زایەڵەی سێبەرێک

“حەقیقەت هەمیشە جوان نییە، وەلێ برسێتی بۆی جوانە “

نەدین گۆردیمۆر، ژنە نووسەری ئەفریقی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.

***

     هەموو شتێک لە نیوەشەوێکی هەینیی جوندا ڕوویدا. هێشتا فامی نەکردبوو و دنیاکەی گۆڕا. لەو کاتەوەی باڵغ بووە و درک بە دنیای دەوروبەری دەکات، پسیارگەلێک گورگئاسا دڵ و دەروونی دەکڕۆشێت. وەک پیاوەی ژێرزەمینییەکەی دۆستۆیڤسکی لێهاتووە، بەڵام لە ژێرزەمین نا، لە ئۆفیسەکەی. شەوان لەتاو ئازاری جەستەیی نا، دەروونی؛ ڕان و چۆکی بە سنگ و سکییەوە دەنووسێنێ، وەک تۆپێک خۆی گرمۆڵە دەکا، ئازاری هەیە، ئازاری شووناس.

     داڵ بۆ داڵ قوونی لەسەر کورسییەک بوو، وەک حەیوانێکی دابەستەی لێهاتبوو. بڕیاریدا لە ژێر ساپیتەی ئۆفیسە کۆنەکەی بێتە دەرێ، خۆی لەو کێشەمەکێشمە دەرباز بکات و شایەتحاڵێک بدوێنێ. دەستی لە دوگمەبەندی کۆمپیوتەرەکەی هەڵگرت و زەنگێکی بۆ برادەرە لەمێژینەکەی باوکی، عەبدوڵڵای حەمامچی، لێدا: “مامە پیرە، پێم خۆشە ئێوارە نانێک بەیەکەوە بخۆین، هەندێ قسەش هەیە بیکەین “.

     تڕومبێلەکەی لە دوور ڕاگرت، بە پیاسە شۆڕی کردەوە کەبابخانەی ‘فەرهاد زیرەک’،  کە دەکەوێتە کۆڵانێکی چەپی بازاڕی زێڕینگرەکان. حەمامچی دەیگوت باوکت و خاوەنەکەی هەرکاتێک دادەنیشتن بەیەکەوە، گوێیان لە فەرهاد زیرەک دەگرت، لە خۆشی دەنگی و یادەوەریی ڕۆژانی زوو کوڕەکەشی ناو ناوە فەرهاد. بە قەولی مۆدێرن دەیڵێن “ڕاقی” نییە؛ مێزەکان لە ئەلەمنیۆم دروست کراون و کاشیی عەرزەکەی لە هی حەمام دەچێ، شین و سپییە. بە تۆنێکی نۆستالژییەوە: لە سەردەمی جەنگ لەگەڵ باوکت و خاوەنی ئەم کەبابخانەیە ڕەنجمان داوە. لە گلەیی و گازاندەی کار و کەسابەت نانەکەیان خوارد. لە چاخانەیەکی سەر شەقام دایانکووتا. چایچییەکە سەیرێکی کردن بەو مەبەستەی ئاخۆ چا دەخۆن یان نا، تاڵێک و شیرینێک بە یارمەتیت، حەمامچی بە هاوارێکی نەرمەوە وای وت.

  • دەی بزانم، ئەم هەورە تاریکە چییە بەسەرتەوە نیشتووە؟

     کەوچکی چاکەی حەمامچی دەرهێنا و چا بێ شەکرەکەی بەردەمی شیرین نا، بە حیساب شیرین کرد. لە مێژە شەکری تەرک داوە، بەڵام خووی تێکدانی نا.

     “ئەمڕۆ بە دەنگی خشەخشی میم خەرامان خەبەرم بۆوە، هەیوانەکەی گسک دەدا و پۆستاڵەکانی ڕەش دەکردنەوە… دوێنێش بامییەی لێنابوو، دەیگوت خالید ئێستا دێتەوە؛ فەقیرە برسییەتی”. بۆ ساتێکی کەم هەردووکیان کڕ بوون، دواتر بە زگارەوە درێژەی پێدا: “لەو ڕۆژەی جون چی ڕوویدا؟ ئەو ڕۆژەی باوکم و چەند هەڤاڵێکی تێیدا بێسەر و شوێن بوون”.

     هەژاری دەناسی، ئاشنایەتییەکی لە مێژینەی لەگەڵ باوکیدا هەبوو. لە دوای دیارنەمانییەوە ڕۆڵی مام و برا گەورەیەکی بۆ گێڕاوە. نوقەی لێوە نەهات. لێیگەڕا قسەکانی بکا. هەژار نیگای لە مێزەکەوە بۆ سەر چایچییەکە، کە پیاوێکی ڕیوەڵە بوو، هەڵبڕی. لە ئەوەوە بۆ دوو پیاوە پیرەکەی بەردەمیان، کە دانەیەکیان رۆژنامەیەکی بە دەستەوە بوو، ڕۆژنامەکان تەنها بۆ کات کوشتنن، پڕن لە درۆی سارد! بە کاوەخۆوە: “دەمەوێ وردودرشتی ئەو ڕۆژەم بۆ باسکەیت، چی ڕوویدا؟ تۆ و کەبابچی چۆن ڕزگارتان بوو؟ باوکیشم وەك بڵێی بووە بە دووکەڵ و تێکەڵ بە هەورەکان بووە”.

