شتێکی باوەڕکردەیە عەباس کیاڕۆستەمی ناو جیهانی شیعر هەمان ئەو کیاڕۆستەمییە سینەماکار و دەرهێنەرەی “تامی گێلاس”بێت. شیعرەکانی هاوشێوەی فیلمەکانی ساتەیلی چرکاندنی سینەمایی تیادا، هەست پێ دەکرێت. چرکاندنێکی تژی لە یادەوەری بە پەیڤێک و بارگاویبوون و خرۆشانی بە پەیڤێکی تر. بە شێوەیەکی ڕێکخستە، تروسکایی دەخاتە سەر ئەو ئوبێکتەی سەرنجی لە بۆ دەدەین نەوەک لەسەر سوبێکتێکی سەرنجدەر، ئەمەش لێهزرینمان بۆ سەر جوانی و سروشتی شیعریی جیهانەکەی، دنە دەدات. دەقەکانی زۆرجار دان بە پەنهانییەکدا دەنێن و کەیفسازییەکیشی لێ وەبوون دێت. دیمەنئاسا شیعرەکانی بە کلیلەڕستەیەک دەچرکێنێ. پەیڤەکانی مرۆڤ دەخەنە ناو بەستێنێکی نۆستالژیک-سروشتەوە. ئەم پیاسە و هاموشۆکردنە نائارام و هەواگۆڕکێیانەی ناو دەقەیلەکانی لەگەڵ خودی “با”دا، بە ئەسپایی ڕێنوێنیمان بۆ بەرگ و جووڵەیەکی زارەکیی نوێ، دەکەن.
پێداچوونەوە و بەراوردکردنی بە دەقە فارسییەکە: وەلید عومەر
١
لەتێکم
هی تۆیە
لەتەکەی تریش
هی خۆم.
٢
ڕۆخێکی پەنجەرەکە
ڕووی لە منە
ڕۆخەکەی تریش
ڕووی لە ڕێبوارەکە.
٣
بیر لە دەربڕینی
شتێکی دەرنەبڕدراو دەکەمەوە؛
چەندە وەڕسکەرە بیستنی
شتێکی بیستراو.
٤
لە بەرزایییەکان دەترسم؛
لە شوێنێکی زۆر بەرز کەوتووم.
لە ئاگر دەترسم؛
چەندین جار سووتاوم.
لە جیابوونەوە دەترسم؛
چەندین جار بێ هیوا کراوم.
لە مەرگ ناترسم؛
هەرگیز پێشتر نەمردووم،
تەنانەت بۆ جارێکیش.
٥
بەهۆی تینوویەتییەکەمەوە
لە قووڵیی تراویلکەیەک
تێدەگەم.
٦
ئەو ڕۆژەی من
ونبوو
وەک هەموو ڕۆژەکانی تر
نیوەی بە بیرکردنەوە لە دوێنێ
نیوەکەی تریش بە بیرکردنەوە لە سبەینێ.
٧
لەودیو خێر و شەڕەوە
ئاسمان نائاسایی
شینە.
٨
ڕێگاکە
چەندەها ساڵە
چۆڵکراوە؛
پێدەچێ گوڵاڵە سوورەکان
لەوە بێئاگا بن.
٩
لە فەرهەنگی ژینمدا
پێناسەی ئەشق
دەگۆڕدرێت.
١٠
لە ناوەڕاستی شەوگار
شاکارێکم
لە یادەوەرییەکانمدا
تۆمار کرد
کاتێکیش بوو بە بەرەبەیان
جگە لە شتێکی پووچ
هیچیتر نەبوو.
١١
دڵم بنێژە
پارچە پارچەیی
شکێنراو و لاوازە.
١٢
لە شنەبای بەهاردا
پەڕەکانی تیانووسێکی قوتابخانە هەڵدەدرێنەوە
منداڵێک بەسەر دەستە بچکۆلانەکانیدا خەوتووە…
١٣
لەنێو هەزاران گێلاسی پێگەیشتوودا
مێشەهەنگەکە
دڕدۆنگە
١٤
سێوێکی سوور
لە هەوادا
هەزاران پێچ دەخوات و
دەکەوێتە ناو دەستی
منداڵێکی ژیکەڵە.
