنی دیمۆکراتیک پێکەوە دەبزوون؛ شێوازێکی دیالێکتیکی. بۆ تێگەیشتن لە «گشت» دەبێ جیاوازییە لۆکاڵەکان قبووڵ بکەین. ئەمە بە واتای جوداییخوازی و ڕووخاندن نییە! هەروەک چۆن لە سووریا هێزە دیمۆکرات و شۆڕشگێڕەکان توانای پێویستیان بۆ ڕووخاندن هەبوو، بەڵام لەباتیی ئەوە، ڕۆنانی سیستەمی خۆیان هەڵبژارد و دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئەسەدیان بچووک کردەوە. سیستەمی شۆڕش ڕێگای خۆی دەبڕێ؛ دیمۆکراتیزاسیۆنی بنەماڵە بە مەبەستی تێپەڕین لە ڕەگەزگەرایی، دیمۆکراتیزاسیۆنی ئایین بە مەبەستی تێپەڕین لە ئایینگەرایی و نەک دژایەتیی ئایین، دیمۆکراتیزاسیۆنی هەموو دامەزراوەکانی سیستەم بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دەسەڵاتخوازیی ناوەند، ئەمانە هەموو ڕۆنراوی ئۆتۆریتەیەکی هاوبەشن بەبێ کەوتنەناو داوی دیکتاتۆری و پاکتاوکردنی نەریتی گەلانی ناوچەکەوە کە هەمان شوناسەکەیانە. سیستەمێک کە ژن و شوناسە پەراوێزخراوەکان ببینێت و حسێبیان بۆ بکات، بەم پارادایمە نوێیەوە دژی «جودایی»یە کە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونەوە پێی تاوانبار دەکرێین. چونکوو باوەڕی بە دەوڵەت و سروشتی دەوڵەت نییە کە بەرهەمی درۆ و خەڵک فریودان و شکستی ڕەگەزیی ژنە، بگرە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە.
هەموو هەوڵ و چالاکییەکانم لە پێناو خزمەتکردن و بەجێهێنانی ئەرکی مێژووییم لە بەرانبەر ئەزموونەکانی ژیان و شوناسی مێژوویی خۆمدا بووە بە مەبەستی بەدیهێنانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە بێئەملاولا و حەتمییەکانی مێژوو. بێگومان ڕێگای دروست بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیکیش گرتنەبەری شێوازگەلی دیمۆکراتیکە لە ڕۆنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی-سیاسیدا کە خەڵک خۆیان کێشەکانیان بخەنە بەر ڕاوێژەوە، بیریان لێ بکەنەوە و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزنەوە، ئەمە خودی دیمۆکراسییە!
خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک بە پشتبەستن بە پارادایمی نەتەوەی دیمۆکراتیک (هەموو نەتەوەکانی ناو سنوورەکە) بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی قەیرانە قووڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لە ناو سیاسەتەکانی خۆیدا توانستی بەڕێکخستنکردنی خەڵکی لە ڕێگای کۆمەڵناسیی ئازادی و ژنۆلۆژییەوە گەڵاڵە کردووە. هەمان ئەو زانستانەی لە ڕێگای شیکاریی قووڵی مێژوویی-کۆمەڵایەتی- سیاسییەوە ڕێگەچارەکان دەخەنە بەردەست. خەڵک لە جێگایەکدا کە خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان ڕا دەبن و کۆمیتە خودتەوەرەکانی ئاشتی، ئابووری، فێرکاری، خزمەتگوزاری، تەندروستی، کولتوور و هونەر، ئایین و باوەڕ، لاوان و ژنان پێک دەهێنن، لە قەیراناویترین دۆخی شەڕدا ڕۆژانە سەدان کێشە چارەسەر دەکەن. ژن و پیاو لە تەنیشت یەکدا و بە هاوژیانییەکی ئازادی هاوبەش و سیستەمی هاوسەرکایەتییەوە، کۆمەڵگایەکی لاواز و نغرۆ لە قەیراندا دەخەنەوە سەر پێ و مانایەکی دی بە ژیان دەبەخشن. هەمان ئەو ژیانەی لە مانا بەتاڵیان کردووەتەوە. باوەڕ و ئیمانی پتەو بەوەی کە ڕێگای ئازادی دەبڕن و سەرەڕای هەموو تەنگەژە و ئازارەکانی بەردەم شۆڕش لە ئەقڵییەتدا، هەموو سات ئازادی دەژین. خەونێک کە جیاوازی ناکات لە نێوان سووریا، ئێران، ئێراق، تورکیا، ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و غەزەدا کە لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات لەسەر خوێنی هەزاران مرۆڤ شانتاژی پێوە دەکەن، ئەمەیش خودی ئازادییە.
…
ئەو کەسەی دەبێتە ڕێبواری ڕێگای حەقیقەت و ئازادی، مانایەکی دی بە مەرگ و ژیان دەبەخشێت. ترسی ئێمە نەک لە مەرگ بەڵکوو لە ژیانێکی سەرشۆڕانە و کۆیلانەیە. ژیانی ئازاد لەو شوێنەدا دەست پێ دەکات کە ژنان (کە کۆنترین داگیرکراوەکانن) شێلگیر و پتەو بۆ شەرافەت و کەرامەتی خۆیان بە جۆرێک دەژین کە لە پێناو ژیانی ئازاددا مەرگ لە ئامێز دەگرن.
شەریفە موحەممەدی، من و هەموو ئەو ژنانەی لە نۆبەتی سێدارەداین، یەکەمین و دوایین ژنانێک نیین کە تەنها لەبەر گەڕان بەدوای ژیانێکی ئازاد و شکۆمەنددا تاوانبار کراوین و دەکرێین. بەڵام تا گیانێک پێشکەش نەکرێت، ئازادییش نایەتە دی. نرخی ئازادی گرانە. تاوانمان لێکگرێدانی «ژن، ژیان، ئازادی»یە.
پەخشان عەزیزی
جولایی ٢٠٢٤
زیندانی ژنانی ئێڤین – تاران