کۆنتڕۆڵ بۆ سەر سێکسوالیتە و لەشی ژنان، هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادی
جەستەی مرۆڤ تەنها بابەتێکی کەسی نییە بەڵکو شوێنێکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات. بۆیە جەستەی ژن و بڕیاردان یان کۆنتڕۆڵکردن لەسەر لەشی خۆی بابەتێکە کە هێشتاش لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا جێی مشتوومڕە لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی کوردستاندا تەنانەت نەهاتووەتە ئاستی ئەوەیکە بە دەنگی بەرز بدرێتە بەر گفتوگۆ. هەر بۆیە لە زۆرێک لە فەرهەنگ و ئایینەکاندا جەستە و سێکسییەتی ژن وەک گۆڕەپانێک بۆ مشتومڕی دەسەڵات و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی دادەنرێت.
دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک بنەماڵە، حکومەت و ئایین هەوڵیان داوە لە ڕێگەی یاسا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕەفتاری جنسی ژنان کۆنتڕۆڵ بکەن. کە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژنان، سنووردارکردنی مافی لەباربردنی کۆرپەلەیە بە شێوەیەکی تەندروست یان تەنانەت ڕێگریکردنە لە دروستکردنی منداڵ. پرسیارێک کە دێتە ئاراوە ئەوەیە کە ئایا ئەم کۆنتڕۆڵانە ئامرازن بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ژنان؟ لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە سێکسوالیتە بە یەکێک لەو بوارە سەرەکییانە دادەنرێت کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵیان بەسەریدا هەیە. نەک تەنها بۆ ژنان بەڵکوو بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە ڕێگری هەیە لە پێناسە و ڕەفتاری جنسی و جنسیەتی لە هەڵبژاردن و جۆری پێوەندیی ئەوان. بەڵام تایبەتی تر بۆ ژنان، سێکسوالیتە و سێکسیەتی لەڕێگەی نۆرم و یاساکانی کۆمەڵگاوە سنووردارترە و وەک ئامرازێکیشە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و ڕاگرتنی بەها باڵادەستەکان. بەجۆرێک کە ژنان وەک پارێزەری شەرەف و پاکیزەیی خێزانی و کۆمەڵایەتی دادەنرێت. ئاماری خەتەنەکان لە کوردستان هێشتاش سەرسووڕهێنەرە. هاوسەرگیرییە زۆرەملێکان و دایکایەتیی زۆرەملێ لە نموونە هەرە دیارەکانن کە چاوداخستن لەسەریان تاوانە لەوەی کە چەندە سڵامەتی گیانی و داهاتووی هەزارانی کچی خستووەتە ژێر کاریگەری.
هەر لەم پێوەندەدا گەر چاوێکیش لە تیۆرییە فێمینیستەکان بکەین دەبینین کە سێکسوالیتە و کۆنترۆڵکردنی سێکسیەتی ژن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و باڵادەستی ڕەگەزییەوە هەیە. بەزۆری ژنان وەک بوونەوەرێکی جنسی پێناسە دەکرێن کە دەبێ بپارێزرێن یان کۆنترۆڵ بکرێن. لە ئەگەری ڕەفتاری جنسیش لە دەرەوەی چوارچێوە دیاریکراوەکان (وەک سێکسی پێش هاوسەرگیری یان سێکسی «لەشفرۆش» )بە سزای کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو دەکرێنەوە. بە گشتی ئەم کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییەی سێکسوالیتە ئامرازێکە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ژنان لە بڕیارە شەخسی و جنسییەکانیان.