١٥
چۆن کیسەڵێکی پیر
دەتوانێ
سێسەت ساڵ بژیت
بێئاگا لە ئاسمان؟
١٦
گوڵێکی بچکۆلانەی بێناو
بە تەنیایی دەپشکووێت
لەنێو درزی کێوێکی مەزن.
١٧
قیژەی هەورە تریشقەکە
بەسەر گوندەکەدا
وەڕینی سەگەکە
دەبڕێت.
١٨
شەوەکان
درێژ
ڕۆژەکان
درێژ
ژیان
کورت
١٩
منداڵەکە تای لێیە
لە پەنجەرەوە
بە تامەزرۆیییەوە دەڕوانێتە
پیاوە بەفرینەکە.
٢٠
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لەو هەموو سپیێتییەی بەفر
٢١
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لە هۆکاری ئەو وردی و
ناوازەییەی کاری جاڵجاڵۆکە
٢٢
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لە هۆکاری ئەشقی دایکێک
لە بۆ منداڵەکەی
٢٣
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لەو هەموو وەفا و فەداکارییەی سەگ
٢٤
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لە ڕچی و چرچی سەر دەستەکانی نەدارێک
٢٥
چەندی دەهزرم
تێناگەم
بۆچی دەبێت ڕاستی ئەوەندە تاڵ بێت
٢٦
چەندی دەهزرم
تێناگەم
لەو هەموو ترسەی بەرامبەر مەرگ
٢٧
بارانی بەهاری
لانەی کۆترەکە پڕ ئاو دەکات
کۆتریش بۆ بینینی بەهار
لە دەرەوەی لانەکەیدایە.
٢٨
یەکەم پاییزی دوورەپەرێزی
ئاسمانێک بەبێ مانگ
سەتەها پارچەی گۆرانی
لە دڵدا.
٢٩
باهۆز
دەقیڕێنێ
گورگ
دەلوورێنێ
مانگیش
خۆی دەشارێتەوە
لەودیو گەواڵە هەورێکی قەترانییەوە.
٣٠
وتی:
“لە دەستم نایەت.”
خۆزگە گوتبای:
“لە دڵم نایەت.”
٣١
دێم بەتەنیا
دەخۆمەوە بەتەنیا
پێدەکەنم بەتەنیا
دەگریم بەتەنیا
دەڕۆم بەتەنیا
٣٢
هاوار دەکەم
بەمسەر و بەوسەری دۆڵێکی کێویدا
چاوەڕوانی زایەڵەی دەنگی خۆمم
٣٣
هەمیشە وا دیاربووە ژوانم لەگەڵ کەسێک هەبێت
کەسێک کە نایەت…
ناوەکەیم بیر نییە.
٣٤
هەمیشە ناتەواو و ناکامڵ ماونەتەوە
پەیڤەکانم
بۆ خۆم
٣٥
بیبەخشە و فەرامۆشی بکە
گوناهەکانم
بەڵام بەو جۆرە نا
کە هەموویان لەبیر بکەم
٣٦
گریان خۆش ناکاتەوە
کاتێک جێ بۆ گریان نەماوە
٣٧
نە ڕۆژهەڵات
نە ڕۆژئاوا
نە باکوور
نە باشوور
تەنیا ئەو پنتەی ئێستا لێی وەستاوم
٣٨
ئێستاکە لەکوێیە؟
چی دەکات؟
ئەو کەسەی پێشتر لەبیرم کرد
٣٩
مێشەهەنگەکە
لە بۆی خۆشی گوڵێکی نەناس،
مەدهۆش بووە.
٤٠
مارەکە
لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە
بێ ئەوەى سەیرى چەپ و ڕاستى خۆى بکات.
٤١
گەشەی کرد
ڕوا
ژاکا
کەوت
تەنانەت یەک کەس نەیبینی.
