زیندووبوونەوە

بەیانییەک

کاتژمێر حه‌وت و چل خولەک لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیدا، پڕوپاگەندەی بەرنامەیەک بوو.. ئەو لەسەر قەنەفەی هۆڵی دانیشتنەکەیان بە ڕۆبیی گەرماوەوە دانیشتبوو، پەنجە باریکەکانی دەهێنا بەنێو قژە لوولەکەیدا، لەبەرخۆیەوە ورتەی دەهات.. گوایە گۆرانی دەچرٍێت. تۆنیی ده‌نگێك سەرنجی ڕاکێشا، یەکسەر چاوی بڕییە ‘تی ڤی’یەکە. سەرنجڕاکێشانی چی؟ هەر مرد، هەر شێت بوو. ئەو مامۆستای بینیی کە ئەویش لەو بەرنامەیەدا بەشدارە و یەکێکە لە میوانەکان. سەرەتا گومانى له‌ ده‌نگى كرد کە مامۆستا بێت بەڵام زوو هەستا و پەلاماری ڕیمۆنت کۆنتڕۆڵەکەیدا و دەنگی  ‘تی ڤی’یەکەی بەرز کردەوە، پاشان چووە نزیک ‘تی ڤی’یەکە تا بە جوانی سەرنجی چڕ بکاتەوە کە ئایا بەڕاستی ئەوە مامۆستایە لەو بەرنامەیەدا؟

ئەو بەدەگمەن تەماشای تی ڤی دەکات.. ساڵانێکی زۆره‌ مەگەر بەسودفە یان ئەوەی دایکی بڵێت: کوڕم فڵانە کەناڵ نەماوە و بۆم بهێنەرەوە یان میوانێکیان بێت و ئەویش لەگەڵیاندا چاوی بچێتە سەر بەرنامەیەک یان هەرشتێک لەو کاتەدا لە پەخشدایە. سەرنجی زۆری هەیە لەبارەی کەناڵ و میدیا و میدیاکارانەوە، هەموویان بە گەمژە و زبڵ و مشەخۆر و ئەو جۆرە شتانە ناو دەبات. 

ئەو بەیانییە، وادیار بوو دایکی ‘تی ڤی’یەکەی هەڵ کردووە و جێی هێشتووە. بەگشتی دایکی بەیانیان زووتر بێدار دەبێتەوە، بەردەوام مشتومڕیانە لەبارەی ئەوەی بۆ وەها زوو بێدار دەبێتەوە و دەنگی ‘تی ڤی’یەکەش بەرز دەکاتەوە، ئەمە چەندین جار ڕووی داوە، تا ئێستاش نەگەیشتوون بە ئەنجامێکی ڕاستەقینە. وەک دیارە تاڕادەیەک ڕێککەوتوون، کە ‘تی ڤی’یەکە ئیش بکات بەڵام دەنگی کەمێک نزم بێت. لەو بەیانییەشدا هه‌روا بوو. ئەو بە دیار پڕوپاگەندەی ئه‌و بەرنامەیەوە وشک ببوو، هەروەها  دڵنیاببوویەوە کە ئەوە مامۆستایە و خۆیەتی.