زۆر پرس دەتوانێ لە ژێر ئەم باسەدا بخرێتەڕوو بەڵام ئامانجی من لە نووسینی ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پرسی مافی لەباربردنی کۆرپەلەیە بە ڕێگەی تەندروست و لە کاتی پێویست. کە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی بواری مافەکانی ژنان و سێکسوالیتە. لە زۆرێک لە وڵاتان لەباربردنی کۆرپەلە قەدەغەیە یان بە توندی سنووردارە و ژنان ناچارن بەردەوام بن لە دووگیانیی نەخوازراو بە هۆکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی. ئەم یاسایانەش بێگومان هەڵبژاردنی ژنان سەبارەت بە جەستەیان سنووردار دەکات و مافی بڕیاردانیان سەبارەت بە منداڵبوون پێشێل دەکات. هەروەتر تەندروستی ژنان دەخاتە مەترسییەوە کە یەکێکە لە گرنگترین بەشی ئەم باسە و دەسەڵاتی دەوڵەتان و دامەزراوەکانیش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی جەستە و ژیانی تاکەکەسییەوە پرسی تەواوی کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی دیکە دەبات کە نەک هەر ئازادیی تاکەکەسی ژنان، بەڵکوو کاریگەریی قووڵی لەسەر تەواوی تاکی کۆمەڵگە دەبێت. بەجۆرێک کە دەتوانن ببنە هۆی نایەکسانیی جێندەری، زیادبوونی فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان و کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و یاسایییەکانی پەیوەست بە منداڵبوون بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە چینی هەژار و کەمداهاتی کۆمەڵگە تێیدا نیشتەجێن. بێگومان باری ئابووریی ژنان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەڵبژاردن و تەنانەت جۆر و شێوەی لەباربردنیش هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە لەباربردن پەیوەستە بە پرسی دایکایەتیی نەریتییەوە ئەویش بەهۆی ئەو چەمکە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییانەی کە لە دەوری دایکایەتیدا دەسووڕێنەوە. کەواتە کاتێک لەم کۆمەڵگایەدا باس لە مافی لەباربردن دەکرێت، دژایەتی دەکەن. چونکە پێیان وایە شکستهێنانە لە پاراستنی فۆرمەکانی بنەماڵە و دایکایەتی ئەویش بەپێی خواستی کۆمەڵگای باوکسالار. وەک چۆن دایکایەتی زۆرجار وەک بەشێکی ناوەندیی ناسنامەی ژن لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا سەیر دەکرێت. پاشان ئەو ژنانەی کە ئەم نۆرمانە بەدی ناهێنن، بۆ نموونە کاتێک هەڵیدەبژێرێت کە کۆرپەلەکەی لەبار بەرێت یان بڕیاری منداڵ دروستکردن نەدات، ڕووبەڕووی گوشار و فشاری کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. دایکایەتی لە فۆرمی نەریتی زۆرجاریش وەک داگیرکارییەک وایە چ ئەوەی لە ڕووی جنسییەوە بێ مەیل و بێ ئاگا دەدرێتە بەر بابەتی جنسی و سێکس کە جەستە و دەروون دەخاتە ژێر کاریگەری و چ ئەوەی بێ پرس و ڕا دایکایەتیشی دەخەنە ئەستۆ. دیارە دوای لە دایکبوونی کۆرپەش دایک ناتوانێت خاوەنداری بکات. لە کاتێکدا دەبێت وەک دایکێکی دڵسۆزیش ئەرکی بەخێوکردن و ڕاپەڕاندنی ماڵ و منداڵی هەبێت. هەر بۆیە لێرە لەباربردنی کۆرپەلە دەبێتە پرسێکی ئاڵۆز و دەتوانم بڵێم ڕووبەڕووی دوو جۆر لە ڕوانگەی سەرەکی دەبێتەوە، لۆجیکی و دینی. ئەوانەی لەسەر بنەمای فکری ڕەها و مافی یەکسانی و ژنانن پێیان وایە ئەم پرسە پێوەندی بە مافی جەستەی ژنان و مامەڵەکردنەوە هەیە. کەواتە ئەوەی کە دەبێت بەردەوام جەختی لەسەر بکرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە مافی یەکپارچەیی جەستە و تەندروستی جنسی یەکێکە لە پایەکانی مافی ژنان. هەرچەندە ئەم پرسە وەک مافێکی بنەڕەتی تا ڕادەیەک لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا چارەسەر کراوە بەڵام لە جیهانی سێهەم و وڵاتانی ئایینی و کولتووری، ئەم مافە پشتگوێ خراوە و هێشتا ناکۆکییەکان زۆرن. بۆ نموونە لەم کۆمەڵگایانەدا کە شەرەف پرسێکی زیندووەو و وەک فەرمانێکی نەریتی لە ژیانی ڕۆژانەدا پەیڕەو دەکرێت، وای کردووە ژنان بە ئاستەم بتوانن ئەو مافە بەدەست بهێنن چونکە پرسی مافی ژن بۆ جەستەی خۆی لە دەرەوەی بازنەی بڕیاردانی کەسیدایە.
هەروەتر لەباربردنی کۆرپەلە پەیوەستە بە سێکسیزمەوە. ژنان لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە ڕووبەڕووی سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ قورستر دەکات. یان لە لایەکی دیکەوە «لەباربردنی هەڵبژاردە»ش هەیە. لە پێوەند لەگەڵ ئەوەی کە بەهای کوڕان زیاترە لە کچان. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە پرسی جێندەر پرسێکی ئاڵۆزە و ناتوانین لە سەرەتاوە بە وردی دیاری بکەین. بەڵام بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن کچ لە جیهاندا لەبار دەبرێن کە 90%یان لە هیندستان و چینن. لەلایەکی دیکەوە ڕەنگە ئامارێکی ورد لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبێت، بەڵام خەتەنەکردنی ژنان، هاوسەرگیریی منداڵ، توندوتیژیی شەرەف و هتد، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرێک لە منداڵە کچەکان ڕێگەیان پێنادرێت لەدایک ببن. کۆمەڵگەی کوردستانیش لەمە بێببەری نییە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەباربردن تەنها پرسێکی تەندروستیی جنسی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نایەکسانی قووڵتری جێندەرییەوە هەیە. هەروەها ئەم جۆرە لەباربردنەش نایەکسانیی ڕەگەزی گەورەتر دەکات کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی بەرچاوی هەیە. بۆ نموونە ژمارەی کوڕان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر دەبێت لە کچان کە دواترەکان کێشەکانی وەک فرەژنییش سەرهەڵدەدەن و توندوتیژی ئەمجارە دەچێتە بەرگێکی ترەوە.
