فاوست و شەیتان
هاوپەیمانییەکی دووفاق
١
کەم شاکاری ئەدەبی هەن هێندەی درامای “فاوست”ی گۆتە، کاریگەری بەسەر بەشێکی گەورەی ئەدەب و هونەری جیهانییەوە هەبووبێت. ئەم شاکارە بە دێژاییی مێژوو جێ دەستی بەسەر ئەدەب و شانۆی دنیاوە هەبووە و هەیە. “یوهان ڤۆڵڤگین گۆتە”۱ ١٧٤٩-١٨٣٢ لە سەرەتاکانی گەنجێتییەوە تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی کاری لەسەر “فاوست” کردووە، پڕۆژەیەک بۆ ژیان و داهێنان، کە نەمری بە “گۆتە” بەخشی.۲
هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی، یاوەخود هونەری هێندەی “فاوست” کاری لەسەر نەکراوە؛ کارەکتەر و چیرۆکی فاوست لە چەندین ئامادەکردن، سەرلەنوێ بەرجەستەکردن و خوێندنەوەی جیاوازەوە دەرکەوتووە. چیرۆکی فاوست، وەک “ئەلکیمیست”ێک،٣ کە لەگەڵ شەیتان پەیمان دەبەستێت، تا ئەو دەسەڵاتەی هەبێت بەسەر مرۆڤایەتی و ڕووداوەکانی دنیادا زاڵ بێت، بتوانێت دەسەڵاتەکانی، نەک تەنیا بەسەر مرۆڤدا، بەڵکوو بەسەر فیگورە میتۆلۆژییەکانیشدا بسەپێنێت، جگە لە (کات)، کە شەیتانیش ناتوانێت لە دەرەوەی کاتەوە کار بکات. واتە فاوست ئەو دەسەڵاتەی هەبێت، جگە لە (کات) هەموو گەردوون، بە مرۆڤیشەوە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
“فاوست” کەسێکی نائارامە، کە بەردەوام لە گەڕان و پشکنیندایە، ئەمەیش سمبولێکە بۆ گەڕانە بێوچانەکەی مرۆڤ، بە درێژاییی مێژوو. پەیمان بەستن لەگەڵ شەیتان بیرۆکەیەکی گەلێک دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست، هەروەها ڕەگ و ریشەیەکی قووڵیشی لای جوولەکهکاندا هەیە.
“فاوست” و شەیتان، کە لە کارەکتەری “مێفیستۆفلێس”دا دەردەکەوێت، گەشتێکی پڕ لە فەنتازی بە نێو شارستانییەتی دێرینی یۆناندا دەکەن؛ هەموو چیرۆکەکە داستانێکی سوریالییە، لەم چیرۆکەدا خوێنەر ڕووبەڕووی خواوەندەکان، ئاژەڵی سەیروسەمەرە، سوارچاکەکان، پادشا و فیگورە میتۆلۆژییەکان دەبنەوە. خودی میتۆلۆژیا کلاسیکییەکە، کە فاوست ڕۆحی خۆی لە پێناو بەدەستهێنانی زانست و هێزێکی گەورەی بێ سنوور، بە شەیتان دەفرۆشێت، چەندین نووسەری لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەوڵیان داوە لە دیدی خۆیانەوە خوێندنەوەی بۆ بکەن. لەنێو ئەم خوێندنەوە جیاوازانەدا، بێگومان شاکارەکەی گۆتە لە هەموویان بەناوبانگترە. ناوی “فاوست”یش، کە لە نەژاددا لاتینییە، مانای “بەخت” دەگەیەنێت.
نەژاد و خودی مێژووی چیرۆکەکە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٥٠٠ەکان، ڕێک ناشزانرێت ئەم چیرۆکە ئەڵمانی، یاوەخود پۆڵۆنی بووە، یان لە چ شوێنێکی تری دنیاوە هاتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بۆ یەکەمجار چیرۆکی فاوست، بە ئەڵمانی لە کتێبێکدا بە ناوی “کتێبی فاوست” یان “سەرگوزشتەی فاوست” دەرکەوتووە. مێژووی ئەم کتێبەیش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٨٧. یەکەم دەقی شانۆیش سەبارەت بە “فاوست”، کە لەبەر دەستدا بێت، دەقە شانۆیییەکەی شانۆنامەنووسی ئینگلیزی “کریستۆفەر مارلۆ٤ ١٥٦٤-١٥٩٣ یە، کە لە ساڵی ١٥٩١دا بە ناوی “دکتۆر فاوست”ەوە نووسیویەتی. دواجار فاوستی گۆتە بووە مۆدێلێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی تر، کە کاریان لەم چیرۆکەدا کردووە.٥
بەپێی سەرچاوە دێرینەکان، کەسێک لە ڕاستیدا هەبووە، بە ناوی “یوهان/جۆرج فاوست”، کە پەیمانێکی لەگەڵ شەیتان هەبووە.
گۆتە، فاوست وەک کەسێک وێنا دەکات، کە بە هیچ شتێک قایل نییە، لەبەر ئەوە دەیەوێت زیاتر بزانێت و بە دوای زانیاری و زانستی زیاتردا، سەبارەت بە دنیا و گەردوون دەگەڕێت، هەروەها دەیەوێت وەڵامی باشتری سەبارەت بە پرسیارە گەورەکانی گەردوون و مرۆڤایەتی دەست بکەوێت. فاوست دەیەوێت لە ماناکانی ژیان بگات و دەستی بگات بە هێزە بێکۆتایییە نادیارەکانی سرووشت. فاوست لەم گۆشەنیگایەوە دەبێتە شتێک گەورەتر لە خودی خۆی. لەم ڕەوشەدا پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات، بۆ نموونە ئەو پەیمانەی لەگەڵ شەیتان دەیبەستێت، تا بگات بەوەی دەیەوێت. ڕۆحی فاوست بریتییە لە سەرکەوتن و بەسەر هەموو شتێکدا زاڵبوون؛ هاوکات هەستێکی تەنیایی هەیە و دەیەوێت بە شتێکی گەورە و بێکۆتا بگات. گۆتە دەیەوێت ئەوەمان پێشان بدات، کە ئەو یاسایەی گەردوونی ڕاگرتووە، هەمیشە بە نادیار دەمێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت، تەنیا لە ڕێگای ئەم جووڵە گەورەیەی گەردوونەوە، جێگای خۆی بکاتەوە.
فاوست، لە هزر و ئەدەبی جیهانیدا، وەک نوێنەری ڕۆمانسییەتی ئەڵمانی ئاماژەی بۆ دەکرێت، وەک هێماگەلی خۆویستێک، دەیەوێت دەسەڵات بگرێتە دەست. ڕۆمانی “ئازارەکانی ڤارتەری لاو” نموونەیەکی گرینگی ئەو ڕۆمانسییە ئەڵمانییەشە، کە گۆتە نوێنەرایەتی دەکرد.
