نڤیساری ژنانە؛ جیاوازی و خەسارناسی

ڕاپۆرتێک لە کۆڕی تاوتوێکردنی "نڤیساری ژنان" لە ناوەندی جامی مەهاباد

ناوەندی فەرهەنگی هونەریی جامی شاری مەهاباد ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی لە نۆزدەهەمین دانیشتنی حەوتانەی، کۆڕێکی بە بەشداری مامۆستایان و هۆگرانی فەرهەنگی کوردی بۆ تاوتوێکردنی مژاری “نڤیساری ژنانە” بەڕێوە برد.

لە سەرەتای ئەم دانیشتنەدا خاتوو “نەسرین جەعفەری” لە وتارێکدا سەبارەت بە “جێگە و پێگەی ژنان لە ئەدەبیاتی کوردی” وێڕای ئاوڕدانەوە لە ڕەوتی ئەدەبیاتی هاوچەرخ و پێگە و ئاستی ئەو ئەدەبیاتە، باسی لەوە کرد کە ژنانی کورد چۆن و بە چ شێوازێک دەتوانن زیاتر بێنە ناو مەیدانی نووسین و بیرکردنەوە.

خاتوو جەعفەری بە گرێ‌دانەوەی دۆخی ئەدەبی ژنانی کورد بە هەلومەرجی ئابووری، سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوین‌، ڕایگەیاند: ئێمە لە وڵاتێکی لەت لەت‌دا دەژین و هەر بەشەی مێژوویەکی ئەدەبیی تایبەتی هەیە و کەم وایە دەستمان بە سەرچاوەکانی ئەو مێژوویەش بگات. ئەوەی ڕاست بێ ژن لەم بەشەی کوردستان لە ژێر کارتێکەریی ئەدەبیاتی فارسی‌دایە و ناتوانی لەوی جیا بکەیەوە.

وێنەیەک لە کۆڕەکە

ناوبراو وێڕای بەسەرکردنەوەی ژن لە ئەدەبیاتی کلاسیک وەک گراوی و بوونەوەرێکی خەیاڵی کە ڕۆڵێکی جیاواز لە کۆمەڵگا وەک بوونەوەرێکی بێبەش و ژێردەستەی پێی دراوە، وتی: ژن لەم قۆناغەدا تەنیا وەسیلەیەکە بۆ خزمەتی پیاو و بنەماڵە و هاوکات لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی بێبەشە و خویندەواری نییە. لە ‌١٢٨٠دا کۆمەڵگا ئیزنی خوێندنی بە ژن نەداوە و تەنیا هێندێک ژن دەبینین کە لە ماڵە خۆیان ئیزنی خوێندنەوەیان هەبووە، نووسین هەر نا.

جەعفەری سەرهەڵدانی مەشرووتەی لە ئێران وەک خاڵێکی وەرچەرخانی دەرکەوتنی ژنان وێنا کرد و لەو بارەوە ڕوونی کردەوە: هاتنی مەشرووتەیە دەبیتە هۆی ئاڵ‌وگۆڕیی وەزعەکە و ئەوە زۆر گرینگە لە مێژووی ئەدەبیی ژن‌دا. چون یەکێک لە دروشمەکانی مەشرووتە بەرابەریی مافی ژن و پیاوە، دوای ئەوە دەرگای مەدرەسەکان دەکرێنەوە و ژن پەیجۆری شوناسی خۆی دەبێ و دێتە نێو دنیای ئەدەبیاتەوە. گۆڤار و چاپەمەنی کاریگەرییەکی گرینگیان هەبووە لە ڕەوتی ئازادیخوازی و داوای مافی بەرابەری لە سەد ساڵی ڕابردوودا. ژن وشیار دەبێتەوە و گرینگی ئەدەبیات دەناسێ و مافی تاکەکەسی و ڕێزنان لە مافی ژن لە کۆمەڵگا و بنەماڵە دێتە ئاراوە و ئەوەش ڕەوتێکی نوێی دروست دەکا.

نووسەری کتێبی “بڵیند و نەوی” لە درێژەدا باسی لە غەیابی ژنی کورد لە گۆڕەپانی دەستەبەرکرانی مافی تاکەکەسیی ژنانی ئێرانی لە دوای ڕەخسانی یاسا مەدەنییەکانی پاش مەشرووتەی کرد و وتیشی: لە کاتێکدا ڕۆماننووسی ژنان لە ئەورووپا تەمەنی پتر لە ٣٠٠ ساڵە و لە ئێرانیش نزیکەی ٧٠-٨٠ ساڵە ژنان کار دەکەن، یەکەم بەرهەمی ژنی کورد لە ناوچەی ئێمەدا لە ساڵەکانی ٢٠ و ٢٥ی هەتاوی بە دەستی “کوبڕا عەزیمی” تەنیا ژنی خوێندەوار کە خۆشی دەرس بە کچان دەڵێ و یەکەم بەرهەمی لە ڕۆژنامەی کوردستان‌دا بڵاو بۆتەوە، نووسراوە. ئەمە نیشان دەدا کە ئێمە هێشتا مەودایەکی دوورمان ماوە بگەینە ئەدەبیاتی ژنانی ڕۆژاوا.

