هەڵاتوو
دەنگی ڕێژنەی گوللە، بێدەنگیی گوندەكەی شڵەقاند. ژنە سەرلێشێواوەكان، پڕیان بە مناڵەكانی خۆیاندا كرد. دەرگەكان بە خێرایی داخران و زۆری نەخایاند كە دەنگی گاڵە و كڵۆمكردنیان هاتە گوێ. پیرەپیاوان كە لە كافێ بچووكەكەی گوندەكەدا لە دەوری مێزی دۆمینەكردن سەرگەرمی كاوێژكردنەوەی كات بوون، بە هەڵەداوان ڕایان كردە دەرەوە و بە گۆڕەپانەكەدا پەرتەوازە بوون. بەڵام خوان كریسۆستۆمۆی پیر نەگەیشتە شیپانەی ماڵە خاكەڕاییانەكەیان. گوللەیەك پشتەسەری پێكا و كابرا وشك و گرمۆڵە، تەختی زەوی بوو. سوارەكان، كە هێشتاكە دوكەڵ لە لوولەی تفەنگەكانیانەوە هەڵدەستا، لە یەكتربڕی كۆڵانەكاندا سمكۆڵانیان بوو.
ـ نەیەڵن تەنانەت تاقە یەكێكیش لەم سورپێستە قەحبەدایكانە هەڵبێن.
ژنەكان نیگەرانی پیرەپیاوانی تر و مناڵەكان بوون، چونكە ئەو پیاوانەی كە توانای ئەوەیان هەبوو تفەنگێكی باروتخۆر لەدەست بگرن یان نێزەیەك بەكار بهێنن، بۆ بەشداریكردن لە شەڕی پارتیزانی دابوویانە ئەو كەژ و كێوە. سەردەستە، كە لە نێوجەرگەی گیزەی گوللەكاندا بەسەر ئەسپەوە لە جموجووڵدا بوو، سوودی لەو چەرمەسەرییە دەبینی وا ئەوانی تر دەیانكێشا.
ـ مریشكە ترسنۆكەكان! بێنە دەرەوە و وەكوو پیاو بجەنگن!
لە گۆڕەپانەكەدا، سێبەرەكان لە ژێر هەتاوەكەدا لە بزاوت كەوتن. سەگێك كە بینیبووی دەرگەی ماڵی خاوەنەكەی داخراوە، بەترسەوە دەیقروسكاند. بێ ئەوەی هیچی پێ بكرێت هەوڵی دەدا قەپۆزی بخاتە نێوانی دەرگەكەوە. تفەنگی سەردەستەكە تەقەی لێ هەستایەوە و ئەو بەستەزمانەش كە بە دەورەی خۆیدا لوولی دەخوارد، وەكوو ئەوەی دەستێكی نادیار كلكی گرتبێت، هەروا خێراتر، مارپێچئاسا، بە دەوری خۆیدا خولایەوە. قروسكەكانی دڕی بە گوندەكە دەدا و تێیدەپەڕاند. لەناكاو دەرگەیەك كرایەوە. كلاریسا توانی خۆی لە دەستی پورەكانی ڕاپسكێنی و بگاتە نزیكی باپیرەی. بەڵام خوان كریسۆستۆمۆ ئیتر زیندو نەبوو.
سەردەستە هاواری كرد:
ـ ئەو كچە بگرن.
سەربازە سوارەكان، بە پەشۆكاوییەوە سەیری یەكتریان كرد. خۆیان بۆ كارێكی وەها ئامادە نەكردبوو.