مێژوونووسانی ئەدەب و ئەکادیمیست و لێکۆڵەرەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە دوای “ئەلیازە و ئۆدیسە”ی هۆمیرۆس و “دۆنکیشۆت”ی میکوێل سێرڤانتس و “کۆمیدیا”ی دانتی ئەلیگیێری، “فاوست”ی گۆتە، گەورەترین کاریگەرییان لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا هەبووە. “فاوست” بە شێوەیەکی تەواوەتی و هەردوو بەشەکەی، لە ساڵی ١٨٣٢ دا، دوای مردنی گۆتە بڵاو دەکرێتەوە.
گەر ئاوڕێکی خێرا بەسەر ئەدەبی سویدیدا بدەینەوە، بە ئاشکرا دەبینین “ئاوگوست ستریندبێرگ” ١٨٤٩-١٩١٢ لە چەندین بهرههمیدا لە ژێر کاریگەریی فاوستدا بووە، بۆ نموونە هەردوو شانۆنامەی “ئوستاد ئولۆف” ١٨٧٢ و “خەونەنمایشێک” ١٩٠١. ستریندبێرگ هێندە بە “فاوست” سەرسام بووە، گوتویەتی: “فاوستی گۆتە وەرناگێردرێت، نابێت وەربگێردرێت.” ستریندبێرگ زۆر زوو درکی بەوە کردبوو، کە وەرگێڕان زۆر خێراتر لە ئۆرگیناڵەکان کۆن دەبن. ئەمەیش “بریت گ. هەڵگڤیست”،٦ کە “فاوست”ی لە ئەڵمانییەوە کردووە بە سویدی، پشتڕاست دەکاتەوە.
جگە لە ستریندبێرگ چەندین نووسەری تری سویدی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی “فاوست”ەوە، “سەلما لاگەرلۆڤ”٧ یەکێکی ترە لەو نووسەرە سویدییانەی، کە چەندان ئاماژە و جێگا دەستی “فاوست”ی گۆتە بە ڕۆمانەکانییەوە دیارە.
چیرۆکی فاوست بە شێوەیەکی ساکار بریتییە لە: ئەو پیاوەی ڕۆحی خۆی بە شەیتان، کە لێرەدا لە کارەکتەری “مێفیستۆفلێس”دا دەردەکەوێت، دەفرۆشێت بۆ ئەوەی ئاستێکی باشتر، سەرکەوتووتر یان شتێک لە خودی خۆی باڵاتر بە دەست بهێنێت و بە خۆشگوزەرانی بژی. فاوست جگە لە زانست و زانیاری، بە دوای دەسەڵات، خۆشەویستی و ماناکانی ژیاندا وێڵە، لەبەر ئەوەی فاوست هەست دەکات، هیچکام لهمانهی نییه، بۆیه، هەست بە بەختیاری ناکات و ئامادەیە هەموو شتێک بکات، تا بتوانێت ستایلی ژیانی خۆی بگۆڕێت و بگات بەوەی دەیەوێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، فاوست کەسێکە بە ئاسانی دەتوانێ سەبارەت بە زانست، گەنجێتی، خۆشەویستی و دین قسە بکات.
ئەم چیرۆکە، یاوەخود داستانە، لە ئەدەبی ئەڵمانیدا، جگە لە “گۆتە” “کلاوس مان”٨ کوڕی ڕۆماننووسی بە ناوبانگ “تۆماس مان”۹ لە ساڵی ١٩٣٦دا لە دەقێکی شانۆییدا بەناوی “مێفێستۆ”ەوە گەڕاوەتەوە سەر چیرۆکی “فاوست”. لای “کلاوس مان” ئەکتەرێک لەگەڵ دەسەڵاتی نازییەکان پەیمانێک واژوو دەکات، تا پلە و پایەی خۆی لەنێوەندە هونەرییەکەدا بەرز بکاتەوە و خۆی بکات بە کەسی یەکەم.
“تۆماس مان”ی باوکیش، وەک نووسەرێکی گەورەی ئەڵمانی، بە سوود وەرگرتن لە “فاوست”ەکەی گۆتە، لە ساڵی ١٩٤٧دا ڕۆمانێکی بەناوی “دکتۆر فاوست” نووسیوە. “تۆماس مان”، کە ڕۆمانەکەی خۆی دەنووسێت، دوو ساڵ بوو دووەم جەنگی جیهانی تەواو ببوو، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەلی بۆ نازییەکان هاویشتووە. لای “تۆماس مان” ئاوازدانەرێک بڕیار دەدات پشت بکاتە خۆشەویستی، تا گەورەترین ئاستەکانی هێز و وزەی داهێنان بە دەست بهێنێت. هاوکات ئەم ڕێککەوتنەی “فاوست”ەکەی “مان” لە پشتکردنە خۆشەویستی، هاوتەریب دەبێت بە کێشەیەکی تری گەورەتر، کە ئەویش بریتییە لەو ئامانجەی نازییەکان لە داگیرکردنی ئەوروپا هەیان بوو، بێگومان بە ڕووخانی هیتلەر و کاولکردنی ئەڵمانیا کۆتایی پێ هات.
بەشی یەکەمی “فاوست”ی گۆتە باسی پرۆفیسۆرێکی پیر دەکات، کە پەیمانێک لەگەڵ شەیتانێکی ژیردا مۆر دەکات، تا ئەو پیاوە بتوانێت ژنێکی گەنج لە خشتە بەرێ و بەلای خۆیدا ڕایبکێشێت، بەڵام ژنەکەی بەرگەی ئەم پەیمانە ناگرێت، هەروەها منداڵە هاوبەشەکەشیان، ئەمە جگە لەوەی برا و دایکی ژنەکەیش.
بەشی یەکەمی ئەم درامایەی گۆتە لە ئاسمانەوە دەست پێ دەکات و دەستپێکی ڕووداوەکان خواوەند لە ئاسمانەوە لەگەڵ مێفیستۆفلێس “شەیتان” دەدوێت. مێفیستۆفلێس داوا لە خواوەند دەکات، ڕێگای بدات ڕۆحی فاوست بکێشێت. خواوەند لەگەڵ هەندێک لە فریشتەکاندا لە گفتوگۆدایە، بۆ نموونە باسی خۆشی و جوانییەکانی سەر زەوی دەکەن. دوای ئەم گفتوگۆیە، مێفیستۆفلێس دەردەکەوێت. مێفیستۆفلێس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە هیچ شتێک لەسەر زەوی جێگای خۆشحاڵی نییە. هەر لێرەدا خواوەند پرسیار لە مێفیستۆفلێس دەکات، کە ئایا فاوست دەناسێت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ دەیناسم. خواوەند دڵنیایە، کە مێفیستۆفلێس ڕێگا پێشانی فاوست دەدات و لەنێو تاریکییەکەی دەروونی و کەمی زانیاری و ناڕۆشنییەکەیەوە، دەستی دەگرێت و بەرەو زانست و بەرچاوڕوونی دەبات. لەم ڕووەوە گۆتە کارەکتەری فاوستی وا بەرجەستە کردوە، کە هەست بکات بەندە و دەیەوێت بەرەو ئازادی بڕوات.