پڕوپاگەندەی بەرنامەکە تەواو بوو، هێشتا بە پێوە و لە بەردەمی ‘تی ڤی’یەکەدا وەستاوە یان راستترە بڵێین وشک بووە. بیرکردنەوەی ئەوەی چۆنە مامۆستا لەو بەرنامەیەدا بەشدارە؟ تەواو داگیری کردووە، لەو کاتەدا دەنگێک بانگی دەکات، دووبارە هەمان دەنگ بانگی دەکات، تا دێت دەنگەکە بەرزتر دەبێت و ئەو هیچ وەڵامێک ناداتەوە. ڕوون نییە گوێی لێ نییە یان بێ ئاگایە.. دەستێک تووند ڕایدەتەکێنێت و هاوار دەکات چییە بۆ وەک داهۆڵێک داچەقیویت؟ چەند جارێک ڕایدەوەشێنیتەوە و لەو جۆرە قسانە بە گوێیدا هەڵدەدات بەڵام هێشتا لە دۆخی سڕبوون و بێ ئاگاییدایە. دایکییەتی بێگومان دایکییەکی، ئەم جارە دەنگی بەرزی ‘تی ڤی’یەکە کەم دەکاتەوە و دەڕواتە بەردەمی، دەست دەبات بۆ ڕووخساری و به‌ترسە‌وه‌ پێی دەڵێت: کوڕم چییە؟ چی بووە؟  ئەو لەجێی خۆیدا دادەنیشتێت یان بە جۆرێک بەردەبێتەوە، پاشان دایکیشی دادەنیشت و بە دەست و بە زمان هەوڵدەدات کە کوڕەکەی شتێک بڵێت..

ئەو چاوانی دەگێڕێت بە ڕووخساری دایکیدا پاشان بۆ سوچێکی مێزی ‘تی ڤی’یەکە  دواتر بۆ ژێر قەنەفەکان، نیگاکانی لەژێر قەنەفەکاندا گیر دەخۆن، وەک ئەوە وایە ڕازێک یان نهێنییەک لە ژێر ئەو قەنەفانەدا هەبێت، دایکی وەک ئەو تەماشای ژێر قەنەفەکان دەکات دەڵێت: چیت لێ ون بووە؟ خۆ نووسراوی کۆمپانیا نییە؟ من ئەمڕۆ ژێر ئەو قەنەفانەم گسک داوە هیچی تێدا نەبوو، دەی بڵێ چی بووە؟ ئەم دێڕانەی کۆتایی کەمێک بڵندتر دەبێژێ. دەستی دایکی تووند دەگرێت تا ئەوەی دەستەکانی خۆی دەلەرزن، پاشان سەیرێکی دایکی دەکات و دەڵێت: دایە، مامۆستا..

ئێ کوڕم ، مامۆستا چی؟

دەڵێت: زیندوو بۆتەوە.


دڵۆپێک فرمێسک

لە ژوورەکەیدا پاڵ کەوتووە، لەبیری ئەوەدایە، ناکرێت دیسان مۆتەکەی مامۆستا گەڕابێتەوە و دووبارە ژیانی پەرت بکاتەوە، موچڕکێک بەنێو جەستەیدا دێت، دەگەڕێتەوە بۆ یادی ئەو ساڵانەی لەگەڵ مامۆستادا لە پەیوەندیدا بوون، ئەو ڕۆژانەی کە مامۆستا ڕۆژنامەنووس بووە و دواتر بۆتە شاعیر و پاشان چیرۆکنووس، هەڵەبەت له‌ دواترا ببوو بە ڕۆماننووس، بەڵام لەم ماوەیەدا کە مامۆستا دیار نەماوە یان ون بووە، ئەو ژیانێکی باشتری هەیە بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا و هەروەها لەگەڵ دایکیدا باشە، ئەمە جگە لەوەی ڕازییە لە کارەکەى و ماوەیەکه‌ ژیانێکی تەندرووست و ڕێکی هەیە.

ترسێک خەیاڵەکانی تەنیوە، ترس لەوەی جارێکی تر بەڕاستى مامۆستا گەڕابێتەوە و ژیانی تووشی هەڵدێر بکاتەوە، ترسی لەدەستدانی کاری کۆمپانیا و ترسی تێکەڵاوبوونی کات کە بەلای خۆیەوە ئەمه‌یان سەرچاوەی هەموو کێشەکانە. سەرەتا دەیەوێت سۆراغێک لە مامۆستا بکات. ئایا بەڕاستی زیندووبۆتەوە یان ڕەنگە لە بنەڕەتدا نەمردبێت، یان ئەوەی ڕەنگە هەر مامۆستاشی نەناسیبێت، یاخود ئەوە خەیاڵات و وەهمەکانییەتی کە لای وایە چەند ساڵێک پێشتر ئەو مامۆستای ناسیوە و پاشان مامۆستا خۆکوژی دەکات و ئەمیش ڕزگاری دەبێت لەو دنیا نەخۆش و بۆگەنەی کە مامۆستا بە هۆکاری هەبوونی دەزانێت. 