سەردەستە كە دوودڵیی پێوە بینین، بە دەمانچە هەڕەشەی لێ كردن:
ـ گوێتان لێ نەبوو چیم گوت؟
سەرپەل ڕۆسێندۆ كە چاودێریی دەروازەی گوندەكە بوو، ئاوزەنگیی لێ دا، بەڵام هێشتا خۆی نەگەیاندبوو، كە چوار سەرباز هاشاوڵیان بۆ كچەكە برد. كچە، كتوپڕ لە ژێر چارۆكەكەیەوە تێكڕای گوللەكانی دەمانچەیەكی تێدا بەتاڵ كردنەوە و دووان لە سەربازەكان لە ئەسپەكانەوە سەراوژێر بوونەوە. سەربازەكان وا ئامادەی تەقەكردن دەبوون كە سەردەستە نەیهێڵا :
ـ بە زیندوویی دەمەوێ.
بەو جۆرە ئەسپەكەی هێنایە سەر پاشو و ڕێگەی لە كیژە گرت.
ـ بیگرن!
سەربازەكان، كچەیان بە هەموولایەكدا ڕەتاند تا لە گۆشەیەكی گۆڕەپانەكەدا و لە نێو پەیكەرەی ئەسپەكانیاندا توانییان دەستوپێی ببەستن. لە چاكی كراسە دڕاو و ونجڕونجڕەكەیەوە، مەمكۆڵەیەكی كیژە، قوت و سەرگۆتیژ، دەرپەڕی. دەستی یەكێك لە سەربازەكانی بۆ شۆڕ بووەوە و هەر لەوساتەدا گوللەیەكی سەردەستە ئەژنۆی سەربازەكەی پێكا. سەربازی بریندار كە جگە لە جەستەی كچەكە شتێكی تری نەبوو پاڵی پێوە بداتەوە، بەدەم ناڵەوە خۆی بەرەو زەوی چەماندەوە.
ـ سەردەستە، ناكارت كردم.
ـ لەبەر ئەوەی دەستت بۆ شوێنێك داهێڵا كە چاوم تێ بڕیبوو. ئەم ژنە هی منە و منیش كەسێك نیم بەبا بدەم و ببەخشم.
لە كاتێكدا كلاریسا، دەستوپێ شەتەكدراو لە پشتەوە، سەرەوخوار، خرابووە سەر ئەسپەكەی سەردەستە، دەستەكە ئامادە دەبوو تا گوندەكە بەجێ بێڵێت. قروسكەی سەگەكە بڕا بووەوە. هێشتاكەش دوایین ئەو سوارانەی وا تەرمی هاوڕێكانی خۆیان خستبووە پاشكۆی ئەسپەكانیانەوە گوندەكەیان چۆڵ نەكردبوو، پورەكانی كلاریسا، فرمێسكەكانی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا دەڕشت. پاش ئەوە دەرگەكان یەك لە دوای یەكتر كرانەوە و ئەو مشتومڕانەی لەبارەی پیرەپیاوەكەوە كەوتنەوە، ئاوێتەی یەكتر بوون. سەری مردووەكەیان بەرز كردەوە و كابرای مردوو لە نێو ئەو دەریچەیەوە كە سەری ئەوان دروستی كردبوو، چاوی لە خۆر بڕی. خوشكەكانی هەرچی پێڵووەكانیان خستەوە سەر یەك، بێسوود بوو: ئیتر خۆر بیلبیلەكانی پیرەپیاوەكەی نەدەئێشاند. كوڕێژگەیەك كە لەگەڵ خۆیدا لە ململانێدا دەبوو نەكا بگری، لەلایەن یەكێك لە پورەكانەوە بانگ كرا و پاشان پێی گوت:
ـ بڕۆ بۆ چیا، بەدوای نزیكترین كەسێكدا بگەڕێ تا پەیوندی بە پارتیزانەكانەوە بكات. پێی بڵێ هەواڵ بە باوكت بدات كە سەربازەكان باپیرەتیان كوشتووە و پورە كلاریساشیان بردووە.
كوڕێژگە بە هەنگاوی هێواشەوە بەڕێ كەوت. پێیەكانی لەوە زیاتر قورس بوون تا بتوانن لەو ڕەگە خوێنەی وا هێشتا لە تەرمی باپیرەیەوە جۆگەلەی بەستبوو، دوور بكەونەوە.
سەرپەلیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ سەربازخانەكە، شوێنی ڕێچكەی ئەو خوێنە كەوتبوو كە لەو تەرمانەوە دەهاتن وا لە پشتی ئەسپەكانەوە دەجووڵانەوە و ڕقی خۆیی قوت دەدایەوە.
كەمێك لەولاترەوە، لەو شوێنەی كە هەوراز دەستی پێ دەكرد، دەنگی ناڵەونوكەی كچە جاحێڵەكە، كە لێوەكانی دەگەزی، دەگەیشتە گوێ. سەرپەلەكە ئەسپەكەی خۆی توندتر لێ خوڕی و بە سەردەستە گەیشتەوە.
ـ باشتر وایە تەرمەكان لێرە ئەسپەردە بكەین. هەبوونی خاچ لە بەرامبەر سەربازخانەكە، سەربازەكان بێزار دەكات.
ـ سەرپەل، حەزتان لە چییە بیكەن. من لەگەڵ ئەم مێچكەیەدا درێژە بە ڕێگەكەم دەدەم.
سوارەكان وەستان و لە جەرگەی بێشەكە و لە بنسایەی درەختەكاندا، لە ژێر جووڵەی باڵی ئەو داڵەكەرخۆرانەی كە شوێنی ڕێچكەی خوێن كەوتبوون، دەستیان بە هەڵكەندنی گۆڕ كرد.
هەوا سارد نەبوو، بەڵام لە سەربازخانەكەدا هەموویان دەلەرزین. سەربازەكان نەیاندەتوانی تێ بگەن كە بۆچی بەپێچەوانەی تاكتیكی شەڕەوە فەرمانیان پێ دراوە هەتا بۆ شەڕ بەرەو چیاكان بڕۆن. سەربازەكان، تفەنگەكانیان چەور دەكرد، چاوەڕێ بوون دەرگەی ئەو ژوورەی وا سەردەستە لەگەڵ كچەكەدا تێیدا مابووەوە، بكرێتەوە. ئەوان، سەرپەل ڕۆسێندەیان ڕاسپاردبوو تا لەبارەی ئەو فەرمانەی دەركرابوو لەگەڵ سەركردەكەیاندا قسە بكات. بۆ هەموویان زۆر ڕوون بوو كە ئەگەر بەو خۆقایمكردنەی پارتیزانەكان كردبوویان، بیانەوێ شوێنیان بكەون، ئەمانیش بە تەواوی لەناو دەچن. جارێكی تر دەنگی هاتوهاوارەكانی كلاریسا و قسە توندوتیژەكانی سەردەستە لە ژوورەوە بیسترا:
ـ ناچارم مەكە بتدەمە دەست سەربازەكان. من جگە لەوەی كە دەتوانی بە هەر پیاوێكی تری بدەیت، چاوەڕوانییەكی ترم لێت نییە.
یەكێ لە سەربازەكان تیزەجاڕانە گوتی:
ـ سەردەستە، ئەگەر تۆ سەرنەكەوتی، ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئامادەین ئەم كارە بچوكە ئەنجام بدەین.
سەربازە بریندارەكە، كە ئەژنۆ برینپێچكراوەكەی دەماڵی، لە مێلووەكەیدا تلێكی دا:
بەهۆی تاوە، لەشی شەڵاڵی عەرەق ببوو. لە ژێر لێوەوە گوتی:
ـ ئاگادار بە، منی لەسەر شتێكی لەمە بێبایەختر سەقەت كرد.
سەربازی یەكەم، بێ ئەوەی دەست لە چەوركردنی تفەنگەكەی هەڵگرێت، درێژەی دایە:
ـ ئەگەر بڕیار بێ سورپێستەكان لەشیشمان بدەن، لە بەرامبەردا نابێ چێژی بڵمەگۆشتێكی وەها لەگەڵ خۆماندا ببەینە گۆڕەوە.