گۆتە بۆ ئەم دیمەنەی سەرەتا، کە لە ئاسماندا ڕوو دەدات، سوودی لە ئینجیل وەرگرتووە؛ بەتایبەتی لە کتێبەکانی ئینجیلدا، گفتوگۆیەک لەنێوان خواوەند و شەیتاندا هەیە و گۆتە وەک خۆی وەریگرتووە. دوای ئەم دیمەنەی ئاسمان، دێینە سەر زەوی و ژیانی فاوست لە نزیکەوە دەبینین.
مێفیستۆفلێس یەکەم جار، وەک سەگێکی ڕەش شوێن فاوست دەکەوێت؛ لە کاتێکدا فاوست لەگەڵ ڤاگنەری هاوڕێیدایە، سەگە ڕەشەکە دەردەکەوێت. لێرەدا تەنیا فاوست لەوە دەگات، کە ئەمە سەگێکی ئاسایی نییە، ئەمەیش لەبەر ئەوەی سەگەکە بەشێوەیەکی سەیر دوایان دەکەوێت. سەگەکە، کە لە ڕاستیدا شەیتانە و لە بەرگی سەگدا دەردەکەوێت، بە مۆڕەمۆر، تا شوێنی کارەکەی فاوست، دوایان دەکەوێت. ئەوەی جێگەی سەرنج و ئاماژەیە، شەیتان جگە لە شێوەی سەگ، وەک ئەسپی دەریا و فیل-یش دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە، مێفیستۆفلێس، وەک کارەکتەری شەیتان، یاریزانێکی وریایە، هەمیشە ڕۆڵ و لایەنەکان دەگۆڕێ و نازانرێت، بەتەواوی سەر بە چ شوێنێکە و لە چ بەرگێکدایە.
بەشی دووەم هێڵی ڕووداو و کارەکتەر و ئەتمۆسفێری گشتی دەقەکە زۆر چڕ و پڕ و سەختترە، هەر لەبەر ئەوەیشە، وەک بەشی یەکەم لەناو خوێنەر و ڕەخنەگرەکاندا ئەو سەرکەوتنەی، کە لە بەشی یەکەمدا بە دەستی هێناوە، بە دەستی نەهێنێت. سەرەتای بەشی دووەم، بەیانییەکی زووە و فاوست نووستووە، کە لە خەویش هەڵدەستێت نائارامە و هیچ شتێکی لە بیر نەماوە، هیچ شووناسێکی نییە و وەک مرۆڤێکی نوێ وایە. مارگرێت، منداڵەکەی، دایکی، براکهی و هەموو قوربانییەکانی بەشی یەکەمی لە بیر چۆتەوە. دنیایەکی نوێ، ژیانێکی نوێ دەخولقێت، ئەم دنیا و ژیانە نوێیەیش لەنێو کۆشکی شاهانەی سیزەرەکانەوە دەست پێ دەکات. سیزەری کۆشک پێویستی بە پارەیە و مێفیستۆفلێس، بە شێوەیەکی ئەفسوونی بووەتە پیاوی نزیکی کۆشک و دەتوانێت ئەو پارەیە بۆ سیزەر پەیدا بکات. هەر لە بەشی دووەمدا گەشتەکەی فاوست و مێفیستۆفلێس بەردەوام دەبێت، بەڵام چ لە ڕووی جوگرافیاوە و چ لە ڕووی مێژوویییەوە، پانتاییی گەشتەکەیان فراوانتر و قووڵتر دەبێت. ڤاگنەری قوتابی و هاوڕێی فاوست دەردەکەوێتەوە، بووە بە پزیشک و پرۆفیسۆر.
ئەوەی لەم بەشی دووەمەدا جێگای سەرنجە، کۆتایییەکەیەتی، کە ڕۆحی فاوست بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت، یان بە مانایەکی تر ڕادەکێشرێت. بەشی دووەم لە پێنج پەردە پێک هاتووە، کە لە هەر پەردەیەکدا لە گۆشەنیگایەکەوە و بە شێوەیەکی تر لە دنیا دەڕوانێت، بۆ نموونە پەردەی یەکەم: دەسەڵاتی پارە، لە پەردەی دووەمدا، باسی خەونەکانی ئەلکیمیست دەکات، کە دەیەوێت مرۆڤ دروست بکات. فاوست دەیەوێت بچێتە خوارەوە بۆ ناو قووڵایییەکانی ژێر زەمین و مردووەکان ببینێت. “ئۆرفیوس”،١۰ وەک نموونەیەکی باڵای ئەو مردووانەیە، کە دەیەوێت بیانبینێت، تا ڕووداوە گەورەکانی دنیا، ئەوانەی لە واقیع و لە شیعردا ڕوویان داوە، بگێڕێتەوە.
لە پەردەی سێیەمدا دەست بەسەر مێژوو و میتۆلۆژیاکاندا دەگرێت، لە پەردەی چوارەمدا هەموو دژی یەک لە جەنگدان، هەر لەم بەشەدا دەسەڵاتی فیودالیزم کۆتایی دێت. لە پەردەی سێیەم و چوارەمدا، چیتر باسی ئەوە ناکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی بەسەرچوون، بەڵکوو دنیایەکی نوێ فۆرمی خۆی وەردەگرێت. فاوست دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەیەکدا بگرێت؛ هەرێمێک بخووڵقێنێت، وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی، تەنیا بۆ خۆی. لەم شوێنەدا هیچ ڕابردوویەک بوونی نەبێت، هیچ دەسەڵاتێکی مێژوویی نەتوانێت کاریگەری هەبێت. لە پەردەی پێنجەمدا دنیایەکی تر دەخوڵقێت، کە دەستپێکی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییە.
گۆتە لە بەشی دووەمدا، لە ڕوانگەی ئەم پێنج پەردەیەوە، لەنێو گەشتەکەی فاوست و مێفیستۆفلێس-ەوە میتۆلۆژیای گرێکی دەبەستێتەوە بە کولتووری چاخەکانی ناوەڕاستەوە و تێکەڵاویان دەکات.
