تازەتر لە هەنووکە، دێرینتر لە دیرۆک
ئاوڕدانەوەیەکی بەلەز بۆ جیهانی ئیسماعیل خەیات
١- ڤان گۆک، لە نامەیەکدا بۆ تێئۆی برای دەنووسێت: “زۆرم پێ داخ و سەیرە هەندێ شێوەکار کۆمەڵە ڕەنگێک فەرامۆش دەکەن، وەک بۆر و لێڵەکان، وەک ڕەساسی و تۆنە تێرەکان، لە کاتێکدا زۆر بەرهەمی هونەریی کەموێنە، بەو ڕەنگانە کێشراون و خولقاون.” ئەگەر لەم دەروازەیەوە بچینە ناو دنیای شێوەکاریی ئیسماعیل خەیات لە بەشێکی بەرچاوی کارەکانیدا، بە تایبەت قۆناغی سەرەتا و دەمامکەکان، لە نیوان ڕەنگەکاندا ئەو ڕەنگانە بانگێشت دەکات کە کەم شێوەکار بوێریی ئەوەی هەیە دەستیان بۆ ببات و بەرەولایان بچێت. لە گوزەر و لە ڕێگەی ئەو ڕەنگە مردوو و نیوەمردووانەوە جیهانۆکەیەک بونیاد دەنێت کە پێویستی بە توانستێکی داهێنەرانە هەیە تا جیهانێکی زیندووی لێ دەربچێت و بکەوێتە گەڕ. لە بیرمان نەچێت بۆ ئیسماعیل خەیات وەک هەر شێوەکارێکی داهێنەر ڕەنگە تەنیا ڕازێنەرەوە، یان ئامرازی ئیشکردن نییە، بەڵکوو جیا لە کەرەستەبوون، کەسێتی و کارەکتەری جیا جیایان هەیە و بەشێکن لە هەست و ئەندێشەیەک کە لە هەر تابلۆیەکدا بە جۆری جیاواز خۆیان دەبن. لە بەشێکی بەرهەمەکانی ئیسماعیل خەیاتەوە ئەو ڕەنگانەی کە مردوون، بانگهێشت دەکرێن تا جیهانێکی زیندوویان لێ دەربکێشرێت.
٢- کلێمێنت گرینبێرگ کە بە ناسراوترین ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری بەناوبانگە، پێی وایە ئەو شێوەکارانەی لە ئایدیاوە دەست پێ دەکەن داواکارییەکی ئەوتۆیان لە شێوەکاری نییە، بەڵکوو بە شتی کەم ڕازی دەبن. لە تابلۆکانی ئیسماعیل خەیاتدا، بەتایبەت تابلۆ شێوەکارییەکان، ئایدیا ناکرێ بە تابلۆ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لە ڕێگەی تابلۆوە دەتوانین ئایدیا دەربکێشین. گەرچی ئەو هەست و ئەندێشەیە کە بینەر پێی دەگات هێندە سرک و خزە کە ناکرێ ناوی ئایدیای لێ بنرێت، وەک خزیی ئەو ماسییانە و سڵۆکیی ئەو باڵندانەی کە لە هێما و ئایکۆنەوە بەرەبەرە وەک ڕەمز و نهێنییان لێ دێت. لە زۆربەی کارە گەورەکانیدا دیارە شێوەکار بە بوونی ئایدیاوە یەکەم فڵچەی لێ نەداوە، ئەوەی دەرکەوتووە، بەرەبەرە و لە پڕۆسەی بەرهەمهاتندا خۆی دەرخستووە، دەڵێی شێوەکار سەرەتا ویستوویەتی تەنها کۆمەڵێک نەخش و نیگار دابنێت، دوایی و بەرەبەرە هەندێ ئەندێشە و ئایدیای لێ دەکەوێتەوە. هەر وایشە شێوەکاری ڕاکێشان و وەرگێڕانی ئایدیا و مەعریفەی دەرەوە نییە بۆ ناو تابلۆ، بەڵکوو هەر تابلۆیەکی سەرکەوتوو جیا لە لایەنی جوانیناسەکی و هونەری، خۆی ئایدیا و مەعریفەی تایبەتی خۆی بەرهەم دەهێنێت.
٣- بەشێکی ئەو فیگۆر و نەخشانەی لە بەرهەمەکانی ئیسماعیل خەیاتدا دەردەکەون، کۆنترن لەو سووژە سیاسی و کولتوورییەی وا ئێستە بە ناوی کوردەوە دەیناسین، دەڵێی لە مێژوویەکی زۆر کۆنترەوە دێن، لە جیهانی کەون و کەوناراوە، بەشێکن لەو جیهانەی بە ناوی مێزۆپۆتامیای کۆنەوە ناسراوە و ئاماژە بە دێرینبوونی ئەم سووژەیە دەکەن. نەخشەکانیش هەروەتر، بەشێکیان ئاماژە بە نەخش و نیگاری تەون و ڕاخەرەکان دەکەن و لێرەدا بە جۆرێک ئابستراکت دەگەن، هێندەش چڕ و پڕ وردەکاری، هەموو شتێک نەخشە، ڕەنگە، فیگۆرە و هێڵە، دەڵێی هیچ بۆشایییەک و بەتاڵایییەک نەماوەتەوە و هەموو شتێک تێک ترنجاون. خودی ئەو چڕییە ئاماژە بە بەتاڵایی و نەبوونێک دەکا، لە دەستدرانێک، لە دەستچوونێکی دێرین، کە وەک تارمایی سەرەتاتکێ دەکات، هێندە دێرین و کەون کە ڕەگی مێژووی ئەم مرۆڤە لەم جوگرافیایە دەبەنەوە بۆ سەرەتاکانی مێژوو، ئەمانە دەڵێی لەناو خەیاڵدانێکی کۆیی شێوەکاردان، دەڵێی لە پەنجە و دەست و پلیدا دانراون، ئەمانە لایەنی نەستەکی تابلۆن، شارەزایی کارامەیی هونەرمەند دەیکاتە هونەر. لێرەوە ئاسایییە هەست بکەین هونەرمەند دەڵێی تەپوتۆزی لاداوە تا ئەوەی لە درێژەی مێژوودا شاردراوەتەوە دەربخات.