ناوبراو وێرای گرێ‌دانەوەی ئەم غەیابە بە هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیی ناوچە، زیادی کرد: دوای ساڵی ٥٨ی هەتاوی شایەدی نووسینی تاق‌ولۆقی ژنانین. سروە وەک یەکەم سەرچاوە و یەکەم بەرهەمەکانی ژنی کوردی ئێرانی لە بەر دەستە و چەند کەس تێیدا دەنووسن. دوای سروە چەند گۆڤار و ڕۆژنامەی تر وەک زرێبار و سیروان و ئاویەر و … کاری ژنانیان تێدا چاپ دەبێ. پێش‌تر ئێمە نیشتمان و گڕوگاڵ و کوردستان و …ـمان هەیە و شوێنەواری ژنی تێدا نییە.

خاتوو جەعفەری هەروەها لەبارەی مژارەکانی نووسینی ژنانی کورد ڕایگەیاند: ژیانی سوننەتی و کۆمەڵگای پیاوسالار و نەخوێندەواری گرفتی سەر ڕێگای ژنانن و ئەوە دەردی ئێستای ژنی کوردیشە و زیاتر لەوەش گەڕانی ژنی کورد لە شوناسی خۆی هەنگاوێک ئەولاتری کەڵکەڵەی ژنانی جیهانە؛ لە کاتێکدا ئیمکاناتێک کە وەک بەستێنی نووسین پێویستن، لە بەردەستی ژنانی کورددا نییە و نووسەرانی ئێمە خۆڕسکن.

پاشان “د. بەیان عەزیزی” لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “نڤیساری ژنانە” بە نرخاندنی لایەنی زمان وەک یانەی هەستی و پێناسەبەخشی ژیان، جەختی لەوە کرد کە ئەگەرچی زمان فۆڕم‌بەخش و دیاریکەری ناوەڕۆکی ژیانە، بەڵام هەرگیز قەتیس و چەقبەستوو نییە و خۆی پێوەندییەکی دیالێکتیکی لەگەڵ کات-شوێندا هەیە.

ناوبراو لە درێژەدا ئاوڕی لە لایەنی کۆمەڵناسانە و مرۆڤناسانەی زمان دایەوە و ڕایگەیاند: کۆمەڵناسیی زمان لقێک لە زمانناسییە کە ئاوڕ لە کاریگەرییەتییەکانی زمان و کۆمەڵگە لەسەر یەکتر دەداتەوە و لەسەر ئەم باوەڕەیە کە هەر تاکێک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەست بە ڕەگەز و تەمەن و پێگەی خۆی، خاوەنی جۆرە زمانی خۆیەتی و هەر بەم پێوەرەش دەبینین کە زمانناسان، کۆمەڵناسان و مرۆڤناسان ئەم بابەتەیان بەلاوە گرنگە کە بابەتی ژن  و پیاوبوون چ پێوەندییەکی هەیە لەگەڵ بەرهەمهێنانی دەق کە خاوەن زمانی تایبەتی خۆیەتی.