ترسی خراپبوونەوەی ژیانی دوودڵى ده‌كات لە سۆراغ و گەڕان بەشوێن مامۆستادا، بۆیە دەڵێت: من چیم داوا بەسەر ئەو گەمژە نەفرەتییەوە، هەر چییەک هەیە با ببێت، من لە ژیانی خۆمدام. دیاره‌ لەیادی کردووە یان بیری چووە، ئەو کاتەی مامۆستا خۆکوژی دەکات، ئەویش خۆی دەکوژێت، یان هەوڵی خۆکوشتن دەدات، ئەو پەرداخێک گیراوەی ئاو و دەرمانی مشک و حەشاراتی خواردبوویەوە، باشبوو کە دایکی زوو دەگاتە لای و دەیبات بۆ نەخۆشخانە، چانسى دەبێت کە نامرێت، هەرچەندە نزیکەی دوو مانگ لەژێر چارەسەر و چاودێری دکتۆرەکاندا دەمێنێتەوە و بەردەوامیش دکتۆری دەروونی بینیوە و بەئێستاشەوە چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت بەڵام سەرەڕای ترس لە دووبارە تێكچوونه‌وه‌ى سەرلەبەری ژیانی، مۆبایلەکەی هەڵدەگرێت و تەلەفۆن بۆ کچە هاوڕێیەکی دەکات كه‌ ناوى فرمێسکه‌، وای دەبینێت فرمێسک تاکە کەسە کۆمەکی بکات لە ڕاستیی زیدووبوونەوەی مامۆستا یان وەڵامێکی ڕاستەقینە. هه‌ربۆیه‌ تێل دەکات..

ئه‌لوو..

بەڵێ، نەمگووت ئیتر په‌یوه‌ندیم پێوه‌ مەکە. من ژیانی خۆمم هەیە.. چیت دەوێت؟

ببوورە بە هەڵە تێمەگە بابەتەکە ئەوە نییە..

ئەی چییە؟ چیت دەوێت لەگیانی من؟

ڕاستی بابەتێکی گرنگ هەیە دەبێت بتبینم.

بینین؟ تۆ تێکچوویت؟ مەگەر ناڵێم من لە ژیانی خۆمدام، دواتر بۆچی دەبێت ڕێگە بدەم بمبینیت؟

دەتۆ بووەستە، بڕوابکە بە هیچ شێوەیک پەیوەندی بە خۆمانەوە نییە بەڵام پێویستم پێتە دەبێت بتبینم..

دیارە تێناگەیت؟ تۆ چ نەفرەتییەکیت كه‌ (دەبێت) بۆ من بەکار دێنیت.

تەلەفۆنەکەى به‌سه‌ردا دادەخاتەوە.

زۆرتر حاڵی تێک دەچێت، بگرە دڵیشی پڕ دەبێت، دەکەوێتەوە یادی چاوە سەوزەکانی، ئەو چاوانەی هەموو ژیانی بوو، بەڵام وا ئێستا وەک سووکەڵەترین شت لە بوونی دەڕوانێت، دەست دەبات دڵۆپێک فرمێسکی چاوانی دەسڕێت، تەنیا دڵۆپێک.


قاقایەکی ماوەدرێژ

ڕۆژی دواتر خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە سەرکار، لەگەڵ دایکی نانی بەیانی دەخوات، نایەوێت ئەو تەوژمە نیگەرانییەی کە مێشکی داگیر کردووە کاری تێ بکات، خەندە بۆ دایکی دەکات، دایکی دەڵێت: کوڕم حاڵت باشە؟

بەڵێ باشم زۆر باشم..