  • پەڕاوە کۆنەکانی خالیدت سەیر کردووە؟
  • هەموو بەیانییەک کە دەبینم خەرامانی داپیرەم ئەو پۆستاڵانە ڕەش دەکاتەوە، تەزووێک وەک مار بە گشت گیانمدا دەخشێت.

     دەمەوێ بزانم ئەو ڕۆژەی باوکمی تێدا بێ سەروشوێن بوو چی ڕوویدا، جەختی لەسەر کردەوە و هەناسەیەکی سیخناخ لە یادەوەری تاڵی هەڵمژی و وای بە حەمامچی گوت، نەبادا حەمامچی خۆی لە باسەکە بدزێتەوە.

     هەژار هەر لە گچکەیییەوە سێبەری باوکی بەسەریەوە ون دەبێ. هەر لەو دەورانە تەرزەی دایکی، کە ژنێکی زۆر جوان بوو و هاوکارانی بە مۆنیکا بێلووچیان دەچواند، شوو بە حەمامچی دەکات و بەیەکەوە لە باڵەخانەیەک ژیانێکی تازە دەست پێ دەکەن. یادەوەریی دیارنەمانی باوکی هەر زوو لە یادەوەریی ئەوان و شاردا وەک گەڵای پاییز وەری، لای هەژاریش وەک بەهارێکی هەمیشەیی مایەوە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی لێیان جیا دەبێتەوە و لەگەڵ میم خەرامانی داپیرەی دەژی.

  • ئێمە بەشێک بووین لەو کەتیبەیەی بۆ حاڵەتی خەتەریات دەنێردراین، لەگەڵ هەر ئەرکێکیش، ژمارەمان وەک خۆری زستان بەردەوام ڕووی لە کەمی بوو. ترسی نەگەڕانەوە و مردن وەک پێستێک بە گیانمانەوە نووسابوو.

     نمەنمی بارانێکی تێکەڵ بە هەوایەکی ساردی تەنک بەسەر کەپری نایلۆنی چایخانەکە بۆ ئێستێک سەرنجی برد. باران ڕۆڵی مایسترۆی دەگێرا و هاڕمۆنیایەکی خۆشی بە نایلۆنەکە لێدەدا، چاوی داخست. ئەم کەشە ڕۆمانی “کافکا لە کەنار دەریا”ی هاروکی موراکامی دێنێتە زەین، موراکامی لە ڕۆمانەکەدا باسی ڕەشەبا دەکات، ڕەشەباکەی ناخی ئادەمیزاد. مەگەر باران ئەم پیسییە پاک بکاتەوە، درێژەی پێدا :

  • هەڤاڵانمان لە چیا چەند ڕۆژێک بوو بێدەنگ بوون، وەک بڵێی زەوی دەمی کردبێتەوە و قووتی دابن. بڕیاردرا هێزێکی پاڵپشتی بە نهێنی بنێردرێت و لە دۆخەکە دڵنیا ببینەوە. ئەو شەوە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە بوو، ئێمەیان نارد. دەبوایە هاوشێوەی بزن بە چوست و چالاکی بەسەر چیاکەدا هەڵگەڕێین، کەمترین دەنگیشمان لێوە بێ.

     پاکەتەکەی دەرهێنا و جگەرەیەکی خستە توێی پەنجەکانییەوە. ئەو پەنجانەی ڕۆژانێک زۆڵفی جوانێک و پەلەپیتکەی کڵاشینکۆفیان لاواندووەتەوە. شقارتەکەی دەرهێنا، یەک دانەی تێدا مابوو. چرووکی کرد. چەرخی لە یەکێک لە پیاوە پیرەکانی بەردەممان وەرگرت. ئاگری چەرخەکە بۆ چاوترووکانێک ڕووخساری گەشاندەوە. دیار بوو ئەم باسە بێتاقەتی کردووە. هەژاریش ماندوو بوو. ماندووی سێبەرە ونبووەکەی باوکی.