ئەم توێژەرە بە دەستنیشان‌کردنی ئەم بابەتە وەک کاکڵەی سەرەکیی هۆی جیاوازیی شێوەکانی بەرهەم‌هێنانی دەق لای نووسەرانی ژن و پیاو، ئاماژەی بە سێ جۆرە ڕوانگە لەم بارەوە کرد و وتی: لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی و ئەزموونییەوە باس لەوە دەکرێت کە زمان و ڕەگەز دوو سیستمی سەربەخۆ و جیاوازن بەڵام لە هەمان کاتدا کاریگەرییەتی لەسەر یەکتر دادەنێن. رابین لیکاف(١٩٧٥) وەک دامەزرێنەری ئەم باسە لەسەر ئەو باوەرەیە کە جیاوازییەکانی زمان لە دەقەکانی نووسەرانی ژن و پیاودا، بە هۆی جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرهەم‌هێنەرەکانیەتی. کەواتە جیاوازیی دەسەڵات و چینی ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو لەسەر زمان و دەق کاریگەرییەتی تۆخ دادەنێت. وەک نموونە دەکرێ ئاماژە بە مەستوورەی ئەردەڵان وەک یەکەم ژنی مێژوونووس لە ئاستی جیهاندا بکەین کە بێجگە لە زیرەکی و بلیمەت‌بوونی تاکی خۆی، خاوەنی خێزانێکی دەسەڵاتداریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە ، کچی ئەبولحەسەنبەیگی قادری  و هاوسەری خەسرەوخانی ئەردەڵان کە حاکمی ئەمارەتی ئەردەڵان بووە. وەها جێ و شوێنێک ئەو ئیمکانەی بەو دابوو کە بتوانێت بێ هەبوونی لەمپەر و جیاوازی بنووسێت و خاوەنی دەقی خۆی بێت. لە حاڵێکدا زۆربەی ژنانی ئەو سەردەمە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش بوون و تەنانەت خوێندن بۆ بەشیکی زۆر لە پیاوانیش ئەستەم بووە، کەواتە فاکتەری ڕەگەز بە هۆی پێگەی دەسەڵاتداریی و چینی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەسەر لەمپەرەکانییدا زاڵ بووە.  

وەک دووەهەمین ڕوانگە سەبارەت بە جیاوازیی نڤیساری ژنانە بە گوێرەی وتەکانی د. عەزیزی بریتی بوو له ڕوانگەی دەروونناسی کە بەم جۆرە باسی لێ کرا :بیرمەندانی زماننناسی و دەرونشیکاری ئاوا لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە زمانی پیاوانە هەر بەو جۆرە کە لاکان باسی لێ دەکات واتە زمانی پێوەر و دیسیپلینی باو، هەربۆیە ژنان لەبەر ئەوەی ناتوانن ئەم سیستمە زمانییە سەپاوە لە ناخیاندا جێگر بکەن، بایەخ و ڕۆڵ و باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەریاندا دەسەپێت و لە ئاکامدا یان مەجبوورن بە هەمان زمانی دەسەڵاتداری پیاوانە بنووسن و قسە بکەن یان زمانی ژنانەیان بەشی جیهانەکەیان ناکات و ڵاڵەپەتەیە چوونکە لەوە پێش دەسەڵاتی باوی زمانی لە دەست پیاوادا بووە. لە لایەکی تریشەوە لە رێگەی ئەم زمانەوە ژن بە ژێردەست ئەژمار دەکرێت و ئەو وێنایە دیسان لە ناو دیالۆگەکاندا بەرهەم دێتەوە. نموونەی ئامادەی ئەم ڕوانگەیە، کۆمەڵێکی زۆر باس و نوکتە و پەند و بازنەی وشەیە کە بۆ ژێردەستەیی زەینی و مانایی هەبوونی ژنانە لە ناو کۆمەڵگەدا هەڵڕژاوە و نووسەری ژن سەرەتا دەبێ خۆی لەو خەسارە دەروونییانە ڕزگار بکات ئەو کات دەست بداتە نووسین و ئافراندنی هەر دەقێک. خاڵیکی گرنگی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ خودسانسۆرکردنی ژنی نووسەر لە پێگەی وەبەرهێنەری نڤیسار  کە دەبێ هەم پێرسۆناکانی خۆی تووشی گۆڕانکاری بکات هەم ڕوانگەی خۆی بە شیوازێک نیشان بدات کە بەر ڕەخنەی دەرەکی نەکەوێت. واتە لە باری دەروونی و زەینییەوە (ئەویدییەکی گەورە)ی لاکانی لەو دیو دەق چاودێری دەکات و لە ڕێگەی زمانەوە بەسەر وشیار و ناوشیاری ئەودا زاڵ دەبێ و لە ڕێگەی دالە زمانییەکانەوە سوژە پارچە پارچە دەکات. ئەویدیی گەورە دەتوانێ پیاوێکی  سەمبۆلیک و زاڵ بێت یان پیاوێکی واقعی لەناو خێزاندا کە بپرسێت ژنی ناو دەقەکە کێیە یان بە توندی بەرامبەر دەربڕینی ئەدەبی ڕاوەستێت و بەم شێوە خۆسانسۆکردن هەر لە سەرەتای نووسینەوە دەست پێ دەکات. نووسەری ژنی ئێمە کاتێک دەنووسێت، بێجگە لە گرفت و لەمپەرە دەرەکییەکان لەگەڵ خۆسانسۆرکردنیش بەرەوڕووه و بەردەوام لە کاتی نووسیندا ئەویدیی گەورە، سەرچاوەی فەرمان و خاوەنی مەیل بە وتەی لاکان لەبەر چاویدا ئامادەیە و نابێ لە یاساکانی ئەویدی لا بدات و بوونی خۆی و بایەخەکانی لە ژێر سێبەر و ئامۆژگاریی ئەودا ببینێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ زۆر شت بسڕیتەوە و نەنووسرێت. هەر بۆیە دەربازبوون لەم لەمپەرە مێژوویی و دەروونییە زۆر دژوارە.