ئاخرییەكەی دەرگەكە كرایەوە و سەردەستە بە دەرپێیەك و سەر و سنگی داڕنراوەوە هاتە دەرەوە. دوو ڕۆژ گۆشەنشینی لە دوو ساڵی شەڕ زیاتر پیری كردبوو. ڕیشی هاتبوو و دەموچاوە توڕە و تۆسنەكەیی ڕەشتر پیشان دەدا. پێڵووە قورسبووەكانی، ئەو چاوە بچوكانەی داپۆشی بوو كە بەهۆی ئاڵۆشەوە زیاتر دەبریقانەوە. لچی وەها دووكەرت ببوو وەك ئەوەی بڵێی فیكەی لێ دەدا. ددانەكانی خوارەوەشی بەهۆی برینی چەقۆیەكەوە كە كاكیلەی دڕی بوو، دیار كەوتبوون.
وەختێ دەیویست بە ئاوی حەوزی نێو حەوشەكە دەموچاوی بشوات، كلاریسا كە بە كراسەكەی سەردەستە تا ڕادەیەك لەشی داپۆشی بوو، لەهێكڕا لە ژوورەكەوە فرتەی كرد تا هەڵبێت. بەڵام بەرلەوەی بتوانێ بگاتە داڵانەكە، سەربازێك بە پێلەقەیەك خستییە سەر زەوی. لەشە ڕووت و كوتراوەكەی، ئاگری لەو سەربازانە بەر دا وا خەریك بوون بە چاوانی برسییەوە هەڵیان دەلووشی. كچە جاحێڵەكە بەدەم هەنسكەوە ڕوخساری خۆی لە نێو لاقەكانیدا شاردەوە. سەرپەل، بەپەلە چووە پێشەوە و بە پاڵتۆكەی خۆی لەشی داپۆشی.
سەردەستە گوتی:
ـ هەرزە، ئێستا تێدەگەی كە پیاو یانی چی. بەمجۆرە خۆت پیشانی سەربازەكان دەدەیت!
بە ناڕاحەتییەوە جارێكی تر كیژۆڵەكەی ناردەوە ژوورەوە. پاشان ڕووی لە سەربازە ژێردەستەكانی كرد. بێدەنگییەك، كە تا ئێستا لەسەر لێوی سەربازەكان نەخشی گرتبوو، دەمیانی لەگۆ دەخست. دەیخنكاندن. سەربازە بریندارەكە هەستا تا لە نێوان پەتەكانی مێلووەكەیەوە تەماشایەك بكات و سەركردەكەیان ببینێت. سەردەستە لە باق و بریقی جلی سەربازی داماڵرابوو، وەك بۆقێكی بێنەوا دەكەوتە بەرچاو. پێیەكانی پەتی، پەنجەكانی وشك و دڕ، لاقەكانی هەندێك چەماوە: دەسەڵاتی، دنەی هەڵایسانی سوكایەتییەكی بێزراوی دەدا. سەردەستە، تا ڕادەیەك پەیی بەوە برد كە چی بە مێشكی سەربازەكانیدا دێت و دەچێت، بۆیە پێش ئەوەی فەرمان بدات، دەمانچە حەوتخۆرەكەی بەدەستەوە گرت:
ـ ڕیز بن!
سەربازەكان سەرباری حەزی خۆیان، بە ئاگاییەوە لە ئەسپە پێشتر زینكراوەكانیان نزیك بوونەوە و پاشان ڕیزیان بەست. تفەنگەكانیان ناڕێك بوو، هەندێكیان هێشتاكە قۆپچەكانی پانتۆڵەكانیان دانەخستبوو. سەردەستە بەپێچەوانەی ئەو كاتانەی كە هێشتا دەسەڵاتی هەبوو، لە ڕێكردن بە بەردەم سەربازەكانیدا خۆی پاراست. بە تەماشاكردنێكی هەڕەشەئامێزانەوە سەرنجی لێ دەدان و دەمانچەكەی ڕادەوەشاند.