٤٢
بەفر دەبارێ
بەفر دەبارێ
بەفر دەبارێ
ڕۆژ کۆتایی دێ
بەفر دەبارێ
شەو
٤٣
گۆڕستانەکە
سەرتاپای
بە بەفر
داپۆشراوە
تەنها لەسەر سێ کێل
بەفرەکە دەتوێتەوە
هەرسێکیان گەنج
٤٤
وەنەوشەیییە زەردەکان
وەنەوشەیییە وەنەوشەیییەکان
بەیەکەوە و
جیا لە یەکتری
٤٥
دەنگی کترییە کوڵاوەکە؛
ڕەبەنە پیرەکە
بەتەنیا نانی بەیانی دەخوات.
٤٦
بەر لە ڕۆژهەڵاتن
جاڵجاڵۆکەکە
چووەتە سەر کار
٤٧
دەریا تاریک
کەنار دەریا تاریک
چاوەڕوانی خۆر بم
یان مانگ؟
٤٨
کەس
هیچى لەدەست نایەت
کاتێک ئاسمان
نیازی بارینی بارانی هەیە
٤٩
سەگە ڕەشەکە
بەرامبەر تازەهاتووێکی نەناس
دەوەڕێنێ
لە شەوێکی بێ ئەستێرەدا.
٥٠
چریکەى باڵندەکە هاودەمى گریانى مناڵەکەیە
تا دایکی دێتەوە.
٥١
ژنێکی بێدار تخێڵ بووە
لەپاڵ پیاوێکی خەوتوو-
دەستى لە نەوازش شۆردووە.
٥٢
گەورەبوو وە گەورەتر بوو
کامڵ بوو
بچووکبوویەوە و بچووکتر
ئەمشەو
شەوێکی بێ مانگ
٥٣
لە نەبوونتدا
گفتوگۆ لەگەڵ خۆم دەکەم
لەمەڕ هەموو شتێک
لەسەر هەموو شتێک ڕازی دەبین
زۆر بەسانایی.
٥٤
لە نەبوونتدا
هەتاو، هەتاوە
ڕۆژ، ڕۆژە
شەویش، شەو
حزوورت تێکەڵەیەکە لە تریفە.
٥٥
کە ونیت
قسەت لەگەڵ دەکەم
کاتێکیش لەوێیت،
لەگەڵ خۆم.
٥٦
لە تەنیایییەکەم،
پشکێکى گەورەترم لێت دەوێت.
٥٧
لە نەبوونتدا
ڕۆژ بە بیست و چوار کاتژمێریی دەمێنێتەوە
کە لێرەشیت
هەندێکجار زیاتر
هەندێکجاریش کەمتر.
٥٨
لەگەڵ تۆ ئازار دەچێژم
بەتەنیا لەگەڵ خۆم
من لەنێو ترسدام
بێخودییەکەم لەکوێیە؟
٥٩
نامەیەکم پێگەیشت
بە ئیمەیڵێکی خێرا
تژی لە ڕق.
٦٠
لە تینوتاوى عەشق
بێزارم
٦١
شتێکم ون کرد
دۆزیبوومەوە
شتێکم دۆزییەوە
ون ببوو
٦٢
ستایشى ئەوە ناکەم
کە خۆشمدەوێت
ئەوەشى خۆشمبوێت
ستایشى ناکەم
٦٣
لە ڕۆژە باراناوییەکان
بەپێى پێویست باران
نابارێت
٦٤
ئەسپێکی تخێڵبووی بێخاوەنی بریندار
٦٥
سپێدە سپی
شەو ڕەش
غەمێکی خۆڵەمێشیی لە نێوانیان
٦٦
چۆن ئاسوودە خەوم لێ بکەوێت
کاتێ بۆ چرکەیەک کات ناوەستێت
تەنانەت لە خەوداش؟
٦٧
لە شەوێکی پڕ باوبۆران
بووکە تازەکە
بە فرمێسکەوە
خوداحافیزی
لە هاوسەرە ماسیگرەکەی دەکات
٦٨
بەداخەوەم بۆ خۆم
بەداخەوەم بۆ تۆ
بۆ ئەوانەش کە نایانناسم.
٦٩
ئاسمان
هی منە
زەوی
هی من
چەندە دەوڵەمەندم من
٧٠
کاتێک بۆ زێدەکەم گەڕامەوە
ماڵەکەی باوکم ون ببوو
دەنگی دایکیشم.
٧١
کاتێک بۆ زێدەکەم گەڕامەوە
ڕووبار ببووە جۆگەڵە
هیچ مناڵیشم نەبینی
مەلەی تیا بکا.