ناوبراو سەبارەت بە ڕوانگەی سێهەم واتە زمانناسی وەک بابەتێکی پەیوەست بە ڕوانگەی هێلێن سیکسۆ(١٩٧٦) وتیشی: لەم ڕوانگەوە زمان و ئەدەبیات و دەسەڵات دەستکردی پیاوانە و سەرەتا دەبێ ئەم دووالیتە و دووژماردنە کۆتایی پێ بێت و بۆ ئەو مەبەستە پێگەی باڵادەست و ژێردەست تێک‌بڕووخێت و زمانی ژنانە کاتێ دەتوانێ دەق بخوڵقێنێت کە هەموو یاسا و ڕێسا داسەپاوە دەستکردەکان تێک بشکێنێت. هەر لێرەوەیه کە نڤیساری ژنانە دەخوڵقێت و خۆی لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێت. وەک نموونە سیکسۆ خۆی کەسێکی بیرمەند، جوولەکە، کەمینەیەک لە ژێر کۆلۆنالیزمی فەڕەنسادا و نووسەرێک بوو کە هەوڵی دا نڤیساری لە ژێر زمانی پیاوانەدا ڕزگار بکات و ستراکچێری دیالێکتیکی دەق بگوڕێت.

خاتوو بەیان لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند: ئەگەر عەرەب شەمۆ بە باوکی رۆمانی کوردی ناو بەرین و شوانی کورد کە ١٨٩٣٥ چاپ کراوە وەک بەرهەمی یەکەم بژمێرین و پاشان دیکەی بەرهەمەکانی نووسەرانی پیاو لە دەیەی پەنجا و شەست بە دواوە، دەبینین کە لە سەردەمێکدا نووسراوە کە سەروبەندی پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە دژ بە کورد و فەزایەکی تەواو سیاسی حاکمە، پەیمانی سیڤەر و سایکس بیکۆ و  لۆزان چارەنووسی کوردستان دیاری دەکات. دوای چەند دەیە ئێمە یەکەمین بەرهەمە چاپکراوەکانی ژنانی نووسەر دەبینین کە بە گشت لەمپەرەکانیانەوە خۆیان گەیاندۆتە مەیدانی ئەدەبیات. وەک نموونە بە خێرایی ئەم ناوانە دەبەم: پاکیزە خورشید ١٩٦١، خانم رەسوول، دیا جوان، د.کوردستان موکریانی، ئەحلام مەنسوور، د.نەزەند بەگیخانی، نەجیبە ئەحمەد، مەهاباد قەرەداغی، نەسرین جەعفەری، مەهپارە ئیبراهیمی، ژیلا حسێنی، مریم قازی، زێنەب یووسفی لە یەکەمین ژنانی نووسەرن کە بەرهەمەکانیان چاپ کردووە رچەشکێن بوون و دوای ئەوان جیلێکی دیکە دێت کە گەلێک ناوی تێدایە و زۆرێک لە کێشە سەرەتایییەکانی چارەسەر بوون بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو سێ کوچکەی  لەمپەرە کۆمەڵایەتی، دەروونی و  زمانناسییەکان لەئارادان.         

د. خالق جەلیل‌نژاد وەک سێهەم وتاربێژی ئەم دانیشتنە لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “لە ئۆبژەیەکی بێدەنگ بۆ سوژەیەکی پێشەنگ” وێڕای ئاماژە بە فرەڕەهەندبوونی پرسی بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان و لێ‌کەوتنەوەی گۆشە‌نیگای فکری و مەعریفیی جۆراوجۆر، مێژووی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی بەسەر چوار قۆناغدا دابەش کرد و وتی: قۆناغی یەکەم قۆناغی “سرینەوە و وەلانان”ـه و لەخۆگری ئەو بەشە لە ژیانی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی ژنانە کە تێیدا ژن وەک مڕۆڤێکی خاون ماف و پێگەی کۆمەڵایەتی سەیر ناکرێ و لەم بارەوە دەکرێ ئاماژە بە کتێبی پۆلێتیای ئەفلاتون بکەین کە لە باسی دروستکردنی کۆمەڵگای یوتۆپیکی خۆی لەو کتێبەدا، زۆر ڕاشکاو سێ چین واتە ژنان، ئەسیران و ئەو کەسانەی بە سەردان هاتوونەتە دەوڵەت-شار، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە ماف بێ‌ىەش دەکات. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ ژن هیچ پلە و پێگەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی نییە و ئەو فام و تێگەیە بەرامبەر بە مافی ژن تا سەدەکانی ناوەڕاست بەردەوام دەبێ و لەو دەورەیەشدا له ژێر سێبەر و هێژمۆنی دیکسۆرسی تیۆڵۆژیکی کلیسا دیسان بێ مافی ژن لە کەلام و فامێکی پێرۆز و ئاسمانی گرێ‌دەدرێت و ژن وەک ئۆبژەیه‌ک لە ژێر هێژمۆنی ئەو دیسکۆرسە پیاوسالارییە‌دا بە جۆرێک تووشی سڕینەوە دێت.

