ژیان لە لێواری مەرگدا

کارەکتەرەکان

ژن: تەمەنی لە دەوروبەری چل ساڵیدایە. نابینایە.

پیاو: تەمەنی نزیک پەنجا ساڵ دەبێت.

شوێن: ژوورێکی گەورە. دیوارەکانی و ئەرزەکەیش سپین. دەرگایەکی گەورە ڕووەو بینەران لە ناوەڕاستی ژوورەکەدایە. کورسییەکی گەورەی چەرمی سوور لە لای ڕاستی شانۆکە، ڕووەوە بینەران دانراوە.

(دەنگی گرمەیەکی بەهێز دێت، وەك ئەوەی خانووبەرەیەکی چەند نهۆمی بڕووخێت.)

(ڕووناکی.)

(پیاوەکە لەسەر کورسییەکە دانیشتووە. بێزار دیارە. دەم و چاوی لەنێو هەردوو لەپی دەستیدا شاردۆتەوە.)

(بێدەنگی.)

(ژنەکە بە هێواشی دەرگاکە دەکاتەوە و دێتە ژوورەوە، چاویلکەیەکی ڕەشی گەورەی لە چاودایە و کراسێکی سپیی درێژی لەبەردایە، قژی بەرداوەتەوە و دارێکی درێژی لەبری گۆچان بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە ڕێگادا بڕوات و بەردەمی خۆی بدۆزێتەوە. بە بێدەنگی لەناو دەرگاکەدا دەوەستێت.)

ژن

کەس لێرەیە؟

(وچانێکی کورت.)

لێرەی؟

(پیاوەکە هیچ وەڵام ناداتەوە.)

دەزانم لێرەی! هەستی پێ دەکەم… کە لێرەی.

بۆ وەڵام نادەیتەوە؟

(وچانێکی کورت.)

ئارامم… هێمنم. هەرگیز وا ئارام نەبووم. نابینی چەندە لەسەرخۆم… چەندە بە ئارامی قسە دەکەم.

(وچانێکی کورت.)

خەریکە دەخنکێم. هەناسەم بۆ نادرێ و تۆیش وەك بت دانیشتووی، هیچ شتێكت بە خەیاڵدا نایە… خەریکە دەمرم، بڕوام پێ بکه‌ خەریکە دەمرم… خۆم دەمرێنم. هەر ئەو ناکوژم، خۆیشم لەناو خۆمدا دەمرێنم. هیچ شتێك بۆ تۆ بەجێ ناهێڵم. دڵنیابە کەس هەست بە هیچ ناکات و تۆیش وەك به‌رزه‌کی بانان بۆی دەردەچیت.

(وچان.)

لە دەست خۆم بۆ کوێ ڕابکەم و هاوار بۆ کوێ بەرم…

(دەوەستێ، بە گومانەوە سەیری چواردەوری خۆی دەکات.)

شتێک لە مندا ڕوویداوە… شتێکی تر لە دەرەوەی خۆمەوە لەناو مندا دروست بووە. هیچ ئارامییەکم نەماوە.

(وچان.)

دەترسم.

پیاو

(وەک لەخەون بێدار بێتەوە.)

هەڵەی من نییە… من بە هیچ شێوەیەك ئەمەم نەویستووە.

(وچانێکی کورت.)

هەڵەی من نییە. هەڵەی من نەبووە. بڕوابکە… تۆ خۆت باش دەزانی من هەرگیز نەمویستووە زیانم بۆ هیچ کەسێک هەبێت. خۆت ئەوە باش دەزانی.

ژن

دەترسم.

پیاو

تۆ لە هەموو شتێک دەترسی!

(ژنەکە دەیەوێ بێتە ژوورەوە، گۆچانەکەی بەر کورسییەکە دەکەوێت. پیاوەکە لە جێگاکەی خۆی هەڵدەستێ و دەستی ژنەکە دەگرێت، دەیەوێ لەسەر کورسییەکە دایبنیشێنێت، بەڵام ژنەکە دانانیشێت و دەست بەرەو پێشەوەی خۆی درێژ دەکات.)

پیاو

دانیشە.

ژن

من هەست دەکەم!

پیاو

سەیری خۆرەکە مەکە.