ـ سەرپەل ڕۆسێندۆ، فەرماندەییەكە بگرە ئەستۆ و فەرمانەكانی من بەجێ بهێنە.
سەرپەل لەوپەڕی ڕیزەكەوە هەنگاوێك هاتە پێشەوە. ڕەشاشەكەی ڕاست و چەپ لە شان كرد و سەربەرزانە و بە ئاوازێكی تۆكمەوە ئەم قسانەی دەربڕی:
ـ سەردەستە، ڕێگە بدەن پێتان بڵێم كە هەموومان پێمان وابوو خۆتان فەرماندەیی ئەم هێرشە مەترسیدارە لەئەستۆ بگرن و …
سەردەستە كە دیویست بچێتەوە ژوورەكەی، بەتوڕەیییەوە گەڕایەوە. قرنجاوییەكەی لچی گەست و تفێكی گەورەی لێوە فڕێ دا.
ـ پێویست بە ڕوونكردنەوە ناكات. فەرمانتان پێ دەكەم. هەر ئەوە جێبەجێ بكەن.
سەرپەل ڕۆسێندۆ ڕووی لە دەستەكە كرد. تا ئەو وەختە هیچ كاتێك بەقەد ئێستا هەستی بە یەكگرتویی خۆی لەگەڵ سەربازەكانیدا نەكردبوو. دەیویست فەرمانی جووڵە بدات كە سەردەستە بەدەم هاوارەوە، فەرمانی دەدا:
ـ ئەو سەربازە بریندارەش ببەن. ئەم كارە فێری دەكات چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ژناندا بكات.
مێلووەكە لەرییەوە:
ـ سەردەستە، ئەژنۆم زۆر ئاوساوە. تەماشا كە: گوللەكە لە پێمدا ماوەتەوە، لەبەر یاو وا دەسوتێم.
ـ نامەوێ كەسێك ببینێت كە لێرە چی ڕوو دەدات.
ئینجا بە توڕەییەوە كەوتە كردنەوەی كڵۆمی دەرگاكە. دەنگی گوێڕایەڵانەی سەرپەلەكە بەرز بووەوە:
ـ بەرەو پێش!
سەربازەكە هەوڵی دا بە تەنیایی هەستێتەوە، كەچی هێندەی میلووەكەی بەرەڵا كرد، ڕەمەقلێبڕاو تەختی زەوی بوو. سەرپەلەكە ناچار بوو واز لە ڕواڵەتی خۆبەزلزانانەی بهێنێت و بڕواتە یاریدەی وی. فەرمانی بە سەربازێك دا كە ئاگاداری بریندارەكە بێت و پاش كەمێك، سوارەكان پێش ئەوەی بگەنە هەورازەكانی ڕووەو گردەكان، لە دەوروبەری سەربازخانەكەدا خەریكی تاودانی ئەسپەكانیان بوون. وەختێكیش لە هەردوو لای ڕێگەكەوە خۆیان حەشار دەدا، دوو ڕیزیان دروست كرد و بۆ دوایین جار چاوێكیان گێڕا بە دەرگەی ئەو ژوورەی وا سەردەستە خۆی تێ خزاندبوو.
گژوگیاكان بە شێوەیەكی سەیر كەوتنە جووڵە. سەرپەل تفەنگەكەی هەڵبڕی و سەربازەكانی دەستەكەی بەنێو درەختەكاندا بڵاوەیان لێ كرد و بەدوای سەنگەری بەرگریدا گەڕان. ڕۆسێندۆ كە لە پشت دارێكەوە خۆی شاردبووەوە هاواری كرد:
ـ ئەگەر ناتانەوێ كوتەكوتە بن، بێنە دەرەوە!