بە گوێرەی ئەم توێژەرە قۆناغی دووەم واتە “قۆناغی سەلماندنی وێکچوونی ژن بە پیاوە” لەباری مەعرفییەوە بە نووسینی کتێبی “بەرگری لە مافی ژنان” بەرهەمی “مەری وۆڵستۆن‌کرافت”ـه‌وە دەست پێ‌دەکا و زیادی کرد: ئەو قۆناغە لەڕووی مەعریفییەوە بە تەواوی کارتێکەری شۆرشی ڕۆشنگەری پێوە دیارە و ئێلەمانەکانی ئەم شۆڕشە وەک هیۆمانیسیم، ڕاسیۆنالیسم، ئازادی و عەدالەتخوازی هێزیکی مەعریفی نوێ بە بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان دەبەخشن و ڕێخۆش دەکەن بۆ لەدایکبوونی مرۆڤناسییەکی نوێ(anthropology) و دەربازبوونی کۆیلەی مڕۆڤ بەگشتی و ژن به‌تایبەتی لە ژێر هێژمۆنی دیسکۆرسی سوننەت و ئیلاهییاتی کلیسا. لەمناوە ئێلەمانکانی فکری شۆرشی ڕۆشنگەری و “مافی سروشتی”(Natural right) ڕێگا دەدەن بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان بتوانێ، ژن وەک بوونەوەرێکی هاوتا و هاوشێوەی پیاو پێناسە بکات. واتە له‌و قۆناغە، چەمکی “مڕۆڤ” وەک خالی ناوەندی دیسکۆرسی بزووتنەوەی مافخوازی ژنان بەرجستە دەکرێ و پێگەی کۆمەڵایەتی و مافی “ژنان” هاتاو و هاوشێوەی پیاو دەخوێندرێتەوە. بەو پێیە ئەو قۆناغە ویستی سەرەکیی خۆی لە “سەڵماندن” و “هاوسەنگ‌خوازی”ی ژن دەگەڵ پیاودا پێناسە دەکات.

وتیشی: نڤیساری ژنانە لەم قۆناغە‌دا، ڕەچاوی سونەتی باو دەکات کە پیاوسالاری لە نووسین بەرهەمی هێناوە. واتا لە دەقی ژنانیشدا، چۆنێتیی داڕشتنی کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی ڕێک لە درێژەی هەمان دیسکۆرسی باو و بەردەستدا خۆی دەبینێتەوە کە سوننەتی پیاوسالار لە مێژووی خۆیدا پێکی هێناوە. تەنانەت نووسەرانی ژن لەو دەورەیەدا لە ناسناوی پیاوانە کەڵک وەردەگرن، بۆ وێنە “جین ئاستین” یان خوشکانی “بونتە” زۆربەی نووسراوەکانیان بە نێوی پیاوانە بڵاو کردۆتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە قۆناغی “جیاوازیی ژن و پیاو” وەک قۆناغی سیهەم ڕایگەیاند: لەم قۆناغەدا پێداگری لەسەر بەرابەربوونە‌. بەڵام ئەم ویستە لە چوارچێوەیەکی کورتی کۆنسێرڤاتیڤدا خۆی پێناسە ناکات، بەڵکوو ویستی بەرابەری لە سەر دوو بنەمای نوێدا خۆیی دەردەخات کە بریتین لە “بەرابەریی مەدنی”، “بەرابەریی کەڵک‌وەرگرتن لە دەرفەتەکان”. ئەو فامە لە بەرابەری، سەرەتای دابڕانێکی مەعریفی نوێ و دەستپێکی تێگەیەکی تازەیە لە “چۆنێتیی بوونی ژن”. لەم قۆناغەدا، ڕێژەی ئەو دەقانەی دەیانهەوێ پرسی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان باس بکەن ڕوو لەزیادبوونە. بۆ وێنە دەقێک بە نێوی “ئینجلی ژنان” بڵاو بۆوە کە بە پشتبەستن بە سوننەتی مەعریفی لیبرالیستی و مافی سروشتی، ڕەخنە لەو دیسکۆرسە دەگرێ کە تیۆلۆژیی مەسیحی بۆ فامکردنی پرسی ژن بەرهەمی هێناوە. ئەو کتێبە، زۆر بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکا کە ژنان نابێ هیج یاسا، ڕیسا یان نۆرمێک قبوول بکەن کە مافی سروشتی ژنان ڕەچاو ناکا.