گەشتەکەی فاوست و مێفیستۆفلێس لە بەشی دووەمدا، دنیا وەک شانۆیەک تێکڵاوی هەموو توخم و ئاستە واقیعی و ناواقیعیەکان دەکات، کارەکتەرەکان لەنێوان دنیای تارمایییەکان و واقیعدا، لەنێوان ئەوانەی لە ژیاندان و ئەوانەیشی مردوون، لەنێوان دەریا و وشکانیدا دەردەکەون و ڕەوتی ڕووداوەکان لەو گەشتەی فاوست و مێفیستۆفلێسدا دەچن.
لەم بەشی دووەمەدا، فاوست و مێفیستۆفلێس دەچنە کۆشکی سیزەرێکی ڕۆمانی/ئەڵمانییەوە و هەوڵ دەدەن یارمەتی بدەن. سیزەر بە ئاهەنگێکی دەمامکداری گەورە لە شاری “فێنیسیا” پاداشتیان دەداتەوە. لەم ئاهەنگەدا، فاوست عاشقی “هێلێنا”ی قەشەنگ دەبێت، کە یەکێکە لە خانمە هەرە جوانەکانی “سپارتە” و لە میتۆلۆژیای گرێکیدا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی تەڕوادە. هەر لەم ئاهەنگەوە، فاوست لەگەڵ مێفیستۆفلێس، لە گەشتێکی ئەفسونیدا دەڕۆن بۆ یۆنانی کۆن تا بە دوای “هێلێنا”دا بگەڕێن. لەم گەشتەدا ڕووبەرووی فیگۆری فەنتازیئامێز و ئاژەڵ و دیۆ و درنج دەبنەوە و بە نێو کۆشکی گەورە و دورگەی جۆراوجۆر و ئەشکەوتدا دەڕۆن.
ئەم بنەمایە دەبێتە دەستپێکی ئەو پێشکەوتنەی، کە سەرەتاکەی بە کۆمەڵگە و شارستانییەتێکی پیشەسازی کۆتایی دێت. ئەم بەشی دووەمە، مێژووی شارستانییەتی ئەوروپا و دیدی “گۆتە”مان بۆ دنیا دەخاتە ڕوو. هەر لەم ڕووەوە “فاوست”ی گۆتە گوزارشتێکە سەبارەت بە هەموو مرۆڤایەتی. ئەوەی جێگای باس و ئاماژە بۆ کردنە، کە لە ساڵی ١٨٣٣دا، بەشی دووەم بڵاو دەکرێتەوە، پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ ناکرێت و ناحاڵیبوونێکی تەواو بەرامبەر ئەم بەشە دروست دەبێت.
میشێل فوکۆ وەک درامایەکی فەلسەفی سەیری فاوست دەکات، “فاوست دوا وێنە گەورەکەیە، هاوکات دوا گوزارشتی فەلسەفە گەورە داستانییەکەی سەد ساڵی گەشەی ئەوروپایە. فاوست دوا فۆرمەلەی داستانی فەلسەفییە لە دوای فاوست-ەوە، فەلسەفە دەبێتە فێربوونێکی پیشەیی و فەلسەفەی ژیان نامێنێت
“فاوست”ی گۆتە دەبێتە جێی سەرنجی فەیلەسوفەکانیش، هیگڵ لە کتێبی “شیعری دراماتیکیدا” ئاماژەی بە فاوست، وەک “فەلسەفەیەکی تراجیدی” دەکات.۱١ میشێل فوکۆ وەک درامایەکی فەلسەفی سەیری فاوست دەکات، “فاوست دوا وێنە گەورەکەیە، هاوکات دوا گوزارشتی فەلسەفە گەورە داستانییەکەی سەد ساڵی گەشەی ئەوروپایە. فاوست دوا فۆرمەلەی داستانی فەلسەفییە لە دوای فاوست-ەوە، فەلسەفە دەبێتە فێربوونێکی پیشەیی و فەلسەفەی ژیان نامێنێت.”۱٢
لە ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٧٠٠ەکاندا، چیرۆکی گەشتی دکتۆر فاوست بۆ دۆزەخ یەکێک دەبێت لە نمایشە بەردەوامەکانی ڕێپۆرتواری گروپە شانۆیییە گەڕۆکەکانی ئەڵمانیا، لەم نمایشانەدا، زیاتر پشتیان بە “دکتۆر فاوست”ەکەی مارلۆ بەستووە، بەپێی سەرچاوەکان، هەندێک جار ئەم دکتۆر فاوست-ەی مارلۆ-یان لەگەڵ داستانە کۆنەکەدا تێکەڵاو کردووە.١٣ گۆتە منداڵ بووە، کە بۆ یەکەمجار لە فرانکفۆرت، فاوستی بە شانۆی بووکەڵە بینیوە، دواتر بۆ چەندین جار نمایشی جودای تری فاوستی بینیوە. بێگومان ئەم نمایشانە کاریگەرییان هەبووە و گۆتە، لە دیدی خۆی و ئەزموونی بەردەوامی خۆیەوە، کاری لەسەر “فاوست” کردووە.۱٤
یەکەم دەستنووسی گۆتە و کارکردنی لەسەر فاوست دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ١٧٧٠کان، دوای سەد ساڵ، لەنێو ئەرشیڤەکەی گۆتەدا ئەم دەستنووسە دۆزراوەتەوە، کە ئێستا بە “بەر لە فاوست” یان “ڕەشنووسێکی سەرەتایی”، کە گۆتە نەچۆتەوە سەری و جارێکی تر سەرلەنوێ دەکەوێتەوە نووسینی فاوست، ئاماژەی بۆ کراوە. گۆتە خۆی لە نامەیەکیدا بۆ “فریدریش شیللر”١٥ ١٧٥٩-١٨٠٥ سەبارەت بەم کارەی دەڵێت: “دەمەوێت بڵێم، گەر شیعر لەم دنیایەدا نەمێنێت، دەکرێ سەرلەنوێ لەم دەقەوە پێگەی شیعر بگەڕێنینەوە بۆ دنیا.”