ژن

هەست دەکەم…

(دەوەستێت.)

پیاو

هەست بەچی دەکەی.

(وچانێکی کورت.)

هەڵەی من نییە.

ژن

تەنیا هەست دەکەم، کە من…

پیاو

تۆ من بە گرفت دەزانی.

(بێدەنگی.)

ژن

لە شوێنێکەوە هاتووم…

پیاو

(دەقیژێنێ.)

تۆ من بە گرفت دەزانی؟

ژن

(بە هێمنی.)

نا…

(وچانێکی کورت.)

ئەمە دەبێ کۆتایی پێ بێت.

ژن

(بە یارمەتی گۆچانەکەی لە پیاوەکە دوور دەکەوێتەوە.)

خۆرەکەی بەهێزە!

پیاو

چی دەبێ کۆتایی پێ بێت؟ من هیچ هەڵەیەکم نەکردووە.

(وچانێکی کورت.)

لە هیچ ناگەم. من لە هیچ شتێك ناگەم.

ژن

پێویست بە تێگەیشتن ناکات.

پیاو

زۆر ماندووم. بە ڕاستی زۆر ماندووم.

ژن

ژیان هەموو شتێک نابەخشێت بە مرۆڤ…

(وچانێکی کورت.)

هەموو شتێکیش نرخی خۆی هەیە.

پیاو

لە هیچ ناگەم!

ژن

چاوەڕێ بکە…

پیاو

چاوەڕێی چێ بکەم؟

ژن

دەبێت چاوەڕێ بکەین. ڕۆژێک چاوەڕوانی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ.

پیاو

چ مەسەلەیەک؟ ڕۆژێک چاوەڕوانی یان ساڵێک… چاوەڕێی چی بکەین؟

ژن

من دەزانم ماوەیەکی تر هێزمان دێته‌وه به‌به‌ردا و بەرگەی هەموو شتێک دەگرین.

پیاو

(هاوار دەکات.)

نەخێر… من چیتر چاوەڕوانی هیچ شتێک ناکەم. هیچ شتێک!

(لە پڕ دەوەستێ.)

گوێ بگرە.

ژن

(قسەکە بە پیاوەکە دەبڕێ.)

کەس وەک تۆ نییە!

پیاو

وەک من!

ژن

دەڕۆم.

پیاو

بۆ کوێ؟

ژن

بۆ شوێنێک بتوانم خوێنی خۆمی تیا بڕێژم… بۆ ئەو شوێنەی خوێنم لێی دەڕژێ.

(بێدەنگی.)

پیاو

من ناتوانم جارێكی تر بگەڕێمەوە.

ژن

بۆ کوێ؟

(وچان.)

پیاو

جارێکی تر ناگەڕێمەوە بۆ لای تۆ…

ژن

(پێدەکەنێت.)

من هەڵەیەکی بێ پەشیمانیم. تۆ دەتەوێ خۆت لەناو بێگوناهی مندا بشاریتەوە. بێ تۆ کەسێکی بێ گوناهم و لەگەڵ تۆیش گوناهبارێکم کە دەتەوێ بەردەبارانم بکەی. ژیانی من لەگەڵ تۆ خواردنەوەی ژەهرێکی هەمیشەیییە. خۆم هەڵخەڵەتان.

(وچانێکی کورت.)

وەک هەر کەسێکی تر.

پیاو

دەزانم مەبەستت چییە.

(وچانێکی کورت.)

تۆ تەنیا بیر لە ژیانێک دەکەیتەوە… بێ من. دەزانم.

(دەیەوێت هاوار بکات.)

ژن

ناتوانم جارێکی تر تۆم خۆش بووێتەوە.

پیاو

ناتوانم جارێکی تر تۆم خۆش بووێتەوە.

(وچانێکی کورت.)

(بە تێڕامانەوە سەیری ژنەکە دەکات.)

منیش.

ژن

چی تۆیش؟!

(بێدەنگی.)

(لە پڕ ژنەکە گۆچانەکەی لە دەست دەکەوێ و خۆیشی دەکەوێ. پیاوەکە سەیری دەکات، دادەنەوێتەوە بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات، بەڵام ژنەکە تەواو بێ هۆشە.)