     “بیستوسێ کەس بووین، بەدوای ئەفسەرەکەمان، کە باوکت بوو، وەک فارگۆنی قیتار بەدوای یەکدا دەڕۆیشتین. جیا لە هەموو ئەرکێکی تر، مەترسییەکەی زیاتر بوو. بەشێکی کەمی نەبێ، کەس حەزی نەدەکرد لەوێ بێت. جەنگ وایە. بەزۆری پەلکێشی خۆیت دەکا. لەژێر ئاسمانێکی بێ ئەستێرەدا لە حەشارگەکە نزیک کەوتینەوە. مرۆڤ وەک خۆڵ و زڵ لەوناوە کەوتبوو. بۆنی خوێن و مەرگ مێشکی کاس دەکرد. نەکەوتینە خۆمان و شەویان لێمان کردە ڕۆژی حەشر. دراینە بەر قومبەلە. دوژمن ڕاوچی و ئێمەش ڕیشۆڵە، لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەمان کردبوو. گوللە وەک بارانێکی تووڕە بەسەرمان دادەباری. گاشەبەرد ببووە عەبای دایک و ئێمەش منداڵ، ڕاماندەکردە پشتی. کەس ئاگای لە کەس نەما، خالید نەبێت، لە هەناویەوە نەڕەیەکی لێ هەستا: ‘ڕاکەن، فریای ژیانتان بکەون، خۆتان قورتار بکەن، کەوتینە کەمینەوە’. بە نزیکەیی سەعاتێک شەڕمان کرد، ئارەقە وەک جۆگە لە ناوچەوانمانەوە بەسەر دەم و لوتمان دەهاتە خوارەوە. ڕەنگی سووری خوێن وەک فڵچەی وێنەکێشێکی عەسەبی بەسەر داروبەردی کەژ پەرت ببوو. فیشەکێک بەر قۆڵی چەپم کەوت، چەکەکەم نا، قۆڵم کەوت، چەک ببووە ئەندامێک و بە گیانمەوە نووسابوو. مەخزەنمان کەم پێمابوو، لاشەکانیش وەک ئەوراقی دائیرە کەڵەکە ببوون، تاکە چارە پاشەکشە بوو، لەوەش قورستر، کێ خۆی بکاتە قوربانی قورتاربوونمان. خێزان و ماڵ و مناڵ، خۆشەویست و دولبەرێک، دایبابێکی پیر؛ چاو لە ڕێی هاتنەوەی هەر یەکێکمان بوون. ئازاری ویژدان ئێستاش هەریەک لەو چواردە کەسەمان دەتلێنێتەوە. غلۆر بووینەوە لە کەژ، گەوزاو لە خۆڵ و خوێن، بۆنی هەموو شتێکمان لێ دەهات، بەشەر نەبێت. خالید خۆی کردە قوربانی، جەنگ کۆتایی هات؛  ئازاری ویژدان و خەم و پەژارە چرۆی کرد”.

     هەژار بەشی مێژووی تەواو کردبوو. ئەم دێڕەی گۆتە شەیدای مێژووی کردبوو، کە دەڵێ: “ئەوەی مێژووی سێ هەزار ساڵی مرۆڤایەتی نەزانێت خەریکی ورگ پەرستییە”. ئاگاداری مێژووی پڕ لە جەنگ و خوێناوی میلەتەکەی بوو. ڕقی لە جەنگ بوو. بەردەوام کە باسی جەنگ دەکرا، وێنەی خەرەندێکی دەهاتە بەرچاو کە دەمی کردووەتەوە و لە کۆتاییدا هەمووان لووش دەکات. لە دیارنەمانی باوکییەوە ڕقی لە گشت باسوخواسێکی جەنگ و سیاسەت بوو. ئێستاش کە بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەی جون دەزانێ، ئەوەنەی تر ڕقەکەی لە جەنگ ئەستوور بووە. خوڵقێنەرەکانی جەنگ مەخڵوقێکی ترن، مرۆڤ نین؛ هەمووکات وای دەوت.

  • باوکم چی لێهات، کوژرا؟
  • نا، کەس نازانێ ماوە یان مردووە، کاتێ گەڕاینەوە سەر تەرمەکان، ئەوی لێ نەبوو. قسەیە هەیە دەڵێن دەستبەسەر کراوە و ئێستاش لە ژیاندا ماوە، لێ من بە قسەی قۆڕی دەزانم، وا بوایە دانوستانێک دەکرا. سەربازەکان لە جەنگدا قیمەتیان نییە، بشمرن وەک سەگی تۆپیو لەو ناوە تووڕ دەدرێن، پلەبەرزەکان جیان، تەرمەکانیان لە ژیانی سەربازەکان بەنرخترە.

سێ مانگ تێپەڕی، هەژار لە کۆتاییدا مەرگی باوکی هەزم کرد، سێ مانگ بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ هەر ئازارێک قبووڵ بکات، بیریەتی جارێکیان کەسێک وای پێ وت. پورە خەرامانیش هەتا وەفاتی کرد هەموو دووشەمەیەک بامییەی لێدەنا، بێ ئومێد نەبوو لە گەڕانەوەی کوڕەکەی. وەسیەتی کردبوو ئەگەر دوای نیوەڕۆ بمرێ، نەینێژن و بۆ شەوێک چاوەڕێ بکەن، بەڵکوو خالید فریای تەرمەکەی بکەوێت.

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