گۆتە سەرەتا لە فرانکفۆرت دەست دەکات بە نووسینی فاوست، دواتر لە ساڵی ١٧٨٦دا بەرەو ئیتالیا دەکەوێتە ڕێ و تا ساڵی ١٧٨٨ لەوێ دەمێنێتەوە، لەم ماوەیەشدا فریای ئەوە ناکەوێت بەتەواوی کار لە فاوستدا بکات. هەرچەندە گۆتە کاری لەسەر ئەم پڕۆژەیەی دەکرد و تەواو نەببوو، بەڵام لە نێوەندە ئەدەبی و هونەرییەکەی ئەو دەمەدا، ئەوە بڵاو ببووەوە، کە گۆتە خەریکی شاکارێکی گەورەیە، لەبەر ئەوە گۆتە لە ساڵی ١٧٩٠دا بەشێکی بچووک لە فاوست بڵاو دەکاتەوە. دواتر گۆتە لە ساڵی ١٧٩٤دا هەموو ڕەشنووسەکەی دەداتە دەست “شیللر”، کە هاوڕێیەکی نزیکی گۆتە دەبێت. شیللر بۆ یەکەم جار، کە ئەم دەستنووسە دەخوێنێتەوە، سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەم کارە گەورەیەی هاوڕێکەی دەردەبڕێت. لە ساڵی ١٨٢٧یشدا، پەردەی سێیەمی بەشی دووەم بەجیا، لە ژێر ناوی “هێلێنا-کلاسیک- رۆمانتیک، فانتازیا” بڵاو دەکاتەوە.
٢
مەسەلەی ئەلکیمیست و گەڕان بە دوای زانیاریدا، زیاتر لە بەشی یەکەمدا دەردەکەوێت، کە فاوست خۆی وەک ئەلکیمیست دەردەخات، ئەمەیش ئەو ئاماژەیەیە، فاوست بێ سنوور بە دوای زانیاریدا دەگەڕێت. ئەمە کرۆکی دەقەکەی گۆتە نییە، کە مۆدانیستەکان ئاماژەیان بۆ دەکرد. لێکۆڵینەوە نوێ و هاوچەرخەکان بە ئاقارێکی تردا سەیری گەشتەکەی فاوست دەکەن؛ بۆ نموونە یاساکانی سروشت، ئەمە جگە لەوەی کۆبوونەوەی فاوست لەگەڵ تارمایییەکانی زەوی، بە هیچ شێوەیەک باسی گەڕان بە دوای زانیاریدا ناکەن، بەڵکوو ململانێی “دەسەڵات”ە، فاوست ئەو شەڕە دەدۆڕێنێ، بەڵام پرس و ململانێی دەسەڵات لە درامای فاوست بەردەوامە، بە تایبەتی، کە “مێفیستۆفلێس” دەبینێ و تا کۆتاییی دەقەکەیش بەردەوام دەبێت.
فاوست بەدوای هەلومەرجێکدا دەگەڕێت، کە هێز و توانایەکی دەست بکەوێت، هیچ مرۆڤێکی تر بە دەستی نەهێنێ. نەمریش تەنیا بۆ خودایە. لە کۆتاییشدا فاوست تەنیا دوو بژاردەی لە بەردەستدایە: گرەوەکە بەرێتەوە، دەتوانێ تاهەتا بژی، بەڵام گەر هەمیشە لەناو کاتدا بژی، کە بەردەوام دەڕوات و ناوەستێت، ئەوە گرەوەکە دەدۆڕێنێت؛ فاوست بەرامبەر “کات” ناتوانێ هیچ بکات و دەدۆڕێ. “کات” “گیان” لە فاوست وەردەگرێتەوە. هەر لە سەرەتای دەقەکەیشدا، کێ دەبێ گرەوەکە بەرێتەوە: ” مێفیستۆفلێس”.۱٦ ئەمە لە کاتێکدا ڕوو دەدات، گەر خواوەند دەست بەسەر ڕووداوەکاندا نەگرێت، گەر خواوەند مێفیستۆفلێس نەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. لێرەدا تەنیا شەیتان پێویستە پەیمانەکەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
لەنێو ئەم هەموو ڕووداوانەدا، مێفیستۆفلێس، نەک فاوست پشکی گەورەی لە بەرجەستەکردنی دراماکەدا هەیە. مێفیستۆفلێس زۆر بە ئاسانی دەستی فاوست دەگرێت و ڕێگای ژیانی پێشان دەدات. ئەم کارەکتەرە داهێنەری گۆتەیە و تەنیا کارەکتەریشە لە ڕووی موڕاڵەوە تەواو بنەماکانی دیارە. فاوست زیاتر کارەکتەرێکی خۆویست و خەوبینە. بە پێچەوانەوە مێفیستۆفلێس کارەکتەرێکی تەنیا ڕاستگۆ نییە، بەڵکوو کەسێکی ژیر و هۆشمەندە و بەڕەوشتە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیانکردن و ئەزموونی ژیان لە کۆشکە شاهانەکاندا بۆ دەردەخات. بە هەموو پێوەرەکانی ڕووداوەکانی نێو شانۆنامەکە، مێفیستۆفلێس لە فاوست ژیر و هوشیارترە. ئەو هۆشیارییەی مێفیستۆفلێس هەیەتی، لە سەرەوەی مرۆڤایەتییە و بە هیچ شتێکەوە نەبەستراوەتەوە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەند نییە.
بە درێژاییی مێژوو، ئەم مێفیستۆفلێس-ەی گۆتە بە هەڵە لێکدراوەتەوە و هەمیشە بەدحاڵیبوونێک هەبووە: وەک هێزی شەڕ سەیر کراوە، ئەمەیش بەمانای دژە خواوەند، بەڵام ئەمە وا نییە، یان باشتریش نییە؛ هەمیشە وا نییە. مێفیستۆفلێس سەبارەت بە خۆی دەڵێت، ئەو بەشێکە لە هێزێک، کە هەمیشە لایەنی شەڕ هەڵدەبژێرێت، بەڵام بەردەوام کردارەکانی خێرە. لێکۆڵەرەوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە گۆتە ئەم هێزەی یان ئەم ڕەوشە، کە تەنانەت دیالێکتیک لە شەڕیشدا هەبێت، لە شارستانییەتی ڕۆماوە وەریگرتووە. “ڕێگا مەدە هێزی شەڕ بەسەرتا سەرکەوێت، بەڵکوو بە خێر بەسەر هێزی شەڕدا سەرکەوە.”
٣
بەشی یەکەمی فاوست و بەشی دووەم تەواوکەری یەکن، لە هەندێک ڕووەوە لە هونەری ئۆپێراوە نزیک دەبنەوە. ئەوەی “ئەڕەستۆ” لە ڕووی یەکەی شوێن، کات و ڕووداوەوە لە “هونەری شیعر”دا دیاری کردووە، گۆتە لەم دەقە شانۆیییەیدا تێکی دەشکێنێت. خودی مێژووی ڕووداوەکان، کە دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٠٠ەکان، ماوە، بەڵام وەک بەشێک لە چیرۆکێکی گەورەتر. لە بەشی دووەمدا، گۆتە دەست بۆ بەشێکی زۆری مێژووی دنیا دەبات و لەنێو ڕووداوەکانی دراماکەدا دەیانچنێ و جێگایان دەکاتەوە. هاوکات بە شێکی زۆر لە جوگرافیای ئەوروپا، بۆ نموونە یۆنانی کۆن، لە هەردوو ڕووی مێژوویی و میتۆلۆژیاوە، لە ڕووداوەکاندا بەرجەستە دەکات. سەرەتاکانی کۆلۆنیالیزم، سەردەمی ڕۆشنگەری، یۆنان، دنیای ناوەوە، هەروەها گۆتە سەردەمەکەی خۆشی لە بیر نەکردووە، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری، سەرەتاکانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان، دەستپێکی سۆشیالیزم.