٧٢
کاتێک بۆ زێدەکەم دەگەڕێمەوە
هیچکەس سڵاوم لێ ناکات
ئەفسوس!
٧٣
لە زێدەکەم
خەڵکی ئۆخژنییان لە دڵدا نەمابوو
ڕیزە درێژەکەش
بە جووڵەیەک بۆ پێشەوە
تێکدەچوو.
٧٤
کاتێک بۆ زێدەکەم گەڕامەوە
دار بییەکان بێ بەر ببوون
دار تووەکانیش
بۆ کڕین بوون.
٧٥
کاتێک بۆ زێدەکەم گەڕامەوە
منداڵانی قوتابخانە
کاسپییان دەکرد
مامۆستاکانیش ببوونە
مشتەریی دەسکورت.
٧٦
کاتێک بۆ زێدەکەم گەڕامەوە
دار تووەکان
بڕدرابوون
بە دەستی
چەند ناسیاوێک.
٧٧
لە قازانجدا زەرەرم کردووە،
لە زەرەریشدا قازانجم کردووە،
تۆش هەر بڕوا مەکە.
٧٨
هەندێکجار تاسەمەندی
زلەیەکی پشتە ملم،
تۆش هەر بڕوا مەکە.
٧٩
کەنار
یانی چی
بەتەنیشت ترسى شەپۆلانەوە؟
٨٠
چەند شەممەیە ئەمڕۆ؟
مانگی چەندە؟
کامە وەرزە؟
ساڵی چەندە؟
٨١
شتێک دەفرۆشم
بۆ کڕین نییە
شتێک دەکڕم
بۆ فرۆشتن نییە
٨٢
چ گەمژەییێکە
بزانیت و
بشپرسیت
٨٣
بایەک
نە لە باکوور
نە لە باشوور
نە ڕۆژئاوا
نە ڕۆژهەڵات
بەڵکوو لە بەهەشتەوە
٨٤
کێ دەتوانێ تامی ئەو گێلاسە
شک ببات
کە نیوەی زەردە و
نیوەکەی تری
سوور؟
٨٥
یەکێک لە باوەڕەکانی ئەمڕۆم
ئەوەیە
ژیان جوانە
٨٦
لە وانەی زانستی سروشتی
گوڵێکی بچکۆلانەی بێ ناو
کرایە پێنج بەشەوە
هەر بەشێک ناوێکى لێ نرا
٨٧
لە ژیانمدا
ڕێککەوت
گرنگتر بووە
لە بڕیار؛
سزا
زۆر گرنگتر بووە لە هاندان؛
ڕۆڵى دوژمن
زۆر زاڵتر بووە
لە هی هاوڕێ.
٨٨
قسەى دڵم
کەوتە سەر زوبانم
دڵی ئەوی سووتاند
و زوبانى خۆیشم.
٨٩
لێبڕاوانە کار دەکەم
بەبێ چێژ
بەبێ غەم
٩٠
هەموو شەوێک
دەمرم
وە دووبارە لەدایک دەبمەوە
لە گزنگدا
٩١
جەستە
لە ئەرز
قاچ
لەناو قوڕ
دڵ
لەسەر ئاگر
سەر
ڕۆیشتوو بەدەم باوە
٩٢
ئەمە چ ڕێگایەکی سەختە
تێپەڕین لە شەو، لە ڕۆژ
لە چاکە
لە خراپە
لە بێدەنگی
لە ژاوەژاو
لە ڕق
لە تووڕەیی
لە ئەشق
لە ئەشق
٩٣
ڕقم لە زمانە
زمانی تاڵ
زمانی تیژ
زمانی ڕێسا و ڕێزمان
زمانی توانجپۆشی
قسەم لەگەڵ بکە
بە زمانی هێما
٩٤
تەنیایییەکەم
ئەنجامی ڕێککەوتنە بێمەرجەکانمە
لەگەڵ خۆم.
٩٥
داهۆڵێک
بێ کڵاو و بێ چاکەت
لە شەوێکی پڕ سەرماوسۆڵی زستاندا.