د. جەلیل‌نەژاد هەروەها سەبارەت بە مێتۆد و ناوەڕۆکی نڤیساری ژنان لەو دەورەیەدا ڕاشیگەیاند: لەگەڵ بەرین‌تربوونی مەیدانی چالاکیی ژنان لەم قۆناغەدا، نووسینی ژنانیش گۆرانی بەسەردا دێت. دەقی ژنان نەک نایهەوێ سیمای ژنان له درێژەی گوتاری پیاوسالاردا پێشان‌بداتەوە، بەڵکوو لە حەوڵی خوڵقاندنی دەرفەتێکی مەعریفی دایە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیمای خەوشێندراوی ژنان. ئەو قۆناغە سەرەتای لەدایکبوونی مێتۆدۆڵۆژیکی نوێیە لە چۆنێتیی بەرهەم‌هاتنی دەقی ژنانە. بە واتایەکی دیکە، سیمای ژن لە کانتێکێس و ئیپیستمۆڵۆژێکی دەرەوەی سوننەتی باو و پیاوسالار لە دەقدا بوون و مانا پەیدا دەکا.

قۆناغی “ڕەخنەی ڕادیکاڵ و سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتی” چوارەمین قۆناغ لە گۆشەنیگای ئەم مامۆستای زانکۆیە بوو کە لەبارەیەوە ڕایگەیاند: لەم قۆناغەدا بە هۆی کارتێکەریی چەند ڕووداوی گرنگ، جەوهەری پرسی مافخوازانەی ژنانی ئاودیوی بارودۆخێکی نوێ کرا و ژنان وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و زانستی پێگەیەکی بەرجاوتریان دەستەبەر کرد. بەرچاوترینی ئەو ڕووداوانە بریتی‌بوون لە: ١) کەڵک‌وەرگرتن لە هێزی کاری ژنان لە پاش شەڕی جیهانیی یەکەم و ڕەخسانی هەلی بەشداریی ژنان لە پێکهاتەی ئابووری و پێویستیی ڕاهێنانی هێزی کار و کرانەوەی زانکۆکان بەڕووی ژناندا، ٢) بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی مافی مڕۆڤ له ساڵی ١٩٤٨ و شوێن‌گۆڕکێی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنانی لە چوارچێوەی و پێگەیەکی لۆکاڵی بۆ بابەتێکی یۆنیڤێرساڵ و جیهانی گۆرێ پاش نووسەرانی ئەو جاڕننامەیە. ئەو پێشهاتە سەرنجدان بە پرسی ژنانی لە گرێبەستە نێونەتەوەیییەکاندا بەهێز کرد و سێ کۆنوانسیۆنی “سەبارەت بە مافی سیاسی”(١٩٥٢)، “سەبارەت بە پێشگرتن لە پەرەسەندنی گوشار و زۆرەمڵێ”(١٩٦٢) و “سەبارەت بە نەهێشتنی هەڵاواردنی ژنان لە هەموو بوارێکدا”(١٩٧٩)ی بەدوادا هات.

ناوبراو سەبارەت بە سەرچاوە هزرییەکانی ئەو قۆناغە، ڕوونی کردەوە: لە قۆناغی چوارەمدا ڕێخۆش دەبێ بۆ سەرهەڵدانی فێمێنیسمی ڕەخنەگرانە(critical feminism) کە لەباری فکری کارتێکەریی فەلسەفەی ئێگزێستیانسیالیسمی پێوە دیارە. ئەو فەلسەفەیە کۆمەڵێک ئێلەمانی مەعریفی بە بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان بەخشی کە ئەو بزووتنەوەی لە ڕووی ئیپیستمۆلۆژییەوە ڕایکال و ڕەخنەگرتر لە سوننەتەکانی پێش خۆی کرد و “ڕەگەزی دووەم”ی سیمۆن دو بۆڤوار نموونەی بەرچاوی ئەو هەڵوێستە مەعرفییەیە کە لە سالی ١٩٤٩ له ژێر کارتێکەریی فەلسەفەی ئێگزیستانسیالیسم ڕەخنەیەکی تووند لە ئۆنتۆڵۆژی ژن دەگرێت و بەوەی تۆمەتبار دەکات کە لە ڕێباز و سوننەتەکانی پیاوسالاردا بەرهەم هاتوون.