پیاو

قسە بکە…

(پیاوەکە هەڵدەستێتەوە سەرپێ و بە ژوورەکەدا دێ و دەڕوات.)

پیاو

وابزانم مرد!

(سەیرێکی ژنەکە دەکاتەوە، کە بێ جووڵە کەوتووە.)

کە بێزارم… زۆر بێزارم.

(وچانێکی کورت.)

ئێستا کاتی ئەمەیە!

(سەیری ژنەکە دەکاتەوە.)

بێ تۆ کەسێکی بێ گوناهم. هیچ گوناهێکم نییە. تۆ هەرگیز هیچ شتێکت لە بیر ناچێتەوە. بۆ ئەوە نەهاتووم لێت بپارێمەوە… چارەنووسی ئێمە بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پێکەوە گرێ دراوە. تۆ هەمیشە وا ده‌ڵێی… “چارەنووسی ئێمە پێکەوە گرێ دراوه.” بەڵام “من ئەو ژەهرەم کە هەموو ڕۆژێک تۆ دەیخۆیتەوە.” لە بیرتە هەمیشە وات پێ دەگوتم. من ئەو ژەهرەم کە تۆ هەموو ڕۆژێک دەیخۆیتەوە.

(ژنەکە دەکۆکێت، پیاوەکە سەیری دەکات.)

پیاوەکە

نەمردووە!

ژن

(بە یارمەتی گۆچانەکەی هەڵدەستێتەوە سەرپێ. دەست دەکوتێ.)

لێرە ماوی؟

پیاوەکە

ترسام، وامزانی مردووی!

ژن

بوورامەوە.

پیاوەکە

دەمێکە نەبووراویتەوە!

ژن

تۆ پەیمانی نێوانمانت شکاند… تۆ بووی ڕێگات دا کەسێکی تر بێتە نێو جێگاکەمان… کەسێکی تر دەست لە جەستەت بدات.

(وچانێکی کورت.)

ئەو ڕۆژەی ناپاکیت لە من کرد، پڕ بووی لە خۆشەویستی، پڕ بووی لە وزە و ژیان… تەنیا خاڵی بووی لە من.

(وچان.)

پیاو

تۆ تاوانباری…

ژن

(نایەڵێت قسەکەی تەواو بکات.)

پڕ بووی لە وزە، پڕ بووی لە ژیان، پڕ بووی لە خۆشەویستی…

(وچانێکی کورت.)

خاڵی بووی لە من.

پیاو

چاوەکانت دەبریسکێنەوە!

ژن

بەڵێ…

(پێدەکەنێت.)

پیاو

بەچی پێدەکەنی؟

ژن

چاوەکانم دەبریسکێنەوە… لە بێزاریدا.

(وچانێکی کورت.)

ڕقم لە خۆمە… زۆر ڕقم لە خۆمە. ئەم هەموو ئازارە. چەندە ئازارەکان زۆر بن…

(بێدەنگی.)

پیاو

بۆ بێدەنگ بووی؟ کە ئازارەکان زۆر بن… چی؟

ژن

زیاتر ڕقم لێت دەبێ. تۆ دەتەوێ ببمە سێبەرێک بۆ تۆ… یان بیرەوەرییەک!

پیاو

با هیچ شتێک بە نهێنی نەمێنێتەوە.

ژن

ماندووم.

پیاو

لە نهێنییەکانت؟

(وچانێکی کورت.)

ژیانی تۆ پڕە لە نهێنی.

ژن

نهێنی!

پیاو

بەڵێ نهێنی… من زۆر باش دەتوانم نهێنییەکانی تۆ بخوێنمەوە.

(وچان.)

ژن

هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە.

پیاو

تۆ بیر لە کەسێک دەکەیتەوە؟

ژن

کەسێک!

(پێدەکەنێت.)

کەسێک!

(وچانێکی کورت.)

کۆتایی بە ژیانم دەهێنم.

(وچان.)

ئاگات لە منداڵەکانم بێ.

پیاو

بەڵام ئەمە هیچ چارەسەرێک نییە.

ژن

چی؟

پیاو

هیچ!

ژن

هێشتا خۆشم دەوێی. بە نەفرەت بم… بە نەفرەت بی… کە ناتوانم خۆشم نەوێی…

(هاوار دەکات.)