سوپاس بۆ خودا کە باشی.

بۆ كۆمپانیا دەچێت بەڵام دوودڵی و گومان سه‌رله‌به‌رى ده‌روونى داپۆشیوە، نازانێت بچێت بۆ سەر کار یان بڕوات بۆ سۆراغی مامۆستا؟ سواری پاس دەبێت، دەگاتە شوێنى كاره‌كه‌ى، دەچێتە ژوورەوە دەیەوێت بڕواتە پشت مێزەکەی بەڵام پەشیوان دەبێتەوە. بەپەلە دێتە دەرەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ى شتێكى له‌بیر چووبێت كه‌ بڕوات بیهێنێت و بگه‌ڕێته‌وه‌.. تەکسییەک دەگرێت یەکڕاست بۆ ئەو کافێیەی کە پێشتر مامۆستای لێ دەبینی، ئەو کافێیەی کە زۆربەی کات لەگەڵ فرمێسکدا لەوێ دادەنیشتن بەڵام وا چەند ساڵێکە تەنانەت نەچووه‌ بە بەردەمیدا، قورسە بۆ مرۆڤ پاش ساڵانێک بچێته‌وه‌ بۆ جێگایەکی لەو شێوەیە کە ئەو هەموو بیرەوەرییەی تێدا جێ هێشتووە بەڵام دەچێت.

دەڕواتە کافێکە.. بێدەنگه‌، ڕەنگە لەو بەیانییەدا ئەو تەکە کەس بێت هاتبێت، لەسەر کورسییەک دادەنیشێت، کەسێک بە پێکەنینەوە دێت بۆ لای، ئاوێکی بۆ دێنێت و پێی دەڵێت: بەخێر بێیت، چیت پێویستە؟ ئەویش دەڵێت: بێ زەحمەت چایەکم دەوێت. چاوەڕێ دەبێت چاکەی بۆ دێنێت، بە شاگردەکە دەڵێت: ببوورە پرسیارێکم هەبوو دەتوانم بپرسم؟ شاگردەکە بە خەندەیەکەوە دەڵێت: فەرموو

سوپاس..  ڕاستی دەمەوێت لەبارەی مامۆستاوە بزانم، لەکوێیە؟ دێتە ئێرە؟ 

شاگردەکە پێدەکەنێت و دەڵێت: ئاخر بەڕێزم تۆ مەبەستت کێیە؟ کام مامۆستا؟

کەمێک  ده‌وه‌ستێت تێده‌گات پرسیارێكى گه‌مژانه‌ى كردووه‌، بۆیه‌ دەڵێت: ئەها ئەو پیاوەی کە چەند ساڵێک پێش ئێستا بەردەوام لێرە بوو، ئەو پیاوەی کۆڕ و شتیشی لێرە دەکرد، باش ناوەکەیم لەیاد نییە بەڵام سەرەتا کە هاتە ئێرە، شیعری خوێندەوە.

ئەم جارەیان شاگردەکە کە کچێکی خرپنی خوێن شیرینە بەتەواوی دەدات لە قاقای پێکەنین و دەڵێت: ببوورن، حاڵتان باشە؟ ئایا بە هەڵە نەهاتوون؟

کەمێک بێتاقەت و بێ حەوسەڵە دەبێت و تۆزێک تۆنی دەنگی دەگۆڕێت و دەڵێت: هچ كه‌ حاڵم باش نییە بەڵام دڵنیام بە هەڵه‌ نەهاتووم، دەشزانم چی دەڵێم. مەبەستم ئەو مامۆستایەیه کە چەند ساڵێک پێش ئێستا گووتیان خۆی کوشتووە؟ 

کچەکە کەمێک دەچێتەوە بە خۆیدا و هەست بە شەرمەزاریش دەکات، واهەست دەکات ئەو پێکەنین و گاڵتەجاڕییەشی به ‌جۆرێک لە به‌ کەمزانین و سووکایەتی لێک دراوەتەوە، بۆیە دەڵێت: ببوورن من ئەو چیرۆکەم بیستووە، بەڵام پێویستە بڕۆم هەواڵێکت بۆ بپرسم..