بەڵام ئایا چۆن دەکرێت پرسی مافی ئۆتۆنۆمی جەستە”Body autonom” لەبەرچاو نەگیردرێت لە کاتێکدا یەکێکە لەو بنەما بنەڕەتییانەی لە تیۆرییەکانی مافی مرۆڤ و ئەخلاقیدا جەخت دەکرێتەوە، لەوەی کە هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی بڕیاری سەربەخۆ لەبارەی جەستەی خۆیەوە بدات. هەروەها ئۆتۆنۆمی جەستەیی بە مانای پاراستنی جەستەی ژنە لە توندوتیژی سێکسی و زۆرەملێ. ئەمەش مافی ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەکی جنسی نەخوازراو و مافی پاراستنی لە دەستدرێژی سێکسی و مافی بڕیاردان لە کەی و چۆنیەتیی سێکسکردن دەگرێتەوە. لێرەدا پێم باشە ئاماژە بە یەکێک لە وتارە هەرە تایبەتەکانی جودیت جارڤیس تۆمسۆن بکەم کە ئارگومێنتێکە لەبارەی “بەرگرییەک لە لەباربردن” (A Defense of Abortion). تۆمسۆن زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە جیاوازی نێوان “مافی ژیان” و “مافی بەکارهێنانی جەستەی کەسێکی دیکە” دەکات. ئەو دەڵێت لە کاتێکدا ڕەنگە کۆرپەلە مافی ژیانی هەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەم مافە بۆ ژیان بەو مانایە بێت کە کۆرپەلە مافی بەکارهێنانی جەستەی دایکی هەیە. کەسێک ناتوانێت بە سادەیی جەستەی کەسێکی تر بۆ مانەوەی خۆی بەکار بهێنێت مەگەر ئەو کەسە ڕەزامەندی ڕاشکاوی نەدابێت. لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان “کوشتن” و “لەباربردن هەیە. باس لەوە دەکات کە لەباربردنی کۆرپەلە بە مانای “کوشتنی” کۆرپەلە نییە، بەڵکو بە مانای بەردەوام نەبوون لە پشتیوانیکردنی کۆرپەلە بۆ مانەوەیەتی. واتا بێبەشکردنی کۆرپەلەیە لە مافی بەکارهێنانی جەستەی دایکی، نەک ڕاستەوخۆ ژیانی خودی کۆرپەلەکە.
«Body Positivity» «ئەرێنی جەستە».
سەرەڕای ئەم کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتی، ئایینی و یاساییانە، ژنان بە درێژایی مێژوو خەباتیان کردووە بۆ ئازادییە جنسی و جەستەیییەکانیان. بزووتنەوە فێمینیستەکان و مافەکانی ژنان بە بەردەوامی هەوڵیان داوە باسی جەستە و سێکسیەتی ژنان بکەنەوە. یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی ئەم بەرەنگارییە، شەڕکردنە بۆ مافی لەباربردنی کۆرپەلە. کە پێم باشە لێرەشدا ئاماژە بە بزووتنەوەی «Body Positivity» «ئەرێنی جەستە» بدەم کە جۆرێکی دیکەی بەرخۆدانی ژنانە لە بەرامبەر کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر جەستەی ئەوان. ئەم بزووتنەوەیە ژنان بیردەخاتەوە کە جەستەیان بەنرخە و نابێت لە ژێر کاریگەریی ستانداردە سنووردارەکانی جوانکاری یان ڕۆڵی ڕەگەزیدا بێت. هەر لەم چوارچێوەیەشدا جەستە وەک گۆڕەپانێک بۆ بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر کۆنتڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر سێکسییەتی ژنان و مافی منداڵ بوون یان مافی لەباربردنی کۆرپەلە، پێناسە دەکرێتەوە. کچان و ژنان، بگرە هەر تاکێکی کۆمەڵگە دەبێت لەبنەڕەتەوە وشیار بکرێنەوە لەسەر لەش، سێکس، پێشگیریکردن و بەگشتی مامەڵەکردن بۆئەوەی تەنانەت کچانی خوار تەمەنیش لە تەندروستی جنسی و لەباربردنیش پارێزراو بن.
سەرچاوەکان:
- Foucault, M., 2002. Sexualitetens historia. Övers. R. Furenhed. Göteborg:Daidalos. (Originalverk publicerat 1976).
- Judith Jarvis Thomson. (1971).A Defense of Abortion.Philosophy&Public Affairs
- FN:s befolkningsfond (UNFPA), 30 March 2022, Seeing the Unseen.