گوێت لێ بوو؟

(دەوەستێت.)

گوێ بگرە…

(وچانێکی کورت.)

بە نەفرەت بی… کە ناتوانم خۆشم نەوێی…

(بێدەنگی.)

پیاو

هەمیشە ژیان لە شوێنێکی تردا دەست پێ دەکاتەوە.

ژن

(هاوار دەکات.)

بە نەفرەت بی…

پیاو

بڕوات بێ.

ژن

بە نەفرەت بی…

(بێدەنگی.)

پیاو

بە پێچەوانەوە.

ژن

چی بە پێچەوانەوە؟

پیاو

من ناتوانم جارێکی تر تۆم خۆش بووێت.

ژن

تکایە وا مەڵێ! خۆشت بووێم.

پیاو

گوناهەکان زۆرن.

ژن

چۆن بژیم! نازانم چۆن بژیم… کە نامەوێت بمرم.

پیاو

(وەک بۆ خۆی قسە بکات.)

من ناتوانم جارێکی تر تۆم خۆش بووێت.

(بێدەنگی.)

(ژنەکە هەمدیسان دەبوورێتەوە. ئەمجارە پیاوەکە نایەڵێت بکەوێت و لەسەر کورسییەکە دایدەنێت.)

پیاو

بوورایەوە!

(پیاوەکە دووردەکەوێتەوە و لە دەرگاکەوە دەچێتە دەرەوە.)

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێ، پیاوەکە دێتەوە ژوورەوە. گوڵێکی سپیی گەورەی بەدەستەوەیە و وەک ڕۆڵ لە دیمەنێکی ڕوومانسیدا ببینێت، بۆنی گوڵەکە دەکات، بە خەیاڵ باوەش بە ئافرەتێکی وەهمیدا دەکات و بە بەرخۆیەوە گۆرانی دەڵێت.)

پیاو

لەو بڕوایەدا مەبە، کە واز لە تۆ دەهێنم، کەسێکی ترم خۆش دەوێ… تۆ بۆ کەسی تر بەجێ ناهێڵم… نامەوێ جارێکی تر دەست پێ بکەمەوە. نامەوێ جارێکی تر لەگەڵ هیچ کەسێکی تردا بژیم و خۆشەویستی بکەم… ڕقم لە هەموو کەسێکە… هەر تەنیا ڕقم لە تۆ نییە… ڕقم لە هەموو کەسێکە… ڕقم لە خۆشەویستییە. ڕقم لەو بوونەوەورەی ناو سکتە… دەمەوێ ئەوەی لە سکتایە بیکوژی… پێکەوە بیکوژین.

(لە ناکاو سەیرێکی لای ژنەکەوە دەکا، وەك ئەوەی بیری چووبێتەوە، کە ئەویش لە ژوورەکەدایە.)

(لە ژنەکە نزیک دەبێتەوە، کە لەسەر کورسییەکە بووراوەتەوە.)

وابزانم مردووە.

(بێدەنگی.)

ژن

(بە ئاگا دێتەوە. دەست دەکوتێ. گوێ ڕاده‌دێرێ بۆ ئەوەی بزانێت پیاوەکە لە ژوورەکەدایە.)

گەر دەتەوێت وازم لێ بهێنیت، بە هێواشی وازم لێ بهێنە… هێدی هێدی. بە یەکجارنا، بڕۆیت… پشتم تێ بکەیت… وا بڕۆ هەستی پێ نەکەم. وردە وردە دوور بکەوەرەوە… تا کە ڕۆیشتی… کە ڕۆیشتی هەستی پێ نەکەم… نەڕووخێم. وێران نەبم. نەمرم.

(وچانێکی کورت.)

ڕقم لە ژیانە… ڕقم لە تۆیە.

پیاو

ئەوە نەمردووی؟

ژن

ڕقم لێتە… نامەوێ هیچ شتێك من به‌ تۆوه‌ ببه‌ستێ… نامەوێ هیچ شتێك بە ژیانەوە بمبەستێتەوە.

ئەم ژیانە من دەکوژێ…

ژیانم خۆش دەوێ، بەڵام ژیان منی ناوێ.

(وچانێکی کورت.)

ژیانم خۆش دەوێ بۆیە ژیان دەمکوژێ.