گۆتە هەموو جیهان دەکاتە شانۆ و پاڵەوانەکانی، لە هەر کوێیەک بن سنوورەکان دەبەزێنن و هیچ سنورێک نە بۆ پاڵەوانەکانی و نە بۆ ڕووداوەکانی نامێنێت. ئەوەی جێگای ئاماژەیە پاڵەوانەکان و ڕووداوەکان لەنێو ئەتمۆسفێرێکی تارماییئاسا و واقیعیەتدا، لەنێوان ئەوانەی زیندوون و ئەوانەی مردوون، لەنێوان دەریا و وشکانیدا ڕوودەدەن و بەرجەستە دەبن. لە زۆر ڕووەوە، خوێنەری ئەمڕۆی ئەم شاکارە، پێویستی بە فەرهەنگ هەیە، بە تایبەتی بۆ زانیاری و ڕوونکردنەوەی چەندین چەمک و میتۆلۆژیای گرێکی و ناوی پاڵەوانە ئەفسانەیی و داستانییەکان.
گۆتە چەندین توێژی بەسەر ڕووداو و کارەکتەرەکاندا داوە و هێدی هێدی ئەم توێژانە، یەک بە دوای یەکدا دەردەکەون و فاوست و ڕووداوەکان بەرەو ئاڕاستەی جۆراوجۆر دەبەن. بۆ نموونە توێژێکی فنتازیئامێز، ئەمەیش تایبەتە بە دنیای تارمایییەکان و دنیا نادیارەکەی دەقەکە، توێژێک بۆ مەودا: مەودای دوور و نزیک. ئەوەی گرینگیشە، گۆتە توخمە میتۆلۆژی و کریستیانییەکانی لەگەڵ باوەڕی خەڵکە دێرینەکانی ئەوروپا لێکداوە، ئەم لێکدانەیشی بە شێوەیەک کردووە، کە توخمەکان لە توێژێکدا کۆ بکاتەوە و تێکەڵاویان بکات. بەم شێوەیە، ئەو زەمینەیەی خوڵقاندووە، لەو توێژەدا ململانێی خواوەند و مێفیستۆفلێس بەردەوام بێت. توێژێکی تری ئەم درامایە، خەونە، کە پانیاییەکی گەورەی ڕووداوەکان داگیر دەکات، دوای ئەوە توێژی شانۆی ناو شانۆ دێت، کە گۆتە وەک شانۆکارێک، ئەم تەکنیکەی لە بونیادی ڕووداوەکاندا بەکار هێناوە.
هەڵوەشاندنەوەی کات لە میتۆلۆژیای گرێکیدا توێژێکی تری ئەم درامایەیە. کات کاتێکی بزۆزە و میتۆلۆژیا گرێکییەکە لە کۆنتێکستی دەقەکەی خۆیدا، لە کاتێکی تردا بەرجەستە دەکاتەوە؛
هەڵوەشاندنەوەی کات لە میتۆلۆژیای گرێکیدا توێژێکی تری ئەم درامایەیە. کات کاتێکی بزۆزە و میتۆلۆژیا گرێکییەکە لە کۆنتێکستی دەقەکەی خۆیدا، لە کاتێکی تردا بەرجەستە دەکاتەوە؛ ئەم توێژە میتۆلۆژییە گرێکییە، فاوست و مێفیستۆفلێس بە شێوازێک دەگۆڕێت، کە لەنێوان ئاستێکی ڕیالیزمی و داستانیدا، بە سەربەستی بجووڵێت. ئەم توێژانە، بەردەوام بە شێوەیەک لە شێوەکان یەکتری تەواو دەکەن.
ئەوەی فاوست دەجووڵێنێت، کۆمەڵێک ڕەوش و هەل و مەرجی تایبەتین، کە لەنێو ئەم توێژاڵانەوە کار دەکەن، بۆ نموونە ڕەوشی خۆشەویستی، گەڕان و ژیانێکی خۆش، هۆشمەندییەکی کلاسیکی، جوانییەکی هەمیشەیی، بێگومان دەسەڵاتیش. ئەم ڕەوشانە، وەک زنجیرەیەک پێکەوە بەستراونەتەوە، هەموو یەکێک لەم ڕەوشانە، بە خاڵێکی وەرچەرخانی بەهێز کۆتاییان دێت، کە پاڵ بە فاوستەوە دەنێن بەرەوپێشەوە هەنگاوەکانی بنێت. لەم ڕووەوە بەشێک لە ڕەخنەگرەکان، فاوست بە درامایەکی دیالێکتیکی داستانی دادەنێن.
بە مردنی فاوست هەموو جۆرە ململانێکان، کە لەنێوان خودا و مێفیستۆفلێس لەلایەک و ئەو پەیمانەی نێوان مێفیستۆفلێس و فاوست لەلایەکی ترەوە کۆتایی دێت، بەڵام خودی دراماکە لێرەدا کۆتایی نایەت، کە دەبوو کۆتایی بهاتایە. مێفیستۆفلێس دەیەوێت ڕۆحی فاوست ڕابکێشێتە ناو قووڵایی دۆزەخەوە، بەڵام ژمارەیەکی ئێجگار زۆر “فریشتە” دێن، کە تەواوی ژوورەکە پڕ دەکەنەوە. شەیتان دەردەکەوێت و ڕوویان تێ دەکات و هەر لێرەوە ڕۆحی فاوست دەدزرێت؛ دوای ئەوە چەندەها “فریشتە”ی تر دەردەکەون. ئەم هەموو فریشتەیە پاسەوانی ڕۆحی فاوست دەکەن بۆ ئاسمان. لە پڕ کارەکتەری “مارگرێت” دەردەکەوێت، کە لە بەشی یەکەمدایە، پەشیمانە لەو کارانەی کردوونی و ڕۆحی فاوست لە هەموو ڕەوشێکی سەر زەوی ڕزگار دەکات. مارگرێت داوا لە مەریەمی پاکیزە دەکات، کە لە گوناهەکانی فاوست خۆش بێت.