بەو پۆزش هێنانەوە و ڕیتمى پەیڤه‌كانی كچه‌كه‌، سوکناییەک هات بە دەروونیدا و گوتی: زۆرچاکە سوپاست دەکەم بەڵام لە کێ هەواڵم بۆ دەپرسن؟

کچەکە دەیوست بڕوات، نیوە ئاوڕێکی دایه‌وه‌ و موبایلى نێو ده‌ستى چه‌ند جارێك جووڵاند و گوتی: لە خاوەن کارەکەم، خاوەنی ئەم کافێیە.

ئەو چای دەخواردەوە و لەبیری ئەوەدا بوو حەتمەن بە هەواڵی ورد و دەقیقەوە دێتەوە، هەرچەندە دڵی دادەخورپا و خەیاڵیشی بۆ ئەوە دەچوو خۆ دەکرێت هیچ هەواڵێکیان لە مامۆستا نەبێت یان مامۆستا مردووه‌ و ته‌واو..

کچە گەڕایەوە، لێوبەخەندە و ڕووخساری ڕەونەقدار، بەڵام کە ویستی قسە بکات تەمێک لە نیگەرانی ئەو ڕووخسارە شیرین و پڕ خەندەیەی داپۆشی. گوتی: بەداخەوە خاوەنکارەکەم هەر ناشزانێت باسی کێ دەکەیت.. هیچت ناوێت بۆت بهێنم؟ ئه‌مه‌ى گووت و به‌بێ ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێى وه‌ڵام بێت رۆیشت.

بەو هەواڵە هیچ خۆشحاڵ نەبوو، بگرە جەستەی گەرم داهات و دەلەرزی.. لەرزینی جەستەی ماوەیەکە سەریهەڵداوە، لای خۆی وایە هی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌ بەڵام لەڕاستیدا هی دەرمانەکانیەتى‌. دەرمانی بەردەوام و چاودێری دکتۆر وای كردووه‌ ببێته‌وه‌ بەم مرۆڤە، به‌ڵام وا خەریکە دەگەڕێتەوە دۆخی ساڵانی پێشووی.

چاکە تەواو دەکات و دەڕوات، حاڵی باش نییە، بیر لەوە دەکاتەوە ڕەنگە تەنیا خۆی و دایکی بتوانن وەڵامێکیان له‌باره‌ى مامۆستاوه هەبێت‌ یان بتوانن پێکەوە ئەو دۆخە تێپەڕێنن. کافێکەی بەجێ هێشتووە، دەڕواتە سەر شەقامەکە وەک بەدمەستێک هەنگاو دەنێت هەندێجار ڕەوتی ڕۆیشتنی خێرایە، جارجار هێواش، ناتوانێت سەرنجی چڕ بکاتەوە لەسەر هیچ شتێک، بە هه‌موو لایه‌كدا چاو دەگێڕێت، سەرى بەرز دەکاتەوە، سەری نزم دەکاتەوە، پشیلەیەک دەبینێت چاوانی یاری بیر دەخاتەوە، چاوە سەوزەکانی. خەندە دێتە سەر لێوانی.. ژنێکی زەرد و لاواز بەلایدا دەڕوات.. واو، زۆر شێوەی مامۆستای تێدایە، دیسان هەمان خەندەی گاڵتەجاڕانە دەکاتەوە، نازانێت بۆ کوێ دەچێت بەڵام هەر به‌رده‌وامه‌ له‌ رۆیشتن، لەپڕ ئاوڕ دەداتەوە واهەست دەکات کەسێک لە پشتەوە چاودێری دەکات، دەبینێت پیاوێکه مۆبایلەکەی بە گوێیەوە ناوە و لە گەرمەی قسەکردندایە. ئۆو، زۆر لە مامۆستا دەچێت.. دەوەستێت تا بێت و بە جوانی لێی بڕوانێت. کابراش بەبێ ئەوەی هیچ سەرنجی ئەو بدات، بەلایدا ڕەت دەبێت، دەبینێت زۆر لە مامۆستا دەچێت تەواو شێوەی ئەوی هەیە، ئەمجارە ئەو شوێنی دەکەوێت به‌ڵام گه‌رماى مانگى حوزه‌یران و له‌رزینى قاچه‌كانى زۆر هێزى رۆیشتنى نەهێشتووە‌، چەند جارێک دەیەوێت بانگی بکات و بڵێت: مامۆستا یان بڵێت: هاوڕێ بە یارمەتیت یا هەر شتێک ئەو کابرایە بوەستێنێت و جوانتر و وردتر سەیری بکات، دەبینێت ئەم کابرایە کەچەڵە و مامۆستا قژی درێژ و لوولە، بە خۆی دەڵێت: بەس نەبوو نەموەستاند، خۆ ئابڕووم دەچوو، ئەم جارە قاقایەکی ماوەدرێژ دەکات و ده‌كه‌وێت.