د. جەلیل‌نژاد سەرهەڵدانی چەشنێک فێمینیسمی ڕادیکاڵ و ڕەخنەگر کە چ له ڕووی ئیپیستمۆلۆژی و چ وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێناسەی بزووتنەوەی مافخوازانەی ژنان ڕادیکاڵ و ڕەخنەگرتر دەکا، بە دەسکەوتی ئەم قۆناغە زانی و ڕاشیگەیاند: لە ژێر کارتێکەری ئەو دیسکۆرسە ڕەخنەگر و ڕادیکاڵە دەق و نڤیساری ژنانەش تەواو گۆرانی بەسەردا دێ و دەق و نڤیساری ژنانە له ڕووی واتا و بابەتەوە بەربڵاوتر دەبێ و چیتر پرس و مژاری دەقی ئەو دەورە تەنیا ژنانی چینی مامناوەند و سەرووی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو ڕوو دەچێتە ناو هەناوی قووڵی کۆمەڵگا و دەنگی ژنانی پەراوێزخراو وەک ژنانی ڕەش‌پێست، ژنانی سەر بە ئیتنێک یان ئایینە کەمینەکان، ژنانی چینی ڕەشۆک و دەست‌کورتیش دبنە بابەتی فکری. هەر بۆیە پرسی دەقی ژنان لەو دەوریەدا، پرسێکی فرەچەشنە و تەنیا لە چوارچێوی “جنسییەت”دا کورت و قەتیس نابیتەوە و لەگەڵ خۆی تێز و بیرۆکەیه‌ک دێنێتە ئاراوە بە نێوی “ڕزگاری و شۆرشی کۆمەڵایه‌تی”.

ئەم مامۆستای زانکۆیە لە بەشی دووەمی باسەکانی سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە چواچێوەی کۆمەڵگای کوردی، وێرای لێکدانەوەی کۆمەڵگای کوردی بە سەر سێ قۆناغی مێژوویی بەر لە مەشرووتە، مەشرووتە و پاش مەشرووتە، ڕایگەیاند: تا بەر لە هاتنی شۆرشی مەشرووتە ئێمە کۆمەڵێک پێش‌گریمانە و مکانیزمی تێگەییشتنمان هەبوو بۆ پرسگەلی جۆراوجۆر وەک پرسی ژن، جوانیناسی، شوناس، چۆنێتی فام‌کردنی جنسییەت، مۆرالیتەی گشتی و …، لەمناوە فام و ئیماژی زال سەبارەت بە بوونی ژن خۆی لە دیاردەیەک بەنێوی “زاوزێ”دا دەبینێتەوە کە لەلایەن دین و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە سەر کۆمەڵگای ژناندا سەپاوە. بەڵام شۆرشی مەشرووتە بەشێکی گەورە لە بیر و فامی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتی مڕۆڤی کۆمەڵگای پرۆبلێماتیزە کرد و لەگەڵ خۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتیی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بەرەوڕووی کۆمەڵێک دیاردەی نوێ کردەوە و وەک مورگان شۆستێر دەڵێ “ژنان لە ئێراندا بە هاتنی مەشرووتە توانیان لە بنکە نێوە شاراوەکانی سەردەمدا وەک قوتابخانه، ڕۆژنامەنووسی و … جێگر بن. کۆمەڵگای کوردیش لە دەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی باشی لێوەرگرت. واتە شۆڕشی مەشرووتە و شۆڕشی تەنزیمات لە ئیمپراتووریی عوسمانی دەکرێ وەک سەرچاوەکانی هاتنی مۆدێرنیسم بۆ کوردستان وێنا بکەین کە لە ئەنجامیدا هاوکاتی پەرەگرتنی شارنشینی، دروست‌بوونی قوتابخانە، لەدایکبوون و چالاک‌بوونی چینی مامناوەند، دەرفەتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تازە خەملا بۆوەی پرسی مافخوازانەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردیش بڕسکێ و سەرەداوی لە مێژووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کوردیدا خۆی نیشان دا.

