زمان و شاعیر

شیعرییەت شایتحاڵی تەواوی سەردەمەكان

لە عەرەبییەوە: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

وزەی زمانی شیعری پەرت نییە، پارێزراوە. بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە… وزەی شیعری لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعریدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لە كار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە، دەتوانین شیعر لە ڕووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزرێ. لە ڕووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە، كاتێ پەرت دەبێ، یان وزەكانی بەكار دەهێنین، یان لە پێناو شتێكی دیاریكراو سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە، بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكی (بابەتخوازی و زانستی) زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاری بۆ زانست و زانیاری دەگۆڕێ. بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكوو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاری مێژوو دەبێتەوە، چونكە ناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكوو شتێ لە ناوەوەی گوتار و ڕووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لە بەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچی وەستاون، لە كاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە. لە سەدەی نۆزدەمی پڕ لە ڕووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی ڕامبۆ وەستاون، وەك ڕۆناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام ((پەیامی شیعری)) دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ (بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوری داوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات).. ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعریدا هەیە؟

هەڵبەتە نا.. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە ((لەبەر ئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات)) ئەو قسەیە ((واتە پەیامی شیعر)) تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی ((هونەری شیعری)) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە، ((بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەری)) تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە ڕێگای هونەرەوە دەتوانرێ بەدەست بهێنرێت، بەڵام ((ئەركی شیعر))یش دەشێ لە مەبەست ((پەیامی شیعری)) یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە ڕەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. ((ڕوونكردنەوەی)) ئەو قسانەش بە گشتی ((خودێتی و زمانەوانی و تەمومژی)) شیعری كەم دەكاتەوە و بە شیاوی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی كە چارەی دەكات، ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمکێكە دەبێ بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) درووست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكاركەوتووەكانی زمان. لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعری ((پەیامی شیعری)) نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكوو دەبێ بزانین كە شیعر((هونەری شیعری)) ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی ((وەك شیعر- زمانی شیعری)) لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو ڕێچكەیەدا بڕوات. بەڵكوو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە ((بە شێوەی تایبەتی خۆی)) پارێزگاری لە شكۆی شیعر و ڕوونی و وزەی شیعری بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەو سنوورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعری یەكگرتوو هەیە، دەبێ لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو ڕێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێبایەخی و موجامەلەی دەبەن.

شوشتنەوەی وشەكان

وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاراستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناوی دروست كراوە.. بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا ((مانا)) دۆخەكە بەڕێوە دەبات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین كە زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەر ئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان (وشەكان) بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆییی خۆیان هەیە، وەكو ڕووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان، كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جاران هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بە یەكترییەوە پەیوەندیی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی ڕۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان ((بوونەوەرە زیندووەكان)) قوربانی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێ. بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە ڕازییە؟ نەخێر، بەڵكوو ئەوە بەكاربردنە ڕازییان دەكات. بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە ڕەت دەكاتەوە و دادپەروەری لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو ڕووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە ڕۆژانەیییە، یان ڕۆتینییەی كە كەسایەتیی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزیان بۆ دەگەڕێنێتەوە.. دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی ((ژیانی زمانەوانی نوێ)) یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕواننەكراوەوە.. جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێ دەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەم جۆرە دەقی شیعری سەرسامی درووست دەكات، چونكە: واتای نوێ ((ژیانی نوێ)) بە وشە دەبەخشێت. وشە دەخاتە پەیوەندیی نوێوە. بەم جۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بووژانەوە و گرژی و نەشونماكردنی مرۆڤ.

پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندیی دیاریكراون یان وەك ڕەوانبێژی پۆلین كراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە ڕەوانبێژییان بكەین، بەڵكوو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆتوبەندكردنیان لە چواچێوەی ڕۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەم جۆرە ڕزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێیە پێویستی بە دیدگایەكی ڕیشەیی هەیە! ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ كە ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ. ڕێبازی بونیادگەری لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانی و جەوهەری زمان (فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەری) بە كاری لە پێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەشدا بوونی (وشە) و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنجی داناون، كە دەشێ دار بن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، كە هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەری لە هەندێ لە تیۆرییە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆریی زایندەیی ((تەولیدی)) ((چۆمسكی)) كە بە ڕاستی لە ڕووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاری ((تەولیدی و تەحویلی))دا، وێنایەكی ڕازیكەر بە دەستەوە دەدات. دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتییانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە (علم الدلالە) هاتە ناوەوە، بەڵام ((ئەو لقە)) لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو، تاكوو بەیەكەوە وێناكردنێكی ڕازیكەر لەبارەی زمان بە گشتی و شیعرییەت بە تایبەتی بخەنە ڕوو. شاعیر بۆ خۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانە قووڵ بێتەوە، نابێ هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكوو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێ. ((وەك كۆتوبەندی نووسین تەماشایان نەكات)) بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكوو بە پێچەوانەوەوە شاعیر دەبێ ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێ و هۆشیاری لێیانەوە بەدەست بهێنێ.. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بوارەی زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێ پارێزگاری لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش ((لەخۆوەیی)) و دەرچوون لە ڕێچكەی ((ناوكۆیی)) باو، ئەو كاتە بە جوانی دەردەكەوێت، كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت. چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم ڕۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت)) هەیە.. بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و پڕ لە ڕۆشنبیری پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای ((خۆبەخۆی)) و (هەڕەمەكییەت) هەیە، چونكە ((نووسین)) هەمیشە ناچاری دەكات، كە ئەو ڕۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی ((خۆبەخۆی)) بیخاتە ڕوو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شی بكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار، پێویستی بە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت))ە، بۆ ئەوەی بە باشی پارێزگاری لە تازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە ڕۆشنبیری دەترسن؟! چونكە دەزانن هەتا ڕۆشنبیرییەت زۆرتر بێت، پێویستیت بە ((خۆبەخۆی)) قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە ڕۆناكی دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی كە ئەو شاعیرە باشانەی دوای ڕۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێ، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە ((خۆبەخۆبوون)) و ((هەڕەمەكی)) بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو ڕۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی، بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی مەعریفە و ڕۆشنبیرییان بەدەست هێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و ڕۆشنبیری جێی بەهرەی شیعری ناگرێتەوە! بەهرەی شیعری گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە ڕاستی بە داخەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ ڕەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، كە بە شێوەیەكی دیكە لە زمان ((وشە و پەیوەندییەكانی)) ڕادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێ كە پێشتر گوێمان لێی نەبووە.

شیعر و قسەكردن

ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكەكەسییە (فردییە) لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، بۆ لێكجیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی (دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانی نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجووڵێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتی و تاكەكەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە ((لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت))، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە، كە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن ((لە ڕێگای بیستنەوە)) بوو. بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵك بڵاو بۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر، جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، ((واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا)). لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە. شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە، یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكی سەردەمەكەی بڵاو دەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت. بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە، كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت. بەم جۆرە زمان ((زمانی قسەكردن)) لە بۆتە نووسینی شیعری نوێدا دەوڕوژێ ((زمان دەنووسرێتەوە)) و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری (شەعبی) ئەوەی كە بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندیی خۆی بە قسەكردنی ((خەڵك))ەوە ڕاگرتبوو، (لە جەوهەردا) هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە ڕێگای نووسینەوە ((نووسینی بیستنەوە)) دەبینییەوە و لە ڕێگای نووسینەوە كاریگەری درووست دەكرد. ئەویدیكە دەكەوتە سەر ڕووكاری زمان یان ((بیستنی بیستنەوە)) قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێ لە شێوەكانی پەیوەندیكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی (بیستن) لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبی ((زمان دەبیسترێتەوە)) لەلایەن كۆمەڵ (وڕوژان)ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی (بینین)ی تاكەكەسی ((زمان دەنووسرێتەوە)) لە شیعری نوێدا! بەم جۆرە بەرانبەر ڕەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بە یەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەویدیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، كە ڕەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێ. واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی ڕادیكاڵ و پڕجۆشی ئەدەبی بەدەست نەهێناوە، بەڵكوو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیوە، ئەوەش ئەگەرچی لە ڕاستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگاییی نووسەرانی لەوەدا بوو، كە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بووەستنەوە.. جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییەكانی نەبوو، كە خودی خۆیان پێی هەڵدەستان، تا بتوانن ئەدەبێكی (خودی) نوێ بونیاد بنێن، بەڵكوو زمانێكی ئاسۆییی هاوبەشیان هەبوو، كە دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك- لێرە ((لە نووسینی شیعری شەعبی)) زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی ڕابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكەكەسی داهێنان و خەلقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵیكی تاكخوازانە بوو بۆ بووژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو، كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ، خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكوو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەری بەڕیوە ناچێ، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێ تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ. تاك درووستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانی ئەدەبی نوێ.