قژی لوول

هەرچەند بیر دەکاتەوە هەر ئەوەندەی لە یادە کە زاینیویەتی کابرا کەچەڵە، ئیتر نازانێت چی بەسەرهاتووە، بەڵام تێدەگات لە نەخۆشخانەیە، بەتەنیا لە ژوورێکدا لەسەر چرپایەک پاڵکەوتووە، لای چەپی پەنجەرەیەکە لای ڕاستی مێزێک و دوو کورسی و دەرگای ژوورەکەیە، لە بەرانبەریدا تەلەڤیزیۆنێکى هەڵواسراو، بەفرگرێکیش لەژێر تەلەڤیزیۆنەکەدا، دەیەوێت هەستێتەوە بەڵام ئاوی بۆ هەڵواسراوە، سۆندەیەکیش لە کونى لووتییەوە رۆچووە، بەو دیمەنە کەمێک پێکەنینی دێت، بە خۆی دەڵێت: بۆ خاتری خوا پاش ئەو کابرا کەچەڵە، چیم بەسەرهاتووە؟ بیر له‌ کافێکە و لەو چایەش دەکاتەوە كه‌ خواردبوویه‌وه‌، خۆ ناکرێت شتێکیان تێکردبێت؟ دیسان بەو خەیاڵە پووچانەشی هەر پێکەنینی دێت. دەنگی کردنەوەی دەرگاکە لەو بیر و خەیاڵانە دەیهێنێتە دەرەوە، دەبینێت دایکیەتی دوو ئەلاگەی بەدەستەوەیە. بەو دیمەنە کەمێک هەست بە شەرم و ناڕەحەتی دەکات، ئاخر دایکی هی ئەوەیە بەو تەمەنەوە، دۆخی نالەبار و نەخۆشىى ئەو، ئاوەهای لێ بکات؟ بەڵام دایکی کە دەبینێت کوڕەکەی بەهۆش هاتۆتەوە، خۆشحاڵانە سڵاوی لێ دەکات و سوپاسی خودا دەکات. ئەلاگەکان ده‌خاته‌ نێو به‌فرگره‌وه‌، پاشان دەڕوات هەواڵ بە دکتۆر یان پەرستارێک دەدات کە کوڕەکەى بەهۆش هاتۆتەوە.