پیاو

گوێم لە هەناسەتە چۆن دەگۆڕدرێ.

ژن

بەڵێ؟

پیاو

بۆنی هەناسەت دەکەم…

ژن

من لە یاد بکە…

پیاو

چی؟

ژن

وا باشترە. لە یادم کە… بۆ هەردووکمان باشترە.

پیاو

تۆ لە یاد دەکەم.

ژن

دەزانم.

(دەگری.)

پیاو

بۆ دەگریت؟

ژن

گرینۆکم. هەمیشە دەگریم.

(پێدەکەنێت.)

پیاو

تۆم لە دەست دا…

(وچانێکی کورت.)

چۆن ئەمە ڕوویدا.

ژن

کەسێك هات و تۆی لە من فراند… تۆ منت لە ژیانی خۆت فرێدایە دەرەوە.

پیاو

من کەوتمە شوێنێکی هەڵەوە. نەدەبوو بێم بۆ لای تۆ.

ژن

من هیچ نانووم.

پیاو

بە شەو؟

ژن

بە شەو… بە ڕۆژ. هیچ کاتێك… هیچ نانووم.

پیاو

بۆ؟ خەوت نایە!

ژن

لە ئەشکەنجەیەکی بەردەوامدام… ناتوانم متمانەت پێ بکه‌م.

پیاو

منیش ناتوانم چیتر لەگەڵ تۆدا ڕاستگۆ بم.

ژن

تەواو هاوسەنگی خۆمم لە دەست داوە…

پیاو

من هیچ هەڵەیەکم نەکردووە.

(بێدەنگی.)

ژن

هیچ شتێک باش نییە، هیچ شتێک ڕاست نییە، هیچ شتێک خۆش نییە، هیچ شتێک تەواو نییە، هەمیشە شتێک ناتەواوە.

(وچانێکی کورت.)

پیاو

سەیرە… کە چیتر ناتوانم لەگەڵ تۆ بم…

ژن

سەیری خۆرەکە مەکە با چاوت ئازار نەدا.

پیاو

لە شوێنێکەوە هاتووم… خۆر لێی نادات.

(ژنەکە بە یارمەتی گۆچانەکەی هەڵدەستێتە سەرپێ، بە کوێرە کوێر بە ژوورەکەدا دەگەڕێت، وەك ئەوەی بۆ پیاوەکە بگەڕێت.)

ژن

زۆر پێویستم پێتە… حەزم دەکرد لای من بوویتایە.

(وچان.)

پیاو

(بە گومانەوە سەیری ژنەکە دەکات.)

ژن

سەرمامە و دەترسم.

پیاو

تۆ لە هەموو شتێك دەترسی. هەزار جارم گوت هیچ شتێك نییە تۆ لێی بترسی!

ژن

دەترسم. بە دەست خۆم نییە. من کەسێکی ترسنۆکم…

(وچانێکی کورت.)

دەمەوێ بڵێم…

پیاو

پێویست ناکا قسە بکەی، دەزانم دەڵێی چی… دەترسی؟

(پێدەکەنێت.)

ژن

(بە هەڵچوونەوە.)

بەڵێ دەترسم! کەسێك دەناسی نەترسێ؟ تۆ خۆت لە هەموو کەسێك زیاتر دەترسی. هەموو دەترسن، هەموو کەسێك دەترسێ… هیچ کەسێک هەست بە ئارامی و دڵنیایی ناکات.

پیاو

(پێدەکەنێت.)

ژن

بەچی پێدەکەنی؟

پیاو

هیچ!

(وچانێکی کورت.)

دەنگم دەرنایە… ناتوانم قسە بکەم.

ژن

خۆت زۆر باش ئەمە دەزانی.

پیاو

خۆم چی باش دەزانم؟

ژن

کە هەموومان دەترسین!

پیاو

بەڕاستی دەنگم دەرنایە…

(هەوڵ دەدات بکۆکێ.)

ژن

ناتوانی قسە بکەی!

(دەقیژێنێت.)

تۆ پێنج شه‌مه‌ی!

(بە شێوەیەکی هستریا پێدەکەنێت.)

پیاو

پێنج شەمە؟

(پێدەکەنێت.)