لقەكانی گوێ هەڵدێرەكە كەوتنە جموجووڵ و كڵاوێكی لێوارەپان، ڕوخساری ڕەنگپەڕیوی كوڕێژگەیەكی خویا كرد. كوڕێژگە بە ئاگاییەوە، بەڵام بێترس تا ناوەندی ڕێگەكە هاتە پێشەوە.
ـ ئیتر كێی دی لەوێدا خۆی حەشار داوە؟
ـ هەر خۆم تاكوتەنیام.
سەرپەل و سەربازەكان لە سەنگەرەكانی خۆیاندا مانەوە. هاژە و لرفەی چەمەكە، كە لە قووڵایی هەڵدێرەكەدا ڕەوتی دەكرد، دەبیسترا.
ـ بۆ گەمەكردن نەهاتووینەتە ئێرە. پێیان بڵێ با خۆیان ڕادەست كەن، خۆمەڵاسدان ئەنجامێكی نابێت.
قوڕگی مناڵەكە وشك بوو. ترس لەوەی كە باوەڕ بە قسەكەی ناكەن، سەراپای گیانی داگرتەوە. بە ئاستەم دەیتوانی وەڵامی ئەو درەختانە بداتەوە كە وا دەردەكەوت قسە دەكەن.
ـ سوێند دەخۆم كە تەنیام.
سەرپەل، كە هێشتاكە خۆی لە مەتەرێز نابوو، پرسی: بۆ كوێ دەڕۆی؟
كوڕێژگە، كە سەری داخستبوو بە نیگەرانییەوە ڕاستییەكەی پێ وت:
ـ هاتبووم بزانم چی بەسەر پورە كلاریسامدا هاتووە.
سەربازەكانی دەستەكە لە قاقای پێكەنینیان دا:
ـ ئێمەش چەند ترسنۆكین! مناڵە چڵمنێك ترساندینی.
سەرپەل لە ئەسپەكەی دابەزی و لە مەتەرێزەكەی هاتە دەرەوە و كەوتە سەیركردنی گردەكە. وەختێ دڵنیا بووەوە هیچ كەسێكی تر خۆی نەشاردۆتەوە، بەرەو لای كوڕێژگەكە چوو.
ـ كێ تۆی ناردووە تا خۆتمان لێ مەڵاس بدەی؟
كوڕێژگە كڵاوە گەورەكەی لابرد و گرتی بە دەستەكانییەوە و پێی وت:
ـ تەنیا خۆم.
سەربازەكان، كە ئەسپەكانیان هێنابووەوە سەر ڕێگەكە، دیسانەوە دەستیان بە پێكەنین كردەوە.
سەرپەل ڕووی ڕەشاشەكەی تێ كردن و پێكەنینەكەی پێ بڕین:
ـ تفەنگەكانتان دانێن!
هەڵسوكەوتە هەڕەشەئامێزەكەی لە قسە ناڕوونەكانی زیاتر سەربازەكانی دەترساند. هەموویان بەترسەوە تەماشایەكی یەكتریان كرد، نە! سەرپەل گاڵتەی پێ نەدەكردن. بە ڕەفتارێكی تۆكمە و فەرماندەرانەوە دەجووڵایەوە. بەهۆی هەڕەشەكەیەوە، سەربازەكان تفەنگ و تەقەمەنییەكانیان لەو شوێنەدا هەڵڕشت كە ئەو دیاریی كردبوو.
ـ ئێوە ئەو دووانەتان دەبەزن و تفەنگەكان لە ئەسپەكان بار كەن.
دوو سەرباز، تفەنگەكانیان هەروەكو بارەدار خڕ كردەوە و لە هەردوو لای ئەسپەكانیان بەست. كوڕێژگە، حەپەساو لە كردەوەی سەربازەكان، تەماشای ئەم جووڵە سەربازییەی دەكرد.