چالاكردنی زمان لە ڕێگای شیعرەوە

دوای ماندووبوونێكی زۆری ڕەخنەگری فەرەنسی (پێریس) بۆ دۆزینەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر ڕۆناكی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، دوای هەموو ئەوانە (پێریس) گەیشتە ئەوەی بڵێ ((زمان ناتوانێ گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكوو شیعر فێڵ –لە زمان دەكا- یاخیبوونە، خەباتە بە دژی زمان) كەواتە چۆن ئەو دوو ڕستەی خوارەوە بەیەكەوە دەگونجێنین (شیعر گوزارشت لە زمان دەكات) (شیعر لە زمان یاخی دەبێت))؟. ڕەنگە چەمكی (لادانی زمانی) ئەوەی (كۆهین) پێشنیاری كردووە، جۆرە چارەیەك بێ، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی (كە بوونی نییە) دەسەپێنێ، ((زمانێكی پێوانەییی دیار)) كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەرچیین ((لێی لادەین))، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی ڕۆژانە لادانی زمانی لێ دەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێ بڵێین لادانی زمانی دەكەوێتە نێو لادانی ڕۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەم جۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك (یاریكردنێكی بەرزی زمانەوانی) و قسەكردنی ڕۆژانەوە.. چارەكردنی (كۆهین) وەك پشتبەستنێكی ڕەها (لە پێوانە و لادان) بۆ ناوكۆییە ڕەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ. چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەی كە لە دەوری پەیوەندیی فۆرم و ناوەڕۆكدا دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێك دەهێنن، كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر (سەرەڕای هەوڵەكانیان) هەر لەنێوان (هەژاری و كەمخوێنی) دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە، پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە كە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت ((هاوڕێك بەیەكەوە ڕێ بكەن)) ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و ڕاستی نییە. چونكە ڕەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیارییان بكەین، وەك چۆن دەتوانین ڕەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاری بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین. كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبی، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە. بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستیدا ئامرازێكە بە وردی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە. كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەری دیاری بكەین. فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاری دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجووڵێنن و ئەو ئامانجانە دیاری دەكەن، كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جووڵەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم ڕووتكردنەوەی فۆرم دیاری دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە، كە فۆرم نوێنەرایەتی ڕێڕەوێك دەكات، كە لە میانیدا دەتوانین ناوەڕۆكی (هەرچی بێت) بە كردە نوێنەرایەتی بكەین. زمان لە كۆمەڵێ ڕەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە، كە زمان دەكاتە فۆرم، نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە، یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە (فۆرم)دا نەك لە جەوهەر، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا، یان میتافۆرم. بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە ڕەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە، نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان ((كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد)) ئەو شتانەی كە دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەك دەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعری، نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێیەدایە؟ من پێم وایە (جەوهەری شیعری) بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەر ئەوەی (وەدیهێنانی هەبووەكان) ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعری لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەم جۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعری نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدا، بەڵكوو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعری پەندۆڵێكە ((چاڵمە- لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە)) لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەسێت، بە داپاچینی زیادە و درێژداڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب ((لە نووسیندا)) خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین ڕۆڵ دەگێڕێ، بەم جۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكە دەبێتەوە، بێگومان بنكە فرەوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە. بەڵام لوتكەكەی شیعرە. لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە ڕەمز و ئاماژە، ڕۆناكی دەبەخشێت و هەوڵ دەدات دووبارە بێتەوە و بێتە (میتافۆرمێكی باڵا)ی زمان، بەو ڕێگایەش زمان پاك بكاتەوە، لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی ڕەوانبێژی و ناڕەوانبێژی، كە زمان پشتی پێ دەبەستێت. هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیایییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كە كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێ، یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن ((ڕووخان))ی شیاو ڕزگاری دەكەن. بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر، هەر تەنها بە واتای باڵاییی عەقڵ و ڕۆح نایەت، بەڵكوو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەم جۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانی زمان بكاتەوە، بۆ ئەوەی زمان بە جوانی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان (لە ڕێگای شیعرەوە) واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكوو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت، یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وڕوژانی دەستەواژە نوێیەكان، بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەم جۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفرەوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفرەوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ. كەواتە ئەگەر ئێمە وەك ڕەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعری بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە، كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە، لە بواری واقیعی و دەروونی، یان سۆزداری ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكوو ڕۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە، یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە.. بەڵكوو ((زمان لە شیعردا)) بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی  دیكەیە. (یاكۆبسن) دەڵێت: (بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت، كە وشە وەك وشە هەستی پێ بكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی كە بە ناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیریەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە). زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێ. كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا و بەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع. ((شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان، چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان (واقیع و زماندا) دانەناوە. شیعر خرایە نێو پێدراوەكانی زمان، چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە، شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع.)) كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە، لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی كە ئێمە لە ڕابردوو وەك شیعر پێمان دابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات ڕێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین. لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، كە شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتی واقیعی جوانناسی یان زمانی دەكات، بەڵكوو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆییی خۆی و ئەركی شیعری دەكاتەوە و لەلایەكی دیكە هەوڵ دەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر، ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز. بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دابڕێت.

سەرچاوە:

رۆژنامەی (زەمان)

ژمارە 1933 ڕێكەوتی 5/10/2004

تێبینی: ((جووت كەوانەكان)) بۆ ڕوونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.