(لە ژنەکە دەچێتە پێشەوە و دەستی دەگرێت و ڕادەکێشێت بۆ لای خۆی.)

هیچ گوناهێکم نییە.

ژن

دەستم بەردە…

(وچان.)

پیاو

دەڕۆم!

ژن

کەی دەگەڕێیتەوە؟ پێویستم پێتە.

(بێدەنگی.)

پیاو

هیچ گوناهێکم نییە.

ژن

تۆ دەستدرێژیت کردە سەرم.

پیاو

من هیچ هەڵەیەکم نەکردووە… ئەوەی بەینی من و تۆ، لە سەرەوەی هەموو یاسایەکەوە بوو.

ژن

چ یاسایەك؟

پیاو

یاساکانی ئاسمان و ئەوانەی سەر زەویش.

ژن

به یاساکانی ئه‌رز و ئاسمان؟

پیاو

(پێدەکەنێت.)

ژن

هەست بە هیچ ناکەم!

پیاو

هیچ گوناهێکم نییە.

(ژنەکە خەریکە دەبوورێتەوە، پیاوەکە خێرا دەستی دەگرێت و نایەڵێ بکەوێت.)

پیاو

تکایە مەبوورێرەوە.

ژن

هەر لە منداڵییەوە ئەم بوورانەوەیەم لەگەڵە.

(وچانێکی کورت.)

(دەیەوێت بڕوات، دەوەستێت.)

سەیرە!

پیاو

چی سەیرە؟

ژن

زۆریش سەیرە!

پیاو

(لە ژنەکە نزیك دەبێتەوە.)

چی سەیرە؟

ژن

چیرۆکی ئەو پیاوەم بیرکەوتەوە.

پیاو

پیاو کێیە؟

(بە تێڕامانەوە سەیری ژنەکە دەکات.)

پیاوی چی؟

ژن

قسەی لەگەڵ ژنەکەی دەکرد.

پیاو

کێ قسەی لەگەڵ ژنەکەی دەکرد؟

ژن

ژنەکەی دەمێك بوو مردبوو. ئەو دەیگوت هەموو شەوێك قسە لەگەڵ ژنەکەی دەکات… بەرلەوەی بنووێت.

پیاو

لەگەڵ کێ؟

ژن

لەگەڵ ژنەکەی.

پیاو

ئەگەر ژنەکەی مردبێ، چۆن قسەی لەگەڵ دەکات؟

ژن

گوتی ئەوان هەموو شەوێك پێکەوە قسە دەکەن!

(بێدەنگی.)

(ژنەکە لە ژوورەکە دەچێتە دەرەوە.)

پیاو

چەند دڵخۆشم بە بینینت!

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. پیاوەکە، هەروەك سەرەتای دیمەنەکە، بە هێمنی دەچێتەوە سەر کورسییەکە و دادەنیشێتەوە و سەری دەخاتەوە نێو هەردوو لەپی دەستی.)

(لە دەرەوە، ناڵەی هاوارێکی بەهێز لە ژنەکەوە دێت.)

(بێدەنگی.)

(ژنەکە لە دەرگاکەوە دێتەوە ژوورەوە، کراسە سپییەکەی لە خوار کەمەرییەوە و بە بەینی ڕانەکانییەوە، هەمووی خوێنە و بە کراسەکەیدا هاتۆتە خوارەوە. هەردوو دەستی بۆ پێشەوە درێژ کردووە و دەمی کردۆتەوە، وەك ئەوەی بقیژێنێت، بەڵام هیچ دەنگێکی لێوە نایەت. لە پڕ خوێن بە دیوارەکانی ڕووەو بینەراندا لە هەموو لایەکەوە، وەك چۆڕاوگەی باران دێتە خوارەوە.)

پیاو

(دەستی ژنەکە دەگرێت، وەک بیانەوێ پیاسەیەک بکەن. بەرەو ناوەڕاستی پێشەوەی شانۆکەی دەیهێنێ.)

(وچانێکی کورت.)

ئەمرۆ ڕۆژەکەی خۆشە.

ژن

ڕۆژێکی زۆر خۆشە!

(بێدەنگی.)

(تاریکی.)

یەکەم ڕەشنووس: ٣/٦/٢٠٢٢

ستۆکهۆڵم