٤- دەمامکەکان، لای ئیسماعیل خەیات، بۆ ئەوە نین شتێک بشارنەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بۆ ئەوەن شتێکی داپۆشراو ئاشکرا بکەن، میمیکی دەموچاو، لە ڕەنجێک، لە تووڕەیییەک، لە دێفۆرمە بوون و دۆنادۆنێک دەدوێت کە هیچ لە پشتیەوە نییە، هەرچی هەیە هەمان تۆنی کۆباڵت و هێڵی تیژ و ڕژدە، هەمان هێڵی تێکشکاو تۆنی مات و کشە، لە پشتەوەش هەرچی ببێت، گرنگ نییە، ئاماژەیەکە. ئەمە وەک کارناڤاڵی باختینییە، لەوێشدا، دیارە دەموچاوەکان دادەپۆشرێن، بەڵام مەبەست شاردنەوە نییە، بەڵکوو بە شاردنەوە کۆمەڵێک ڕاستی و حەقیقەتی سەرکوتکراو دەردەخرێت، دەموچاوەکان دادەپۆشرێن بۆ ئەوەی شتێک کە لەژێر گوشاری کۆمەڵایەتی و چینایەتی و سیاسی و ئابووریدا داپۆشراوە، نیشان بدرێت. سەبارەت بە فۆڕمی بەرهەمەکان دەمامکەکان لە هێڵکارییەوە بەرەو گرافیک دەڕۆن، ئاماژە بە ئەو سنوورە پێشنیارێکە کە ڕێگەی ئەوە هەیە بەرهەمی بەهێزتری تیدا بخولقێت، بۆیە دەکرێ لە بەرهەمی شێوەکاری دیکەدا ببووژێتەوە.
زۆربەی تابلۆکان وەک دەمامکەکانان، ئاماژەن بە خۆیان نەک بە ئەوەی وا لە دەرەوە و پشتەوەی خۆیانەوە هەن، ئەمە ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ تێگەیشتن لەو دنیا سەربەخۆیەی وا ئیسماعیل خەیات دروستی کردووە، دنیایەک کە گەرچی لەناو هەمان واقیعدایە، بەڵام پێبەندی ڕێساکانی واقیع نییە.
٥- هەندێ لە موفرەداتی تابلۆکانی ئیسماعیل خەیات، لەسەر سنووری ئایکۆنی ڤیژواڵ و بە ڕاز و سیمبۆلبوون ڕادەوەستن و خۆیان یەکلا ناکەنەوە. ئەمە نامسۆگەرییەکی فەلسەفی و هونەرییان پێ دەدات، پێم وابێ هەر بۆ بەهێزکردنی ئەم نامسۆگەرییەیە کە کەمترین هێڵی ڕاست و ڕژد، کەمترین دۆخی ڕاوەستاو دەبینین، ئەم جووڵە، ئەم لەرزۆکی و چەماوەیییە بە ناچار نیگایش دەبزوێنێ، بۆیە بینەر دەبێ وەک سەیرکردنی خەریتەیەک چاو بە تابلۆکاندا بگێڕێت و وردەکارییەکانی کەشف بکات. ئەمە وا دەکات جووڵە بە نیگا و بە تابلۆ بدرێت. ئەم جووڵەیە لە نێوان ڕەنگەکانیشدایە و ئەو وەهمە دەدەن دەڵێی بیچم و ڕەنگی ناو تابلۆکان بە دزییەوە و نابەرهەست دەجووڵێن و دەلەرێنەوە، بۆیە دەبینین سنووری نێوان ڕەنگەکان چەندەش دیاریکراو بێت لە شوێنانێکدا تێکەڵ بە یەکدی دەبن و سنووری یەکدی دەبەزێنن. ئەم تێکەڵبوونەی ڕەنگ و پێچەڵپێچبوونەی سنووربەندییەکان و موفرەداتەکان، ڕواڵەتی ناهێندەسی و جادوویی بە تابلۆکان دەدات، بۆیە هەندێجار هەست دەکەین تەمەنی تابلۆکان سەدان ساڵ کۆنتر و دێرینترە لەو سەردەمەی وا تێیدا کێشراوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین زۆربەی تابلۆکان کۆمەڵە وێنە و بیچم و ڕەنگانێکن کە ڕەگیان لە نەستی کۆیی و مێژووییماندا داکوتراوە، هەر ئەمە گەرەنتییەکە کە زەمەن و مۆدە ناتوانن بە سانایی بیسڕنەوە.