لە کۆتاییدا، دوای ئەوەی فریشتەکان ڕۆحی فاوست بەرەو ئاسمان بەرز دەکەنەوە، هیچ شتێک نامێنێتەوە؛ نە پاڵەوان و نە هیچ جۆرە فیگورێک، موتیڤەکان بڵاو دەبنەوە. فاوست، لەگەڵ هەموو ئەو گوناهانەشدا کردوونی، ڕزگاری دەبێت و ڕۆحی بەرز دەبێتەوە بۆ پانتایییە بەرزەکانی ئاسمان. ئەم کۆتایییە ئەوەمان پێشان دەدات، کە خواوەند هێزێکی پڕ لە چاکە و میهرەبانییە.
جگە لەوەی فاوست پەیمان لەگەڵ شەیتان دەبەستێت، ژیانی “مارگرێت” تێک دەدات، تا ئەو ئاستەی “مارگرێت” وای لێ دێت، دەستی بچێتە جگەرگۆشەکەی خۆی و بیکوژێت. گۆتە چیرۆکی “مارگرێت” لە ژیانی واقیعییەوە وەریگرتووە. لە ساڵی ١٧٧٢دا ئافرەتێکی بێ مێرد لە فرانکفۆرت لە سێدارە دەدرێت، بە تاوانی ئەوەی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی خۆی کوشتووە. “مارگرێت” لە بەندیخانە شێت دەبێت و لەو بڕوایەدایە، لە سێدارەدان دەبێتە ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆ ئەو. “مارگرێت” کارەکتەرێکی بێدەنگە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەوڵ دەدات، فاوست و مێفیستۆفلێس لەیەک جیا بکاتەوە. لە کۆتاییشدا، “مارگرێت” نایەوێت لەگەڵ فاوست و مێفیستۆفلێس بڕوات، لە سێدارەدانی پێ باشترە، وەک ئەوەی لەگەڵ ئەواندا بڕوات. بە هەر حاڵ، مێفیستۆفلێس هەست بە ئازارەکانی “مارگرێت” دەکات، نەک فاوست. دوا دیمەن بەوە کۆتایی دێت، کە “مارگرێت” بە یارمەتی فاوست لە بەندیخانە هەڵدێت، بەڵام لەگەڵ فاوست ناڕوات.
فاوست لە هەموو گوناهەکانی پەشیمان دەبێتەوە، بەڵام ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. فاوست لێرەدا کۆتایی دێت، کۆتایییەکەی ئەم درامایە، بە شێوەیەک لە شێوەکان دوو کۆتایییە: سەرەتا فاوست گرەوەکە دەدۆڕێنێت، بەڵام دواتر ڕۆحەکەی ڕزگار دەکرێت.
جگە لە مێفیستۆفلێس و مارگرێت، کە عەشیقەی فاوستە، چەند کارەکتەرێکی تر هەن، کە لە دراماکەدا، کۆنتراستی کارەکتەری فاوستن، ئەو کارەکتەرانەیش بریتین لە: ڤاگنەر، گرێتشن، سیزەر، هۆمۆنکلوس و هێلێنا؛ ئەم کارەکتەرانە، هەریەکە و لە پێگە و شوێنی خۆیەوە، هەنگاو بە هەنگاو هاوشانی گەشتەکەی فاوست دەکەن.
٤
گۆتە لە هەوڵێکیدا بۆ دەرهێنانی بەشی یەکەمی فاوست، لە شانۆی “کۆشک” لە شاری ڤایمەر، سەرکەوتوو نابێت، ئەمەیش ئەو هەستەی لا دروست دەکات، کە فاوست ئەو هەل و مەرجەی تیا نییە بخرێتە سەر شانۆ، بەڵام ساڵی ١٨١٩ لە بەرلین پێشکەش دەکرێت. تا ئێستایش چەندین جار لەسەر شانۆکان نمایش کراوە.
لە سەرەتادا، وا ئاماژە بۆ فاوست دەکرا، کە درامایەکە زیاتر بۆ خوێندنەوەیە، نەک نمایش، بە تایبەتیش بەشی دووەمی. مێژوونووسانی ئەدەب، ئەوەیان دووپات دەکردەوە، کە دراماکە ناوەڕۆکێکی فەلسەفی لەخۆ دەگرێت، ئەمەیش بۆ سەر شانۆ و بەرجەستەکردن نابێت. ئەم بۆچوونەی مێژوونووسانی ئەدەب زۆر بڕ ناکات، بەشی یەکەمی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٠٩دا، بە یارمەتی تەکنیکی شانۆی سێبەری چینی لە ڤایمەر نمایش کراوە. گۆتە سەبارەت بەو نمایشە گوتویەتی: “هەستم دەکرد بەر لە سەد ساڵ لەمەوبەر مردووم.” گۆتە شارەزایی و ئەزموونی لە شانۆ و هونەری شانۆدا هەبووە، لەبەر ئەوە دەیزانی سەختی دراماکەی، بۆ بەرجەستەکردنی لەسەر شانۆ لە چیدایە. هاوکات لەوەیش گەیشتبوو، کە دیدێکی ڕیالیزمی بۆ بەرجەستەکردنی ئەم کارە ناگونجێت و ڕیالیزم دەرەقەتی لایەنە هونەرییەکەی ئەم کارە نایەت. لە ساڵی ١٨٢٩دا، بەشی یەکەمی بە سەرکەوتنێکی گەورەوە نمایش دەکرێت، دواتر لە گەشتێکی هونەریدا لە زۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا نمایش دەکرێتەوە. هەمان ساڵ بە فەڕەنسی، دوای ئامادەکردن و کورتکردنەوەیەکی زۆر نمایش کراوە. بۆ یەکەم جار هەردوو بەشەکەی فاوست، چل ساڵ دوای مردنی گۆتە، لە ڤایمەر لە ساڵی ١٨٧٦دا نمایش کراوە.
یەکەم نمایشی شانۆیی تەواوی فاوست لە بەرلین، لە ساڵی ١٨٩١دا نمایش کراوە. فاوست لە ساڵی ١٩٢٦یشدا کراوە بە فیلم. فاوست، جگە لە شانۆ، بە سەمای بالێت، شانۆی بووکەڵە و ئۆپێرا نمایش کراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، دەرهێنەری بەناوبانگی ئەڵمانی ” پێتەر ستەین” لە شاری هانۆڤەر، هەردوو بەشەکەی پێکەوە، لە نمایشێکی چواردە سەعاتیدا پێشکەش دەکات. لەم نمایشەدا زیاد لە دوو سەد کەس و سەد گروپ بەشدار بوون. ئەم نمایشەی پێتەر ستەین، بۆ کەناڵەکانی تیڤیش تۆمار کراوە و بە “دی ڤی دی”یش بەر دەستە. کارکردن لە فاوستدا پێویستی بە مۆسیقایەکی تایبەت هەیە، لەم ڕووەوە زۆر لەو هونەرمەندانەی بە فاوستەوە سەرقاڵ بوون، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەو مۆسیقایەی بۆ ئەم نمایشە پێویستە، دەبوو “مۆزارت” ئاوازەکەی بۆ دابنایە.