 دکتۆرەکەی بە پێکەنینەوە لە دۆخی دەپرسێت، دێتە نزیکیەوە و لە چاوانی دەڕوانێت پێی دەڵێت: هیچت نییە و باش دیاریت، دەرمانەکانت بخۆ و زۆریش بیر مەکەرەوە، مێشکت ماندوو مەکە. پاشان دەڵێت: سوپاسی خودا بکە ئەم دایکەی پێ بەخشیویت. دواتر دەڕوات.. هەڵبەتە پێش دکتۆرەکەى دوو کچە پەرستار هاتبوون لە بەهۆشهاتنەوە و تەندرووستى دڵنیا ببوونەوە و ئەو سۆندە و شتانەیان لێ کردبوویەوە کە بە جۆرێک بەندیان کردبوو.

دایکى خۆشحاڵە، کورسییەک دەهێنێتە نزیکی و دادەنیشێت، دەستەکانى دەهێنێت بە ڕووخساری کوڕەکەیدا، خەندە لەسەر لێوەکانیەتی و دەڵێت: سوپاس بۆ خودا کە باشیت، ئەویش بێدەنگ و کەمێکیش عەبوسە، هیچ ناڵێت بەڵام دەیەوێت بزانێت پاش بینینی کابرای کەچەڵ چی بەسەرهاتووە، بۆیە دەڵێت: دایە بۆ لێرەم؟ چیم بەسەرهاتووە؟ دایکی دەڵیت: هیچ نییە بەقوربان هیچ نییە، دوو رۆژ پێش ئێستا لە هۆش خۆت چووبوویت، ئێستاش دیارە کە باشیت.. ڕەنگە هی ئەوە بووبێت کە دەرمانەکانت نەخواردبێت یان بەزمی زیندووبوونەوەی مامۆستا.. دایکی ڕادەگرێت و دەڵێت: دایە مامۆستا چی بەسەرهاتووە، ئەی خۆی نەکوشت؟ ئەی چۆنە لەو بەرنامەیەدا قسەی دەکرد؟

ڕووخساری گەشاوەى دایکی، تەمی نیگەرانی دایدەپۆشێت تەمێک وەک تەمی نیگەرانی کچی ناو کافێکە بەڵام خەندەیەک کە لەگەڵ چەندان ئازاردا شەڕ دەکات، بەزۆر دەهێنێتە سەر لێوانی و دەڵێت: کوڕم تۆ ژیریت، بابەتی ئەو مامۆستایه‌ کۆتایی هاتووە، خۆت نیگەران مەکە، تۆ کەسایەتیی خۆتت هەیە، مرۆڤێکی پاک و میهرەبانیت، ئەو ڕووداوە ناخۆشانە لەبیر بکە، بیر لە داهاتوو بکەرەوە.. ئەو وەها خۆی دێتە پێشچاو کە بە منداڵێک دەچێت گوێ لە گێڕانەوەى چیرۆکى دایکی دەگرێت پێش نووستن، بەوەش خۆشحاڵە و واهەست دەکات بەڕاستی منداڵێکە نە زیاتر. وەک ئەوەی گوێی لە باسی داهاتوو نەبووبێت قسەکان بە دایکی دەبڕێت و دەڵێت: بووەستە دایکە، بووەستە.. باشە ئەم شەو ئەو بەرنامەیە ناکات کە مامۆستای تێدایە؟ گەر دوو رۆژە بێهۆش بم، کەواتە ئەم شەو پەخش دەکرێت. خۆش دەبێت لە نەخۆشخانەوە تەماشاى بکەین؟

لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەهۆی چاودێریکردنییەوە و بردنى بۆلاى ئەم پزیشک و ئەو پزیشک، زیاتر لە خۆی ئاگاداری رەوشیەتى و هەندێک جاریش باشتر لە دکتۆرەکان ئاگای لێیەتی، بۆیە دەڵێت: به‌ڵێ بەقوربان ئەم شەوە. تۆ هەستە نانێک بخۆ، حەتمەن تەماشاى دەکەین. بەوە زۆر خۆشحاڵە، تەنیا دەڵێت: ئەی قوربانت بم دایکە گیان.