ـ سەرپەل، بەنیازی چی بكەیت؟
سەربازە بریندارەكە هێشتا بەهیوا بوو ئەمە بەشێك لە فێڵێكی شەڕ بێ.
سەربازەكان چەندین جار بینیبوویان كە ڕێك لەو ساتەی وا خەریكە لەناو دەچن، سەرپەل ڕۆسێندۆ دوژمنی خەڵەتاندووە و بەری پێ گرتوون. بەڵام ئەمجارە بڕیاری سەیروسەمەرەی دەدا و سەیر هەڵسوكەوتی دەكرد. لەوكاتەوەی كە بۆ ئەسپەردەكردنی ئەو دوو سەربازەی لە هێرشی سەر گوندەكەدا كوژران، خاكەنازی بەدەستەوە گرتبوو، گڕی مێشكی دامركابووەوە، وەك بڵێی هەر لەوێدا تەرمی خۆیشی بە خاك سپاردبێت. لە ڕۆژەكانی پاشتریشدا گۆڕان لە كەسایەتییدا زیاتر بەدی دەكرا. لەو ساتەدا سەرپەل كڕ و بێدەنگ بوو، چاوەكانی لە ترسی هێرشی غافڵگیرانە ڕووی لە گردەكان بوو، پاشان لە سەیركردنی بەرزاییەكان پەشیمان بووە و چاوەكانی بڕییە دەرگەی ئەو ژوورەی كە تێیدا دەنگی هاوار و قیژەی كلاریسا و دەنگی نەرم و ئینجا قیڕەی سەردەستە دەهات.
ـ سەرپەل، تفەنگەكان بەباشی دابەستران.
سەرپەل بێ ئەوەی لوولەی ڕەشاشەكەی وەربگێڕێت فەرمانی دا:
ـ هەمووتان دابەزن!
ئەسپەكان، بەنیگەرانییەوە سمكۆڵانیان بوو. وەختێكیش قورسایی سوارەكانیان لەسەر سوك بوو، لەشیان ڕاوەشاند و بە مڕە و پڕمەی دەربڕی خۆشییەوە، ملی خۆیان ڕاهێڵا.
سەربازەكان نەیاندەتوانی بزانن چی لە خەیاڵی سەركردەكەیاندا دەگوزەرێت. بەهیوا بوون كە ئەم فەرمانانە لەگەڵ نەخشەیەكی لەپێشاكێشراودا یەك بێتەوە. سەرپەل بێ ئەوەی وشەیەك بە زمانیدا بهێنێ، تێكڕای ئەسپەكان و لە پێشیشیانەوە تفەنگەكانی خستە سەر ڕێگەیەك، كە بە چیاكان كۆتایی دەهات و لێی خوڕین. كوڕێژگەكەشی سواری دوایین ئەسپ كرد.
ـ بڕۆ بۆ ئۆردوگای پارتیزانەكان و بە باوكت بڵی لێرە بە سەربازە دیلەكانەوە چاوەڕوانی دەبم.
كوڕێژگە، كە تەنیا خەیاڵی لای شتێك بوو، وتی:
ـ ئەدی پورم؟
سەرپەل لە دڵسۆزییەوە دەستێكی كێشا بە پشتیدا و گوتی:
ـ خەمی ئەوت نەبێ. كەمێش پێش ئێستا بە دزییەوە دەمانچەیەكم پێ دا.
كوڕێژگە قەمچیی لە ئەسپەكان خست و لەم كاتەشدا سەربازەكانی دەستەكە لە درەختەكان بێدەنگتر، لە بەرامبەر ڕەشاشی سەرپەلدا وەستابوون.
ـ نازانم ئێوە بە نیازن چی بكەن، بەڵام خۆم پاش ئەو شتانەی كە دیومن دەچمە ناو پارتیزانەكانەوە.
لەو خوارەوە، لەلای سەربازخانەكەوە، دەنگی گوللەیەك بەرز بووەوە.