ناوبراو سەبارەت بە قۆناغی پاش مەشرووتە ڕوونی کردەوە: لەم قۆناغەدا کۆمەڵگا دەگەڵ دوو ڕەوتی ئیدئۆڵۆژیکی جیاواز ڕووبەروو دەبێتەوە کە یەکەمیان ڕەوتی دروستکردنی “دەوڵەت-نەتەوە” لە چواجێوەی ئیدئۆڵۆژی “ناسیونالیسمی باستانگەرای” پەهلەوی بە هاتنی ڕەزاخانە. ئەو دیسکۆرسە بۆوەی بتوانێ بە ئامانجەکانی خۆی بگات لە ئامرازێک بەنێوی “نوێکردنەوەی دەستووری” کەڵک وەردەگرێ. واتە کاتێک خۆیی دەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای ئێران ناتەبا دەبینێ، هەوڵی سەرەکی ئەوەیە ڕەنگی خۆی له هەموان بدا و لە هەناوی خۆییدا ئاسێمیلەیان بکات. بە هەمان‌شێوە سیاسەتی ئەو نیزامە بەرامبەر ژن بە دوو ڕێرەودا پراکتیزە دەکرێ. سەرەتا نیزامی ڕەزاخانی هەوڵ دەدا لە چواچێوەی “نۆکردنەوەی زۆرەملێ” بە داماڵینی ڕووسەری واتا “کشف حجاب” خۆی وەک پێشەنگی پرسی مافخوازی ژنان نیشان بدا. بەڵام ئەو سیاسەتە بەر لەوەی بۆ دابین‌کردنی مافی پێشلکراوی ژنان بێ، ڕێک بۆ بێ‌هێزکردنی گرووپە سوننەتییە ڕەکەبەرەکان بوو و هەنگاوی دووەم دامەزرانی “کانوونی بانوان” لە سالی ١٣١٥ بە سەرۆکی شەمسی کچیەتی. ئەو دوو دیاردەیە سەرەتای کۆتایی‌هاتنی چالاکی سەربەخۆیانەی ژنانی ئێران و هاتنەکایەی “فێمێنیزمی دەوڵەتی” یان ئەو نەزمە سیاسی-کۆمەڵایەتیی ڕەزاخانییەیە کە بۆ ژنان ڕەچاو کراوە.

ڕەوتی دووەم کە بە گوێرەی د. جەلیل‌نژاد هاوکاتە لەگەڵ ڕووخان و شاربەدەرکرانی ڕەزاخان، لەگەڵ خۆی کرانەوەیەک لە ئەنجامی ئەو بۆشایییە سیاسییە دێنێتە ئاراوە:

لەو دەورەیەدا هەموو جەریانە سیاسییەکان هەوڵی دروستکردنی ڕێکخراوی تایبه‌ت بە ژنان دەدەن. ئەوە نیشان دەدا کە لە ڕوویی کۆمەڵایەتییەوە ئەو شۆڕشە فکرییەی مەشرووتەی خستبووە گەڕ، بەردەوام بووە و ئیستبدادی موتلەقەی ڕەزاخان نەیتوانیوە ئەو بیر و فامە له بیر و نەستی گشتی کۆمەڵگادا جێگربووە، بکوژێنێتەوە. ئەو بزووتنەوە سەرەرای هەوراز و نشێوی گەورە کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست دەێنێ، وەک مافی دەنگ‌دان و مافی خۆپاڵاوتن لە سالی ١٣٤٨ بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ئێران.

لە کۆتاییدا ناوبراو بە هەژماردنی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە بواری نڤیساری ژنانە و لەوان خۆدەربازکردنی سیما و ویستی ژن لە زەین و زمانی باوی پیاوسالاری، دەرکەوتنی ژن وەک سووژەیەکی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ، چالاکی ژنان لە بوارەکانی زانستی سەرەڕای ئەدەبیات، خۆقەتیس‌نەکردنی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی جنسییەت، خۆدەربازکردنی ژنان لە ژێر زەختی سیستمە داسەپاوەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕەخنەگریی ژنان لە چەند دیەی ڕابردوو بەملاوە، جەختی لەوە کرد: ئەوڕۆکە بیرمەندان دەڵێن یەک لەو ڕێگایانەی دەتوانێ گرفتەکانی سەر بزووتنەوەی مافخوازی ژن کەم بکاتەوە و بەستێنی توانستی فکری ژنان زیاتر بکات، کۆمەڵگایی‌کردنی جێنسیەتییە. واتە پرۆسەیەک کە بە شێوەیەکی بیرلێ‌کراوە و ئامانجدار لە لایەن گرووپ و فۆرماسیونە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئایینییەکان شێوە فامێک لە جێنسیەتی مڕۆڤ لە بیر و نەستی گشتیی کۆمەڵگادا جێگر بکات. هەر بۆیە، پێویستە ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی پراکتیزە ڕاپەڕێندرێ، بۆوەی مرۆڤ له دەرەوەی جێنسییەتدا بتوانێ تەعبیر لە بوون و مافی خۆی و هەمووی مرۆڤەکان بکات.