هەڵدەستێتەوە و دەڕواتە بەردەم پەنجەرەکە، قاچەکانی کەمێک بێ هێزن، زۆر بە ئارامی وەستاوە و سەیری ڕووناکی گڵۆپە زۆرەکانی سەر شەقام و باڵەخانەکان دەکات کە لە پەنجەرەکەوە دیارن، بیر لە ژیان دەکاتەوە چەند سەیرە؟ بگرە خۆشیشە، پێدەکەنێت. بەپێکەنینەوە دێتە نزیکی دایکی، دەستی دەگرێت و ماچی دەکات، پاشان بەهێمنی دەڵێت: سوپاس دایە گیان سوپاس بۆ بوونت. دایکی هەست بە باشی کوڕەکەی دەکات و خۆشحاڵ دەبێت، نێوچەوانی کوڕەکەی ماچ دەکات و دەڵێت: کوڕم ڕەنگە کاتی بەرنامەکە بێت؟ هەردووکیان پێدەکەنن.  بە دایکی دەڵێت: دەی بابزانین مامۆستا چی دەڵێت.

دوو پەرداخ شەربەتی مێوژ دانراوە بەدەم خواردنەوەیەوە تەماشاى بەرنامەکە دەکەن، مامۆستا لەگەڵ دوو کەسی تردا میوانە کە ئەوانیش رۆشنبیرن وەک مامۆستا. بەرنامەکە لەبارەی فەلسەفەوە سازکراوە، بەگشتى گفتوگۆیە دەربارەی پێشەکەوتنی فەلسەفە لە وڵاتدا، جارجار لەگەڵ دایکدا سەیری یەک دەکەن و دەستی یەک دەگوشن، هەڵبەت شەربەتیش دەخۆنەوە، بە دایکی دەڵێت: ئەم سەگبابە زۆر جوان دەپەیڤێت، هەر دەڵێى پاش زیندووبوونەوەى بۆتە فەیلەسوف.. دیارە مەبەستی مامۆستایە. دایکی دەڵێت: بەڵێ ڕاستە من شانازیت پێوە دەکەم. کەمێک لە ڕستەی شانازیت پێوە دەکەم، سەری دەسوڕمێت بۆیە دەڵێت: من؟ دایکە شانازی بە منەوە دەکەیت؟ دایکی سەیرێکی ‘تی ڤی’یەکە دەکات و پاشان سەیری کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: ئەی چۆن.. بەڵێ شانازیت پێوە دەکەم کە ئاوا بەجوانی قسە دەکەیت، وەک فەیلەسوفێک بگرە زیاتریش دەدوێت.

دوودڵیی و ماتییەک دەروونی دادەگرێت بەڵام هەستی ئەوەی کە وەک فەیلەسوفێک لە شاشەوە قسە دەکات دڵخۆشی دەکات، کەمێک لە دۆخی خۆی و مامۆستا تێدەگات. تێدەگات کە بە چیدا تێپەڕیوە و بەتەواوی ئەوەش دەزانێت کە مامۆستا سەرەتا ڕۆژنامەنووس بووە و پاشان شاعیر و دواتریش چیرۆکنووس و پاشانیش ڕۆماننووس، ئێستاش وەک فەیلەسوفێک لەو کەناڵەدا دەدوێت. لەوکاتەدا بە دەستی چەپی، دەستی دایکی توندتر دەگرێت ئەوەک ئەوە وایە تكاى لێ بكات كه‌ هەرگیز دەستی بەر نەدات یان نەهێڵێت جارێکی تر بەربێتەوە، یاخود نەکەوێتەوە نێو قووڵاییى وەهمەکانییه‌وه‌، بە دەستی ڕاستیشی پەرداخە شەربەتەکە هەڵدەگرێت و بەیەک جار نۆشی دەکات، پاشان دەست دەهێنێت بە قژی خۆیدا و سەیرى قژى مامۆستاش دەکات، تێدەگات لوولە وەک قژى ئەو.