“فرانک کاستۆرف”، کە یەکێکی ترە لە دەرهێنەرە هەرە دیارەکانی ئەڵمانیا، کۆتاییی ژیانی هونەری خۆی، بەرلەوەی خانەنشین بێت، لە شانۆی گەل لە بەرلین، هەردوو بەشەکەی فاوست نمایش دەکات. “فرانک کاستۆرف” لە پرۆگرامی نمایشەکەدا دەڵێت: “ڕەنگە ئەمڕۆ، بێ وشەی دیموکراسی نەتوانین کار لە فاوستدا بکەین.”
ئەوەی جێگای ئاماژەیە، هەمیشە فاوستی گۆتە، لە بەرهەمە هونەرییەکاندا لە ژێر ڕۆشناییی مەسەلە کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و مەسەلە ئایدۆلۆژییەکاندا، بەپێی ئەو ڕۆژگارەی فاوستی تیا نمایش کراوە، خوێندراوەتەوە و ڕاڤە کراوە.
سەرچاوەکان:
1-Faust, Johann Wolfgang von Goethe. Sorgespelets första och andra del. Översättning av Britt G. Hallqvist, förord Thomas Steinfeld, efterord av Anne Pollok. Bok. Bokförlaget Faethon. 2024
2-Ganno, Victoria, Faust på 2000-talet – en komparativ studie av tre Faust skildringar ur ett intertextuellt och intermedialt perspektiv. Lund University.
3-Castorf, Frank. Tumult, våld och dumheter! Text i programboken, Volksbuhne, Barlin
4-Fem, Peter, ”Faust” – dramaturgi och scenproblem. Utdrag ur uppsatsen Historieförfalskning misstänkt. På spaning efter regissören Goethe och scendikten ”Faust”.
پەراوێزەکان:
۱-Johann Wolfgang Von Goethe
۲-گۆتە بەشی یەکەمی فاوست لە ساڵی ١٨٠٨دا تەواو دەکات، بەشی دووەمیش لە ساڵی ١٨٣٢دا
٣ -دنیا لە چوار توخم پێک هاتووە: خۆڵ، هەوا، ئاو، ئاگر، بەڵام هەر لە دێر زەمانەوە، ئەلکیمیستەکان دەگەڕێن بە دوای پێنجەم توخمە پڕ لە ڕازونیاز و نهێنیئامێزەکەی دنیادا.
٤ -Christopher Marlowe
٥ – گۆتە لە ساڵی ١٧٤٩دا لە دایک بووە و لە ساڵی ١٨٣٢دا کۆچی دوایی کردووە. دادەنرێت بە یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی ئەڵمانیا و بەرهەمەکانی بەشێکن لە کولتوورێکی کلاسیکی جیهان. گۆتە فرە بەهەم بووە و هەموو جۆرە ستایلەکانی تاقیکردوونەتەوە: شیعر، دراما، بابەتی زانستی… هتد. گۆتە کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی بەسەر ئەدەب و کولتووری ئەڵمانی و ئەوروپییەوە هەبووە. ژیانی گۆتە دەوڵەمەند بووە و خاوەنی ئەزموونێکی چڕ و پڕی ژیان بووە، وەک فاوست کەسێکی بێ ئارام بووە و هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ و داهێنان بووە. سەرەتا یاسای خوێندووە، بەڵام خۆی تەرخانی ئەدەب، فەلسەفە و زانستی سرووشتی دەکات. لە قۆناخێکی ژیانیدا لە “ڤایمەر” وەزیر بووە، ئەم ڕۆڵەیشی ئەو بوارەی بۆ دەڕەخسێنێت، ئەو شارە، واتە “ڤایمەر” بکاتە ناوەندێک بۆ کولتووری ئەڵمانی. گۆتە لە زۆربەی کارەکانیدا، بۆ نموونە فاوست، ئازارەکانی ڤارتەری لاو، دیوانە شیعری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا دیوان، بە قووڵی لە پرسەکانی خۆشەویستی، مردن، شووناس و ماناکانی ژیانی کۆڵیوەتەوە. گۆتە خۆی لە ژێر کاریگەری کولتووری ئەنتیک و دێرینی یۆنان، شەکسپیر و ڕینسانسی ئیتالیدا بووە، هەروەها سپینوزار و ڕۆشنگەری ئیسپانی. گۆتە کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر چەندین نەوەی نووسەر، فەیلەسوف و هونەرمەندانەوە هەبووە و هەیە و تا ئێستایش بەرهەمەکانی دەخوێندرێنەوە، وەردەگێردرێن بۆ سەر زمانەکانی دنیا و کار لە بەرهەمەکانیدا دەکرێت.
٦ – Britt G. Hllqvist
٧ -Selma Lagerlöf
٨ -Klaus Mann
۹ -Thomas Mann
١۰ -Orfeus
۱١ – بڕوانە: G. W. F Hegel, Den dramatiska poesin. Bokförlaget FAETHON, s105
۱٢ – بڕوانە: Foucault, Modet till sanning: styrandet av sig själv och andra II, Tankekraft, 2015
١٣ – شانۆنامەکەی مارلۆ باسی فاوست دەکات، کە خۆی بە شەیتان دەفرۆشێ، بەرامبەر بەوەی توانایەکی بەهێز و زانیارییەکی بەرزی پێ ببەخشێت، کە بتوانێ چی بووێت، بێ هیچ سنوورێک بیکات.
۱٤ – یەکەم وەرگێڕانی داستانی فاوست بۆ سەر زمانی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٨٨.
١٥ -Friedrich Schiller
۱٦ – مێفیستۆفلێس، وەک ناو لە کتێبە دێرینەکاندا هاتووە، هەروەها لە هەندێک نمایشی بووکەڵە و زۆرجار بە چەندین شێوە نووسراوە، بەڵام مانا و نەژادی وشەکە “ناوەکە” دیار نییە لە کوێوە هاتووە. بەم شێوەیە ماناکەیان وەرگێڕاوە، یان لێکیان داوەتەوە: “ئەوەی ڕووناکی خۆش ناوێت.” یان “تێکدەری خێر.” گۆتە لە یەکێک لە نامەکانی ساڵی ١٨٢٩دا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە دڵنیانییە ئەم ناوە لە کوێوە هاتووە.