٩٦
یەکەم بریسکانەوەى مانگى چواردە
بەسەر پەنجەرەکەدا
شووشەکانی هێنایە لەرز.
٩٧
لە یەکەم ڕۆژی پاییز
کڵاوەکەم توند گرتووە
بە هەردوو دەستم،
تۆ بڵێى با بمانبات؟
٩٨
لە سەر قەبران دەگەڕێمەوە
سەرى دونیام لێ هاتووەتە یەک
حەزدەکەم لەگەڵ کەسێکدا بخەوم
کە نایناسم
٩٩
لە ڕۆژێکی تەمتوماندا
منداڵێکی خەواڵوو
بۆ قوتابخانە دەڕوات
لە گوندی پیلەڤار
١٠٠
باران باری
سێ ڕۆژ
خۆشینەکردەوە
وا بڕوا بە خۆر
ناکەم.
١٠١
چ باشییەکە
هەر کەسەو بەڕێی خۆیدا دەڕوات.
١٠٢
وەرزێرێکى ماندوو
خەوى لێکەوتووە
لە سێبەرى داهۆڵێکدا.
١٠٣
لە بەفرگرەکەمدا
هیچ شتێکی لێ نییە بۆ خواردن
جگە لە ئاوی بەستوو
ئەویش لە زستان.
١٠٤
بەهەشت و دۆزەخ
بە شانى یەکترەوە
چەندە دوور و چەندە نزیک!
١٠٥
مانگى تازە
شەڕابێکی کۆن
هاوڕێیەکی نوێ
١٠٦
سەرخۆشێک
لە بێدەنگیدا
فەقێیەکیش
لە هاتوهاواردا
١٠٧
دڕکێک لە چاودا
دڕکێک لە قاچدا
دڕکێک لەناو دڵ
بەهارێک بەڕێوە
١٠٨
سێ شیعرم
نووسی
سی لاپەڕەم
خوێندەوە
دۆستێکم
ڕەنجاند،
لە ڕۆژی سێی ئازار.
١٠٩
بەسەر زمانم خلیسکا
ئەوەی نەدەبووایە بیڵێم.
قاچەکانم بردمیان
بۆ شوێنێک
کە نەدەبووایە بڕۆم.
١١٠
وێنەی دارێکم گرت
سوور هەڵگەڕا،
تۆش هەر بڕوا مەکە.
١١١
ماڵەکەم
تژییە لە کەلوپەلی بێکەڵک
کە خۆشمدەوێن.
١١٢
بەدوای وشەیەکدا دەگەڕام
زەینم نەهاتە هانامەوە
ڕێم وێڵ کرد
ونم کرد
١١٣
لە گشت قەول و قەرارێک
ئازادم
ئازادى ئازاد
تاکەی لەناو چوارچێوەی ئەم ئازادییەدا
دەمێنمەوە؟
١١٤
باڵندەیەک
لە ناوەڕاستی نیوەشەوان
دەجریوێنێ
ئاوازەکەی لە بۆ باڵندەکانی تریش
نائاشنایە.
١١٥
سپێدەیەکی بەفراوی
دەڕۆمە دەر
بێ سەرپۆش
پیاسە دەکەم
بە خرۆشیێکی زارۆکانەوە
١١٦
نابەڵەدێک
پرسیاری ئاراستەی ڕێگاکە
دەکات
لە نابەڵەدێکی تازەگەیشتووى تر
١١٧
گەمیەیێک
بێ چارۆکە
دەریایەک
بێ با
ئاسمانێک
بێ مانگ
١١٨
تینوویەتییەکەم
بە تراویلکەوە شکاندووە،
تۆش هەر بڕوا مەکە.
١١٩
هەر کە تاریکیی هەواکەی داپۆشی،
گوڵەشەوبۆکان هەواکەیان تژی کرد لە بۆن.
١٢٠
بایەکە
دە جار
دەرگا کۆنەکە
دەکاتەوە
و
دادەخات
بە توندی
سەرچاوە
Kiarostami, A. (2001). Walking with the Wind (Karimi-Hakkak, A. & Beard, M. Trans). Harvard University Press.
Kiarostami, A. (2005). A Wolf Lying in Wait (Emami, K. & Beard, M. Trans). Sokhan Publishers, Tehran.